Skip to Content

فەیلەسوفبوون و ئێمە.. ئازاد حەمە/ بەشی دووەمی ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟

فەیلەسوفبوون و ئێمە.. ئازاد حەمە/ بەشی دووەمی ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟

Closed
by حوزه‌یران 23, 2024 General, Opinion, Slider



لە سۆراخی فەیلەسوفبوونی ئێمە دا

سەردەمی زێڕینی ئێمە کام سەردەمە تا لەوێندەرێ بەدوای فەلسەفەدا بگەڕێن؟ باشە دەرکەوتنی ئیسلام بۆ ئێمە لە دیدی هزرییەوە گرنگیی هەبووە؟ مانادر بووە ئەم دەرکەوتنە بۆ هاتنەکایەوەی بیرمەندگەلێک لەناوی کوردی ئیسلامدا لەشێوەی ئیبن روشد، فارابی، ئیبن سینا؟ ئەم پرسیارانە وامانلێدەکات بەدوای سەکۆیەکدا وێڵبین و لەناو ڕووبەرەکانی ئەو سەکۆیەشدا لە سۆراخی کۆشکی فەلسەفیمان بین.
جەغتدەکەینەوە، کە پرسیار لەسەر چارەنووسی هزری فەلسەفییمان قەدرزانیە لە پرۆسەی ڕوناکبیرییمان، لەو کردە ڕوناکبیرییەی جارێ ئاگاییمانی داگیرنەکردوە. پرۆسەی ڕوناکبیرییمان، گەر بێ فەلسەفە ڕێیکردبێت بوونی ڕوناکبیرییمان دەخاتە ژێرپرسیارەوە. پرۆسە ڕوناکبیرییەکانیش لە دەرەوەی بازنەی فەلسەفە لاواز و کەمدرامەت و پڕ لە کەموکوڕیین.
لەگەڵ گۆکردنی وشەی فەلسەفەش وشەی عەقڵ ڕووبەڕووماندەبێتەوە. فەلسەفە، کە پەنابردنە بۆ عەقڵ. عەقڵیش خستنەگەڕی دەوێت. جۆری خستنەگەڕەکانی عەقڵ فەیلەسوفبوونی جیاجیای دروستکردووە. مێژووی فەلسەفەش بەڵگەیە لەسەر ئەوە، لەسەری جۆراوجۆری جوگرافیای فەلسەفیی و فەیلەسوفبوون.
ڕەنگە مرۆڤایەتی پێویستی بە فەلسەفەکردنی ئێمە نەبێت. ئێمە خۆمان لە دۆزێکداین پێویستمان بە فەلسەفەیە. ئەمەش بەتەنها ڕەوشی ئێمە نییە. گومانیشی ناوێت، ئێمە وەک زۆر کولتوور و نەتەوەی تر فەلسەفەی ئەویتر قەرزدەکەین و رۆژانەش بەکاریدەبەین.
فەیلەسوفبوونی ئێمە شڕۆڤەی زۆر لەخۆدەگرێت. ئەوەتا مێژووی فەیلەسوفبوونی بەشێک لە شارستانیەکانیش لێوانلیوبوونە لە فەیلەسوف، وەک یۆنانییەکان؛ کەچی فەلسەفەی هاوچەرخی رۆژئاوایی، لەئێستادا، زۆر بی یۆنانە. ئەمەیان چۆن؟ یۆنان لە ڕابردوودا مۆڵگەی فەلسەفە بووە و ئێستاش قەرزارێکی زۆری فەلسەفەی رۆژئاوایە. سەرباری ئەوە، یۆنانی دوێنێ لەڕووی فەیلەسوفبوونەوە هەرگیز وەک یۆنانی ئەمڕۆ نییە. ئەمڕۆی یۆنان لەڕووی فەلسەفییەوە گەلێک هەژارە. کێناڵێت لە سەدەی سی (30) دا یۆنان جارێکیتر دەبێتەوە بە داڵدەی فەلسەفە و سوکرات و ئەریستۆی تر سەرهەڵنادەنەوە؟ بۆ نا!
جگەلەوەی فەیلەسوفبوونی ئێمە، یان هەر نەتەوەیەکی تر تەنها بەوەوە پابەند نییە، کە نووسینی فەلسەفیی هەیە یان نییەتی، بەوەشەوە پابەندە، کە نووسینە فەلسەفییەکان چەند کاریگەرن. هەر لەبەر ئەوە کاتێک بیرۆکەکانی فەیلەسوفێک دەخوێنینەوە لەبارەی جیهانەوە چییمان تیادروستدەبێت؟ ئەم پرسیارە ئەوەمان پێدەڵێت، کە گەشەی هزری فەلسەفیی یەک هێڵی مێژوویی نییە و دابڕان و وەستانی زۆری تیایە.

فەیلەسوفبوون، لەم سەردەمە تەنگژاوییەدا ئالەنگاریی خۆی هەیە

بەگشتی فەلسەفە لە دۆخێکی ناهەمواردایە و فەیلەسوفبوونیش ،لە ئاستێکی گڵوباڵ، لەبەردەم ئالەنگاریی گەورەدایە. ئەم لایەنە و ئەوەش، کە ئێستای ئیمە بێ فەلسەفە گوزەردەکات، لێرە و لەوێ، پرسە گەورەکەی جڤاکی کوردی پێکنەهێناوە و بەپێی پێویستیش تێڕامانی دروستنەکردووە.
بۆیە پرسیاری بۆچی فەلسەفە هەیە؟ نەبووەتە پرسیارە گەورەکەی ئێمە. لەناو زۆرێکیش لە خەڵکی ئێمە (ئەکادێمییەکان، نووسەران، خوێندکارانی زانکۆ، تا دەگاتە خەڵکی عەوام) گرنگیدان بە فەلسەفە بێ مانایە. لەبەرئەوە پرسیاری فەلسەفە چی پێدەکرێت؟، کە پرسیارێکی زۆرینەیە لە جیهاندا، لای ئێمە ڕاچڵەکانی هزریی دروستنەکردووە. ئەم شێوە پرسیارە دەیەوێت ئەوەش بە مرۆڤی کورد بڵێت، کە فەلسەفە چی بۆدەکات گەر گرنگیی بداتێ. واتە بەهۆی فەلسەفەوە دەکارێت خۆی چاک بکات؟ بۆنموونە درۆنەکات؟ خیانەتنەکات؟ عاشقبێت؟ و…. .
فەلسەفە، کە دێتە ناو کولتووری نەتەوەیەکەوە گوزارە و دەربڕینەکانی دەگۆڕێت و سێستەمە زمانەوانییەکەشی وەک خۆی نامێنێتەوە. ئەمەو جگەلەوەی بوونی فەلسەفە ڕۆڵی دەبێت لە گۆڕینی مەودای بیرکردنەوەش. هەر لەبەرئەوەی فەلسەفە نەهاتووەتە ناو ژیانمانەوە، دەبینین زۆر بەدەگمەن گوزارەی لەم جۆرە بەکاردەبەین: فەلسەفەی لە ژیانیا نییە، کەوتوومەتە ناو کێشەیەکی فەلسەفییەوە، ئەمە هیچ فەلسەفەیەکی تێدا نییە …. .

فەیلەسوفبوون پرسیاری فەلسەفە چییە؟ و فەیلەسوف کێیە؟ دووبارەدەوروژێنێتەوە

گشت ئەوانەی دەخوازن وەڵامێک بۆ پرسیاری ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟‌ داڕێژن خودی پرسیارەکە داوایانلێدەکات هه‌ڵوێسته‌یه‌ک له‌سه‌ر پرسیاری فەلسەفە چییە؟ و فەیلەسوف کێیە؟ بکەن.ئەڵبەتە پرسیاری فەلسەفە چییە؟ ئەوەمان پێدەڵێت، کە فەلسەفە لە بنەچەدا بەوە خۆی لە زانینەكانی تر جیادەكاتەوە، كە تایبەت و دەگمەنە.
باشە تایبەتیی و دەگمەنیی فەلسەفە لە چیدایە؟ تایبەتیی و دەگمەنیی فەلسەفە لە فۆرمی نزیكبوونەوەیدایە لەگەڵ: مرۆڤ، بوونی مرۆڤ، دەورووبەری مرۆڤ، كێشەكانی مرۆڤ، ئەو شتەی، كە مرۆڤ پێویستە بیزانێت و بیكات. سروشتی فەلسەفە بەجۆرێكە، كە بیركردنەوە بەرهەمدەهێنێت، بیركردنەوەكانیش جۆراوجۆرن و ئاڕاستەیش وەردەگرن. واتە فەلسەفە لە: بوون، سیاسەت، جوانكاریی، پەروەردە، ڕەوشت و لە…..هتد دا قسەدەكات و تایبەت بەو لایەنانە بیركردنەوەی خۆی هەیە.
سەرباریئەوە، پرسیاری فەلسەفە چییە؟ و فەیلەسوف کێیە؟ پرسیاری تر دروستدەکەن: فەیلەسوفەکان کێن؟ چۆن کەسانیکن؟ زۆرێکیش پێیوایە فەیلەسوفەکان کەسانێکی بێزار و دابڕاون لە جیهان. بەڵام ئەمە وایە؟ بێگومان نەخێر. فەیلەسوفەکان کەسانی لەم جۆرە نیین. فەیلەسوفەکان وەک گشت مرۆڤەکانیتر دەگرین، پێدەکەنن، دەنوون، کاردەکەن، ناندەۆخن، ئەڤینداریدەکەن، بێزاردەبن، ئاشتدەبنەوە و….هتد.
سەرباری ئەوە، فەیلەسوفەکان تەنها دۆستی کتێب نیین، پێش هەموو شتێک دۆستی ژیانن. ژینگە، پەروەردە، هونەر تادەگاتە تەندروستی و سیاسەت بەهەندوەردەگرن و …. وێڕای ئەوە، هەر فەیلەسوفە و شێوازێکی هەیە، کە دواتر ئەوەش شێواز بۆ فەلسەفەکەی دادەڕێژێت. ئەوە وادەکات فەیلەسوفەکان لەیەکتر جیاکرێنەوە.
کەوابێت، فەلسەفەكردن مافی ئێمەی مرۆڤە، مافی گشت ئەوانەیە، كە ئاوەز دەخەنەگەڕ و لە بارەی بوون؛ بوونی خۆیان و دەورووبەریان ڕادەمێنن. ئەڵبەتە هەر یەکەو بەجۆرێک گوزارە لەم مافە دەکات. بۆیشە فەیلەسوفەکان جیاواز دەنووسن.

فەیلەسوفبوون یەک جارە

فەیلەسوفبوون ئەو پرسەیە لەناو جڤاکی کوردی دا سەرنجی نەخراوەتەسەر. تەنانەت سەرنج نەشخراوەتەسەر ئەوەی، کە فەیلەسوفبوون ڕوودان و دەرکەوتنە. ڕوودەدات یان نا. لەناکاو دەردەکەوێت یان نا. هەروەها لەناو فەیلەسوفبوون دا یەخەگرتنێک هەیە. واتە، کاتێک کەسێک دەبێتە فەیلەسووف کار لەسەر پەیپێنەبراو دەبات و مەترسییەکانیش دەبینێت. فەیلەسوفبوون هاتنە، ئەو شتەیە، کە دواتر بەرەوپیرتدێت. بۆیە ڕوودانەکەی یەکجارە و بەس. بۆنموونە: دێکارت، ئیبن روشد، سپینوزا،هێگڵ، هەربە بوونیان بە فەیلەسوف شتێک دەرکەوت؛ شتێک ڕوویدا، کە پێشتر بوونی نەبوو. فەیلەسوفبوون ئا ئەو ڕووداوە، ئەو دەرکەوتنە لەناکاوەیە.
کەوابێت فەیلەسوفبوون دەرکەوتنی ڕووداوێکە. ئەم ڕووداوە یەک جار ڕوودەدات. بۆیە یەک سوکرات، یەک نیچە، یەک فارابی، یەک مارکس، یەک …. هەیە. ئەمانە یەکجار هەن و یەک جاریش ڕوودەدەن. واتە سوکرات و ئەریستۆ دوانن. مارکس و هێگڵ دوانن. هۆسڕڵ و هایدیگەر دوانن. فارابی و ئیبن روشد دوان. ئەمانە هەریەکەیان یەکن و نابنەوە و یەک جارانیش دەبن، دەردەکەون و ڕوودەدەن.
لەبەر ڕٶشنایی ئەوەی وترا، دەپرسین: لەناوماندا ئەوانە سەریان هەڵداوە، کە فەیلەسوفئاسا بیردەکەنەوە؟ چۆن بزانین لەناوماندا فەیلەسوف سەریهەڵداوە؟ئەمانە بەرهەمی فەلسەفییان هەیە؟ بەرهەمە فەلسەفییەکانیان هیچی لێرە یان لەوێ گۆڕیوە؟ ئەی فەیلەسوفبوون شتێکی زگماکە یان بەرهەمی بیرکردنەوەی بەردەوامی خودییە؟ پرسە فەلسەفییە گەورەکانی ئێمە لەناو فەلسەفە چیی بوونە؟ یان بۆ خودی پرسە گەورەکانی فەلسەفە بۆ ئێمە نەبوونە بە پرس؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە، لەوێوەدەستپێدەکەین، کە ڕەنگە کەمنەبن ئەوانەی لەناو ئێمەدا سەرقاڵی فەلسەفەن، لێ سەرقاڵییەکانی ئەمانە فەلسەفەیەکی دیارکراوی دروستنەکردووە. گەر فەلسەفەمان هەیە تایبەتمەندییەکانی ئەم فەلسەفەیە چییە؟ بە چی خۆی لە فەلسەفەی دەرووبەرمان جیادەکاتەوە؟ بەم جۆرە، هەموو ئەوانەی دەنووس فەیلەسوف نیین. مەرجی سەرەکی فەیلەسوفبوون نووسین نییە. شتێکیترە، کە سەرووی نووسینە. نووسین نییە، بیرکردنەوەیە. بیرکردنەوەی گەورە و ڕێچکەشکێن.
هەر ئەو پۆلە پرسیارە بەرەو پرسیاری ووردترمان دەبات وەک: فەلسەفە لەناو ئێمە ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی هەیە؟ گەر بەڵێ بۆ کوێ دەگەڕێتەوە؟ بۆ ئەدەب و ئاین؟ بۆیشە ئەم پرسیارە دەکەین، چونکە فەلسەفە بۆ ئێمە لە ڕابردوودا، لەڕێگای ئەدەب و ئایینەوە، ڕێگایەک بووە بۆ گەڕان بەدوای میراتدا. ئەفسووس، ئەمەش زۆری نەخایاندووە و قوڵیش کاری تیانەکراوە.
لێرەدا واباشە بچینەوە سەر تێگەیشتنێکی دێکارت، کە پێێوایە “بڵاوبوونەوەی فەلسەفە یارمەتیماندەدات، تا خۆمان لە دڕندە و كێوییەكان جیابكەینەوە.” خوا ئەو وڵاتانە بەختەوەردەكات، بەقەولی ئەو، كە دەیانكات بەخاوەنی فەیلەسوفی ڕاستەقینە”. ئەم تێگەیشتنە دێكارتییە بەرەو ئەوەمان دەبات، کە بڵێین: فەلسەفەكردن مرۆییبوونمان دەپارێزێت و هەمیشەیش ئەوەمان بیردەخاتەوە، كە مرۆییبوونمان بەرپرسیارێتییەكی ڕەوشتییە. لێرەوە ئەوەمان بۆ ڕووندەبێتەوە، کە فەیلەسوفبوون ژینگە و دەرفەت و تاکی خۆی دەوێت.
فەیلەسوفبوون، کە دەکەوێتەگەڕ ئەو کات لەوە حاڵیدەبین، کە فەلسەفە ئیشی چارەسەركردنی كێشەكانی ڕۆژانە، بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی تاك و گوتنی ناباو و نادۆگمایە. ئەمە جگە لەوەی فەلسەفە بە ڕاستیبێژیی ناسراوە؛ ڕاستییەك، کە تاكوتەرا نییە. ئەو شتانەی، کە فەیلەسوف لەبارەیانەوە گوتن دەهێنێتەگۆڕێ، بەدواچوونیان بۆدەكات و لە ڕاستییان دەكۆڵێتەوە.
ئەوە فەیلەسوفبوونە زەمینە بۆ فەلسەفەسازی دەسازێنێت. بەپێی ئەوەی فەیلەسوف لە كۆمەڵگەدا دەژی و هەست بە دەورووبەری خۆی دەكات، دەتوانێت كاریگەریی لەسەر فاكتەرە كۆمەڵایەتیی و ڕۆشنبیرییەكان دابنێت و ئاوەزی خۆیشی بخاتەگەڕ، تا لە كۆمەڵگە تێبگات و ڕاستیی ناو ئەو كۆمەڵگەیە ئاشكرابكات.

بینینی کەسێک لە پێگەی فەیلەسوف

فەیلەسوف کەسێکی بێ ئاگا لە جیهان نییە، گۆشەگیر لە ژوورێک و بێ باک بەرامبەر بەوەی لە جیهاندا ڕوودەدات. بۆیە بینینی کەسێک لە پێگەی فەیلەسوف کارێکی ئاسان نییە و هەر ئەو بینینەش دەتوانێت بەرەو دیدی ترمان ببات. بۆ؟ چونکە بینینی کەسێک لە پێگەی فەیلەسوف واتە بوونی فەلسەفەیەک؛ کاتێکیش دەڵێین فەیلەسوفمان نییە ئەمە بەو مانایە نییە، کە دان بە بوونی کەسانێک نانێین، کە سەرقاڵی نووسینی فەلسەفیین یان روناکبیرییەکی فەلسەفییان هەیە.کەواتە لێرەدا دەپرسین: بەوانەوەی، کە لە بواری توێژینەوەی فەلسەفیدا کاردەکەن دەکرێت بڵێین فەیلەسوفمان هەیە؟ بێگومان نەخێر.
گومانیناوێت، چەند بەشێکی فەلسەفەمان لە هەرێم دا هەیە(زانکۆی سەلاحەدین، زانکۆی ڕاپەرین) و لەو چەند بەشەش پۆلێک پرۆفیسۆری فەلسەفەشمان هەیە؛ بگرە کۆمەڵێک شرۆڤەکاری فەلسەفیشمان لە دەرەوەی ئەو بەشانە هەیە، کە کۆرسێک فەلسەفەیان نەخوێندووە و خۆشیان سەرقاڵی نووسین و وەرگێڕانی بیرمەندەکان کردووە. بەس ئایا گشت ئەمەی وترا پێماندەڵێت ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ ئەڵبەتە نەخێر. زۆرێک هەن شەیدای نووسینە فەلسەفییەکانی ئەفلاتون و ئەریستو ۆ دێکارت و هێگڵ و مارکس و سارتەر و هایدیگەرن و لەو بارەشەوە چەند دەقێکیان نوسیوە بەس ئایا ئەمە ئاماژەیە لەسەر بوونی فەیلەسوف لەناو ئێمە؟ بەدڵنیاییەوە نەخێر.
لەو بارەوە ئەوەش شایانی وتنە، کە كێ مافی فەلسەفەكردنی هەیە؟ بەدڵنیاییەوە ئەم پرسیارە بەرۆكی كۆمەڵە پرسیارێکی هاوشێوە دەگرێت، كە خەمی هزریی چیەتیی فەلسەفە لەكۆڵدەگرن: گەر ئەم مافە تەنها بە فەیلەسوف دەدرێت، باشە فەیلەسوف كێیە؟ فەیلەسوف پرۆفیسۆرێكی زانكۆیی و كەسێكی ئەكادێمییە؟ ڕەنگە هەندێکیش لە ئێمە بڵێن، ئەی بۆ فەلسەفەكردن مافی عەوامیش (زۆربەش) نەبێت؟
لێرەدا و سەبارەت بەو پرسیارانە تەنها ئەوەندە دەڵێین، كە ڕاستە فەلسەفەكردن مافی ئێمەی مرۆڤە، مافی گشت ئەوانەیە، كە ئاوەز دەخەنەگەڕ و لە بارەی بوون و بوونی خۆیان و دەورووبەریان ڕادەمێنن. بەپێی ئەوەیش، كە لە ئێستادا تێكنۆلۆژیای زانیاریی دەستی بەسەر ژیانی ئێمەدا گرتووە، پێویستمان بەوەیە تێڕامان و تەماشاکردنەکانمان بۆ جیهانی تازە، قووڵتر و بەرینتر بكەین، تا لەوە تێبگەین، کە چۆن مامەڵە لەگەڵ چەمكی خودی زانین، زانست، ڕەوشت و ئاكار (موڕاڵ) دا بكەین.
ئاڵۆزییەكانی دنیای سیاسەت، واتای ماف، دادپەروەریی، یەكسانیی، كێشە ژینگەیی و پەروەردەییەكانیش، هەموو ئەمانە داوامان لێدەكەن، کە ئاسۆی بیركردنەوەمان فراوان و فرەئاقار بكەین و تێگەیشتنی فەلسەفیی لەمەڕ تێگەیشتنە سیاسیی، پەروەردەیی، كۆمەڵایەتیی و كولتوورییەكان دروستبكەین. ئەمە کارێکی ئاسان نییە. ئەمە داوای سێستەمێکی هزرییمانلێدەکات لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتییماندا.
دۆخەکە لەوەدایە، کە ئێمە نامانەوێت لەڕێگای ئەم پرسیارەوە لە دۆزی قەیراناوی هزرییمان تێبگەین. باشە گەر فەیلەسوفمان هەیە بنەمای هزری فەلسەفیی ئێمە چ جۆرە بنەمایەکی هەیە؟ بەدڵنیایشەوە نەبوونی ئەو بنەمایە، واتە نەبوونی فەیلەسوف. ئێمە وایدەبینیین، کە دیدێکی نوێ بۆ جیهان تەنها لە ڕوانگەی فەلسەفەوە دێتەکایەوە. کە ئەوە هەبوو واتە فەیلەسوف هەیە. بۆیە ڕوون نییە وشەی فەیلەسوف چۆن لەناو ئێمە بڵاوبووەتەوە و چیگەیاندووە. ئەم وشەیە پۆزەتیڤ بەکاربراوە یان نێگەتیڤ.

نا، ئێمە بەمجۆرە لە فەلسەفە حاڵینەبووینە

ئێمە بەو جۆرە لە فەلسەفە حاڵینەبووینە، کە لە لاپەڕەکانی مێژووی فەلسەفەی رۆژئاوا بەرچاوخراوە. لەوێ، لە دیدی رۆژئاواییەکان كاتێك، فەلسەفە دەبێت بە فۆرمێک لە نوسین، یان فەلسەفەكردن جێگای نوسین دەگرێتەوە ئیدی زۆر شت گۆڕانی دێتەسەر. ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی کاتێک فەلسەفە لە وتنەكانی مرۆڤدا كارادەبێت، وتن لەبارەی بوونی مرۆییەوە دێتەگۆ و فەلسەفەیش خۆی وەك ئامرازێك بۆ ژیان و تێگەیشتن لە بوونی كۆمەڵایەتیی مرۆڤ نمایشدەكات و لەڕێگای فەلسەفەیشەوە لە چێژی بیركردنەوە و مەبەستی ژیان تێدەگەین.
نا ئێمە، بەوجۆرە لە فەلسەفە حاڵینەبووینە، کە فەلسەفە بیركردنەوەیە، ئەم بیركردنەوەیە لەلایەکەوە ئاڕاستەی ژیان دەستنیشاندەكات، لەلایەکی ترەوە گفتوگۆی شتەكانی ناو ژیانی مرۆڤ دەكات. بۆ ئەوەی بژیین و لە ژیانی خۆمان تێبگەین، پێویستمان بەو ئامرازەی ژیانە، كە فەلسەفەیە. ئەمەش پێویستی بەوەیە، کە لەم پرۆسەیەدا بۆ ئەوەی خوێنەرانی فەلسەفە زیادبكەن و فەلسەفە وەك شێوازێك بۆ ژیان و ئامرازێك بۆ گەیشتن بە ژیان سەیربكرێت، فەلسەفەكردن پێویستی بەوەیە لەگەڵ تیۆرییەكان خۆی بگونجێنێت و خۆی ئاسانتر و نزیكتر لە ژیان نیشانبدات.
ئەو دەمەی فەلسەفە دەكرێت بە ئامرازێك بۆ كەڵكوەرگرتن لە ژیان و گۆڕینی فرۆمی ژیانی مرۆڤ و تەقەلایەکیش بۆ هەڵوێستەكردن لەسەر بەختەوەریی و ئایندە و ناحەزییەكانی مرۆڤ؛ بەمە فەلسەفە زیاتر لە بوونی مرۆڤەوە نزیكدەبێتەوە.
کوا کێ لەناو ئێمە كردەی فەلسەفەكردنی والێکردووە ببێت بە کۆششێک بۆ گەڕان بەدوای واتای ئازادیی و بەدیهێنانی بەختەوەریی بۆ تاك و لەسەرێكی ترەوە ئاشتكردنەوەی كولتووری سیاسیی ئێمە لەگەڵ فەلسەفە و سنووردانان بۆ گەوجاندنی تاك و كاركردن لەسەر باشەكان، كە بە جۆرێک لە جۆرەکان بەها ڕەوشتییەكانی ئێمەی مرۆڤن. ئەمانەیش وادەكەن، کە فەلسەفە توانای بینینی مەترسییەكانی هەبێت و شەڕ لەگەڵ دۆشدامانی هزریی بكات و هەلومەرجیش بۆ هێنانەكایەی دۆزێكی ئەوتۆ دروستبكات، كە فەلسەفە بە ئازادیی گوزارشت لە ئامادەبوونی ڕاستەقینەی خۆی و بوونی مرۆیی ئێمە و مافەكانمان بكات.

سەردەمەکانی ئێمە بێ فەلسەفە گوزەریان نەکردووە؟

بۆ هەموان ڕوونە، کە گشت كردەیەكی فەلسەفیی سەردەمی خۆی هەیە، بەڵام فەلسەفە دەكارێت لە سەردەمی خۆی بێتەدەرێ، ئەمە بە واتای هاتنەدەرەوەی فەلسەفە نییە لە لەشی خۆی، لەبەرئەوەی فەلسەفە، كە لە سەردەمی خۆی دووردەكەوێتەوە، لە سەردەمێكی تر نزیكدەبێتەوە، كە دیارە فەلسەفە لەو حاڵەتەدا بە خوڵقاندنی پرسیاری ترەوە سەرقاڵە، یان فەلسەفە خەریكی سەرچڵی ترە و تێهزرین لە شتگەلێكی تر دەكات، كە لە پێشبینییەوە دوور نین.
لێرەوە دەگەینە بیرۆكەی فەلسەفەی گشت سەردەم، یان گشت فەیلەسوفێك، کە ئاڕاستەكردنێك لەناخیدا پەنهانە. لێرەدا دەكرێت بگوترێت، كە فەلسەفەی گشت فەیلەسوفێك بۆ قۆناغێكی دیاریكراو بووە و جارجارەیش تێۆریزەكردن بووە بەسەر ئەوەی، کە دواتر دێت.
بەپێی ئەوە بێت، کە لای سەرەوە باسکرا، سەردەمەکانی ئێمە بێ فەلسەفە گوزەریان کردووە. یان دەتوانین بڵێین، فەلسەفە و سەردەم پێکەوە نەژیاون. سەردەممان هەبووە بە مانا مێژووییەکەی، لێ فەلسەفەدار نەبوونە. گەر وانییە کوا فەیلەسوفی سەردەمەکانمان؟ بۆ مێژوویەک سەبارەت بە فەلسەفە لە ژیانی هزریماندا بوونی نییە؟ ئەمەش پرسیاری ترمان لادروستدەکات، وەک: ڕۆشنگەرەکانی(منەور) ئێمە کێن؟ کوان کارە هزرییەکانی ئەو ڕۆشنگەرانە؟
بەمجۆرە بێت، کە لای سەرەوە باسکرا، کاتێک تەماشای مێژووی هزری رۆژئاوا دەکەین، شتێکی تر دەبینین. دەبینین، کە مامەڵەی فەیلەسوفانی رۆژئاوا لەتەك فەلسەفەدا وەك یەك نەبووە. لەگەڵ ئەوەیشدا فەیلەسوفەكان سوودیان لەیەكتر وەرگرتووە، بەڵام هەمیشە مەودایەكی هزریی لەنێوانیاندا هەبووە. واتە هەر فەیلەسوفە و جوگرافیایەكی، زێدێكی، فەلسەفیی خۆی هەبووە، كە لەهەمان كاتدا ئەم فەیلەسوفە دەیشتوانێت گەشت بەناو جوگرافیاكانی تر و سەر بەم زێد و ئەو زێدی هزرییشدا بكات.
وێڕای ئەوە، مێژووی فەلسەفەی رۆژئاوا شتێکی تریشمان پێدەڵێت؛ ئەوەش ئەوەیە، کە دەكرێت كردەی فەلسەفیی لە دەرەوەی سەردەم، یان نەریت بێت. واتە لەوە نەكات كە، هەمان شت و دووبارەیە. كاتێكیش فەلسەفە لە دەرەوەی سەردەمی خۆی دەبێت، ئەمە هەرگیز بەو واتایە نایەت، كە فەلسەفە پشت لە سەردەم و شوێنی خۆی دەكات، بەڵكو فەلسەفە زۆرجار ئەوەی دەیڵێت، لە سەردەم و شوێنی تریشدا كاری خۆی دەكات. بۆ نموونە ئەوەی، کە ئەفلاتون لە دیالۆگەكانیدا سەبارەت بە خۆشەویستیی، جوانكاریی و ڕەوشت گوتوویەتی، یان ئەوەی سپینوزاSpinoza، یان کانت Kant لەمەڕ ئاین، ڕەوشت و زانین وتویانە، ئێستایش جێی گفتوگۆن و فەلسەفە ناكارێت پشتیانتێبكات.
ئەمەی لای سەرەوە باسکرا، ئەوە دەگەیێنێت،کە ناوەرۆکی فەلسەفە نە وەك خۆی دەمێنێتەوە، نە ئەو ناوەرۆكەیش، كە هەیبووە پشتگوێدەخرێت. زۆرجار زۆر شت وادەكەن ئەو ناوەرۆکە بەشێوەیەکی تر بێتەپێكهێنان، یاخود وادەكەن فەلسەفە بەشێوەیەکی تر قسە لە سەردەمی خۆی بكات. هەر بۆنموونە، بەشێكی زۆر لەو پرسیارانەی چیەتیی فەلسەفەیان لە سەدە تاریكەكان پێكهێناوە لەئێستادا، وەك پرسیارگەلێكی کۆن و بەسەرچوو دەبینرێن، یان دەچنە خانەی ئەو شێوە پرسیارە فەلسەفییانەی، كە وەڵامی خۆیان چنگكەوتووە.
کەواتە، ئەوەی لایسەرەوە باسکرا، دوورە لە مێژووی هزریی ئێمەوە. مێژووەکە بەجۆرێک ناسێستەماتیکە، کە ناتوانێت وێنەیەکی هاوتای ئەوتۆمانبداتێ، کە ئێمە بیرمەندمان هەبووە، بیریاریی لە ژیانی بیرییماندا گرنگیی خۆی هەبووە. بەڵام سەبارەت بە شارستانی رۆژئاوا شتێکی تر دەبینین. لەوێندەرێ بۆ ئەوەی فەلسەفە ناوەرۆکێکی نوێ و جیای هەبێت، دەبینین فەلسەفە هەمیشە کۆششی ئەوەی كردووە، کە خۆی نەجوێتەوە و لەسەر ناوەرۆکی خۆیشی نەژی، یان ئەوە نەڵێتەوە، کە وتراوە.
بۆ ئەوەی فەلسەفە ئەمەی بەسەرنەێت، فەلسەفە نەبێتە بوارێك بۆ وتنی شتی گوتراو و بەسەرچوو، فەلسەفە پێویستی بەوە دەبێت، کە بە سەردەمی خۆیەوە گرێدراو بێت. هەر ئەم گرێدراوییە وەها لە فەلسەفەیش دەكات، کە ڕێژەیی و ناڕەها بێت، كراوە و چاودێر بێت، چونكە سەردەمە جیاكان وەها لە فەلسەفە دەكەن، کە ڕەوت و ڕواڵەتی جیا و نادووبارەی هەبێت و كاریشی گوتنی ئەوە بێت، كە دەكەوێتە زۆنی بێدەنگییەوە. واتە فەلسەفە دەكارێت گوتن لە گەرووی بێدەنگییەوە بهێنێتەدەرێ و لەتەك شوێن و كاتەكاندا هاوشان و كۆقەوارەبكات.

بێدەنگی فەلسەفیی ئێمە زۆری خایاندووە

بەدڵنیاییەوە، بێدەنگی فەلسەفیی ئێمە زۆری خایاندووە. ئەمەش زیانێکی زۆری داوە لەو مێژووەی دەخوازین بینووسینەوە سەبارەت بە هزرمان. وەکیتریش، گومانی ناوێت، كە فەلسەفە هەندێك چركەی بێدەنگ و خامۆشی خۆی هەیە، بەڵام ئەو چركانە ئەگەرچی لە چركە پێویست و گرنگەكانیشن، بەڵام زێدە كەمتەمەن و نابەردەوامن، چونكە فەلسەفە لەگەڵ دەركەوتنیدا ئەوەی یەكلاكردووەتەوە، کە چیەتیی فەلسەفە بە گوتنەكانیەوە بەندە، بەوەوە بەندە، كە فەلسەفە ناوەستێت و بەردەوامە. بەداخەوە ئەم لایەنە بۆ ئێمە تەواو جیاوازە و وەک ئەوە نییە، کە لە مێژووی هزریی رۆژئاوادا باسیلێوەدەکرێت. بێدەنگی فەلسەفیی ئێمە کاتێکی زۆری خایاندووە و گشت مێژووی هزرمانیشی گرتووەتەوە.
فەلسەفە ناکرێت بۆ ماوەیەکی زۆر بێدەنگ بێت. بێدەنگیی فەلسەفە بۆ کاتێکی زۆر بە زیانی مێژووی هزری ئەو نەتەوەیە دەگەڕێتەوە. کاتێک فەلسەفە بێدەنگ دەبێت شتیتر جێگای دەگرێتەوە، کە ئێمە ناویدەنێین نافەلسەفە، نەزانین، دژەدانایی. ئەمەش لەبەرئەوەی، کاتێک فەلسەفە قسەدەکات، وتنی دەبێت، فەلسەفە هەر بەهۆی ئەو وتنانەیەوە، کە لەلایەكەوە ناسنامە بۆ چیەتیی خۆی دادەتاشێت و خۆی لە سەردەم و شارستانیی خۆی نزیكدەكاتەوە، لەلایەكی ترەوە خۆی لە زانستەكانی تر جیادەكاتەوە.
پێشتریش گوترا، فەلسەفە خۆی دەكات بەو شتەی، كە هەیە، نەك ئەوەى، كە ونە، ئەو شتەی گوتنی خۆی هەیە و هەر ئەو گوتنەش ناوەرۆکی پێكدەهێنێت و كاكڵی بۆ دروستدەكات. فەلسەفەكردن و تێكشكانی پیرۆزییەكان، چاندنی پرسیار و پرسیاركردن لە ڕەچەڵەكی بۆشایی و هیچیی، هەوڵی فەلسەفە بۆ تێگەیشتن لە خودی خۆی و جیهانی ئەو خودە، بەشێكن لە پرۆسەی پێكهێنانی ناواخنی فەلسەفە و باخچەی هزریی فەلسەفیی دەسازێنن و كردەی فەلسەفەسازیش لەوێوە خۆی وەك سەرچڵیی هزریی نیشاندەدات. کوا فەلسەفە لەسەر ئەم بناغەیە لە ژیانی هزری ئێمەدا کاریکردووە؟ نەخێر بەمجۆرە کارینەکرووە و بگرە زۆریش مات و بێ وتن بووە.

ماویەتی…….

mm

دکتۆر ئازاد حەمە وانەبێژ بە بڕوانامەی دکتۆرا لە فەلسەفە( فەلسەفەی کۆمەڵایەتی و فەلسەفەی مێژوویی)، وانەوتنەوە لە قوتابخانەی پەروەردەی بنەڕەتی لە زانکۆی سلێمانی.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress