Skip to Content

مەترسیەکانی نا یادەوەری.. ئالان فەرمان

مەترسیەکانی نا یادەوەری.. ئالان فەرمان

Closed
by ته‌مموز 13, 2024 General, Opinion


ئێمە لەناو تاعون و دیستۆپیایێکی ترسناکدا دەژین، هەموومان لەژێر هەل و مەرجی سەختی نا یادەوەریدا دەژین. سیاسییەکان لەڕێگەی دەزگای پۆلیسی نەرم و ناوەندە میدیاییە کۆنتڕۆڵەکانەوە ئەشکەنجەیێکی قوڵی بیرەوەریمان دەدەن تا دوێنێمان لەبیربچێتەوە. مرۆڤ بەهۆی یادەوەریەوە دەتوانێت وێنەیەکی گشتی و ئەنالیتیکی بۆ دونیا بکێشێت تا لە ساتەوەختەکانی ئێستا تێبگات. لێستاندنەوەی یادەوەری وەک بەخشینی دووچاوی شوشە و بێکەڵکن، کە تەنیا تەم و زوڵمەت ببینێت. قودرەتی هەموو کۆمەڵگایێک بۆ تەماشاکردنی ئێستا لەقودەرتی ئەو یادگەیەوە دێت کە لەحزەکانی ڕابردووی بەسەر یەکدا کەڵەکە کردووە. نوسان تەنیا بە ساتەوەختەکانی ئێستاوە دەرگا لە سەردەمێکی ترسانکی نەبینیندا دەکاتەوە. یادەوەری دەستێکی گرینگی لەنیگارکردنی هۆشیاریدا هەیە. مێرلۆ پۆنتی پێیوایە هۆشیاری لەبنەڕەتدا لەگەڵ یادەوەریدا تێکەڵ بووە، چونکە ئەوە ئەزمونەکانی ڕابردوون وێنەیەکی ڕاستەقینەی ئێستامان بۆ دەکێشن. ئەوەی ئەمڕۆ لەدونیادا دەگوزەرێت داڕمان و دۆڕانی دەستەجەمعی یادەوەریەکانە. مرۆڤی ئەمڕۆ بەوردی نازانێت پێرێ چی ڕوویداوە! هەموو ئەوەی لەبەردەستیدایە چەند کەرەستەیەکی هۆشیاری موزەیەفن تا خێرا و بەپەلە فریای خوێندنەوەی ڕوداوەکانی ئەمڕۆی بکەوێت. بەبێ سەفەر بە ڕابردوو و ڕاگوزەردا ئەستەمە وێنەیەکی بێگەرد و شەفافی ئێستامان دەستبکەوێت. لەحزەی ئێستا بەتوندی بەستراوەتەوە بەلەحزە ڕاگوزەرەکانی دوێنێوە. سیستم و دەزگا سیاسیەکان هونەرێکی سەیر لە کوشتنی یادەوەریدا بەکاردەهێنن، سیاسەت لەمڕۆدا چیتر پردی بەستنەوەی دەوڵەت و سوبێکت نییە بەیەکتریەوە، بەڵکوو پیادەکردنی هەموو شێوەکانی دەسەڵاتە تا سوبێکت پڕبکات لە نەبینین.
ڕۆمانی (پۆلیسی یادەوەری) یۆکۆ ئۆگاوا دەقاو دەق دونیای ئێستامان بیردەخاتەوە. لەیەکێک لەدورگەکاندا دەزگایێکی پۆلیسی هەیە بەناوی (پۆلیسی یادەوەری) ئیشی ئەودەزگایە بریتیە لە ونکردنی شتەکانی دورگەکە تا بەتەواوی لەبیری خەڵکی بچنەوە بەوەی ڕۆژێک لەڕۆژان ئەو شتانە بوونیان هەبووە، هەموو ئەوانەشی دیارنەمانەکان کاریان لێناکات و یادەوەریان ماوە دەستگیردەکرێن و وندەکرێن. سەرەتا باڵندەکان ون دەبن و دواتر کتێبەکان و کەرستە مۆسیقیەکان هتد.. لەسەرەتادا کەس دیارنەمانەکانی بەلاوە گرینگ نییە، تا وردە وردە لەبیریان دەچێتەوە ڕۆژێک لەڕۆژان کتێبەکان بوونیان هەبوە! لەبیریان دەچێتەوە باڵندەی توحفە و قەیاغ و فۆتۆ بوونیان هەبوە! دوای هەر دیارنەمانێک لەسەر دەستی پۆلیسی یادەوەری شتێک لەیادەوەریشیان لەگەڵیدا دەچێتە دیارنەمانەوە. سات دوای سات بەدەستی ئەم پۆلیسانەی دەسەڵاتەوە مرۆڤەکانیش بەتەکنیکی زانسی مۆدێرن و تیرۆری بایۆلۆجیەوە ئەندامەکانی جەستەیان ون دەبن و مرۆڤەکان بەتەواوی دەبن بە مرۆڤی ون بوو و دەچنە نەمانی ئەبەدیەوە.
قەیرانەکە لێرەوە دەستپێدەکات کاتێک یەکەم کەس یەکەم دیارنەمان وەک ڕووداوێکی سامناک تەماشاناکات. ئاگری ئەو دورگەیە لەو چرکەساتەوە دەست پێدەکات و تا وردە وردە کەس لەبیری نامێنێت ڕۆژێک لەڕۆژان باڵندە و مۆسیقا و کتێب بونیان هەبووە. ئەم بێموبالاتیە دەبێتە هۆی دروستبوونی کارەساتێکی ترسناکی لەناوچوونی بەکۆمەڵ تا خۆشیان دەبن بە نێچیری پۆلیسی یادەوەری و وردە وردە نوقم دەبن. یۆکۆ ئۆگاوا دەیەوێت بە دزیەوە ئەوە کەشف بکات لەدەستدانی مێژوو و ڕوودا و مەتریاڵەکانی ڕابردوو، بەلەدەستدانی دەستەجەمعی ئینسانەکان کۆتایی دێت. مرۆڤی بێ بیرەوەری مرۆڤێکە تەنیا لەشێوەی لم و تەپ و تۆز بوونی هەیە و ناتوانێت قسە لەسەر مانا وجوودیە گەورەکانی بکات، مێژوو و ڕووداوەکانی ناوی دەوری گرینگیان هەیە لە بەستنەوەی ئێستا بە ساتەوەختی مەعریفی قوڵەوە. هەموو کۆمەڵگایێک دەبێت بزانێت ئەوەی لە ئێستادا ڕوودەدات ڕیشەی لەو ڕابردووەدایە کە ساتێک لەساتەکان قاچمان تێخستووە و و بەجێمانهێشتووە.
دەسەڵات و بکەرە سیاسیەکان ڕاستە و ڕاست بەژدار نین لەو قڕکردنە دەستەجەمعیەدا، بەڵکوو لەڕێگەی بکەری تری نادیار و مەجهولەوە ئەو تاوانە پێرفێکتە ئەنجامدەدەن کە لەدونیای ئێستا زۆر بەقورسی روخسارەکانیان دەناسینەوە. میدیا و جۆرناڵیزم بکەری جددی و نادیاری سڕینەوەی ڕابردوون و هێزی گرینگی کۆنتڕۆڵکردن و ئیحتواکردنی ڕابردوون. لە پۆلیسی یادەوەریدا پۆلیسەکان شتەکان ون دەکەن تا لەبیربچنەوە و ببن بەهەڵم،لەپۆلیسی واقعیماندا شتەکان پیشان دەدرێن تا لەبیرمانبچنەوە. بەبڕوای من پۆلیسی یادەوەری لەدونیای ئۆگاوادا میتافۆرە بۆ ئەفسانەی میدیا و ڕۆژنامە لەدونیای ئێمەدا. ميدیا ڕۆڵی گرینگ دەگێڕێت لەسڕینەوەی ڕابردوو لەڕێگەی خيراکردنی ڕیتمی نەقڵ و پیشاندانەوە. میدیا هەمان پۆلیسی یادەوەریە بەبێ ئەوەی بزانین پۆلیسە. میدیا بەپەلەپروزێ هەواڵ دوای هەواڵ دەگوازێتەوە ناو زاکیرەی بینەر تا میمۆریەکە توشی شەلەل بوون بکات ئەو پیشاندان و نەقڵکردنە یەک لەدوای یەکە لەبنەڕەتدا هەمان ونکردنی شتەکان کە لەڕۆمانەکەدا دەردەکەوێت. میدیا پۆلیسێکی مەدەنیە هەموو ئەو شتانە وندەکات کەجددین تا تەسلیمی سادە و ڕوکەشی هەتا هەتایی بین. تێگەشتنی سادەی بینەر بەتوندی دیلی ئەو (پیشاندانەیە)کە میدیا نەقڵی نیگای بینەری دەکات. میدیا شتەکان پیشاندەدات تا نەبینین لەراستیدا چی شاردۆتەوە. وەزیفەی ساختەی میددیا پیشاندانە و جۆرێک لەئاڵودەکردنی بینینە بە سادەو تەرفیهاتەوە تا کێشە گەورەکە ئیهمال بکەین.هەموو ئەمەش بەخێرایی و سات دوای سات نەقڵ دەکات و دەمانخزێنێتە ناو تەقسێکەوە نەتوانین فریای ڕابردوو بکەوین. ئەوەی لەپشتی ئەم تەقسە مێدیایەشە بێگومان سیاسەتە، میدیا تەنیا دیل و بەکرێگیراوێکی سادەی سیاسەتە.
هەموو کارەسەتاکەش تەنیا لەئەستۆی میدیادا نییە، بەڵكوو دونیایەک بریکار و میدیۆمی تر هەن سیستمی سیاسی ئاراستەیان دەکات تا لەتەنیشت میدیاوە هەمان ئیش بکەن. لەزانکۆوە بگرە تا ئەکادیمیا سەرلەبەری خەریکی ونکردن و شاردنەوەی شتەکانن. بەڵام لەهەموویان کاریگەرتر و جددیتر میدیایە.
نوام چۆمسکی لە (کۆنتڕۆڵکردنی ڕاگەیاندن)دا دەنوسێت: لەلێکۆڵینەوەیەکدا لەزانکۆی (ماساشوتس) دەربارەی ئاراستەی خەڵک بۆ قەیرانی ئێستای کەنداو(١٩٩١) ئەمجامدرا. لێکۆڵینەوەکە لەسەر بیروراو ئاراستەکان لەسەر تەلەفزیۆن بوو. یەکێک لەپرسیارەکان دەیپرسی بەرای تۆ چەند ڤێتنامی لە جەنگی ڤێتنام کوژران؟ تێکڕای وەڵامەکان لە پرۆگرامی ئەمریکان تودەی دەیگوت سەت هەزار کەس! لەکاتێکدا بەفەرمی دوملیۆن کەس بوون. بەبڕوای چۆمسکی سیستمی سیاسی لەڕێگەی مێدیاوە نەک تەنیا ڕابردوو دەکاتە هەڵم و دوکەڵ، بەڵکو دیار و حەقیقەتیش دەکاتە نادیار و وەهم. دروستکردنی ئەو بەدفەهمیە لەپیشەسازیە ترسناکەکانی ئەو مەنزومە سیاسیەیە بە وەکیلێکی سەت ڕووی وەک ڕاگەیاندن.مەترسی ئەو شێوە ئیشکردنەی سیاسەت بە میدیۆمێکی وەک ميدیا لە ترسناکترین قەیرانەکانی دونیای ئێستامانە.بەپێی چۆمسکی هیچ دوورنیە دەساڵی تر عەرەبەکان لەبیریان بچێتەوە ئێمەیان ئەنفال کردووە! رەنگە بەڕوونی لەبیریان نەمێنێت ئەوانەی کیمیاباران کران سەت کەس بوون یان دووسەتکەس!
بەختیار عەلی لە (بەسەرسامی لەناو وێرانەدا) دەنووسێت: “سڕینەوەی یادەوەری، هونەرێکە سیاسییەکانی ئێمە بەکاریدەهێنن بۆ ئەوەی خۆیان بتوانن بژین و ئێمەش بتوانین لەگەڵیاندا بژین، بەڵام نابێت ئەدەب لە تاوانی یادەوەریدا بەشداربێت”.بەبڕوای من ئەوەی لەتێکستەکەی بەختیاردا گرفتە پێکەوە ژیانی ئێمە و سیاسیەکانە، ئەوان بۆیە یادەوەریمان تیرۆر دەکەن تا بۆخۆشمان بەیەکجاری قەتڵوعام بین. ئەوان یادەوریمان ناکوژن تا بەشە خۆشەکەی دونیایان بەربکەوێت، بەڵکوو دروستکردنی دونیایەکە کە هەموو بەشەکانی بۆ ئەوان بێت.
کۆتایی ڕۆمانەکەی ئۆگاوا کۆتایێکی ئایرۆنیە بۆ ئەو مردنە بەکۆمەڵەی ئێمە لەسەردەستی سیستم و بکەرەکانی. پاسیڤکردنی مرۆڤ لە دیتنی ڕابردوو لەپێویستیەکانی دەسەڵات و سیاسەتە تا بەدڵی خۆیان دونیا لەت لەت بکەن. لە پۆلیسی یادەوەریدا کوشتنی یادگە پەیوەندی قوڵی هەیە بەمانەوەی ستراکتۆرە سیاسیەکەوە. بەڵام ئەوەی مایەی هەرەس و خەمێکی قوڵە کەم وەرگرتنی ئەو تاوانەیە لەلایەن خەڵکانی سەر دورگەکە. بەبڕوای جولیا شیۆتا لە ڕۆمانەکەدا بەئەندازەی پۆلیسەکان خەڵکیش لەو تاوانەدا دەرحەق بەخۆیان بەشداریان هەیە. بێموبالاتی خەڵکی ڕۆژ دوای ڕۆژ هەوێنی گەورەبوونی کارەساتەکەیە. هەلومەرجی سوبێکت لە فەزای ڕەمزی و کۆمەڵایەتیدا مایەی هەژەندێکی گەورەیە. ئێمە ڕۆژ دوای ڕۆژ دیارنەمانەکان و ونبونی یادەوەری دەبینین، بەڵام بێدەربەستانە بەدیار نقومبوونی یادەوەریمان خەریکی خۆتەفرەدانین.دورنیە هەموو قەیاغ و بەلەمەکانی سەر ئەو ئەستێرەیە نوقمبن و بچنە دیارنەمانی ئەبەدیەوە.دوور نیە لەمچاوەڕوانیە ترسناکەدا ببین بە هەڵم و وەک باڵۆنێک بەرەو ئاسمان بچینە نەبوون و عەدەمی هەتا هەتاییەوە. ئۆگاوا لە شوێنێکدا نوسیبووی: لەم ڕۆژانەدا شتێکی نائاسایی نییە ئەگەر کەسێک دیار نەمێنێت!


ئالان فەرمان

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish