ئه‌م شێعرانه‌م خوێنده‌وه … له‌تیف بێوار
سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێت ئاماژه به وته‌یه‌کی نه‌جات نوری بکه‌م ده‌رباره‌ی هۆکاری وێرانبوونی شیعری هاوچه‌رخی کوردی له وته‌یه‌کدا ده‌ڵێت: (وه‌كو چۆن ساڵانێك له‌مه‌وبه‌ر ده‌یان كه‌س خوویان دابووه شیعر نووسین، به‌بێ هیچ بنه‌مایه‌كی ئه‌ده‌بی سه‌دان شیعری خراپ و ناكامڵیان خسته به‌رده‌م خوێنه‌ران، ئه‌م گروپه خۆیان لێببوو به پاڵه‌وان و گوێیان به هیچ كه‌س نه‌ده‌دا و ئاوڕێكیان له ره‌خنه و ئه‌و قسه‌وباسانه نه‌ده‌دایه‌وه كه ده‌رباره‌ی شیعره‌كانیان ده‌كرا، تا بوونه هۆكاری داڕزانی شیعر و سه‌دان خوێنه‌ریان له شیعر تۆران و دوورخسته‌وه).
ئه‌مه حه‌قیقه‌تێکه‌و ئه‌وانه‌ی موتابه‌عه‌ی دنیای وێران و شێلوی ئه‌ده‌بیاتی کوردی بکه‌ن به روونی هه‌ستی پێده‌که‌ن، به‌ڵام ئه‌ی چی بڵێین سه‌باره‌ت ئه‌و شاعیرانه‌ی یان هه‌ر له بازنه کۆنه‌کانی شیعری خۆیاندا ده‌خولێنه‌وه‌و وه‌ختانێك خوێنهرانێکیان هه‌بووه؟
ده‌بێ ئه‌وه‌ش بگوترێت که محه‌مه‌د عومه‌ر عوسمان زۆر بوێرانه و وه‌ك ئارسه‌ر رامبۆ دوای ئه‌وه‌ی زانی ئه‌وه‌ی پێی بوو بۆ شیعر وتی و ئیتر هیچی تری نه‌نووسی، چونکه نه‌یویست له به‌های ئه‌و جوانی و داهێنان و شێوازه دانسقه‌ی خۆی داببه‌زێنێت.
به‌ڵام هه‌ندێك جار شاعیرانێك هه‌ن هه‌ر ده‌بێت بنووسن و نایانه‌وێت له جوڵه‌ی شیعریی بوه‌ستن ئه‌گه‌ر ئه‌و جوڵانه‌ش له به‌های کاره پێشووه‌کانیان که‌م بکاته‌وه‌و داببه‌زێنێت، خۆ شیعر وه‌ك وتاری رۆژنامه‌گه‌ری نییه که پێنووست به‌ده‌سته‌وه‌گرت یه‌کسه‌ر بنووسیت، به‌ڵکو زه‌مینه‌و خه‌یاڵ و سوبێکت و ئیلهام و کاتی دیاری کراوی گیان و خه‌یاڵ ده‌خوازێت.
کاتێك بۆ نموونه باسی شیعره‌کانی ئێستای جه‌لال به‌رزنجی ده‌که‌ین حه‌ماسه‌تی که‌سانێك ده‌جوڵێت و ده‌ڵێن ئه‌و سه‌رده‌مانێك جێی ئیلهامی ئێمه بووه‌و شیعری جوانی نووسیوه، هاوڕاتانم به‌ڵام ئـێمه ئێستا باسی ئه‌و کاته ناکه‌ین، له‌سه‌ر کاره‌کانی ئه‌م دواییه‌ی ده‌وه‌ستین که چۆن زمان تیایدا ساده ده‌بێته‌وه‌و زۆر له خۆکردنی پێوه دیار ده‌بێت بۆ ده‌ربڕین، که به‌ده‌ر له هه‌وڵی جوانکاریی زمان و هونه‌ره‌کانی شیعر‌و نوێبوونه‌ی وێنه‌ی نایابی شیعریی ده‌نووسێت.
با دیقه‌ت بده‌ین له( (نۆ شیعری کورت….)ی ئه‌م شاعیره‌و ببینین چۆن زمانی رۆژانه زاڵ ده‌بێت به‌سه‌ر بابه‌ته سواوه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگاداو دوور ده‌که‌وێته‌وه له زمانی باڵای شیعر:
…………….
کاکی سیاسیش،
هەروا لەسەر پشتی، نەتەوەیەکی دابەش بوو
لە ئاشی حزب لێ دەکات
…………….
ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی که زمانێکی ساده‌ی نێو خه‌ڵکه، هه‌رواش بابه‌تێکی کۆنی وتاره‌کانی ساڵانی نه‌وه‌ده‌کانه نه‌ك زمانی شیعری پڕ ئیستاتیکاو داهێنان و نوێبوونه‌وه، ئایا شاعیر تاقه‌تی خۆماندووکردنی نه‌بووه بۆ دۆزینه‌وه‌ی خوازه‌ی نوێ بۆ ده‌ربڕین؟ یان له‌سه‌رده‌می خێرادا ئه‌و دروشمه له میدیاکان و لای نووسه‌ران په‌یڕه‌و ده‌کرێت که ده‌ڵێت (وته‌ی خوت بڵێ و بڕۆ).
یان له کۆپله‌یه‌کی تردا زۆر ساده ئاوات به بستێ زه‌وی ده‌خوازێت و ناوی شیعری به‌سه‌ردا ده‌بڕێت و ده‌ڵێت:
…………….
بە سەروەری،
لە سەر پارچە عاردێک بژیم
ئەوە خەونی باکیشم بووم
بردییە ژێر گڵ
………………
نازانم وشه‌ی (باکیشم) هه‌ڵه‌ی تایپه که ده‌بوو (باوکیشم)بێت، یان مه‌به‌ستی له وشه‌ی (باك)ـه، وه‌ک ده‌گوترێت (بێ باك له شتێك)، به هه‌رحاڵ ئه‌م شێوازه له ده‌ربڕین و ئه‌و وشه‌سازییه ره‌ق و یهکدیویهدا و بابه‌ته سواوانه هیچ خزمه‌ت به ره‌وتی خودی هه‌وڵه‌کانی شاعیر ناکه‌ن له کۆن و نوێ‌دا.
*** *** ***
دووه‌م شیعر که ده‌مه‌وێت له‌سه‌ری بوه‌ستم ؛ شیعری (زمانی باڵنده‌م ده‌زانی )یه، که به پێچه‌وانه‌ی شیعره کۆنه‌کانی شاعیر له‌م شیعره‌دا زۆر زمانێکی ساده به‌کارده‌هێنێت و هیچ لێکدانه‌وه‌یه‌کی تر له پشت داله‌کانی ده‌قه‌وه نییه جگه له‌و مانا راسته‌وخۆیه‌ی شاعیر له‌م شیعره‌دا که(غه‌ریبی شوێن ده‌کات)، که‌واته نامۆ بوونه‌که نابه‌رجه‌سته نییه، یان فیکریی نییه، ئه‌گه‌ر جاران وێنه شیعره‌کانی تازه بوون و بابه‌ته‌کان جیاواز‌و پڕ جورئه‌ت و سه‌رنجڕاکێش بوون، ئه‌وا لێره‌دا زمان نزیك ده‌بێته‌وه له زمانی به‌کارهێنانی رۆژانه، بۆ نموونه شاعیر له‌وێ بیری خزم و که‌سوکار ده‌کات و راسته‌وخۆ ده‌ڵێت:
…………….
له‌م وڵاته
بچکۆلانه، کاسبه‌دا
که نازانێ دانیشتن و
سه‌یران و
ته‌مبه‌ڵی چییه،
خزمم نییه..
…………….
جارێکی تر به زمانێکی ناشیعریی؛ بابه‌تی سیاسی تێکه‌ڵی ده‌ق ده‌بێت و تیایدا به‌های ئیستاتیکاو ره‌وانبێژی ده‌ق به هێند ناگیرێت و ده‌ڵێت:
……………
وڵاتی منیش مه‌لیکی هه‌بوو
خۆ ئه‌گه‌ر چی
ئه‌و بێ تاج بوو
بێ ده‌وله‌ت بوو
به‌لام مه‌لیکی کوردستانی ناو بوو
ئه‌و شێخ مه‌حمه‌دی حه‌فید بوو
…………….
لێره‌دا بۆ تێگه‌شتن و رۆچوون به قوڵایی ده‌قدا خوێنه‌ر پێویستی به خۆ ماندووکردن نییه‌و خۆی له‌به‌رده‌م هیچ پرسیارێکی ده‌سه‌وسانکارو تییمی تازه‌و دیوی شاراوه‌ی ده‌ق دا نابینێته‌وه تا بڵێت ئه‌مه هه‌وڵێکی جیاوازی شاعیره‌و توانیویه‌تی بره‌و به شێواز‌و جیاکاریه‌کانی شێعری خۆی بدات له ئێستادا ، ئه‌و راسته‌وخۆ ده‌ریده‌بڕیت و ده‌یڵێت که:
بیری شێخی چۆلی، ئه‌ڵوه‌نی خانه‌قین، چاڤی لاند، ڕێواسی قه‌ندیل، پارکی ئازادی، باباگورگور، گڵکه‌ند، سه‌رچنار، هه‌ناری هه‌ڵه‌بجه‌و ….. ده‌کات و رانه‌هاتنی له گه‌ڵ دۆخی تازه‌دا وای لێده‌کات بڵێت:
………………
له‌م وڵاته ترش و تاڵ و مۆنه‌دا.
دره‌ختی غه‌ریبی هه‌ر غه‌ریبی ده‌گرێت.
……………..
ئه‌مه ئه‌گه‌ر هه‌ر شتێک ده‌ربخات ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت که چه‌ندێك ڕێز‌و ئاسووده‌یی و مافه‌کان له کلتووری یه‌که‌مدا بۆ هاوره‌گه‌زه‌کانی فه‌راهه‌م هاتبوون، که‌چی گه‌ر سه‌رنج له ده‌قه کۆنه‌کانی شاعیر بده‌ین ده‌بینین به پێچه‌وانه‌وه ئه‌و ده‌یه‌وێت هه‌ڵبێت له‌و ناقۆڵاییانه‌ی گوشاری ده‌روونی ئاده‌میزاد له‌و ژینگه‌یه‌دا زیاتر ده‌که‌ن:
له شیعری (به‌رد باشتره) ئاوها دێته دووان:
……………
ئه‌مه‌وێ به‌عه‌شق بڵێم خودا حافیز
به‌رد باشترێکه له‌مرۆڤ
…………..
هه‌روه‌ها له جێیه‌کی تریشدا ده‌ڵێت:
………….
من ده‌بێ خۆم بسمیل بكه‌م
ئاوى ده‌ریاكان ده‌ڕێژم به‌سه‌ر خۆما و
ده‌ڵێم خوایه
وسڵى نیشتمانپه‌روه‌رییم ده‌رده‌كه‌م!
…………..
له کۆتایی ئه‌م به‌شه‌دا حه‌ز ده‌که‌م ئاماژه به‌و چاوپێکه‌وتنه ڕاشکاوه‌ی شاعیر بکه‌م له رۆژنامه‌ی (رۆژان ) که چه‌ند بابه‌تێکی جوان زه‌ق ده‌کاته‌وه‌و تیشك ده‌خاته سه‌ر هه‌ندێك له ڕاستییه کان ئه‌گه‌ر تاڵیش بن بۆ نموونه تیایدا ده‌ڵێت:
(شاعێر ئەبێ سەیری دڵی خوێنەرەکانی بکا و لە خۆی بپرسێ ئایا شێعرەکەم گەییشتووە؟ کە نەگەییشتووە خواحافیز، واز ئەهێنم لەم بوارە، نە خۆم هیلاک ئەکەم و نە گوێگرەکانم).
هه‌روه‌ها له جێگایه‌کی تری هه‌مان چاوپێکه‌وتندا سه‌باره‌ت هۆی ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی باشی خوێنه‌ران له شیعره‌کانی پێشووی ده‌ڵێت:
(من هەمیشە لە خۆم ئەپرسم ئەوانەی کە شێعری منیان وەرگێڕاوە و لە شێعرم گوێ ئەگرن بە دوای چیا ئەگەڕن؟ خۆ شاعێری لە من باشتر زۆر هەیە. لام وایە کە ئەوان بە دوای هەستی ژنانە ئەگەڕن ئەگینا شاعێری زۆر ناسک خەیاڵتر و باشترمان زۆرە).
………………………………………
سێیه‌م شیعر که ده‌مه‌وێت له‌سه‌ری بووه‌ستم شیعری (سێبه‌ره‌که‌ت په‌یت که)یه، باسم له‌وه نییه چۆن بابه‌تی رۆژنامه‌نووسی تاقه‌تی شیعریی ئه‌م شاعیره‌ی پروکاندووه، چۆن زمانی شیعریشی نزیك کردووه‌ته‌وه له وتاری رۆژنامه‌گه‌ریی، ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه به شێوه‌یه‌کی شاوڵی به ناخی ئه‌م شیعره‌دا رۆبچین تا درێژکردنه‌وه ناپێویسته ئاسۆییه‌کانی بدۆزینه‌وه.
له خوێندنه‌وه‌ی وردی ئه‌م شیعره‌دا د‌رك به نه‌بوونی ستراتیژییه‌تی بونیادی تۆکمه‌ی ده‌ق ده‌که‌ین که چۆن شاعیر تووشی تێکه‌ڵکردن و گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ره‌تاو له سه‌ره‌تاش بۆ کۆتایی بووه، چه‌ندان دێڕ له‌و شیعره‌دا زیادن و هیچ خزمه‌ت به هونه‌ری لایه‌نه شێعریه‌کان ناکه‌ن، بگره جارانێك زمان ده‌گۆڕدرێت به زمانی وتاری رۆژنامه‌گه‌ریی وه‌ك ئه‌وه‌ی شاعیر ده‌ڵێت:
که‌چی ده‌ماغ به‌رزه‌کان
هه‌موو شه‌وێك ئاهه‌نگ ده‌گێڕن/
ئه‌م شێوازه راستهوخۆییهی ده‌ربڕین ملی شیعر ده‌شکێنێت و سه‌رپێی مامه‌ڵه‌ی شاعیر له‌گه‌ڵ زاراوهکاندا ده‌رده‌خات له کاتی خوێندنه‌وه‌دا، هه‌روه‌ها بازدان له سه‌بجێکت و وێنه شیعری جوداوه بۆ یه‌کی تر به روونی په‌له‌پروسکێی شاعیر به ته‌واوکردنی ئه‌م شیعره‌وه ده‌بینرێت، جگه له‌وه‌ی له خۆ دووانی چه‌ندان جاره‌ی راسته‌وخۆ که‌شی گشتی شیعره‌که‌ی وێران کردووه‌و به لابردنی هه‌مووشیان هیچ کاریگه‌رییه‌ك له شیعره‌که‌دا روونادات، بگره پوخته‌تری ده‌کات وه‌ك ئه‌وانه‌ی شاعیر ده‌ڵێت:
من ئێستا وه‌کو جاران نیم/
………..
واناکه‌م له خه‌یاڵمدا شتێك ون بێ
………..
من ده‌وڵه‌مه‌ندترین ماڵم له مۆرانه
……….
هه‌روه‌ها هه‌ر به شێوه‌ی ده‌قه‌کانی تری ئه‌م نووسینه، ئه‌م ده‌قه‌ش به‌ره‌و یه‌ك ئاراسته‌یی مانا ده‌چێت و ئه‌وه‌ی شاعیر وا ده‌زانێت جیاوازییه‌که‌و گرێلێدانێکی مانایه به‌س به‌کارهێنانی وشه‌ی (بێ سێبه‌ر) ه، که بۆ که‌سی مردوو به‌کاردێت، به‌ڵام له راستیدا ئه‌م هێمایه تازه نییه‌و له ناوه‌ڕاسته‌کانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه له فیلم و رۆمانه‌کاندا به‌کارهاتووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه زۆریی به‌کارهێنانی وشه‌ی (سێبه‌ر)ه له‌م ده‌قه‌دا که ده‌گاته هه‌شت که‌ڕه‌ت.
لێره‌دا بیری وتارێکی رۆژنامه‌گه‌ریی شاعیرم که‌وته‌وه که له‌م دواییه‌دا ده‌رباره‌ی ره‌خنه خوێندمه‌وه و هه‌ستمکرد لێی تێناگه‌م ، ئیتر ئایا له‌به‌رئه‌وه‌یه نه‌توانراوه وه‌ك پێویست خاڵی مه‌به‌ت دابڕێژرێت و روون بکرێته‌وه؟ یاخود ته‌رجه‌مه‌ی حه‌رفییه؟ یان هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یه تێگه‌یشتنی شاعیر بۆ ره‌خنه که له وتاری (ره‌خنه‌و ئه‌ویتر)دا ده‌رباره‌ی ره‌خنه ده‌نووسێت : ( بریتییه له پشکنین و جیاکردنه‌وه له رووی تیۆرییه‌وه….. ره‌خنه چه‌مکێکه بۆ هه‌ر بابه‌ت و چه‌مکێك له هه‌موو باره‌کاندا که زیاتر له مانایه‌ك ره‌هه‌ندێك وه‌ربگرێت و له ره‌هایه‌تی دوور بخرێته‌وه، ئه‌مه‌ش بریتییه له فشاری دوو لایه‌نه‌ی هه‌موو هه‌رێمه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له سه‌ر یه‌کتر، له لایه‌کی تره‌وه پاسیڤی گشتی و کورتبینییهکه له دۆخێک‌دا که د‌رك به ناجۆری بابه‌ت ده‌کرێت که حاڵه‌تی نیگه‌تیڤ دروستده‌کات)
گه‌ر زیاتر له‌م ده‌قه بدوێین، ده‌بینین به‌رکه‌وتنمان ده‌بێت بۆ هه‌ڵه‌ی زمان و ماناش به‌م جۆره:
1- له وڵاته‌کانی کیشوه‌ری ئاسیادا وڵاتی زۆر پێشکه‌وتووی تێدایه وه‌ك یابان و چین و مالیزیا‌و سنگافوره، هه‌روه‌ها به‌ره‌و گه‌شه‌کردنی تێدایه وه‌ك ئهندهنوسیاو کۆریاو وڵاته‌کانی که‌نداو و …. هه‌روه‌ها دواکه‌وتووشی تێدایه وه‌ك به‌نگلادیش و بۆرماو….تاد، که هه‌موویان خاوه‌نی یه‌ك که‌لتورو جۆره بیرکردنه‌وه نین.
که‌چی شاعیر گشتگیرییه‌ك ده‌کات بۆ هه‌موو وڵاته جۆراوجۆره‌کانی ئاسیا‌و هه‌موو که‌لتوره‌کان به‌یه‌كچاو ده‌بینێت و ده‌یانکاته ره‌مزی خۆده‌رخستن و خۆ نمایشکردن، که ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه و له‌گه‌ڵ واقیعدا یه‌کناگرێته‌وه:
………….
ئه‌گه‌ر وه‌کو ئاسیاییه‌کان
له رۆژگیراندا نمایشی خۆم بکه‌م و خۆم بدوێنم
پرسیاری ناماقوڵ ناکه‌م له مێژووی خۆم
……………
2- هه‌ڵه‌یه‌کی تری زمانیی له‌م شیعره‌دا ئه‌م دێڕه‌یه:
من هیچ موڵکێك شك نابه‌م جگه له‌مانه/
ماڵێک بچووك و چه‌ند کتێبێکی بچووك و ….
مشتێ رازیانه‌ی بچووك و چوارچێوه‌یه‌کی بچووك
یه‌ك/ ڕازیانه خۆی بچووکه، ناکرێت بڵێین مشتێ ڕازیانه‌ی بچووك، به‌ڵکو ده‌بو بینوسیایه:
مشتێکی بچووك ڕازیانه
دوو/ له رووی مانا‌و لۆژیکه‌وه وا له‌گه‌ڵ په‌یامی رۆشنبیردا یه‌کی ده‌گرته‌وه ئه‌گه‌ر هه‌موو شته‌کانی تری بچووك بوونایه، به‌ڵام ده‌بوو کتێبخانه‌و په‌ڕتووك و پێنووس و چاویلکه‌و شته‌کانی تری زۆر‌و گه‌وره بوونایه.
له کۆتاییدا حه‌ز ده‌که‌م ئه‌وه بزانن ته‌نیا له دیدگای شیعره‌وه ئه‌م نووسینه‌م نووسیوه‌و هیچ کام له‌و شاعیره به‌ڕێزانه‌ی لێره‌دا له شیعره‌کانیان دواوم ناناسم و هیچ مه‌به‌ستێکی ترم نه‌بووه جگه له خزمه‌تی خودی شیعر به‌وه‌ی لێی تێگه‌شتووم، ئیتر کاتیه‌تی هه‌موومان بابه‌تییانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ نووسینه‌کاندا بکه‌ین و به دوای ( ناو) نه‌که‌وین، ئایا نووسه‌ر ناوداره یان نا؟ گرنگ ناوهڕۆك و ره‌هه‌نده‌کانی نوێبوونه‌وه‌و داهێنانه.
من ده‌ستخۆشی له هه‌موو شاعیره‌کان ده‌که‌م و هیوادارم دوور له عه‌قڵییه‌تی باو ؛ چه‌ندایه‌تی واز لیبێنن و چۆنایه‌تی بره‌و پێبده‌ن، تا هیچ نه‌بێت ئاستی گه‌نده‌ڵبوون له بواری شیعردا دابه‌زێنین.
ئه‌م قسه‌یه‌ش ده‌که‌م نه‌ده‌بوو بمکردایه به‌ڵام له‌به‌ر خوێنه‌ری ساده‌و که‌مئاست ده‌یڵێم که ئه‌م نووسینه له شکۆی هیچ شاعیرێك که‌م ناکاته‌وه‌و به که‌س ناڵێت که شاعیر نییه، به‌ڵام قسه‌مان له‌سه‌ر خودی ئه‌م ده‌قانه‌یه، له لایه‌کی تر ئه‌گه‌ری هه‌یه هه‌ر ئه‌و جۆره له خوێنه‌ر بڵێن ئه‌ی له کۆنه‌وه دوو ره‌وت نه‌بوون له ناو شیعردا (شیعر بۆ ژیان) و (شیعر بۆ شیعر) ده‌ی با ئه‌م شیعرانه وا دابنێێن بۆ ژیانن، بۆیه زمانی ساده‌و راسته‌وخۆیان به‌کارهێناوه‌و زۆر ماندوو نه‌بوون به هونه‌ره شیعرییه‌کانه‌وه، منیش ده‌ڵێم؛ به‌ڵام له‌و حاڵه‌ته‌دا ته‌مه‌نی شیعره‌کان کورت ده‌بێت.
ئێستا گه‌شتوومه‌ته قه‌ناعه‌تێك نزیك له بۆچوونه‌که‌ی ئه‌رستۆ که ئه‌و سه‌باره‌ت شارستانییه‌ته‌کان باس ده‌کات، به‌ڵام من تایبه‌تی ده‌که‌م به شیاعیرانهوه که هه‌ر ڕاست ده‌رده‌چێت ، ئه‌و ده‌ڵێ :
شارستانییش وه‌ك ته‌مه‌نی مرۆڤ به‌ره‌و لاوازی و مردن ده‌چێت، وه‌ك چۆن مرۆڤ سه‌ره‌تا منداڵه‌و پاشان هه‌رزه‌کارو دواتر گه‌نج و کامڵ و پاشان پیرو بێتواناو دواتریش ده‌مرێت.
جا ئه‌مه بۆ توانای شیعر نووسینی باشی شاعیرانیش هه‌ر ڕاسته، زۆربه‌ی شاعیران قۆناغێك بووه توانیویانه زۆر باش بنووسن، به‌ڵام زۆر که‌م شاعیر هه‌ن له سه‌راپای ژیانیاندا بتوانن به هه‌مان جوانی و به‌رزی و توانای لوتکهیانهوه شیعر بنووسن.