Skip to Content

لە سێشەمەی عەشقەوە بۆ پێنجشەمەی مردن …     ناڵە حەسەن

لە سێشەمەی عەشقەوە بۆ پێنجشەمەی مردن … ناڵە حەسەن

Closed
by ئاب 26, 2019 General, Poems

( سێشەمەی عەشق )

سێشەمەیەک /
ژیان تیایدا
توێکلە بێتامە تفتەکانی نائومێدی
فڕێدەدات و
وەک پیفۆک سپی سپی دەردەکەوێت
سێشەمەیەک /
شەوەکان بە هەناسە و
بە تیشکە گەش گەشەکانی
نافوورە ( کەسک و سۆرەکان ) دەدرەوشێنەوە
تریفەی مانگیش لە ترۆکی تاوەرەکانەوە
مژدەی بەیانییەکی نوێ
بەیانییەکی
پڕ لە نان و پڕ لە گوڵ
بڵاودەکاتەوە
سێشەمەیەک /
هەموو دوای نیوەڕۆییەک
بەرائەت وەکو باران
دەڕژێتە نیو جۆگەڵەی کۆڵانەکان و
لەگەڵ ( جۆبڕکە) کاندا سەما دەکات
سێشەمەیەک /
هەموو
وەرز و کاتژمێرەکان
سوورەت و سەمفۆنیاکان
داستان و ئەفسانەکان
خەون و خۆرەتاوەکان
ئۆقیانووس و ئاسمانەکان
پڕدەبوون لە جوانییەکانی سێو
سێشەمەیەک /
مرۆڤ و ماسی و میلۆدییەکان
باڵندە و بەفر و بنارەکان
گەردانە و گەوهەر و گوڵەگەنمەکان
ڕووبار و ڕێڕەو و ڕێگاکان
نەسیم و نیشتیمان و نەوڕەسەکان
پڕدەبوون
لە تەرزە زێڕینییەکانی زەردەخە
سێشەمەیەک /
ڕووناکی ڕوون ڕوون
بە ڕوونی ئاوێنە
ئاوێنە ڕوون ڕوون
بە ڕوونی ئاو
ئاو ڕوون ڕوون
بە ڕوونی ڕووبار
ڕووبار ڕوون ڕوون
بە ڕوونی ڕەونەقی ئەستێرەکانەوە
سروشت و زەمەن و شەوەکانییان
دەڕازاندەوە
سێشەمەیەک /
ئاگر
لە پەرستگەی ئاتشگەدا
لە سرووتێکی پڕ لە زیکر و سەفادا
بە ڕێنووسە ڕەنگینەکانی ڕاز
قەسیدە درێژەکان و
ئایەتە ئیرۆسییەکان و
ئەفسانەکانی عەشق دەنووسێتەوە

من لەم سێشەمە سوورە سەرمەدییەدا بوو
کە تۆم ناسی ئەی گوڵەباخ

( پێنج شەمەی مردن )
پێنج شەمەیەک /
ژیان زمانی خۆشەویستی بیردەچێتەوە
خۆی لەنێو تاریکی لوول دەدات و
وەک نوختەیەکی ڕەش دەردەکەوێت
مرۆڤ دەبێتە مشتێ خۆڵەمێشی
نێو کاسەیەکی کریستاڵی
پەپوولە لە گوڵ
باران لە سەوزایی
گەڵا لە با / نامۆ دەبێ
پێنج شەمەیەک /
ڕووناکی لە سپیدە یاخی دەبێت
سپیدەش لە کات
پەنجەکانم لە من یاخی دەبن
منیش لە جەستە و بوونی خۆم
ئاو لە دەریا یاخی دەبێ و
لەنیو تێنوێتی خۆی
بێ جووڵە ڕادەکشێ
خەون دەبێتە تابلۆیەک پڕ لە وەهم
وەهمیش جەستەی پرسیارەکان و
کتێبە مەعریفییەکان دادەپۆشێ
پێنج شەمەیەک /
مانگ و مانگا و مارمیلکەکان
بێستان و ڕەز و چیاکان
وردە ئەستێرە دوور دوورەکان
گردۆڵکە و زورگ و بنارەکان
دارستان و درەخت و دەریاچەکان
هەر هەموویان دەبن بە تۆز و غوبار
لە شەوێکی ڕەش ڕەشی ڕەشەمێیی
ژنەکان و پشیلەکان
دەست و پەنجە بەخوێن
شاگەشکە و سەرگەردان
بە کۆڵانەکان دەسووڕێنەوە
لە مەکتەب و مزگەوت و کلێساکان
هەر کتێبی جەنگەکان دەخوێندرێ
کەمانجە ژەنەکانیش
سەمفۆنیای تاریکی دەژەنن
پێنج شەمەیەک /
لە ئادەمەوە تا حەوا
لە مۆسۆلۆنییەوە تا مارکس
لە هۆڵاکۆوە تا هیتلەر
نابینا و توند توند
توند توند و نابینایانە
بەڕێگاکاندا دەڕۆن
وەک گەردەلوول
بازنە بەدەوری یەکترییەوە دەکێشن
بازنەکانیش تادێت بچووک و بچووکتر دەبنەوە
شوێنپێکان و ڕێگاکانیش ڕەشدەبنەوە
چرا و مۆمەکانیش دەکوژێننەوە
پێنج شەمەیەک /
بەبێدەنگی ژیان بەبەردەمما تێدەپەڕێ
منیش هەر بەبێدەنگییەوە لێی دەڕوانم و هیچیتر
مرۆڤەکان / بەبێدەنگی لەدایکدەبن و دەمرن
عاشقەکان / بە بێدەنگی سەما دەکەن و وندەبن
شەپۆلەکان / بە بێدەنگی بەرەو قووڵاییەکان دەچنەخوارەوە
بێدەنگی / دەبێتە شوناسی
بورکانەکان و ڕەشەباکان و تاڤگەکان
بێدەنگی / دەبێتە تایتلی کتێبەکانی ئاگر
خەونەکانیش وەک خاڵخاڵۆکەیەکی مردوو
فڕێدەدرێنە نێو تەنەکەی خۆڵەکان
لەدوای ئەم هەموو بێدەنگییەش
شاعیرێکی ڕۆژهەڵاتی دێت
هەر بەبێدەنگی و
لەنێو کتێبی بێدەنگیدا
بە پێنووسە شینە خۆڵەمێشییەکان
ئەزموونی خۆی دەنووسێتەوە
پێنج شەمەیەک /
بەهار کراسی پایز لەبەر دەکات و
پایزیش ناخی پڕ دەبێت لە بەفر
کاتژمێرەکان دەوەستن
خۆرەتاو لە دووری دوورەوە
دەبێتە گۆمێکی شەختەبەندی شووشەیی
گەردوون دەچێتەوە ناویەک و گرمۆڵە دەبێتەوە
مرۆڤەکان بە ڕووتی لەبەردەم ئەشکەوتەکان
سەری ڕمەکانییان تیژ دەکەنەوە
ڕەنگی گوڵ / دەبێتە هێمایەک بۆ شێتبوون و
بۆنی سێویش / بۆ خنکان و مردن
پێنجشەمەیەک /
هەموو باڵندەکان لەسەر منارەکانی مردن دەنیشنەوە
ڕۆژ بەدەوری ئەستێرەکانی مردن دەسووڕیتەوە
خوداکان تەنها ئایەتەکانی مردن دەنێرنە خوارەوە
حیکایەتخوانەکانیش چیڕۆکەکانی مردن دەگێڕنەوە
ڕەوەندییەکان لە بنار کێوەکانی مردن ڕەشماڵەکانییان هەڵدەدەن
لە پێنج شەمەی هەموو
سەدەکان و ساڵەکان و مانگەکان و هەفتەکانیش دا
ژیان ئاوس دەبێتەوە بە مردن
مردنیش ئاوس دەبێت بە ئەبەدییەت

تۆش لەم پێنجشەمە پەمەییەی مردندا
بۆ تاهەتا بەجێتهێشتم
ئەی مرۆڤە نامرادەکەم / فریشتە خانم … !

   ئۆگستی ٢٠١٩

mm

کورتەیەک لەبارەی ژیان و بەرهەمەکانی ( ناڵە حەسەن ) - ناڵە حەسەن لە ساڵی ١٩٦٥ لە شاری هەولێر لە گەڕەکی تەیراوە لە دایک بووە . - خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لە هەولێر تەواو کردووە . - دەرچووی پەیمانگای پزیشکییە لە شاری موسل ١٩٨٦ - ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ( نینا ) بووە . - یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ( کۆمەڵەی هونەری شەبەنگ ) - ئەندامی لیژنەی باڵای ( دەستەی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد ) بووە . - لە منداڵییەوە حەز بەخوێندنەوەی شیعر دەکات و لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی داڕشتنێک لەبارەی ( نەورۆز ) بە شیعر بۆ مامۆستاکەی دەنووسێت .. لە قۆناغی ( ناوەندی ) و ( ئامادەیی ) شیعر دەنووسێت و لەبەر هەستی نەتەوایەتی ناتوانێ لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەوکات بڵاویان بکاتەوە . - یەکەمین شیعری خۆی بەناوی ( من کاروانی بەشمەینەتان جێناهێڵم ) لە گۆڤاری ( ڕابەر ) لە ساڵی ١٩٩١ بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ یەکەمین نامیلکەی شیعری بە ناوی ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٨ کوردستان جێدەهێڵیت . - لە ساڵی ١٩٩٩ لە کەنەدا دەگیرسێتەوە ، لەوساوە تا ئێستا لە کەنەدا دەژیت . - بە بەردەوامی لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکانی دەرەوە شیعر و لێکۆڵینەوە و بابەتەکانی خۆی بڵاوکردۆتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ ( خولیا حسێن ) ی شاعیر ژیانی هاوسەرگیرییان پێکهێناوە ، دوو منداڵیان هەیە بە ناوەکانی ( ڕەها و ڕەهەند ) . - لە سایتی ئەلیکترۆنی ( ئەمڕۆ و دەنگەکان و کوردیپێدیا ) لینکی تایبەت بەخۆی هەیە ، زۆرێک لە کتێب و بەرهەمە ئەدەبی و شیعری و وەرگێڕانەکانی لەوێدا دەست دەکەون . ( ناڵە حەسەن ) تا ئێستا ئەم بەرهەمانەی بە چاپ گەیاندوون ١/ ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) ١٩٩٣ شیعر ٢/ ( ڕەشبەڵەکی ڕۆح ) ١٩٩٦ شیعر ٣/ ( عەشق و بەرائەتی ئاو ) ١٩٩٩ ٤/ ( ڕەنگە ئیرۆسییەکانی ئاگر ) ٢٠٠٣ شیعر ٥/ ( نیگایەک بەسە بۆ مردن ) ٢٠٠٧ شیعر ٦/ ( نەرسیسیزم ) ٢٠٠٦ وەرگێڕان ٧/ ( هونەر و فیگەرە جوانەکانی خەون ) ٢٠١١ لێکۆڵینەوە ٨/ ( چەمکە دەروونییەکان و دەقی ئەدەبی ) ٢٠١٢ لێکۆڵینەوە ٩/ ( لەسەر جەستەی ڕووتت لە خاچمدە ) ٢٠١٤ شیعر ١٠/ ( شیعر و چەمکەکانی ، ئیرۆس و ساناتۆس و ئەبەدییەت ) ... ٢٠١٧ لێکۆڵینەوە چاپی ئەنتەرنێت . ١١/ ( ڕووبەڕوو لەگەڵ شیعر ) ٢٠١٨ لێکۆڵینەوە و دیمانە . ١٢/ ( سارا تیسدەیل ، ژنە شاعیری ئەمریکی ) ... ٢٠١٨ نووسین و وەرگێڕان . ١٣/ ( عەشق جوانترە لە مردن ) ٢٠١٩ شیعر ( سەباح ڕەنجدەر - ناڵە حەسەن ) چاپی ئەنتەرنێت . ١٤/ کتێبی یەکەمی ( دەقی تەمەن ) شیعر ٢٠١٩ ١٥/ ( لە دەرەوەی ژیان دەژیم ) ٢٠٢٠ شیعر ( چاپی ئەنتەرنێت ) . ١٦/ ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٧/ ( ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٨/ ( کۆڵانە زەردەکە ) ٢٠٢١ شیعر . ١٩/ ( سوور ڕەشێکی نوێیە ) ٢٠٢١ شیعر . ٢٠/ ( من ژیانم بۆ شیعر دەوێت ) ٢٠٢١ وردە شیعر . ٢١/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی یەکەم ٢٠٢١ شیعر . ٢٢/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی دووەم ٢٠٢١ شیعر ، ئەم کتابانەی ئامادەن بۆ چاپ . ١/ ( داهێنان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین ) .. لێکۆڵینەوە . ٢/ ( خەونی من ) .. شیعر ٣/ کتێبی دووەمی ( دەقی تەمەن ) .. شیعر .

Previous
Next
Kurdish