Skip to Content

304 Views

یادداشت و چێشتی مجێوەر … ھۆزار ئەحمەد

یادداشت و چێشتی مجێوەر … ھۆزار ئەحمەد

Be First!
by August 27, 2019 General, Literature, Slider
image_print


خوێندنەوەیەکی ھەمەلایانە بۆ کتێبی«فاتێ ئێوارانم بنوسەوە کیژەی مرۆ دۆست» ی چۆڵی فایەق

تێکستەکە

کتێبەکە پێک دێت لە پەنجا و دوو ڕۆژی زنجیرەیی، جێگۆڕکێی ھەر یەک لە ڕۆژەکان چ لە بنچە و بارگەی کتێبەکە ناگۆڕێت، نوسەر تیایدا ڕۆژەکانی خۆی دەنوسێتەوە، لەگەڵ ھاودەم و ھاوزێی خۆی، بەنێوی فاتێ، ئەو کیژە سۆفیستە و ڕەواپێدەری خەیاڵی نوسەرە، یانژی دەمڕاستی نوسەرە و دەچێ بەگژ نەریت و خووی کۆمەڵگا، بە ھەگبەی سۆفیستانە و بە تیۆریزەکردنی چەندین ووتەی مەولانا و ئیبن عەڕەبی و ڕابیعەی عەدەوی.

یادداشت و چێشتی مجێوەر

یادداشت زاراوەیەکی فارسیە، لە بەرامبەریدا «بیرەوەری, یادەوەری» بەکاردەبرێت. یادداشت و ژیاننامە-بیۆگرافیا، بەھۆی نزیکیانەوە زۆر جار تێکەڵ دەکرێن، لەگەڵئەوەشدا جیاوازیان ھەیە، کاتێک یادداشت بێجگە لەوەی گێڕانەوەکەی ھونەریانەیە، تا وەکوو ژانرێکی ئەدەبی دەربکەوێت، ئەوا دەبێت تەکنیکێکی سەربەخۆیانەی ھەبێت و لەگەڵ بیۆگرافیا لێک جوێ ببنەوە. کەم تا زۆر فۆڕمی ڕیالیزمی لە یادداشت زاڵە، بە حکومی ئەوەی نوسین ھیچ کات ئەبستراکتی ڕیالیزمانە نەدواوە، یادداشتیش کە زەمەن و زمانی نوسەرە وەھا دەدوێت. دوو جۆر بیرەوەری ھەیە، «خودی و ئەویدی»، یا ئەوەتا نوسەر لەبارەی خۆیەوە دەیگێڕێتەوە یا ئەوانیدی، یادداشت وەکوو ڕۆمان کات و شوێن و ڕووداو و کاراکتەری ھەیە، وەلێ سنوری ئیشکردنی ھەریەک لەم فیگوڕانە لەڕووی چەندێتی و چۆنیەتی ناگات بە ڕۆمان.

ئۆتۆبایۆگرافی و بیۆگرافی دوو فۆرمی ئەدەبی و كولتووریی ڕۆژئاوایین و زیاتر لەناو ئەدەبیاتی ڕۆژئاوادا سەریان هەڵداوە، بایەخیان پێدراوە و گەشەیان سەندووە تا گەیشتووه‌تە ئاستی جۆرێك لە ئەدەبیی سەربەخۆ. ئۆتۆبایۆگرافی نوسینەوەی خودیە، کەچی بیۆگرافی نوسینی ئەویدیە. سنوری نێوانی ئەم دوو ژانرە ڕوون نیە، سەردەمەکە وا دەخوازێت ناوەڕۆک فۆڕم بتوێنێتەوە، ووشە زۆربەی کات ئازادە و سنوری دۆکۆمێنت دەبەزێنێت، چۆن دەتوانرێت سنورێک لە نێوان یادداشت و ژیاننامە دابنرێت؟ نوسەر لە کتێبی فاتێ ئێوارانم بنوسەوە کیژەی مرۆ دۆست، دەربارەی خۆی نائاخڤێت، بەلکو لە ڕووانگەی خۆی و فاتێەوە بە تێکەڵی دەئاخڤن. کەوایە «ئۆتۆبایۆگرافیا- یادداشت» و «بیۆگرافیا- ژیاننامە»یە!
فیلیپ لۆژون، پسپۆڕی ئەدەبی ئۆتۆبایۆگرافی بۆمانی پێناسە دەكات، بەم شێوەیەی خوارەوە:
«گێڕانەوەی ڕابوردوو بە پەخشان لە لایەن كەسێكی هەقیقی لەبارەی بوونی خۆی، بەتایبەتی ژیانی تاكەكەسی، یان وردتر، مێژووی كەسایەتیی خۆی بگێڕێتەوە».

ئەم پێناسەیە، زیاتر بۆ نوسینی یادداشتی خودیە، وەلێ بۆ ئەویدیش حوکمەکانی ڕاستە، کە دەبێت بە بایۆگرافی.
ئۆتۆبایۆگرافی ڕەھەندی ڕیالیستی بە ڕادەیەک تێدا بەھێزە، زۆرجار لەگەڵ دانپێدانان سنوریان تێکەڵ دەبێت<لەبارەی ڕاشکاوی گەیاندنی پەیامیەوە>، ئەو ڕەخنەیەی لە ئۆتۆبایۆگرافی دەگیرێت، نوسەر تەنیا چێژ لە گێڕانەوەی سەرکەوتن و لایەنە ئەرێنیەکانی دەبینێت، وەک ئەوەی ئەو تەنیا بۆ سەرکەوتن دروستبووە، چەشنی منی گێڕەرەوە لە «فاتێ ئێوارانم بنوسەوە»، منی گێڕەرەوە- واتا نوسەر لەسەر ڕۆژەکانی خۆی وا دەگۆوێت، خۆی و فاتێ بێ کەمایەسن، دواجار لەم نێوانەدا نوسەر منی نەرجسیەت ھەڵدەبژێرێت، فاتێ دەخاتە بەردەم ھەڵەیەکی ژیانیەوە، گوایە ھەموو ئەو نەخێرانەی فاتێ بەڕووی کۆمەڵگا بەیانی کردووە بۆ چاکەی ئەم دەگەڕێتەوە دوای دووساڵ لە غیابی ئەمدا فاتێ سەر بەھەوێ شوو دەکات، وەلێ ھێشتا مکوڕە کە فاتێ ھەستی ژێوانی لانەبێت، چوون ئەو بایەخی پێداوە و ناکرێت ھەڵە و کەموکوڕی بنوسرێتەوە لە ئۆتۆبایۆگرافیای نوسەردا، ئەمە ڕوونە لە کۆتا ڕۆژدا!
گەر بمانەوێت ھەموو ڕۆژەکان، دابەشی سەر گوتار و یادداشت و قسەی ڕۆژانە بکەین، دەبێت بە چێشتی مجێوەر! چواردە ڕۆژمێر ھێزی گوتاری ئەوەندە تیایدا بەھێزە، ھێلی گێڕانەوە تیایدا زۆر بەکاڵی دەردەکەوێت، ڕەنگە دەرکەوتنەکەشی لەو پێناوە بێت، کتێبەکە ھەڵگری شوناسی یادداشتە، سەرباری ئەوە چەند ڕۆژێک قسەکانی زۆر سادە و گشتی و ووشکن«ئەڵبەتە سادەییەکی بێ قووڵایی» بە شێوە زاری ھەولێری پێی دواوە، تاوەکوو ڕاستی ئەو سادەییە، بەزمانی ئەدەبی و ناوچەیی بشارێتەوە، بۆ نمونە لە ڕۆژی چواردەیەم کاتێک لە بازاڕی گەورەی سلێمانی، لای گۆڕی کاک ئەحمەدی شێخ، چاوی بە فاتێ دەکەوێت، ھەر ئەوەندە لەسەر بلوزەکەی نوسراوە:- «دینی من بەڵگە نیە و بەڵگە دینی منە»، ھەر خوێنەرێک بەر ئەم کتێبە بکەوێت، دەزانێت سۆفیستێک نوسیویەتی و مەبەستی لە ئاڵۆزکردنی ئەو دەقە خوایەکی بێ دینی لازمە، «ئالان ڕۆب گرێ» جوانی نووسیوە، کە دەڵێت: «دەبێ خوێنەر بەو شتە بزانێ، کە لەبارەی جیهان نووسراوە، بەڵام جیهانی ئەو نییە. بەڵکوو حەز دەکا جیهانی ئەو بێت. »، نوسەر بەلاڕێداناچێت بیەوێت کتێبەکە بۆ ھەمووان سەرنج ڕاکێش بێت، بەھۆی بێ ئایدۆلۆژیا نەبوونی تێکست، تەنێ مایەی سەرنجی گروپێک یا زیاتر دەبێت، خوێنەریش ئەوە دەزانێت لە کوێدا لەگەڵ نوسەر ھاوڕایە، بێجگە لەو خوێنەرانەی چێژ بە کاری لەپێشەوەی ئامانجی خوێندنەوەیان دەزانن، بۆیە بۆ ئەوان دەشێت سادەیەکی بێ قووڵ، بە فۆڕمێکی دیاریکراو لە نمونەی شێوەزاری ھەولێری، سەرنجیان ڕابکێشێت و ئارەزووی ئەو جیھانە دەکات تیایدا ئیستاتیکا باڵادەستە.

فاتێ ژنێک بە پێوەری پیاوسالاری

فاتێ کێیە وەھا دەدوێت ئاخۆ ئەو پاڵەوانە گەڕەکیەتی وەک ژنێک بدوێت؟ گەر یادداشت بەھەموو پێوەرەکانی ڕیالیستی بێت، گووتنی نەخێر بەڕووی کۆمەڵگا «گەر ھەولێر و کوردی بێت» وائاسان نابێت، بە تایبەت سمبوڵەکە ژن بێت، ڕوونە ژن لێرە ھەر چیەک بێت خۆی نیە، بەمانا ڕیالیستیەکەی نەوەک ئەوەی پێویستە ببێت.
سیمۆن دوبوڤار گوتویەتی «ژن بتە، خوالەیە، دایکە، جادووبازە، پەرییە، ئاشقە، وەلێ ھەرگیز خۆی نیە»
ئەم خۆنەبوونەی ئافرەت، پڕژانی گریمانەی پیاوە بەسەر بیرۆکەی فیمینزم، تا کاتێک پیاو بۆ ژن بنوسێت و بدوێت ژن زیاتر لەو خۆنامۆبوونە نزیکتر و دوورتر لەمانەی ژن-دەبێت.

ژن بەگوێرەی وەھمی پیاو خۆی دەڕازێنتەوە، لەشی ھەردەم دەستەمۆیە، ئەو ئەوینەی لە ڕوانگەی پیاوەوە بەیان دەکرێت، ئافرەت وا تێدەگات خاتوونی خۆیەتی، نەک ئەو بیرۆکەیەی ئەوین، کە وەھمێکی پیاوانەیە، ئاساییترین ئەگەرە بۆ بیرۆکەی جەستە، جەستە بۆ پیاو پنتی ئەوینە، ئافرەت پێچەوانەکەی دەوێت و پیاویش حاڵیە و بۆیە ھەردەم خەریکی چاکسازیە لە ناساندنی ئافرەت، بۆ خودی ئافرەت!، نوسەر لە ڕۆژی سیوپێنجەم، سەرەڕای بە بابەتیکردنی پەیامی فاتێ لەم کتێبە، باتایبەت دژوەستان لەھەمبەر نەریتی مەلایی، لێرەدا نەیتوانیوە ئەو ھەستە بشێرێتەوە فاتێ دەڵێت:-« چ گیژێکە، بەم جوانیەوە، دەگەڵ بەرچاویی ئەم شەنگ و شۆخەوە، خودات نەبێ»
نوسەر لەگەڵیدا دەڵێت:- «فاتێ ناحەقم مەگرە خوام لەم جوانیە نەماوە»، بێگومان لەوێدا فاتێ کردۆتە دەروازەی پێھەڵدان بەسیمای ژن و فاتێ بەکاردێنێت و دووری دەخاتەوە لە پەیامی کتێبەکە و فاتێ ھاوڕای خودی خۆی دەکات، بۆ ھەڵبەستن بۆ جوانی ڕووخساری ئافرەت!

سیمۆن دیبوڤوار ژنە و ژن بوون بەخۆی نامۆ دەبینێت، کەچی نوسەری ئەم کتێبە ڕێ بەخۆیدەدا، بڵێت ژن ئاوابە، بەو بۆچونە کلاسیکانەی داویتە پاڵ ژنبوونی فاتێ، وێجا نوسەرەکەش پیاوە. ئاخۆ چۆڵی خۆیەتی بە ئەزموونی سۆفیستانەی خۆی لەبارەی ژنەوە دەدوێت، بە لێکھەڵکێشانی، ووتەزای ئەو سۆفیستانەی بونەتە قیڕ و بنێشت بە سیمای تیۆلۆژیاوە، بێ ئاگا لە پێویستیەکانی ئەمڕۆ، بیچمی سەدان ساڵ بۆ ئێستا وە ڕاست بگێڕێت، ھەر چەندە ناواخنانەش بێت، بەڵام سنوری دیار گەر کەمتر بێت لەمەڕ لاکان-ەوە، نادیاری ئیمڕۆ، بۆ سەدان ساڵ ھەرگیز نابێت بە پێوەر و لۆژیک.

داخۆ چەمکی ژن ئەوەیە ڕۆڵان بارت، بۆ چیڕۆکی « سارازین»ی بەلزاک ئێژێت:- «ھەرگیز ناتوانین وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە، نوسەر پێی ناوەتە مەرگی خۆیەوە- بۆ کاراکتەری ژن لەو چیڕۆکەدا-، نوسین لەوێوە دەست پێدەکات..»
ئەو تێکەڵاویەی بۆچوونی فاتێ، لەگەڵ منی سەنتڕالی نوسەر، کە زۆرجار پێکھەڵدەکەونە دیالۆگ، ھەمووان بۆ فاتێ دەمیان دەبێت بە تەڵەی تەقیو، تەنێ منی گێڕەرەوە نەبێت، فاتێ بۆی دەکەوێتە چۆک، لەوێوە بۆمان دەردەکەوێ نوسەر مەرگی خۆی نەداوەتە قەدەری کاراکتەرەکان، بەڵکو بەنەفەسی نێرسالارانەوە، دەردەکەوێت فاتێ پەروەردە دەکا، فاتێ یاخیە، بەڵام لە ڕووانگە نێرسالارانەوە. نوسەر قەڵەمەکەی ھەر دەچێتەوە سەر ئەزموونی خۆی، کەشی ئارگۆمێنتەکان زۆر بەڕوونی لە خەیاڵدانی ئەزموونی کەسی نوسەر دەپەڕژێتە نێو فەزای ڕووداوەکان، دەیەوێت بە نوێنەرایەتی فاتێ بڵێت ژن ئەوەیە، ھەموو ئەوەی دەمانەوێت بیڵێین ئۆنتۆلۆژیای ژن نیە، <با ئەوە پەیوەست بێ بە ئافرەت دەیەوێت چی بڵێ> بەڵکو نوسەر بە پەیامێکی واعیزانە، وەڵامی وەعزەکانی داوەتەوە، بە فۆڕم ھەمان شتی بۆ پێشنیاز کردووین داخۆ لە ژانری یادداشت نوسەر دەتوانێت واعیزانە دژی واعیز بێت و ئامۆژگاریمان بکات..؟
دواجار فاتێ سەر بەھەوێ شوو دەکا، سەرەڕای بە دانە پاڵی فیمینست بۆ فاتێ، سەبارەت بە ڕابردووی، فاتێ ژێوان نیە، لەو بارودۆخەی بەسەریداھاتووە. بووتە بەشێک لە کۆمەلگا و دەوروبەری، جادووی ھەموو بوێری فاتێی بەتاڵ کردەوە و خستیە ئۆباڵی خێل و عەشیرەت، وەڵی دەشێت بێدەنگ بوونی واعیزە و دۆشدامانی خەڵک بەرامبەر نەخێری فاتێی ئێمە، لە دیدی نێرسالاریەوە قابیلی وەھم بێت، چوون شووکردنی فاتێ سەر بەھەوێ، جێگای سەرسوڕماوی نەبوو بۆ نوسەر، کاتێک بیانوی خێل و عەشیرەتگەری بەھێزتر ببینێت لە ژن.

دیالۆگ و کورتبڕگ

ڕاستگۆیی پنتی یادداشتە، ڕووداوەکانی تەواو ڕیالیستین، ئەڵبەتە دەشێت بە دیالۆگەوە بێت، بە فۆڕمی خۆی نەوەک دوو دێڕ حیوار، دواتر لایەنێکیان ئەشەدوبیلای بۆبکا، وەکوو دەوروبەری فاتی بۆ فاتێ، فاتێ بۆ نوسەر، دواجار ھەمووان لە ئەزموونی نوسەر دەڕوانن.
دیالۆگ دەگەڕێتەوە بۆ ساتی دروستبوونی زمان، زمانی ھێما، مرۆڤ لەو ڕێگەیەوە، مەبەستەکانیان ئاڵوگۆڕ دەکرد، دیالۆگ لەمڕۆدا، جیاوازە. کاتێک ناسینەوەی حەقیقەت، مانایەکی ڕێژەییانەی ھەیە، پارچە پارچە پێکھاتووە، بۆ ھەر پارچەیەکیش ھاڕمۆنیای تایبەتی خۆی و پچڕانی ماناداری خۆی ھەیە، وە بۆ ھەر ناسینەوەیەک ناکرێت پێڕۆیەکی دیاریکراو پەسەند بکرێت، بەتایبەت دیالۆگ بە چڕی و قوڵی بئاخڤێت، زمان بۆ ئەم مەبەستە چەندین پاڕادۆکسی حەقیقی دەخاتە بەرباس، ئەڵبەتە زمانی نوسین مەبەستمانە، چوون دیالۆگ تەنیا ڕەوانبێژی و پەیڤینی نێوان دووکەس نیە، بەڵکو پەیوەندیەکی زیھنیە، کاتێک تۆ دەنوسیت، لە لای پێشەوە پشت بە زیھن دەبەستیت، ھەروا بەر لەوەی دیالۆگ تەنیا گۆواندن بێت، دەشێت بیرکردنەوەش بێت، سەرباری ئەوەی دیالۆگ شەپۆلێکە لە ڕیالیزم.

کاتێک تێز و ئانتیتێز یەک دەگرن سەنتێزێک دەبێتە بەرھەمی ئەو دیالۆگە، لەم دیالێکتیکەدا ئانتیتێز، تێز لە نێو نابات، بەڵکو ئەم دوانە یەکتری تەواو دەکەن و سەنتەرێکی نوێ پێک دێنن، دیالۆگی فاتێ یا من-ی نوسەر، لەسەرەتای ھەر گفتوگۆیەک بەر لەوەی خوێنەر پێ بنێتە دێڕی دووەم و سێیەم، لە گفتوگۆکان، خەڵک یا کۆمەڵگا، بێدەنگ دەبێت و ملکەچ دەبن، نەک لەبەر ئەوەی فاتێ یا منی نووسەر لەسەر حەقن، بەڵکو ئەوان یاخین و دەبێت ملکەچیان بن، چوون فاتێ دەنگێکی ڕادیکاڵانەیە لەم نێوانەدا، نەخێر واتا ڕەتکردنەوەی ھەموو شتێک. ئەم بێدەنگ بوونەی قەڵای ھەولێر بۆ ئاین-مەلا، ڕیالیستانە نیە، سەرباری ئەوەش فاتێ کاتێک دێتە گۆ، حیکمەتی پەیامەکە ڕووندەبێتەوە، خەڵکەکە ئەشەھەد و بیلای بۆ دەکەن، یانژی موڕ دەبنەوە لێی، فاتێ دەیەوێت بڵێت ئاخر و سەرەتای حیکمەت ھەرخۆمم، ئەوە خەسڵەتێکی واعیزە، ساتێک دەدوێت، بەو باوەڕەوە دەدوێت، حیکمەت لای ئەو لە پەنھانی بە دیار دەکەوێت، چ بنەمایەکی فکری تێدا درێژنابێتەوە، خاڵێکی بۆ دادەنێت، چەشنی گوتاری مەلاکان، بە لێبڕانەوەیەک دەدوێن، ھیچ قابیلی گومان نابن و فاتێش وەک باسدەکرێ یاخیە!

گفتوگۆکانی گۆشەگیری، خود بەرامبەر بەخۆی یا بۆ خۆی، یانژی وەک سۆفیستەکان بەرامبەر بەخوا، دیالۆگ نیە، چوون ھەر قسەکەر ھەیە، لایەنی دووەم کە خودایە، وەڵامێکی نیە، بۆیە ئەم فۆڕمە دەبێتە مۆنۆلۆگ-تاکبێژانە.
وەڵێ باسی ئێمە دیالۆگەکانی فاتێیە لەگەل خەڵک و واعیزەکان، نەفەسی دیالۆگ لەم کتێبەدا زۆر کورتە، ئەوەی پێویستە چڕ بێت، چڕ نیە، وە بۆ کورتبڕیش بە پێچەوانەوە، دیالۆگ کۆتایی دێت کاتێ فاتێ قسان دەکا، کاتێکیش نوسەر قسان دەکا دیالۆگی فاتێ کۆتایی دێت، سەیری کۆتا دێڕی« ڕۆژی سێیەم و چوارەم و پێنجەم و شەشەم و حەفتەم….»ناکرێت سەرجەم ڕۆژەکان بنوسم، تەنانەت بە ژمارەش چەندین دێڕی دەوێ جا چبگا بەوەی تێکستەکان نەقڵ بکەین، بۆ بەرچاو ڕوونی چاو لێکەن لەو دێڕەی ڕۆژی سێیەم فاتێ ئێژێت:-« بۆ وەختی گوتنی نەخێر دەبڕۆن سیاسەت فێر بن سیاسەت»، دواتر نوسراوە« واعیز دۆش داما و بازاڕی نەما و ڕزقی بڕا»، ئەم بێدەنگ بوونەی واعیز، جگە لە وەعزدانی فاتێ، کە ھەمان سیفەتی ئامۆژگاری پاتە دەکاتەوە، خاڵ دانان بۆ ئاوا کۆتایەک نەک ھەر ڕیالیستانە نیە، بەڵکو دوورە لە خەسڵەتی دیالۆگ، ڕوونە کە دیالۆگ جۆرێک لە سازشە، نەوەک ھەڵوەستەیەکی ڕادیکاڵی، کاتێک تۆ لە مەجلیسێکدایت و قسەکانی کۆتا دەبێت ھەر ئەتۆ بیگۆوێنیت!

فاتێ فەرمانگێڕی نوسەرە، زۆربەی کات بێدەنگە تاوەکوو نوسەر مەیدانی بۆ ئاواڵە دەکا، ڕۆژی پێنجەم بە دێڕی «خودایان شکاند»- ھەرچەند ئەم دێڕە کۆلاژەی تێزی نیچەیە-، لەوێدا کاتێک وەعز و نوسەر و فاتێ دەکەونە دەمەتەقێ، نوسەر ئێژێتە «فاتێ مەیدانی تووە، وەرامت چیە؟»، کیژە دێتە وەڵام دوای ڕێدانی نوسەر. فاتێ خوێندکاری تاقیکردنەوەکانی نوسەرە، ئەوە ئاساییە بۆ نوسەر، چی بە کاراکتەرە خەیاڵیەکانی بکات- کاتێک تێکستەکەی بەلای فەنتازیاوە یەکلایی کردۆتەوە، با ئەوەش بخەینە ئەولاوە، ئەو تێکستە ناونراوە یادداشت، کە تیایدا یادداشت بە نزیکترین مانای ئاوێنەی واقعە بە پێنووسی نوسەر- ئەگەر فاتێ و نوسەر ھەر دەم براوە بن، ئەو کێشەیەی نوسینی ئۆتۆبایۆگرافیا دێنێتە پێش، نوسەر ھەمیشە سەرکەوتنەکانی دەنوسێتەوە!

خاڵێکی تر ئیزدواجیەی فاتێیە، لە ھەمبەر ئەقڵ و مەستی، لە ڕۆژی بیستەم، چۆڵی نوسەر، فاتێ لە بازاڕی کۆنەفرۆشی دەبینێت، پرسیاری چ کارەی لێدەکا لەو شوێنە، فاتێ وەڵامی دەداتەوە« ھاتووم عەقڵ بفرۆشم، مەدھۆشی پێ بکڕمەوە»، کەچی لە کۆتا دێڕەکانی ڕۆژی سی و چوارەم، فاتێ دەڵێت:-
«خوایە ئەقڵمان بدەیتێ، پێوەی بەڕێوە بچین». ئەو بینە و بەردەیەی ئەقڵ ڕەنگە وا شیکار بکرێ، ماندوویی فاتێیە، لە ھەمبەر کۆمەڵگا، وەلێ ئێمە بە پێچەوانە دەیبینین، کاتێک قسەی کۆتایی فاتێ- ئەڵبەتە قسەی فاتێ زادەی ئەقڵیەتی- ھەردەم کۆمەڵگا بە چۆک دابدا، کەوایە بێ ئەوەی ڕووداوێکی ماندووکەر یا تاقەتپڕوکێن یەقەی فاتێی گرتبی، لە ھیکڕا ناشێت فاتێ ئەقڵی بفرۆشێت، نوسەر ڕەنگە لە تۆماری ئەو ڕۆژە گومانی بۆ ئەقڵ ھەبێت و دوای ترپەی دڵ کەوتبێت، ئەوە ئاساییە کاتێک سۆفیەک لەم ڕووەوە دەدوێت، وەلێ لۆژیکی نابێت، بیەوێت دڵ بکاتە سیمبوڵی یاخیبوون دژ بەنەریتی دۆگما خێلەکیانە، چوون سۆز ھەردەم خێلگەری و فیودالی بە سیستەماتیک کردووە، جا کاتێک بیەوێت تەنیا سۆز بکا بە مەتەڕێز و ئەقڵیش دۆڕاو!

نەفەسی گوتار

فاتێ خاسیەتی گوتاری واعیزەیی تێدا زاڵترە، لەو زمانە ئەدەبیەی نوسەر ویستویەتی بیچەمێنێتەوە بۆ ھونەری گێڕانەوە، لەوێ زمان ناوچەیی دێتەگۆ، زمانی ئەدەبی ناکۆکە لە زمانی گشت، خەڵک بەکاری دێنین. ئاخۆ تەنێ بە ئەدەبی بوونی زمان کافیە تاوەکوو وەک پێکارێک ئەستۆی ژانرێک لە سنوری ئەدەبدا بھێلێتەوە؟ گەر بابەتیانە دەربکەوێت، تەنیا پێکارێک بەس نیە بۆ شوناسی یادداشت، یادداشت ڕۆنانی دنیایەکی نوێ نیە، بەڵکو وەکوو ئاوێنەیەک گێتی نوسەر، یا ئەویدی لە دیدی نوسەر پەخش دەکا دەبێتە نمونەی ڕووخساری ژیان بەو فۆڕمەی کە ھەیە، واتا ئەوەی دیار و ڕیالیستانەیە، دەشێت نھێنی نووسینی یادداشت، ئارەزووی خەڵک بێت بۆ خوێندنەوەی پەراوێزی ئەوانیدی، لەو سۆنگەیەوە یادداشتی کەسێک جێگەی بایەخە، چاوی لەسەر بێت، تیایدا دانەر نایەت نوسینێکی ووشک و تامی گوتار بخا بە بەرگی وێستگەکانی ژیانی، وەلێ ھەوڵدەدا ھونەریانە بدوێت و دووری بخاتەوە لە نوسینی دەقا و دەق، گەر ھونەریانەش بنوسرێت ناکرێت یاداشت فەنتاسی بێت، بە حکومی ئەوەی نوسەر بە ھەژموونی یا نوستالجیای ڕابردووی وێستگەی ژیانی یادداشت دەکات. نوسەر بەڕادەی گرنگی خودی نوسینەکە، خوێنەری لاگرنگە، بەر لەوەی خوێنەر نوسەر بخوێنێتەوە، نوسەر خوێنەری خوێندۆتەوە.

گوتار مەیدانی توێژینەوەیە، دەشێت ھەموو تێکستێک گوتارێکی لە خۆیدا ھەڵگرتبێت، بەتایبەت بۆ ئەو پەیوەندیەی لەنێوان زمان و ھزر ھەیە، بە دەربڕی کاراکتەرێک کە شوناسێکی ئەدەبی ھەیە، کەم تا زۆر ھەست بە نەفەسی گوتار دەکەین، تێکست بۆ ئەوەی ببێت بە گوتار کەمترین وێنە وەسف دەکات، وەلێ گوتاری گێرانەوە، کەمترین دێڕ بە پێی پێویست خاڵی بۆ دادەنرێت، حەتمەن جوایەزیان ڕێژەیە، ناشێت گێڕانەوە گوتارێکی پەتی بێت و گوتاریش گێڕانەوەیەکی پەتی بێت.

نووسەر لەیەکەم ڕۆژەوە دەست دەکا بە گوتار دان چ بەخۆی یانژی بە نوێنەرایەتی فاتێ و لەم ڕۆژانەشدا ھەمان نەفەس بەدیدەکرێت، ڕۆژی دووەم و چوارەم و حەڤدەھەم و بیست و یەکەم و سیوپێنجەم و سی و حەفتەم، سیونۆ و چل و چلویەک و چلودوو و چلوسێ و چل و پێنجاو چوارەم…”، تەنانەت بڕێک جار دەست و قاچی دەخاتە نێو توێژینەوە، بە ھێنانی نمونەی ژمارەی لاپەڕەی کتێبەکان و ناونیشان و نوسەرەکانیان، تەنانەت لێکدانەوەی نوسەر خۆی بۆ دەقەکان، ئەوە ڕۆمان نیە، ئەوەی ناونراوە یادداشتە، یادداشتی ژیاننامەیش نیە!
ئەم کتێبە لە ھەندێک جێگەدا، یادداشتەڕۆمانە، لە ھەندێک جێگەدا نوسینێکی سادەی بایۆگرافیای ڕۆژانەیە، جگە لەخاسیەتی ووتار، لەھەندێ جێگەیدیدا نەفەسی گێڕانەوەی چیڕۆکی ھەیە- تەنێ یەک ڕۆژ- چوون ھەموو باسەکان بە نەفەسی گێڕانەوە لە ھەمان ڕۆژدا زەمەن و ڕووداو، کۆتاییان دێت.
وەکوو یاپراغ ھەموو کەرستەیەکی کردووە بە بەشێک لە چێشتەکە، زمانێکی سادەی ناوچەیی کردۆتە سەرشار و فرۆشتیتیەوە بە ئەدەب، چەشنی نەفەسی بازاڕگەری، مامەڵەی کردووە لەگەڵ خوێنەر دا.

———————————————-

سەرچاوەکان
*تیۆری ئەدەب، تێری ئیگڵتن، و⁄ عەتا قەرەدەاغی، ناوەندی ئەندێشە، چاپی یەکەم ٢٠١٦
*فاتێ ئێوارانم بنوسەوە کیژەی مرۆ دۆست، چۆلی فایەق، ناوەندی ڕۆشەنبیری ئەندێشە، ٢٠١٨ چاپی یەکەم
*ھونەری ژیاننامە، سەنگەر زراری، ناوەندی تەفسیر، چاپی یەکەم ٢٠١٩
*ئەدەبیات و تەنیایی، کۆمەڵە وتار، و⁄ ساماڵ ئەحمەدی، ناوەندی موکریان،چاپی،یەکەم ٢٠١٤
*ئالان ڕۆب گرێ، ٢٠٠٨، ئالان ڕۆب گرێ و کەسانی تر، ٢٠٠٨، ڕۆمان و واقیع، و: سەڵاح عومەر، دەزگای سەردەم، سلێمانی.

  • سامی ھادی، پێشەکیەک بۆ یادداشتی دارستانی وون بووی ڕافائیل ئەلبێرتی، وەرگێڕانی بورھان عەتار لە بڵاوکردنەوەی ناوەندی غەزەلنوس.
  • جەنگ ھیچ ڕووخسارێکی ژنانەی نیە، سڤێتلانا ئەلیکسیڤیچ، و⁄ ھیوا قادر، دەزگای سەردەم.
Previous
Next

Leave a Reply