هه‌ڵمه‌تی 16 ڕۆژه‌ چ ده‌سكه‌وتێكی ده‌بێت بۆ ئافره‌تان… ئه‌حمه‌د كامه‌ران


ڕاگه‌یاندنی هه‌ڵمه‌تی 16 ڕۆژه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندووتیژی دژی ئافره‌تان هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ 25 نۆڤه‌مبه‌ر كه‌ به‌ ڕۆژی له‌ ناوبردنی توندوتیژی دژی ئافره‌تان داده‌نرێت هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ 16 ڕۆژیه‌ی كه‌ ڕاگه‌ینراوه‌ هه‌روه‌كو ڕۆژانی تر به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی تێپه‌ر ده‌بێت و هیچ ده‌ستكه‌وتێكی ئه‌وتۆی بۆ ئافره‌تان نابێت و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئافره‌تان به‌رده‌وام ده‌بن له‌ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی توندوتیژی له‌ به‌رامبه‌ریان, چوونكه‌ ئه‌م هه‌ڵمه‌تانه‌ ته‌نیا له‌ قسه‌ی بریق و باق خۆی ده‌بینێته‌وه‌ و هیچی دیكه‌ …
قسه‌كردن له‌سه‌ر توندوتیژی به‌رامبه‌ر ئافره‌تان به‌ كۆنفراسی نێو ژووره‌ داخراوه‌كان چاره‌سه‌ر ناكرێت به‌ڵكو پێویسته‌ به‌ كردار و پڕۆژه‌ی گه‌وره‌وه‌ كاری له‌سه‌ر بكرێت, یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی توندوتیژی دژی ئافره‌تان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خراپی سیسته‌می حوكمڕانی له‌ كوردستان به‌تایبه‌تیش له‌م ساڵانه‌ی دوایی دا كه‌ كۆمه‌ڵگای كوردی خۆی له‌ چه‌ندین قه‌یرانی دروسكراودا بینیه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ ده‌رئه‌نجامدا وای كرد گاریگه‌ری بكاته‌ سه‌ر شیرازه‌ی خێزانه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگا , له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نه‌بوونی سه‌نته‌ری ڕۆشنبیری تایبه‌ت به‌ به‌ خێزانه‌كان كه‌ به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی ژیانی هاوسه‌رگیری پێك ده‌هێنن كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ڕێگای ئه‌و سه‌نته‌رانه‌وه‌ بزانن چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتری دا ده‌كه‌ن و خۆیان بپارێزن له‌ هه‌موو جۆره‌ توندوتیژیه‌ك, چوونكه‌ یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی توندو تیژی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نه‌بوونی ئاستی ڕۆشنبیری.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌هێزكردنی لایه‌نی په‌روه‌رده‌, واته‌ ده‌بێت په‌روه‌رده‌ هه‌ر له‌ قۆناغی سه‌رتایی دا كار بكات له‌سه‌ دووركوتنه‌وه‌ له‌ توندو تیژی به‌ تایبه‌تیش له‌ به‌رامبه‌ر ڕه‌گه‌زی مێدا كه‌ منداڵه‌كان به‌شێوه‌یه‌ك په‌روه‌رده‌ بكرێن كه‌ ڕێزو خۆشه‌ویستیان بۆ یه‌كتر درووست بێت وه‌ هیچ ڕه‌گه‌زێك خۆی به‌سه‌ر ڕه‌گه‌زه‌كه‌ی تردا نه‌سه‌پێنێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی له‌ ده‌رئه‌نجامدا نه‌وه‌یه‌ك و كۆمه‌ڵگایه‌كی ته‌ندروست ده‌سته‌به‌ر بێت بۆ داهاتوودا
ئه‌گه‌ر بێت كار له‌سه‌ر چه‌ندین پڕۆژه‌ی هاوشێوه‌ی له‌م جۆرانه‌ نه‌كرێت ئه‌وه‌ به‌رده‌وام كۆمه‌ڵگا خۆی له‌ توندو تیژیه‌كی مه‌ترسیداردا ده‌بینێته‌وه‌.

26|11|2019