Skip to Content

ئایا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، گەرووی هورمزێکی تر دروست دەبێت؟ …ڕۆندک فارس

ئایا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، گەرووی هورمزێکی تر دروست دەبێت؟ …ڕۆندک فارس

Closed
by December 27, 2019 General, Opinion, Slider


ئەو دروشمە بەناوبانگەی دەڵێت:واقیعی بە، داوای مەحاڵ بکە، بەڵام بۆ سیاسەتی بەرێوەبردنی ووڵات، پێویستە ئەم ووتەیە وا بنوسرێت: واقیعی بە ، چاوەڕێ ی مەحاڵ بکە.
جیۆپۆڵەتیک تەنها بە مانای پەیوەندی یە نێو دەوڵەتیکان نایەت، بەڵک و ئامرازێکە، بۆ دیاریکردنی ئەو ڕووداوانەی کە لە ئایندەدا دەیانبینین، شێوازێکی تایبەتی جیهانی یە کە هەریەکە لە نەتەوەکان و ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان بەکاریدەهێنن بۆ دەسنیشانکردنی شێوە و پێکهاتەی داهاتووی سیستەمی جیهان.
لە کۆتایەکانی 1946 دا، ململانێ و ڕوبەروبونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ویەکێتی سۆفیەت، هەرچوار لای یەکێتی سۆفیەتی گرتەوە، لە دوای جەنگی سارد سنوورە سێ لایەنەکەی یەکێتی سۆفیەت پێک هاتبوو لە بەشە ئەوروپیەکەی، واتە سنوورەکەی نەرویج بۆ کۆماری چیک، بەشە ئاسیایەکەی کە لە دوورگەکانی لە سنورەکانی ژاپۆنەوە دەستی پێدەکرد تا دەگەیشتە چین، بەشێ سێەمیش لە باکووری ئەفغانستانەوە دەستی پێ دەکرد تاوەک و یوگوسلاڤیا، مەبەست لێ ی(باکووری ئەفریقاو باشووری خۆڕهەڵاتی ئاسیا، نیمچە دوورگەی عەرەب).
دوای کۆتایهاتنی هەژموونی یەکێتی سۆفیەت، ناوچەکانی یوگسلاڤیاو تا ئەفغنستان، بە تەواوی شڵەژا، پێکهاتەی ئەم ناوچەیە لە ڕووی دیمۆگرافیاو ئایدۆلۆژیاوە، ناوچەیەکی زۆرینە موسڵمان نشینە و پڕە لە ڕەگەزوو نەتەوەیی جیاجیا.
کۆتایی هاتنی جەنگی سارد بۆ ئەمریکا، بە سەرکەوتن بەسەر دوژمنی ئایدۆلۆژیاو جیۆپۆلەتیکی بوو، بەجۆرێک دەکرێت ئەم سیاسەتەی ئەمریکا لە دژی ڕووسیا بە پەلهاوێشتنی ناتۆ بۆ ڕۆژهەڵات و ناوچەی قەفقاز وئاسیای ناوەراست، بە مەبەستی پەرەپێدان بە ئابووری ئەمریکاو کۆنتڕۆڵکردنی هێڵەکانی گواستنەوەی لەم ناوچانەدا.
ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بە مەیدانی داڕێشتنەوەی هاوکێشە سیاسی ئابووریەکانی ئەم جیهانە دەناسرێت، هۆکاری گرنگی پێدانی زلهێزانی ئابووری بۆ ناوچەکە، دەگەرێتەوە بۆ دەوڵەمەندی ناوچەکە لە ڕووی جیۆپۆلیتیک و سەرچاوەی ووزە، بۆیە هەمیشە پێشبینیەکانی ئابووری و داهاتووی هەروولاتێک پابەندە بە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و رێژەی باڵا دەستی وولاتانی ڕۆژئاوا و روسیا وچین بۆ ئەم مەیدانە گەرمەی دەستەڵات، بۆ کۆنترۆلکردنی هێزە دەریایەکان.
گۆڤاری فورین پولیسی لە گوتارێکی لە حوزەیرانی 2012 ، لە ئێران گەروی هورمزی بە ئیمبراتۆرێتی عوسمانی و ( دەردەنیل) بەراورد كردبوو تیایدا، ئەم ناوچەی بە خاڵی خنكانی دەستەڵاتی ڕووسیا لە ڕابردوودا پێناسکردووە، هەر بۆیە بەهۆی بەردەوامی ئەو پشێوییانەی ڕوو لە گەروی هورمز دەكەن، ووڵاتانی کەنداوی عەرەبی بەدوای جێگرەوەی ترەوەن بۆ هەناردەکردنی بەرهەمەکانیان بۆ ئەوروپا وڕۆژئاوا.

بەنمونە شانشینی سعودییە بیر لە هێڵی بۆری نەوتی نوێ دەكاتەوە بەرەو سەڵتەنی عومان و یەمەن ، عێراقیش دەگەڕێتەوە بۆ زیندووكرنەوەی هێڵی بۆرییەكانی لەگەڵ سوریا كە ڕێگایەكی نوێیە بۆ گواستنەوەی نەوت بەرەو دەریای ناوەراست، لە درێژەیە بابەتەکەدا، ئاماژە بەوە دەكات كە دابەزینی جوڵەكان لە گەروی هورمز ڕێگا خۆشدەكات بۆ ڕۆژئاوا بۆ بوژانەوە و دۆزینەوەی تر ئەمەش بە لە چوارچێوەدانی ئێران ڕێگەیەکی ئەستەم ودوور نابێت.
گرنگی ستراتیژی ئەم گەروە لەوەدایە کەتەواوی وڵاتانی نەوتفرۆشی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەبەستێتەوە بەبازاڕەکانی ئاسیا، ئەوروپا، ئەمریکای باکور، بۆیە بەدرێژایی مێژوو وەک هەرشەو کارتێک بۆ یەکلاکردنەوەو دروستبوونی هاوپەیمانی نویێ بەکار هاتووە.
بۆیە ئامانج لەم بابەتە، خوێندنەوەی ڕووداوەکانی ئەم دوایانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و خستنەرووی ئەگەرەکان وگەڕانە بەدوای پارچە پەرتبووەکانی نەخشەی گەرووی هورمزێکی ترە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و خوێندنەوەی گۆڕانکارییەکانە لە بازاڕەکانی جیهان دا.

  1. کاریگەریەکانی داخستنی گەرووی هورمز، بەسەر بازاڕی نەوت لە جیهان دا
    ناوچەی کەنداوی فارس خاوەن بایەخێکی جیۆپۆلیتیکیە، ئەمەش پاڵنەرێکی سەرەکی یە، وە دەوڵەمەدنی ناوچەکە لەرووی پاشکەوتی نەوت و خاوەنداریەتی سێ بەشی یەدەگی نەوت، وا لە ئێران دەکات ڕۆڵی دەوڵەتی ڕیبەر ببینێت لە ناوچەکەو جیهاندا، سیاسەت وهەڕەشەکانی ئێران بەدەستگرتن بەسەر کەنداوی فارس و فشارخستنە سەر کەنداوی عەرەب ودەریایی ناوەڕاستە.

    بەرژەوەندیەکانی ئێران لە کەنداوی فارس و عێراق دا پێچەوانەی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکایە، بەهۆی گرنگی سنوریەکەوە، ئێران دەرفەتێکی باشی لەبەردەم بووە، بۆ پێشخستنی ئابووری یەکەی، بەڵام بەهۆی سەرهەڵدانی شۆڕشی ئایدۆلۆژیای جیهانی ئیسلامی، ناچار بووە هەندێک لەو سەرچاوانە تەرخان بکات بۆ پشتیوانی گروپە چەکدارەکانی شیعە لەدەرەوەی سنوورەکانی، بۆ ململانێ یە بەردەوامەکانی لەگەڵ واشنتۆن.
    دوای پەرەپێدانی ئێران بە بەرنامەی ئەتوومی و دەستێوەردان لە لە کاروباری ناوخۆی وولاتانی دەوروبەری، بە تایبەت لبنان، سوریا،عێراق، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بڕیار کشانەوەی لە رێکەوتنامەی ئەتۆمی ئێران دا. ئەم بڕیاڕەی سەرۆکی ئەمریکا، کاردانەوەی داخستنی گەرووی هورمز لەلایان ئێران، چەندین سیناریۆی بۆ بازاڕەکانی ئابووری وولاتانی ناوچەکە هێناوەتە ئاراوە.
    ئایا نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە؟ئەگەر نرخی نەوت بەرزبێتەوە کاریگەری دەبێت بەسەر بازاری نەوت؟
    بەدرێژایی سەدەی بیست ویەکەم ،داخستنی گەروووی هورمز بەیەکێک لە ترسناکترین ریسکەکانی جیۆسیاسی بۆ سەر بازاڕی نەوت دادەنرێت.

    ئەگەری داخستنی گەروی هورمز وبەندەری مەندەب، تەنها کاریگەری نابێت بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا، بەڵک ودەبێتە هۆی پەرچەکرداری جیهانی بە تایبەت بەریتانیا وفەرەنساو ئەڵمانیا، وەستانی هەناردەکردنی نەوت بۆ بازاڕەکانی ئاسیا ئەوروپا، ئەمریکای باکوورو زەریایی هیندی.
    مێژووی داخستنی کەنداوی فارس لەهەمبەر راگرتنی هەناردەی نەوت و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە هەریەک جەنگەکانی وولاتانی عەرەبی وئیسرائیل لە ساڵی 1973، جەنگی نێوان عێراق وئێران، ئەوە دەسەلمێنن کە تا هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، گرنگترین یاریزانە نەوتیەکان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وباکووری گۆی زەویدا بوون، بەڵام لەسەردەمی نوێدا، بەرهەمهێنانی نەوت لەنیوەی باشووری گۆی زەوی دەبێت.
    لە بارەی نرخی نەوت لەزانستی ئابووری دا، ئاڵوگۆری بازرگانی نەوت بۆ ئەوەی بەهای خۆی بپارێزێت لە بازاڕەکاندا، پێویستی یاریکردنە بەنرخ هەیە لەهەر کاتێک دا.
    گەمارۆیەکانی وولاتانی عەرەب بۆ سەر وولاتانی خۆرئاوا، زەنگێکی مەترسیدار وهۆکارێکی لۆژیکی بوو، بۆ ئەمریکا بۆ دامەزراندنی یەدەگی ستراتیجی نەوت، ئامانج لەم دامەزراوەیە، کەمکردنەوەی کاریگەریەکانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە، هەربۆیە توانەیەکی لە زێدە بەدەری ئەمریکا بۆ کەمکردن یان زیادکردنی بەرهەمهێانی نەوت و خستنە بازاری نەوتی یەدەگی ئەمریکی لەڕێگای کۆمپانیکانی عەمبارکردنی نەوەتەوە، بنەمای سەرەکی هێشتنەوەی هاوسەنگی بازاری نەوتە لەگەر کاتێکی نەخوازراو، بە واتایەکی تر ئەگەر نرخی نەوت بەرز بێتەوە، ئەمریکا دەتوانێت، کۆنتڕۆلی بازار بکات، نرخی نەوت دابەزێنێت.
    بە پێ ڕاپۆرتی بلومێرگی ئەمریکی ئەگەر کەنداوی فارس وبەندەری مەندەب دابخڕێت، دەبێتە هۆی کەم بووەنەوەی رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت وبەرزبوونەوەی نرخی نەوت 100 دۆلاری ئەمریکی بۆ هەر بەرمیلێک، بەرزبوونەوەی نرخی گازی سروشتی بۆ دوو هێندەی نرخی ئیستای، لەهەمان کاتدا پێشبینی زیادبوونی هێرشی ئەلکترۆنی بۆ سەر تۆڕەکانی سعودیە ئیماڕات.

    لەنۆڤێمبەری مانگی ڕابردوودا، ئاژانسی ووزەی نێوەدەوڵەتی لە ڕاپۆرتێک دا، ئاماژە بەوە دەدات، خواست لەسەر بەکاربردنی نەوت زیا دەکات لە ماوەی نێوان 2017-2040 بەڵام بەشێوەیەکی هەڵبەزوو دابەزینی بەردەوام، ڕاپۆرتەکە دوو هۆکار بۆ ئەم گۆڕانکارییە دەستنیشان دەکات:
    یەکەم، گۆڕانکاریە جیۆگرافیەکان کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بە رێژەی ٪3 تا ساڵی2027، لەدوای دا بۆ نزمترین ئاست بەشێوازێکی چاوەروانەکراو.
    دووەم، ئاڵوزی وململانێ نێوان دووجەمسەرەی هێزی سەدەی بیست ویەک و ناسەقامگیری وئاسایشی ژێرخانی ڕۆهەڵاتی ناوەراست بەهۆکاری سەرەکی کەمی گەشە ئابووری دادەنێت لە چەن ساڵی داهاتوودا.
    لە هەمان کاتدا، ناوەندی جیۆپۆلیتیکی نێودەوڵەتی ، پێشبینی زیادبوونی خواستی نەوت تا ساڵی2025 دەکات، دوای ئەو ماوەیە خواست کەم دەبێت، واتە بارودۆخی ناوچەکە کاریگەری لەسەر بازارەکانی جیهان دروست دەکەن.

    لەسەردەمی جیهانی مۆدێرن وپێشڤەچوونەکانی ئابووری جیهانی بە تایبەت لە بواری نەوت و ووزە دا، رێژەی گەشەی ئابووری زۆر کەمترە، بە بەروارد بە هێزی گەشەی ئابووری وبەکاربردنی نەوت لە سەردەمی رووخانی یەکێتی سۆفیەت ، بەتایبەت دوای ئەندامبوونی چین لە ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی لە 2001 دا.
    تێکڕای ڕێژەی گەشەی ئابووری جیهانی ساڵانە بە ڕێژەی٪3 دەخەمڵێنرێت لە نێوان ساڵەکانی 1947-1991، بە واتایەکی تر، گەشەی ئابووری جیهانی دوای رووخانی یەکێتی سۆفیەت تا پێش سەرهەڵدانی جەنگی دژی تیرۆر تەنها0.4 بووە.
    شیکردنەوەی ناوەندی جیۆپۆلیتیکی جیهانی بۆ ئەو جیاوازەیی گەشەی ئابووری لە ماوەی ڕابردوو و ئێستا، بریتییە لە نزمبوونەوەی رێژەی بەکارهێنانی نەوتی جیهان، هەروەها پێشبینیەکانی جیۆپۆلیتیکی بۆ گەشەی ئابووری جیهان لە ساڵانی 2017 بۆ 2040 کەمبوونەوەی زیاترە.
  2. رێکەوتنی نێوان تورکیاو لیبیا، کاریەگەریەکانی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. رێکەوتنی نێوان تورکیاو حکومەتی تەوافقی لیبیا لە 27 ی دیسێمبەری 2019 دا، کاردانەوەی جیهانی بەدوای خۆیەوە هێناوە، بەتایبەت لە لایان هەریەکە لە ئەمریکاو یەکێتی ئەوروپا. ڕێکەوتنێک لە کاتەدا بۆمبێکە پێشبینی دەکرێت ببێتە هۆکاری دەرخستنی چەندین ڕێکەوتنامەی شاراوەی نێوان وولاتانی کەنداو ئەمریکا لە ئۆراسیاو باکووری ئەفریقا.
    تورکیا وولاتێکی گرنگە لە رووی جیۆپۆلتیک و بەستنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بە ئەوروپا، بۆیە نێچیڕیکی گەرمی ململانێ ی ڕوسیاو ئەمریکایەو بۆ دارشتنی هڵی گواستنەوەی ووزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە وولاتانی ئەوروپا.

    دوای رووخانی دەوڵەتی عوسمانی ، هیچ حزبێکی دەستەڵاداری ئەو وولاتە نەیتوانیەوە شکۆمەندی بۆ وولات بگەڕێنێەوە، بەڵام ئەوەی ئیستا رەجەب تەیب ئەردۆغان دەیکات کارتێکی بەهێزە بەرامبەر بە ووڵاتان، هەرچەندە ئابووریەکەی هەرەشەیەکی زۆری لەسەرە،بەڵام تورکیا لە رێگەی بەدەستهێانی سۆزی هاولاتی تورکیا بۆ شکۆمەندی دەوڵەتی تورکیا ، بەرامبەر بە ئەندامبوونی لە پرسی ئەندامبوونی لە یەکێتی ئەوروپاو باڵا دەستی لە ڕۆژهەلاتی ناوراست و شەڕی پەیرەوی ئیخوانی لە ناوچەکەدا ، توانیویەتی تا ڕادەیەک ببێت بە کارت فشاری بۆ بەدەستهێانی ئامانجەکانی.
    فراوانبوونی هاوپەیامنێتی نوێی نێوان یۆنان وئیسرائیل میسڕ لە کۆڕبەندی گازی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست ولەم دوایانەدا، دورخستنەوەی تورکیا لەوهاوپەیمانێتیە، مەترسیەکی گەورەیان بۆ ئابووری تورکیا دروست دەکرد، هەربۆیە بۆ ڕیگە گرتن لەو هاوپەیمانێتیە دووبارە سەپاندی هیزی جوگرافی تورکیا، سەرک کۆماری تورکیا ڕیکەوتنێکی دەریایی لە گەڵ لیبیا واژوو کرد هەر رۆژێک دواتر پەرلەمانی تورکیا ڕێکەوتنەکەی پەسەند کرد.
    لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست تورکیا تاکە وولاتە کە هەرچەندە ووڵاتێکی بەرهەمهێانی ووزە نیە، لە کاتێک دا ٪95 سەرچاوەی ووزەی هاوردە دەکات، ساڵانە بڕی 5 ملیارد دۆلار خەرجی ئەو ووڵاتەیە بۆ هاوردەکردنی ووزە، هۆکاری سەرەکین بۆ ڕزگارکردنی تورکیا لە بەکارهێنانی هێزی جیۆسیاسی وولاطەکەبۆ دۆزینەوەی ڕێگەی نوێ بەگواستنەوەی سەرچاوەی ووزەی ووڵاتان بۆ بازاڕەکانی جیهان.
    دوو سیناریۆ هەن بۆ شرۆڤەکردنی ئامانجی تورکیا لەو رێکەوتنە:
    یەکەمیان ، دەگەرێتەوە بۆ گرژی وپەیوەندیەکانی تورکیا لە ئاست وولاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست کە دەکرێت لە خاڵانە ئاماژەیان پی بدەین:

    • لیبیا دوای رووخانی حکومەتەکەی قەزافی ناسەقامگیری بارودۆخی لیبیا، ڕۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و، لەسەر ئاستی کیشوەری ئەفریقا خاوەنی زۆرترین یەدەگی نەوتەو، ٪2.9 نەوتی یەدەگی جیهان پێک دەهێنێت، هەروەها چوارەمین وولاتە لەسەر ئاستی ئەفریقیا لە رووی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی ڕێژەی 0.8٪ گازی سروشتی یەدەگ پێک دەهێنێت لە جهیاندا.
    • بەپێ رێکەوتنی نیودەوڵەتی دەریایی ساڵی 1982، تورکیا تەنها خاوەنی 12 میلە لە ڕووی دەریاییەوە، ئەو مەوداییەی دەریا هیچ سەرچاوەیەکی ووزە بوونی نیە، بۆیە دەیەوێت پەرە بە بەدەروازە دەریاییەکانی بدات، بەتایبەت ئەو ناوچەی کە ڕێکەوتنی لەسەر کراوە لەگەڵ لیبیا بە مەرکەزی سێگۆشەی نێوان هەریەکە لە قوبرس و ئیسرائیل ویۆنان دادەنرێت لە رووی وزەوە، واتە ڕۆژهەڵات وباشوری قوبرس نەک قوبرسی باکور کە نزیکە لە تورکیاوە، دەستەڵاتدارنی تورکیا بە مەملەکەتی ماڤی ( گەرووی هورمزی نوێ) ناوی دەهێنن، کە لە دەریایی ئیجەو دەریای ناوەڕاست سەرچاوەی گرتووە.
    • ئەم رێکەوتنە دەبێتە هۆی هاتنە دی ئامانجی لە مێژینەی تورکیا بۆ وەبەرهێنان لە بواری پەرەپێدان وبوژانەوەی لیبیا لە بواری کۆنستراکشن، کە ئەمە دەبێتە هاوکارێکی گرنگی بوژانەوەی ئابووری تورکیا بۆ دەستبەکاربوونی کۆمپانیا جیاجیاکنی تورکیا جگە لە سێکتەری نەوتی لە خاکی لیبیا.
    • بوونی تورکیا لە لیبیا دەبێتە دەستکەوتێکی گرنگی پڕۆژەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ خزمەتکردنی هزری ئیخوان وگروپەکانی سەر بەم رێبازە، زیندووکردنەوەی عوسمانیەتی نوێ بۆ پاڵپشتی ئیسلامی سیاسی لە ناوچەکەدا، ئەم نزیک بونەوەیە دەبێتە هەڕەشەیەک بۆ سنورەکانی قاهیرەو حکومەتەکەی سیسی لە ڕووی فکریەوە.
    • ڕێکەوتنەکە لەکاتێک دایە کە حکومەتی تەوافی نێودەڵەتی لیبیا، بەردەوام سکاڵای ئاراستەی ئەو ووڵاتانە کردووە کە هاوکاری و چەک پێشکەش بە گروپی بەناو سوپای لیبیا بەسەرکردایەتی کەلەلایان خەلیفە حفترەوە دەکەن، بۆیە لە رووی پاڵپشتی سیاسی ووڵاتی هاوکاری تورکیا بۆ حکومەتی تەوافقی بەروارد بەهاوکاری سەربازی هەریەکە لە ئیماڕات ومیسر زۆر کەمترە بۆ گروپی سوپای لیبیا، بۆیە تورکیاو لیبیا پێ یان وایە، لە ڕێگەی ئەم ڕێکەوتنە فەرمی یە دەتوانرێت تورکیا وەک هاوپەیمانی فەرمی بناسرێت لە رووی دابینکردنی هاوکاری سەربازی، بۆ ڕوبەرووبەنەوەی گروپە چەکدارەکان، بۆ ئابووری تورکیاش پێدانی چەک بەرامبەر بەگازو نەوتی لیبیا کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت.
    دووەمیان: لەسەر ئاستی پەیوەندیەکانی تورکیاو بەیەکێتی ئەوروپاو ئەندامیەتی تورکیا لە ناتۆ:
    • کاتی رێکەوتنی دەریایی نێوان تورکیا لیبیا، گۆڕانکاری لە زۆربەی هاوکێشە سیاسەکانی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەراست دروست دەکات، چونکە بارودۆخی ئێستای یەکێتی ئەوروپا و ململانێ ی هێزە نێودەوڵەتیەکان لە ڕۆژهەلاتی ناوەراست بە گشتی و سوریا بەتایبەتی، هەوەها ناڕوونی داهاتووی یەکێتی ئەوروپا وئامانجەکانی فەرەنسا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت دوای ڕوداوەکانی ئۆکتۆبەر لە سوریادا، فاکتەری گرنگن بۆ ئەگەری ڕوودانی هەر گۆڕانکاریەکی وولاتانی ئەوروپاو ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوەرستدا.
    • ئەو ڕێکەوتنە دەبێتە هۆی بڕینی هێلی گواستنەوەی گازی دۆزراوەی قوبرس بە هاوپەیمانیەتی هەریەکە لە ئیسرایل ویۆنان وقوبرس ومیسر، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە لێدوانێکی فەرمی دا ئاماژەی بەوەدا هیچ گازێک لە ناوچەیدا ناتوانێرێت هەناردەی هێچ وولاتێک بکرێت بە بێ تورکیا، ئامانجی وتارەکەی سەرۆک کۆماری تورکیا قوبرس ویۆنانکە ئەندامن لە یەکێتی ئەروپا، کەواتە ئەردوغان کارتێکی تری فشار جگە لە پەنابەران دژی ئەوروپا بەکار دەهێنێت ئەمەش کاریگەری لەسەر داوکاریەکانی تورکیا بۆ ئەوروپا دروست دەکات، بەتایبەت دوای هەولێستەکانی یەکێتی ئەوروپا بەرامبەر بە تورکیا لە رووداوەکانی سوریادا.
    • دوای باڵا دەستی ڕوسیا لە سوریادا، لیبیا بۆ ڕوسیا دەرچەیەکی گرنگ بووە بۆ ئەوەی ڕکابەرایەتی ئەمریکا بکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، هەر بۆیە دوای ڕووخانی حکومەتی قەزافی، ڕوسیا پاڵپشتی گروپەکانی سوپای لیبیای کردووە، هاوکاری سەربازی پێشکەشکردوون، ئەمەش بۆتە جێ ی نیگەرانی ڕاستەوخۆی ئەمریکیا لە ناوچەکەدا، چونکە بەهێزبوونی باڵ دەستی روسیا لە ناوچەکەدا بەربەستی سەرەکین بۆ ئەمریکا، بەلام ئەمریکیا نەیویستوە ڕاستەوخۆناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر ڕوسیا ڕابگەینێت، هەربۆیە ئەمریکا گڵۆپی سەوزی بۆ تورکیا هەڵکردووە کە ئەندامی ناتۆیە، ئەم ڕیکەوتنە ئەنجام بدات.
    • مەترسیەکانی باڵادەستی ڕوسیا لەلیبیا بۆ ئەمریکا، کەم نین، چونکە ئەو هێزەی کە روسیا پاڵپشتی دەکات لە لیبیادا، لەلایان هەریەکە لە ئیماڕات ومیسڕ بە ڕاستەوخۆیی فەرەنسا بە ناڕاستەوخۆیی دەکرێت، ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر نزیکبوونەوەی هاوپەیمانانی ئەمریکا لە ڕوسیا، وەهەروەها هێرشی بەردەوامی گڕوپەکانی سوپای لیبیا بۆ سەر حکومەتە دانپێنراوەکەی لیبیا لەلایان نەتەوەیەکگرتوەکان ، پێشبینی جەنگێکی خوێناویتر لە سوریا دەکرێت.
    • بەهۆی جەنگی سوریا لە ڕووی سەربازیەوە زیانی بەر ئابووریەکەی کەوتووە بۆیە بە بوونی لەو ناوچانەی لیبیا، دەسکەوتی باشی ئابووری دەبیت، بەهەمان شێوە بۆ فەڕەنسا.
    • ئەگەر تورکیا کەشتیەکانی لە رێگەی ئەم هێلەوە ئارستەی لیبیا بکات، ئەوا ئیسرائیل ویۆنان وقوبرس دەست وەستان نابن، هێرش بۆ سەر کەشتەکانی دەریای دروست بکەن ، دووبارە شڵەژان لە بازاری ئابووری دروست دەبێت.
    • گەشەسەندنە بەردەوامەکانی چین لە جیهان بە گشتی وکیشوەری ئەفریقیا بە تایبەتی ، دووبارە گڕژی لە نیوان چین و ئەمریکادا دروست دەکات، چونکە دوای ڕوداوەکانی بەهاری عەرەبی ئاستی وەبەرهێانی چین لە لیبای قەبارەکەی ڕۆژ دوای ڕۆ لە زیادبووندایە.
    • ئەمریکا بە بێ دەنگی و هاوسەنگی ڕاگرتنی پەیوەندیەکانی لەگەڵ حکومەتی نێودەولەتی لیبیا وگڕوپەکانی سوپای لیبیا، تورکیا و قەتەر، وەک بەردبازێک بەکار دێنیت، بۆ سستی پەیوەندیەکانی لەگەڵ روسیاداو، بەتایبەت لە بابەتی سیستەمی موشەکی.

ئەنجام:

  1. بەهۆی گرنگی ستراتیجی تورکیا، دەکرێت ئەم ڕێکەوتنە فشارێکی تری ئەنقەرە بێت، بۆ هاوپەیمانێتی ناتۆ، دژ بە ڕێکەوتنەکەی ئیسرائیل ووولاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا، بەڵام کارتی فشاری ڕێگریکردن لە هەناردەکردنی گاز بۆ بازارەکانی ئەوروپا.
  2. ئایدۆلۆژیاو جوگرافیاو دیمۆگرافیاو کەلتور ، سەرچاوەی هێزو ئایندەی هەر وولاتێک دیار دەکات، بۆیە قوڵبوونەوەی ململانێ یەکانی نێوان گروپە چەکدارەکان لە ناوچەکەدا، کاریگەری بەسەر نرخی نەوت وگاز دروست دەکەن، بە تایبەت ئەگەر ڕیکەوتنی تورکا ولیبیا بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، نرخی گاز بەرزدەبێتەوە بەمەش کار دەکاتە سەر بازاڕەکانی گاز لە ئەوروپادا، لە هەمان کاتدا بۆ ئەمریکا لیبیا رێگەیەکی ستراتیجی دەبێت بۆ هەناردەکردنی گازی هورمزی نوێ بۆ بەندەرەکانی سینا ولەوێشەوە بۆ ئەفریقا، ئەم سیاسەتەی ئەمریکا وەک وەڵامدانەوەی فشاری ئێران لەداخستنی گەرووی هورمز
  3. خوێندنەوە بۆ ڕووداوەکانی ئەم دوایەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئۆراسیا، ئەوە دەر دەخات، کە سیاسەتی دەرەوەی حکومەتە یەک لەدوایەکەکانی ئەمریکا دوای جەنگی جیهانی دووەم بریتی یە لە کۆنتڕۆڵکردنی هێزە ئاوەیەکانی گواستنەوەی سەرچاوەکانی ووزەیە بۆ بازارەکانی ئەوروپاو ئەمریکای باکوور، لە رێگەی کیشوەرەکانی ئاسیاو ئەوروپاوئەفریقای باکوور.
  4. ئەمریکا دوای جەنگی ڤێتنام لە رێگەی جەنگی بەوەکالەت، هەوڵدەدات، ئیحتوای دەوڵەتانی ناوچەکە بکات، بۆ کۆنترۆڵکردنی هێلەکانی گواستنەوەی ووزە، بۆ ئەوروپا، بۆیە لەرێگەی پۆڵەنداوە، هاوکاری هەر لایەنێک دەکات بۆ دروستکردنی هەرەشە بۆ سەر ئەوروپا.
  5. کۆنترۆڵکردنی ئۆراسیا، واتە کۆنتڕۆلكردنی هەموو دونیا، چونکە تەنها ناوچەیە کە دەتوانێت حوکمی ناوچەی ناوەراستی پێ بکەی.
  6. دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، دەرفەتێکی گرنگە بۆ کۆنتڕۆلکردنی هێزە سنوورە دەریاییەکانی زەریای هیندی بۆ گواستنەوەی گازی سروشتی بۆ باکووری ئەمریکا.
  7. سیاسەتی پەیوەندی دبلۆماسی و پەیوەندیە نێودەوڵەتیاک، کاریگەر دەبن لەسەر دورخستنەوەی وولات لەهەر کات وساتێک دا.
Previous
Next