هه‌قبێژی و سه‌ردانان… عەبدولرەحمان فەرهادی
زۆرجاران هه‌قبێژی نه‌وه‌ك هه‌ر تاڵه، به‌ڵكوو وایكردووه گوتنی هه‌ق و ڕاستی دركاندن، بووه‌ته هۆی گه‌یشتن به په‌تی سێداره و سه‌رله‌پێناوی و گیان له‌ده‌ستدان. له هه‌موو كۆمه‌ڵگا و سیستمه دواكه‌وتووه‌كاندا ئه‌مه هه‌بووه و هه‌یه و تا ئێستاش به‌رده‌وامه.
مه‌نسووری حه‌للاج له‌پێناو هه‌ق و ڕاست‌بێژیی به پاره‌پاره‌یی خرایه ڕووباره‌وه، شه‌هابه‌ددینی سوهره‌وه‌ردی له‌سه‌ر قسه‌ی هه‌ق و زۆرزانی و ژیری و سه‌ردانه‌نه‌واندن، به بڕیاری سه‌لاحه‌ددینی ئه‌ییوبی له كونجی زیندانێ په‌سترا و كه گیانی پاكیشی له ژێرزه‌مینێكی قووڵ و تاریك و شێداردا به‌خشی، ئه‌وه‌نده لێی ده‌ترسان، بە ئەمری سەڵاحەددین تەرمەکەیان به‌مردوویی له سێداره‌دا. گالیلۆی فه‌یله‌سووف و زانای مه‌زنی فیزیا و فه‌له‌ك و ماتماتیك، ئه‌ویش هه‌ر له‌سه‌ر هه‌قبێژیی له‌پێناو زانست، به‌بڕیاری كڵێسا له كونجی زیندان په‌سترا و دواتر له ماڵی خۆی به ده‌ستبه‌سه‌ری گیانی پاكی به خزمه‌تی مرۆڤایه‌تی به‌خشی.
زاناى گه‌وره‌ی فه‌ره‌نسایی ئه‌نتوان لافوازێ كه چه‌ندین داهێنانی له بواری كیمیادا هه‌یه، دوای شۆڕشی فه‌ره‌نسا به تۆمه‌تی یارمه‌تیدانی سوپا دادگایی كرا و هیچیشی له‌سه‌ر ئیسپات نه‌بوو كه‌چی ئەویش ھەر لەسەر ھەقبێژی له‌سێداره درا، هه‌رچه‌نده ژنه‌كه‌ی داوای ئازادیی بۆ كرد به‌ڵام دادگا پێیان گوت: وڵات پێویستی به زانا نییه.
لای خۆیشمان نموونه زۆرن، ئەحمەدی خانی لەسەر ھەقبێژی لەلایەن جاش و دوژمنانی کوردەوە ژەھرخوارد کرا، عەبدولخالیق مه‌عرووفی زانا و بیرمه‌ند له‌سه‌ر نووسینی قسه‌ی هه‌ق و بیروڕای دروست، به‌هاندانی پیاوانی دواكه‌وتووی ئایین، له‌لایه‌ن ڕژێمی به‌عسه‌وه له‌به‌رده‌م ماڵی خۆی درایه به‌ر ڕێژنه‌ی گوللة.
كاتیخۆیشی ئه‌گه‌ر نالی وڵاتی جێنه‌هێشتبا، حاجی قادری كۆیی په‌نای بۆ ده‌ربه‌ده‌ری نه‌بردبا، كه‌یفیی جوانڕۆیی به‌خۆی ڕانه‌گه‌ییبا، مه‌ولانا خالیدی نه‌قشه‌به‌ندی خۆی قورتار نه‌كردبا، ئه‌مانیش به‌ده‌ردی ئه‌وان ده‌چوون.
چونكه زانا و دانای سه‌رده‌می خۆیان بوون و سه‌ردانه‌واندنیان بۆ ده‌سته‌ڵاتداره دواكه‌وتوو و زۆرداره‌كان نه‌ده‌زانی، بۆیێ به ده‌ربه‌ده‌ری و به حه‌سره‌تی بینینه‌وه‌ی زێدی خۆیان، سه‌ریان نایه‌وه و به‌خاكی خۆیان شاد نه‌بوونه‌وه و زۆربه‌شیان گۆڕیان نه‌ماوه. نموونه‌ی دیكه زۆر زۆرن. جەمال عیرفان و مووسا عەنتەریش ھەر لەسەر ھەقبێژی کوژران. لەو سەردەمەی ئێستایشمان حیزبەکانی ھەرێمی کوردستان لەسەر ھەقبێژی و جیاوازیی بیروڕا، کەمیان لە نووسەر و ڕۆژنامەنووس نەکوشت!