Skip to Content

من قفڵە ژەنگاوییەکان ناکەمەوە، قفڵە داخراوەکانیش ناشکێنم.. بەشی پێنجەم…خۆدواندنی: ستیڤان شەمزینی

من قفڵە ژەنگاوییەکان ناکەمەوە، قفڵە داخراوەکانیش ناشکێنم.. بەشی پێنجەم…خۆدواندنی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by ته‌مموز 12, 2020 General

لیزا: هەمیشە بێدەنگیت و لەگەڵ بیروبۆچوونی هیچ کەس تەبا نیت. چۆن دەکرێت هیچ بیروباوەڕێک نەبێت لەگەڵیدا هاوبەش بیت؟، با ئەو بیرۆچوونە رای کەمینەیەکیش بێت.!
ستیڤان: بەپێچەوانەوە ئەوە زۆرینەی خەڵکن لەگەڵ روانینی من تەبا نین. هەمیشە بە مەترسی دەمبینن، ترسیان هەیە لە هێزی رەخنەکانم بەو پێیەی سەقامگیرییان دەشێوێنێت. چوونکە من سروشتێکی جێگیرم نییە، بەڵام زۆرینەی خەڵک دەقیان گرتووە بە نەریتەوە و بە هەڵمی ئایدیالە جیاوازەکان بە رێکیی ئوتو کراون.
لیزا: بێدەنگییەکەت هێندە قووڵە، زۆربەی جار وەک ئەوەی لە خەڵوەتدا بیت وایە. جارجاریش بە زمانێک دەدوێی تێگەیشتن لێی ئاسان نییە. ئەمەش وایکردووە وەک نەیارێکی دەسەڵات نەبینرێت.
ستیڤان: بابەتەکە ئەوە نییە، رەخنەم لە دەسەڵات نییە، کێشەکە ئەوەیە وەک ئەوانی تر نیم، هەموو ئەو قسانەتان بە هەڵوێست پێ بفرۆشمەوە پێشوەخت خۆتان دەیزانن، دەمەوێت شتێک بڵێم نەیزانن، جار جار شتێک دەڵێم تازە و دژەباو، کەموکوڕیی لە زمانەکەمدا نییە، بەڵکو کەموکورتی لە تێگەیشتنی ئێوەدایە، چوون پێتان خۆش نییە، کەس ئەو دڵنیایی و دەقگرتووییەتان لێ تێکبدات. هەنگاوی جێهێشتنی کۆن بەرەو نوێ ترسناکترین هەنگاوە.
لیزا: ئەی هەست ناکەیت، ئەو زمانەی تۆ هێندەی خزمەتی دەسەڵات دەکات بە چارەگی ئەوە بتە کۆنەکان تێکناشکێنێت؟.
ستیڤان: ئێوە یەک جۆر دەسەڵات دەبینن، ئەویش دەسەڵاتی سیاسییە، هەموو دەسەڵاتێکی تر لە بیر براوەتەوە کە دەسەڵاتی سیاسیی لەسەر بنیادنراوە، لە ژێرەوە ئەو دەسەڵاتانە دەڕوخێنم بەڵام ئێوە نایبینن. هەروەک ئەو کرێکارەی دەیەوێ تەلارێکی کۆن بڕوخێنێت، رووشاندنی رووکاری دەرەوە، تەلارەکەی پێ ناڕوخێت، بەڵکو رووخاندنی پایەکانی دەیڕوخێنێت.
لیزا: کەواتە تۆ ئەرکە قورسەکانت لە ئەستۆ گرتووە، ئەوەش یاریکردنە بە ئاگر و مەلەکردنە بە پێچەوانە شەپۆلەکانەوە.
ستیڤان: بەڵێ رێک وا. ئیشم لە ژیاندا زۆرە، هیچکام لە کارەکانم ئاسان نین، بۆیە هەمیشە بیر دەکەمەوە و ملی رێگەی سەختترین ئەرکەکانم گرتۆتە بەر.
لیزا: دروست وەک خۆم. ئاخر من حەزم لە یارییە قورسەکانە، وەرزشەوان بوومایە لەسەر سێرگی ئاگرین سەمام دەکرد. حەزیشم لە هیچ کارێکی ئاسان نییە، هەمیشە خۆم دەخەمە ناو گەمە قورسەکانەوە، رووبەڕووی مەحاڵ دەبمەوە.! هیچ ئامانجێکم نییە بۆ خودی خۆم، بەڵکو گەمە دەکەم لە پێناوی گەمەدا. زۆر حەزم لە یاریی سیزیفییە، یارییەک هەرگیز کۆتاییەکەی دیار نەبێت و نەزانیت دەگەیت بە کوێ!! ئەمە رەنگە سایکۆلۆژیایەکی خراپ بێت لە دیتنی خەڵکەوە، بەڵام هیچ نەبێت خۆم رازی دەکات!.
ستیڤان: کاری من ئەوەیە لە وەتەری هەستیار بدەم. گاڵتە بە عەقڵی مێگەلیی زۆرینە بکەم. ئیشی من ئەوەیە وەک مینی لۆب رسی سیاسییەکان بکەمەوە بە خوری. رسی پاڵەوانە کارتۆنییەکانی ناو کایەی رۆشنبیریی بکەمەوە بە خوری. خۆمم و هەر خۆمم جەنگاوە تەنهاکەی ئازادیی. دەجەنگم لە پێناوی ئازادیی وتندا، وتنێک سەرسوڕهێنەرانە کۆمەڵگە و خەڵک دەتۆقێنێت، چوونکە من گوومان لە پیرۆزییەکانیان دەکەم و درز دەخەمە باوەڕ کۆنکرێتییەکانیانەوە. هەر بە راستی پرۆمیسیۆسم، ئاگر لە خودا دەدزم و مرۆڤ فێری ئاگرکردنەوە دەکەم.
لیزا: هەر لەبەر ئەمەشە ئازارت لە مرۆڤەکانی تر زۆرترە، ئەوەی چاوی لە ئایندە بێت زۆرتر ماندوو دەبێت، وەک لەو کەسەی لە دوێنێدا بژی.
ستیڤان: راستییەکەی ئەوەیە نازانم بۆ کەی دەژیم، بەردەوام لە رابردوودا دەژیم، ئەو رابردووەش زنجیرەیەک رووداوی تراجیدیک بووە،! هەنگاوی بێ هیوایانەم هەیە، بەڵام زۆرینە ئەو هەنگاوەشیان نییە هەرچەند نائومێدانەش بێت.
لیزا: رەنگە منیش بە جۆرێک لە جۆرەکان هەر وەک تۆ بم. ئەوەی لە مێشکمدا وەک خولیایەکی ئیبلیسی دێت و دەچێت پڕۆژەیەکە بۆ ئایندە. دەتوانم بڵێم پڕۆژەی داهاتووم بیرکردنەوەیە لە خودی خۆم. دەمەوێت قفڵەکان بشکێنم، تاکوو قفڵەکانی دوێنێ و زنجیرەکانی ئەمڕۆ نەپسێنیت، ناتوانیت یەک تاکە هەنگاویش بۆ سبەینێ بنێیت!.
ستیڤان: من قفڵە ژەنگاوییەکان ناکەمەوە، قفڵە داخراوەکانیش ناشکێنم بە مەبەستی کردنەوە!!. من نامەوێ قفڵ بمێنێت، نامەوێت شتێک بمێنێت کۆت و یەخسیرمان بکات، ئەوە فەلسەفەی ئیشکردنمە لە ژیاندا.

تێبینی: ئەم تێکستە بریتییە لە مۆنۆلۆگ نەک دیالۆگی دوو کەس، کۆی بەشەکانی ئەم مۆنۆلۆگانە لەنێوان 2010-2017 نووسراون. لە بەرگی دووەمی کتێبی “قوتووی عەتار” لەلاپەڕە 488-522 بەشێوەی کتێبی کاغەز لە ساڵی 2018 چاپ بوون

Previous
Next
Kurdish