Skip to Content

103 Views

زمانی دایک و زارا محەمەدی، بەئاسایشکردنی پرسی کورد لە ئێران … شێرکۆ کرمانج

زمانی دایک و زارا محەمەدی، بەئاسایشکردنی پرسی کورد لە ئێران … شێرکۆ کرمانج

Closed
by July 21, 2020 General, Opinion


تاوانبارکردنی، زارا محەمەدی کچە کوردێکی نیشتەجێ لە سنە، بە هەڕەشە لەسەر ئاسایشیی نەتەوەیی ئێران‌‌و سەپاندنی دە ساڵ زیندانی تەنیا لەبەر ئەوەی ڕێکخراوێکی پێکهێناوە بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک‌و یارمەتی بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزەکانی کرماشان‌و لوڕستان لەگەڵ فێرکردنی خۆبەخشانەی منداڵانی کورد زمانی دایکیان هیچ گومانێک لەسەر بەئاسایشکردنی پرسی کورد لە ئێران ناهێڵێتەوە. بۆیە لەم بابەتە هەوڵدەدەم پرسی بەئاسایشکردنی پرسی لە ئێران تاوتوێ بکەم.
مەبەست لە بەئاسایشکردن ئەوەیە کە چۆن دەوڵەت وەک بکەرێک شەرعیەت دەدات بە بەکارهێنانی هێزو توندوتیژی‌ بۆ سەرکوتکردنی گروپێک یان لایەنێک کە داوای مافەکانیان دەکەن. بەئاسایشکردن سەرچاوەی لە تێگەیشتنێکی ڕیالیستەکان بۆ سیاسەت‌و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەڵهێنجاوە کە پێیوایە مانەوەی دەوڵەت‌و یەکپارچەیی خاکەکەی گرنگترین ئامانج‌و ئەرکی دەوڵەتە. لەم سۆنگەیە دەوڵەت ئامادەیە هەموو یاساو ڕێساکان بشکێنێت‌و هی نوێ دابهێنێت بۆ پاراستی خۆی‌و مانەوەی‌و لەناوبردنی نەیارەکانی. ئەم دیدە پێچەوانەی دیدی قوتابخانەی کۆبنگهاگن گروپە نەتەوەییەکان‌و هەڕەشە لەسەر بوون‌و شوناسیان نابینێت.
چی ئاسایشەو چی بە ئاسایشدەکرێت هێندەی دروستکراوە هێندە بابەتیی نیە. لەم سۆنگەیەوە، ئاسایش ئەوەیە کە نوخبەی سیاسی یان ڕۆشنبیری دەوڵەت (نەتەوەی سەردەست) بەیانیدەکات‌و دڵسۆزی گروپێک یان لایەنێک لەناوەوە یان لە دەرەوەی وڵات دەخاتەژێر پرسیارو دژ بە بەهاکانی دەوڵەت‌و نەتەوەی سەردەست نیشانیدەدات‌و وەک هەڕەشەیەک لەسەر یەکێتیی‌ خاک‌و نەتەوە وێنای دەکات. ئیدی گروپە یان لایەنە بەئامانجکراوەکە وەک کۆسپێک دەبینرێت لەلایەن دەوڵەت‌و نەتەوەی سەردەست لە پێش پڕۆسەی وەکیەکردن (homogenization) ی دەوڵەت-نەتەوە، ئەویش بەتواندنەوەو سڕینەوەی گروپە یان لایەنە بەئامانجکراوەکان‌.
پێشئەوەی باسی بەئاسایشکردنی پرسی کورد لە ئێران بکرێت دەبێت دوو پرس ڕونبکرێتەوە، یەکەم، چەمکی داوا و ماف لێکجیابکرێنەوە، ئەوەش بەو مانایەی کاتێک کوردەکان داوای مافەکانیان دەکەن بە مافی دەوڵەتی سەربەخۆو سەروەریی ناکرێت تەنیا وەک هەوڵێک بۆ دابەشکردن‌و هەڵوەشانەوەی ئێرن تەماشابکرێت بەڵکو وەک ڕێگەچارەیەک بۆ ڕزگارکردنی ئێران ببینرێت بۆ گەیشتن بە سەقامگیریی‌و ئاشتی هەم لە ئێران هەم لە ناوچەکە هەم لە جیهان. دووەم، ڕاستە کوردەکان لە هەندێ قۆناغ‌و لە هەندێک بارودۆخ ئاستی مافەکانیان بۆ سەربەخۆیی‌و جیابوونەوە بەرزکردۆتەوە بەڵام بەگشتیی کوردەکان هەوڵی دەستبەرکردنی مافە سیاسی‌و کەلتوری‌و زمانییەکانیان لە بەنامەرکەزیکردنی سیستەمی حوکمڕانی‌و دامەزراندنی چوارچێوەی ئۆتۆنۆمی‌و فیدڕالی دا کردوەو بینیوە. بۆیە نزیکبوونەوەو تێگەیشتن لە پرسی کورد دەبێت لەو چوارچێوانەوە بێت ئەگەرنا ئەوە شەرعیەتدان، نەک ڕەخنەکردنی، بە بەئاسایشکردنی پرسی کوردی لێدەکەوێتەوە.
چۆنیەتی مامەڵەکردنی دەوڵەتی ئێران بۆ پرسی کورد دەکرێت بەسەر دوو قۆناغدا دابەشبکرێت. قۆناغی یەکەم، سەردەمی ڕەزا شا (١٩٢٥-١٩٤١) و محەمەد ڕەزا شا (١٩٤١-١٩٧٩)، لەم قۆناغەدا، بەتایبەتی سەردەمی ڕەزا شای باوک هەموو جیاوازییەکی نەتەوەیی نادیدەدەکراو دەوڵەت لە پڕۆسەی بەمۆدێرنکردندا لە هەوڵی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی وەکیەک دابوو کە تێیدا هەموو جیاوازییەکان لە بۆتەکەی نەتەوەو کەلتوری سەردەست، فارس دا، دەتواندەوە. ڕەزا شا بەحوکمی سەرسامبوونی بە ئەتاتورک‌و لاسایکردنەوەی تورکیا بوونی جیاوازییەکانی وەک هەڕەشە لەسەر یەکپارچەیی میللەت‌و گەلی ئێراندا دەدیت‌و لەسەر ئەو بنەمایەش مامەڵەی لەگەڵدا دەکردن. لەسەردەمی محەمەد ڕەزا شای کوڕ تاڕادەیەک فەزای سیاسی ئاواڵەتربوو بۆ نەتەوەو گروپە جیاجیاکانی ئێران بە کوردیشەوە بەڵام تەرکیزی دەوڵەت لەسەر بەفارسیکردنی شوناسی ئێران وەک خۆی مابۆوە.
قۆناغی دووەم، لە ڕوخانی شا و دامەزراندنی جمهوری ئیسلامی (١٩٧٩ تا ئێستا) دەستپێدەکات. سەرەڕای ئەوەی کە دەستورەکەی ئەم قۆناغە پێچەوانەی قۆناغی پێشوتر دان بە جیاوازییە نەتەوەیی‌و مەزهەبییەکان دەنێت کەچی وەک دەستورکەی پێشوتر تەنیا زمانی فارسی وەک زمانی فەرمی‌و زمانی خوێندن‌و پەروەردە دەناسێنێت. دەوڵەت جیاوازییە نەتەوەییەکان وەک ئاڵنگاریی ئەمنی‌و هەڕەشە لەسەر سەروەریی‌و یەکپارچەیی ئێران‌و لەسەر ئەو نیزامەی کە جمهوری ئیسلامی دەیەوێت لە ناوچەکە بەرقەراری بکات، دەبینێت. تەنیا لەو دیدەوەش دەکرێت شرۆڤەو تێگەیشتن بۆ بەرخوردەکانی ئایەتوڵا خومەینی بکرێت کە لە ڕۆژانی سەرەتای دامەزراندنی جمهوری ئیسلامی لەخۆی نیشاندا وەک: یەکەم، فەتوای شەڕ لە دژی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات؛ دووەم، ڕەتکردنەوەی هەموو حیزبێک بێجگە لە بەناو حیزبی خوا؛ پاککردنەوەی کوردستان لەوەی ناوینابوون “شەیتانەکان.” بەمشێوەیە، بەشداری ئێران لە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ڕیفراندۆمی کوردەکانی عێراق‌و بچوکردنەوەی هەرێمەکەیان لە ٢٠١٧ دا دەکرێت لەم تێگەیشتنەوە شرۆڤەی بۆ بکرێت.
سوننیبوونی بەشێکی زۆری کوردانی ئێران هێندەی دیکە پرسی کوردی لە ئێران ئاڵۆزتر کردوە. بێجگە لە شوناسی نەتەوەیی، حکومەت شوناسی مەزهەبییشیان وەک هەڕەشە لەسەر شوناسی مەزهەبیی نەتەوەی سەردەست وێنادەکات.
سەرەڕای سەرکوتکردنی بزوتنەوە کوردییە چەکدارییەکان لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردو کەچی دوای سی ساڵ کوردەکان نزیکەی نیوەی زیندانییە سیاسییەکانی ئێران پێکدێنن، ئەمە لەکاتێکدایە کە کوردەکان ١٠٪ لە دانیشتوانی ئێران پێکدێنن. کوشتنی سەرکردە کوردەکان لە ئەوڕوپا (عەبدولرەحمان قاسملۆ و سادق شەرەفکەندی لە ١٩٨٩ و ١٩٩٢ لە نەمسا و ئەڵمانیا لەدوای یەک) نیشانەی ئەوەن کە دەوڵەتی ئێرانی جوڵەی کوردەکان لە هەر جێگەیەکی ئەم دنیایە وەک هەڕەشە لەسەر ئاسایشی دەبینێت.
محەمەد ڕەزا شا لە ١٩٧٨ ئەحکامی عورفی بەسەر تەواوی ئێراندا سەپاند. دوای ڕوخانی ڕەزا شا بە ئاشکراو بەنائاشکرا ناوچە کوردنشینەکان لەڕێگەی ئەحکامی عورفییەوە بەڕێوەدەچن‌و دەسەڵاتی دامەزراوە ئەمنییەکانی سوپاو پاسداران‌و بەسیج‌و ئیتیلاعات باڵادەست‌و یەکلاکەرەوەی پرسەکانن. بەسەربازگەکردنی کوردستان ناکرێت وەک پەرچەکردارێک بۆ خەباتی چەکداری دابنرێت چونکە بۆنمونە لە ئێران لە ١٩٨٩ ـەوە چالاکی چەکداری حیزبەکانی ڕۆژهەڵات زۆر سنوردار بووە.
بۆ سەپاندنی ئەحکامی عورفی‌و سەرکوتکردنی بزوتنەوە کوردییەکان، چەکدار و مەدەنی، ئێران کەم تا زۆر کوردستانی کردوە بە سەربازگەیەکی گەورە. بەسەربازگەکردنی کوردستان تەرخانکردنی زەوی‌و زاری جوتیارانی بۆ دامەزراوە سەربازییەکان‌؛ بۆ بنکەو ڕاهێنا‌ن‌، هەروەها بۆ خانوبەرە بۆ ئەفسەرو پلەدارەکانی لێکەوتۆتەوە. ئەمەش هێندەی دیکە ناوچە کوردنشینەکانی بەتورک‌و بەفارس کردوە. هاوکات، دروستکردنی بنکەو پایەگای سەربازی لە هەموو گوندەکانی کوردستان‌ لەگەڵ وەبەرهێنان لە بواری سەربازیی‌و دامەزراوەی سەربازی، کوردستانی لە دواکەوتیی ڕاگرتوەو ڕادەگرێت. خەڵکەکەشی ناچار بە کۆچ کردوە بۆ ناوچەکانی دیکەی ئێران‌ کە توانەوەی کورد ئاسانترو خێراتر دەکات‌. هاوکات، دانیشتوانی ناوچەکەش ناچار بە کارکردن دەکات بۆ دامەزراوە سەربازی‌و ئەمنییەکان‌، ئەمەش رەواج‌و پاساو بۆ بەجاشبوون دروستدەکات، هەم لەبەر نەبوونی هەلی کاری دیکە هەم کردنی جاش بە تاکە هەلی “کار”.
بەئیزافەی ئەمانە، هاندەری سەرەکی لە بەسەربازگەکردنی کوردستان لە دیدە فۆکۆییەکە “چاودێریی دەستەجەمعیی”و نیشاندانی ئامادەگیی هەمیشەیی دەوڵەت‌و دامەزراوەکانیەتی. دامەزراوەکان بەتەلبەندو لوغم پارێزراون کە ناوچەیەکی زۆریان لە کوردستان لە کەڵکی ئابوریی‌و کشتوکاڵیی خستوە. بەجاشکردنی کۆمەڵگە بێجگە لەوەی ملکەچیی خەڵک بۆ دەوڵەتەکان مسۆگەردەکات، هاوکات، شەڕی کورد بە کورد خۆش دەکات. ئەمەش هەم لەڕێگەی بەگژدادانی جاش‌و هێزە چەکدارە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکان هەم بە پێکدادانی گروپ‌و سەرکردە جاشەکان لەنێو خۆیان کە پەرتکەو زاڵبە دێنێتەگۆڕێ لەگەڵ نیشاندانی دووبەرەکی‌و دواکەوتویی سوننەتیبوونی کۆمەڵگەی کوردی.
بۆ بنکۆڵکردنی ڕەوایی پرسی کوردو بەئاسایشکردنی پرسەکە ئێران زاراوەی تاوانئامێز لە دژی هێزو لایەنە کوردییەکان، چەکدار یان مەدەنی، بەکاردێنن، وەک زیدی ئینقلابی (دژی شۆڕش).
هەموو ئەمانە دەریدەخەن کە ئێران پرسی کوردی کردوە بە پرسێکی ئاسایشیی‌و لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵە لەگەڵ کوردو کوردستان دەکات، بۆیە کاتێک کچێکی خۆبەخش دەیەوێت منداڵانی کورد فێری زمانی دایکیان بکات وەک هەڕەشە لەسەر یەکپارچەیی خاک‌و میللەتی ئێران لەقەڵەمی دەدات‌و زارا خاتون بە دە ساڵ زیندانی دەکات.

Previous
Next