Skip to Content

زەنگیانەی ئاویی / ڕستی دوانزەهەم .. فەتاح حەسەن

زەنگیانەی ئاویی / ڕستی دوانزەهەم .. فەتاح حەسەن

Closed
by تشرینی دووه‌م 30, 2020 General, Poems

( ساویلکە)
سەد ھێندەی دڵم شكاوە
دڵنەوایی خەڵكم کردوە و
دڵم ڕاگرتوون
چش
دەبا ھەر پێمبڵێن ساویلكەی.
( نازانم )
نیوەی ئەو تەمەنەی ماومە
دەیبەخشم بەکەسێك
زەردەخەنە بگەڕێنێتەوە
سەر لێوانم..
ساتە ناساتێ. پێکەنینم دێت،
وەلێ نازانم
بەخۆم پێدەکەنم
یا بەژیانی موسەیەرم.
( جگەرە و کۆتر )
خۆشییەکی سەیر دامدەگرێت
کەلەپەنجەرەی هۆڵەکەمەوە
دان دەدەم بەباڵندەو
مژی قوڵ لەجگەرەکەم دەدەم،
گەر بۆمبکرایە.. لەگەڵ چنینی
هەر دەنکە دانێکدا..
مژێکم لەجگەرەکەم دەدا.
( چێژفرۆش )
چێژفرۆشان
بەتایم کار دەکەن
کاتێ کە کاتیان تەواو دەبێ
لە سیاسییە گەندەڵەکان
زیاتر،
چێژ لە ژیان دەبینن.
( قاسپەی کەو )
بەقیڕەی قەلەڕەش
پەست دەبم،
وەلێ
ئەو دەمانەی تەنهام
لێمدەبێتە قاسپەی کەو.
( ژمارە سێ )
جوانترین ژمارە( سێ) یە
دایك
خوشك
خۆشەویست..
هەش بەسەرم،
لەهەرسێکی بێبەشم.

فەتاح حەسەن
دانیمارك/ ڤالبی

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish