ترس له زوڵف و ئه‌گریجه …. عه‌زیز ڕه‌ئووف
ترس له قژی مێینه هیچ نیه جگه له ده‌ركه‌وتنی ناشرینیه‌كانی ناخی نێرینه. تۆ پێش ئه‌وه‌ی به كچ بڵێی قژت داپۆشه، چاوه‌كانی خۆت بگره و واز له به‌رامبه‌ر بێنه. تۆ كه نه‌توانی چاوی خۆت داپۆشی ئه‌وه چ موسوڵمانێكی. هێزگه‌لێك، ئاینێك، ئینسانگه‌لێك ترسیان له قژی ژن هه‌بێت خه‌له‌لێك له دید و تێڕوانینیاندا هه‌یه سه‌باره‌ت به جه‌سته كه هی كه‌سێكی تره. هه‌رگیز ئه‌مه به‌و مانایه نیه ئافره‌ت خاوه‌نی جه‌سته‌ی خۆی بێت.
ترس له قژی ژنان ترسێكی ئاینی نیه ئه‌وه‌نده‌ی ترسێكی ئایدۆلۆژییه. هه‌زاران خانمی په‌كه‌كه قژیان هۆنیوه‌ته‌وه و زوڵف و ئه‌گریجه په‌خش ده‌كه‌ن و كه‌س شك نابه‌م له عومریدا به چاوێكی سێكسیه‌وه ته‌ماشای ئافره‌تێكی په‌كه‌كه‌ی كردبێ.
بۆ نمونه ده‌ڵێی ژن با خۆی داپۆشێ، بۆچی، با له چاوی پیاو به‌دوور بێ، باش ئه‌ی پیاو ئه‌وه‌نده لاوازه به‌رگه‌ی تاڵێك قژی ئافره‌ت ناگرێ؟ ئه‌ی پیاو بۆ چاوی داناپۆشێ؟ ئایا له‌شتی ژن پێوستی به داپۆشینه یان چاوی نێرینه؟ پێش ئه‌وه‌ی له حیجاب بدوێین پێویسته قسه له دڕنده‌یی و چاوپیسی پیاوان بكه‌ین.
ئایا مێینه ده‌توانێت به له‌چكێك كه بایی پێنچ هه‌زاره شه‌ره‌ف بكڕێته‌وه ؟ به‌م قسه‌یه بێت شه‌ره‌ف زۆر هه‌رزانه هه‌موو مێینه‌یه‌ك ده‌توانێت بیكڕێت. یان ئایا ده‌توانین به حیجابێك بچینه به‌هه‌شت؟ كه‌واته به په‌رۆیه‌كی ده‌هه‌زار دیناری ده‌توانین به‌هه‌شت مسۆگه‌ر بكه‌ین. ( نه‌وال سه‌عداوی جارێك وای وت).
له هه‌ر شوێنێك له‌چك و په‌ڕۆ زۆر بێت ئه‌وه‌مانای ئه‌وه نیه شه‌ره‌ف زۆره، به‌ڵكو ئه‌وه مانای ئه‌وه‌یه نێرینه‌ی چاوپیس و خاڵی له شه‌ره‌ف زۆره. چونكه خۆداپۆشین هیچ په‌یوه‌ندی به جه‌سته‌ی ژنه‌وه نیه ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندی به چاوی پیاوانه‌وه هه‌یه.
هه‌ندێ جار حیجاب ده‌ركه‌وته‌یه‌كی سیاسییه، له ده‌وڵه‌ته ئیسلامیه‌كان فڕێدانی حیجاب مانای ئازادیه، ئه‌وه‌مان لای ژنانی ده‌ربازبووی ده‌ستی داعش ده‌بینی. به‌ڵام لای ئه‌تاتورك و ده‌سه‌ڵاتی توركه‌كان كه حیجاب قه‌ده‌غه بوو، پۆشینی له‌چك مانای ئازادی بوو،( ئۆرهان پامۆك له ڕۆمانی “به‌فر” دا له‌م بابه‌ته ده‌دوێ).
ئه‌وانه‌ی سڵ له قژی ژن ده‌كه‌نه‌وه ناتوانن بته‌كان بشكێنن. لات سه‌یر نه‌بێت هه‌میشه هێزه سته‌مكاره‌كان ترسیان له مرۆڤی ئازاده و پشتیوانی ئه‌وانه ده‌كه‌ن بۆ نمونه له قژ ده‌ترسن.” چی واده‌كات هێزێك له سه‌رده‌شت عوسمان بترسێ به‌ڵام كۆمه‌كی عه‌بدولله‌تیفی سه‌له‌فی بكات”؟ چی وای كرد حوسنی موباره‌كی سه‌رۆكی پێشووی مسر له قژی سپی نه‌وال سه‌عداوی بترسێت به‌ڵام سه‌له‌فیه‌كان له وڵات ته‌راتێن بكه‌ن؟
ئایا ئه‌وه‌ی له ده‌ركه‌وتنی قژی ژن بترسێت، ده‌توانێت ڕیسكی سیاسی گه‌وره بكات؟ به مانایه‌كی تر ئه‌وه‌ی چاوی خۆی بۆ بینینی قژی ژن نه‌گرێت، ده‌توانێت ده‌سكاری دنیای ناشرینی ئێمه بكات؟ به‌گومانم…