Skip to Content

زەردەخەنەی دایکم  … چرۆ زەند

زەردەخەنەی دایکم … چرۆ زەند

Closed
by كانونی دووه‌م 4, 2018 General, Poems

کاتێ زۆر پێش دروست بوونی کۆمپیوتەر بوو
ئەوکاتەی یەک تەلەفۆن و یەک تەلەفزیون هی خۆمانە گەرەکەمان بوو،
لەوکاتەدا باوکم نیشتمان بوو،
دایکم پایتەختی نیشتیمان
باوکم بەڕێوەبەر بوو
دایکیشم کابان
هەندێ جارچاکەتی خوشکێکم لەبەردەکرد
سوراوی خۆشکەکەی دیم دەکرد
برایەکم سیاسەتی دەکرد، ئەوتر ئەدازیار
برای بچووکەم سەرقاڵی گەمەکان.
ئەوسا ماڵە گەورەکەمان ماڵی هەموومان بوو
ماڵی سیاسی، نەدار، شاعرو بەهرەدار، ماڵی هاوڕێ و هی خاڵوان
لەبەر فرە میوان، جیگەمان نەدەبوو لە سەرخوان
حەوش و بان ،سەر سەکۆ و داڵان دەبوە جيی نوستنمان
ئيستا دایکم، ڕادەوەستی لەبەردەم ژوورە چۆڵەکان
بۆنی عەتری هەریەکەمان بۆشایی ژورێک پڕدەکات
لێوانی پەرداخيک سوراوێک و جێی یادگاری ئەوی دیمان
پەرتووک و پارچە مۆسیقایەك وگەشەی گوڵێ بۆشاییەکی دی ماڵەکە داگیر دەکات.
لەبەردەم ژوورەکەی باوکمدا ڕادەبوري، بەڕوحی ئەو شاد دەبێت
بەخەیاڵ لەگەڵ باوکم بە دزەیەک لەو قەرەباڵخیەدا، سەمایەك دەکات
لەو خەیاڵەدا دایکم زەردەخەنەیەکی لەسەر لێو بوو
لەو خەیاڵەدا دایکم لە هەموو کات دڵخۆش تربوو
لە خەیاڵی ئەوکاتەی مالە گەورەکە ماڵی هەموومان بوو.

Dec 11, 2017
Canada
Zandchro@hotmail.com

Previous
Next
Kurdish