Skip to Content

ئەگەر یەکەم نەبم، نایکەم! … جیهاد موحمەد

ئەگەر یەکەم نەبم، نایکەم! … جیهاد موحمەد

Closed
by شوبات 11, 2018 General

“بە مەرجی یەکەمیی لەگەڵتانم، شایەریی ناکەم بە خۆڕایی، کوا شاباشەکەم! لە پێشدا شاباشم دەوێت، ئەوسا شاییەکەت بۆ گەرم دەکەم و، ئەوەی دەیڵێم ناێڵێمەوە، زوڕانایەکت بۆ دەژەنم هیچ زوڕناژەنێک نەیژنبێت، دەهۆلێکت بۆ دەکوتم هیچ دەهۆڵکوتێک نەیکوتابێت. لە ئێستاوە و، لە یەکەم کۆبوونەوە و یەکەم کۆنفرانس و یەکەم کۆنگرەوە بۆ هەمیشە دەبێت سەرکردەبم، دەبێت بمکەیت بە “سیاسەتمەدار”، بمکەیت بە سەرۆکی شاند و سەرۆکی کۆبوونە و سەرۆکی دانپیانراویی هەموو (جەماوەرەکەمان)، دەبێت بمکەیت بە کادری پێشکەووی حیزبەکەمان، دەبیت دەمڕاست و وتەبێژبم، دەبێت کەس نەتوانێت لەناو حیزبەکەماندا شان بدات لە شانم.
بەم مەرجانە دەیکەم و، ئەو کات دەڵێم هیچ هێزێکی سیاسیی لە ئێمە ڕاستگۆتر نییە و نەبووە بۆ کورد و کوردستان، ئەوە هەر ئێمەین: کە ئەتوانین خۆشگوزەرانی؛ موچە؛ نان؛ کارەبا؛ خۆدەوڵەمەندکردن؛ بوون بە خاوەن باخ و باخات؛ خانوبەرە و موڵکی زۆر و ئتومیلی کۆتا مودێلی ساڵانەی یابانی ئەمەریکی دابین بکەین بۆ هەموو جەماوەرەکەمان و سەرتاپای کۆمەڵگەی کوردی لە زێر هەڵدەکێشین. ئەوسا دەمبینیت چۆن فووی پیا دەکەم و هاتوهاوارم بۆ دیموکراتیەت و ئازادی و دادپەروەیی و یەکسانی عەرشی هەموو هێزە سیاسییەکانی تر دەلەرزێنێت. ئاخر حیزب دەبیت خەڵکی بەدموپل و بەقسە و گوتارخوێن و گوتاربێژیی هەبێت.
بەم مەرجانە کارێک دەکەم، کەس نەیکردبێت، هەرچ جەماوەری کوردستان سەرام دەکەم بە حیزبەکەم”.

ئەمانە هەمووی و زۆر مەرج و پەیمانی ژێربەژێر دەبن بە بنەمای ئەو لیست و حیزبە (نوێیانە)ی لە کوردستاندا دروست دەبن. ئەمە حاڵی یەکەم هەنگاوی حیزب و لیستە(نوێ)کانە، هیچیان ناتوانن یەک بست گەندەڵییەکانی پارتی و یەکێتی تێپەڕێنن.

ئەم نموونانە یەکەم جار لە بزووتنەوەی گۆڕاندا دروستبوو، زۆرێک لەوانەی کە سەری زمان و بنی زمانییان گۆڕان و گۆڕانکاریی بوو، تەنها لەسەر ئەوەی پۆستێکی پێنەدرا یان پۆستێکی لێسەندرایەوە، دەستبەجێ نەک وازی هێنا بەڵکو هیچ پێی شەرم نەبوو بووەوە بە یەکێتی یان چوو ئەوبەرەوە و ئاڵای زەردی کردە ملی.
ئەم عەقڵیەتەیە کە حیزب و کار و کردەی سیاسیی لە کوردستاندا وێران کردووە، ئەم عەقڵیەتەیە کە سیاسەت و حیزبایەتی کردووە بە ناوەندی بازرگانیکردن و کاسپیکردن.

هەر لە یەکەم ڕۆژ و لەیەکەم کۆبوونەوە و یەکەم کۆنفرانس و یەکەم کۆنگرەی(نەوەی نوێ) و لیستەکەی(بەرهەم ساڵح)ەوە دەرکەوتن.
ئەم لیست و حیزبانە ئیلهام و سیاسەتی بێ بنەما و بێ فکر لە پارتی و یەکێتیەوە وەردەگرن. ئەم جۆرە حیزب و سیاسەتە جێگەی بڕوا و متمانە نین، کە بتوانن حیزبایەتیە نەریتییەکەی پارتی و یەکێتی تێپەڕێنن، بە داخەوە.
ئەم جۆرە لە حیزب و لیستی (نوێ) کێبڕکێ لەگەڵ پارتی و یەکێتیدا لەسەر بیرە کۆن و نەریتییەکەی کوردایەتی دەکەن، کێبڕكێ لەسەر گەڕانەوەی ناوچە دابڕاوەکان دەکەن. هیچ پێیان نەنگیی نییە کە چەندین جار بانگهێشتی درۆزنانەی ئەوە بکەن کە هاتنە سەر حکوم “دەوڵەتی کوردیی” دروستدەکەن. ئەم عەقڵێتە لە ئێستاوە سەردانی ماڵ بە ماڵی خاوەن نفوز و خاوەن دیوەخان و دەوڵەمەندەکان بۆ دەنگ کۆکردنەوە دەکەن. لای هەژاران تەنها خۆیانن کە ئەتوانن هەژاران لە دەردیسەری ڕزگار بکەن، لای بازرگانەکان و دەوڵەمەندەکان تەنها خۆیانن کە زەوینەی دەوڵمەندیی و بازرگانێتی زیاتریان بۆ دابین بکەن. لای ئیسلامییەکان لەوان ئیسلامییترن و زیاتر پارێزگاری لە کولووترە باوەکە دەکەن، لای چەپ و کۆمۆنیست و ئازدیخوازەکان کەس هێندەی ئەمان ئازادییخواز و یەکسانخواز نییە، هەر ئەمانن دەتوانن سیستمی سۆسیالیستیی بەرهەمبێنن.
سیاسەت و حیزبایەتی لە کوردستانی باشوردا بە خۆرێک ئابڕووی چووە کە بە دەگمەن کەسانی هۆشیار و بە ئاگا بڕویان پێدەکات.

جیهاد موحمەد/ ١١/٠٢/٢٠١٨

Previous
Next
Kurdish