زنجیره‌یه‌ك گوتار له باره‌ی ناسنامه …(4-7) … ئیدگار مۆڕان
ناسنامه‌ی ئاوێته
عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا
——————————–
ئیدگار مۆڕان (Edgar Morin) فه‌یله‌سوف و كۆمه‌ڵناسی فڕه‌نسی هاوچه‌رخ له 8ی یۆلیۆ 1921 له شاری (پاریس) له دایكبووه. له ساڵی 1940 كاتێك ئه‌ڵمانیا وڵاتی فڕه‌نسای داگیر كرد، مۆڕان هاوكاری په‌نابه‌رانی كرد و چووه ریزی هێزی به‌رگری فڕه‌نسییه‌وه و ناوی (مۆڕان) وه‌ك نازناوێك بۆ به ئه‌ندامبوونی هێزی به‌رگری فڕه‌نسی به كار هێنا و دواتر له ساڵی 1941چووه ریزی حزبی شیوعی فڕه‌نسییه‌وه… ئێستا له رێكخراوی یونسكۆ وه‌ك سه‌رۆكی وه‌كاله‌تی ئه‌وروپی بۆ كلتور كار ده‌كات.
عاقڵی شێت
دۆستۆفسكی له هه‌مووان زێتر له مرۆڤ گه‌یشتووه، ده‌سته‌واژه‌ی “عاقڵی شێت” جوانترین تێگه‌یشتنه له باره‌ی تراژیدیای مرۆڤایه‌تییه‌وه، جوانترین تێگه‌یشتنه له باره‌ی نێودژییه مرۆییه‌كان، هه‌مان شت به‌رانبه‌ر لێكدووركه‌وتنه‌وه‌ی ناوه‌وه‌ی مرۆڤ… دنیای دۆستۆفسكی دنیای ململانێی گومان و ئیمان، ئومێد و نائومێدی…
له رۆمانی (گه‌مژه)دا ده‌نوسێت وه‌ك من بزانم به‌زه‌یی یاسایه‌كی جه‌وهه‌رییه، تاكه یاسایه‌كه بۆ بوونی هه‌مووان. دۆستۆفسكی هۆكاری سه‌ره‌كی بێداربوونه‌وه‌ی فیكری فه‌لسه‌فی ئیدگار مۆڕان بووه! چونكه ئیدگار مۆران عاشقی نێودژییه‌كانی فه‌لسه‌فه‌یه و فه‌لسه‌فه له‌لای ئه‌و خۆشه‌ویستی نییه بۆ دانایی، به‌ڵكو بڕوابوونه به شیعرییه‌تی ژیان، مۆڕان بڕوای به مانای برایه‌تی و لێكنزیكبوونه‌وه هه‌یه و ده‌ڵێت من بڕوادارم ئه‌و كاتانه‌ی گوێ له موزیكا ده‌گرم، ئه‌و كاتانه‌ی له دیمه‌نێكی سرووشتی راده‌مێنم.
سرووشتی ئاوێته
یه‌كێك له كتێبه گه‌وره‌كانی ئیدگار مۆڕان كتێبی (میتۆد-La Méthode) له به‌شی شه‌شه‌مدا ده‌ڵێت هیچ كاتێك پرسیار كردن له باره‌ی مرۆڤه‌وه، وه‌ك ئه‌مڕۆ ئاماده‌یی و چڕیی وا زۆری به‌خۆوه نه‌دیووه، پرسیاركردن له باره‌ی ناسنامه‌ی مرۆڤ، به هه‌موو جیاوازییه‌كانه‌وه پرسیاری ئه‌مرۆیی رۆشنبیرییه! ئه‌وه‌ش بۆ ئاماده‌یی ئه‌و تووندوتیژی و دڕنده‌ییه ناگه‌ڕێته‌وه، كه به‌رۆكی ژیاری ئێمه‌ی گرتووه، چونكه هه‌رگیز مێژوویی مرۆڤایه‌تی بێ تووندوتیژی نه‌بووه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به ئاماده‌یی و چڕی خودی وێنه‌كانی تووندوتیژییه‌وه هه‌یه، ئه‌و وێنانه‌ی میدیاكان بۆ زێتر خۆره‌پێشخستن به‌رزی ده‌كه‌نه‌وه.
پرسیاركردن له مرۆڤ، پرسیاركردنه له نێودژییه‌كان، پرسیاركردنه له‌و نێودژییانه‌ی بوونی مرۆڤ ده‌بڕن… له نێوان بونیادنان و وێرانكردن، تواناكانی مرۆڤ له داهێنان سنووریان نییه، وه‌ك چۆن شه‌یدای مرۆڤ له تێكدان و وێرانكردن و هه‌ڕه‌شه‌كردن له ژیان سنووری نییه،… ئیدگار مۆڕان له هه‌موو ئه‌و نێودژییانه‌ی بوونی مرۆڤ ده‌بڕن، پرسیاری ناسنامه به‌رز ده‌كاته‌وه و پێیوایه ناسنامه‌ی مرۆڤایه‌تی له سه‌ر فره‌یی وه‌ستاوه، فره‌یی ره‌قی له بوونی خودی مرۆڤ، فره‌یی ده‌ركه‌وتنی مرۆڤ وه‌ك بوونێكی خالق و ئابووری و مه‌عریفی و هه‌ڵچوونئامێز و ئاره‌زووخواز، مرۆڤ بوونێكی خێرخوازه وه‌ك چۆن شه‌ڕخوازه… بۆیه ناشێ ته‌نها له روویه‌كه‌وه له مرۆڤ نزیك بكه‌وینه‌وه، به‌و مانایه‌ش ناشێ به ساده‌یی له ناسنامه‌ی مرۆڤ بڕوانین.
ناسنامه‌ی مرۆڤ ئاوێته‌یه، چ په‌یوه‌ندی به تاكه‌وه هه‌بێت، یان رۆشنبیرییه‌وه، ئێمه له به‌رانبه‌ر راستییه‌ك وه‌ستاوین، راستییه‌ك كه په‌یوه‌ندی به چه‌مكی ناسنامه‌ی ئاوێته‌وه هه‌یه، ئه‌و ناسنامه ئاوێته‌یه جیاوازییه‌كانی مرۆڤی له خۆ گرتووه، نێودژییه‌كانی ده‌نوێنێ، ناتوانین لێینزیك بكه‌وینه‌وه، ته‌نها له رێگای فیكرێكه‌وه نه‌بێت، كه ئه‌ویش ئاوێته‌یه و به سه‌ر ماناكانی قه‌یران و ئاژاوه و كتوپڕی و دڵنیایی و …. كراوه‌ته‌وه، هه‌موو ئه‌وانه‌ش جیاكارییه‌كانی بوونی ئێمه‌ی پێكهێناوه! ئه‌و فیكره ئاوێته‌یه هه‌موو ئه‌و ئاژاوه و ئه‌و هه‌ڵوه‌رینه به یه‌كه‌وه ده‌لكێنێ، كه قابیلی به‌یه‌كه‌وه لكان نیین، كه‌واته ئه‌وه ئه‌ركی فیكری ئاوێته‌یه، ناسنامه‌ی ئاوێته كه‌شف بكات.
ئیدگار مۆڕان حه‌قیقه‌تی بوونی مرۆیی له سێ ره‌هه‌ندی به‌یه‌كه‌وه لكاودا ده‌بینێ: ره‌هه‌ندی بایۆلۆجی، ره‌هه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی، ره‌هه‌ندی رۆشنبیریی. ئه‌و سێ ره‌هه‌نده‌ش سێ سنوور بۆ مرۆڤ ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن: تاكگه‌رایی و كۆمه‌ڵگا و جۆر، ئه‌گه‌رچی بشتوانین لێكیان جیا بكه‌ینه‌وه، به‌ڵام ناتوانین لێكیان بكه‌ین، به‌و مانایه‌ش تاك هه‌ر له نێو تایبه‌تمه‌ندییه تاكگه‌رایی و بایۆلۆجییه‌كه‌ی خۆیدا ده‌مێنێته‌وه و ره‌هه‌ندی رۆشنبیریی هه‌موو جۆره‌كانی مرۆڤ جیاوازی خۆیان هه‌یه و تایبه‌تمه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كۆمه‌ڵگایه‌ك له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگایه‌كی دیكه جیاوازی خۆی هه‌یه.
بنه‌ماكانی ناسنامه‌ی ئاوێته له “سرووشتی ئاوێته”ی بوونی مرۆڤ دایه، بایۆلۆجیا و ده‌روون تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی تاك ده‌نوێنێ و تاكگه‌رایی لێده‌كه‌وێته‌وه، به‌ڵام ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه جێگیر و هه‌تا هه‌تایی نییه، به‌ڵكو قابیلی گۆڕانه و به‌پێی پرۆسیسه‌كردنی پێداویستییه‌كانی بوونی كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیریی كاریگه‌ری له سه‌ر تاك دروست ده‌كات و تاك به رووی ئه‌ویدیكه‌دا ده‌كاته‌وه. ئه‌و كرانه‌وه‌یه كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیرییه بوونی مرۆییمان دیاری ده‌كات، به هۆی ئه‌و پیداویستییه كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیریه‌یه ناتوانین قسه له تاكگه‌رایی ناسنامه بكه‌ین و ئه‌ویدیكه له خۆمان جیا بكه‌ینه‌وه، وه‌ك چۆن ناشێ بوونی تاك له بوونی كۆمه‌ڵگا و بوونی جۆرێكی دیاریكراو بتوێنینه‌وه, كه‌واته مه‌سه‌له‌كه په‌یوه‌ندی به سرووشتی ئاوێته‌یی بوونی مرۆڤه‌وه هه‌یه، په‌یوه‌ندی به نێودژییه‌كانی ناخی مرۆڤه‌وه هه‌یه، په‌یوه‌ندی به ئاگایی ئه‌خلاقی و گه‌شه‌ی نێوان تاك و كۆمه‌ڵگاوه هه‌یه، ئاگایی ئه‌خلاقی په‌یوه‌ندی به هه‌ر سێ ره‌هه‌ندی تاك و كۆمه‌ڵگا و رۆشنبیرییه‌وه هه‌یه. به‌و مانایه‌ش كرده‌ی ئه‌خلاقی، كرده‌یه‌كی ئیستاتیكییه، ئه‌و ئیستاتیكایه‌ی كرده‌ی ئه‌خلاقی به‌رهه‌م ده‌هێنێ، تاك به ئه‌ویدیكه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ئیستاتیكایه‌كی ئاوێته بونیاد بنێ، ئیستاتیكای ئاوێته سه‌ره‌تا خود ئاوێته‌ی خود ده‌كات، كه بشێ چاو به خۆیدا بخشێنێته‌وه و ره‌خنه له خۆی بگرێت، به‌ڵام به‌ستێته‌وه‌ی تاك به ئه‌ویدیكه‌وه، چه‌مكی ئیستاتیكای ئاوێته و كراوه به سه‌ر ئه‌ویدیكه به‌رهه‌م ده‌هێنێ، ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ش په‌یوه‌ندی به ئاڵوگۆڕی نێوان خود و ئه‌ویدیكه‌وه هه‌یه و چه‌مكی په‌یوه‌ندی هاوبه‌شی (continuity) لێده‌كه‌وێته‌وه.
فیكر و ئاینده
مۆڕان له كتێبی (فیكر و ئاینده، قسه‌كردن له باره‌ی فیكری ئاوێته) به‌و شێوه‌یه قسه له ساده‌یی ده‌كات و ده‌ڵێت ساده‌یی یان یه‌كێك یان زۆران ده‌بینێ، به‌ڵام نابینێ، كه یه‌ك له هه‌مان كاتدا زۆر پێكده‌هێنێ! با مرۆڤ وه‌ك نموونه‌یه‌ك وه‌ربگرین، مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی بایۆلۆجییه، له هه‌مان كاتدا خودێكی رۆشنبیرییه و له ناو فیكر و زمان و ئاگاییدا ده‌ژی. ئه‌ركی مه‌عریفه‌ی زانستی پشتبه‌ستنه به ویستی ساده‌یی و ویستی ساده‌یی له كه‌شفكردنی ساده‌یی شاراوه‌دایه، ساده‌یی ده‌لاله‌ت له شاراوه‌ی پشت فره‌یی دیار و تێكچوونی دیاری نادیار ده‌كات.
زانایان پێیانوایه به‌ش (الجزی‌و molecule-) یه‌كه‌ی سه‌ره‌تایه، له نه‌سه‌قێكی یان له سیسته‌مێكی زۆر ئاڵۆز پێكهاتووه و ناتوانین له ده‌وروبه‌ری جیای بكه‌ینه‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش تێكچوونی فیزیایی له ناوه‌وه‌ی گه‌ردووندا گه‌شه ده‌كات، ئه‌وه‌ی به گه‌رمی ناوی ده‌بردرێت، له راستیدا ده‌لاله‌ت له ئاژاوه‌ی به‌شه‌كان یان گه‌ردیله‌كان ده‌كات.
گه‌شه‌كردن به‌ره‌و ژیانه‌وه‌ی جۆره‌كانی سرووشت و مردنمان ده‌كاته‌وه… به‌مجۆره له‌ناوچوون و تێكچوون به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان به دوای یه‌كدادێن، وه‌ك ئه‌وه‌ی یه‌كێكیان دوژمنی ئه‌ویدیكه‌یان بێت. هیراكلیتس ده‌ڵێت ئێمه به هۆی مردنه‌وه ده‌ژین، به هۆی ژیانه‌وه ده‌مرین. واته ئێمه به هۆی مردنی خانه‌كانمان زیندوو ده‌بینه‌وه، وه‌ك چۆن كۆمه‌ڵگا به هۆی مردنی تاكه‌كانی زیندوو ده‌بێته‌وه.
فیكری ئاوێته هه‌رگیز روونی و جێگیربوون و حه‌تمییه‌ت ره‌تناكاته‌وه، به‌ڵام ده‌زانی تێڕای ناكه‌ن و هه‌میشه بیرمان ده‌خاته‌وه (له بیرتان نه‌چێ واقیع له گۆڕاندایه، نوێ ده‌توانێ ببوژێته‌وه، ئێمه پێویسته جۆره‌كانی وێرانبوون بیر خۆمان بخه‌ینه‌وه كه دیدی ساده‌یی داهێناوه). پێویسته تێبگه‌ین هه‌ر له رۆژی له دایكبوونه‌وه نابڕوایی و شیانه‌یی به‌شی راستی ژیانی هه‌ر یه‌كێكمانی له سه‌ر بونیاد نراوه، هیچ كه‌س له ئێمه نازانێ دواتر دووچاری چ نه‌خۆشییه‌ك ده‌بێت، یان له ژیاندا چاره‌نووسی به چی ده‌گات، به‌ڵام ده‌زانێ ده‌مرێت، ئه‌گه‌رچی رۆژی مردنی خۆی نازانێت، چونكه مێژوو له سه‌ر كتوپڕی و له ناكاویی و نادڵنیایی وه‌ستاوه…
به‌مجۆره ساده‌یی و كورتبوونه‌وه بۆ یه‌كه‌ی سه‌ره‌تایی جۆراوجۆری مه‌عریفی، وه‌ك گه‌ردیله له فیزیا و خانه له زانستی ژیان و ئاوێته‌بوون له گرامه‌ری زمان… وه‌ك یه‌كه‌ی نه‌شیاوی هه‌ڵوه‌شانه‌وه و یه‌كه‌ی شیاو بۆ ده‌ستبه سه‌رداگرتن و پێوانه‌خوازی هه‌ژموونی خۆیان هه‌یه، سیستمی ساده‌یی، به رێكخستنی گه‌ردوون هه‌ڵده‌ستێ له رێگای كورتبڕی و جه‌وهه‌ری داخراو و جێگیر و پاك و بێگه‌ردی و نه‌مری، كه نه له‌ناوچوون ناس ده‌كا و نه تێكچوون ده‌ناسێ.
فیكری ئاوێته په‌یبردنه به فره‌یی مه‌عریفه، فیكری ئاوێته په‌یبردنه به ره‌هه‌نده‌كانی مه‌عریفه، به‌ڵام یه‌كێك له به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌كانی ئاڵۆزی فیكری ئاوێته، ئه‌وه‌یه كه چۆن ته‌واوی مه‌عریفه‌كان ده‌گوازێته‌وه، ئه‌وه‌ش له بڕوابوون به ناته‌واوی مه‌عریفه‌وه دێته به‌رهه‌م، له نابڕواییه‌وه به‌دی دێت.
كه‌واته ئاڵۆزی چییه؟ مۆڕان ده‌ڵێت ئاڵۆزی له پێكهاته لێكدووره‌كان چنراوه، ئه‌و پێكهاته چنراوانه‌ی كه ناتوانرێت لێكیان بكه‌ینه‌وه، ئاڵۆزی له رووداو و كرده و كارلێككردن و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه و رووبه‌رووبوونه‌وه و كتوپڕی دنیای دیاری ئێمه چنراوه، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی پڕ له نیگه‌رانی، تێكه‌ڵ به‌یه‌كتر بوونه، ئه‌و ئاوێته‌بوونه شیاوی لێكجیا بوونه‌وه و تێكچوون و نابڕوایی نیین، به‌و مانایه‌ش زیندووبوونه‌وه‌ی فیكری ئاوێته هه‌میشه په‌یوه‌سته به نیگه‌رانی و گرژی نێوان په‌یبردن به به‌شه‌كان و په‌یبردن به ناپارچه‌یی و كورت نه‌كراوه‌یی مه‌عریفه، هه‌روه‌ها داننان به كه‌موكوڕی و ناته‌واوی مه‌عریفه‌كان.
مۆڕان ده‌ڵێت خودی ئه‌و نیگه‌رانی و گرژییه ژیانم ده‌جولێنێ، بۆیه هیچ كاتێك ناتوانم خۆم راده‌ستی مه‌عریفه به‌شكراوه‌كان بكه‌م، وه‌ك چۆن ناتوانم هیچ بابه‌تێك له ناوكۆییی و پێشه‌كی و رێچكه‌كه‌ی خۆی داببڕم و دراسه‌ی بكه‌م، هه‌میشه بیر له فره‌یی ره‌هه‌نده‌كانیان ده‌كه‌مه‌وه، هه‌میشه پێموایه حه‌قیقه‌ته قووڵه‌كان ململانێی یه‌كتر ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ی بۆ من ته‌واوه، بۆ ئه‌ویدیكه ده‌شێ پڕ بێت له كه‌موكوڕی. كه‌واته هیچ ناوكۆییه‌ك له یه‌ك ره‌گه‌ز پێكنه‌هاتووه، ناتوانین له هیچ ناوكۆییه‌ك بگه‌ین، ئه‌گه‌ر ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی نه‌كه‌ینه قوربانی، كه‌واته وه‌ك ئه‌وه‌ی مۆڕان بۆی ده‌چێت واقیع په‌یوه‌سته و له هه‌مان كاتدا لێكجیاشه، واقیع ده‌كه‌وێته نێوان ناوكۆیی كراوه و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی، ناسنامه‌ش هه‌میشه به ئاوێته‌یی ده‌مێنێته‌وه.
هه‌ولێر 17/7/2017