Skip to Content

داوای گەڕاندنەوەی هەموو کۆپیەکانی کتێبی سەردەشت عوسمان دەکەین!

داوای گەڕاندنەوەی هەموو کۆپیەکانی کتێبی سەردەشت عوسمان دەکەین!

Closed
by نیسان 22, 2018 General

هەروەکوو ئاگادارن ئێوارەی دوێنێ رۆژی پێنجشەممە (١٩ \٤\٢٠١٨) لەبازگەی بێستانە، ئاسایشی پارتی دەستی بەسەر ٥٤ دانە لەبەرگی دووەمی کتێبی سەردەشت عوسمان داگرت و ئەندامی ستافی ئامادەکاری کتێبەکە ( بەهزاد موحسین) دەستگیر دەکات و بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە ئاسایشی هەولێر دەست بەسەری دەکا و دواتر ئازادی دەکەن.
به‌هزاد موحسین به‌بێ هیچ پێڕاگه‌یاندن و سۆراغێك له‌ لایه‌ن ئاسایشی پارتی ده‌ستگیركراوه‌ به‌ تۆمه‌تی هه‌ڵگرتنی كتێبه‌كه‌ی سه‌رده‌شت. پارتی دیموکراتی کوردستان جارێکیتر ڕاستەوخۆ دژایەتی ئازادی دەربرین و دۆسیەی تیرۆریکردنی رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان دەکات، کە بەرسیارەتی تیرۆرەکە لە ئەستۆی پارتیدایە و بکوژان لەژێر فەرمانڕەوایی ئەو ئازادن.
تا ئێستا کتێبەکان لەلایەن ئاسایشی هەولێر دەستی بەسەرداگیراوە و نەگەڕاندراوەتەوە بۆ ستافەکەی. ئەمە پێچەوانەی هەموو پرەنسیپێکی دیموکراسی و ئازادی دەربڕین و بەیان و بڵاوکردنەوەیە کە خۆیان رۆژانە ئیدعای بۆ دەکەن.
جارێکیتر بەتوندی ئەو کارە سەرکوتگەرانە سەرکۆنە دەکەین و داواکارین سەرجەم کتێبەکان ئازاد بکەن و بیگەڕێننەوە بۆ خاوەنەکەی. پێویستە پارتی دەستبەردارداری ئەو سیاستە چەوتەی بێت، کە بازگەکانی کردۆتە شوێنی دەستگیر و دەستبەسەرداگرتنی شتە تایبەتیەکانی هاوڵاتیانی کوردستان.
لێرەدا جارێکیتر بانگەوازی سەرجەم ئازادیخوازان، ڕۆژنامەنوسان، ڕێکخراوە مەدەنیەکانی دەکەین بەهەڵبڕینی دەنگی ناڕەزایەتی، وەڵامی ئەو سەرکوتگەری و پێشێلکاریە بە ئازادی و مافی تاکی کوردی بدەنەوە. پارتی بەهیچ شێوەک مافی ئەوەی نییە دەست بەسەر مومتەلەکات و کتێبی هیچ کەسێک بگرێت. پێویسته‌ ده‌ست به‌جێ كتێبه‌كان ئازاد بكات و بوونی سه‌رده‌شت وه‌ك سیمبولی ئازادی له‌ هه‌ولێر و كوردستان قبوڵ بكات.
بەردەوام دەبین لەهەوڵەکانمان لە ئاگادارکردنەوەی رێکخراو و ناوەندە نێودەوڵەتیەکانی بەرگری لە ئازادی دەربڕین و بڵاوکردنەوە، نوسەران، رۆژنامەنووسان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ. لەم کارە سەرکوتگەرانەی ئاسایشی پارتی کە سەرتاپا ناکۆکە لەگەڵ سەرەتایترین پڕەنسیپی دیموکراتی و ئازادی و مافی مرۆڤ.
هەر لێرەدا دووپاتی دەکەینەوە، ئەم کتێبە لە تەواوی کوردستان و عێراق و هەموو شوێنیکیتر بەفراوانی و بە تیراژی زیاتر بڵاو دەکەینەوە. سەرکوتگەران خەیاڵیان خاوە بتوانن لە ڕێگای بازگەکان کۆنترۆڵی بیر و مێشکی گەنجان و ئازادیخوازی کوردستان بکەن. هاوکات لە نزیکترین ماوەدا لینکی بەرگی یەکەم و دووەم لەسەر ئەنتەرنێت و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان ڕاستەوخۆ دەخرێتە خزمەتی خوێنەران.

بژی ئازادی دەربڕین!
کۆتایی بێت سەرکوتگەری و پێشیلکردنی ئازادی سیاسی!

ستافی ئامادەکاری بەرگی دووەمی کتێبی سەردەشت عوسمان
ئاسۆس هەردی
بەهزاد موحسین
نیاز عەبدوڵا
بەکر عوسمان
دڵشاد ئەنوەر
دلێر ئەمین

2018-04-20

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish