سێبه‌ره‌كه‌ت په‌یت كه‌ … سمكۆ محه‌مه‌د


له‌هیچ شوێنێك ئۆقره‌ ناگرم
زمان له‌وه‌ته‌ی هه‌یه‌ وه‌كو خۆی به‌ده‌م ئازاره‌وه‌ ته‌جه‌للا ده‌كات
پرسیارێكم هه‌یه‌ جه‌وهه‌ری له‌ سێبه‌ره‌كه‌یه‌تی
به‌ئه‌سپایی بڕۆ
هیچ بیانویه‌ك نه‌ماوه‌ بۆ ژیان .. بۆ گوتن .. بۆ ئاوه‌دانی
ته‌نانه‌ت بۆ ته‌نهاییش.
له‌وه‌ تێگه‌یشتووم كه‌ گریانی به‌كوڵ/ مردوو ناگه‌ڕێنێته‌وه‌
یه‌ك جار سه‌ر له‌قاندن/ هه‌تا سه‌ره‌
ژیان وه‌كو ئاو وایه‌/ كه‌ رێگا ده‌بڕێت/ چاڵ درووست ده‌كا
چاڵی وردوو و درشت
پرسیاری دژوار ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وڵامی نه‌زانی
ژیان وه‌كو مۆرانه‌یه‌/ هه‌موو شتێك ده‌خوات/ ته‌نها خه‌می ماڵ نه‌بێ‌
من ده‌وڵه‌مه‌ندترین ماڵم له‌ مۆرانه‌
له‌ترسی مۆرانه‌ گه‌ركمه‌ بڕۆم / به‌ڵام هیچ جێناهێڵم
باڵنده‌كان به‌ر له‌وه‌ی بفڕن / په‌ڕی خۆیان جێده‌هێڵن
ئینسان به‌رله‌وه‌ی بڕوات/ له‌سه‌ر به‌ردێك دانانیشێ‌ و سێبه‌رێك جێبهێڵێ
كه‌چی ده‌ماغ به‌رزه‌كان هه‌موو شه‌وێك ئاهه‌نگ ده‌گێڕن/ له‌تازیه‌ی خۆشیان ناوه‌ستن
من ئێستا وه‌كو جاران نیم/ خه‌و به‌وه‌وه‌ ده‌بینم كه‌ ئیتر هیچ خه‌ون نه‌بینم/ هیچ خه‌یاڵێك نه‌كه‌م/ هیچ ئومێدێك هه‌ڵنه‌چنم له‌سه‌ربانی وشه‌كانم
من ئێستاكه‌ تیلماسكێك ی دڕكاویم به‌سه‌ر پشتی خۆمه‌وه‌
له‌شێوه‌ی تودا ته‌نها ئه‌لبومێك وێنه‌ شك ده‌به‌م و هیچی تر.
له‌به‌رده‌م قه‌ڵافه‌تی خۆم نه‌بێ‌/ سه‌رم دانانه‌وێنم/ هیچ شتێك له‌سه‌ر من نانیشێته‌وه‌
مادام خه‌ونم نه‌ماوه‌/ واناكه‌م له‌خه‌یاڵمدا شتێك ون بێ‌
واناكه‌م له‌ داخی نه‌فرینی خه‌ڵك و تۆرانی خۆشه‌ویسته‌كه‌م/ تۆڵه‌ بخه‌مه‌ ماڵانی دیكه‌وه‌/ واناكه‌م له‌ترسی سڕبوونی جه‌سته‌ و شڵه‌ژانی مێشك و دڵی ته‌زیوم/ ئاگام له‌ جوانی گه‌ردوون نه‌مێنێ‌، من هیچ واناكه‌م
ترسی ئه‌وه‌م نه‌ماوه‌ كه‌چی رووده‌دات به‌ر له‌رۆیشتنی خۆشه‌ویستی
به‌ڵام له‌دوای رۆیشتنت ده‌ترسم كه‌ نه‌ من ماوم/ نه‌ تۆ
من سه‌یری خۆمه‌
بۆیه‌ نه‌ سه‌یری تۆ/ نه‌ سه‌یری كه‌س ده‌كه‌م
پێمخوشه‌ له‌پێشانگایه‌ك خۆم نمایش بكه‌م/ چونكه‌ كه‌س له‌ترسی سێبه‌ری ئه‌وی تر/ سه‌یری خۆی ناكا
تكایه‌كی ترم هه‌یه‌/ وه‌ختێك كه‌ تارماییه‌كه‌ت به‌لامدا تێده‌په‌ڕێت/ روناكییه‌كی باغه‌یی له‌خه‌یاڵمدا بمێنێ‌/ تینویه‌تیم به‌سێبه‌ری تۆ بشكێت
ترسی ئه‌وه‌م هه‌یه‌ به‌م هه‌موو بێده‌نگییه‌وه‌/ وه‌كو شووشه‌ی مه‌ی به‌ده‌ستی سه‌رخۆشێكه‌وه‌ بم/ له‌بێ‌ ئۆقره‌ییدا له‌ده‌ستت بكه‌ومه‌ خواره‌وه‌
تۆ ئه‌وه‌ باش ده‌زانی/ من هیچ موڵكێك شك نابه‌م / جگه‌ له‌مانه‌
ماڵێكی بچووك و چه‌ند كتێبێكی بچووك و دڵێكی بچووك و خولیایه‌كی بچووك و یاده‌وه‌رییه‌كی بچووك و دونیایه‌كی بچووك و بڕوایه‌كی بچووك و دیزه‌ڵه‌یه‌كی بچووك و مشتێ‌ رازیانه‌ی بچووك و چوارچێوه‌یه‌كی بچووك و نیگارێكی هه‌ڵزه‌قاوی بچووك زیاتر
كه‌ ژیان ئیتر ئه‌مانه‌ی ناوێ‌.
ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێ‌ ئه‌مانه‌ش زایه‌ ده‌كه‌م
ئه‌گه‌ر ناتوانی سه‌رم لێبده‌ی/ وه‌كو من بڕۆ به‌ڵام بێ‌ سێبه‌ر
ژیان غه‌ریبی كردم/ ناچارم رێگای نه‌فره‌تی هه‌ڵبژێرم
ئه‌گه‌ر وه‌كو ئاسیاییه‌كان له‌ رۆژگیراندا نمایشی خۆم بكه‌م و خۆم بدوێنم
هیچ نه‌بێ‌ خۆم نه‌ناس ناكه‌م/ پرسیاری ناماقوڵ ناكه‌م له‌مێژووی خۆم
ئه‌گه‌ر وه‌كو شامیه‌كان بچمه‌وه‌ بن هه‌نگڵی چه‌ته‌كان و ریشم بده‌مه‌ ده‌ست ئه‌وان
واناكه‌م هه‌ر نه‌مناسمه‌وه‌ و له‌سێبه‌ره‌كه‌شم توڕه‌بن
ئه‌گه‌ر بمه‌وێ‌ ئاسمان به‌شینێتی خۆیه‌وه‌ بمێنێته‌وه‌
لێ گه‌ڕێم گوڵی سووریش به‌ئاڵی خۆیه‌وه‌ له‌ناز بكه‌وێ‌
سێبه‌ری خوم له‌ به‌رهه‌تاو جێ ناهێڵم
تۆش سێبه‌ره‌كه‌ت په‌یت بكه‌ و خۆت جێبهێڵه‌