Skip to Content

356 Views

تێڕامانێک لەسەر ھێز لەناو ژیاندا …. سۆران ئازاد

تێڕامانێک لەسەر ھێز لەناو ژیاندا …. سۆران ئازاد

Be First!
by February 10, 2019 General, Opinion, Slider
image_print

وشەکان هێزی هەژێنەریان هەیە و هەر لەبەر هەمان مەبەست ئێمە پێویستە ئاگامان لە خۆمان بێت. وشەکان بە تەنیا کۆمەڵێک پیتی لێکدراو نین، بەڵکو زیاتر لەوەن؛ بیرۆکەن، دیدگان، هزرن، بیرکردنەوەن، فانۆسی دەستی ژیانن بەنێو تاریکیدا و بۆشایی شینی ئاسمانن، لەو کاتەی خۆر بە هێزی ئاگراوی خۆی ژیان دەبەخشێت و ڕووناکی دەخاتە ناو ڕێگای بوونمان. ئێمە نازانین بۆچی مرۆ وشەی داهێنا، بەڵام هەر ئەو ڕستەیە پێمان دەڵێت، کە مرۆڤ وشەی داهێنا. وشەکان نەبان، ئێمە تەنیا ئاژەڵی گیاندار دەبووین، بەبێ ئەوەی هیچ پێوەندییەکی داهێنەرانە بە جیهان و بە یەکتر دابمەزرێنین و هەمان پێوەندیی بمانبەستێتەوە و جیامان بکاتەوە. لەژێر ئەو ڕۆشناییە دایە، کە پێوەندیی بەستن و پەیوەستبوونی بوونمان لە ڕێگەییەوە وەکو خەسڵەتی دانەبڕاوی وشەکان دەمێننەوە.

ئەو داهێنانە هەتا ئێستا درێژ بووەتەوە و درێژیش دەبێتەوە هەتا ناو هەمیشەیی و ناکۆتا، لەو ئاستەی بوون دەکەوێتە ناو قووڵاییە بێ بنەکانی خۆی. هێزی وشەکان تا ڕادەیەکە، کە لە دوای نەمانی کەسی قسەکەر یان نووسەری داهێنەر، دەبن بە تیشکی ڕووناکی و کات و شوێن دەبڕن؛ وەک تیشکی ڕووناکی ئەو ئەستێرە و هەسارانەی ملیۆنان ساڵە خۆیان لەنێوچوون و ڕووناکییەکانیان لەنێو بۆشایی گەردووندا هێشتا ماون و بەرەو شوێنی نادیار لە گەشت دان، تا ڕادەیەک، هیچ تەنێک ناتوانێت ڕێگە لە گەشتەکانیان بگرێت. هەر کەسێک لەسەر زەمین ژیابێت، ژیان و بوون دیاری هێزی وشەکانی پێ بەخشی بێت، خۆی نەک هەر بە تەنیا لەسەر زەوی بینیووەتەوە، نەک بە تەنیا لەنێو هەوا و پانتایی و بۆشایی گەردووندا، بەڵکو خۆی لەنێو ئەشکەوتی ئەندێشەکانیشیدا بینیوەتەوە؛ ئەو ئەشکەوتەی، کە ئەگەر تەواوی ڕێگای دارستانە چڕ و دڕەکان، شاخە سەخت و زنجیرەییەکان، ئۆقیانووسە قووڵ و بێ بنەکان، ببڕین، نایدۆزینەوە، لە هەرە قووڵایی هەرێمەکانی ناو بیرکردنەوە نەبێت. بۆیە گرنگ نییە وشەکان یەکەمجار لەکوێدا دەست بە گەشت دەکەن، بەڵکو ئەوەی گرنگە ئەوەیە، کە بە چ هێزێکەوە خۆیان دەخەنە ناو بوون و تا کوێی هەمیشەیی تیشکی ڕووناکیان دەبن بە نوێنەری بوون. لێرەوە دەبینین نەک بە تەنیا لە ڕێگەی وشەکان مرۆڤ دەتوانێت پێگەیەک لە شانشینی نەمرییدا داگیر بکات، بەڵکو لە ڕێگەی ئەوانیشەوە ڕووناکی داهێنانەکانی بە زیندوویی دەهێڵێتەوە.

دارستانی ژیان چڕە و لەو چڕیەتییەدا مرۆکان خەریکی ژیانکردنن. بەڵام لەپاڵ ئەوەشدا، هەر یەکێک لە مرۆکان نوێنەرایەتی ئەو جیهانە دەکات، کە تێیدا بیر دەکاتەوە. لەو ڕێگەیەوە، جیهانی بیرکردنەوە بڕیار لەسەر ئەوە دەدات، ئێمە چۆن لە جیهانی بەرجەست پێوەندەییەکانمان لەگەڵ یەکتر دادەمەزرێنین یان تێکیان بدەین. لەو جیهانەی تێیدا بیر دەکەینەوە، وزە و هێزە شاراوەکان پێویستیان بەوەیە لە لایەن وشەکانەوە نوێنەرایەتی بکرێن و هەر ئەو نوێنەرایەتییەش ڕاستەوخۆترن چالاکی بیرکردنەوە خۆیەتی.
دەمێکە پێوەندیی بیرکردنەوەی ئێمە بە ژیان نامۆ بووە. لەنێوەڕاستی ڕێگەی ژیاندا، نە دەزانین لە کوێوە بە ئێرە گەیشتووین، نە دەشزانین بەرەو کوێ دەچین. دیارە مەبەستمان لە لەکوێ هاتن و بۆ کوێ چوون لەناو جیهانی بەرجەست نییە، بەڵکو لەناو جیهانی بیرکردنەوەمانە. لەو ڕوانگەیەشەوە و بۆ جارێکی تر ڕێگاگرتن، پێویستیمان بەوەیە پەنا بۆ وشەکان ببەین لەپێناو ئەوەی ئەو جیهانانەمان بۆ بدۆزنەوە، کە بیرکردنەوەی ئێمە هێشتا دەستی پێ نەگەیشتوون، بۆیە غەرقی نامۆیی و ڕووبەڕووی ڕۆژە ترسناکەکان بووەتەوە. ئەو پەنابردنەمان بۆ ئەوەیە وردە وردە کەشتیوانی ژیان، سەرەڕای ئەزموونکردنی مردنی خۆی، کەشتییەکەی لە دوورگەی ژیان، چ بە هێزی سیحراوییەکان بێت، چ بە خۆ-ئاڕاستەکردن، لەنگەر بگرێت و بە مردنیشی، هەموو هێزەکان لەنێو گۆی ژیاندا نوێنەرایەتی مەزنیی بکەن و وەک ڕووناکییەکیش بۆ ژیانی ئەوانی تر بدرەوشێتەوە. بۆ ئەو مەبەستە، سەرەتا وا پێویست دەکات ئەو بەرزەفڕینەی وشەکان سەرکۆنە بکەین و ناچاریان بکەین لەسەر زەمینی ڕاستەقینە و بە کێشە ڕاستەقینەکان دەست بە گەشتی خۆیان بکەن بۆ ئەوەی ئەگەر لەوێوە دەروازەیەک بۆ فڕینی باڵاتر بدۆزنەوە و باڵ بگرن، ئەگەرنا ناچاربن وێستگەی فڕین لە نەبوونەوە دابهێنێت و کەشی باڵابوون بکەن بە نەریتی باو.

****

ئەو مرۆڤەی، کە بوونی هەیە، لە بەردەم بوونێک دایە، کە سەرەڕای پڕیەتی لە ئەگەرە گەورەکان، لەبەردەم ئەگەری کارەساتیش دایە. ئەو ڕەهەندە وەکو هەڵوێستێکی دانەبڕاو لە خودی ژیانی بوونی ئەو مرۆڤە ماوەتەوە، لە کاتێکدا لەژێر سایەی هەبوونی ژیانە، کە کارەسات لە سەرزەمینی نەبوونەوە دێتە بوون . کارەساتەکان دەشێت بە ڕیژەیی ڕێگەیان لێ بگرێت یان دوابخرێن، بەڵام ڕەهەندی کارەسات، کە سەر بە ژیانە، وەکو پێکهاتەیەکی دانەبڕاو بەهەمیشەیی دەمێنێتەوە و لە دواین ئاستیشدا، بە مەرگ و مردن هەڕەشەمان لێ دەکات. هەر بوونەوەرێک، کە خاوەن ژیانە، خاوەن هەموو ئەگەری کارەساتە گەورەکانیشە. بەڵام بەربەستێک، کە ڕێگرە لەوەی ئەو ڕەهەندە بناسین ئەوەیە، کە پێمان وابێت ژیان کامڵ و تەواوە. هەتا ئەو کاتەی ڕووداوەکانی ناو ژیان لە ژیان داببڕێنین، نامۆیی ئێمە لە ئاست ناسینی ژیان وەکو دیاردەیەکی گومانهەڵنەگر دەمێنێتەوە. ئەو نامۆییە وەکو دیوارێک خۆی لەبەردەم ئازادیی ئێمە لە تێگەیشتنی بوونی خۆمان بەرز دەکاتەوە. لە ئاکامدا، چۆنیەتی مامەڵەکردنی ئێمە لەگەڵ ژیان، لە یەکەم شوێندا و بەر لەوەی خۆمان بە هیچ بۆچوون و دیدگایەکی گەشبینانە و ڕەشبینانە ببەستینەوە، بڕیار لەسەر کرانەوەی ئێمە بە ڕووی ناسینی خۆمان دەدات. لەناو ژیاندا، کێشەگەلی هەمەجۆر خۆیان گەمارۆ داوە و بە درێژایی ژیان، خۆیان لە شێوە و ماسکی جیاوازدا دەردەخەن. ئێمە دەشێت لە ئاست ناسینی ئەو کێشانەدا سەرمان لێ بشێوێت، وەکو چۆن دەشێت لە ئاست پرسە گەورەکاندا بێ وەڵام بین. بەڵام ئەو سەرلێ شێوان و بێ وەڵامییە پێ دەچێت نیشانەی پوشکوتنی ئاستی سەرەتایی هۆشیاریمان بێت.

وەکو چۆن ئەو پوشکوتنە سەرەتای ژیانی گوڵێکە، بەو شێوەیە خۆ لکاندن بە سەرلێ شێواوی و بێ وەڵامی، بەبێ خستەنگەڕێ هێز و گوڕوتینەکانمان جاڕی مردنی ئەو هۆشیارییە لە هەڕەتی ساوابوونی خۆیدا لێ دەدات. بۆیە، ناسینی ژیان وەک ئازار یەکێکە لە ڕەهەندەکانی، نەک سەرجەمیەتیی ژیان. ئازار دەتوانێت دەستپێک بێت و لەو دەستپێکەدا، مرۆڤ لە بەردەم ئاوەدانکردنەوەی ئاقارەکانی بیرکردنەوەی بوونی دایە. خۆ-چەقبەستن لە یەک ئاستی ژیان ئاوەدانکردنەوەی ئەو ئاقارە لاوەکیانەیە، کە بەبێ هیچ هەوڵێکیش، ژیان بە هێزی خۆی، ئەو بوونەوەرە بەرەو ڕوویان پەلکێش دەکات. لە کاتێکدا، بۆ ئەوانەی ئارەزوویەکی ئاگراویان بۆ ناسینی بوون و ژیان هەیە، نەک ئەگەرە لاوەکییەکان، بەڵکو ڕووە ئەگەرە نائەگەرەکانیش هەنگاو دەنێن، بۆیان دەچن و ڕووبەڕوویان دەبنەوە. ئەو بۆ چوونە و ڕووبەڕووبوونەوەیە ترسناکە، چونکە مرۆڤ لە دۆخی سەقامگیریی ئێستایدا دادەبڕێت و دەیخاتە بەردەم نادیار. لە ڕاستیدا، ئەوە دابڕاندنی هۆش نییە لە سەقامگیری، بەڵکو ڕاهاتن و خۆ-گونجاندنی هۆشە بەو دۆخەی، کە تێی دایە. وەکو تر، پێویستە ئامانج بریتی نەبێت لە دامەزراندن و گەیشتن بە ئاکامێک، بەڵکو دامەزراندنی تێگەیشتن و دۆزینەوە بێت بۆ ئەو بوونە، کە بیرکردنەوەی ئێمە لە ئاستیدا بێگانەیە. هەر لەو ئاستە دایە، کە ناکۆکی و دژ بەیەکەکان هەڕەشە لە یەکانگیری و باڵادەستی بوون ناکەن. بەڵام بۆ ئەوەی بۆچوونەکان ئاستی بیرۆکەیی خۆیی تێبپەڕێنن، پێویست دەکات لێرەدا تایبەتتر و بنەڕەتیانەتر لە ژیان بڕوانین، تا ئەو ئاستەی ئەگەری تێگەیشتمان لێی، لە سەرووی بۆچوونە بیرۆکەیەکان خۆی لە سەرزەمینی ڕاستەقینەدا بەرجەستە بکات.

یەکێک لە پرسیارە بنەڕەتییەکان ئەوەیە، کە ئێمە چین و کێین؟ چۆن دروست بووین و چۆن هاتووینەتە بوون؟ ئەگەر ئێمە بەر ئەو پرسیارە بنەڕەتیانە نەکەوین، جگە لە کۆمەڵێک ئەگەری تر، یان ئەوەتا واتای وایە، کە ئێمە لەوەی زیاتر پێویستە لێرەبوونمان لەسەر خاکی جیهاندا و لە گۆی هەوا و گەردووندا بە شایستە خۆمان دەبینین، یان ئەوەتا بەلامانەوە ئەو پرسە لەوە بێ بنەما و بێ واتاترە ئێمە بەلایدا بڕۆین.
هەر دەستپێکردنێکیش لەمەڕ ئەو پرسانە، گومڕاکەر و ناپێویست دەبێت، ئەگەر لە بوونی جەستەوە دەست پێ نەکەن، چونکە ئێمە لە جیهاندا بە جەستەوە هەین و بەبێ جەستە، نە ئەزموونی بوونمان کردووە، نە ئەگەری کردنی وەها ئەزموونێک بوونی هەیە. بەڵام، بۆ ئەو دەستپێکە، ئێمە نەک هەر دەگەڕێینەوە بۆ لەدایکبوونی هەر کەسێک، بەڵکو بۆ ئەو دۆخەی، کە بوون تەنیا بیرۆکە یان چەمکە، وەک ئەوەی، کە لە لە نەریتی بیرکردنەوە و ئایینی بوودیزمدا هەیە؛ ژیان، واتە ژیانی مرۆڤ لە چەمک(conception) ەوە دەست پێ دەکات (1). ئەو کاتەی ئێمە دەزانین، کە ئافرەتێک دوو گیانە، ئەوا ژیانی ئەو کۆرپەلەیە لە چەمکی بوونی ئەو دەستی پێ کردووە، بەر لەوەی لەدایک بێت. هەر لە یەکەم ڕۆژی چەکەرەکردنی هۆکردی دروستبوونی ئەو کۆرپەلەیە، بە کارلێکی سپێرم-هێلکە، ژیان هاتووەتە بوون. ئەو کاتەی منداڵ لە دایک دەبێت، نزیکەی ساڵێکی تەمەنی بڕیووە. هۆکاری ئەوە ئەوەیە، کە کۆرپەلە بە ئامادەییەوە دێتە ناو ژیان؛ ئەندامەکانی دروستبوون و جەستەی مرۆڤێکی هەیە. بە واتایەکی تر، ئەو کۆرپەلەیە ئافرێندراوێکی تەواوە بۆ ژیان. لە زۆربەی کەلتوورەکانی تردا، پرۆسێسی ئەو دروستبوونەی کۆرپەلەی منداڵ لەناو سکی دایکدا گرنگی پێ نەدراوە، چ لە لایەنی فەلسەفییەوە و چ لە لایەنی کەلتوورییەوە. وەکو تر، هەر خوێندەوەیەکی تری بوودیزم لەبارەی بوون لەو باسە بەدوور دەگرین، بە هۆکاری ئەوەی، کە بە ناپێویستی دەزانین و لێرەدا دەروازەی زیاترمان بەڕوودا واڵا ناکەن.

ئەو کاتەی کۆرپەلە، یان هێلکەی کۆرپەلە لەناو سکی دایکیدا دەست بە گەشەکردن و دروستبوون دەکات، پرۆسێسەکە لەڕووی زانستییەوە درێژخایەن و درێژە. ئەو کۆرپەلەیە بەردەوام هەوڵ دەدات بمێنێتەوە و زیندوویی خۆی مسۆگەر بکات، بەڵام ئەو پرۆسێسە پێشتر ئامادەکراو و بەرنامە بۆ دارێژڕاوە. من وەکو کەسێک خاوەن پێناسی کەسی و شوناسی چ نەتەوەی یان نێونەتەوەی بێت-م. دیاردەیەکی ئاساییشە، کە خۆم وەکو کەسێکی جیاواز لە ئەوانی تر ببینم. بەڵام ئەو جیاکارییە لە ئاست بوونی بایۆلۆگیی من ناپەیوەستە. بەر لەوەی من کەسێک بم وەک ئەوەی، کە هەم، بە لەدایکبوونم وەکو مرۆڤ، ئەگەری بوونم بەوەی، کە هەم، کە خۆمم، هەیە. ئەگەر لە بنچینەدا من وەکو مرۆڤ لەدایک نەبوومایە، ئەو (من)ە بوونی نەدەبوو، کە ئێستا وەکو ڕاناوی کەسی یەکەم بۆ بوونی کەسیەتیم بە کاری دەهێنم. واتە مرۆڤبوون پێشمەرجی ئەوەیە، کە ئەو (من)ە لە نەبوونەوە بێتە بوون و دووەم ئەو (من)ە ناسنامە وەربگرێت. ئەو پێشمەرجە شتێک بەسەر مندا دەسەپێنێت، کە ئەویش ئەوەیە من وەک مرۆڤێک سەر بە ڕەچەڵک و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیم و هەموو ئەگەرەکانیشم لە چوارچێوەی ئەو ڕەچەڵەکە دایە.
ڕەچەڵەکی مرۆڤبوون لەڕووی بایۆلۆگییەوە لە دۆخی بوونی مندا شتێکی پێشتر ئامادەکراوە. ئەو ئامادەکردنە پرۆسێسێکی لەخۆوە نەبووە و نییە، بەڵکو دەرئەنجامی بڕینی قۆناغی ڕووخێنەر و ئازاربەخشە. بۆ ئەو باسە، (چاڕڵز داروین) لە پەرتووکەکەی (لەبارەی ڕەچەڵەکی بوونەوەر) شیکارییەکی زانستیانەی بایۆلۆگی بۆ دابین کردووین و بەو شێوەیە باسی ئەو پرۆسێسە دەکات:

“هەر بوونەوەرێک، کە بە درێژایی ماوەی ژیانی کۆمەڵێک هێلکە یان توخم بەرهەم دەهێنێت، دەبێت بە درێژایی ماوەیەک لە ماوەکانی بە داڕووخان تێپەڕێت…”(2)
ئەو داڕووخانە، هەر بەپێی دۆزینەوەکانی (داروین) بێت، لەپێناو پەرەپێدانی ئەو ڕەچەڵەکەیە، کە بۆ مانەوە تێدەکۆشێت. ئامانج لەو تێکۆشانە ئازار نییە، بەڵکو مانەوەیە. بەڵام، ئەوە بەو واتایە نایەت، کە پرۆسێسەکە بەبێ ئازارە. وەک خۆی دەنووسێت:
“هیچ ئەندامێک شێوە ناگرێت… بە مەبەستی ئازاردان یان بریندارکردنی خاوەنەکەی.” (3)

ئەو دۆزینەوەیە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات، کە هەم پرۆسێسی تێپەڕاندنی داڕووخان، هەم داینامیکی (هەڵبژاردەی سرووشتی) لە ئامادەکردنی ئەو چەشنە بۆ ژیان، هەرچەند لە ئازاربەدەر نەبێت، لە دژی پێکهاتەی ئەو بوونەوەرە نییە بۆ ژیان. بە واتایەکی تر، ئازار ڕەهەندێکی ڕووخێنەری نییە. لەپاڵ ئەوەدا، ئاماژەدانێکی ڕاستەوخۆیە بەو ڕاستییەی، کە هەر چەشنێک لە بوونەوەر شەڕ بۆ مانەوە و زیندوویەتی دەکات. سەرکەتوویی و شکست لەمانەوەدا وابەستەیە بە یەکێتی و تۆکمەیی هێزی ئەو چەشنە. ئێمەدا دەزانین، کە مرۆڤایەتی بە شێوەیەکی ئامادەکراو بۆ ژیان بوونی نەبووە، بەڵکو بەشێک بووە لەو تێکۆشانە درێژخانە و ملیۆنەها ساڵەی زیندەوەران لە جیهاندا. بەڵام ئەوەش دەزانین، کە ئەوەی ئەمڕۆ مرۆڤایەتی گەیاندووە بەو ئاستەی ئێستا تێکۆشانی بەردەوامی چەشنەکەی بووە بۆ مانەوە. لە هەمان کاتدا، پرۆسێسی ئەو مانەوەیەوە، لە دیدی (داروین)، هاوپەیوەستە بە پەرەسەندن (evolution). تێکۆشان لەپێناو مانەوە هەر بە تەنیا زەمینەی مانەوە خۆش ناکات، بەڵکو ئەو تێکۆشانە لە ئەنجامدا پەرە دەسێنێت. ئەو پەرەسەندنە بە گۆڕانی هێواش و یەک بە دوای یەک زنجیرە دەگرێت. تا ئەوەی ئاستی تێکۆشانی ئەو چەشنە بڕیار لەسەر پێکهاتە سرووشتییەکەی و هەڵگەڕاندنەوەی (transmutation) دەدات.
لەبەر ئەوەیە لە گۆی ژیان (bio-atmosphere )، چەشنی مرۆڤ توانیوویەتی بۆ ئاستێکی باڵا پەرەبستێنێت.

لێرەدا، من نامەوێت ئاڕاستەی باسەکە بەرە خوێندنەوەیەکی زیندەوەرزانیانە بۆ بوونی مرۆڤ بەرم، بەڵکو دەمەوێت باسەکە سەبارەت بە هێزی مانەوە ئاڕاستە بکەم. گومانی تێدا نییە، کە خودی تێکۆشان و هەوڵدان بۆ مانەوە پێویستی بە هێز هەیە. ئەو ‌هێزە چ ڕاستەوخۆ بێت، بەو واتایەیە، کە ئەو چەشنە بە کردەی ڕاستەوخۆ هەوڵی مانەوە دەدات، چ ناڕاستەوخۆ، بەو واتایەی، کە ژینگە و ئەو هۆکارانەی، کە ئەو چەشنە لەبارەیانەوە هۆشمەند نییە، گوزاشت لە پێکهاتە شاراوەکەی ئەو هێزە دەکەن. مەبەستمان لە هەوڵی ناڕاستەوخۆ و ناهۆشمەند ئەوەیە، کە مەرج نییە ئەو چەشنە هۆشمەندانە یان بە ڕاستەوخۆییەوە بۆ مانەوە تێبکۆشێت. بۆ نموونە، کە ئێستا من دەنووسم، بێئاگام لە هەزاران پرۆسێسی زیندەوەرزانیانە، کە لە لەناو جەستە و دەورووبەرووی من ڕوو دەدەن. من دەزانم، کە ئەو خواردنەی خواردوومە، ئەگەر تەندروست بێت و سیستەمی هەرەسکردنی جەستەشم تەندروست بێت، لە جەستەمدا هەرس دەبێت، دواتر ئەوەی ناپێویستە دەبێت بە پاشماوە. دەشزانم، کە جەستەی من بەردەوام لە هەوڵی مانەوە دایە و بۆ ئەو هۆکارە میکانیزمی بەرگری لە دژی مەترسییەکان بەکار دەهێنێت. بەڵام من ئاگام لێ بێت، یان بزانم و نەزانم، جەستەی من بەو ئەرکە هەر هەڵدەستێت.

یان بۆ نموونە، لە دەرەوەی جەستەی مندا، گۆڕانی بەردەوام ڕوو دەدەن. ئەگەر هەوای دەرەوە ژەهرای بێت، لەناوچوونی من ئەگەری زۆرە. ئەو دارەی بەردەمم، بەبێ ئەوەی من ئاگام لێی بێت، لە ڕێگەی پاککردنەوەی هەوا خزمەت بە مانەوەی ژیان دەکات. لە ئاکامدا، هۆکارە ناڕاستەوخۆکان هێزێکی گەورە و بنچینەیان لە مانەوەی من و ئەوانی تر وەک مرۆڤ، لەگەڵ زیندەوەر و گۆی ژیان هەیە. لەو ڕووەوە، ئاگامەندی ئەو گەنجینە شاراوەیە نییە، کە وەکو بنەڕەت بۆ بوون داندراوە.
هێشتا، هێزێک هەیە لەناو مرۆڤدا، کە ڕاستەوخۆ بۆ مانەوە و پەرەسەندن تێدەکۆشێت. بە واتایەکی تر، هێزێک هەیە، کە بەردەوام دەیەوێت هەلومەرج و دۆخەکانی خۆی بگۆڕێت. ئەو هێزە دەتوانێت هێزی خۆی لە دژی خۆی بە کار بهێنێتەوە. مرۆڤایەتی بە قۆناغی سەخت و هەژێنەری زیندەوەرزانیانە تێپەڕێوە. جگە لەوە، توانیویەتی هەلومەرجەکانی خۆی بگۆڕێت بۆ ئەوەی ئاسایش بۆ مانەوەی خۆی بەهێزتر بکات. هەر لە ژیانێکی ئاژەڵانەی بە کۆمەڵ، لە سەردەمی ڕاو و کۆکردنەوە و ژیان لە ئەشکەوتدا، هەتاوەکو بونیادنانی خانوو و بە ماڵیکردنی ئاژەڵان و کوشتوکاڵ. ئێمە دەزانین، کە تێپەڕاندنی ئەو هەلومەرجانە پێویستی بە هێزە، چونکە بەبێ هێز، نەکردەیە مرۆڤ بتوانێت دۆخەکان تێبپەڕێنێت و بگۆڕێت.

لێرەدا، شیکارییەکەی (میشڵ فوکۆ) یارمەتییەکی گەورەمان دەدات بۆ ئەوەی بتوانین هێز لە دۆخە جیاوازەکاندا ببینین و بیخەینەر بەر ڕۆشنایی باس. ئەگەرچی دەستەواژەی (هێز-power)، لە زۆر نووسینی کوردیدا، بە نووسینەکانی پێشووی خۆشمەوە، بە (دەستەڵات) وەرگێڕدراوە، بەڵام وەرگێڕانە دروستترەکە، (هێز)ە. دەستەڵات فۆڕمێکی ‌هێزە. بە پێناسەکەی (ماکس ڤیبەر) بێت، (دەستەڵات-authority ) هێزێکی ڕەوایەت پێدراوە. دەشێت هێزێک خاوەن ڕەوایەت (legitimacy) نەبێت، بەڵام ڕۆڵی ناڕەوایەتداری خۆی لە گۆیە جیاوازەکاندا بگێڕێت. هەرچی دەستەڵاتی خاوەن ڕەوایەتە، دەتوانێت ‌هێز وەکو کەرەستە، بۆ نموونە ملکەچکردن (coercision) بە کاربهێنێت.(4) دیارە لێرەدا مەبەستمان زیاتر لە دەستەڵاتی دەوڵەتە و حومکڕانییە. (فوکۆ)، بە پێچەوانەوە، لە هەرە ڕەگ و داینامیکی هێز دەکۆڵێتەوە. لە دیدی ئەو، هێز ناکرێت لە سیستەمەکانی دەوڵەت، دامودەزگا، کۆمەڵە و تاکەکان کورت بکرێتەوە، چونکە ‘هێز لە هەموو شتێکەوە دێت’ و لە هەموو لایەک و دیوەکانی کۆمەڵگە هەڵدەستێت، کە وای لێ دەکات پێکهاتەکەی ئاڵۆز بێت. تەنانەت بەکارهێنانی وشەی (هێز)یش، لە دیدی (فوکۆ)، ئاماژەدانە بەو ‘دۆخە ئاڵۆزە ستراتیژی’یانەی لە کۆمەڵگەدا هەن.(5) بەکارهێنانی هێز، بە نەرێنی و ئەرێنی لە ناوەڕۆک و گرنگییەکەی کەم ناکاتەو، لەکاتێکدا، هەردوو بەکارهێنانەکە گوزارشت لە یەکانگیرییە باڵاکەی ‌هێز دەکەن. لەوە زیاتر، (فوکۆ) پێی وایە، کە هێز فاکتۆرەکانی دەستەڵات دروست دەکات.

(6) ئەو فاکتۆرانە رۆڵی ئەوە دەگڕێن، کە ئێمە چۆن ڕاستەقینە یان واقیعی ژیانی تاکی و کۆمەڵایەتی خۆمان ببنین، کە بە هۆی ئەو زانینەی لە پێکهاتەی بەرهەمهێنانەکەیدا دێت، شێوە دەگرێت. بە واتایەکی تر، ئەو زانینەی، کە ڕەگەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دیوی بەرهەمهێنانی هێز بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن، کە ئێمە خاوەن چ جۆرە دیدگایەک بین بۆ ڕاستەقینە یان واقیع (7) و چۆن جارێکی تر لە ڕێگەی ئەو دیدگایانەوە، هەم پێوەندییەکانی خۆمان لەگەڵ ڕاستەقینە دابمەزرێنین، هەمیش پێوەندییەکانی ڕاستەقینە یان واقیع بخەینە ئاستی تێگەیشتینمان. لە ئاکامدا، (فوکۆ) مامەڵە لەگەڵ هێز دەکات، کە لە لایەکەوە ئاماژەدانە بە پێوەندییە ئاڵۆزەکانی مرۆڤ وەک بوونەوەر، لە لایەکی ترەوە گواستنەوە و ستراتیژە جیاوازەکانی هێزە بەپێ ئەو سیستەم و پێوەندیانەی هێزی تێدا پێ بە کار دەهێندرێت. هێز نەک هەر بڕیار لەسەر کایەکانی ژیان دەدات، بەڵکو لە ڕێگەی لایەنی زانینییەوە ئێمە ناچار دەکات بەو شێوەیە ڕاستەقینە یان واقیع ببینین، کە خۆی دەیخوازێت. وانەبێت، هەمیشە سەرکوتکردن کەرەستەی هێزە، لە کاتێکدا خەسڵەتی زگماکیەتی.

(فوکۆ) لە شیکارییەکەی لەبارەی هێز پەنا بۆ (فریدریک نیتچە) دەبات. ئەو پەنابردنەی هۆکارێکی زۆر بنەڕەتی هەیە. لە کاتێکدا زۆربەی فەیلەسووفەکان شیکارییەکانیان لەبارەی هێز لەسەر لێکۆڵینەوە لە دەستەڵات و دەوڵەت، یان جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوەکان دەست پێ دەکەن، (نیتچە)، بە پێچەوانەوە، مامەڵەکردنەکەی لەگەڵ هێزدا لە ئاستە هەرە پەتیەکەی دایە. (نیتچە) هێز بۆ ڕەسەنیەتی خۆی، کە ناوەوەی بوونی مرۆڤە، دەگەڕێنێتەوە. بۆیە نووسینەکانی ئەو، ئەگەرچی بووەتە سەرچاوەی گەورە بۆ زۆرێک لە فەیلەسووفانی بواری ڕامیاریش، هێشتا ناتواندرێت بخرێتە هیچ چوارچێوەیەکی ئایدۆلۆگی. هۆکاری ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، کە لە لایەک (نیتچە) گشتگیرانە مامەڵەی لەگەڵ هێز کردووە، لە لایەکی ترەوە، لە کڕۆکی هێز، لەو دۆخەی، کە هێز هێشتا هیچ جۆرە پێوەندییەکی ستراتیژی لەگەڵ دنیای دەرەوە دروست نەکردووە، دەکۆڵێتەوە. (نیتچە) هیچ جۆرە ناکۆکییەک بەرانبەر بە دۆزینەوەکانی (داروین) تا ئەو کاتەی باسەکە پێوەندیی بە ڕاستییە زانستییەکانەوە هەیە، پێکناهێنێت. بەڵام، ناکۆکییەکانی (نیتچە) لەو کاتەدا دەست پێ دەکەن، کە (داروین) دیدی وایە مانەوە ئامانجی تێکۆشانی بوونەوەرانە.

(نیتچە)، بە پێچەوانەوە، پێی وایە بوونەوەران بۆ مانەوە نا، بەڵکو بۆ هێز تێدەکۆشن.(8) جگە لەوەی، کە هێز و ویستی هێز لە هەرە بنەڕەترین ئەو چەمکەیە، کە (نیتچە) لە کارەکانیدا پێداگری و پەیڕەوی کردووە، خوێندنەوەی گشتگیرن بۆ چالاکییەکانی مرۆڤ لەسەر گۆی ژیان. ئەو چالاکییانە نەک بە تەنیا بەرانبەر بە ژیانی ڕۆژانەیە، بەڵکو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی (گەڕانەوەی هەمیشەیی) و لەژمارنەهاتووە بۆ ناو گۆی ژیان و هەمان دۆخ و ساتەکان. بۆیە باسی هێز نەک بە تەنیا لە خۆ-سەپاندن بەسەر جیهانی دەرەوەدا کورت نابێتەوە، بەڵکو زاڵبوون و گەشە ناوەکییەکان، کە پێوەندییان بە ژیانی ڕۆژانە و چارەنووسی ئەو بوونە هەیە لەنێو تۆڕی گەڕانەوەی هەمیشەییدا، دەبن بە دەرکەوتە و ڕۆڵەکانی هێز. لەو ڕوانگەیەوە، هێز ناوەکییە و لە ناوەوە سەرچاوە دەگرێت، لە لایەکەوە هەم بۆ زاڵبوون و بەربڵاوکردنی هەژموون بەسەر جیهانی دەرەوەدا، لە لاکەی ترەوە، بۆ بەردەوام خۆ-تێپەڕاندن و زاڵبوون. ئەو پرۆسێسە بەردەوام دەبێت و پێویستە بەردەوام بێت تا ژیان دەگات بە پڕیەتی؛ لەو شوێنەی خۆ لە بەرزاییەوە ئازادانە و خۆزاڵبووانە دەڕوانێتە ژیان، وەک تێڕامانی شاخەوانێک لەسەر لوتکەیەتی بەرز و نیگا خستنەسەر ئەو هەورانەی بوونەتە ئاسمان بۆ دۆڵە نزمەکان و تەم بۆ ڕوانینی ئەو. لێرەدا، هێز ئاڕاستەکردنی ژیانە بەرەو پڕیەتی و کامڵیی خۆی. مەبەستمان لەو پڕیەتییە ئەو دۆخە و ئاستەیە، کە کەسێک لە ژیاندا پێی گەیشتووە. ئەو پێگەیشتنە هەوڵێکی ئافرێنەرانەیە، چونکە لەو هیچیەتی بوون، ئەو کەسە شتێک یان ئاستێکی ئافراندووە، کە بوونی ئەو کەسەی پڕ کردووە لە ویستی ژیان. ئەو ویستە دەرئەنجامی جووڵاندن و ئاڕاستەکردنی داهێنەرانەی هێزی بوونە. گرنگ نییە ئێمە لە چ هیچیەتییەکەوە هاتووین، بەڵکو ئەوەی گرنگە ڕۆڵگێڕانێکی داهێنەرانە و باڵایانەیە لەناو یەکانگیرییەک، کە بوونە و لە بوون دایە.

بەڵام زۆرن ئەوانەی خۆیان لە ویستی ژیان بێ بەش کردووە. نەک هەر ئەوە، بەڵکو ئەو جیهانە ڕاستەقینەی ئێستا وەکو کاروانسەرایەک دەبینن بۆ گەیشتن بە جیهانێکی دی. ئەوەیش وایکردووە هەڵوێستێکی ڕووخێنەرانەیان بەرانبەر بە ژیان و مرۆڤایەتی و جیهان هەبێت. وەک تۆڵەیەک لەو خاڵیبوونە لە ویستی ژیان، پەنا بۆ دۆگما و باوەڕی چەقبەستوو و سواو دەبەن. بەڵام چونکە تامەزرۆی پڕیەتی ژیانن، وەها ژیان دەبەخشن بەو باوەڕە چەقبستوو و سواوانە، وەک ئەوەی ڕاستی ڕەها و گومانهەڵنەگر بن. لە هەمان کاتدا، بیرۆکە و دیدگاکانیان ڕووخێنەرانەیە بەرانبەر بە ژیانی ڕاستەقینە و بەرجەست. ئەو نەریتە بە درێژایی ژیانی مرۆڤایەتی هەبووە و هەیە.
ئەو کەسانە کێن و بۆچی هەڵگری وەها دیدێکن بۆ ژیان؟ وەڵامەکان زۆرن، بەڵام یەکێک لە وەڵامە ناوەڕۆکدارەکان ئەوەیە، کە هێزی ئەو کەسانە لە تێکدانی ژیان دایە، ژیانێک، کە شایستەی ژیانکردن نییە. بە واتایەکی تر، ئەگەر ئەو دیدگا و بۆچوونانەیان بۆ ژیان نەبێت، توانای ئەوەیان نابێت بەردێکیش بخەنە ناو قووڵایی دەریای ژیان. ئەو کەسانە بە هۆکاری جیاواز وەها نەریتێکی بیرکردنەوە دادەهێنن. لە پەرتووکی (کازیوەی یەزدان)، (نیتچە) نموونەیەکمان بۆ دابین دەکات، نموونەی (سۆکرات). وەک دەزانین، کە (سۆکرات) بە سوپاسگوزارییەوە جامی ژەهرەکەی خواردەوە و ڕووەو مردن ڕۆیشت. تەنانەت مردنی خۆی وەکو چارەسەری نەخۆشیی ژیان بینی. (نیتچە) هۆکاری ئەوە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی، کە (سۆکرات) لەناو کۆمەڵگەکەی خۆیدا پێگەیەکی بایەخدار و گرنگی نەبوو؛ لەناو خەڵکدا، گاڵتەی پێ دەکرا، چونکە ڕوخساری ئەو ناشیرین بوو.

بە دیدی ئەو، کەلتوورناسەکان و لەنێویشاندا تاوانبار ناسەکان پێیان وایە، کە زۆربەی تاوانبارە ترسناکەکان، کەسانی ڕووخسار ناشیرینن. (نیتچە) ئەو گوزارشتە لاتینییە بۆ ئەو دیاردەیە بە کار دەهێنێت، “ڕوخسارێکی دڕندە، گیانێکی دڕندە.” لە هەمان کاتدا، زاراوەی قسەکردنی (سۆکرات) لای ئەسیناییەکان مایەی گاڵتە بوو. بەشێکی زۆری گوێگرتن لە (سۆکرات)، لە دیدی (نیتچە)دا، دەگەڕێتەوە بۆ ویستی فزوڵیانەی ئەسینیەکان سەبارەت بەو میکانیزمانەی (سۆکرات) بە کاریان دەهێنێت بۆ بەرگەگرتنی گاڵتە و سوکایەتییەکان.(9) خوێندنەوەکەی (نیتچە) سینیکاڵانەیە، یان بە واتایەکی تر نەگریسانەیە، بەڵام ئەو خوێندنەوەیەی (نیتچە) فێرمان دەکات، کە سەیری ژیان و سەربوردەی ئەوانە بکەین، کە فێری ئەوەمان دەکەن ژیان بە بێ بەها و هیچ وەربگرین. بە واتایەکی تر، (نیتچە) هۆکار و پاڵنەرە شاراوەکانی ئەو نەریتە بیرکردنەوەیە دەدۆزێتەوە و لە ئاست دوو ڕووییەکان ئاگادارمان دەکاتەوە. وەکو تر، (سۆکرات) توانیویەتی ببێت بە ڕێبەرێکی گەورە، ئەویش بەو نەریتە جیاوازانەی بواری بۆ لەدایکبوونی فەلسەفەی سیستەماتیکی ڕەخساند. نەک هەر ئەوە، بەڵکو پەرەپێدانی نەریتی دایەلۆگ بەر لەوەی حوکمێک هەر لەخۆوە بدرێت، وەکو داهێنانێکی پڕشنگدار لە جیهانی بیرکردنەوەدا درێژ بووەتەوە و ئاقاری گەورەی بیرکردنەوەی ئاوەدان کردووەتەوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە سینیکاڵەکانی (نیتچە)یە، هەڵوێستی نەرێیانەی (سۆکرات)ە بەرانبەر بە ژیان، کە ڕەگ و ڕێشەی خۆی هەیە و بەبێ خستنەبەر باسی ئەو هۆکردانە، نەکردە دەبێت ئێمە لەو جۆرە هەڵوێستانە تێبگەین، کە بیرکردنەوە و دنیابینی ئێمە سنووردار دەکەن و هێزە گەورەکان یان لەناو دەبن.

دامەزراندنی گوتاری ڕەها دژ بە ژیان دەشێت میکانیزمێکی باشی ئەو کەسانە بێت، کە توانای ئاوەدانکردنەوەی ئاقارە گەورەکانی بیرکردنەوەیان نەبووە، بەڵام گواستنەوەی بۆ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، یان هەلومەرجدارکردنی بیرکردنەوەی ئەوانی تر بۆ ئەوەی ژیان لە چوارچێوەی هەمان ئەو دیدگا سنووردارە ببینن، لەپێناو ئەوەی بە ڕاکێشانی ئاگایی ئەوانە بەرەو ئەو دیدگایانە هێزی گوتارەکەیان یان پێگەیان بەهێزتر بێت، بەکارهێنانی بیرکردنەوەی ئەوانی ترە وەکو کەرەستەیەکی کەسی. هەمان بەکارهێنان ڕەگەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ویستە خۆپەرستییەکان. ئەوەیش وا دەکات ئەو کەسە خاوەن هەمان ئەو گوتارە بێت، کە دژ بەرەو پێشچوونی ڕەچەڵەکی مرۆڤایەتییە. کەسێک لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی هاتبێتە دنیا، جەستە و ژیانێکی مرۆڤانەی هەبێت، خاوەن زمان و کەلتووری مرۆڤایەتی بێت، بە گشتی هیچ شتێکی نەبێت لە دەرەوەی بوونی مرۆڤ بێت و بۆ هێز تێبکۆشێت، وەک هەمیشە، ئەوەی لە مێژوودا بۆ ئەو مەبەستە کراوە و دەکرێت، بە کراوەیی دەیانگرێتەبەر و لەو گرتنەبەر، یان لەناو دەچێت، یان ناچار دەبێت سازش لەسەر هەندێک لە ویستەکانی بکات، یان دەبێت بە خاوەن هێزی گەورە و هەژموونی. بەڵام، ئەگەری تریش ئەوەیە، کە ببێت بە کەسێک دژ بە ژیان. وا پێدەچێت، کە مرۆڤ بەرگەی پەراوێزخستن نەگرێت، بۆیە بەدوای دەرچەی جیاوازدا دەگەڕێت تا ئەو بەرگەنەگرتنە پڕ بکاتەوە.

تەنانەت پەنابردنیش بۆ ئایین لە زۆربەی دۆخەکاندا دووبارە بۆ تێکۆشانە بۆ هێز، بەڵام بە زانینی جیاوازتر. هیچ ئایینێک نییە لە ڕێگەی زانینەوە هێزی دەست نەخستبێت و لە ڕێگەی هێزەوە زانینەکەی نەچەسپاندبێت. وەک (فوکۆ) بۆمان شی دەکاتەوە، هێز ئەو زانینە بەرهەم دەهێنێت، کە دەیەوێت باڵادەست بێت بەسەر دیدگای ئەوانی تر بۆ ڕاستەقینە و ژیان. هیچ زانینێکیش ناتوانێت بەردەوام بەرگری لە مانەوەی خۆی بکات، ئەگەر بەردەوام هەوڵی پاراستن و بەهێزکردنی خۆی نەدات.(10) بابەتەکە ئەوە نییە چ ئایینێک ڕاستە، بەڵکو چ ئایینێک بەهێزە. لە چوارچێوەی ئەو جۆرە زانینانە دایە، کە ئێمە دنیابینی خۆمان دادەڕێژینەوە. بەڵام لە چوارچێوەی هەمان زانینیشە، کە ئەو کەسانە چاوەڕێی ئەوەن خوداوەند بێتە خوارەوە، نەک بە تەنیا هەموو کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکات، بەڵکو ببێت بە خزمەتکارەی یەک بە یەکی تاکەکان. ئەو بۆچوونەیش، ئەگەر فوکۆیانە لێی بڕوانین، دووبارە دەرئەنجامی ئەو زانینەیە، کە باڵادەستە. لەو ڕوانگەیەوە، ئەگەر مرۆڤ بیەوێت بگەڕێت بە دوای ئەو هێزانەی لەدەستی چوون و نەماون، پێویستە بەر لە هەر شوێنێک ڕوو بکاتە ناو ئەو ئەشکەوتەی، کە لەناو هۆشی خۆی دایە، بۆ ئەوەی بزانێت ئەوە چ سەرچاوەیەکە دزەی کردووەتە ناو ئەشکەوتی بیرکردنەوە و ئەندێشەکانی و بەردەوام هێزە گەورەکانی لێ دەبات. دەشێت ئەو دزەی هێزەکان دەبات بەردەوام بە ترس و تۆقاندن هێزەکان ببات، یان دەشێت خۆشباوەڕی و باوەڕی سواو بێت، یان دیدی لاواز بەرانبەر بە پرسەکان و خۆ-سنووردارکردن لەپێناو کۆمەڵێک ئاسایش و مانەوە. هەر شتێک بێت، بێگانەبوون لەناو ماڵی خۆتدا، کە بوونی خۆت بێت، لەناو خاک و ژینگەکەتدا، لەناو ئەشکەوتی پڕ گەنجینەی بیرۆکە و ئەندێشە داهێنەرەکانتدا، مردنە، بەر لەوەی مردن گەیشتبێت.

****

کەس نازانێت بۆچی کاتێک بەلای ڕووباڕێکدا تێدەپەڕین، یان کاتێک ڕووبارەکە بەلاماندا تێدەپەڕێت، یان هەردووکی لە یەککاتدا و هیچیان لە هیچ کاتدا، ناپرسین، کە ڕووباری مەزن لە کوێوە بۆ کوێ دەچێت. ئێمە دەزانین، کە ئەو ڕووبارە سەر بە نیشتیمانی ئاوە؛ لە هەرە پێکهاتە گەورەکەیەوە بگرە بۆ بچووکترین پێکهاتە، کە بوونی ئەو پێک دەهێنن. هەر بڕێکیش لە ئاو خاوەن پێکهاتەی ئاوبوون بێت، گرنگ نییە چەندە جیاواز بێت و سەر بە چ شوێنێکی تر بێت، کاتێک لەگەڵ بڕێک ئاوی تر تێکەڵ دەبێت، جگە لە پێکهێنانی یەکانگیرییەکی گەورەتر لە بڕدا، ساتی یەکگرتنیان ئەزموونی هیچ بەرەنگارییەک ناکات. یەکێک لە بنەما بنەڕەتییەکان دەشێت ڕاهاتنی ئاو بێت بە بەردەوام خۆ-گواستنەوە لە مردن و ژیاندا بۆ دۆخ و شێوەی تر؛ لە دەریاوە بۆ هەڵم، لە هەڵمەوە بۆ هەور، لەوێشەوە بۆ بەفر و باران و تەرزەبارین لە سەرزەمین و سەرئاوی جیاوازتر لە شوێنی ڕەسەنی خۆی، یان تێکەڵبوون بە خاک، یان دەستپێکردنی گەشت بەناو لەشی بوونەوەران و بەردەوامیدان بە ژیانی کۆمەڵێک پێکهاتەی جیاواز و ڕووخاندنی کۆمەڵێکی تر. بەناو هەموو ئەمانەدا، ئاو لە ئەزموونی بەردەوامی ژیان و مردن دایە. لەبەر ئەوەی خۆی بەردەوام لەو ئەزموونە دایە، کەس ناتوانێت گلەیی لە ئاو بکات، کاتێک کەسێک لەناو دەبات، یان ئێمە ناتوانین دادگایی ئاو بکەین و کردارەکەی بە خراپە دابنێین، چونکە ئەو هاوکێشەیە لە دەرەوەی بوونیەتی. ڕوانینێک، کاتێک دەکەوێتە سەر گەشتی ڕووبارێک، دەشێت ملیارەها چیرۆکی بۆ گێڕانەوەی سەربوردە و ئەزموونە جیاوازەکان هەبێت. ئێمە دەزانین لەناو ئەو کاتە بێکۆتاییەی ژیان، لەناو لەژمارنەهاتووی مێژووی ژیان، ئەو ڕووبارە لەو دۆخە و شوێن و کاتەدا، بە تەنیا یەکجار لەو دۆخە دایە و خاوەن ئەو یەکێتییە گەورە و یەکانگیریی بڕی جیاوازی و نەبیندراوی خۆیەتی. ئەو ڕوانینەش، لەناو بێکۆتای کات و بووندا، یەکجار و دواجار سەرنجی دەچێتە سەر ئەو گەشتەی ئاو لەناو ڕووبارەکەدا.

هەموو گەشتەکان، هەموو ڕوانین و ساتەکان، هەموو ڕۆیشتن و تێپەڕبوون و مانەوەکان، هەمووی بە تەنیا یەکجار و دواجار ڕوو دەدەن. هێشتا زنجیرەی دووبارەبوونەوە لە دۆخ و ساتی جیاوازدا، ئەو سات و دۆخە تەنیایانە دەخاتە ناو یەک یەکێتیی باڵا و لەخۆگر، بەڵام نەک بەو واتایەی لە تایبەتمەندییە تاقانەکانی خۆیانیان داببڕێت. ژیان هەمیشە و بەردەوام پڕیەتی لەو ساتە تاقانەیانە، کە ئەگەرچی وا دەردەکەون، کە دووبارە بن، بەڵام هیچ کات هەمان پێکهاتە و بڕ نین و هەمیشە پەیامی زیندوو و پڕ لە ژیان و مردنیان پێیە؛ ناگرنگ لەوەی ئێمە هەستی پێ دەکەین، یان ئاگاییمان دەچێتە سەریان یان نا، هەن و دەبن و نابن. ئەو خستنەگەڕییە بنەڕەتییە و هاوتاگیرییە نەبێت، لە قووڵاییە نەزاندراوەکانی نەبوون؛ لەو شوێنەی ئاگایی یان بوونی نییە، یان بۆ هەمیشە کوژاوەتەوە، هیچ شتێک و هەموو شتێکیش، جگە لە هیچیەتی، ڕووەو و لەناو هیچ کوێیەک نییە.

ژیان بەخشین و بە زیندوویەتی هێشتنەوە خەسڵەتی بنەڕەتی ئاوە. لە هاوینێکی گەرم و پڕوکێندا، کاتێک خۆر بە بڵاوەپێکردنی باڵەکانی زەردەپەڕ بەسەر ئاسماندا نیشانەی تەواوبوونی ئەرکی ئەو ڕۆژەی بەسەر ئەو خاک و زەویەدا دەدات، بۆ جووتیارێک، ئەوە گونجاوترین کاتی ئاودانی ڕەز و باخەکەیەتی. بۆیە دەشێت بڕوات بۆ بەردانەوەی ئاو بەسەر ئەو خاکەی لە گەرماییدا زەرد هەڵگەڕاوە و وشک بووە. ئەو کاتەی جۆگەلەکە دەست بە گەشتی خۆی بۆناو ڕەز و باخەکە دەکات، یەکەمجار خاکی تولە ڕێگەکەی تەڕ دەکات، وەک ئەوەی ژیان بخاتە بەر شتێکی بێ گیان. ئەو بڕە ئاوە بەردەوام دەبێت تا شەتڵ و بن داری هەموو بەروبومێک تەڕ دەکات و دەچێتە ناو ڕەگ و خانەکانیان. گەشتی ئەو ئاوە نە لەوێوە دەست پێ دەکات و نە لەوێشدا کۆتایی پێ دێت؛ ئەو بڕە ئاوە دەبێت بە بەشێک لە ژیان ئەو بەروبومە و خاکە. ئەو ئاوە لە سەرچاوە و شوێنی دییەوە دێن و گەشتەکانیان هەمیشە بۆ یەکانگیرییەکی باڵاترە. دەشێت دەریایەک ببێت بە سەرچاوەی تێکەڵبوونی چەندین ڕوبارە و جیابوونەوەی چەندانی تر بە تەنیا بۆ بەردەوامیدان بە ژیان، بەڵام هەموو ئەوانە سوڕی ژیانن. هەر بۆیە، کەس هێندەی جوتیار دڵی بە وشەکەساڵی و بێ بارانی تەنگ نابێت، چونکە ئەو دەزانێت ڕەز و باخەکەی پێویستی بە ژیانە. ئەو دڵتەنگبوونە لەهەرە قووڵاییەکانی خۆشەویستی و خەمخۆری ئەو جووتیارە بۆ ژیانەوە دێت. لێرەدا، ویستی زیندوویەتی و ژیان نەک خۆڕسکێکی ئاژەڵیانە نییە، بەڵکو ڕەهاترین ئامانجە لە خۆیاندا. هەر ئەوەش بەسەرمان دەسەپێنێت، کە ژیان پێویستە بەردەوام بێت تەنانەت دوای ئەو کاتەیشی کە ملیۆنان سەدە بەسەر نەمانی ئێمە تێپەڕیون، وەک تێپەڕبوونی یەک نیگا بۆ یەکەمجار و دواجار بەسەر شتێک، کەسێک، یان ڕووداوێک، کە هێزی ئەوەی هەبێت لە ئاگاییماندا خۆی نەمر بکات.

دەشێت کەس بەر لە (هیراکلیتۆس) گەواهی لەسەر ئەو بنەما گەردوونیە نەدابێت، بە تایبەت لە بۆچوونەکەی لەبارەی ڕووبار، کە پێدەچێت وەرگێڕانێکی نزیکراوە ئەوە بێت: “کاتێک پێ دەنێنە هەمان ڕووبار، ئاو و ئاوی تازەتر ڕەت دەبن”(11). بە هەمان شێوە، ئەو وتەیە بەو شێوەیەش ڕاڤەی بۆ کراوە: “کەس ناتوانێت دووجار پێ بخاتە ناو هەمان ئاوی ڕووبار”.(12) بەڵام، بە گشتی، (هیراکلیتۆس) گۆڕانی بەردەوام و تازە و نوێ بە پڕۆسێسی بەردەوامی گۆڕانی گەردوون دادەنێت. هیچ شتێک جێگیر و هەمیشەیی نییە، بەڵکو ئەوەی هەمیشەییە، ئەوەیە، کە هیچ شتێک هەمیشەیی نییە. لەو گۆڕانە بەردەوامە، نە هیچ شتێک خراپە، نا باشە، چونکە ئەو پێوەرانە هۆشی مرۆڤ دایناون و گوزارشت نین لە (لۆگۆس)، کە بنەمای لە بنەمابەدەرە و تاکە هۆکار و دوا هۆکاری خستنەگەڕی گوڕ و تینی ئاگری گۆڕانە.(13)
لێرەوەیە، کە (هیراکلیتۆس) لەناو هەموو پێکهاتەکانی تردا، ئاگر بە پێشەنگ دادەنێت. ئەو بە پێشەنگدادانە لە خۆوە نییە. ئاگر خەسڵەتی هەمەچەشنی هەیە. لە لایەک پێکهاتە لاوەکییەکان دەکات بە خۆڵەمێش، لە لایەکی ترەوە توانای هەڵگەڕان و گواستنەوەی فۆڕمی پێکهاتە پتەوەکانی هەیە، بەبێ ئەوەی لە ناوەڕۆک و هێزی کەم ببێتەوە. لە ڕاستیدا ئاگر هیچ شتێک لەناو نابات، بەڵکو پێکهاتە و یەکێتییەکانیان هەڵدەوەشێنێتەوە.

تەنانەت کاتێک جەستەی مرۆڤیش لە دوای مردنیدا کە دەسووتێندرێت، ئەو جەستەیە لەناو ناچێت، بەڵکو یەکێتی و تێکەڵاوبوونی پێکهاتەکانی هەڵدەوەشێتەوە. ئەوەی سەر بە هەوایە، لە دۆخی دووکەڵبووندا دەبێتەوە بە موڵکی هەوا، ئاو بە شلەمەنی و ئەوەی سەر بە زەویشە، دەبێتەوە بە پێکهاتەیەکی خاک. بەڵام ئەوەی سەر بە ئاگرە، خودی ئاگر خۆیەتی و وەکو بەشێکی دانەبڕاو لە پێکهاتەی خۆی دەمێنێتەوە. ئاگر ئەوەیە، کە هەیە. بە واتایەکی تر ئاگر ئەوەیە، کە هەڵدەستێت بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو یەکێتییە، بەڵام خودی خۆی پێکهاتەیەکی شاراوەیە؛ خاوەن گوڕێکی سیحراوییە. هەموو شتەکان خەسڵەتی سووتانیان هەیە. لە دەروونی مرۆڤیشدا، ئەوەی وەکو ئاگر لە ناوەوەدا نەسووتێت، توانای گواستنەوەی مرۆڤی لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێکی تر نابێت. بۆیە ئەوانەیشی، کە ئارەزوویەکی ئاگراویان بۆ گواستنەوەی خۆیان لەناو دۆخ و هەلومەرجی جیاواز و دەوروبەریاندا هەیە، هەتا شتە لاوەکییەکان نەکەن بە خۆڵەمێش و شتە پتەوەکان هەڵنەگەڕێنەوە، بڕیار نییە گەشتی گەیشتن بە ئامانجەکەیان دەست پێ بکات. قسە، کردار و بۆچوونی نەخوازراوی ئەوانی تر بەرانبەر بەو هۆشە لەو ئاگرەدا دەبن بە خۆڵەمێش بەر لەوەی پێگەیەکی دیاریکراو لە ئاگاییدا داگیر بکەن. ئەوە نەبێت، هۆش بە کێشەی لاوەکی و هەوایی بە زریانە تەمەن کورتەکانیش بەربڵاو و سەرگەردان دەبێت؛ دەکەوێتە هەرێمێک، کە نیشتیمانی ڕەسەنی ڕۆڵگێڕانی ئەو نییە. لە کاتێکدا، ئەوانەی خەسڵەت و گوڕی ئاگر لەناو خۆیاندا گەورەتر دەکەن، شەپۆلی ئەو زریانانە یارمەتیدەری ئەوە دەبەن، کە ئاگر خۆی بگەیەنێتە ئەو هەرێمانەشی، کە دژ بە هەلومەرج و دۆخی گەشەکردنی ئەون لەپێناو ئەوەی خۆڵەمێشبوونی دیاردەکان و هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی بەربەستەکان بۆ خۆی فەراهەم بکات، ئەو هەلومەرجانەی هەڕەشەن بۆ باڵابوونی ئەو مرۆڤە بەسەر ئەو بەربەستە کوشندانەی لەبەردەمی مرۆڤبوونیدا خۆیان بە قووڵی چەقاندووە.

ئێمە بە دامرکاندنەوەی هێزە ئاگراوییەکانمان، لەبەر ترس و ویستی خۆپەرستانە، لەپێناو ئەوەی ئەگەر ژیانی ئەودیو هەبوو، جێگەی ڕەزامەندی خوا بین، مردوین و ژیانمان لەدەست داوە، بەر لەوەی بمرین. باسەکە ئەوە نییە، کە چارەنووسی ئێمە مردنە، بەڵکو خۆبەدەستەوەدانە بە مردن، بەر لەوەی مردن لە نیشتیمانی ژیاندا بوونی هەبێت. بە واتایەکی تر، ئێمە بەرلەوەی بمرین، مردنمان لە ژیاندا داهێناوە و جگە لە ئەزموونکردنی ئەو داهێنانە ڕووخێنەرە، نیگامان نەکەوتووەتە سەر ژیان. ئەو نیگاکەوتنەسەرە پێویستی بەوەیە مرۆڤ ئازادانە ڕێگە بدات ئاگری ناوەوەی بسووتێت، بەر لەوەی خۆی بە هیچ بیرۆکە و باوەڕێک ببەستێتەوە، کە هێزەکەی لە کوژاندنەوەی ئەو ئاگرە مەزنە دایە.
لە کاتێکدا هیچ هێز و شتێک ناتوانێت گۆڕانە بەردەوامەکانی گەردوون، کە لەدەرەوەی باش و خراپەن (، کە جگە لە مرۆڤ، هیچ بوونەوەر و شتێکی تر خاوەن بابەتی باشە و خراپە نییە، چونکە گوزارشت نییە لە ڕاستیەتی خستنەگەڕە گەردوونییەکان و ژیان)، ڕابگرێت؛ کەس ناتوانێت ڕێگە لە باران بارین، سەرچاوەگرتنی کانییەک، هەڵکردنی گەردەلوول و ڕەشەبا، لافاو، هەڵاتن و ئاوابوونی دیوە جیاوازەکانی زەوی بە ڕووی خۆردا، گەشت و جووڵەی بەردەوامی ناو گەردوون و خودی گەردوون بەرەو نادیار و لەناو دیاردا، بگرێت، پرسی سەرەکی ئەوە نییە ئێمە لەدوای مردن چیمان بەسەر دێت و بەرەو کوێ دەچین، بەڵکو ئاگایی خستنەسەر ئەو گۆڕانە و دیاردە سەرسوڕهێنەرانەیە، بۆ ئەوەی هیچ نەبێت، ئاگردانە گەورەکەی گەردوون، کە خودی گەردوون خۆیەتی، پڕوشکێک لەخۆی فڕی بداتە ناو بیرکردنەوەی ئێمە، تا هەم ئاگری ناوەوەی ئێمە بە گوڕتر بکات، هەمیش بواری تێگەیشتنمان لە پێکهاتە سیحراوییەکەی ئەو پڕوشکە هەبێت، بۆ ئەوەی لە تەواوی ئاگرە مەزنەکە تێبگەین، کە ئێمە لە بنەڕەتدا هەر بەشێکین لێی. ئەو تێگەیشتنە نەک بە تەنیا تێکشکاندنی هێزی مردنە، بەڵکو پەڕینەوەی ئاشتەوایانەی ئێمەیە بۆناو مردن و بەسەر مردندا. لەو ڕوانگەیەوە، زیندوویەتی نەک بە مردن سنووردار ناکرێت، بەڵکو لەناو مردن خۆیشدا هەڵدەستێت و دەیکات بە کەرستەی ژیان. بە مردنی من، ژیانگەلێک سەرچاوە دەگرن، هەر لە گواستنەوەی جەستەی من بۆ خاک بێت یان بۆ ئاو و دووکەڵ و خۆڵەمێش، کە وا دەکەن ژیان بەردەوام بێت و زیندوویەتی لە شتە مردووەکانیش هەستێت.

کاتێک ئاگاییمان بەسەر تەواوی ئەو پڕۆسێسە بەردەوامانەی گەردوون خەوتبێت، بە هیوای ئەوەی لە ساتی مردندا لەو خەوە هەستین و بە دیداری ئەو خوایە شاد بین، کە خاوەنی هەموو نهێنییەکانە و لەو دیدارەدا یەک بە یەک پێمان دەڵێت، هەر بە دیدی (هیراکلیتۆس) بێت، ڕاکردنە لە بینینی خوا. وەک ئەوەی (پیتەر سلۆتەردایک) ڕاڤە بۆ ئەو بۆچوونە دەکات، “ئەوان [ئەو جۆرە خەڵکە ئاگایی-خەوتووە] وا هەڵسوکەوت دەکەن، کە بەدوای خوادا دەگەڕێن، لە کاتێکدا خوا لەبەردەم ئەوانە.”(14) ئەگەر ئێمە تەواوی دیاردە جیهانی و ژیانییەکانی ئێستا و ئێرە بەلاوە بنێین، بە بیانووی ئەوەی، کە تاکە فاکتۆری ناسینی خوا، کە مەبەستمان لە بنەما بنەڕەتییەکانی بوون و ژیانە، لە دوای مردنە، ئەوا لە بنەڕەتدا تەواوی هەبوونی ئەم ژیانە بە تەنیا بۆ دامەزراندنی کۆمەڵێک باوەڕی سواو و ڕووت، دژ بە تەواوی بنەماکانی بوون خۆیەتی. ئەو دژبوونە، نەک ئەو جۆرەی، کە گوزارشت لە یەکانگیری و یەکێتیی بوون دەکات، دەبێتە دەربڕینێک بۆ هۆکارە ساواییەکانی فاکتۆری بوون و مردن. بەڵام، ئەو جۆرە ڕاڤەیە تەنیا لای ئەوانە هێزی خۆی جێگیر دەکات، کە خاوەن وەها بیرکردنەوەیەکی ساوان. وەک چۆن منداڵێکی ساوا ناتوانێت بەبێ یارمەتی دەرکی بمێنێتەوە، بەو شێوەیە ئەو جۆرە بیرکردنەوە ساوایانە بەرانبەر بە پرسگەلی قووڵ و بنەڕەتی تێکشکاو و بێ سەرپەرشتن، بۆیە هەم ترس و هەم شەیدابوونیان بۆ پرسی مەرگ هەمیشە سەرەتا و کۆتا وەڵامە بۆیان، بەبێ ئەوەی بۆ جارێکیش لەناو ساتەکانی ژیاندا بەر ئەو هێزە شاراوە و قووڵانەی بیرکردنەوە بکەون، کە مرۆڤ پەلکێش دەکەن بۆ تێڕامان لەسەر هەمیشەیی و بێکۆتادار.

سۆران ئازاد

————————–
پەراوێزەکان بەپێی ژمارە

1. Kritzer, R. (2008). Life in the Womb: Conception and Gestation in Buddhist Scripture and Classical Indian Medical Literature. In Imagining the Fetus (p. Imagining the Fetus, Chapter 5). Oxford University Press.

2. Darwin, Charles. 1872. On the Origin of Species by means of natural selection. Arcturus Publishing in UK, 2017. P. 69

3. هەمان سەرچاوەی پێشوو. P.180

4. Andersen & Kaspersen (2000). On Weber. ch. 6 (Selective from CBS)

5. Foucault, M. (1976). The Hstory of Sexuality (Vol. 1). (R. Hurley, Trans.) New York: Pantheon Books.

6. Foucault, M. (1975). Discipline and Punish . (A. Sheridan, Trans.) New York: VINTAGE BOOKS. (p. 194)

7. Foucault, M. (2000). Power (Essential works of Foucault 1954-1984 3). New York: The New Press. P. 345

8. Nietzsche, Friedrich. (1889, 1895). Twilight of the Idols and The Anti-Christ. Translated by R. J. Holldingdale. Penguin Classics Publishing in UK, 1968. P. 87

9. Nietzsche, Friedrich. (1889, 1895). Twilight of the Idols and The Anti-Christ. Translated by R. J. Holldingdale. Penguin Classics Publishing in UK, 1968. P. 39-44

10. Foucault, M. (2000). Power (Essential works of Foucault 1954-1984 3). New York: The New Press. P. 345

11. وتەکە ئاماژەدانە بە گۆڕان و گواستنەوەی نەوەستاوی گەردوون. بۆ ئەو مەبەستە، من پشتم بەو توێژینەوە زانستییە بەستووە، کە زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانی بڵاوی کردووەتەوە:

Helin, J., Hernes, T., Hjorth, D., Holt, R., & Nayak, A. (2014). Heraclitus (540–480 BC). In The Oxford Handbook of Process Philosophy and Organization Studies (p. The Oxford Handbook of Process Philosophy and Organization Studies, Chapter 003). Oxford University Press.

12. هەمان سەرچاوەی پێشوو.

13. Smith, C. (1966). Heraclitus and Fire. Journal of the History of Ideas, 27(1), 125-127.

14. Sloterdijk, Peter. (2009). You Must Change Your Life. Translated by Wieland Hoban. Published by Polity Press- UK 2013. P. 171

Previous
Next

Leave a Reply