فانۆسێكی نێو رەشەبام
با دەیەوێ
روناكیەكەم لێبستێنێ
وەك كۆلارەیەكی هەور بڕ
با دەخوازێ
داوەكەیم لێبپسێنێ
- * *
هەندێ كەڕەت
بایەكی خۆڵاویە و
لە پێچێكا
یان دەربەندێكا گیر دەبێ
زۆر كەڕەتیش
لە شنە و شەماڵ زویر دەبێ
- * *
با هەرچی بێ
با ئی سەدەی رابردووش بێ
با ئی نێو خەرمانێكی گڕگرتووش بێ
دوور یان نزیك
لەنێو بەستێ
هەر دەوەستێ.
ژیاننامە )سەلام عومەر كەریم(
*لە ساڵی 1967 لە قەڵادزێ لەدایك بووە .. 1986 ماڵیان دەچێتە هەولێر.. 1998هاوسەرگیری كردو ە.. 1984 وە چیرۆك و شیعر و بابەتی وەرزشی و فۆلكلۆری لە زۆرینەی رۆژنامە و گۆڤارەكانی ئەوكات بڵاوكردۆتەوە. دەستەی دامەزرێنەری تەلەفزیۆنی ئازادی بووە لەساڵی 1994.. ئەندامی یەكیەتی نووسەرانی كوردە
*ئەندامی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانە
**سەدان وتاری سیاسی لە رۆژنامەو گۆڤارەكاندا بڵاوكردۆتەوە
لە ساڵانی هەشتاكانەوە لە چەندین كۆڕی شیعری بەشدار بووە
*لە ساڵی 2000 سەرنووسەری ئەدەب و هونەری رێگەی كوردستان بووە كەرۆژنامەیەكی سەربەخۆ بوو
*سەرنووسەری ماڵپەڕی رێگەی كوردستانە
* 10 كتێبی چاپكراوی هەیە لە رۆمان و شیعر و چیرۆك
+چەند شیعرێکی کراوەتە گۆڕانی و سروود، شیعرێکیشی لە پڕۆگرامی خوێندنی قۆناغی بنەڕەتی دەخوێندرێ
* لە ساڵی 1993 وە لە راگەیاندنی حزبی شیوعی كوردستان كار دەكات و تا ئێستا بەردەوامە.