Skip to Content

لە پای هەوڵدان بۆ ڕێگریکردن لە کارێکی شانۆیی.. داستان بەرزان

لە پای هەوڵدان بۆ ڕێگریکردن لە کارێکی شانۆیی.. داستان بەرزان

Closed
by ته‌مموز 17, 2024 General, Opinion




خراپترین دۆخێک کە هەر دەستەڵاتێکی تێبکەوێت ئەو ساتەیە کە چاودێری دەخاتە سەر کارە هونەرییەکان، بە بیانووی جیاجیا لێپرسینەوەیان لێدەکات و هەوڵدەدات سانسۆری هەر بابەتێکی هونەری بکات کە گوتارەکەی لەگەڵ بیرکردنەوەی ئەودا ناگونجێت، یاخود ڕەخنە و تانە لە ناڕێکی و ناشیرینی و نادادییەکانی دەگرێت و گەندەڵی و دزێوییەکانی دەخاتە بەرچاو، ئاخر بەسروشت هەر دەستەڵاتێک لە هونەر ترسابێت و هونەرمەندانی لە مافە بنچینەییەکانیان دابڕیبێت، کەواتە بەر لە هەر کەس ئەو دەستەڵاتە خۆی لە دۆخی خۆی دەزانێت و تێدەگات کۆی سیستمی ئەو حوکمڕانییەی پیادەی دەکات لەگەڵ ویست و ژیانی هاوڵاتیانیدا ناگونجێت.
لە مێژوودا هەمیشە دەستەڵاتە ستەمکارەکان بە جۆرێک لە جۆرەکان سڵیان لە هونەر کردۆتەوە، بواریان نەداوە هونەر ئازادانە گەشە بکات و هونەرمەند بەبێ کێشە و ئاستەنگ گوزارشت لە دونیابینی خۆی بکات، لەبەر ئەوەی هونەر بە درێژایی مێژووی خۆی ململانێ و ناکۆکی و سەرنجی توندی لەسەر دەستەڵاتی خۆسەپێن و کۆمەڵگای کۆنەخواز و گیرۆدەی دەستی نەریتی نادروست و ئەو بەشەی ئایینەکان هەبووە کە دەچێتە ئاستێکی خراپی نامرۆڤانەی توندتیژ، ئەمەش لە یۆنانی کۆنەوە کە لانکەی سەرهەڵدان و گەشەسەندنی زۆربەی هونەرەکانە تاکو ئەمڕۆ دڕێژبۆتەوە.
تەنانەت لە ژیانی ڕابردووی خۆماندا ساڵانی بەرلەڕاپەڕین (سەدام حسێن) یەکێک لەو دیکتاتۆرانەبووە کە ترسی گەورەی لە هونەر وایکردبوو سانسۆرێکی زۆر لەسەر کارە هونەرییەکان دابنێت و ڕێگا نەدات بەبێ فلتەری وردی فەرمانگەکانی ئەمن و دەزگاکانی سیخوڕیی هیچ بەرهەمێک تێپەڕێت، زۆرجار کارە هونەرییەکانی ئەو سەردەمە ڕاست و چەپیان بەسەردا هاتووە و ڕێگری بە نمایشکردنیان کراوە، تەنانەت هونەرمەندان تووشی زیندان و ئازار و ئەشکەنجە بوونەتەوە، هەر ئەوەش وادەکات هونەرمەندان بە ئاستەم بتوانن ئەوەی هەست و ڕووانین و دیدگای خۆیانە نمیایشی بکەن و گوتارەکانی نەتەوە و خاک و نیشتیمان بە هێمای هەمەجۆر لە کارە هونەرییەکانیاندا بەرجەستە بکەن.
هونەرەکان بە هەموو جۆر و شێوازەکانیانەوە ڕووبەرێکن بۆ ئەوەی مرۆڤ بیانکاتە هۆکارێک بۆ خستنەڕووی هەر بابەت و دیاردەیەکی ناشیرین و خراپ و دژە ئازادی و هەڵقوڵاوی بیرە ستەمکارەکان، کاری سەرەکی هونەر لێدانە لە دید و چەمک و بابەتە پیرۆزکراوەکان، هونەر مانا جێگیرەکان دەستکاری دەکات، نەریتەکان دەشێوێنێت، هونەر بەرهەڵستی لە نادادی دەکات، هونەر جۆش و خرۆشی شۆڕشەکان گەرمتر دەکات، هونەر خەم و ژانەکانی مرۆڤ دەنوێنێ بۆیە مرۆڤ بە هونەر کاریگەرە. مرۆڤ پێویستی بە هونەرە تاکو واتا باش و جوانەکان بزر نەکات، تاکو ڕەسەنبوونی خۆی لە دەست نەدات، فریدرێک نیتشە لە بارەی جەوهەری هونەر هونەر دەڵێت: پێویستمان بە هونەرە تاکو واقیع نەمانکوژێت. کەواتە مرۆڤ ناتوانێت هیچ کات بەبێ هونەر بژی، چونکە لە سادەترین کاری هونەردا دەکرێت بەو دیدی نیتشە بڵێین: مادام واقیع شتێکی نکۆڵی لێکراوە، لە بەرامبەردا هونەری دەبێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت!
لە مێژووی هونەردا کەم نین ئەو هونەرمەندانەی بەهۆی دیدگای ڕەخنەیی بەرهەمەکانیانەوە تووشی زیندان و تەنانەت کوشتنیش بوونەتەوە، کە دەکرێت بە گەڕانێکی کورت دەیان نمونەی لەو هونەرمەندانەی جیهان بناسین کە بوونەتە قوربانی لە پێناو هونەردا، بۆیە هەر دەستەڵاتێک گومانی لە سیستمی حوکمڕانی خۆی هەبێت، یەکێک لەو بوارانەی سەرنجی چڕی دەخاتەسەر هونەرە، ئاخر وەک ئاماژەمان بۆ کرد هونەر لە شوێنێکدا مەترسییە بۆ هەر سیستمێکی ستەمکار، بۆ کۆمەڵگایەکی گەندەڵ بۆ هەر دەستەڵاتێکی خۆسەپێن و دیکاتۆر، هونەر دەتوانێت ماناکان بە ڕووتی و بەبێ ئاڵۆزی، خراپی و نادادپەروەرییەکان بەبێ ئارایشکردن، گەندەڵی و ستەمکارییەکان بەبێ پەردە بەیان بکات.
هونەرمەندانی کورد بەشێکی زۆریان لە پێناو ئازادی گەل و ئازادی لە کارە هونەرییەکانیاندا ڕۆژگارێک چوونە شاخەکان و لە ڕێزەکانی خەباتدا تێکۆشان، شەهید بوون، تەمەنی گەنجییان بەخشییە شۆڕش، هەر بۆ ئەوەی ئازادی بەدەستبهێنن، ئازادییەک کە ئێمە ئەمڕۆ لە سایەییدا بەبێ ترس کارە هونەرییەکانمان بکەین و بە بینەرانی بگەێنین، لەبەر ئەوە گرنگە لە ئێستادا دەستەڵاتدارانی کورد، ئەوانەی بڕیاریان بەدەستە بە وریاییەوە کار بکەن بۆ فەراهەمکردنی زیاتری ئازاد نەک بەرتەسکردنەوەی و لە بیریان بێت یەکێک لە دروشمە گەورەکانی خەباتی کوردایەتی ئازادی بووە بۆ سەرجەم چین و توێژەکان، کەواتە تکایە دەستەڵاتداران وردتر و هەستیارتر لەگەڵ هونەردا مامەڵە بکەن و بوارمەدەن ئازادی هیچ چین و توێژێک گرفتی بۆ دروست ببێت.

داستان بەرزان

Previous
Next
Kurdish