Skip to Content

ئازاد مارف لە نێوان تەکنیکی شیعر و ڕەسم کردنی فکردا …  بەختیار نامیق

ئازاد مارف لە نێوان تەکنیکی شیعر و ڕەسم کردنی فکردا … بەختیار نامیق

Closed
by ئازار 23, 2019 General, Literature


لە (بەهەشتە بێ خواکان )ەوە بۆ( بۆنی دایکم لە تابلۆکانی با دا )
شیعر ئەو دنیایە بۆ ڕۆچونە ناو خۆ و ڕەسم کردنەوەی واقع بەو شیوەیەی کە زهنی شاعردا دروست دەبێت ، بە واتایەکی تر تێکشکاندنی واقع و دروستکردنەوەی بە شێوەی ستاتیکی ، شیعر ماڵێکە بۆ خۆڕێکخستنەوەمان دوای تێکشکاندنمان ، شوێنکە بۆ دۆزینەوەی جوانیەکان ، ئەو کاتەی ژیان ناشیرین دەبێت شیعر دێت و جوانی دەکات ، کە بێهیوا بوین شیعر دەبێت بە فریاد ڕەس ، بە شێوەیەکی گشتی شیعر پردێکە دەمانباتە بەهەشت ، ئەو بەهەشتەی کە دنیایەکی تەواو جیاوازە و خواستەکانی تیا بەدی دێت ، شیعر هۆکارێکی جوانکاریە بۆ ئینسان دۆستی و ژیان دۆستی .
بۆ ئەم خوێندنەوەیە ناچینە سەر دەقێکی تایبەت
ئازاد مارف یەکێ لەو شاعیرانەی تەواوجیاواز لە ڕوی تەکنیکی شیعری و فکری شیعریەوە دەردەکەوێت ، دەکرێت بە دو بەش خوێندنەوەیەیەکی سەرەتایی بۆ بکەین :


لە ڕوی تەکنیکەوە :


ئەگەر ئیشی شیعر تێک شکاندنی واقع و سەرلەنوێ دروستکردنەوەی بێت ، ئەوا دەکرێت لە ڕوی تەکنیکەوە پشت بە پیوانکانی ( وێنە و مانا و زمان ) بدات و کاری ستاتیکی هارمۆنیان لەسەر بکات ، لای ئازاد وێنەی فرە دیو نمایش دەکرێت کە بۆ هەر دالێک لە وێنە دەکرێت فەر مەدلول و فەرە وێنەیی بێت ، کاتێک دەچیتە ناو فەزایەکی شیعری ئازادەوە ، هەمو ئەو وێنانەی کە بینیوتن بە شیوەیەکی تر و بە بەرگێکی ستاتیکیەوە خۆیمان بۆ نمایش دەکات ، بە جۆرێک دەکرێت لای هەر خوێنەرێک وێنەیەکی تایبەت دروست بکات ، وێنەکە مانایەکی تایبەت بە خوێنەری هەبێت ، وە تێکشکاندنی وێنەکە و دروستکردنەوەی خولقاندنێکە کە دەکرێت خوێندنەوەی وێنە بە وێنەی بۆ بکرێت ( ڕۆشنایی تۆ ) و (چڵی بێدەنگی ) و(پیاسەی شین ) و (تارمایی خەون ) و هتد … دەمانباتە شوێنێک کە تەفسیری وێنەیی هەڵگری وێنەگرتنێکی ترە ، ئازاد فۆتۆگرافانە بە کامێرای وشە جۆرە وێنەیەکمان دەداتێ کە پێشتر بونی نەبوە بۆیە دەبێتە جێژێکی گەورە بۆ بینین .
مانا و زمانی شیعری لای ئازاد دیسانەوە شیوازی تایبەت بە خۆی هەیە ، زۆر کات زمانی باوی شیعری دەبڕێت و دەمانباتە بەردەم فێرکردنی شیوازێکی تر لە مانا و زمان و فێری جۆرە گوتارێکی شیعری ترمان دەکات :
تا ئاسمان دڵی خۆی ئەکاتەوە
تانزاکان هێشوو هێشوو وەڵام ئەگرن
لەخوار بیر کردنەوەی نیشتمانەوە سەر خەوێک ئەشکێنین
سەری شووشەی بێدەنگی بادەدەین
شوێن پێی مەرگ لەچارە نووسمان ئەسڕینەوە
زمان و مانا لای ئازاد ئەومان پێ دەڵێت بۆ تێگەشتن و کردنی دەقێکی بە سیناریویەک دەبێت بچینەوە سەر پیودانگە مانایی و زمانەکەی ئازاد تا بتوانین تێ بگەین ، ڕەهەندەکانی زمان وەک سیمۆلۆژیا بۆ ئاماژە و بابەت کە دەکاتە دال و مەدلول دیاری بکەین.
لە ڕوی تەکنیکەوە ئازاد دەیەوێت لە فەزای دەقدا شیعر بکاتە گوتاری ناساندنێکی فکری تر .


لە ڕوی فکریەوە :


ئازاد لە کۆی دەقەکانیدا هێندە مەبەستێکتی مانیفێستی ژیانی خۆی لە فەزای دەقدا بکاتە تەفسیرێکی تر بۆ ژیان ، هێندە کاری بەوە نیە شیعر بۆ تەکنیک بنوسێت ، ئەو شیعر وەک قوتابخانەیەکی زمانی و وێنەی بۆ دروستکردنی ژیانێکی تر جیاواز لەمەی هەیە دەبێنێ ، لای ئەو ئەگەر چی لە ڕوی تەکنیکەوە لە ئاستێکی بەرزدایە بەڵام تارگێتی شیعر گەڕانەوەیە بۆ خاڵی سەرەتا و جارێکی تر داڕشتنەوەی ژیان بە مانا و راڤەیەکی تر بۆ ژیان ، گەڕانە بە دوای ژیان دۆستیدا ، گەڕانە بۆ شوێنێک تا ئارمی ببخەشیت بە ژیان ، بەرکەوتنی ئازادە بەو کارەساتانای ژیانیان پڕوکاندوە ، ئیشی ئازاد هەوڵدانە بۆ دەرهێنانی ژیان لە ژینگەی مردندا ، جارێکی تر وێنەکردنەوەی ژیانە بە پێ ی پێودانگی ژیان کردن ، فکر لای ئازاد لەو سەرەتاوە دەست پێ دەکات کە دەستکاری کۆی ژیان دەکات لە نیوان مردن و ژیاندا دەیەوێت مانایەکی فکری تر بۆ ژیان دروست بکات ، فکر لای ئازاد گەڕانە بۆ دروستکردنی دنیایەک کە جیاوزتر بێت لەوەی ئێمە ممارسەی دەکەین .
ئەڵێی لەهەوای جێماوی مێژوودا
ئەکوژێمەوە
پەشێوویەکی تاریک و
ئاڵۆزیەکی سامناک
لەهەنگاوەکانم گیر ئەبێ
لەناکاو
بووکەشووشەیەکی گریاو
پێم دەڵێ
بەدبەخت من تۆم
لەترسانا هێڵی سووری هەناسەم دەشکێ
خۆم بەسەر تەلبەندی
دڕکاوی دێڕێکەوە جێدەهێڵم
کۆی دەقەکانی لە ڕوی فکریەوە گەڕانە بۆ دۆزینەوەی دنیایەک کە ژیان دەستکاری مرۆڤ دەکات لەگەڵ بەریەککەوتنەکانی لەگەڵ دەور و بەردا ، بە شیوەیەک دەمانباتەوە بەردەم دایكیک کە پڕە لە بەهەشت و بۆنی ڕێحانە و سادەیی ژیان .

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish