دیالۆگی نێوان من و ئەهریمەن لە دۆزەخدا.(٢).. شەماڵ بارەوانی
بەشی دوو/
ڕۆڵەکەی میتراو نەوەکەی مێد،
ئیتر تۆ وەکوو ئەو کەسەی پێشووتر کۆتاییت پێهات و مردیت، ئیتر دووبارە و بە ناوێکیتر و بوونێکیتر و ڕۆحێکیتر و فیکرێکیتر و شێوازێکیترەوە لە دایک بوویتەوە و لەمەودووا من پێت دەڵێم:ئێزدین.
تەواو؟ پێی ڕازیت و قبوڵتە ئەم ناوە؟
باپیرەگیان: هەرچەندە من:باوەڕم بە:(مذهب تناسخ: ئاڵوگۆڕ بوونی گیان لەپاش مردن) نییە.
وەلێ گەیشتووم بەو قەناعەتەی کە هەر لە ژیانەدا و بەر لەمردن،
دۆنادۆنێکی ڕۆحیانە و سایکۆلۆجیانە و فیکریانە و مەعنەویانە بۆ زۆرێک لە مرۆڤەکانی ئەو سەردەمە، ئەرک و ئەخلاق و تابڵێیت پێتڤی و گرنگە، بە تایبەتی ئەو مرۆڤانەی، کە بە کۆمەڵێک فاکتەر و هۆکار، لە مرۆڤایەتی دوورخراونەتەوە و لە ئینسانی بوون داچۆڕاون، ئەوانە پێویسته لەو بەرگە قێزەونەی فیکری فاشیتەت و دەمارگیری ئایینی و تۆندڕۆیی ئیدەلۆژی و پەتای مەزهەگەرایی و مێنتاڵێتی خێڵگەرایی بێنە دەر، پێویستە لەو شێوە ناشیرینەی بیرکردنەوە و فۆرمە قێزەونەی بوونیان بێنە دەر، ئەوانەی هەموو شتێکن تەنها مرۆڤ نەبێت، باشترە لەڕێگای دونادۆنەوە، بڕۆنە ناو بەرگی سەگ، کەر، پشیلە، جرجێک، یاخود مانگایەک، دڵنیام ئەوکات زۆر لەو مرۆڤبوونە نامرۆڤ و کارتۆنیەی ئێستایان بێ زیانتر و بەوەفاتر و بە سوودتر و باشتر دەبن.
زۆر ڕاستە، بەڵام تۆ وڵامی پرسیارەکەت نەدامەوە ڕۆڵەکەم؟
باپیرەگیان: ئاساییە، پێم دەڵێیت:ئاهۆرا، میترا، ماد، دیاکۆ، ئێزدین، ئەهریمەن، یان ناوێکی یارسانی و هەرچی، گرنگ ناوێکی کوردانەی ڕەسەن بێت و گوزارشت بێت لە ئازاری کوردبوون و ناسنامە و مێژووی کورد بوونم.
هەر چەندە من: سەبارەت بە کەسێکی لائیکم، وەلێ من بێ خوانیم و باوەڕدارم و ئینجا ئێزدیاتیش وەکو و زەردەشتیاتی و یارسانی مێژوو و ڕابردووی من و ئایینی باب و باپیرانی منە و پاشان من، هەرگیز، حاشا لەو مێژوو و ڕابردووەی خۆم ناکەم و شانازیشی پێوە دەکەم.
هەر کەسێک و نەتەوەیەکیش مێژووی نەبێت، ئێستا و داهاتووشی نابێت.
ئینجا چۆن ئەو باپیرەی لە دۆزەخی ڕزگارکردم و لە هانای ڕۆڵەکەی خۆی هات، قسەی دەشکێنم؟
ئافەرین ڕۆڵەکەی من، داسنی ڕەسەن و نەوەی میترایی، ئاری ڕەگەزەکەی خۆم، تۆ هەڵۆی زاگرۆسی، زاگرۆس.
باپیرە دەزانی چی؟
چی؟
ئەوڕۆژه لە چات، بە هاوڕیێەکی یارسانیم لە شارۆچکەی خەبات وت:ناوێکی کاکەییانەم دەوێت، ناوێک، کە لەناو ئێوە پیرۆز بێت،
دەزانی چی ناوێکی بۆ نووسیم؟
چی؟
عەلی!
هاهاها یارسانیم ڕۆ، کوردبوونم ڕۆ، ئایین و مێژووی باب و باپیرانم ڕۆ.
پێم وت: عەلی چی کاکە، عەلی ناوێکی عەرەبی و ئیسلامیە و یارسانی ئایینێکی ڕەسەنی کوردە و مێژووەکەی بۆ هەزاران ساڵ بەر لە هاتنی ئیسلام بۆ کوردستان دەگەڕێتەوە.
ڕۆڵەکەم: سونە و شیعە، لەژێر ناوی مەزهەب و شتەوە سەتان ساڵە ڕۆڵەکانی من، کوردی ڕەسەن پەرت و وێران و بە تەعریب و بە مەزهەب گەرا دەکەن و هەوڵ دەدەن هەست و ڕۆح و هەموو شتێکی کوردانەیان لە ناخدا بکوژن.
ئینجا ئەو برادەرە کە ناوی عەلی داوە بە تۆ، لە نەشارەزایی و بێ ئاگایی و بەستەزمانی خۆیەتی سەبارەت بە ئایینی یارسان و، مێژووی یارسانیەت( بۆ سەردەمی میترایییەکان ٤٠٠٠–٥٠٠٠ ھەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەرێتەوە) “
هەرچەندە”سوڵتان سەھاک گۆرانکاری خستۆتە ناو ئەم ئایینە کوردییە کۆنە، بۆ پارێزگاری لە ئایینەکە و ھەوڵدانی ڕواڵەتی ئاینەکەی بە عەلی کوری تالیب داپۆشیوە بۆ ئەوەی بتوانێت یار و یاوەرانی بپارێزێت. “(١).
گەرنا ئایینی یارسانیەتیش، یەکێک لە ئایینە ڕەسەن و ئێزدانییەکان.
تۆسەیرکە هەریەک لە ئاینی زەردەشتی، یارسانی و عەلەوییەکانی باکور، لە چەندین ئەرک و شێوازدا لە یەک دەچن. کە هەموویان بە ئاینەکانی ئێزدانی ناسراون. لە:
-ھەبوونی پیر
-ڕێزگرتن و پیرۆز زانینی سەرچاوە سروشتییەکان وەک ئاو، ھەوا و ئاگر
-بەکارھێنانی موسیقا، وەک دەف و تەموورە، بۆ ڕێوڕەسمی ئایینی
-ھێشتنەوەی سمێڵ-لەناو یارسانی و ئێزدیدا
ھەر چوار ئایینەکە چوارشەم بە پیرۆزترین ڕۆژ دەبینن
لەبەرکردنی جلی و بەرگی ڕەنگ سپی بۆ پیاوانی ئاینی”(٢).
گیانەکەم، ئینجا ئەو برادەرە کەوا ناوی عەلی بۆتو نووسیوە ئەوەیە مەسەلەکە وەک گوتم.
ڕۆڵەکەم:
ئێستاش ئەوە کاریگەری شیعەگەرێتی و کاری شیعەیه، دەیەوێت یارسانەکان وەکو کوردانی فەیلی لێ بکات و بە هەمان دەردی مەزهەبگەرێتی ماڵیان وێران بکات.
ئەو کوردە داماوەیش هێندە دڵپاک و سادە لەوح و خەشیم حاڵە، هەزا ساڵە بەسەر عەلی و عومەر و کێ دابەش بووەو شەڕێکی خۆ تڕێن و بەتاڵ و بێ مانا و بۆش بۆ کلتور و مێژوو و زمانی خەڵکی تر دەکات و وازی لە مێژوو و ڕابردووی خوی هێناوە.
ئاخ ڕۆڵەکەم ئاخ، ئەو کوردە تاکەی ئاقڵ نابێت؟!
هێندەی پاشکۆیەتی و شەڕی بۆ عەلی و عومەر و کێ و کێ کرد و خۆی بۆ خەڵکیتر کرد بە قۆچی قوربانی، چارەگی ئەمە، شوێن کەیخوسرە و دیاکۆکانی خۆی کەوتبوایە و شەڕ و بەرگری بۆ خاک و زمان و شەڕەفی خۆی بکردبوایە، ئێستا نەک دەوڵەت، بەڵکو خاوەنی ئیمپڕاتۆڕێکی مەزنی کوردی بوو لە نموونەی ئمپڕاتۆڕیەتی مێد بوو.
وەلێ ئەفسوس ڕۆڵەکەم،
دوژمنانی ئایین و مێژوو و هەموو شتێکی کورد هاتن و لەسەت ڕێگاوە هەوڵیان دا لە ڕابردووی خۆمان نامۆمان بکەن و مێژوو و ئایین و کولتوور و زمان و هەموو شتێکمان بە عەرەب و تورک و پارس بکەن.
تۆ سەیرکە،
ڕۆڵەکانی من(ئێزدیەکان) سەرەڕای زیاتر لە هەفتا و سێ فەرمان و جینۆساید، وەلێ ئەوان ڕادەستی هیچ هێزێکی تاریکپەرست و گرووپێکی هۆڤەکان نەبوون، دەستبەرداری زمان و نەریت و ئایین و کولتوور و ڕابردوو و مێژووی کوردانەی خۆیان نەبوون.
گەرچی دووژمن: عەرەب ،تورک و پارسە ڕاسیزم و شۆڤێنی و ڕەگەزپەرستەکان، بە چەندین ڕێگەی جۆر بە جۆرەوە، سەتان ساڵە، هەوڵدەدەن هەستی نەتەوەیی ئێزدیەکان لاوازبکەن و کوردبوون لە ناخیان بکوژن و لە کورد بوونیان جیابکەنەوەو بیان کەن بە عەرەب، یان هەرهیچ نەبێت، وایان لێبکەن بڵێن ئێمە کورد نین!
گەرچی لەو هەوڵە نەزۆکەیان توانیان وا لە هەندێک لە ڕۆڵەکانی میترایی و نەوەکانی ماد و
Shamal Ismael Kareem
کوردانی ئێزدایی لە چەشنی (نادیەموراد) بکەن، بڵێن ئێمە کورد نین، بەڵام نەیان توانی بەو پیلانە شۆڤێنی و نەگریسە و هەوڵە فاشیستەیان تۆی ئەو قەناعەتە باتل و بەتال و بۆشە، لە دڵ و دەروونی زۆربەی ئێزدیەکان بچێنن، بۆیە شکستیان خوارد.
باپیرە گیان زۆر ڕاستە.
نادیه خان، ڕاستە دڵشکاو، بریندار و ماتەمدارە، ئێمە لە ئازار و موعاناتەکانی تێدەگەین و وەکو کوردێک هاوبەشی خەم و ئازارو فرمێسکەکانی ئەوین، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانێت، هەر هەوڵێک، جا هەر کەسێک بێت بۆ جیاکردنەوەی کوردانی ئێزدی لە کوردبوون و دابڕانی شنگال لە کوردستان، ئەوە پیلان و ئەجێندای نەیارە و لە بەرژەوەندی ئامانجە گڵاوەکەی دوژمنانە و بە زیانی کوردانی ئێزیدی دەشکێتەوە و چاکە و فەزل و حەسەناتەکەی هەمووی دەچێتەوە سەبەتەی گلێشی نەیار و گیرفانی دوژمنانی خاتو نادیە و هەموو کوردەوە.
ئەو دوژمانەی (تورک وپارس و عەرەب)ــە ڕەگەز پەرست و دەمارگیرەکان، گەر لە هیچ شتێک تەبا و یەک و یەکگرتوو نەبن، ئەوا بۆ پەرتەوازکردن و لاوازکردن و پاکتاوکردن و لێدان و لەناوبردن و جینۆسایدکردن و فەرمانکردن و قڕکردن و ئەنفالکردن و دووژمنایەتی کردنی کورد تەباو براو زۆر یەکگرتوون و ئەوەی لە دەستیان بێت و هاتبێت، کەمتەرخەمیان لێ نەکردووەو ناشیکەن هەرگیز.
ئە ودوژمنانەی چۆن لە ڕۆژهەڵات، لەمێژە هەوڵدەدەن کوردانی بەختیاری لە کوردبوون دوور بخەنەوەو وایان لێ بکەن بڵێن: ئێمە کوردنین، لە باکوری کوردستانیش هەوڵدەدەن وا لە کوردە عەلەوی و زازاکیەکان بکەن. لە ڕۆژئاواو لە باشوری کوردستانیش ئێزدیەکان و کوردانی شەبەک و فەیلی.
جا بە پیلانی ئایینی، یاخود مەزهەب، یان ترساندن و تیرۆر و بە زۆر سەپاندنی ئایین، یان داگیرکردن و گۆڕینی دیموگرافیاو جوگرافیای کوردستان، یاخود بە شۆرینەوەی دەماغ و ئەقڵ بێت، ئەوە دوژمنانمان لەهەوڵدان ناکەون و بەردەوامن لە جێبەجێکردنی پیلانە دۆزەخیەکانیان.
لە دەرەنجامی ئەو هەوڵە بەردەوام و نەفرەتاوی و نەزوکەیان، گەر بەڕێژەیەکی کەمیش بێت، توانییان بەشێکی کەمی کوردانی ئێزدی، شەبەک ، فەیلی،(تەنانەت لەناوکوردانی هەورامیش دەنگێکی نەشاز درووست بووە دەڵێت ئێمە کورد نین) والێ بکەن لە خشتەبەرن و فریوی نەیاران بخۆن و بڵێن:ئێمە کورد نین!
بەڵام دواجار ئەوە کەمێکی زۆر کەمن و زۆرینەی ئەوانەیتریان شانازی بە کوردبوونی خۆیانەوەدەکەن.
بەداخەوە ڕۆڵە شیرینەکەم، زۆر ڕاستە هەندێک لە ڕۆڵەکانی منیان وا لێکرد کە فریو بخۆن و بڵێن ئێمە کورد نین، نەخێر، ئێمە کوردی ڕەسەنین، چاوگی کوردایەتین، دوژمنان هەزاران ساڵە هەوڵی کوشتن و ئایین گۆڕینمان دەدەن، بەڵام چەندمان لێ بەزۆر و لە ژێر فشار و هەڕەشە و فەرمان و کوشتن بکەن بە هەر ئایینێکی تر، لەوانەی خۆ ڕاگرنەبوون
دەنا ئێزدی نابێت ئیرادەی لاواز بێت و چۆک دابدات و سەری خۆی بۆ پیلانی دووژمن و هۆڤان بچەمینیت و دەبێ وەکوو پیاو ژنە قارەمانەکانی کۆجۆ بن و مەرگ هەڵبژێرن، مەرگ، نەک دۆڕان و ئایین گۆڕین.
—–
١-یارسانەکان کێن و یارسانی چییە ؟، ماڵپەڕی:کوردستان پۆست، زانیار ٧\٢\٢٠٢٢،
٢-هەمان سەرچاوەی پێشوو.