Skip to Content

کتێبی کورد و ئیسرائیل و کورتە خوێندنەوەیەك*.. زاهیر باهیر

کتێبی کورد و ئیسرائیل و کورتە خوێندنەوەیەك*.. زاهیر باهیر

Be First!
by تشرینی دووه‌م 19, 2025 General, Opinion


کورد و ئئسرائیل، شۆڕشی ئەیلول و موساد ، یا وەکو وەرگێڕ خۆی دەڵێت ئەوەی نابێ بگوترێ…دەبێ بگوترێ ، کتێبێکی قەوارە زل، 521 لەپەڕەییە ئەو کتێبە بوو کە زۆر وێڵی بووم بۆیە کە گەڕامەوە بۆ کوردستان ئەم هاوینە لە ناو کۆمەڵە کێبێکدا، ئەو یەکێکیان بوو کە کتێبخانە بە کتێبخانەی سلێمانی بە دوایدا گەڕام بەڵام دەستم نەکەوت، دواجار چومە کتێبخانەی یادگار لەسەر شەقامی پیرەمێرد، ئەویش نەیمابوو بەڵام وتی بە چاپی گەیاندۆتەوە چەند هەفتەیەکی دیکە چاپی نوێی پێدەگات و کۆپیم بۆ دادەنێت .
لە ڕۆژەکانی کۆتایی سەفەرەکەمدا لە بۆنەیەکی خێزانیدا لەتەك کاك ‘ هاوبیر مامۆستا ئەنوەر برزو ‘ کەوتینە یەك و قسەکردنمان لەسەر کتێب و کتێبی مێژوویی باش بوو. ئیدی ئەو ناوی کتێبەکەی لێوەرگرتم و وتی بۆت پەیدا دەکەم . دوای دوو ڕۆژێک پێش گەڕانەوەم سەرم لە کتێبخانەی یادگار دایەوە چاپی دووەمی کتێبەکە گەیشتبووە دەستیان. کاك یادگار دانەیەکی پێشکەش کردم هەر کە گەڕاشمەوە بۆ ماڵی باوکم کۆپییەکی دیکەی کتێبەکە لەسەر مێزەکە دانرابوو، دوایی بۆم دەرکەوت کە کاك هاوبیر بۆی ناردبووم . بەم شێوەیە من بوومە خاوەنی دوو کۆپی لەو کتێبە نازدارە و بۆ ئەمەش زۆر زۆر سوپاسی بێ پایانی کاك یادگار و کاك هاوبیر دەکەم.
بە گەیشتنەوەم بە لەندەن دەستم بە خوێندنەوەی کتێبەکە کرد، بەڵام خوێندنەوەی چ کتێبێك، کتێبێك پڕ لەو نهێنیانەی کە زۆربەی زۆرمان نەمانزانیوە و نایزانین، ئەو کەسە کەمانەشی کە زانیویانە بە هۆکارێك بێ دەنگییان لێ کردووە و ئێمەشیان لەو مێژووە گرنگە بێ ئاگا کردووە. کتێبێك کە پڕاو پڕ لە ڕاستی مێژووی بزوتنەوەی کوردی 1961 و چالاکی و جموجوڵی بارزانی، ڕۆڵی گرنگی وڵاتانی دەوروبەر و ئەمریکا و ئیسرائیل و بە ئاشکرا و بە نهێنی. کتێبێکی مێژوویی گرنگ کە ئەوەی بیەوێت بە جددی و بە ڕاستی لە مێژوی بزوتنەوەی 1961 ی کورد و کەسە چالاکەکانی نێوی چ لە کوردستان و چ لە دەرەوەی کوردستان بە ئیسرائیلیشەوە بزانێت نابێت ئەو کتێبە نەخوێنێتەوە.
لە ڕاستیدا من خۆم یەکەمجار بە ناوی ئەو کتێبە لە ڕێگای قسەکردن و بیننی کاك فوئاد مەجید میسری و کتێبە بە نرخەکەی ‘ مێژوویەکی تر’ ئاشنا بووم دواتریش لە ڕێگای کتێبی ‘ کوردی عێراقی و شیعەی لوبنانبی شای ئێرانەوە’ باشتر ئاشنا بووم. هەموو ئەمانە تامەزرۆی خوێندنەوەی ئەو کتێبەیان لا زیاتر کردم .
بێ گومان زۆرێکمان دەلێین ئێمە لە مێژوونوسانی ئێستادا درۆ و نادروستی لە گێڕانەوەی ڕووداوەکانی کە بە بەرچاومانەوە ڕوویان داوە دەبینین ، ئیتر چۆن بە مێژویەك کە لە لایەن کەسێکی بێانەوە نوسراوەتەوە باوەڕ بهێنین؟ پرسیارێکی ماقوڵ و بەجێیە بۆیە دەبێت هەموو کتێبێکی مێژویی یا سیاسی بە چاوێکی ڕەخنەییەوە بخوێنرێتەوە. من لە وەڵامی ئەو بەڕێزانەدا دەڵێم دوو هۆکار هەیە تاکو ئێمە ئەم مێژووەی کە لەم کتێبەدا نوسراوە بە ڕاست وەریگرین .
یەك : ئەم کتێبە لە لایەن کاك ‘کارزان غەفور’ەوە وەرگێڕراوە. کاك کارزان هەر وەکو وەرگێڕ کتێبەکەی نەکوردانووە بەڵکو هەموو هەڵسوکەوتێك، جالاکییەك، قسە و باسێک، گەشت و سەردانێک، دیمانە و نوسینێك کە لە ئەسڵی کتێبەکەدا کە بە زمانی عیبری نوسراوە بووبێت، کاك کارزان تێبینی خۆیی لەسەر داوە و بۆ ئێمەی خوێنەر و وەکو ئەمانەتێکی مێژوویش بە دەورکردنەوە و پشکنینی دەیەها سەرچاوە لەسەر هەمان بابەت و ڕووداو ساغی کردۆتەوە، ڕاستی و دروستی هەموو ئەوانەی کە باسم کردن سەلماندووە. کەهیچ دڵەڕاوکێ و گومانێکی تێدا نەهێڵاوەتەوە زۆر بە زمانێکی سادەی کوردی پەتی وەریگێڕاوە.
دوو: ئەم کتێبە لە لایەن ‘ شلۆمۆ نەكدیمۆن’ەوە نوسراوە کە نوسەر و ڕۆژنامەنوسێکی دیاری ئیسرائیلە و لە هەر هەموویدا پەنای بەو دۆکۆمێنتانە بردووە کە دیارە زۆرێکیان لەبەر دەستدا بوون. ئەمیش هیچ مەبستێکی وەکو پارە و پلەی لە پشتەوە نەبووە تاکو ئەم هەموو وەختە لە خۆی بگرێتەوە و کون و کەلەبەری پەیوەندی ئیسرئیل بە بزوتنەوەی کوردییەوە بپشکنێ و بیخاتە سەر کاغەز، دواتریش نە ئەو و نە ئیسرائیلییەکان ڕەنگە قازانجێکیان لە سەرکەوتنی بزوتنەوەی کوردی بەدەست نەهێنابێت و بە مەبەستێکی تایبەتی نەبووبێت، ئەوەتا لە بەرانبەر کۆمەکی پێشکەشکراوی ئیسرائیل بە کورد، بەرپرسێکی حیزبێکی ئاینیی ئیسرائیلیش دەڵێت ” من پێم وایە، کۆمەکەی ئێمە بە کوردان لەو سۆنگەوەیە، دەمانەوێ دەستی یارمەتی بۆ کەمینەکان لە خەباتەکەیاندا درێژ بکەین ” ئا لێرەدا ئیسحاق ڕابین ، سەرۆکی حکومەت، وەڵاامی دەداتەوە و دەڵێت ” چونکە جوولەکەین” .
هاوکاری ئەمان تەنها بۆ یەك شت بووە: کە ئیسرائیلییەکان لە ناوچەکەدا تەنها بوون، وەکو دەوڵەت نوێ بوون و شەپۆلی بزوتنەوەی بەناو شۆڕشگێرانەی ئەو سەردەمە کە لایەکی دونیای گرتبووەوە دژ بە ئیمپریالیزمی ئەمەریکا و بریتانیا و داژیەتیکردنی دەوڵەتی ئیسرائیلی و هاوکاتیش یەککەوتنی هێزەکانی بڕێك لە دەوڵەتە عەرەبییەکان و یەکگرتنی سوریا و میسر و پەلکێشکردنی عێراقیش بۆ ناوی، ئەمانە هەموویان لە بەرژەوەندی ئیسرائیل نەبووە. ئەمانیش پێویستیان بە بەرەیەك هەبووە کە دژایەتی دەوڵەتی عێراق بکەن و سەرقاڵی بکەن بەو شەڕ و شۆڕەوە تاکو نەیپەرژێتە سەر ئیسرائیل یا کەمتر بیپەرژێتە سەری.

بە خوێندنەوەی ئەو کتێبە ئەم حەقیقەتە زۆر بە باشی دەردەکەوێت چونکە ئەوەندەی ئیسرائیلییەکان پێداگرییان لەسەر بەهیزبوونی بزوتنەوەی کوردی کردووە لە لاوازبوونی عێراق هیچ لایەکی دیکە نەیکردووە، گەر بە بارێکی دیکەدا بێڵێم ئەوەندەی کە ئیسرائیل بۆ ئەو بزوتنەوەیە دڵسۆز و هاوکار و یارمەتیدەر بووە هەرگیز هیچ کوردێکی کوردستانەکان جگە لە خودی کامەران بەدرخان و دکتۆر عیسمەت شەریف وانلێ کەسی تر وا نەبووە . گەر تەماشای ئەم سیاسەتەی ئیسرائیل بکەیت لە پێناوی مانەوەی خۆیدا چی کردووە و چی پێشکەش بەو بزوتنەوەیە کردووە، زۆر دەچوێنرێت بە سیاسەتی کۆنی ئێرانی سەردەمی نیوەی یەکەمی چەرخی پێشوو کە هەر لەو کاتەوە تاکو ئێستا بۆ دوورخستنەوەی مەترسی لەسەر خۆیان، نانەوەی کووکە و شەڕ بووە لە وڵاتانی دەوروبەریان . ئەم تاکە سیاسەتە بۆ ئەم دوو وڵاتە جیاوازە ، لە دوو کاتی جیاوازدا و لە شوێنی جیاوازدا زۆر لەیەکچوون.
کەواتە لەبەر ڕۆشنایی ئەو دوو هۆکارەی سەرەوەدا، دەکرێت ناوەرۆکی ئەم کتێبە بە ڕاستی و دروستی وەربگرین و شتێکی لێوەفێر ببین و ڕەنگە هەندێك ڕاو بۆچوونیشمان لەسەر چالاکییەکانی ئەو بزوتنەوەیە و سەرکردەکانی و ڕێکەوتنیان لەگەڵ حکومەتی عێراق و دەستپێکردنەوەی شەڕی دوای دانوستانی ساڵی 1974 و دواتر ئاشبەتاڵیش بە باش یا بە خراپ بگۆڕێت ، تەنانەت لەسەر خودی مستەفا بارزانیش .
بائێستاش بێمە سەر ئەو خاڵە گرنگانەی کە من لە خوێندنەوەی ئەو کتێبەدا دەرکم پێکردوون. زەرووە کە بڵێم بە خوێندنەوەی ئەو کتێبە زۆر خۆشحاڵ بووم کە شتی نوێی لێوە فێر بووم و گەیاندمییە ئەو قەناعەتەی کە تاکە وڵاتێك ویستیبێتی کە کورد لە باشووردا لەو زوڵم زۆرەی حکومەتە یەکبەدوایەکەکانی عێراقدا ڕزگاری بێت هەر ئیسرائیل بووە وە لە ئێستەشدا لە باشور و لە باکور و لە ڕؤژئاواش ئەگەر ئیسرئیل پشتگیری کورد دژەچەوساندنەوە و زوڵم و زۆرێك کە لەسەری هەیە نەیکات ،ئەوە وڵاتێکی دیکە نییە ئەوە بکات و بەخۆشی ناکرێت.

ئەو خاڵە گرنگانەی کە لەو کتێبەدا لای من گرنگ و جێگەی سەرنجدان بووە ئەمانەن:
یەك: پەیوەندی کورد و ئیسرائیلییەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمێک پێشتر لە ڕوودانی بزوتنەوەی 1961 ئەویش لە ڕێگەی دکتۆر کامەران بەدرخانەوە ( میری کوردان) ئەو زۆرێك لە کەسە بە تواناکانی جوولەکە کە لە پلە و پێگەی جیا جیای حکومەتەکانی ئەوروپا و ئەمەریکادا بوون دەناسی و پەیوەندی پێیانەوە هەبوو هەروەها ئاگەداری نوسراوەکانی هێرتزل بووە. ئەو خۆشی وەکو ئەکادیمییەکی وانەبێژ لە زانکۆی سۆربۆنی پاریس، تواناو و لێهاتووی زۆری هەبووە. دواتریش هاوسەرگیری لەگەڵ هاوڕێیەکی کە لەگەڵ خۆیدا قوتابی بووە کردووە، ئەو کچە لە خێزانێکی دارا و دەوڵەمەند بووە ئەمەش توانایەکی دیکەی بە میری کوردان داوە. ئەم دوو هۆیە تواناو لێهاتوییی خۆی و دارایی لە ڕێکەی هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو کچەدا، هاوکاری گەورەیان کردووە لە پەیوەندی بەدرخان و جوولەکە و ئیسرائیلییەکاندا . ئەو دەرکی بە توانا و دڵسۆزی و کاری نەکردەی جوولەکەکان بۆ بنیانانی دەوڵەتیان و دواتر پارێزگاری لێکردنی کردووە، هەر لەبەر ئەوەش ئەوانی بە نمونەیەکی باڵا و سەرکەوتو بە کورد و خودی کەسی بارزانی ناساندووە .
هاوکاتیش کەسە ناودار و بە تواناکانی ئیسرائیل و جوولەکە هەمیشە بە بەدرخانیان وتوە دەبێت متمانە بکەنە سەر خۆتان و نابێت پشت بە ئەمریکا ببەستن .
بەدرخان بەڕادەیەك نزیك و دۆستی ئیسرائیلییەکان بووە هەندێك جار پێشنیاری گرنگی هەم بە قازانجی ئەوان هەم کوردیش بۆ کردون. لەوانە کردنی کودەتا لە سوریادا بە هاتنی حکومەتێک کە سەر بەئیسرائیل بێت و ئۆتۆنۆمیش بۆ کورد مسۆگەر دەکات، ئەوەش دەبێتە هۆی لاوازی عێراق و دەستڕانەگەیشتنی بە ئیسرائیل. گەر چی ئەم پێشنیارە لە خوارەوە پەسەند کراوە بەڵام لەسەرەوەی حکومەتی ئیسرائیلەوە ڕازی نەبوون وتراوە ” ئیسرائیل پشتگیری کوودەتا ناکات “
بەدر خان نەك هەر لە سوریا و عێراقدا هەوڵی جددی بۆ کورد و ئۆتۆنۆمی بۆ کورد داوە بەڵکو لە ئێرانیش، لێرەشدا پەیام و قسە لە نێوانی ئەو و شاو دەستە و دایەرەی پادشایەتی گۆڕراوەتەوە . شا دڵخۆش بووە بە کورد، ئامادەبووە کە بەدرخان، میری کوردان، بکاتە سەرۆكی ناوەندێکی زمان و ژیاری کوردی لە زانکۆی تاران بەڵام لە‌ژێر هەل و مەرجی قورسدا، ئەمەش لای میر قەبوڵ نەکراوە .
کاتێکی دیکە شا ویستویەتی بەرخان کۆنترۆڵ بکات و لە چالاکی بخات بۆیە ئۆفەری زەوی و خانوەکەی پاریسی بەدرخان و هاوسەرەکەی بە یەك ملیۆین دۆلار کردووە بەو مەرجەی میری کوردان بچیتە تاران لەوێ نیشتەجێ ببێت . ئەو دەڵێت ئەو ئۆفەرە لە 10 قات لە نرخە ڕاستینەکەی خۆی زیاتر بووە، بەڵام میری کوردان ڕازی نەبووە چونکە دەیزانی گەر لە تاران دانیشێت ئیتر یانی کۆتاییهاتنی هەموو چالاکی و جموجووڵەکانی دەبوو.
دوو: بارزانی و کەسایەتی بارزانی:
لەم کتێبەدا لە کەسایەتی مەلا مستەفا زۆر زیاتر شارەزا دەبیت سەبارەت بە خەمڵاندنی بارودۆخەکە و پێشبینییەکانی و چالاکی و لێزانین لە مامەڵەکردن لەتەك ڕؤژنامەنوس و نوسەرە بێیانەکانەوە هەروەها گەورە سیاسییەکانی ئیسرائیلش.
بارزانی ئەوە نەبووە کە کاتی خۆی جەلالییەکان بە ئێمەیان دەناساند کە کەسێکی نەزان و نەخوێندەوار و عەشایەرە. بە خوێندنەوەی دیمانەکانی نێو ئەم کتێبە بۆت دەردەکەوێت کە ئەو کابرایەکی زۆر سیاسی بووە، زۆر زانا و دووربین بووە زۆر دڵسۆزتر و ڕاستگۆ تر بووە لە هەموو ئەو کەسانەی دەوروبەری خۆی و نەیارەکانیشی کە ئەو دیعایانەیان بۆ دەکرد. ئەو زۆر دڵسۆز بووە بە ئەوەی کە باوەڕی پێی هەبووە وابە ئاسانیش نەدەکەوتە بەر سازشکاری و سازش لە بەرانبەر ئێرانییەکان و عێراقییەکان و تەنانەت ئیسرائیلییەکانیشدا .
لەو کتێبەدا زۆر دیمانە و دیدار لەگەڵ ئەو دا کراوە هەڵسەنگێنراوە ، کە یەکێکیان بە ناوی شمیدت ئاوا وەسفی بارزانی دەکات ” ئەو هێمای شؤڕشەکەیە ، ئەقڵی جێبەجێکارێتی، سەرکردە و سەربازی و سیاسییەکەیەتی ، دڵ و ئارەزوی شۆڕشەکەیە ، پیاوێکی زۆر خۆشەویست و هاوکاتیش زۆر ترسناکە لەناو کورداندا.” ئەم پەسنە، نزیکەی لای هەموو ئەو ڕۆژنامەنوسانەی کە بارزانییان لە نزیکەوە دیوە وەک یەك وایە ، “ڕەفتارە سادەکەی و مامەڵە دۆستانەکەی و زۆرزانییە خۆرهەڵاتییەکەی” سەرنجی ڕاکێشاون، هەمووشیان پێیان وا بووە کەسێکی سەقامگیر و نیازباشە ، لەوەش دڵنیا بوون ، ئەو پیاوە هەرگیز هیچی بۆ خودی خۆی ناوێ. ئەم کەسانە زیاتری لەسەر دەڕۆن دەڵێن ئەو بە ڕۆژنامەنوسانی دەگووت:” من ژەنڕاڵ نیم ، تەنها مستەفام ، پلە و پایە هیچی بۆ من گرنگ نییە ، من تەنها کوردێکی سادەم. بەڵام کەس ئازایەتی ئەوەی نەبوو تەنها بە ناوی خۆیەوە بانگی بکات.”
لەگەڵ ئەو وەسفەی سەرەوەشدا مەلا مستەفا کابرایەکی زۆر دیکتاتۆر و توندوتیژ و بکوژ بووە لەگەڵ ئەوانەی کە هاودەنگ و هاوڕای نەبوون. ئێمە هەموومان باش مێژووی خوێناوی ئەو دەزانین کە تەنانەت ئامادە بوو کوڕەکەی خۆی بکوژێت، دەستی بە خوێنی دەیەها بارزانی و کەسانی نزیک و خزمی خۆیان وەکو حەمە ئاغاو مێرگەسووری و کوڕەکانی و تەنانەت سەرکردەکانی کوردانی ئێران کە دژ بە شا و حوکمەکەی ڕاوەستابوونوە سوورن. ئەو کابرایەکی مەرکەزی بووە دەبوایە خۆی لە سەرەوەی سیاسەتەکان حیزبەکەیەوە بوایە ، ڕاو بۆچوونی خۆی دەسەپاند. ئەو گەر چی سەرۆکی حیزب بووە بەڵام هیچ وەخت پلان و پرس و ڕاوێژی لەگەڵ مەکتەبی سیاسی و لیژنەی ناوەندی پارتەکەی نەکردووە و تەنانەت شەیریشی نەکردووە. سەرقاڵی بارزانی بە ئیسرائیلییەکانەوە زۆر زیاتر بووە لە سەرکردەکانی خۆی. بەڵکو ئەو چەند کەسێکی زۆر نزیکی خۆی هەبووە، هەمیشە لەگەڵ ئەواندا و زۆر جاریش بە ئامادەبوونی نوێنەرەکانی ئیسرائیلیش دانیشتوەو پرس و ڕای پێکردون . ئەوانەش ئیدرس و مەسعود و دکتۆر مەحمود و سامی و شەکیب عەقراوی و کەسێك بە ناوی ‘ ئازاد’ و سێ وچوار کەسێکی دیکە بوون. لەم بارەشدا نەك هەر خودی بزوتنەوەکەی بەڵکو ئەندامانی سەرکردایەتی حیزبەکەشی بێ ئاگا بوون لە زۆربەی پلان و بڕیارەکانی بارزانی.

بارزانی زۆرزان و زیرەك بووە هەر بە هۆی ئەوەوە چەند جارێك لەو تەڵە و داوانەی بۆی نراوەنەتەوە ڕزگاری بووە. زۆر زۆر بە گومان بووە لە ساواكی ئێرانی و شا هەمیشە زانیوێتی کە ئەوان بەکاریان دەهێنن، لەگەڵ ئەوەشدا دەبوایە لە پلانەکانیا ڕاوێژی بە ئێرانییەکان بکردایە چونکە دەیزانی ئەگەر ئێران ڕێگربێت ئەوە ئیسرائیلییەکانیش چەندێك بیانەوێت هاوکارییان بکەن ناتوانن چونکە ئێران تاکە ڕێگەی گەیاندنی هاوکاری ئیسرائیل و ئەمەریکا بووە. ئەم حەقیقەتەشی هەمیشەش بە ئیسرائیلییەکانی وتووە ، بەڵام چاریشی نەبووە. زۆر متمانەی بە ئیسرائیلییەکان کردووە و لە دڵسۆزی ئەوان بێ گومان بووە، بەردەوامیش دیاری بەهاداری بچوکی بەو نوێنەرانە بەخشیوە . ئیسرائیلییەکانیش زۆر ڕاستگۆ بوون لەگەڵیدا.
بە ئاگایی بارزانی وای لەوە کردووە کە بزانێت چەندێك ئەم بزوتنەوەیە و حکومەتی عێراقی میللەتەکەی هیلاك کردووە کە گرانی و نەبوونی و دەردو بەڵاو ڕەو و کوشتن و بڕین ڕوی تێکردون ، جگە لەمەش ئەو هێزەکەی خۆشی زۆر باش دەناسی کە خۆڕاگر و هەمیشەیی نین، بۆیە هەمیشە ئامادە بە وتووێژ لەگەڵ حکومەت بووە، گەرچی گومانیشی هەبووە کە ناگاتە ئەنجام ، لەم بارەشدا زۆربەی وەخت وتووويژی هەندێك لەوانەی کە لە سەرەوە ناویان هاتوە کردوە. ئەمەش وەکو خۆی دەڵێت هۆکار بووە بۆ وەستانی شەڕ لەگەڵ حکومەتدا و چوون بەدەم بانگەشەی ئاگربەستی و ڕێککەوتنەوە .

سێ: ئیسرائیلییەکان: ئیسرائیلییەکان ئەوەندەی دەستیان بە پشتی ئەم بزوتنەوەیە بوە مەگەر دایكێک ئەوەندە دڵسۆز و خەمخۆری کۆرپەکەی بووبێت . ئەوان بە بەردەوامی نوێنەریان دووان یان سیان لای بارزانی بووە، ئەم نوێنەرانە لە هەرە نوخبە بەتوانا و پلاندانەر و خاوەنئەزموونی گەورەی سەرباری و پەیوەندی دیبلۆماسی بوون، ئەمە جگە لە هاوکاری و پەیوەندی بەرپرسی موساد لە ئێران لەگەڵ هەم نوێنەرەکانیان و هەم لەگەڵ بارزانیش دا .

ئەوەی سەرنجی منی ڕاکێشا سەبارەت بەوان لە ناو بزوتنەوەکەدا هەرگیز ئەرك و فەرمانی خۆیان بەسەر بارزانیدا نەسەپاندووە ئەگەر پلانێکیشیان بۆ دانابێت، بارزانی ڕازی نەبووبێت ئەوان پلانەکەیان خستووەتە لاوە ، یاخود کە بارزانی پرسی پێکردوون دەربارەی وتووێژی لەگەڵ عیراقییەکاندا ئەمان لە وەڵامدا پێیان وتووە چی بە باش دەزانیت بۆ گەلەکەت ئەوە بکە.
کورد کە لە شاخی هەندرێن دا گەورەترین سەرکەوتنیان بەدەستهێنا ئەوە پلانی ئیسرائیلییەکان بووە بە بەشداری کردنی خۆشیان . دوای ئەو سەرکەوتنەش پلانێکی تریان بۆ شەڕی زۆزك بۆ بارزانی دانا کە ئەگەر بارزانی ئەوەی بکردایە ڕەنگ بوایە ئاڕاستەی شەڕەکە بگۆڕایە، بەڵام نەی کرد .
بارزانی ئامادەی هەموو شتێک بووە بەڵام سنورداریی هێڕشەکانی کردووە، لە هەندێك جاردا گوێی بۆئیسرائیلییەکان ڕانەگرتووە لە ترسی بەهێزی عێراق و تۆڵەکردنەوەی سوپاکەی هەر لەبەر ئەوەش بارزانی پلانەکانی ئیسرائیلی بە تەواوی جێ بەجێ نەکردووە، هەمیشە لە تۆڵەی دوای تێشکانی خراپی سوپای عێراق ترساوە وتویەتی دواتر ئەوەی لە توانایاندا هەیە دەیکەن بەرانبەرمان .

بارزانی هۆکارێکی دیکەشی هەبووە بۆ وتووێژ لەگەڵ حکومەتی عێراق دا ئەویش خراپی بارودۆخی ئابووری کوردستان بووە : گەمارۆی ئابووری و برسێتی و نەبوونی و تد، ئەمەشی لە ئیسرائیلییەکان نەشاردۆتەوە پێی وتون ” ئەو ژەنڕاڵەی شکستمان پێ دەهێنێ ، ژەنڕاڵێکی سەربازی نییە ، بەڵکو ژەناڵێکی ئابوورییە ، ئەو ژەنراڵە وامان لێدەکات هەموو جەنگەکە بدۆڕێنین” ئیسرائیلییەکانیش باوەڕیان پێکردووە ویستویانە یارمەتی بارزانی بدەن بە هێنانی پسپۆڕ لە چاندنی دەغڵ و دان و بە خێوکردنی مریشك و پەلەوەردا لەبەر بوونی ئابڵوقەدانی عێراق. لەگەڵ باوەڕبوونیش بە بارودۆخی خراپی ئابووری کەچی هێشتا بارزانی پێداگریی لەسەر هاوکاری زیاتری چڕو پڕی سەربازیی ئیسرائیلی کردووە زیاتر لە هەموو شتێکی دیکە.
کوردەکان پلانەکانی ئیسرائیلیان بە تەواوی جێ بەجێ نەکردووە ئیسرائیلیەکانیش گەرچی سەرسام بوون بە ئازایەتی و گیانفیدایی پێشمەرگە ، بەڵام زۆر بە باشیش ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە و دەیانزانی کە کوردەکان ناتوانن شەڕی مۆدیرن بکەن و لە شاخەکان بێنە خوارەوە، ئەوان لە شەڕە کلاسیکییەکاندا بوێر و ئەزمووندارن . ئەم ئەزموون و تێگەیشتنەی ئیسرائیلییەکان لەگەڵ کورداندا ئیسرائیلییەکانی وا لێکردووە کە تانکیان نەدەنێ ، نوێنەری ئیسرائیل لە کوردستان کە بارودۆخەکە بۆ ئیسحاق ڕابین باس دەکات ، ئەوە دەڵێت ، “گەر کوردەکان لە شاخەکان بێنە خوارەوە ئەو پێشنیار دەکات کە ئیسرائیل تەنکیان پێبدات”

هەندێك لە سەرچاوەکان دەڵێن موساد هاوکار و ڕۆڵی لە دروستکردنی پاراستندا هەبووە، بەڵام مەسعود بارزانی ئەمە بە درۆ دەخاتەوە، بەس بەڵگەی زیاتر دەبینرێت لە دروستکردنی ئەو دەزگە سیخوڕییە تۆکمە و بە توانایە ڕۆڵی گەورەی مووسادی تێدا بینراوە.
دوای ئەوەی کە میری کوردان بە هۆکاری جیا جیا لەو نێوەندگیری و پەیوەندییە دیبلۆماسییەی کە هەیبووە سەبارەت بە پێشەوەچوونی پرسی کورد بەتایبەت لە عێراقدا دەکشێتەوە ، دکتۆر عیسمەت شەریف وانلێ ئەو ڕۆڵە دەگرێتە دەست. ئیدی ئەوە کە لە پێوەندی نێوانی بارزانی و ئیسرائیل دا ڕۆڵ دەبینێت ، تەنانەت کۆمەڵی ئیبراهیم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی -شی زۆر جار بینیوە هەر ئەمەش بوو کە لە دوایدا بارزانی باوەڕی پێی نەما. بە گوێرەی ئەو کتێبە دەکرێت بڵێین دکتۆر وانلێ زمانبەدییشی دژ بە دکتۆر کارمەران بەدرخان لای ئیسرائیلییەکان کردووەو لە کۆبونەوەیەکدا پێی گوتون :” بەدرخان لە یارییەکە چووەتە دەرێ، بەدرخان کەسێکی ئەرستۆکراتە و بە کەڵکی کاریکردەیی نایەت، چیتر نوێنەرایەتی هیچ لایەنێکی فەرمی ناکات. کۆمەڵێک بابەتیشی خستەڕوو، تا ئێستە و دوای ئەو هەموو ساڵانە نهێنی ماونەتەوە.”
هاوکاری ئیسرائیلییەکان تا ئەو ڕادەیە بووە کە ئامادە بووە دەستەیەکی تایبەتی کورد لەسەر ئەرك و تێچوونیان بچێتە ئیسرائیل بۆ بەشداریکردنیان لە خولی جیا جیادا و ڕاهێنان لە بواری جیا جیادا. ئەمە جگە لە کردنەوەەی خولی ڕاهێنان لە ناو خودی کوردستان و لە هەمەدانی ئیرانیشدا .
ساڵی 1965 هەر لەو ساڵەدا پاش چوونی دکتۆر وانلێ بۆ ئەمریکا بارزانی زۆر بەباشی سیاسەتی ناوچەیی و نێو دەوڵەتی خوێندۆتەوە، زیرەکانە دەرکی بەوە کردووە کە هیچ دەوڵەلتێك یان نەتەوەیەك ناتوانێت بژی و بەردەوام بێت بێ هاوکاری یەكێك لە لایەنە گەورەکەی جیهان، بەڵام ئەو باوەڕی بە سۆڤییەتی ئەو کاتە نەبووە وتویەیتی کە ئەوان فکری ئەمان پەسەند ناکەن . بۆیە بەلایەوە باش و ئاسایی بووە کە ئەمەریکا یارمەتییان بدات .
پێشبینییەکەی بارزانی تا ڕادەیەك دروست دەرچوو کاتێک کە دڵشکاو بوو لە هاوپەیمانێتی شورەوی و عێراق چەکدارکردنی عێراق بە نوێترین کەرەسە و تەقەمەنی حوکومەتی عێراق، بێ ئەوەی بەعسییەکان ئەمە بەو بڵێن. ئەو کە ئەمەی لە گەڵ ئیسرائیلییەکاند باس دەکرد ئەوان کەمتر باوەڕیان بەوە هەبوو . بەڵام ئەم دەیوت” عێراق ئەو چەکەی بۆشەڕی ئێران نییە ، هەروەها بۆ شەڕی ئیسرائیلیش نییە ئەوە هەر بۆ کوردێتی ” قسەکانی ئەو دروست هاتنە دی کە هاوپویمانییەکەی ڕوسیا نەك هەر نەیتوانی کورد بپارێزێت لە دەست حکومەتی فاشی سەدام بەڵکو خودی شیوعییەکانی سەربەخۆشی بۆ نەپارێزرا و کردنییە قوربانی بەرژەوەندییەکانی خۆیان .

لە 15ی نیسانی 1965 لیڤی ئاشکۆلی سەرۆکی حکومەت کۆبوونەوەیەکی ئەنجام دا ، گۆڵدا مائیری وەزیری دەرەوە و ئیسحاق ڕابینی سەرۆکی ئەرکان و سەرۆکی مووساد ئامادەی بوون، دۆزی کوردان و ئەو پرۆسە تایبەتییەی ئیسرائیل ئەنجامی دەدات خستە ڕوو. ئامادەبووان لەسەر ئەوە کۆك بوون پێویستە ( پێشەنگی بدرێتە دۆزی کوردان).
لەم کتێبەدا هاتووە کە زۆرێك لە هەواڵەکانی هاوکارییەکانی ئیسرائیل بۆ بارزانی دەگەیشتەوە حکومەتی عێراق ، بۆ موسادیش ئەمە پێشبینی کراو بوو بە حوكمی زانینی بابەتی خیانەت لە یەکتر لەناو کورداندا کە مێژوویەکی درێژی هەیە ئەگەر چی ژمارەی شاندەکەش زۆر کەمیش بێت . ئەمەش دروست وابوو باشترین نموونەش رادەستبوونەوەی عەزیز عەقرای بوو کە هەموو شتێکی گەیاندەوە حکومەتی عێراقی.

کردنەوەی خوولی جیاوازی فێربوون بۆ پێشمەرگەکان چەند جارێك بووە کە یەکێکیان لە هەمەدانی ئێران بووە و کۆمەڵێک پێشمەرگە بەشدارییان کردووە . لەوێدا نوێنەری باڵای موساد کە زۆر نزیك بووە لە بارزانیەوە وەختێکی زۆریشی لە کوردستاندا سەرف کردووە ، تێبینی ئەوەی کردووە کە ” سەرەڕای نەخوێندەوای بەربڵاو لەناو کوردانیشدا ، کەچی ئاستی وەرگرتن و تێگەیشتنیان لە فێڕخوازە ئێرانییەکان باشترە “
ئیسرائیلییەکان تەنانەت دکتۆری تایبەتی دانیان لە ئیسرائیلەوە بۆ بارزانی هێناوە لەبەر ئەوەی ئەو دانئێشەکەی هەراسانی کردووە و نەشی دەویست کە دکتۆری عێراقی ببینێت چونکە بەگومان بوو لێیان. ئەمە جگە لەوەی کە ئیسرائیلییەکان خەستەخانەی سەیاری لە گەڵ دوو دکتۆر و نێرس دا هێاوە بۆ گەڵالە بە هەموو کەرەسەی پێویستەوە. هاوکاتیش خولی فێربوونی سەرەتایی [ ئیسعافاتی ئەوەلی ] لەوەش زیاتریان بۆ هەندێك پێشمەرگەر کردۆتەوە و فێری دەرزی لیدانیان کردون .
کیسەنجەر لە کتێبەکەیدا دەڵێ: ” بڕیاری ڕێگریکردن لەوەی کوردەکان لە کاتی جەنگی 1973دا شەڕ دژی عێراقییەکان ئەنجام بدەن بە کۆدەنگی درا لە نێوانی هەواڵگریی ئەمریکا و ئێران و شادا چونکە کوردەکان شکستیان دەهێنا، هەموو لایەنەکانیش لەسەر ئەم مەسەلەیە هاوڕا بوون .”

چوار: ئێرانییەکان :

ئێران وەکو وڵاتتێکی دراوسێی جیا مەزهەب لە حکومەتە یەکبەدوایەکەکانی ئەو کاتەی عێراق، هەم وەکو ناحەزی سەرەکیش بە هۆی دراوسێیەتی و کارایی دانەوەی ئەوەی لەعێراق دا ڕوودەدات هەژموونی خۆی لەسەر ئیران دەبێت ، هەمیشە گرفتێکی سەرەکی شا بووە . هەر لەبەر ئەمەش پارە و وزەیەکی زۆریان لە دەزگە جیاوازاەکاندا سەرف کردووە بۆ ئاشکرابوون لە مەیل و نێت و سیاسەتی حکومەتەکانی عێراق.
لە لایەکی دیکەشەوە درێغیان نەکردووە لە دروستکردن و هاندانی هەر جۆرە ناڕەزایەیتیەك لە عێراق دا دژ بە حکومەت جگە لە هەوڵ و بزوتنەوەی شیوعییەت. زۆر نوسراوە و زۆر وتراوە، زۆر زانراوە لەسەر هاوکاری حکومەتی ئێران بۆ بزوتنەوەی 1961ی کوردی لە کوردستان دا. ئەو هاوکاری و یارمەتیدانەش هەر هەمووی لە پێناوی لاوازکردنی عێراق بووە بە دروستکردنی هەموو گێچەڵێك بۆی. هاوکاتیش هەرگیز نەیان ویستوە کە ئەو بزوتنەوەیە بگاتە هیچ کوێیەك. هاوکارییەکان بە شێوەیەك ڕێکدەخرا و پارسەنگی بۆ دادەنرا نە بززوتنەوەکە کۆتایی پێ بێت و نە ئەوەندەش گەورە بێت کە بتوانێت شتێك بکات بە شتێك.

ئێران ئەم تاکتیکەی لای ئیسرائیلییەکان و لای ئەمەریکییەکان و دۆستەکانی دیکەشیان نەشاردۆتەوە. کاتێ لەو دیدارەی شای ئێران لەگەڵ ڕۆژنامەی لۆمۆندی پاریس دا ئەنجامی داوە دەڵێ: ” ئێمە پاڵپشتی سەربەخۆیی کوردانی عێراق ناکەین ، بەڵام دەخوازین کوردەکان هەموو مافەکانی خۆیان وەربگرن ، کوردەکان لە عەرەبەکان جیاوازن .”

لە وەڵامی کەسایەتیییەکی پلەباڵای ئێرانی لە وەڵامی پرسیاری کەسایەتییەکی ئیسرائیلیدا سەبارەت بە دۆخی کوردان ، بەرپرسە ئێرانییەکە گوتوویەتی: ” ئێمە دەخوازین ئاگری یاخیبوونی کورد لە عێراق نێڵەی بێت، بەڵام نامانەوێت کڵپە بسێنێت و ببێتە ئاگرێکی زەبەلاح.” لە کاتێکیش کە دانوستاندن بوو لە نێوانی بارزانی و عێراق دا ، ئێرانییەکان جامی غەزەبیان بەسەر بارزاندیدا ڕژاندووە ، کاتێك کە نوێنەری ساواك دوو ساڵ بوو لەوێ بوو ڕای حکومەتەکەی خۆی ڕوون کردۆتەوە و وتی : ” مادام دانوستان لەنێوان عێراق و کوردان لە گۆڕێدایە، هیچ پێویستییەك بۆ مانەوەی نێرەدی ئێران و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا نەماوە و شتێکی وایان پێ نییە بیکەن .”
نوسەری کتێبەکە دەڵێت بارزانی لەوە زۆر توڕە بوو وتی ” بۆچی ئێرانییەکان لەوە تێناگەن ، هۆکاری سەرەکی قەبوڵکردنی ئەو دانوستاندنە دۆخی خراپی ئابووریمانە . ئەگەر ئەوان هاوکاری پتریان پێشکەش بکردینایە ، ئەگەر ئێمە متمانەمان بە کۆمەکی ئێرانییەکان هەبایە ، لە شەڕ بەردەواوم دەبوین ، ئەو یارمەتیانەی ئەوان دەماندەن ، مەمرە و مەژییە.”
ئێرانییەکان هەمیشە ڕایان وابووە پێویستە ” کۆلکەدارەکە ئاگراوی بمێنێتەوە، بەڵام ئاگەدار بین سەرنەکێشێ بۆ ئاگرێکی گەورە.”
کرۆن کە کەسێکی پلە بەرزی موسادی ئیسرائیل بووە و لە ئێران بوووە و ناو بەناو سەریشی لە بارزانی داوە لە نامەیەکیدا کە بۆ ئیسرائیلی ناردووە دەنوسێت: ” ئەوان( ئاماژەیە بە ئیڕانییەکان ) گوتیان بارزانی تەنها وەك ئامرازێکی سیاسی تەماشا دەکات، هەر هێندەی ئەو ئامرازەش لە کار کەوت ئیتر پێویستە لەناو ببرێت. هەموو ئەو فشارانەش خراونەتە سەری ئامانج لێیان ئەوە بووە ، لە شوێنی دروستی خۆیدا دابنرێت و لەوەش دڵنیا بکرێتەوە و خۆشی بەوە بزانێت تەنها ئامرازێکە و لەبەردەم دەرگاکان ڕاوەستاوە تا خێرێکی پێبکرێت، پێویستە پێشوەخت بەوە بزانێت، تا بزانێت چۆن ڕەفتار بکات .”

دوای شەڕبوونەوە و ڕێکەوتنی ئێران و عێراق لە 6ی ئازاری 1975 دا دەستبەردانی ئێران لە بزوتنەوەی کوردی، ئیسرائیلییەکان و ئەمریکییەکانیشی تووشی شۆك و داچڵەکین کرد . لەم بارەوە بەرپرسێکی موساد بە ناوی(ب) لەگەڵ بەرپرسێکی ساواك قسە دەکات دەڵێ زۆر سەرم سووڕما و دۆش دامام بەرپرسەکەی ساواك وتی ” وا پێدەچێت ئێوە لە بریتانییەکانەوە فێری چونێتی بەڕێوەبردنی ئیمپراتۆرییەت نەبووبن، پێویستە لەگەڵ کوردەکان وەک کرێگرتە کار بکەیت، کاتێك ئیشەکەیان تەواو دەبێت ، چیرۆکەکەشیان کۆتایی دێت.
پێشی گووت: باشتر وایە ئیسرائیل پاڵپشتی ڕێکەوتنەکە بکات ، چونکە کێشەی سەرەکی ئیسرائیل عێراقە ، بۆیە بەرژەوندییەکی وا دەخوزێت پشتیوانی ئەو دەستکەوتەی ئێران بکات لە شەتتولعەرب بەدەستی هێناوە . کاتێکیش (ب) ناڕەزایی لەسەر ئەو قسانە دەربڕی پیاوەکەی ساواك پێی گوت : لاوازی ئیسرائیل لەوەدایە هەستو سۆز تێکەڵ بە سیاسەت دەکات. نابێت پێشکەشکردنی یارمەتی بە کەمینەکان خۆی لە خۆیدا ئامانج بێت ، بەڵکوو ئامرازێکە بۆ بەدەستهێنانی سازش لە زۆرینە، لە نموونەکەی ئێمەشدا لە عێراق .
سیاسەتی باش ئەو سیاسەتەیە، دەزانێ چ کاتێك دەبێت واز لە یارمەتیدانی کەمینە بهێنێ، بۆ ئەوەی زۆرترین سازش بە زۆرینە بکەی .”
لە کتێبەکەدا هاتووە کە دەستبەجێ ( ب) پەیوەندی بە ئیسرائیلەوە کردووە ، هەروەها بە سەرۆکی مووسادیشەوە ، لەو کاتەدا جێگری ئەو کاتەی سەرۆکی موساد دەڵێت : هەواڵەکە دەتگوت هەورە برسکەیە لێمان دەدات.
هاوکاتیش سەرۆکی موساد بە پەلە ئیسحاق ڕابینی سەرۆکی حکومەتی ئاگەدار کردەوە ئەویش لە 9ی ئازاردا لە بەردەم حکومەتەکەیدا ڕایگەیاند : ” ئێران و عێراق گەیشتونەتە ڕێکەوتنێك، ناوەرۆکەکەی پشتهەڵکردنە لە کوردەکان.”

پێنج ئەمەریکا:
لە کاتێکدا سوپای عێراق دوودڵ بوون لەوەی شەڕ بکەنەوە بارزانی بڕیاری دا لە هێڕشبردندا دەستپێشخەری بکات . ئەمە لە ئارشێڤی سی ئای ئەی دا پارێزراوە کە لە نامەیەکدا بۆ شا لە لایەن بارزانی-یەوە نێرداراوە و ئەمریکییەکانیش دەستیان کەوتوە . نامەکە لە 17ی تەموزی 1973دا دابوو . بارزانی داوای لە شا کردووە کە هاوکارییەکان زیاد بکات لەوە ناکات کە حکومەتی عێراق مەرجەکانی 11ی ئازار جێ بەجێبکات بۆیە ئەوان پێشبنی شەڕ بوونەوە دەکەن .
کە حکومەتی عێراق شەڕ دەستپێدەکاتەوە ئەمەریکییەکان لە سەرەتادا بە بارزانییان ڕەگەیاند کە سوپای عێراق ق حکومەتەکەی دوو دڵن لەوەی شەڕ بکەنەوە، بەڵام بارزانی بڕیاری دا لە هێڕشکردن دەستپێشخەری بکات، بەڵام بارزانی دەڵێت ” بەرپرسێکی سی ئا ئەی پێی وتم ئێمە پاڵپشت لە ئامانجەکانت دەکەین ، حکومەتی عێراق ناخوازێت ڕێز لە پەیمانەکانی خۆی بگرێت، پیلان دادەنێ هێڕشێکی سەختتان بکاتە سەر، حکومەتی ئەمەریکاش ئامادەی تەواوی تێدایە یارمەتیت بدات، ئەگەر ئێستە هێڕش بکەیت بەهەموو هێزێکمانەوە لەگەڵت دەبین”
” بارزانی دەڵێت کاتێکیش لەو بەرپرسەم پرسی هاوکارییەکانمان چۆن پێدەگات؟ گوتی: لە ڕێی ئێرانەوە. پێم گوت: بەڵام ئێرانییەکان دۆستی کورد نین ، پێی گوتم : لە هیچ مەترسە، بارودۆخی ئێران لە ژێر دەسەڵاتی خۆمانە. من نە هێڕشم دەکرد و نە ئەوکاتەش ئامادەی هێڕش بووم، ئەگەر ئەو ئامادەییەی بەرپرسەکەی سی ئای ئەی نەبوایە.”
بارزانی زۆر گەشبین بوو بە وەڵامەکەی سی ئای ئەی ، بە دوای ئەو گەشبینییەدا بە گوێرەی قسەی دکتۆر بەجمەدین کەریم بارزانی هەمویانی کۆکردۆتەوە پێی گوتوون کە شەڕ دەبێتەوە عێراق بە چەکی کیماوی لێیان دەدار . ئەوانیش بۆ پارستنی خۆیان ئەو کەرەسانەی کە ڕێگری لەو چەکە دەکات کۆیان کردۆوتەوە، بەڵام بارزانی پێی وتوون عێراق بە هەرچی لێیان بدات ئەمانیش هەمان شت دژی بەکاردەهێنەوە. بە تانک لێیان بدات بە تانك وەڵامی دەدەنەوە ، بە فڕۆکە لێیان بدات ئەمانیش بە فڕۆکە وەڵامیان دەدەنەوە. دیارە بارزانی بە تەواوی باوەڕی بە قسەکانی ئەمەریکیەکان کردووە .
ئەمەریکییەکان حەزیان دەکرد کە شەڕەکە بەردەوام بێت دژ بە عێراق چونکە زۆر لە فراوانبوونی هەژموونی ڕوسیا لە ناوچەکەدا دەترسا. لە هەوڵەکانی بارزانی بۆ هاوکاری ئەمریکا بۆی ، ئەمریکاییەکان ئامادە بوون ، بەڵام کێشەکە ئەوە بووە کە تاکە ڕێگەیەك کە ئەمرییکییەکان هەموو شتێك بگەیەننە دەستی کوردان ئێران بووە، ئێرانیش سنورەکانی داخستووە و ئامادەش نەبووە کە ئەوی ئەمەریکا دەیویست بیکات، لای ئەوان وەکو پێشتر وتبوویان ” چیرۆکی کوردان تەواو بوو. “
…………

  • گەر دەتەوێت ئەم کتێبە نایابە بکڕیت ئەوە تکایە سەردانی کتێبخانەی یادگار لەسەر شەقامی پیرەمێرد، بەرانبەر مزگەوتی بن تەبەق بکە . بەڕاستی خوێندنەوەی گرنگ و سوودمەندە

Zaherbaher.com

Previous
Next

Leave a Reply