مارتین وگه‌ڕانێكی بێهووده به‌دوای به‌خته‌وه‌ریدا … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
مرۆڤ هه‌میشه له ژیانیدا، عه‌وداڵی به‌خته‌وه‌ری بووه و ئه‌گه‌ر بۆ ساتێكیش ژیابێت، ئه‌وا هه‌وڵیداوه ئاسووده و به‌خته‌وه‌ربژیت. ته‌نانه‌ت مرۆڤه‌كان زۆرڕێگه‌و ئه‌زموونی ژیان تاقیده‌كه‌نه‌وه له پێناو به‌خته‌وه‌ریدا.گه‌رچی له زۆربه‌ی كاته‌كاندا نا‌ئومێد ده‌بن و هه‌ست ده‌كه‌ن به‌دوای سه‌راب كه‌وتوون. مرۆڤه‌كان ئه‌گه‌رهه‌ست بكه‌ن له دوورترین سووچی ئه‌و دنیایه‌دا به‌خته‌وه‌رده‌بن، ئه‌وا له‌خه‌ونی گه‌یشتن به‌و شوێنه‌دان. له‌هه‌ندێ كاتیش‌دا، خۆیان و خه‌ونه‌كانیان په‌ژمورده ده‌بن و له‌نێوده‌چن. به‌هه‌زاره‌ها مرۆڤی ئێمه له پێناو ژیانێكی ئاسووده‌تردا ڕێگای هه‌نده‌ران ده‌گرنه به‌رو خه‌ون به ئه‌وروپاوه ده‌بینن به‌نموونه، كه‌چی گه‌لێكیشیان ده‌كه‌ونه به‌ر شه‌پۆڵه بێ ئامانه‌كانی ده‌ریاو ئه‌و هه‌نده به‌خته‌وه‌رییه بچووكه‌ی پێشتریش هه‌یانبووه، له‌ده‌ستی ده‌ده‌ن.
هه‌ندێكی تر به‌خته‌وه‌ری له سامانی دنیا‌و زه‌نگینی ده‌بینن، كه‌چی هێشتاش هه‌ست ناكه‌ن به‌خته‌وه‌رن. مرۆڤ كه‌له‌ڕووی ڕوحییه‌وه به‌خته‌وه‌ر نه‌بوو، ئیدی هه‌موودنیاش ته‌ی بكات، بۆ ئه‌و هیچ نییه. قسه‌یه‌كی (شێرزاد حه‌سه‌ن)ی چیڕۆكنووسم ئێستاش له خه‌یاڵ ماوه كه‌بیست ساڵ له‌مه‌وبه‌رخوێندوومه‌ته‌وه. كاتێ پرسیاری لێده‌كه‌ن بۆچی له فینله‌ندا گه‌ڕایته‌وه، له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت:( من غه‌ریبییه‌كه له‌ڕوحم دایه، ئیدی له‌هه‌ر شوێنێكی ئه‌و دنیایه بم بۆمن وه‌كو یه‌كه من هه‌ر غه‌ریبم بۆیه ده‌چمه‌وه كوردستان). مارتینی پاڵه‌وانی ڕۆمانی(مارتینی به‌خته‌وه‌ر)یش، به ئامانجی گه‌یشتن به به‌خته‌وه‌رییه‌كی هه‌میشه‌یی ژیان، سه‌فه‌ر له ڕۆژئاواوه بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی، عیرفان ده‌كات و ئه‌م شار‌و ئه‌و شاری وڵاتان ته‌ی ده‌كات، كه‌چی سه‌ره‌نجام به بێهووده‌ییه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، هه‌مان ئه‌و شوێنه‌ی پێشتر له پێناوگه‌یشتن به به‌خته‌وه‌ری جێی هێشتبوو. كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی ئه‌م ڕۆمانه ناوی مارتینه. مارتین دوای ئه‌وه‌ی دایكی ده‌مرێت و به‌ته‌نها ده‌مێنێته‌وه، ئیدی هه‌ست به بێزارییه‌كی گه‌وره ده‌كات و ده‌یه‌وێت گونده‌كه‌ی خۆی جێبهێڵێت. هانسی براده‌ری پێی ده‌ڵێت:
ئه‌گه‌ر تۆ له‌به‌خته‌وه‌ری ده‌گه‌ڕێی، به‌رێ خۆبده ڕۆژهه‌ڵات.ڕۆژهه‌ڵاتی ڕوحانیه‌ت و رووناكی و سۆفیگه‌ری. بڕۆ له‌وێ به‌دوای كتێبی (ئه‌فاده فی ئه‌كسیر سعاده) بگه‌ڕێ. ئیدی تاهه‌تایه به‌خته‌وه‌رده‌بیت. مارتین به‌و خه‌یاڵه گوندی هێرنه جێدێڵێت و ڕووده‌كاته ڕۆژهه‌ڵات و سه‌فه‌رێك ده‌كات كه‌نۆساڵ و نۆمانگ ده‌خایه‌نێت. به‌رله‌وه‌ی بڕوات، هانسی براده‌ری، به‌ڕووێكی نیشتمانی ده‌داتێ كه به‌ڕووی وڵاته.بۆ ئه‌وه‌ی یادی نیشتمانی پێ بكاته‌وه. مارتین به‌خه‌ون و خه‌یاڵێكی زۆره‌وه كه تیایدا به‌خته‌وه‌ری به‌ده‌ست دێنێت، ده‌ست به‌سه‌فه‌ره‌كه‌ی ده‌كات.سه‌ره‌تا ڕوو له‌ته‌نجه ده‌كات، دواتر له‌ڕێی ده‌ریای ناوه‌ڕاسته‌وه ده‌چێته ئه‌سكه‌نده‌رییه و پاشانیش بۆ وڵاتی شام.
شام ئه‌و كات ڕێگه‌ی كاروانچییه‌كان و هامۆشۆی كاروانسه‌راكان بووه بۆ ئۆرشه‌لیم و شوێنه‌كانی دیكه. مارتین بۆ ساڵانێكی زۆر له‌حه‌له‌ب ده‌مێنێته‌وه. زۆر خه‌ڵك له‌كه‌سانی ئاسایی و بازرگانان و موسڵمان و كریستییان و ئه‌رمه‌نی و جوو ده‌ناسێت و تێكه‌ڵیان ده‌بێت. فێری ژیان و كلتووریان ده‌بێت.هه‌رله‌وێدا مارتین عاشقی كچه كوردێك به‌ناوی(كه‌وسه‌ری كوردان) ده‌بێت، كه‌یه‌كێك بووه له شۆخترین كچه‌كانی حه‌له‌ب. مارتین بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر، ڕاز‌و نیاز له‌گه‌ڵ كه‌وسه‌ر ده‌گۆڕێته‌وه و واهه‌ست ده‌كات گه‌یشتۆته به‌خته‌وه‌رییه‌كی هه‌میشه‌یی. پاشان ده‌بێته بازرگانێكی ناسراوی كاغه‌زو كه‌لو په‌ل و كاڵای له شوێنه‌كانی دیكه بۆ دێت، ئه‌ویش ساغیان ده‌كاته‌وه تا وایلێدێت ده‌بێته بازرگانێكی ناسراو. مارتین واده‌زانێت ئیدی ئه‌و گه‌یشتۆته به‌خته‌وه‌رییه‌كی هه‌میشه‌یی و ده‌رگای ئاسووده‌یی ژیانی بۆ كراوه‌ته‌وه‌و پێویستی به‌چیترنییه.
به‌ڵام ورده ورده، ئه‌و هه‌سته‌ی نامێنێت.مارتین وا ده‌زانێت شه‌هوه‌تی ژن و ده‌وڵه‌مه‌ندی و بازرگانی، ده‌توانن نیشتمانی له‌بیربه‌رنه‌وه. به‌ڵام هه‌ر كاتێك ئه‌و به‌ڕوه له گیرفانی ده‌رده‌هێنێت كه هانسی هاوڕێی پیی داوه، ئیدی سۆزی دووری ده‌یگرێت و غه‌ریبی نیشتمان ده‌كات.ئه‌مجاره‌یان هه‌رله پێناو به‌خته‌وه‌رییه‌كی هه‌میشه‌ییدا،حه‌له‌ب جێدێڵێت وده‌چێته وان. ماوه‌یه‌كی زۆریش له‌وێ ده‌مێنێته‌وه‌و دانیشتووانی ئه‌وێش ده‌ناسێت. مارتین چونكه كریستییانه و له‌ڕۆژهه‌ڵاتیش ده‌ژیت، ئیدی كه‌سانێك پێی ده‌ڵێن كه ئه‌گه‌ر ئایینی خۆی بگۆڕێت و ببێته موسڵمان، ئه‌وا تا هه‌تایه به‌خته‌وه‌ر ده‌بێت و ده‌گاته ئه‌و كتێبه‌ی كه‌به‌دوایدا له باكووری ئه‌لمانیاوه گه‌شتی له پێناودا كردووه. بۆیه مارتین له‌سه‌ر ده‌ستی والی وان ده‌بێته موسڵمان وناوی لێده‌نێن، (موراده‌ددین). مارتین واهه‌ست ده‌كات،كه‌بووه موسڵمان ئیدی تاهه‌تایه به‌خته‌وه‌ر ده‌بێت.
به‌ڵام ناشتوانێ به‌ئاشكرا ئه‌وموسڵمان بوونه‌ی خۆی له ترسی ئه‌لبیرتۆو هاوڕێكانی دیكه‌ی كریستییانی ده‌ربخات. بۆیه جارێكی دیكه، هه‌ست به ئازاری ویژدان ده‌كات. به‌وه‌ی چۆن ده‌بێ مرۆڤ هێنده لاواز‌و بێ ده‌سه‌ڵات و بێ بیروباوه‌ڕبێت،به ئاسانی وازله ئایینی خۆی بێنێت. به‌ڵام مارتین هه‌موو ئه‌م ڕێگه‌یانه تاقیده‌كاته‌وه ته‌نها له پێناو گه‌یشتن به به‌خته‌وه‌ری. ئه‌مجاره‌یان مارتین له‌وانیش هه‌ڵناكات و ده‌چێته به‌دلیس. له‌وێش له‌خانێكدا بۆماوه‌یه‌ك ده‌مێنێته‌وه و دیمه‌نه‌كانی سه‌بڕین و كوشتن به‌ده‌ستی موسڵمانه‌كان ده‌بینێت. له‌كاتێكدا ئه‌و بۆیه ئایینی خۆی گۆڕیوه، له پێناوگه‌یشتن به‌به‌خته‌وه‌ری، كه بڕوای وابوو له‌ئیسلام و ڕۆژهه‌ڵاتدا پێی ده‌گات. به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه، جگه له سه‌رابێك كه له بیابانداڕێبواران فریو ده‌دات وه‌ك ئه‌وه‌ی ئاو بێت، چی تر نه‌بوو.
مارتین ڕۆژئاوای به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵاتی ڕوحانیه‌ت جێهێشت. له‌وێ كه‌وسه‌ری كوردانی ناسی و بۆماوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵی ژیا. دواتر بووه بازرگانێكی گه‌وره‌ی كاغه‌ز، ئایینی خۆی گۆڕی، ناوی خۆی گۆڕی، هه‌موو ئه‌مانه‌ی له پێناو گه‌یشتن بوو به به‌خته‌وه‌ری. به‌ڵام بۆ دواجار مارتین به هیچ یه‌كێك له‌و ڕێگایانه، ناگاته به‌خته‌وه‌ری و دوای نۆساڵ له گه‌شته‌كه‌ی به نائومێدی ده‌گه‌ڕێته‌وه هێڕنه‌ی گونده‌كه‌ی له خۆرئاوا. مارتین به‌و بڕوایه گه‌یشت كه مرۆڤ له هه‌ر شوێنێك بژیت، ئه‌گه‌رخۆی له ناخه‌وه هه‌ست به‌به‌خته‌وه‌ری نه‌كات، ئه‌وا به‌خته‌وه‌ر نابێت. مارتین زانی به‌خته‌وه‌ری نه له سه‌رمایه، نه‌له‌زه‌نگینی، نه‌له عشق و خۆشه‌ویستی ژندایه، به‌ڵكو له ڕوحی مرۆڤدایه.مرۆڤ ئه‌گه‌ر هه‌ستی به به‌خته‌وه‌ری نه‌كرد، ئه‌وا هه‌موو دنیاش هی ئه‌وبێت كه‌لكی نییه.
بۆیه دوای نۆساڵ گه‌ڕایه‌وه زێدی خۆی و به‌خته‌وه‌ری وه‌ك خۆڵه‌مێشی نێو كتێبێك بینی، كه كۆ ناكرێته‌وه. به‌ڵام له‌ماوه‌ی ئه‌و گه‌شته نۆساڵیه‌ی مارتیندا،تاكه شت كه نه‌یتوانی له‌بیری بكات، به‌ڕوی نیشتمان بوو. كه‌به‌ر له‌گه‌شته‌كه‌ی هانسی براده‌ری پێی دابوو.مارتین هه‌مووڕۆژهه‌ڵاتی ته‌یكرد، به‌ڵام به‌ڕوی نیشتمانی ون نه‌كرد. ئاخر نیشتمانی ڕاسته‌قینه به‌ئاسانی له‌بیرناكرێت.سه‌ره‌نجام مارتین گه‌ڕایه‌وه ئه‌و نیشتمانه‌ی كه به‌ڕوێكی لێ هه‌لگرتبوو، نه‌یتوانی به‌وشكبووییش فڕێی بدات. لێره‌دا ده‌مه‌وێ ئاماژه بۆ لایه‌نێكی دیكه‌ی ئه‌و ڕۆمانه بكه‌م، كه‌ئه‌ویش زمانه‌كه‌یه‌تی. جان دۆست له‌و ڕۆمانه‌یدا،هاوشێوه‌ی ڕۆمانه‌كانی دیكه‌ی، به‌زمانێك ده‌نووسێت ته‌ژی له جوانی و ده‌ڕبڕینی وێژه‌ییانه‌ی سه‌رنج ڕاكێش. له‌ڕاستیدا، كه‌م شێوه‌زار و شێوه‌كانی ده‌ربڕینی زمانی كوردی هه‌بوو، من له‌وڕۆمانه‌دا به‌رچاوم نه‌كه‌ون. وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕۆماننووس له‌و ناوچه‌و شوێنانه هه‌مووی ژیا بێت. ته‌نانه‌ت شێوه‌زاری ڕواندزیانیشم له‌و ڕۆمانه كه‌وته به‌رچاو. لێره‌دا بۆ به‌رچاو ڕوونی زیاتری خوێنه‌ران، نموونه له‌وشێوه‌زاره جۆراوجۆرانه ده‌هێنینه‌وه.
*ڵاپه‌ڕه25(هه‌ڕه‌مارتین هه‌ڕه).
*ڵاپه‌ڕه 29(چما گه‌لۆ).
*ڵاپه‌ڕه 29(گشت شته‌كان به‌له‌زوبه‌ز چێ بوون)
*ڵاپه‌ڕه 56(بله‌ز فڕی بكه).
*ڵاپه‌ڕه 62( ئێستاكه پیچه‌ك باشترم).
*ڵاپه‌ڕه66(چما من پاسه‌وانی ده‌فته‌رانم).
ڵاپه‌ڕه89(باهه‌وكه واز له ئاخاوتن بێنن).
*ڵاپه‌ڕه108(گه‌له‌ك كه‌یفم هاتێ).
*ڵاپوڕه108(حه‌وجه به‌وه‌ناكات سه‌ری خۆت بێشینی).
*ڵاپه‌ڕه 118(ڕابه قیزێ).
*ڵاپه‌ڕه 123(مقه‌یه‌تی خۆت به). ئه‌م ده‌ربڕینه له‌شێوه‌زاری ڕواندزییان به‌كاردێت. مقه‌یه‌ت واته هوشیاری خۆت به ئاگاداری خۆت به.
*ڵاپه‌ڕه 165( پیچه‌كی لێ ده‌نووسم). پیچه‌ك واته‌كه‌مێك، هه‌ندێك.
*ڵاپه‌ڕه 186(هێشتانه‌كێنێ به‌و ئومێده‌بووم).
*ڵاپه‌ڕه 199( ئه‌لعان كۆشكی تۆ له به‌هه‌شتێ ئاماده ده‌كه‌ن). ئه‌لعان له شێوه‌زاری ڕواندزییان واته(ئێستا).
*ڵاپه‌ڕه 205(خه‌ڵك دۆستی پاره‌ن نه‌ك دۆستی بنیاده‌م).
*ڵاپه‌ڕه 212( ئه‌و دووخورته).
*ڵاپه‌ڕه 216( ئه‌لعان كارم هه‌یه).
*ڵاپه‌ڕه 231( ڕوحی چی ماڵه‌وه‌دان).
*ڵاپه‌ڕه 237(زه‌لامێكی فیله‌ته‌ن). واته مرۆڤێكی گه‌وره. ئه‌مه ئێستاش له ڕواندز به‌كاردێت.
*ڵاپه‌ڕه 291( هه‌نگینێ زێڕبه‌هێز دكارێت).
*ڵاپه‌ڕه 299(كتێبه‌كه‌ت هاورد). هاورد له شێوه ده‌ربڕینی ناوچه‌كانی گه‌رمیان و خانه‌قینه.
بێگومان ئه‌م ده‌ربڕینه جۆراو جۆرانه‌و به شێوه‌زاری جیاواز، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی شێوه ئاخاوتنه‌كانی زمانی كوردییه، له دنیابینی جان دۆستدا. ئه‌م شێوه ده‌ربڕینانه كه ئیستاتیكایه‌كییان له ڕووی فۆڕمی زمانه‌وه به ڕۆمانه‌كه‌داوه،ده‌شێ وه‌ك بناغه‌یه‌ك بۆ دروستبوونی زمانی ستانده‌ری كوردی ببینرێت. ڕه‌نگه ئه‌مه به‌شێكیشی په‌یوه‌ندی به وه‌رگێڕی ڕۆمانه‌كه‌وه هه‌بێت، كه‌بێگومان وه‌رگێڕێكی ناسراوو به‌توانایه. به‌ڵام دواجار زمانی نووسینی ڕۆمانه‌كه بێت، یاخود گۆڕانكارییه‌كانی زمان بێت له میانه‌ی وه‌رگێڕانی ڕۆمانه‌كه بۆ زمانی كوردی، ئه‌وا زمانێكه خوێنه‌رله‌كاتی خوێندنه‌وه‌و به‌ریه‌ككه‌وتنی وشه‌كاندا، چێژی لێوه‌رده‌گرێت و سه‌رنجی ڕاده‌كێشێت…
*په‌راوێز:_
مارتینی به‌خته‌وه‌ر/ڕۆمان/ نووسینی جان دۆست/ وه‌رگێڕانی سه‌باح ئیسماعیل/ بڵاوكراوه‌ی غه‌زه‌لنووس 2018…..
*ئه‌م بابه‌ته له ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ ژماره(1078)ی ڕۆژی 28-2-2019بڵاوكراوه‌ته‌وه…….