
… گه‌ڕانی خوێنه‌ر به‌شوێن شته‌كاندا محه‌مه‌د حیكمه‌ت
چ كتێبێك به‌ر بوون و ماهییه‌تی بییركردنه‌وه و تێگه‌شتنی من ده‌كه‌وێت؟ له‌گه‌ڵ پرسیارێكی وادا؛ هه‌وڵێكی كاك موحسین ئه‌دیب، به‌نموونه ”دادگایی كردنی جه‌لاد، دادگایی كردنی عه‌داله‌ت-هه‌وڵێك بۆ پێناسه‌كردنه‌وه‌ی چه‌مكی عه‌داله‌ت له رۆمانی”شاری مۆسیقاره سپییه‌كان”دا.
چه‌ن سه‌رنجێكی ریالیستیی و دادوه‌رانه، له‌گه‌ڵ چه‌مكی عه‌داله‌ت و هه‌وڵێكی سیزیفییانه‌ی كاك موحسین ئه‌دیب.
له‌نێوان رۆمانی “شاری مۆسیقاره سپییه‌كان”ی به‌ختیار عه‌لیی و كتێبی “دادگایی كردنی جه‌لاد-دادگایی كردنی عه‌داله‌ت، هه‌وڵێك بۆ پێناسه‌كردنه‌وه‌ی چه‌مكی عه‌داله‌ت له رۆمانی “شاری مۆسیقاره سپییه‌كان”دا: كه لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كه له‌سه‌ر هه‌مان رۆمان، له‌نوسیینی كاك موحسین ئه‌دیبه‌وه‌یه.
نامه‌وێت زۆر و بۆر خوێندنه‌وه و تێگه‌شتنێك پێشبخه‌م، هاوكات نامه‌وێت له‌شه‌رقه‌وه بیبه‌م بۆغه‌رب؛ ئه‌وه‌ی هه‌یه چه‌ن گه‌ڕانێكه له‌نێو په‌ڕه‌كاندا، له‌ناو دونیایی نوسییندا. زۆرن ئه‌و كتێبانه‌ی له‌ناو مه‌نگه‌نه چۆڵوهۆڵه‌كاندا ده‌ڕزێن و خوێنه‌ر وه‌ك ده‌روێشێك بێبه‌ش ده‌بێت له‌جۆرێك عیشق كه بۆدونیای سه‌رده‌می خۆی هه‌یه‌تی. كتێب زۆرن كه‌له‌سه‌ر بییره‌وه‌ریی، یاداشت، له‌به‌رگرتنه‌وه‌ی ده‌قێكی ئۆرجیناڵ نوسرابن، به‌ڵام كه‌من بتوانن له‌پاڵ ده‌قه ئۆرجیناڵه‌كه‌دا هه‌ڵگری شوناس و واتاسازییه‌كی نوێتر بێت؛ بۆ نموونه چه‌ندێك ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی ده‌نوسرێت توانای تێپه‌ڕاندنی ده‌قه ئۆرجیناڵ(شاری مۆسیقاره سپییه‌كان)ه‌كه‌ی هه‌یه؟ ده‌كرێت ئه‌وه‌ی ده‌نوسرێت سنورێكی فراوانتر و قوڵاییه‌كی زیاتر له‌ده‌قه ئۆرجیناڵه بڕوات، كتێبی”دادگایی كردنی جه‌لاد-دادگایی كردنی عه‌داله‌ت، هه‌وڵێك بۆ پێناسه‌كردنه‌وه‌ی چه‌مكی عه‌داله‌ت له‌رۆمانی”شاری مۆسیقاره سپییه‌كان”دا له‌نێو ئه‌و بێسنورییه‌دا جێ ده‌گرێت، به‌وه‌ی هه‌ڵگریی خوێندنه‌وه‌و ناساندنێكی فراوانتر و قوڵتره بۆ هه‌ندێك “چه‌مك، واتا، تێز” هاوكات؛ ئه‌مه‌ش له‌گرنگیی ده‌قه ئۆرجیناڵ(شاری مۆسیقاره سپیه‌كان)ه‌كه كه‌مناكاته‌وه.
ئه‌وه‌ی زیاتر واتایه‌كی نوێ و ریالیستییانه‌ی هه‌یه؛ ره‌فتاره له‌گه‌ڵ چه‌مكی”عه‌داله‌ت”دا، به‌جۆرێك له‌نێوان جه‌لادێك و مه‌زڵومێك عه‌داله‌ت له‌ده‌قه ئۆرجیناڵ(شاری مۆسیقاره سپییه‌كان)ه‌كه‌دا هه‌ڵگریی رۆحێتی دادگایی و تۆڵه‌كردنه‌وه‌یه، به‌مانایه‌ك له‌ماناكان؛ عه‌داله‌ت شكانی غروریی جه‌لاده به‌زه‌لیلیی! ئه‌مه‌ش بینینی چه‌مكه‌كانه وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌هه‌یه، پرسیار ئه‌وه‌یه؛ ئایا ماهیه‌ت و كاری عه‌داله‌ت وایه؟ له‌مێنتاڵێتی خێڵدا؛ “عه‌داله‌ت له‌وه‌رگرتنه‌وه‌ی خوێندا ده‌بینرا، گه‌ر خێڵێك كه‌سێكی له‌خێڵ یان بنه‌ماڵه‌یك بكوشتایه، یان كه‌سێكیان له‌تۆڵه و ماف وه‌رگرتنه‌وه‌دا ده‌كوشت یان ژنێك! كه له‌په‌راوێزی كێشه‌كه‌دایه وه‌ك سوڵحی خوێن ده‌درا به‌یه‌كێك له ئه‌ندامانی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ی كه ئه‌ندامێكیان كوژراوه.” رۆماننوسێكی گه‌وره‌ی وه‌ك به‌ختیار عه‌لیی له‌گه‌ڵ خودی ئه‌و چه‌مكانه هه‌ڵگریی شوناسێ نوێتر نییه و چه‌ند ره‌خنەی لەو چه‌مكانه‌ش گرتبێت، هێشتا له ده‌ره‌وه‌ی چه‌مكه‌كانه‌وه‌یه و نه‌گه‌یشتوه به‌ناوكی چه‌مكه‌كان، ئیشكال له‌وه‌دایه ئه‌ده‌بیاتی ناوچه‌كه ئه‌و چه‌مكانه‌ی له‌و كولتووره‌وه وه‌رگرتووه بێ هیچ ده‌رگیر بونێك له‌گه‌ڵ واتاسازیی نوێ‌دا. رۆماننوسێكی گه‌وره‌ی وه‌ك به‌ختیار عه‌لیی-ش بێبه‌ش نییه له‌م ئیشكاله، به‌و پێناسه باوه‌ی هه‌یه‌تی خۆی لێ دانه‌ماڵیوه به‌ته‌واوه‌تیی و تاڕاده‌یه‌ك له‌گه‌ڵی رۆیشتوه. كاك موحسین مه‌یلێكی وای هه‌یه، بۆ پێناسه‌كرنه‌وه و ناساندنێکی كامڵتر و داماڵینی ئه‌و جۆره كو‌لتووره له‌م چه‌مكانه.
یه‌كێك له‌و ره‌خنانه‌ی له دونیابینیی و فیكر و ئه‌ده‌بیاتی “به‌ختیار عه‌لیی”دا جێگه‌ی ته‌عه‌جوب و ره‌خنه لێگرتنە؛ ئه‌و دونیابینییه باوه‌یه بۆ چه‌مك و تێزه‌كان كه هه‌یه‌تی، به‌ڵام له‌م كتێبه‌ی كا موحسین-دا ئه‌و خوێندنه‌وه و دونیابینییه تێپه‌ڕده‌كرێت، تا ئاستێك، عه‌داله‌ت له‌وه‌دا نییه، جه‌لادێك وه‌ك ئه‌وه‌ی بكوژ بووه بكوژرێته‌وه، به‌جۆرێك موماره‌سه‌ی تێگه‌شتنێكی واده‌كات، رۆیشتنه به‌ناو هه‌ناوی چه‌مكی عه‌داله‌تدا: به‌وه‌ی شوناس و هاوسه‌نگییه له‌گه‌ڵ چه‌مكی لێبورده‌یی. ئێستا ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت له‌نێوان رۆمانی”شاری مۆسیقاره سپییه‌كانی به‌ختیار عه‌لیی، كتێبی “دادگاییكردنی جه‌لاد-دادگایی كردنی عه‌داله‌ت”دا كه هه‌وڵێكی كاك موحسین ئه‌دییبه، به‌راوردی بكه‌م: چه‌مكی مه‌رگدۆستیی و ژیاندۆستیی و هیومانیزمیی.
لای رۆماننوسێكی وه‌ك به‌ختیار عه‌لیی ئه‌و چه‌مكه‌ی له خولانه‌وه‌دایه، چه‌مكی عه‌داله‌ته به رۆحێتی مه‌رگدۆستیی و دادگاییه‌كی تۆڵه‌سێن، هاوكات كه تێگه‌شتنێكه له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ی چه‌مكی عه‌داله‌ت، وه‌ك چۆن جه‌لاد هه‌ڵگریی جه‌لادبوونه، ئاوه‌هاش له‌به‌رامبه‌ر عه‌داله‌تتدا گیرۆده‌یه به كوشتن، لێره‌دا عه‌داله‌ت سواڕانه‌وه‌یه به‌ده‌وری پاراستنی حه‌قی ئینسانی غه‌در لێكراو و جه‌نگاوه‌رێكی تین‌و به‌تۆڵه، ئه‌مه‌ش دیدێكه له مه‌جه‌ڕای مێژوودا هاتووه و دادگا و عه‌داله‌ت ماته‌وزه‌ی لێوه‌رده‌گرن. به‌ڵام له‌لای كاك موحسین رۆیشتنه به‌ناو تاریكایی و هه‌ناوی چه‌مكی عه‌داله‌تدا، پرسیاری گه‌وره له‌م هه‌وڵه‌ی كاك موحسین ئه‌دییبدا، گه‌ڕانه به‌دوای ناوكی عه‌داله‌ت، گه‌ڕانه له‌گه‌ڵ چه‌مكی لێبورده‌یی وه‌ك ناوكی عه‌داله‌ت له‌پەیوەندییدا به‌ژیانه‌وه، به پێچه‌وانه‌ی به‌ختیار عه‌لیی، عه‌داله‌ت لای كاك موحسین رە‌فتاره له‌گه‌ڵ ژیاندۆستیی و لێخۆشبون و لێبورده‌یی.
ئه‌م هه‌وڵه‌ی كاك موحسین ده‌گات به‌جۆرێك رۆحانییه‌ت كه هاوته‌ریبه له‌گه‌ڵ ژیان و دونیا دا ، له‌به‌رئه‌وه ده‌بینین مامه‌ڵه‌كردنێكی ئەهاوا له‌گه‌ڵ رۆحانییه‌ت و دونیا و ژیان، ناچاره مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ بۆچونێك بكات، چه‌نده سه‌روكاریی له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی مه‌رگ و مردن هه‌یه، هێنده له‌پەیوەندییدایه به‌ژیان و هیومانیزمه‌وه كه خۆی له‌كاراكته‌رێكی وه‌ك “دالای لاما” ده‌بینێته‌وه كه به‌دوای ماناكانی ژیانه‌وه‌یه، به‌رده‌وام رۆڵی جه‌نگاوه‌رێك ده‌بینێت له‌به‌رامبه‌ر مردن‌دا له‌به‌رخود دایه.
روونتر بڵێیت: “ده‌لای لاما عه‌داله‌ت له‌كوشتندا نابینێت، كوشتن و مردنێك له‌پێناو هاوسه‌نگكردنه‌وه‌ی جه‌لادێك و مه‌زڵومێك، ئه‌مه‌ش واتادانه به‌پەیوەندیی له‌گه‌ڵ مردن و مه‌رگدۆستییدا”.
هه‌مان دیدیش لای به‌ختیار عه‌لیی ئاماده‌یه، هاوكات هیچ پاساوێك بۆ كوشتن نییه.
هه‌روه‌ك “ده‌لای لاما” ده‌ڵێت: “ده‌شێ كوشتنێ سه‌گێك سیستمی جیهانی سه‌راوژێر بكات”. ئه‌وه‌ی كاك موحسین كاری له‌سه‌ر ده‌كات؟ ئه‌م دنیابینیی و تێگه‌شتنه‌یه.
گۆشه‌یه‌كی دیكه كه جێگای گرنگییه له‌م كتێبه‌دا؛ مامه‌ڵه‌یه‌كی تایبه‌ت و فراوانه له‌گه‌ڵ چه‌مكی عه‌داله‌تدا، فراوان به‌واتای سه‌ركێشانی ئه‌م كتێبه به‌لای فه‌لسه‌فه‌ی گریکییدا، تایبه‌تیشه به‌وه‌ی ته‌نها مامه‌ڵه‌یه‌كی په‌تیی رووتی نییه به‌لای فه‌لسه‌فه و زانستی یاسا، به‌ڵكو سه‌ركێشانییه‌تی به‌لای كه‌سێتییه‌كی تایبه‌ت و جیهانییدا، ئه‌ویش “دالی لامایه” پێموابێت ئه‌و دیده‌ی كاك موحسین داده‌بڕێت له‌گه‌ڵ ئه‌و دونیابینییه‌ی به‌سه‌ر رۆمانی شاری مۆسیقاره سپییه‌كانی به‌ختیار عه‌لیی-دا هه‌یه، هه‌وڵی كاك موحسینه له‌گه‌ڵ رۆحانییه‌تی”ده‌لای لاما”دا.
له‌پاڵ ئه‌م هه‌وڵه‌ی كاك موحسین‌دا، فۆرم و واتادانه‌وه‌یه به‌چه‌مكی یاسا، یاسایه‌ك دابڕاوه له به‌راوردی روتی جه‌لادێك گیرۆده‌بێت به مه‌زڵوم بوون.
یاسا ته‌نها مامه‌ڵه‌یه‌كی فیكریی و عه‌قڵانی رووت نییه، به‌ڵكو؛ هه‌ڵگری به‌رخودی رۆحانییه بۆ لێ‌خۆش بوون، لێبوردن، په‌روه‌رده، سنگ فراوانیی…تاد.
تا ئاستێك یاسا كاری پاراستنی مافی كوشتن نییه، زیاتر سه‌روكاری له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی به‌ها و په‌روه‌رده و هیومانیزمی نێوان دوو جه‌نگاوه‌ره، جه‌نگاوه‌رێك عاشق به‌قیینه، له به‌رامبه‌ر جه‌نگاوه‌رێك تینوو به تۆڵه، به‌ڵكو ئاشتكردنه‌وه‌ی ئه‌م دووجه‌نگاوه‌ره‌یه به‌جۆرێك فێر لێبوردن بكرێن، له‌گه‌ڵ په‌روه‌رده‌دا رام بكرێن.
گه‌ر به‌واتا خێڵه‌كیی و باوه‌كه‌ی “یاسا كاری پاراستنی مافی كوشتن بێت” یاسای سته‌مكاریی”، له‌م هه‌وڵه‌ی كاك موحسین‌دا یاسایی پاراستنی مافی ژیانه، به‌جۆرێك، یاسا ده‌رگییره به پارستنی شكۆی مرۆیی بوونی مرۆڤ و پاراستی جیهان، رۆحانییه‌تی مرۆڤ، تا ئاستێك یاسا وه‌ك فۆڕمێكی نادیار و نه‌بیندرا و كاری پیرۆزكردنی جیهانی نادیار و شاراوه‌ی مرۆڤ و بونه‌وه‌ره، مرۆڤ گه‌ر گه‌وزابێت له نێوان ته‌پوتۆزی دڵڕه‌قیی و جه‌لادبووندا، ئەوا هێشتا وه‌ك بوونێك نه‌فی ناكرێت، كاری جه‌لاد گه‌ر چه‌پاندن بووبێت، ئه‌وا كاری مه‌زڵومێك پەیوەندیی کردنی جه‌لاده به‌جوانیی و رووناكیی و ژیان و دونیا.
به‌پێچه‌وانه‌وه یاسا لای به‌ختیار وه‌ك ده‌ستێكی نادیار، هێنده سه‌روكاری به مامه‌ڵه و ره‌فتار هه‌یه له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤ و بوونه‌وه‌ره‌كاندا، هێنده له‌پەیوەندییدا نییه به دونیای نادیار و شته شاراوه و په‌نهانه‌كانی مرۆڤه‌كان. واته؛ له‌پەیوەندییدا نییه به رۆحانییه‌تی مرۆڤ؟ به‌ڵكو له ره‌فتاری به‌ختیار عه‌لیی له‌گه‌ڵ واتاكانی مه‌رگ، زیاتر مه‌یلێكه به‌لای كوشتنی ماهییه‌ت و بوونی مرۆڤ، ئه‌مه‌ش ده‌رگییربوونه له‌گه‌ڵ ئه‌و دونیا باوه‌ی له‌گه‌ڵ چه‌مكه‌كاندا هه‌یه.
”یه‌كه‌مین پەیوەندیی مرۆڤ به‌یاسا و رێسا؛ پەیوەندیی مرۆڤه به ته‌رز و بانگه‌شه ئاسمانیی و رۆحانییه‌كان، یاسا پێش ئه‌وه‌ی هه‌وڵێكی عاقلانیی و فیكریی بێت، هه‌وڵێكی میثۆلۆژیی رۆحانییه.”
بابه‌تێكی گرنگتر و پڕ بایه‌خی تری ئه‌م كتێبه؛ ئەو چه‌مكە هارمۆنیایه به‌ڵام چ هارمۆنیایه‌ك؟
هارمۆنیایه‌ك سه‌رله‌به‌ری له نێوان خولانه‌وه‌ی كاردانه‌وه و دژه كاردانه‌وه، له پەیوەندییدایه (به‌و واتایەی لای “به‌ختیار عه‌لیی” له پەیوەندییدا به رۆمانی ناوبراو ئاماده‌یه)، هه‌وڵی كاك موحسین دیسان خه‌ریك به‌ركه‌وتنێكی نوێ و ژیارییه؛ بە جۆرێك، هارمۆنیا له ناو گشتێك و دۆخێكی تایبه‌تدا، ته‌نها له كاردانه‌وه و دژه كاردانه‌وه ناوه‌ستێت، به‌ڵكو هه‌وڵدانه بۆ نه‌رمكردنی پەیوەندیی تاك و گشتێك كه ئاماده‌یه له پانتایی پەیوەندیی تاكه‌كاندا.
وه‌ك گوتم:” پاراستنی رۆحانییه‌ت له پەیوەندییدا به‌ژیانه‌وه، بییرهێنانه‌وه‌ی دید و دونیابینیی “ده‌لای لاما”یه”
دیسان هارمۆنیا، له‌م هه‌وڵه‌ی كاك موحسین ئه‌دیبدا؛ بونیادنانی تۆڕێكی فراون و یه‌كێتییه‌كی فراوانه له‌گه‌ڵ مه‌جڕای ئومێد و لێبورده‌یی و ژیان و هیومانیزمدا، به جۆرێك هارمۆنیا لێره‌دا هه‌ڵهاتنه له هارمۆنیایه‌ك كه گیرۆده‌ی گشتێك بێت له سه‌ربنه‌مای چه‌پاندن و دیسپۆتیزمی مه‌جاله گشتییه‌كان به‌سه‌ر مه‌جاله تایبه‌تییه‌كاندا خۆی گرتبێت، هارمۆنیا لێره‌دا دیدێكی گه‌شبینه به‌وه‌ی شته‌گەلێک نابێته بابه‌ت و له‌م شوناسه‌ی هارمۆنیا دا شوێنێكی واناگرێت كه دژی ماناكانی ژیان بێت، هاوكات، ده‌سدرێژیی بۆ سه‌ر واتاكانی ژیان وه‌ك رێسایه‌كی گه‌ردوونیی ببینێت، هارمۆنیا لێره‌دا قه‌بڵاندنێكه واتا وه‌ك ناوكی ژیان ده‌بینێت، ره‌فتار له‌گه‌ڵ مردن‌دا بڕاوه‌ته‌وه و خودێك له ناو ئه‌م هارمۆنیایه دا رۆڵده‌گێڕێت كه ده‌په‌رژێته سه‌ر ژیان و دونیا.
هارمۆنیا له‌پانتایی رۆمانی “شاری مۆسیقاره سپییه‌كان” له‌لای به‌ختیار عه‌لیی، بییرهێنانه‌وه‌ی ئازار و ده‌رهاویشته‌ی مرۆڤی ڕۆژهه‌ڵاتییه، واته هارمۆنیایه كه مرۆڤی ئێمه به‌شێوه‌یه‌كی غه‌مگین و داڵشكاو و مات پیشانده‌دات، به جۆرێك په‌یامی به‌ختیار عه‌لیی هێنده رووی له رۆژئاوایه هێنده رووی له رۆژهه‌ڵات نییه! گه‌ر وانه‌بێت، خۆ مرۆڤی ئێره ماندوه له‌و جۆره هارمۆنیا و غه‌مگینییه، چ پێویست ده‌كات دۆخێكی ئەهاوا ئاوارته و پڕ ئازار پیشانی بونه‌وه‌رگه‌لێك بدرێت كه له هه‌ناوی ئه‌م گێژه‌ڵوكه‌دان، دۆخێكیان بۆ نوسیتنی له‌و شێوه‌یە خۆشكردبێت، هه‌م دیسان بێیته‌وه هه‌مان بلوره و شمشاڵی كۆن كه بۆنی ستوی سوتاوی لێدێت بۆ مرۆڤی ئێره بژه‌نیته‌وه! ئه‌ی كه‌ی مرۆڤی ئێره پێبكه‌نێت؟ به جۆرێك ئه‌م هارمۆنیایه شتێكی تازه نییه بۆ مرۆڤی رۆژهه‌ڵات؟ مرۆڤی ئێره دابڕاو نییه له ئازار و به‌رخودی ژینگه و چه‌پاندنی مه‌جاله تایبه‌تییه‌كان له‌لایه‌ن گشتێكه‌وه كاری له‌سه‌ر گشتاندنه، مرۆڤی ئێره به سروشتی خۆی، به‌ده‌رگیربوونی له‌گه‌ڵ ژینگه‌ی ئێره، به‌و مه‌جه‌ڕا مێژووییه‌ی لێره له گوزه‌ردایه، مرۆڤێكه ئازاری لێ ده‌تكێت، ئه‌و ئازارانه‌ی به‌ختیار عه‌لیی كه‌وه‌ك هارمۆنیایه‌ك پیشانی تاكی ئێره‌ی ده‌دات، نامۆ نییه به‌مرۆڤی ئێره؟ به‌ڵكو ژیان لێره ژیانكردنێكی به‌رده‌وامه له‌گه‌ڵ ئه‌و هارمۆنیا و ئازارانه‌دا.
هارمۆنیا له‌پەیوەندییدا به‌زه‌مه‌ن و شوێنی مرۆڤی ئێره كه ڕۆڵی باڵ بۆ باڵنده‌یه‌ك و هه‌وا بۆ و جود و ئاو بۆ ماسی ده‌گێڕێت. هارمۆنیایه‌ك ده‌خوازێت چه‌نده له هه‌وڵی پیشاندانی مرۆڤی ئێره‌یه به رۆژئاوا، به شێوه‌یه‌كی مات و كۆسكه‌وتو و غه‌مگین، ده‌بێت هارمۆنیایه‌ك بێت به‌لای مرۆڤی ئێره‌دا، پڕبێت له گه‌شبینیی و ئومێد و ژیان. به‌ختیار عه‌لیی ئه‌و وێنه‌ی پیشانی رۆژئاوا ده‌دات هه‌مان وێنه‌یه كه پیشانی بونه‌وه‌ری ئێره‌ی ده‌دات، هه‌وڵی كاك موحسین لێره‌وه‌یه، كاركردنه له‌سه‌ر ئه‌م رووه‌ی هارمۆنیا بۆ مرۆڤی ئێره، گه‌ر به‌ختیار عه‌لیی ئه‌و كاره‌ی نه‌كردبێت، ئه‌وا نائاگا بێت یان به مه‌به‌ست، زه‌مینه‌ی بۆ له دایك بوونی ئه‌م هه‌وڵه‌ی كاك موحسین ئه‌دیب خۆش كردوه.
به‌پێچه‌وانه‌وه له‌م هه‌وڵه‌ی كاك موحسین ئه‌دیبدا؛ هارمۆنیا په‌یوه‌ست نییه به بییرهێنانه‌وه‌ی ئازار و هارمۆنیایه‌كی رزیو و سواو كه‌كار له‌سه‌ر نۆستالیژیا و سۆزی تاكی ئێمه ده‌كات و به‌رده‌وام برینه‌كانی ده‌كولێنێته‌وه، هارمۆنیا لێره‌دا بییربردنه‌وه‌ی ئه‌و ئازارانه‌یه، به شێوه‌یه‌ك بونه‌وه‌ری ئێره بپه‌رژێنە سه‌ر ژیان، ده‌ستی مرۆڤی ئێمه ده‌گرێت بۆ لێخۆشبون و پاراستنی مانا و واتای ژیان، گه‌وره‌ترین سزا دروستكردنه‌وه‌ی جه‌لاده بۆ دۆخێكی هاوسه‌نگی رۆحانیی و به‌ركه‌وتنی له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌جالانه‌ی رۆژانه توش به‌ركه‌وتن دەبێت له‌گه‌ڵ دونیادا.
هارمۆنیای به‌ختیار عه‌لیی له نێو ئه‌م هارمۆنیایه‌دا، كاك موحسین كاری له‌سه‌ر كردوه، هارمۆنیای “ئه‌زمون”ه، چیتر هارمۆنیایه‌ك نییه كاری له‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵكو هارمۆنیایه‌ك گرنگه مرۆڤی ئێره تێیدا پێبكه‌نێت و به‌شادییه‌وه روو له مرۆڤی ئێره بوه‌ستێت. گرنگییه‌كی دیكه‌ی ئه‌م هه‌وڵه‌ی كاك موحسین ئه‌دیب له‌پەیوەندییدا به‌هارمۆنیا؛ هه‌بوونی ویژدانه، ئەگه‌ر به هارمۆنیای ویژدانیی ناوزه‌ندی بكه‌م زۆر دروسته؟ په‌یامی ئه‌م جۆره له هارمۆنیا به‌ستنه‌وه‌ی پەیوەندیی و دۆخ و مه‌جاله‌كانه، له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌رمی نواندنێكی گشگیر له نێوان مه‌جاله‌كان(تایبه‌ت، گشیتی). كاره‌كته‌ری ناو ئه‌م هارمۆنیایه له دۆخی كاردانه‌وه و دژه كاردانه‌وه‌دا رۆڵناگێڕێت؛ به‌ڵكو وه‌رده‌سوڕێت بۆ قبوڵكردنی مه‌جاله‌كان، جۆرێك له په‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تیی: پابه‌نده به ژیانكردنێكی پلورالیزمانە له‌گه‌ڵ تێگه‌شتن، و مه‌جالی نه‌رم، ورده پەیوەندیی و جوڵه‌كردنی مرۆڤ له‌كات و شوێنه سڕكراوه‌كان.
له پەیوەندییدا به هارمۆنیا، مرۆڤ و بونه‌وه‌ر له‌و هارمۆنیای كه به‌ختیار عه‌لیی خه‌ریك به كێشانییه‌تی، مرۆڤێكی پاسیڤ و كشاوه‌یه، به‌رده‌وام شین ده‌گێڕێت،عاشق به‌گریان و غه‌مگینییه! ده‌ست له‌ئه‌ژنۆ ته‌ماشای رووداو و شته‌كان ده‌كات، ناتوانێت له ناو مۆدێرنه‌دا وه‌ك بونێكی به‌رگریی كار ئاماده‌بێت.
به‌پێچه‌وانه‌وه؛ ئه‌و كاراكته‌ره‌ی له نێو هارمۆنیای كاك موحسین‌دا رۆڵده‌گێڕێت، مرۆڤێكی كارایه، به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ خۆسازییدایه، به‌رده‌وام له جوڵه و پەیوەندییدایه، هارمۆنیایه‌كی رە‌شبین-یش نییه، به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ئاماژه مرۆییه‌كانی مۆدێرنه‌دا له گه‌شبینی و فراوانكردنی مه‌جال و پەیوەندییه‌كانیدایه.
له كۆتاییدا ئه‌م بۆچونه‌ی ئێمه گرنگیی-دانێكی زیاتره به به‌ختیار عه‌لیی و هاوارێكه له خوێنه‌ران كه‌ئه‌م هه‌وڵه‌ی كاك موحسین بكه‌ن به‌سه‌ره‌تایه‌كی گه‌شبین بۆ خوێندنه‌وه.