-ده‌روازه‌كانی شوێن له هۆنراوه‌ی (درزه‌كانی ئاو -درزه‌كانی ئاوێنه) ی ئه‌حمه‌دی مه‌لا …عه‌لی شێخ عومه‌ر
كۆ شیعرییه‌كانی (ئه‌حمه‌دی مه‌لا) زۆربه‌ی گرێدراوه به هزرو بیرۆكه‌یه‌ك، ڕه‌نگ و جێكه‌وتی شوێن و بابه‌تێك هه‌ڵده‌گرێ، له ده‌روونه‌وه سه‌رده‌كه‌ن، ئاواز‌و ریتمێك به وه‌رگر ده‌به‌خشن، ئه‌زموونێكی شیعری زیندوو پهخشدهكن، خه‌نییه له بیره‌وه‌ری، له خه‌م و له خورپه‌و، له دیده‌و بۆچوونی جیاواز، ئه‌مه‌ش به‌ده‌ر نییه له چه‌مكی زه‌قكردنه‌وه‌ی هاودژه‌كان، ئاوێته بوونی شاعیر له‌ته‌ك شوێندا له ئێستا‌و له ڕابردوودا، ده‌رچه‌یه‌كی فراوانتر بۆ سۆز‌و ئاوه‌ز ده‌ره‌خسێنێ، ، بۆشاییه‌كانی ئاینده به ته‌نگژه‌ی هاوچه‌رخ و یاده‌وه‌ری نیشتیمان پڕده‌كاته‌وه، هه‌وێنی جێگیربوون، گه‌ران به دوای مۆڵگه و حه‌سانه‌وه له شوێنێكدا، درێژبوونه‌وه‌ی فاكته‌ری ئه‌و له‌مپه‌ڕانه‌یه كه نه ده‌روو (مدخل)ن و نه دهرچهشن، ته‌نیا ڕووی درزێكن، نه ئه‌وه‌یه به‌یه‌كه‌وه بلكێن، نه جووداش ده‌بنه‌وه، نه ڕابردوو نه ئایندهی لێوه دیاره، هۆنراوه‌ی (درزه‌كانی ئاوـ درزه‌كانی ئاوێنه)ی (ئه‌حمه‌دی مه‌لا)1 پێكهاتووه له نه‌ودونۆ كۆپله، خۆی له سیی لاپه‌ردا ده‌بینێته‌وه.
له ڕووی بابه‌ته‌وه ته‌واوكاری ته‌واوی بۆ كراوه، لق وپۆپێكی زۆری لێده‌بێته‌وه، گوێ قۆڵاغی زۆربه‌ی ئه‌و ده‌نگانه‌یه، كه به‌ركه‌وتن له ته‌ك جۆره‌ها بیرۆكه ده‌كات، خوازراوه به زه‌مینه‌یه‌كی پێشاندراو، شاعیر وه‌ك ڕێبازێكی فیكری هه‌ستی پێده‌كات، له ڕێگای چه‌ند گرته‌یه‌كه‌وه ڕۆده‌چێته نێو پێدراوه‌كانی واقیع، له ئاست شوێن و شته‌كاندا، ئه‌زموونی شیعری سنووری مامڵه‌كردن به كراوه‌یی ده‌هێڵێته‌وه، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، ڕوونكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانی شاعیر بۆ گه‌ڕان و ڕه‌نگكردنی شێوازه‌كانی دراما، ئه‌مه‌ش له هه‌ستكردن به به‌رپرسیارێتی و تازه‌گه‌رایی و هه‌ڵبژاردنی شوێنه‌كاندا به ئاشكرا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه.
شاعیر باڵاده‌سته له دروستكردنی په‌یوه‌ندی له نیوان خۆی و كۆمه‌ڵگادا، ئه‌مه‌ش له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه شوێن، نه له شوێنكات، نه له جووڵه ، نه له زیندگی جیاناكرێته‌وه، زیندگیش له چه‌مكی خه‌یاڵ دانابڕێت، بیرجسون واته‌نی كه ده‌ڵێت (خه‌یاڵ هێزێكی سه‌ره‌كی سروشتی مرۆییه ، هه‌ڵبه‌ت هیچی ناخه‌ینه سه‌ر گه‌ر بڵێین خه‌یاڵ داهێنه‌ری وێنه‌یه، به‌ڵام ئه‌مه‌ش به به‌راووردی وێنه و یادوه‌ری كۆتایی دێت)2 ، ناسنامه‌ی شوێن، به‌و وێنانه تهژیدهبن، كه تێدا زیندگی ده‌كه‌ین، هه‌وێنی ژیانێكی ناوه‌كیمان پێده‌به‌خشێت، ده‌بنه فاكته‌رێك بۆ كردار‌و بزواندنی خه‌یاڵ، هیچ شتێكش به‌قه‌د وێنه‌ی شیعری ناتوانێ خه‌یاڵ بزوێن بێت، هه‌ر گرته‌یه‌ك یان وێنه‌یه‌كی شیعری، جێكه‌وتی زینده خه‌ونێكه، خه‌یاڵێكه بارگاوییه به شوێنێكه‌وه، یان به شتێكه‌وه، ئه‌نجامدانی ئه‌م كرده‌یه‌ش یان به كرانه‌وه یان به‌شاردنه‌وه ده‌خرێته ڕوو، له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ش هه‌وڵده‌ده‌ین، ، به‌دواچوونێك له‌سه‌ر ڕه‌هه‌نده‌كانی ئاستی شوێن بۆ هۆنراوه‌ی (درزه‌كانی ئاوـ درزه‌كانی ئاوێنه)ی ئه‌حمه‌دی مه‌لا بكه‌ین
گه‌مه‌یه‌ك بوو له درزی ئاوێنه‌وه
شه‌وی ده‌كرده دهسهسرێك
گوڵێك بوو تا ته‌مه‌نی خۆی ده‌نووسییه‌وه
شڵه‌ژانێك بوو
چڵه‌ژانێك بوو له نیو ده‌ستی من
له نیو جوێباری جه‌سته‌ی من
ئه‌م مه‌رجانه له‌شی ناوه
ئه‌مه مه‌رجی ته‌واوی ژانه
كۆپله‌ی 1 ل324
گه‌مه‌یه‌ك بوو له درزی ئاوه‌وه
خه‌ونی ده‌كرده به‌ربه‌یان
شكۆفه بوو توانای نه‌بوو عومری خۆی بخوێنێته‌وه
دڵهژانێك بوو
فڕینی خۆی پێشكه‌شی هه‌وا ده‌كرد
هه‌واش له نیو مهمكۆڵهكانم خه‌وی لێ كه‌وتبوو
كۆپله‌ی2 ل324
وا دیاره ڕاساندنی شاعیر دره‌وشاندنه‌وه‌ی لێكه‌وته‌كانی، كهمهندكێشن تا به ئاگاییه‌وه بچینه نێو زه‌مینه‌یه‌كی دژوازه‌وه، ده‌بینین له نێو ئه‌زموونی خودسهرانهو ڕۆشنبیری خۆیه‌وه، له‌نێوان ژیان و وێنه‌ی شیعریدا، چۆن به ئاگاییه‌وه وێنه‌كان ده‌نه‌خشێنێ، پێگه‌یه‌ك بۆ جومگه‌كانی شوێن ده‌سازێنێ، جا ئه‌م وێنانه شوێن بن یان شوێنكات بن، ئاماژه‌یه‌كی هۆشمه‌نده، ڕهوانهڕۆیه به‌رو گهردگیربوونێك كه ههستگهرایی تێیدا پێشه‌نگه، بۆ ئه‌مه‌ش، ده‌توانین وه‌ك نموونه داگه‌ڕان بۆ چه‌ند سامپڵێك بكه‌ین، كه بوونه‌ته زه‌مینه‌یه‌ك، ته‌مه‌ڵی هۆنراوه‌كه‌ی له‌سه‌ر بونیادنراوه، له‌م دوو بڕگه‌یه‌دا ده‌بینین:
وێنه‌ی شیعری قورسی خستووه‌ته سه‌ر ناوه‌رۆكی ئه‌م شوێنانه(گهمهـ درزـ ئاوێنهـ شهوـ دهسهسرـ گوڵ ـ شڵه‌ژان ـ چڵهژان ـ ده‌ست ـ جوێبارـ جهستهـ له‌ش ـ ژان ـ ئاوـ خه‌ون ـ به‌ربه‌یان ـ شكۆفهـ فرین ـ هه‌وا ـ مه‌مكۆڵه)، (گه‌مه) هه‌ڵگری هه‌رچ ناوێك بێت داله‌یه بۆ (درز)ێك، مه‌دلوولی دوو ئاست له خۆ ده‌گرێت، ئاستێك دیارده‌یه‌كی دیار‌و ئاشكرا له خۆ ده‌گرێت ئاستێكی تر، ناوه‌رۆكێكی نهێنی وشاراوه هه‌ڵده‌گرێت، له نێوان دوانه‌ی دیار‌و شاراوه‌دا فه‌تره‌یه‌كی شوێنكات هه‌یه، كرده‌ی به‌راووردێك دروستده‌كات، به دیوێكدا خود وه‌ك (ئاوێنه)یه‌ك، یه‌ك پارچه وجێگیر، تاك ڕووی ده‌رده‌كه‌وێت، له‌م دۆخه‌دا، له كاتی ئاسایی‌دا داواكارییه‌كانی ناوه‌وه‌ی خود به دیارده‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا هاوسهنگدهكات، به دیوه‌كی تردا پارادۆكسێ ئه‌نجامده‌دات به‌وه‌ی ڕِابردوو گه‌مه‌یه‌ك بوو له ئێستاشدا درزێكه جوگرافیای ڕوویه‌كی نهێنی و سنووره شاراوه‌كان ئاشكراده‌كات، جڵه‌وی پێلێنان شل ده‌كات، به‌كارهێنانی (ئاوێنه) وه‌ك خوازه‌یه‌ك په‌رده ههلمَاڵینێكه له خستنه ڕووی شوێنه داخراوه‌كان، ڕۆچوونه بۆ دنیای خود، له مانای شیعریدا ڕاییكردنێكی مانا به‌خشه به په‌ڕینه‌وه له ده‌رچه‌و بۆ ده‌روو، به پێچه‌وانه‌شه‌وه دروسته، هه‌ڵبه‌ت هه‌میشه بۆشاییه‌ك درزێك ده‌مێنێ له نێوان خودی شاعیر و ئه‌زموونی ده‌قی شیعریدا، له نێوان ئه‌حمه‌دی مه‌لای مرۆڤ و ئه‌حمه‌دی مه‌لای شاعیردا، لێره‌وه‌ش ده‌قی شیعری به درێژایی ئه‌زموونه‌كه به‌یداخی ڕه‌نگه‌كانی ته‌نگژه و گومان، شڵه‌ژان، له چه‌ند وێنه‌یه‌كی هاو دژدا ده‌خاته ڕوو
1 ـ گه‌مه به‌ارنبه‌ر به ڕاستینه : له سه‌ره‌تادا به‌كارهێنانیی زاراوه‌ی (گه‌مه)، پهردهپۆشێكه بۆ ده‌رخستنی ڕاستیینهیهكی شاراوه، دوانه‌ی گه‌مه و ڕاستینه ئه‌و دیارده‌یه‌یه كه ئه‌حمه‌دی مه‌لا له دوو قۆناغی ژیانی شیعریدا پۆلیندهكات، هه‌ڵبه‌ت له هه‌ر قۆناغێكدا كرداره‌كانی شوێن، جێكه‌وت و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خۆی ده‌بێت، له هه‌ردوو قۆناغیشدا (درز) خاڵی هاوبه‌شه له وێنه‌كێشانی تراژیدیایه‌ك كه بونیادی شیعری له سه‌ر هه‌ڵچنراوه
2 ـ ئاوێنه/ ئاو : گه‌ر ئاوێنه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی وێنه‌یه‌ك بێت، كتومت خۆیی تێدا ببینێ، جێگیر بێت به نه‌رسیسی خود، ڕووییهك بێت بۆ ههناوگهری كایه و هه‌ستی خوازراو، له ئاست خود دا گرته‌یه‌كه بۆ كامڵبوون، باڵابوون و به‌رزبوونه‌وه، له به‌رامبه‌ردا (ئاو) نا جێگیره، سروشته وه‌ستانی بۆ نییه، ڕووییه‌كه له ده‌ره‌وه‌ی خود، گرته‌ی بابه‌تێكه كامڵبوون نازانێ، هه‌میشه ژیان ئاسا، دۆخ و پێگه‌كانی ده‌گۆڕێت
3 ـ شه‌و / ڕۆژ: (شه‌و) واتا شاردنه‌وه، لوغزێكه بۆ ژیانی نهێنی، یان كاتی حه‌وانه‌وه و خه‌و، گه‌ر جه‌سته (ڕۆژ) بێت، ئه‌وا خود شه‌وه، گه‌ر ئاوێنه جێكه‌وتی ڕۆژ بێت وێنه‌كانی ده‌ره‌و پهخشكاته سه‌ر ڕووی خود، ئه‌وا شه‌و له دوای ڕهتووشكردنی وێنه‌كان، مۆنتاژ كردنی گرته‌كان، ده‌توانێ وێنه دهسكهوتووهكان بگێرێته‌وه، یان خه‌ون به‌و وێنانهوهش ببینێ كه دهستینهكهوتووه، خولی شه‌و قۆناغی بونیادی پێكهاتنی ئاوه‌ز له خۆده‌گرێت، به پێچه‌وانه‌ی به‌ربه‌یانه كه ده‌رچه‌یه‌كه بۆ ڕۆژ بۆ به‌ربڵاوی ڕه‌نگه‌كانی هه‌ست، هه‌ڵبه‌ت كۆتایی هه‌ست سه‌ره‌تای ئاوه‌زه، ده‌رخستنی ئاوه‌ز شاردنه‌وه‌ی هه‌سته.
4 ـ گوڵ/ شكۆفه: (گوڵ) وێنه‌یه‌كی شوێنیه، دالهێكه مه‌دلوولی قۆناغی ته‌واوكاری و پێگه‌یشتنه، چه‌سپاندنی ڕه‌نگ و درككردنه به هه‌سته‌كانی به‌رزبوونه‌وه و خۆبینین، پێچه‌وانه‌ی (شكۆفه‌یه) كه هێشتا شوێن و پێگه‌ی خۆی نه‌گرتووه، هه‌ست به نهویبوون ده‌كات، ماویه‌تی بتوانێ به شێوه‌یه‌كی دروست گوزارشت له خودی خۆی بكات، له سروشتی پێكهاتندا، هه‌رزه‌كاره، له قۆناغدا نه خونچه‌یه نه گوڵه، له‌و نێوه‌نده‌دا پێدهكوتێ .
له ده‌ستپێكه‌وه، كرده‌ی شیعر نووسین د‌رك كردن به شوێن، ڕه‌هه‌ندێكی خودیه گوزارشت له رستێك ده‌كات، بارگاوییه به‌مانا، ڕابردوو ئاوێته ده‌كات به ئێستاوه، خود به بابه‌ته‌وه تایبه‌ت به گشته‌وه، وێنه‌ی شوێنكات ده‌به‌ستی به شوێنه‌وه، یاسین نووسیر گووته‌نی (شیعر كۆسۆزیكی بگۆرو تازهكارنییه ههڵپساردهی كۆ هه‌ستیكی خاو نییه، به‌ڵكو رێگایه گرێدانی ڕه‌هه‌نده‌كانی ماده ئاشكراده‌كات) 3، ده‌كرێ له زمانی شیعرییه‌وه، هه‌ندێ له‌و ڕه‌هه‌ندانه ئاشكرابكه‌ین كه كه‌سایه‌تی ئه‌حمه‌دی مه‌لا ده‌به‌ستی به پێلێنانێ به درزتێكه‌وتنی خودێكهوه، ره‌چه‌ته‌ی وێنه شیعرییه‌كانی شوێن و شوێنكاتی بۆ ده‌بڕێت، له ده‌ستپێكی گرته‌ی یهكمهوه، ده‌بینین ئه‌زموونی شیعریی، وه‌ك گوڵێك پێگه‌ییوه كامڵی به خۆوه ده‌بینێ، خود باڵاده‌سته ده‌توانێ له ڕێگای وێنه‌ی شیعرییه‌وه، پۆلین و جیاوازی دروستبكات، له كه‌له‌به‌رو درزه‌كانه‌وه كه خوازه‌یه بۆ شوێنێك، دالی لهمپهڕو مه‌دلولیی به‌رگری هه‌ڵده‌گڕێت، ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی ڕه‌هه‌ندێكی جیاكاریشی لێده‌كه‌وێته‌وه، تواناكانی شاعیری لێوه ده‌رده‌كه‌وێت، له دوو ئاستدا ده‌توانێ (شه‌و) وه‌ك كرداره‌كانی شوێنكات بكاته ئاماژه، یه‌كه‌م بۆ هه‌ڵسانه‌وه‌ی ئاوه‌زو به‌هره‌ی شیعری تێدا به‌رز ڕاگرێ، به جۆرێك بتوانێ به ڕاشكاوی پێگه‌یشتنی ئه‌زموونی شیعری خۆی بنووسێته‌وه، ئه‌زموونی ته‌مه‌نی بۆ بكاته پێوه‌رێك بۆ كامڵبوون و په‌خشكردنی بۆن و بهرامی شیعری، ئه‌م پێگه‌یشتن و كامڵبوونه به گوڵێك ده‌چوێنی، ناسنامه‌ی شاعیرێتی ڕاسته‌قینه به شڵه‌ژان و چڵهژان به‌ده‌ستده‌هێنی، (شڵه‌ژان) خوده، (جڵهژان) هه‌ژماری بابه‌ته، لێكترازانی ئه‌م دوانه، مه‌رجی ته‌واوی ژانه، (جویبار) ڕێره‌وی ئاوه، سروشته، (له‌شی) ناو ئاوێنه‌ی خوده، ئه‌مانه مه‌رجی سه‌ره‌كی جه‌سته‌ی شیعرین، مه‌رجی ته‌واوی ژانی له‌دایك بوونی (ئه‌حمه‌دی مه‌لای شاعیر)ن.
له ئاستی دووه‌مدا ده‌توانێ (شه‌و) وه‌ك كرداره‌كانی شوێنكات بكاته (دهسهسرێك) به خه‌می دووری خه‌م و خۆشی خه‌ونی هه‌رزه‌كاری ده‌سڕێته‌وه، به تاریكی غوربه‌ت، رووناكی تێده‌په‌رێنێت، به شه‌و به‌ره‌به‌یان ده‌سڕێته‌وه و خۆی ده‌دۆزێته‌وه، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی وێنه باوه‌كانی شوێنكاته، خه‌ڵكی ئاسایی له ڕۆژی ڕووناكدا خۆی ده‌دۆزێته‌وه، به‌م پێیه‌ش بێت، ره‌تكردنه‌وه‌ی ڕێساكانی گه‌مه‌كه، درزهكه به‌تاڵ ده‌كات، هیچ گه‌مه‌یه‌ك نامێنی، ئێمه له تاریكی‌دا، له درزه‌كانی ئاوێنه‌ی خودوه كرده‌ی دۆزینه‌وه‌مان هه‌یه، ئاودیو ده‌بێ بۆ كرده‌ی نووسینه‌وه‌ی شه‌وی غوربه‌ت و ئه‌زموونی نامۆبوونی شاعیر، وه‌ك شوێنكات له قوناغی (به‌ربه‌یان)دا یه‌كسانه به شوێن وه‌ك (شكۆفه)، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه به قۆناغی هه‌رزه‌كاری و پێنه‌گه‌یشتن، وه‌ك ڕه‌نگدانه‌وه‌ی شوێن ڕوون نهبوونهوی دنیای شیعری (ئه‌حمه‌دی مه‌لا)یه ، جێكه‌وتی (شكۆفه) پتر په‌یوه‌ندی به هه‌ست و دڵه‌وه هه‌یه، نه‌ك به بیرۆكه‌ی قۆناغی هه‌رزه‌كاری و نووسینی كۆژان و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سۆزێكی بگۆر كه جێگیر نین وه‌ك گۆڕانی (شكۆفه)یه بۆ (گوڵ)، بۆیه له‌م قۆناغه هه‌ستیاره‌دا، ناتوانێ عومری خۆی بخوێنێته‌وه، ئه‌و هێشتا شكۆفه‌یه نه‌بووه‌ته گوڵ، تا بتوانێ ئه‌زموونی خۆی بنووسێته‌وه، ده‌رهاویشته‌ی ئه‌م په‌ی نه‌بردنه، ئه‌م تێنه‌گه‌یشتنه، له داوهكارییهكانی خود (دڵژان) به‌رهه‌مده‌هێنێت، كه زیاتر له سروشته‌وه نزیكه نه‌ك له ئاوه‌زه‌وه، به‌م پێیه‌ش ناجێگیریهك بارگاوییه به وه‌همێك، بۆشاییه‌كی ره‌خساندوه بۆ به‌رز بوونه‌وه‌یه‌كی درۆینه، بۆ فڕینێك كه خۆی پێشكه‌ش به ناجێگری هه‌وایه‌ك، بۆشاییه‌ك ده‌كات، ته‌نیا لای خۆی ده‌بینرێت، بووه‌ته خه‌ونێك، نه‌بووته كردار له سنووری سینه‌ی خۆی تێپه‌رناكات.
بونیادی كرداره‌كانی شوێنكات له‌سه‌ر ڕه‌هه‌نده‌كانی كارتێكردن، فاكته‌ره‌كانی به‌رزبوونه‌وه‌و كرداره‌كانی ڕابردووی به‌رده‌وام له‌خۆ ده‌گرێت وه‌ك (ده‌نووسیه‌وه)، (ده‌كرد) له ڕسته‌ی پێشكه‌شی (هه‌وای) ده‌كرد، كرداره‌كانی ڕۆچوون و نزمبوون كاری ڕانه‌بردووی ده‌می ئێستا وه‌ك (بخوێنێته‌وه) یان كاری ڕابردووی دوور وه‌ك (خه‌وی لێكهوتبوو)، ده‌بینین كرداره‌كانی نزمبوونه‌وه بوون، له ئێستا‌و ڕابردوودا كۆكراونه‌ته‌وه، به‌ستراون به خه‌یاڵه‌وه، دیقهتده، ڕیزكردنی شوێنه‌كان ڕیزكردنی شوێنكاته‌كان به دوای خۆیدا ده‌هێنی، ئه‌م وێنانه‌ش پێگه‌ی دوو قۆناغ ڕوونده‌كه‌نه‌وه، فه‌تره‌یه‌كی زه‌مه‌نی هه‌یه له نێوان (شه‌و)و (رۆژ)دا یان به‌ربه‌یاندا، له نێوان ئێستا‌و ڕابردوودا، له نێوان (شكۆفه)و (گوڵ)دا هه‌مان ئه‌و فهترهیهیه، شاعیر پێداتێدهپهرێت له نێوان قۆناغی هه‌رزه‌كاری شاعیر كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی شوێنی یه‌كه‌می شاعیره، دیاره مه‌به‌ستمان هه‌رێمی كوردستانه، هێشتا له چه‌مكی شوێندا (شكۆفه)یه، نه بووته ده‌وڵت، تا وه‌ك (گوڵ) بۆن و بهرامی كامڵ بێت، له چه‌مكی شوێنكاتدا، سه‌ره‌تایه، به‌ربه‌یانه، له سروشتدا (ئاو)ه ناجێگیره وه‌ك (هه‌وا)و (خه‌و)ن، قۆناغی گواستنه‌وه‌ی (درزه) له سروشته‌وه بۆ خود، له (ئاو)ه‌وه بۆ (ئاوێنه) له گه‌شتی ئه‌وروپاوه ده‌ستپێده‌كات، ئه‌زموونی شیعری خاڵی هاوبه‌شه، درزێكه، دوو وێنه دوو دنیا له ئاوێنه‌ی خودی شاعیردا ده‌نه‌خشێنێ، درزهكه درزی خود‌و بابه‌ته، ڕۆژئاوا‌و ڕۆژهه‌ڵاته، سۆز‌و عه‌قله، ڕابردوو و ئێستایه، نوسین و خوێندنه‌وه‌یه، په‌ڕینه‌وه له درزه‌وه باسكردنی ڕابردوو له ئێستادا سڕینه‌وه‌ی ئه‌و یه‌كبوونه‌یه كه شڵه‌ژانی لێده‌كه‌وێته‌وه، (ئه‌حمه‌د)ی مرۆڤ له (ئه‌حمه‌دی مه‌لا)ی شاعیر جیاده‌كاته‌وه، پێش (ئه‌حمه‌دی مه‌لا) گۆڕانی شاعیر له شیعری (له درزی په‌چه‌وه)4 زۆر به سه‌لیقه‌یه‌كی شیعرییه‌وه توانیویه‌تی دووری ئه‌و جیاوازییه بسڕێته‌وه له درزێكه‌وه به‌یه‌ك گه‌یشتنی دوو وێنه‌ی شیعری بهیهكبگهیهنێ
سبه‌ینێ بریاره بچمه ژوانی بێده‌نگی
بچمه ژوانی گاشه به‌ردێك
به بێده‌نگی باسی عه‌شقی گیاكهم
باسی عه‌شقی باكه‌م بێده‌نگ
كۆپله‌ی 23 ل 330
هه‌میشه له ته‌نیشت ژنێك
زاكیره‌ی ژنێ ده‌بووژێته‌وه
هه‌میشه له ته‌نیشت ئاوێك
زاكیره‌ی خۆڵ ده‌بووژێته‌وه
كۆپله‌ی 24 ل 331
ئه‌نجامدانی كرده‌ی هه‌ژماركردن، ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی ده‌بینێ له پێكهاته‌ی ستاتیكای شوێن و به‌ستنی په‌یوه‌ندی له‌ته‌ك خه‌یاڵی شیعریدا، باری ده‌روونی شاعیر، ڕۆڵی زمان، شێواز، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خۆی هه‌یه له جۆری داڕشتنی وێنه‌ی شیعریدا، شاعیر به ڕاشكاوانه ده‌توانێ ڕۆڵی یاده‌وه‌ری خۆی و ڕۆژه‌كانی ئێستای تێدا نمایشبكات، ئاسته‌كانی به‌راوورد دروستبكات، به‌شداریكردنی وه‌رگر له جومگه مادییه‌كانی ده‌قی نووسه‌ردا، سیسته‌می پۆلین و هه‌ژماركردنی وشه‌كان، دووباره بوونه‌وی وشه‌كانی، هه‌وڵدانێكه بۆ ده‌رخستنی هاوسه‌نگی باری ده‌روونی شاعیر‌و شاردنه‌وه‌ی جووت مانایی و پینه‌كردنی كاردانه‌وه‌كانی، ناتوانین چاوپۆشی بكه‌ین له چۆنییه‌تی داڕشتن، دووباره بوونه‌وه‌ی ئه‌م وشانه به یه‌كسانی (بچمه ـ ژوان ـ باس ـ عه‌شق) (هه‌میشه ـ ته‌نیشت ـ ژن ـ زاكیره ـ ده‌بوژێته‌وه) هه‌ر یه‌ك له‌م وشانه، دووجار له دووباردا، به‌كارهێنراون، چه‌مكی تێگه‌یشتن له‌م وشانه، له ئاوێنه‌ی بینراوی ده‌قدا، به پێی شوێن ده‌گۆڕێن، هه‌مان مه‌به‌ست به ده‌سته‌وه ناده‌ن، هه‌مان وێنه‌ی شیعری ساغناكهنهوه، هه‌میشه درزێك ماوه‌ته‌وه، باجی لێكترزانی وێنه‌كان ده‌دات، ئه‌مه له كاتێكدایه، ئه‌و وشانه‌ی كه ڕه‌گه‌زه‌كانی سروشت پێكده‌هێنن، یه‌كجار به‌كارهاتوون بریتین له (گیا ـ با)، (ئاو ـ خۆڵ) تاقه وشه‌یه‌ك كه وه‌ك سێ كووچكهیهك، بیرۆكه‌و ته‌وری هۆنراوه‌كه‌ی ڕاگرتووه، سێ‌جار به‌كارهاتووه، وشه‌ی ( بێده‌نگییه) بێده‌نگی جۆرێكه له ماتهووزه، به‌ركه‌وتن و جووڵه‌یه‌كی ده‌ره‌كیان ده‌وێت تا بێنه ده‌نگ، درزبردن كرده‌ی بێده‌نگیی و شاردنه‌وه‌یه، شكان نییه تا ده‌نگی لێوه بێت، دابه‌شكردنی وشه‌كان، ڕێكخستنیان، وێنه‌یه‌كی بهرجهستهكراومان بۆ ده‌گێرێته‌وه، كامیرا ئاسا گرته‌یه‌كی تراژیدیمان ده‌خاته به‌رچاو، هه‌ر له ته‌نگژه‌ی بوونه‌وه، بیگره تا ده‌گاته جۆره‌كانی چه‌وساندنه‌وه، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش باری ناجێگیری ده‌روونی لێده‌كه‌وێته‌وه، نهێنی قۆناغی نوقوم بووی خود ئاشكرا ده‌كات، خه‌ون به ئاینده‌وه ده‌بینێ، كرداری شوێنكاتی (سبه‌ینێ) ئاینده‌یه، هێشتا نه‌هاتووه، شێوازی ئه‌م نووسینه، له ئێستای نووسینی ده‌قدا، له‌گه‌ڵ ڕێكخستن و نووسینی هۆنراوه‌كه‌دا، له چركه‌ساتێكی هه‌ستكردندا، هاوشانه و یه‌كدێته‌وه، كارتێكردن و باكڕاوندی كرداره‌كانی دوێنیی ڕابردوو هه‌ڵده‌گرێت، له ئێستادا دوێنی و ئاینده، به‌یه‌كه‌وه ده‌لكێنێ، پوشاكی نوێ ده‌خاته به‌ر شوێن، ئه‌م لهبهركردنه ڕاسته‌قینه نییه، به‌ڵكو له‌به‌ركردن و ئاڵوگۆرێكه له نێوان ڕاسته‌قینه‌و خه‌یاڵدا ڕووده‌دات، كه‌واته شوێنكاتی (سبه‌ینێ) كرده‌ی گواستنه‌وه‌یه، پێدراوه‌كانی قۆناغی دوێنێی ڕابردوو ده‌گه‌رێنێته‌وه بۆ ئایندهی چاوه‌ڕوانكراو، بۆ به‌ده‌ستخستنه‌وه‌ی ڕه‌هه‌نده‌كانی خۆگرتنه‌وه و خۆپاراستن له چه‌مكی كه‌وتن و خۆلادان له خه‌م و ئازار، وه‌ك فاكته‌رێك په‌نا ده‌بات بۆ یه‌كێك له‌و كرداره خۆویستانه كه دیزاین و هێز له‌خۆ ده‌گرێت، وه‌ك وشه‌ی (بڕیار) وشه‌ی بڕیار وه‌ك شوێنكاتی بڕگه‌ی شیعرییه‌كه واده‌كات، كرداره‌كانی ڕانه‌بردوو وه‌ك كرداری (بچمه) باڵاده‌ستی هه‌ر داخوازییه‌ك بێت، بۆ خه‌ون و خه‌یاڵ، نه‌چێته قۆناغی جێبهجكردنهوه، له شوێنێكدا، له بری ئه‌وه‌ی، شوێنی خوازراوی (ژوان) درزی بێده‌نگی بشكێنی و ئاشنا‌و ته‌بابن له یه‌كتێگه‌یشتن ئه‌نجامبده‌ن، كه‌چی پاشینه‌ی ماناكانی دابه‌زین و بێده‌نگی به‌رهه‌مدێنن.
له دێری دووه‌مدا، له ئاست به‌رزكردنه‌وه‌ی به‌رامبه‌ردا چ وه‌ك قه‌باره، یان خه‌سڵه‌ت به شووناسی (گاشه‌به‌رد) پاساو بۆ بێده‌نگی یه‌كه‌م ده‌هێنێته‌وه، ژوانی یه‌كه‌م به‌ركه‌وتنه، له‌ته‌ك ناوه‌خندا، له ته‌ك نهوتراودایه، ژوانی دووه‌م بچووككردنه‌وه‌ی نه‌وتراوی ناوه‌خنه، بێده‌نگی لاوه‌كییه، گه‌وره‌كردنی بێده‌نگی بنه‌ره‌تی به‌رانبه‌ره (گاشه به‌رد)ه، نه ده‌جوڵی و نه وورته‌ی لێوه دێ، شوێنكاتی سه‌رجه‌م بڕگه‌كان وێنه‌یه‌كی بانۆرامیه به خه‌م، گوزارشت له تراژیدیای په‌یوه‌ندییه‌كانی دوێنی ده‌كات، باكڕاوندی خه‌یاڵێك، ئایندهی تیا ده‌كاته شكست ونبوون، دنیای تێك‌شكان، شكست ده‌رئه‌نجامی هه‌ستێكی ڕۆمانتیكیه، په‌یوه‌ندی به گۆڕانكاریه‌كانی ژیانی ساده‌ی ڕابردووه‌وه ، به كرده‌ی گۆڕانكارییه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه هه‌یه، ڕیچكهكانی ژیانی گۆڕاوه له نێوان دوو جیهاندا، ئه‌ویش جیهانی تاراوگه و نیشتیمانه، به به‌راوورد له نێوان وشه‌ی(گیا) و (با)دا په‌یوه‌ندییه‌كی دیالێكتی ده‌دۆزێته‌وه، ده‌كرێ هه‌ندێك له ڕه‌هه‌نده‌كانی ئه‌م په‌یوه‌ندییه ئاشكرابكه‌ین، قۆناغی یه‌كه‌م، خه‌مه‌كانی گه‌ڕانه‌وه، نۆستالیژیایه، هه‌ستكردن به خورپه‌ی یه‌كه‌م، شوێنه‌كانی ده‌نگ و ڕه‌نگ لهقدهكهن، بێده‌نگی پارادۆكسێ له ته‌ك باسكردن و ده‌رخستنی سیحری ئه‌و په‌یوه‌ندییه فه‌راهه‌مده‌كات، كه ئه‌می شاعیر ده‌به‌ستێ به نیشتیمانه‌وه، شاعیر له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی له سه‌ره‌تای ته‌منی لاوی‌دا، ڕووی له هه‌ندران كردووه، نه‌یتوانیوه گوزارشت له‌و عه‌شقه بكات كه دیبهستێ بهخاكهوه، نه‌یتوانیوه بێده‌نگی بكاته ده‌نگ، نه‌یتوانیوه ڕه‌گ له خاك جیاكاته‌وه، ئه‌وه‌ی دیاره دیارده‌یه‌كی شكست و دابه‌زینه، داكوتینه له دۆخێك‌دا، بێده‌نگییه، خۆشه‌ویستییه‌كی تاك لایه‌نه‌ی خۆڕسكه، ده‌رچه‌كانی ئه‌م خۆشه‌ویستیه به ڕه‌گ و قوڵایی نیشتیمانه‌وه جێگیره، به (گیا) ده‌یچوێنێ، له به‌رامبه‌ردا، ڕاهاتن و خۆشه‌ویستی عه‌شقی تازه‌ی ناجیگیری تاراوگه ڕووكاره، هه‌ستكردن به هه‌ستی به‌رزبوونه‌وه به (با) ده‌شوبهێنی، سه‌رنج بده له دوا دێڕی كۆپله شیعرییه‌كه‌ی (23) دا ده‌ڵێت (باسی عه‌شقی باكه‌م بێده‌نگ) ڕسته‌كه ته‌واو ده‌بێت، وه‌ستانێكی شاراوه هه‌یه، تیامانێك و گێژنهیهك به‌دی ده‌كه‌ین، دێته‌وه سه‌ر ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی ژان و ژۆكهی، ڕووده‌كاته سه‌ر ئه‌و درزه‌ی ناخی كردووه به دوو له‌ته‌وه، هه‌م وه‌ك ناخ، هه‌م وه‌ك ده‌ق، دابه‌شی كردوه، به وشه‌ی (بێده‌نگ) كۆتایی پێدێنێ و كڵۆمی ده‌كات، (با) تیژكردنی ئه‌و عه‌شقه‌یه، یاده‌وه‌ری و نیشتیمانی تێدا ده‌گه‌شێته‌وه، نۆستالیژیای تێدا زیندوو ده‌بێته‌وه، نه‌ده‌توانێ تێدا ده‌رچێت، نه ده‌توانێ زیندگی تێدا بكات، هیچیان نایه‌نه ده‌نگ، تا ئه‌می شاعیر به ده‌نگیانه‌وه بچێ، ته‌نها دیارده‌یه‌كی خنكێنه‌ری بێده‌نگین، وشه (با)و (گیا) دوو دیوی ئه‌و درزه‌ن، شاعیر تێدا كۆبووه‌ته‌وه، خودی چه‌پێنراوی ئه‌حمه‌دی مه‌لای شاعیرن.
بۆ گه‌یشتن به كێشانی وێنه‌ی شیعری، له ڕێگای پێكهاته‌كانی چه‌مكی ئیستاتیكاوه، (ئه‌حمه‌دی مه‌لا) لایه‌نه جۆربه‌جۆره‌كانی ده‌لاله به‌كارده‌هێنێ، له قوڵایی هه‌سته‌وه، له گرته‌یه‌كدا زاراوه‌كانی شوێن و چۆنییه‌تی وێنه‌گرتنیان نمایش ده‌كات، زاراوه‌ی (ته‌نیشت) له هه‌ردوو جاره‌كه‌دا، ئاماژه به شوێنێك ده‌كات، بارگاوییه به ڕه‌هه‌ندێك كه ئاوێته‌بوون تێكه‌ڵبوون ره‌تده‌كاته‌وه، جۆرێك له دووره‌په‌رێزی پێوه دیاره، زی‌زی و نامۆبوونه، به مانا فراوانیهكهی ته‌نیاییه، شكاندنی ڕێساكانی هه‌ماهه‌نگی و له یه‌ك تێگه‌یشتنه، نزمبوونه‌وه و كزبوونی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌یه كه مرۆڤ به چوارچێوه‌وه ده‌به‌ستێ، له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی پێشوه‌خته درز‌و لێكترازنمان هه‌یه، بۆیه دژوار نییه، له‌سه‌ر دوو ئاست داگه‌ڕانی بۆ بكه‌ین، له ئاستی یه‌كه‌مدا دالی (ژنێك) وه‌ك چوارچێوه‌یه‌كه دیاریكراوه، مه‌دلوله بۆ كۆكردنه‌وه‌ی شوێنه‌كان، پۆلینكردنی پێگه‌كان.
له ئیستای نووسینی ده‌قدا شاعیر له سه‌ر دوو ڕوودا زیندگی تێدا ده‌كات، ڕوویه‌كی ئاماده‌یه، له ژێر فشاره‌كانی ده‌ره‌وه‌دا هه‌ندران، نامۆ بوون له‌سه‌ر ڕووی هه‌سته‌كانی شاعیردهسهپێنێ، كاریگه‌ری ئاسه‌واری جێكه‌وتی له سه‌ر ڕووكار و له‌سه‌ر قوڵاییه‌كانی ناوه‌خندا به‌جێده‌هێڵێت، ئاسهوهرێكه ململانی فه‌راهه‌م ناكات، چونكه شوێن و پێگه‌ی ئه‌می شاعیر، به دانپێنانی خۆی تێكه‌ڵ نه‌بووه، له ته‌نیشت دهمكرانهوهی دژهوابوونهكاندایه، له ڕوویه‌كی دیكه‌وه ده‌رگایه‌كی ئارام بۆ ده‌روون واڵاده‌كات، هاوسه‌نگییه‌ك ڕاده‌گرێت، نایه‌وێت كۆتایی به لایه‌كیان بێنی، نه ده‌توانێ له ڕابردوودا بژیت، نه ڕازیشه بچێته نێو ئێستای ڕانه‌بردووه‌وه.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌م دوو ڕووه به قوڵایی و ڕووكاره‌وه گرێدراون، گرێدانێكی هه‌سته‌كی كه به شوێنكاته‌وه شتهكدراون، شاعیر كۆیی دژهوابووهكان له وێنه‌یه‌كی شیعری هاوسه‌نگدا ڕاگرتووه، له ئاستی دووه‌مدا دالی (ژنێك) له شوێنی خۆی، له ده‌ره‌وه‌ی خود دا نامێنێ، ڕووكارییهكه ده‌بێته هانده‌رێك بۆ به‌ده‌رخستنی قووڵاییه‌كانی ناوه‌وه‌ی خود، واقعی هه‌نده‌رانی به‌رده‌ست، ڕابردووه‌كانی دووره‌ده‌ست نزیكده‌خاته‌وه، شوێنه ته‌نگه‌كانی واقیعی (ناهۆگر)ی هه‌نده‌ران ده‌بنه ده‌رچه‌یه‌ك بۆ به‌رفراوانی شوێن، كرانه‌وه‌ی شوێنكات و توانه‌وه له نێو ئه‌و په‌یوه‌ندیه نهێنییه‌ی كه خودی (ئه‌حمه‌دی مه‌لا) به شوێنی سه‌ره‌تای و بنهرهتیوه، به شوێنی (هۆگر) به شوێنی یادگارییه‌وه ده‌به‌ستێ، ئه‌م پیوه‌ندییه له سنووری شته‌كاندا ناوه‌ستێت، به‌ڵكو ڕووماڵی سه‌رجه‌م ڕووبهركانی پابه‌ند بوون به زێد‌و و شوێنی یه‌كه‌م زیندوو ده‌كاته‌وه، له شوێنێكدا ده‌یبوژێنێته‌وه كه هه‌ڵگری ناسنامه‌و شووناسی مانه‌وه‌یه‌تی، له(زاكیره) دا زاكیره سه‌لماندنی بنه‌مایه، پشتوپه‌نایه، پهلهاویشتنێكی لهزگینه له ناوه‌وه بۆ ده‌ره‌وه، گشت كرداره‌كانی شوێنكاتی بووژاندنه‌وه، له ناوه‌خندا به‌رزكردنه‌وه‌یه‌كی دیاره له ئاست نزمبوونه‌وه‌ی له ده‌ره‌وه‌دا، له ههندراندا دایه كه نامۆبوونێكی ده‌روونی لێده‌كه‌وێته‌وه، لكاندنی هه‌سته‌كانی به‌رزبوونه‌وه، بووژاندنه‌وه له (زاكیره)دا سه‌قامگیری و جێگیربوونێكی ڕه‌ها فه‌راهه‌مده‌كات، یه‌كه‌م له ئاست نیشتیمانی (هۆگر)دا، له زاكیره‌ی ڕه‌هادا به وشه‌ی (ژنێ) ئاماژه‌ی بۆ كردووه، دالی وشه‌ی (ژنێ) له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تی و مێژوویی و مهدلوولێ گه‌وره‌تر، قه‌واره‌یه‌كی فراوانتر هه‌ڵده‌گرێت، ڕه‌هه‌نده‌كانی دیاری ناكات، به تاقه مانایه‌ك گه‌مارۆی نادات وه‌ك له وشه‌ی (ژنێك)دا ده‌بینین به (كافی) پاشگر گه‌مارۆی ده‌دات، ناجێگیری دیاریده‌كات، تێكه‌ڵی ئه‌و دنیایه نابێت كه له ههندراندا، له ته‌نیشتیدا ده‌وستێت وه‌ك گووتمان وشه‌ی (ته‌نیشت) له‌ته‌ك داكه‌وته‌كانی هه‌نده‌ران، له‌به‌رچاوه، وێنه‌یه‌كی هه‌ستی دیاره، له دووره‌ڕا تێكه‌ڵبوون و چاودێریكردن ده‌گرێته‌وه، چوارچێوه‌یه‌كی ناسراوه به وشه‌ی (ژنێك) ئاماژه‌ی بۆ كراوه، جێگیری خۆی و ناجێگیری به‌رامبه‌ری لێده‌كه‌وێته‌وه، دووهه‌م ناجێگیری به‌رامبه‌ر به ڕه‌گه‌زێك له ڕه‌گه‌زه سروشتیه‌كان ده‌شوبهێنێ، وشه‌ی (ئاوێك) ده‌كات هیمایهك بۆ ناجێگیری، به هه‌مان شێوه وشه‌ی (كافی) پاشگری (ئاو) له‌ڕووی ڕێزمانییه‌وه، خه‌سڵه‌تی ئاوێكی دیاریكراو هه‌ڵده‌گرێت، ئاوێك تینوویه‌تی ناشكێنێ، شۆره نه‌به‌ستراوه به ڕه‌هه‌نده‌كانی ژیان و بووژانه‌وه، شوێنكاتی بڕگه‌كه له هه‌ردوو باره‌كه‌دا، له ڕێگای وشه‌ی شوێنكاتی (هه‌میشه) به‌ڵگه‌یه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره، سووربوون و پێداگرییه‌كی زه‌قه، به هیچ كلوجێ سازش له‌ته‌ك ژیان و تێكه‌ڵبوون و توانه‌وه‌دا ناكات، بۆیه شتێ سروشتییه، لۆژیكه وشه‌ی (ته‌نیشت) به دوای خۆیدا بهێنێ، بۆ خستنه‌سه‌ر هیچ بوارێكی نه‌هێشتووه‌ته‌وه، له‌وه زیاتر وه‌ك په‌رچه‌كردارێك، له داكه‌وته‌كانی شوێنی نائاشناوه بۆ شوێنی لێكدانه‌وه، كرده‌ی گوێزانه‌وه ئه‌نجامده‌دات، بۆ شوێنی زاكیره‌یه‌ك كه وه‌ك دایك پێی ئاشنایه، له ئامێزیدا ده‌بووژێته‌وه، گه‌وره ده‌بێت، دایك نیشتیمانی یه‌كه‌م له ڕابردووی به‌سه‌رچووه‌وه، له ئێستادا ده‌گۆڕێت بۆ دولبهرێكی كهمندكێش، درز‌و به‌ركه‌وتنێك له نێوان نیشتمانی ڕه‌سه‌ن و ده‌ره‌وه‌ی نیشتیمان (هه‌نده‌ران)دا ئه‌نجامده‌دات، ئایدهفۆنی ئه‌م گوێزانه‌وه‌یه، شێوازێكی بازنه‌یی له خۆ ده‌گرێت، كه‌ش و هه‌وای گووتاری شیعری ده‌كاته تراژیدیی، شاعیر له ڕێگای ئه‌زموونه‌وه، درێژبوونه‌وه‌یه‌كی مێژوویی په‌یره‌و ده‌كات، شاعیر دوور له نیشتیمان ده‌ژی، به وه‌رگرتن و به‌كارهێنانی ڕه‌گه‌زێكی سروشتی وه‌ك (خۆڵ) بووژانه‌وه‌ی خۆی ده‌سه‌لمێنێ، پێگه‌و ئاسه‌واری زێدی ڕه‌سه‌ن و ڕه‌گ و مانه‌وه‌ی زیندووده‌كاته‌وه، زاكیره‌ی گرێداوه به ته‌نگژه‌ی بوون و توانه‌وه، له كۆی هاوكێشه شیعرییه‌كه‌دا، جێگیربوون تێیدا دژوار نییه بڵێین، (ژنێك) له ناجێگیری و نزمبوونه‌وه‌دا یه‌كسانه به (ئاوێك) له دیاریكراویدا، هه‌روه‌ها (ژنێ) له جێگیری و به‌رزبوونه‌وه‌دا یه‌كسانه به (خۆڵ) له بووژانه‌وه‌ی زاكیره‌دا، كورد ده‌ڵێت ژن و ماڵ (ئه‌حمه‌دی مه‌لا) بۆ ماڵێك ده‌گه‌ڕێت تیایدا بسره‌وێ، بۆ ئاوێنه‌یه‌ك ده‌گڕێت درزی تیا نه‌بێت تاخۆی تێدا ببینێ، چونكه له نیوان زاكیره‌ی زێد‌و تاراوگه‌دا، وشه‌ی(ته‌نیشت)، درزێكه له نیوان (ئه‌حمه‌دی مه‌لا)ی مرۆڤ و (ئه‌حمه‌دی مه‌لای شاعیر)دا، له نێوان هێزی وشه‌و و هێزی خه‌یاڵدا، هایدگه‌ر واته‌نی (ماڵی بوون ده‌دۆزیته‌وه)5
ئاگرم له حه‌رفێك به‌ردا
هه‌تاو گریا
حهرفێكم ئاشت كرده‌وه
ئاو زریكانی
كۆپله‌ی 73 ل 345
شه‌وم شێلا
ڕۆژم هیشك كرده‌وه
خه‌ونه‌كانم بوونه‌ته هۆش و
ساته‌كانم هێور بوونه‌ته‌وه
كۆپله‌ی 74 ل 346
گرمه‌م له رسته‌یه‌ك هه‌ڵساند
وێرگوڵێ كه‌وته گۆرانی
خاڵێكم نغرۆ كرده ناو سپێتی
بوو به ئاواز تا به‌یانی
كۆپله‌ی 75 ل 346
له نووسین ده‌قی شیعریدا ململانی شاعیر به‌ده‌ر نییه له ئاوێته‌كردنی ڕه‌گه‌زه‌كانی سروشت و شوێن، چۆن جووڵه‌كردنی شوێن به‌ستراوه به شوێنكاته‌وه، له یه‌ك دانابڕێن به هه‌مان پێوه‌ر، نووسینی ده‌قی شیعری هه‌ندێ جار گرێدراوه به كرده‌ی نواندن و به مونتاژكردنی گرته‌كان، چ بهریزبهندی بڕین بێ یان به لكاندنی وێنه‌كانه‌وه بێت، له ده‌رهێناندا، فۆرم و سكێچی خۆی وه‌رده‌گرێت، لێكچواندنی پێنووس به كامیراوه، وه‌ك په‌یوه‌ندی وشه‌یه به وێنه‌وه، بۆ پشتڕاستكردنه‌وه، پێناسه‌ی وێنه‌ی شیعری ده‌ڵێت (وێنه‌ی شیعری وینهیهكه پربه به‌ژن و باڵای وشه‌كانه)6 سه‌رباری ئه‌مه، شاعیر له به‌كارخستنی چه‌مكه‌كانی شوێندا، له یه‌قدانه‌وه‌ی هاودژه‌كاندا، مامڵه‌كردنی له‌ته‌ك هه‌ڵچوون و داچوون و هێوربوونه‌وه‌و وه‌ستانی له شوێن و كاتی پێویستدا، وه‌ك ئه‌كته‌رێك له گرته‌كاندا ڕۆڵدهگێرێ، به‌مه‌ش گرته‌كانی وێنه‌ی شیعری له ده‌قدا، شوێنی گونجاوی خۆی ده‌گرێت، هه‌ر جووڵه‌پێكردن و گواستنه‌وه‌یه‌ك له ده‌قدا، هه‌ستی بزواندنی وه‌رگر تۆخ ده‌كاته‌وه، ئاسه‌وارێك جێده‌هێڵێت، دیارده‌كانی پرسیار و وێنه‌كانی تێڕامان ده‌شواته‌وه، ئه‌وی دیاره شاعیر توانی له ڕێگای ئاوێته‌كردنی كهتوارو خه‌یاڵكراودا، وێنه‌یه‌كی هونه‌ری و ئیستاتیكیمان بۆ ده‌رخات، به‌كارخستنی شوێن له شیعردا، خۆی له‌خۆیدا به‌كارهێنانێكی سیمبول ئامێز وه‌رده‌گرێت، منه‌ی مانایه‌ك ده‌كه‌ن، شاعیر له ڕێگای پێكهاته‌یه‌كی هه‌ستی تۆكمه‌وه په‌نا بۆ یه‌كێك له نیشانه‌كانی پشتتێكردن و دهسبهردانبووندا ده‌نێت بۆیه وه‌ك خوازه‌یه‌ك وشه‌ی (ئاگر) به‌كارده‌هێنێت، گه‌ر (ئاگر) وشك و ته‌ر به‌یه‌كه‌وه بسووتێنێ، تاریكی و ڕۆشنایی به‌یه‌كه‌وه گرێبدات، هۆیه‌ك بێت بۆ ده‌رخستنی ئاسته‌كانی كرده‌ی شیعری، ئاشكراكردنی شوێنه شاراوه‌كانی شكست كه له (حه‌رفێك)دا ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، نهێنی دنیایه‌كه ناتوانێ بیگێڕێته‌وه، ڕایه‌ڵی گرفتێكه سه‌ره داوه‌كانی بۆ ناكرێته‌وه، كرده‌یه‌كی خۆكوژییه، تاوانێكه له به‌رانبه‌ر ده‌رهاویشته‌كانی خودێك، كلیلی گۆڕین و قه‌بوڵكردنی ونكردوه، گه‌ر (ئاگر) وه‌ك ڕه‌گه‌زێكی سروشتی شوێن هیمایهك بێت بۆ نه‌هامه‌تیه‌كان ناو ده‌ق، بۆ تێكشكاندنی سه‌رجه‌م داخ و ژانه‌كانی ده‌روون، سووتاندنی (حه‌رف) ئه‌و هه‌سته داخراوه‌یه به قووڵایی ده‌روونه‌وه به‌ستراوه، گیر‌و یاخییه نایتهدهست و ڕاده‌ستی نووسین نابێت، تێكه‌ڵكردنی (هه‌تاو) وه‌ك ڕه‌گه‌زێكی سروشتی ده‌رچه‌یه‌كه، ئاماژه به ڕۆشنایی ده‌دات به‌ستنه‌وه‌ی (هه‌تاو) به كرده‌ی (گریا)خاڵی وه‌رگه‌ڕانه، ره‌وینه‌وه‌ی خه‌م و په‌ژاره په‌نگ خواردوه‌كانی ده‌روونه، كرانه‌وه‌یه به ڕووی سروشتدا، له هه‌ڵویستدا په‌یامی ئاشتبوونه‌وه‌یه، گه‌ڕانه‌وی شاعیره بۆ ئامێزی سروشت و رزگاركردنی ئه‌و چه‌قینه د‌رك پێكراوهیه كه شاعیر له ژیانی رابردوودا ڕه‌نگی پێوه‌گرتبوو، له ده‌رووندا قانگی ده‌دات، وشه‌ی (شه‌و، ڕۆژ) وه‌ك شوێنكات ته‌واوكه‌ری هه‌مان بارودۆخن، كرداره‌كانی (شێلا، هیشك كرده‌وه)، له ئێستادا كرداری رابوردون، به‌ستراون به پاشینهو ژیانی ڕابردووی شاعیر، ڕاڤه‌ی گۆشه‌نیگایه‌كه له ناوه‌وه بۆ ده‌ره‌وه ده‌بزوێت، ناوه‌وه خوده هه‌ڵگری ژیانی ڕابردووی شاعیره، ته‌ژییه به ناخۆشی و چه‌رمه‌سه‌ری وه‌ك شوێنكات به وشه‌ی (شه‌و) ئاماژه‌ی بۆ كراوه، (شه‌وم شێلا) كرده‌ی كاڵبوونه‌وه و كوشتنی شوێنی ڕِهسهنه له زاكیره‌دا، یان مردنییه‌تی، چونكه (لهخستنهریزیدا، زاكیره خاوه‌ن پۆلینداری نییه، یان له لیسته‌دا نوسینه‌وه‌ی نییه، نه له خستنهریزی و نه له لیستدا بوونی نییه)7، به دیوێكی تردا گواستنه‌وه‌ی وێنه‌ی شیعری بۆ فاكته‌كانی شوێنكات، له ده‌ره‌وه‌ی خوددا، له ئاست ئاینده‌دا، جێكه‌وته‌كانی شاعیر جیاوازییه‌كی ئهوتو فه‌راهه‌مناكات، به‌هه‌مان شێوه ده‌بینین، (ڕۆژ) وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ فاكته‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خود به‌كارهێنراون، به‌رانبه‌ر به چه‌مكی مانه‌وه كرده‌ی (هیشك كردنه‌وه‌ی ڕۆژ) ڕقێكی پیرۆز هه‌ڵده‌گرێت، ڕقێك پاشینه‌ی ناوه‌وه‌ی خود، ژیانی فاكته‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خود ده‌كوژێت، ژیانی تاریكی شه‌و، ڕۆشنایی ژیانی تاڕاوگه ده‌كوژێت، به دیوه نه‌رێنییه‌كه‌ی وشكی ده‌كاته‌وه، ده‌یكاته شه‌و، له نێوان دوالیزمه‌ی شه‌و و ڕۆژدا، ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌دا، زاكیره و واقیعدا، هاوسه‌نگییه‌ك هه‌یه، وزه‌ی ئه‌وینی تێدا ده‌كوژرێت، هاوسه‌نگی واتا نه‌بوونی لاسه‌نگییه، هێزی ڕاكێشانی تێدا نییه، وه‌ك ئه‌وی له كرده‌ی ئه‌ویندا به‌دی ده‌كرێت، په‌خشكردن و بڵاوبوونه‌وه‌ی دیوه نهرێنهكهی ئه‌وین به یه‌كسانی، له به‌خشینی هه‌ستی مردن و گوێزانه‌وه‌ی له ناوه‌وه بۆ ده‌ره‌وه، له (شه‌وه)وه بۆ (ڕۆژ) له زاكیرهوه بۆ واقیع، هاوسه‌نگییه‌كی باڵاده‌ست به ده‌ستده‌هێنێ، گه‌ر بهدوایهكاهاتنی (شه‌و)و (ڕۆژ) به‌شێك بن له دیالێكتی سروشت، ژیان دروست بكه‌ن، مانا ببه‌خشن، هه‌ڵبه‌ت له ئاستی ده‌قدا، به‌دواهاتنی وشه به‌دوای یه‌كدا، به پێی ڕێسایه‌ك له ده‌قدا، ئاماژه به مانایه‌ك ده‌كات، به (ڕسته) شووناس ده‌كرێت، به مانایه‌كی تر (ڕسته) سیسته‌می ڕێكخستنی وشه‌و ماناكانییهتی هه‌ڵگری ناسنامه‌یانه، تێكچوونی شیرازه‌ی وشه‌كان، نه‌دۆزینه‌وه‌ی ڕاڤه و پێنه‌گه‌یشتنی مانا له شوێنی ده‌قدا، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و بار‌و دۆخه‌یه كه شاعیر تێوه‌ی گلاوه، له درز تێكه‌وتنی كرده‌ی نیشته‌جێبوونه، ، له نێوان زێدی ڕه‌سه‌ن و تاڕاوگه‌دا، له ئیلهام و شیعر نووسیندا، له ڕۆنانی ئه‌ندیشه‌و سڕبوونی پێنووسدا، له پشكۆی وشه‌و ژیله‌مۆی نووسیندا، له تێكچوونی داڕشتنی ڕسته‌دا، له سووتانی وشه‌و له گریانی هه‌تاوی ده‌قدا، چی ماوه‌ته‌وه له‌وه زیاتر، شاعیر وه‌ك په‌رچه‌كردارێك به داپڵۆسین و تێسرواندن كه به كرده‌ی (گرمه‌م هه‌ڵساند) تۆڵه‌ی بێده‌سه‌ڵاتی خۆی به له داڕشتنی (ڕسته‌یه‌ك)دا ده‌رێژێ، كه ناتوانێ گوزارشت بكات له هه‌ستی ڕاسته‌قینه، به‌خشنده نییه له ڕهنگڕیژكردنی وێنه‌ی شیعری، چه‌كه‌ره كردنی ئیلهامی شیعری، له ئێستای نووسینی ده‌قی شیعریدا، ڕامكردن و رێككه‌وتنیان گه‌لێ دژواره، غهوارهبوون، پاڕاوپهرێزه، گرفته له‌نێوان ئه‌زموونی شاعیر و ده‌قی نووسیندا، له پته‌وكردنی ڕایه‌ڵه‌كانی به‌یه‌كگه‌یشتندا ، له تۆراندن و جیابوونه‌وه‌ی ڕۆحی داهێنان، له جه‌سته‌ی ده‌قدا، گیان كێشانی ڕۆح به كرده‌ی (ئاگربه‌ردان له حه‌رفێك، گرمه هه‌ڵسان له ڕسته‌یه‌ك، شه‌و شێلان و ڕۆژ هیشك كردنه‌وه)، به‌رجه‌سته‌كردنی سه‌رجه‌م ئه‌م كردارانه‌ی ڕابردوو له نێو ده‌قی شیعریدا، له نامۆبوونی تاڕاوگه‌دا، هه‌وڵێكن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی زاكیره‌ی نیشتیمان، له هه‌مان كاتیش‌دا هه‌وڵێكی ماڵئاوایشه، نه دیارده‌كانی دیفاكتۆ، نه جه‌سته‌ی ده‌ق، هه‌رگیز وه‌ك خۆی نایه‌ته‌وه، نادۆزرێته‌وه (هه‌موو هه‌وڵێكی گه‌ڕانه‌وه بۆ نیشتیمان، هه‌وڵێكی ماڵئاوایشه، چونكه كه نیشتیمان ون ده‌بێت، جارێكی دی وه‌ك خۆی نادۆزرێته‌وه)8 ماڵئاواییكردن له‌و كردارانه‌ی ڕابردوو، له وێنه‌ی شیعریدا، ونبوون و شكست و به دوای خۆیدا ده‌هێنا، ئینجاره به جۆرێكی دیكه دێنه‌وه له بری (ئاگردان له حه‌رفێك) (حه‌رفێكی ئاشتكرده‌وه) ئاشتكردنه‌وه‌ی حه‌رفێك له ئێستادا گوزارشت له خودێك ده‌كات به‌ركاره به بكه‌رێك كه هه‌ڵگری ئه‌و گۆڕانكارییه كه كرده‌ی گوێزانه‌وه له ڕابردووه‌وه بۆ ئاینده ئه‌نجامده‌دات، لێره‌وه‌ش شاعیر وه‌ك بكه‌رێك ده‌توانێ پله‌به‌ند شوێنكات بگۆرێت به پله‌به‌ندی شوێن واتا له ئێستادا ڕابردووی پڕ شكست بگۆڕێت به شوێن له داهاتوودا له گرته‌یه‌كی شیعریدا زیندووی بكاته‌وه، كاتێ به شوێنكاتی برگه‌كه، ده‌سته‌واژه‌ی (ئاو زریكانی) به‌كارده‌هێنێ ئاماژه‌یه‌كی زه‌ق و دیاره بۆ زیندووبوونه‌وه، ته‌ژییه به خۆشییه‌كی له‌ناكاو، موژده و رێپێدانێك له‌خۆده‌گرێت كه ده‌توانێ بمانگوێزێته‌وه بۆ شوێنێك له بری تۆڵه‌كردنه‌وه و شكست و مردن ژیان و ئاشته‌وایی ده‌سه‌به‌ربكات، متمانه بگێڕێته‌وه، چه‌مكی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه رێكده‌خاته‌وه كه له نێوان (گریان و ئاشتبوونه‌وه)دا هه‌یه، له نێوان (ئاگرو زریكان)دا هه‌یه، به هه‌مان شێوه نمایشكردنی ئه‌م هه‌ڵسانه‌وه‌یه، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خۆی ده‌بێت له (كۆپله‌ی 74)دا، ده‌بینین چۆن له نێوان چه‌مكی هاودژه‌كاندا، هه‌ردوو ره‌گه‌زی سروشت، شوێنكاتی (شه‌و) چۆن ده‌شێلێ ده‌یكات به (ڕۆژ) (خه‌ون)ی بێ كردار چۆن له مردن رزگار ده‌كات و ده‌بنه (هۆش) چۆن ویسته‌كان له گێژنه‌ی مۆڵ خواردنێكی نه‌زۆكه‌وه هه‌ڵده‌گرێت و ده‌بێته كرانه‌وه‌یه‌كی دینامیكی كه له شوێنكاتی هۆشدا نیشته‌جێده‌بن به شووناسێكی نوێیوه ساته‌كانی هێوربوونه‌وه له دایك ده‌بێ، ساته‌كانی هێوربوونه‌وه ده‌رئه‌نجامێكه، له ده‌رووندا، ده‌رخه‌ی سه‌ركه‌وتنی شاعیره، به‌سه‌ر هه‌سته‌كانی شكستیدا، گۆڕینی دیارده نه‌رێنیه‌كانه بۆ شتێكی ئه‌رێنی، ئه‌مه‌ش به ته‌واوی له (كۆپله‌ی 75)دا به‌رجه‌سته ده‌بێت، له سه‌ره‌تادا شاعیر وه‌ك بكه‌رێكی داخ له دڵ، ده‌سبه‌رداری پاژێك بوو له شكست، ئاگری له حهرفیك به‌ردا، له ئێستادا گرمه‌ی له ڕسته‌یه‌ك هه‌ڵساند سه‌رجه‌م كرداره‌كانی شكست و ڕاده‌ستبوون (ئاگرم به‌ردا، گریا، شێلا، هیشك كردوه، گرمه‌م هه‌ڵساند)ی گۆری بۆ كرداره‌كانی هه‌ڵسانه‌وه وه‌ك له پێشتر ئاماژه‌مان بۆ كرد، ئه‌م گۆڕانكارییه له دواجاردا به بێده‌نگی له خه‌یاڵدا نامێنێته‌وه، به جموجۆڵێكی تازه‌وه فۆرمی شیعری ده‌گۆڕێت، به شێوازێكی تر خۆی دورست ده‌كات، خۆی ئاوێته‌ی ده‌ق ده‌كات، دوا وه‌شاندن كه هه‌ڵسانه‌وه‌ی شكستی به دواوه نایه‌ت، گۆڕانكاری یهكلاكهرهوی ئه‌نجامده‌دات، وشه‌ی (گرمه)یه، وشه‌یه‌كه شوێنی ده‌نگداره، ته‌قینه‌وه‌ی ناوه‌خنه، تووره بوونی له ناكاوه، كۆدیتایه به‌سه‌ر بێده‌نگی و شكستیدا، وه‌ڕچه‌رخانه، په‌ڕینه‌وه‌ی شاعیره بۆ قۆناغێكی تر، گێڕانه‌وه‌ی شوین و به‌های ڕسته‌یه، زه‌مینه خۆشكردنی ده‌قی شیعریه، به ئاراسته‌یه‌كی تردا، گۆڕینی نه‌خشه‌ی جوگرافی شیعره‌كه‌یه، له شقڵی نه‌رێنییه‌وه بۆ شه‌قڵێكی ئه‌رێنی، له هه‌سته‌وه بۆ ئاوه‌ز، له تاراوگه‌وه بۆ نیشتیمان، له چه‌قینی بێ ئومێدییه‌وه بۆ لادان و كرانه‌وه، له‌م باریه‌وه ڤالیری ده‌نووسێت (شیعر بوونی نییه، ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆی ناهه‌ستیار گوزارشت له ئاوه‌ز نه‌كات، لادانێك له وشه‌كاندا ده‌رنه‌خات)9 ئه‌م لادانه له كاتی نووسینی شیعریدا، چۆن ده‌قی شیعری ده‌گرێته‌وه، به هه‌مان شێوه‌ش، سه‌باره‌ت به لادان، چه‌مكی نیشانه‌كانی خاڵ به‌ندیش ده‌گرێته‌وه، شاعیر باس له تێڕوانین و بۆچوونی خۆی ده‌كات، چۆن له نێوان نیشانه‌كانی خاڵ به‌ندییدا، داتاكانی خه‌یاڵ و پێدراوه‌كانی واقیع شوێن و پێگه‌و ئه‌ركی خۆیان ده‌گۆرن، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هیما و نیشانه‌كانی خاڵ به‌ندی ده‌ق، یهقدانهوهیهكی ئاشكرای تاسه‌كانی گۆشه‌نیگای شاعیره، گه‌یاندنی ده‌نگییه‌تی، شكاندنی ئه‌و بێده‌نگییه، كه هه‌ر جاره‌و به‌شێوه‌یه‌ك، له ده‌رگایه‌كی تره‌وه، هه‌میشه خۆی دووباره ده‌كاته‌وه، ده‌رچوون له بێده‌نگییه، له‌و دووپاتبوونه‌وه‌یه، به شكاندنی ئه‌و له‌مپه‌ره كۆتایی دێت، له ڕسته‌دا به نیشانه‌ی (وێرگوڵ) ئاماژه‌ی بۆ كردووه، (وێرگوڵ) له ڕسته‌دا شوێنێكی بینراوه، (نیشانه‌ی كورتترین ڕاوه‌ستانه، له دوای ناوی بانگ كراوه‌وه دێت، له‌نێوان جێگر‌و جێلیگیراودا دێت، له ڕسته‌دا به ئامرازی لێكده‌ر نه‌به‌سترابن به یه‌كتره‌وه دێت)10، گه‌ر (وێرگوڵ) كۆتایی پاژێك بێت له وه‌ستانی ڕسته، هه‌ڵبه‌ت (ڕسته)ش وه‌ك شوێنێكی بینراو سه‌ره‌تای جوڵهپێخستنی ده‌قه بۆ كرانه‌وه، لادانی چه‌قبه‌ستنی دۆخێكه، هه‌ستكردنه به‌خۆشییه‌كی ڕه‌ها، جۆش و خروشێكه، له ده‌قدا ئه‌گه‌ره‌كانی وه‌ستانی بینراو سووك ده‌كات، خودی ڕسته‌ی پێ گه‌وره ده‌كات، ڕه‌هه‌نده‌كانی ڕهوانسازی خۆشده‌كات، ده‌گوێزێته‌وه بۆ سه‌ر زار، ده‌یكات به گۆرانی، (ئه‌حمه‌دی مه‌لا) ده‌یه‌وێت له رێگای نووسینی ده‌قی شیعرییه‌وه، هه‌ستی بینراو بگوێزێته‌وه بۆ هه‌ستی بیستراو، ده‌یه‌وێت شیعر له تاریكی بێده‌نگییه‌وه رزگاربكات، بیخاته سه‌ر ده‌نگ و زه‌نا، ئازاره‌كانی غوربه‌ت، له ڕێگای په‌خشه‌وه دابه‌ش بكاته سه‌ر هه‌موو زارێك، بیكاته گۆرانی، گه‌ر (وێرگوڵ) ببێته گۆرانی، ئه‌وا (خاڵ) ده‌بێت به (ئاواز)، شوێنی بینینی(خاڵ) له ڕِووی خاڵ بهندییوه نیشانه‌ی (ڕاوه‌ستانێكی ته‌واو پێشان ده‌دات له كۆتایی هه‌موو ڕسته‌یه‌ك داده‌نرێت، جگه له ڕسته‌ی پرس و سه‌رسوڕمان، له دوایی یه‌كه‌م یان یه‌كه‌م و دووه‌م پیتی ناوێك داده‌نرێت)11، لهترو تاسه‌كان، وه‌ستانه پڕ ماناكانی ته‌نیایی، بۆشاییه ڕه‌شه‌كانی تاراوگه، كه له نووسینی ده‌قدا به (خاڵ) ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، دالی (خاڵێكم نغرۆكرد) مه‌دلووله به ره‌تكردنه‌وه‌ی كۆتایی، سڕینه‌وه‌ی وه‌ستانه، به‌رده‌وامبوونی بێ وه‌ستانه، له نێوان دوو مانادا هه‌ڵگرتنی له‌مپه‌ره، ڕاده‌ستبوونی بێ ئومێدییه، له ئاست چه‌مكی نه‌مرییدا كرانه‌وه‌ی ده‌قه، گه‌ر (وێرگوڵ) وه‌ك هیمایهك ڕه‌نگدانه‌وه‌ی پاشخانی وه‌ستانێكی كورت بێت له ئه‌زموونه سه‌ره‌تاییه‌كانی شاعیردا.
له كرده‌ی كرانه‌وه‌و وێنه‌كێشانی ده‌قدا ببێت به گۆرانی، له هه‌مان كاتدا ده‌رچه‌یه‌كه شاعیر شوناسی ناوه‌وه‌ی ده‌ق، مانا جۆربه‌جۆره‌كانی ڕابردوو، كه وه‌ك هیمایهك هه‌ڵگری زاكیره‌یه به باری ده‌روونییه‌وه په‌یوه‌سته به گۆرانی گوزارشتی لێده‌كات، ئاودیوی ده‌ره‌وه‌ی ده‌كات، هه‌ڵبت وێنه‌ی بڕگه‌ی(خاڵێكم نغرۆكرده ناو سپێتی) له كۆتادا كرانهویهكی ته‌واوه‌تییه، وێنه‌یه‌كی ڕه‌نگییه له ده‌قدا، ڕاسته‌وخۆ گرێدراوه به شوێنه‌وه.
له ڕێگای ته‌كنیكی وێنه‌كێشانێكی هونه‌ریه‌وه تابلۆ شیعرییه‌كه‌ی ڕه‌نگ كردوه، یه‌كێك له هه‌وڵه‌كانی شاعیر، دۆزینه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه له نێوان ڕه‌شی خاڵ و سپێتی كاغز ، ڕه‌ش وه‌ك هیمایهك پڕ له چه‌قبه‌ستنی ژانوژۆی یاده‌وه‌ری و شه‌وانی ته‌نیایی و نامۆبوونه، ڕه‌نگێكی زِبرو زه‌قه، سپێتی كاغز ئاماژه‌یه به پاك و بێگه‌ردی، له ئاست ململانی ئێستا‌و ڕابردوودا، وێنه‌یه‌كی ڕوونه، ساف و لووسه، زاڵبوونی ڕه‌نگی سپی، به چه‌مكی شوێن واتای سه‌ركه‌وتنی هه‌سته‌كانی به‌رزبوونه‌وه و سه‌ركه‌وتنه، پێچه‌وانه‌ی هه‌سته‌كانی ژێركهوتنه، نغرۆبوون و كه‌وتنی خاڵی ڕه‌شی وه‌ستان، ته‌واو بوونی یه‌كجاره‌كی ڕسته‌یه، ئاماژه كردن به سه‌ركه‌وتنی ڕه‌نگی سپی، له داهێنانی وێنه‌ی شیعرییدا به شوێنكاتی (به‌یانه‌وه) گرێدراوه، (به‌یان) شوێنكاتی سروشته، جێكه‌وتێ گه‌وره‌تره ده‌بخشێ به كرانه‌وه‌ی جه‌سته‌ی ده‌ق و به باری ده‌روونی شاعیره‌و، به‌گیرخستنی ڕهنگكارییهكانی ڕه‌ش و سپی، وه‌ستان و جووڵه، پارادۆكسیێ له نێوان شوێنی داخراوی نێو ده‌ق و شوێنی ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق دا ئه‌نجامده‌دات، به‌كار بردنی ڕه‌نگی ڕه‌ش و نغرۆكردنی له ڕه‌نگی سپی دا له سروشتدا هاوشێوه‌ی به‌سه‌رچوونی شه‌وه له ناو رۆژدا، یان به‌یاندا، له شوێنی بیستندا وه‌ك ئاوێته كردنی گۆرانیه له نێو ئاوازدا، له چه‌مكی شوێندا (ئاواز) شوێنی بیستنی ناخه، كرانه‌وه‌ی دنیای (ئاواز) بۆ گۆرانی، وه‌ك كرانه‌وه‌ی ڕۆژه بۆ شه‌و، له گۆرانی تاراوگه‌دا، ئاوازی نامۆبوونه، یه‌قدانه‌وه‌ی ناشوێنه، كۆنسێرتی درزێكه، ده‌نگێكه له نێوان بێده‌نگی (ئه‌حمه‌دی مه‌لای) مرۆڤ و ده‌نگی (ئه‌حمه‌دی مه‌لای) شاعیر.
له كۆتاییدا ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه بیڵێم، له به‌رهه‌مهێنانی ده‌قی شیعرییدا، ڕاساندنی چه‌مكی شوێن، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ڕه‌هه‌نده‌كانی شوێنكات، جێكه‌وتێ دیار‌و ئاشكران، گۆشه‌نیگای شاعیر ئاشكرا ده‌كه‌ن، شوێن هانده‌ره بۆ كردار، خه‌یاڵ بزوێنه، هه‌ر جوڵه‌و رفتارێك یه‌قدانه‌وه‌ی زینده خه‌ونێكه، باكراوندی شوێنێكه، یان شتێكه، وه‌ك به‌هاو پێگه له ئه‌زموونی شیعرییدا، ڕۆڵی خۆی ده‌گێڕێ، ده‌توانین به‌ركه‌وتنی له ته‌كدا بكه‌ین، له زۆربه‌ی شیعره‌كانی (ئه‌حمه‌دی مه‌لا)دا، هه‌سته‌كانی نامۆبوون و وونبوون و ناجێگیری سه‌نگ و ڕه‌نگی خۆی ده‌خاته سه‌ر ڕه‌گه‌زه‌كانی چه‌مكی شوێن و شوێنكات، ناكرێ چاوپۆشین له‌و داكهوتانه بكه‌ین كه جێی بایه‌خی شاعیرن، به‌ره‌ی فۆرمێكی ئه‌پستمۆلۆژی تایبه‌تن، له داهێنانی ده‌قی شیعرییدا، له چۆنییه‌تی تێڕوانینی گۆشه‌نیگای شوێندا، به جۆره‌ها شێوه، تیشك ده‌هاوێژێته سه‌ر شووناسی سرووشت و دیارده‌كانی تر كه په‌یوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وخۆیان به شوێنه‌وه هه‌یه، لێره‌وه‌ش شاعیر له ڕێگای شوێنه‌وه، یاده‌وه‌ری خۆی و ته‌نگژه‌كانی تاراوگه، هه‌ڵوێسته‌كانی خۆی له چه‌ند وێنه‌یه‌كی شیعرییدا ئه‌نجامده‌دات، شوێن یه‌كێكه له خه‌سڵه‌ته دیاره‌كانی شیعر نووسینی (ئه‌حمه‌دی مه‌لا)، ئه‌م خه‌سڵه‌ته‌ش، وایكرد داگه‌ڕانی ئێمه ته‌نیا بتوانێ له‌و خولگه‌یه‌دا بسورێته‌وه، نه‌چێته ده‌ره‌وه‌ی چه‌مكه‌كانی شوێن، ئه‌مه‌ش پێش ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئێمه بێت، هه‌ڵبژاردنی ده‌قه، بژاره‌ی شیعره.
ئابی 2019
عه‌لی شێخ عومه‌ر
—————————–
ژێده‌ره‌كان
1 ـ ئه‌حمه‌دی مهلاـ كۆ شیعره‌كانی ئه‌حمه‌دی مه‌لا، 2004 ، 2006ـ چاپخانه‌ی ره‌نج ـ چاپی یه‌كه‌م ـ ساڵ 2008ز ـ ل 324
2 ـ جاستون بشلار ـ ترجمه غالب هلسا ـ جمالیات المكان ـ یصدر من مجله الاقلام، دار الجاحڤ للنشر، وزاره الپقافه والاعلام، بغداد ـ دار الحریه للگباعه، بغداد ـ 1980 م ـ چ 36
3 ـ یاسین النصیر ـ جمالیات المكان فی شعر السیاب ـ دار المدی للپقافه والنشرـ سوریا، دمشق ـ 1995 م ـ ص 64
4 ـ دیوانی گۆران ـ چاپخانه‌ی كۆڕی زانیاری عێراق، به‌غدا ـ چاپی یه‌كه‌م ـ 1980 ز ـ ل 34
5 ـ به‌ختیار عه‌لی ـ ناشوێن ـ چاپخانه‌ی كارۆ ـ چاپی یه‌كه‌م ـ 2019 ز ـ ل 84
6 ـ مرتچی حسین علی حسن ـ جمالیات المكان فی شعر العراقی الحدیپ ـ قدمت هژه الرساله استكمالاً لمتگلبات الحصول علی درجه الماجستیر فی اللغه العربیه وێدابهاـ عماده البحپ العلمی والدراسات العلیا ـ جامعه فلادلفیا ـ كانون الپانی 2016 م ـ ص 95
7 ـ نفس المصدر رقم 2 ـ ص 108
8 ـ سه‌رچاوه‌ی پێشوو ژماره‌ی 5 ـ ل 84
9 ـ د صلاح فچل ـ بلاغه الخگاب وعلم النص ـ عالم المعریفه صدرت السلسله فی شعبان 1998 بأشراف أحمد مشاری العدوانی 1923 ـ 1990ـ ص 262
10 ـ لیژنه‌یه‌ك له وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ـ زمان و ئه‌ده‌بی كوردی / پۆلی ده‌یه‌می ئاماده‌یی ـ بهریوبهرایهتی گشتی پرۆگرام و چاپه‌مه‌نییه‌كان ـ چاپی هه‌شته‌م ـ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق ـ ل 94
11 ـ سه‌رچاوه‌ی پێشوو ژماره‌ی 10 ـ ل 94