ساده گوتاری … به‌ختیار محه‌مه‌د
هه‌ندێك شاعیر و ئه‌دیب هه‌ن (كه پێده‌چێ به‌دحاڵی بوونیان هه‌بێ له مانای بوونی ئه‌ده‌ب) هه‌موو شتێكی (زانیارییه‌كی) ده‌ره‌وه‌ی گوتاری موجه‌ڕڕه‌دی شیعریی (شیعری موجه‌ڕڕه‌دی ساده، یان ئه‌وه‌ی هه‌ندێك پێی ده‌ڵێن شیعری بێگه‌رد) به دۆگما و ئایدیۆلۆژیا و دروشم له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن؛ به بێ ئه‌وه‌ی به ته‌واویی – له سیاقی خۆیدا – له مانا و ده‌لاله‌تی ئه‌م چه‌مكانه تێبگه‌ن.
شیعر و ئه‌ده‌ب لای ئه‌م جۆره شاعیر و ئه‌دیبانه كائینێكی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی عه‌جایبه: نه فۆرمی هه‌یه، نه ڕۆحی هه‌یه؛ هیچ كارێكی (په‌یامێكی) شی نییه، ته‌نیا له دایك ده‌بێ. بۆ له دایك ده‌بێ؟ ئه‌مه‌یان كه‌س نایزانێ! ئه‌وان هه‌ندێك جار ده‌ڵێن بۆ ئیستاتیكا له دایك ده‌بێ؛ به‌ڵام گرفته‌كه ئه‌وه‌یه، ئه‌وان به ته‌واویی له مانای ئیستاتیكاش تێناگه‌ن و زۆربه‌ی جار ده‌قه‌كانی خۆشیان به‌های جوانییان تێدا نییه… ئه‌ی كه‌واته ئێمه بۆ ده‌نووسین، ئه‌گه‌ر كرده‌ی نووسین – هه‌ر جۆره نووسینێك بێ – بچووكترین په‌یامی ئه‌خلاقی و مرۆیی و ئیبداعی تێدا نه‌بێ؟
ئه‌و ئه‌ده‌به‌ی ئه‌م جۆره شاعیر و نووسه‌رانه باسی ده‌كه‌ن (به ناوی مه‌سه‌ل ئه‌علای ئیستاتیكاوه) زۆربه‌ی جار جه‌سته‌یه‌كی زمانه‌وانی ڕووت و قووته: ئه‌و زمانه‌ی ئه‌وان پێی ده‌نووسن، نه زمانی ئه‌ده‌بی واقیعییه، نه زمانی تازه‌گه‌ریی و نه زمانی پاش تازه‌گه‌رییشه؛ به‌ڵكو زمانێكه (له ئه‌نجامی به‌دحاڵیبووندا) له زۆنگاوی بێ ناسنامه‌یی خۆیدا مه‌له ده‌كا؛ ئه‌و بێ ناسنامه‌ییه‌ی، كه به‌رهه‌می به‌دحاڵی بوون و كه‌م زانییه له وه‌زیفه‌ی ئه‌ده‌ب و شیعر و له وه‌زیفه‌ی كرده‌ی نووسیندا به گشتی. پرسیاره گرنگه‌كه‌ش لێره ئه‌وه‌یه: شاعیر بۆ ده‌نووسێ و ئه‌دیب بۆ ده‌نووسێ؟ ئه‌دی له چ ئاستێك و به چ گوتارێك ده‌نووسن؟ ئایا گوتارێكی نامه‌عریفی و نامێژوویی ساده‌یه؟ یان گوتارێكه سه‌رتاپاگیره؟ گوتارێكه ده‌ست بۆ هه‌موو بونیاده‌كانی ژیانی مرۆڤ ده‌با؛ ئا له‌وێشدا بیر له كاری باش و بیر له داهێنان ده‌كاته‌وه…