ره‌زا حه‌مه، شاعیری غوربه‌ت و ته‌نهایی و خۆشه‌ویستی … ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا
له كۆتایی هه‌شتاكاندا مامۆستا برایم خه‌یاتی نه‌مر، گۆرانی «ئێمه گیانێكین له‌دوو جه‌سته‌دا» بڵاوكرده‌وه. پاش ماوه‌یه‌ك ئه‌و گۆرانییهبووه وێردی سه‌ر زمانی هه‌موو خه‌ڵكی، گۆرانییه‌كه چ ئاوازه‌كه‌ی و چ ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی مامۆستا جوانی گه‌وره‌ی پێوه‌دیار بوو، به‌ڵام له‌هه‌مووی سه‌رنجراكێشتر به‌لای منه‌وه، شیعری گۆرانییهكهبوو، كه لێوانلێوبوو له‌جوانیی و داهێنان. پاش راپه‌ڕینیش گۆرانییه‌كی تر زۆر باوبوو ئه‌ویش گۆرانی» له‌هه‌وری كوردستان خوێن ده‌بارێت» كاوه حه‌مه ساڵح وتبووی، ئه‌مه‌ش له‌ناو خه‌ڵكیدا زۆرباوبوو، به‌ڕاستی له‌مه‌شدا چ ئاواز وموزیك و ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی كاك كاوه، مایه‌ی سه‌رنجی خه‌ڵكی بوو، به‌ڵام له‌هه‌مووی گرنگتر ده‌قی شیعرهكهبوو، كه گوزارشتی له‌ژیانی ناخۆشی گه‌له‌كه‌مان ده‌كرد.
من زیاتر هۆگری ده‌قه شیعرییه‌كانی ئه‌م گۆرانیانه وكۆمه‌ڵێك گۆرانی تربووم وشاعیرهكهم نه‌ده‌ناسی، هه‌تا له‌بۆنه‌یه‌كدا له‌ساڵی2007 له‌ئه‌ڵمانیا به‌م شاعیره هه‌ست ناسكه ئاشنابووم، كه ئه‌ویش»ره‌زا حه‌مه«یه.
ره‌زا حه‌مه
به‌داخه‌وه ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه شیعر له‌وڵاتی ئێمه رووبه‌ڕووی قه‌یران بۆته‌وه، هۆكاره‌كه‌شی زیاتر بۆ نه‌بوونی ده‌قی شیعری جوان و كه‌می خوێنه‌ری شیعر ده‌گه‌ڕێته‌وه. هه‌رچه‌نده له‌ئێستادا نه‌ك شیعر بگره كتێبیش له‌قه‌یرانی گه‌وره‌دایه، چونكه خوێنه‌رمان كه‌مه.
ره‌زا حه‌مه یه‌كێكه له‌و هه‌وڵانه‌ی كه دووباره خه‌ریكه شیعری كوردی لای خوێنه‌ر شیرین ده‌كاته‌وه. ئه‌م شاعیره هه‌رچه‌نده ماوه‌ی زیاتر له سی ساڵێك ده‌بێت خه‌ریكی شیعر نووسینه، به‌ڵام به‌داخه‌وه كه‌متر له‌میدیای كوردی گرنگی به‌شیعره‌كانی دراوه. له‌وانه بێت زۆربه‌مان گوێمان له‌گۆرانییه‌كان بووه كه شیعری ره‌زا حهمهبوون، به‌ڵام كه‌م كه‌س ده‌زانێت كه ئه‌و شاعیره كێیه، له‌مه‌شدا زۆرجار گۆرانی زوڵم له‌شاعیر ده‌كات، هه‌رچه‌نده هه‌ندێكجاریش وه‌كو هانده‌رێك بۆ شاعیر وایه.
هه‌رچه‌نده له‌مه‌شدا شاعیر كه‌مێك رۆڵی هه‌یه، بۆ نموونه ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه ته‌نها یه‌ك دیوانی شیعری چاپكردووه كه ئه‌وه‌ش له‌ئێستادا نوسخه‌ی نه‌ماوه، من خۆم ئه‌و دیوانهیم ده‌ستنه‌كه‌وت، نازانم بۆچی شاعیر هه‌وڵی چاپكردنی شیعره‌كانی نادات؟ هه‌ربۆیه ناچاربووم بۆ ئه‌م وتاره‌م پشت ببه‌ستم به واڵی تایبه‌تی خۆی له‌فه‌یسبووك و سیدییهك كه پێش چه‌ندساڵێك خۆی پێشكه‌شی كردم، كۆمه‌ڵێك شیعری خۆی تێدایه.
ره‌زا حه‌مه شیعری بۆ « نیشتمان، خۆشه‌ویستی، غوربه‌ت، غه‌ریبی، ژن» نووسیوه. جگه له‌وه‌ش كۆمه‌ڵێك شیعری سیاسیشی هه‌یه، كه زۆربه‌یان ده‌چنه قاڵبی ره‌خنه‌ی سیاسییه‌وه. له هه‌مووی گرنگتر به‌لای منه‌وه، شیعره‌كانییه‌تی كه بۆ « ژن، غه‌ریبی، غوربه‌ت و خۆشه‌ویستی» نووسیوێتی. كه هه‌ر هه‌موویان لێوانلێون له‌جوانی و داهێنان.
دیاره ئه‌وه زمانه كه شاعیر له‌خه‌ڵكی ئاسایی جیا ده‌كاته‌وه، خه‌ڵكی ئاسایی زمان ته‌نها بۆ په‌یوه‌ندیكردن و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا به‌كارده‌هێنن، به‌ڵام زمان لای شاعیر جگه له‌م وه‌زیفه‌یه، وه‌زیفه‌یه‌كی تری هه‌یه كه ئه‌ویش داهێنانی په‌یڤی جوان و ئه‌ده‌بییه. له لایه‌كی تره‌وه پێده‌چێت ئێمه كاتێك پارچه شیعرێك ده‌خوێنینه‌وه، هه‌مان هه‌ستی شاعیرمان هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه شاعیر له‌ئێمه جیاده‌كاته‌وه، فۆرمی نووسین و ئاخافتنهكهیهتی، ئه‌وه ئه‌و فۆرمه‌یه كه شاعیر ده‌توانێت بیداته وشه وبه‌رگێكی جوانی پێشكه‌ش بكات، به‌ڵام خه‌ڵكی ئاسایی ناتوانێت ئه‌وكاره بكات.
خۆشه‌ویستی
هه‌میشه شیعری خۆشه‌ویستی به‌شێكی گرنگی كاری شاعیران پێكده‌هێنێت، كه‌م شاعیریش هه‌یه له‌م بواره‌دا سه‌ركه‌وتوو بووبێت، لێ به‌بڕوای من رهزاحهمه له‌م بواره‌دا چه‌ند ده‌قێكی شیعری زۆر جوانی هه‌یه، كه گوزارشت لهرۆحێكی خۆشه‌ویستی پاك و بێگه‌رد ده‌كات، به‌تایبه‌تی شیعری»ئێمه گیانێكین له‌دوو جه‌سته‌دا»كه یه‌كێكه له‌شیعره جوانه‌كانی.
ئێمه گیانێكین لهدووجهستهدا
وه‌ك شیعر و ئاواز له‌یه‌ك به‌سته‌دا
دونیا ناتوانێت لێكمان كاته‌وه
مه‌گه‌ر خوا بۆخۆی بمانباته‌وه
ئێمه پهردهوهردهی یه‌ك خۆڵ وئاوین
بۆیه‌ك مه‌به‌ست و بۆ یه‌ك پێناوین
له‌ناو یه‌كتردا تواوینهوه
رێبواری یه‌ك رێین جیا نابینه‌وه
پهیمانداوه تا له ژین‌دا بین
بۆ ته‌نها ساتێك بێ یه‌كتر نابین
ئه‌گه‌ر له‌و دونیاش زیندوو بینه‌وه
هه‌روه‌كو ئێستا یه‌ك ده‌گرینه‌وه
غه‌ریبی
من شیعری زۆر شاعیرانم خوێندۆته‌وه كه له‌باره‌ی غه‌ریبییه‌وه نووسیویانه، به‌ڵام شیعره‌كانی رهزاحهمه له‌مباره‌یه‌وه زۆر تایبه‌تن. تۆ كاتێك كه شیعره‌كانی ده‌خوێنیته‌وه، راست هه‌ست به‌و زامانه ده‌كه‌یت كه كه‌سێكی غه‌ریب هه‌یه‌تی. ئه‌و كاته‌ی له‌ئه‌ڵمانیا بووم، كه گوێم له‌شیعره‌كانی ده‌بوو، زۆركاری تێده‌كردم، ده‌تگوت رێك له‌ناخی مندایه. به‌واتایه‌كی تر رهزاحهمه به‌شیعره‌كانی توانیویه‌تی بچێته ناخی هه‌موو كوردێكی غه‌ریب وگوزارشت له‌هه‌ست ونهستهكانی تاكی كورد بكات له‌هه‌نده‌ران.
گهرغهریبی چاوم بوایه له‌مێژبوو ده‌رمهێنابوو
هیوای ئاینده‌م نه‌بایه ئێستا ئێسكیشم نه‌ما بوو
غه‌ریبی ژانه، خورپه‌یه، سووتانێكه بێ كڵپه‌یه
خه‌زانی توشیوو نه‌هاته، وشكه گریان مه‌رگه‌ساته
گێژاوی گۆمێكی مه‌نگه، تونێلی تاریكی و مه‌رگه
زامێكه تابڵێی به‌سوێ، هاوارێكه ناگه‌ته جێ
غوربه‌ت
جگه له‌غه‌ریبی شاعیر هه‌وڵیداوه له‌رێگه‌ی شیعره‌كانییه‌وه وه‌سفێكی وردوجوانی ژیانی هه‌نده‌ران و غوربه‌ت بۆ تاكی كورد بكات، به‌تایبه‌تی له‌كاتێكدا كه له‌پاش راپه‌رینه‌وه به‌هۆی ره‌وشی خراپی سیاسیی و ئابوورییه‌وه، كۆچی كوردان به‌ره‌و هه‌نده‌ران به‌رده‌وامه، به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن گه‌نجه‌كانه‌وه، كه كه‌متر هیوایان به‌ژیان له كوردستان هه‌یه. به‌ڵام رهزاحهمه وه‌كو كه‌سێكی به‌ئه‌زموون ئامۆژگاری گه‌نجه‌كان ده‌كات و ده‌ڵێت: ههندارن ئه‌و به‌هه‌شته نییه كه خه‌ونی پێوه ده‌بینین، بگره وڵاتێكی بێ ره‌نگ و بۆیه.
له‌هه‌مووشی گرنگتر باسی مه‌سه‌له‌ی ته‌نهایی ده‌كات، كه كاریگه‌ری گه‌وره‌ی هه‌یه به‌سه‌ر خه‌ڵكییه‌وه‌و به‌شێكی دانه‌بڕاوه له‌ژیانی ئه‌وروپا.
هێنده‌م نۆشییوه تاڵی جودایی
بوومه‌ته پاشای دونیای ته‌نهایی
له‌لایه‌كی تریشه‌وه باسی خاڵێكی گرنگی تر ده‌كات، كه ئه‌ویش وابه‌سته‌بوونی رۆحی تاكی كورده به‌كوردستانه‌وه. پێده‌چێت تۆ به‌هه‌زاران كیلۆمه‌تر له‌كوردستان دووربكه‌ویته‌وه، به‌ڵام نا‌توانیت رۆح و گیانت به‌جێبهێڵیت وهه‌میشه خه‌یاڵ ومێشكت لای كوردستانه.
كه من رۆحه‌كه‌م له كوردستانه
بهمن چی خۆشی ئه‌م هه‌نده‌رانه
ئه‌م لایه‌نه‌ش زۆر گرنگه چونكه زۆربه‌ی كۆچه‌ری كورد به‌هۆی بێزاری له‌ژیانی كوردستان، واده‌زانێت ئیتر ده‌توانێت مێژووی چه‌ندین ساڵه‌ی بسڕێته‌وه‌و به‌ره‌و خۆشی ههندارن بڕوات و ژیانێكی نوێ ده‌ستپێبكات، به‌ڵام دواتر كه ده‌گاته ئه‌وێنده‌ر ئینجا ده‌زانێت، كه ناتوانێت بۆ چركه ساتێكیش خه‌ون وخه‌یاڵ ورۆحی له‌كوردستان داببڕێت. دواتریش ئینجا هه‌ست به‌جودایی، ته‌نهایی، بێكه‌سی ده‌كات، ئه‌مانه‌ش له‌رووی رۆحییه‌وه ئازاری زۆری پێده‌به‌خشن.
بێ ره‌نگ و بۆیه جیهانی غوربه‌ت
پڕه له‌تاسه وههنسك و حه‌سره‌ت
كه من رۆحه‌كه‌م له كوردستانه
بهمن چی خۆشی ئه‌م هه‌نده‌رانه
بێ ناز و بێكه‌س بێ دۆست و بێ هاوده‌م
بوومه‌ته هاوڕێی گیانی گیانی خه‌م
هێنده‌م نۆشییوه تاڵی جودایی
بوومه‌ته پاشای دونیای ته‌نهایی
بێ كۆڕ و ده‌سته وماڵ و میوانم
به‌بێ هاوخوان وبێ دیواخانم
مه‌ڵێن هاوارم به‌سه‌ر زارییه
بوونم وابه‌سته‌ی كورده‌واریه
من خۆشی ژیانی نهیخهڵهتانم
ده‌ستی زۆرداری دهڕیپهڕاندم
بێ داڵدا و چاره‌م نیمه ده‌ره‌تان
له‌وێ رۆح كێشان و لێره‌ش رۆح سووتان
جێگه‌ی ئاماژه‌یه ئه‌م شیعره له‌لایه‌ن خالید ره‌شید كراوه‌ته گۆارنی.
ژن
ژن له‌ناو شیعره‌كانی ره‌زا حه‌مه‌دا پانتایی باشی داگیركردووه، له‌هه‌مانكاتیشدا هه‌ستێكی زۆرجوان و پێشكه‌وتنخوازانه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ژنان هه‌یه. پێش چه‌ند ساڵێك له‌كاتی خۆپیشاندانی كۆمه‌ڵێك ژنی كوردستان، بۆ داواكردنی مافه‌كانیان و دژایه‌تی سته‌م و زوڵمی پیاوسالاری، ده‌قێكی شیعری رهزاحهمهیان له‌سه‌ر لافیته نووسیبوو. ئه‌مه‌ش گوزارشت له‌گرنگی ئه‌و ده‌قه شیعرییه ده‌كات، كه رێك له‌گه‌ڵ هه‌ست و نه‌ستی ژنانی كوردستاندا هاتووه. به‌بڕوای من ئه‌م شیعره، یه‌كێكه له‌و شیعره جوانانه‌ی كه بۆ ژن نووسراوه.
ئه‌گه‌ر ئه‌م دونیا گوڵێك بێت،
تۆی ئافره‌ت ره‌نگ و بۆیهتی
هه‌ر كه‌سێكیش تۆی خۆش نه‌وێت
دیاره رقی له‌خۆیه‌تی
ئازار و تراژیدیاكانی گه‌لی كورد
ئه‌و شاعیرانه‌ی كه ههڵقووڵاویی گه‌له‌كه‌یانن و هه‌ست به ئازار و مه‌ینه‌تییه‌كانی ده‌كه‌ن، ده‌توانن داهێنانی جوان و گرنگ له شیعره‌كانیاندا بكه‌ن. دیاره هه‌تاوه‌كو هه‌ستێكی گه‌وره‌شت نه‌بێت، نا‌توانیت ده‌قێكی شیعری جوان بنووسیت. هه‌روه‌ها ده‌شتوانن بهشیعرهكانیان به‌رگریی لهگهلهكهیان بكه‌ن. رهزاحهمه چه‌ند ده‌قێكی جوانی شیعری هه‌یه، كه گوزارشت له‌و كاره‌سات و مه‌ینه‌تییه گه‌ورانه ده‌كات كه به‌سه‌ر گه‌لی كورد له‌باشووردا هاتووه.
ئه‌گه‌ر وتیان هه‌واری كاروانی ئێوه بۆچی دووره
ئه‌گه‌ر وتیان داروبه‌ردی وڵاته‌كه‌ی له‌مه‌ڕ ئێوه بۆچی سووره
هه‌موو هاواركهن به‌جارێك بڵێن، چونكه
له‌ئاسمانی مه‌ڵبه‌نده‌كه‌ی له‌مه‌ڕ ئێمه
له‌جێی باران خوێن ده‌بارێت، خوێن ده‌بارێت
ئای، ئای كوردستانه‌كه‌م.
«خوێن بارین» وه‌سفێكی مه‌جازی جوانه بۆ ئه‌ودۆخه ناخۆشه‌ی كه پێش راپه‌رین له‌لایه‌ن رژێمی به‌عسی فاشیسته‌وه به‌سه‌ر كوردستاندا سه‌پێنرابوو، هه‌زاران گوند سووتابوون، ملیۆنان كه‌س ئاواره‌ی شاره‌كان بوون، پرۆسه‌ی به‌دناوی ئه‌نفال وكیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه، هه‌موو مه‌لێكی هیوای كوردی كوشتبوو.
هه‌ڵه‌بجه
كاره‌ساتی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه، یه‌كێكه له‌و تراژیدیا گه‌ورانه‌ی كه به‌سه‌ر گه‌له‌كه‌مان هاتووه، زۆر شاعیریش بۆ ئه‌و كاره‌ساته شیعریان وتوه. رهزاحهمهش له‌مباره‌یه‌وه ده‌قێكی شیعری هه‌یه، هه‌رچه‌نده من كه‌مێك سه‌رنجم هه‌بوو له‌سه‌ری، به‌ڵام ئه‌م ده‌قه شیعرییه كاتێك هونه‌رمه‌ندی ناسراو زاهیر جه‌لال كردی به‌گۆرانی، ده‌نگدانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی هه‌بوو.
دونیاخهمه، ژیان ژانه، بۆ شاره‌كه‌ی به‌هاری سوور
هێرۆشێمای كوردستانه، هه‌ڵه‌بجه‌ی دایكی شاره‌زوور
كۆرپه بهبێشكه و لانكه‌وه منداڵ به‌سنگی دایكه‌وه
بۆ یادی نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ سووتان بوون به‌كۆی زووخاو
مه‌رجه هه‌موو به‌رد و داری هه‌ڵه‌بجه‌ی تینوی رزگاری
بكه‌ینه خه‌نجه‌ری تۆڵه‌ی به‌ر پشتوێنی كوردهواری.
من كاتی خۆشی به كاك ره‌زام وت، شوبهاندنی هه‌ڵه‌بجه بههیرۆشیمای ژاپۆن، له‌رووی مێژوویی و سیاسیشه‌وه هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه. به‌داخه‌وه كه‌م كه‌س شاره‌زای مێژووی ژاپۆنن به‌تایبه‌تی له‌كاتی جه‌نگی دووه‌می جیهاندا، ژاپۆن تاوانی ئێجگار گه‌وره‌ی به‌رامبه‌ر به‌گه‌لانی ئاسیاویی كردووه به‌تایبه‌تی چینی و كۆری، نزیكه‌ی 30 ملیۆن هاوڵاتی سیڤیلی ئاسیاوییان كوشتووه، جگه لهكۆیلهكردنی ملیۆنان ژنی ئاسیاوی، كه رێك وهكوداعش مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا كردوون. بۆمبارانكردنی هیرۆشیما و ناكازاكییش ده‌رئه‌نجامی تاوانه‌كانی ژاپۆن بووه به‌رامبه‌ر به‌جیهان. به‌ڵام ئێمه له‌ماڵی خۆماندا پهلاماریانداوین چونكه كوردین. جێگه‌ی ئاماژه‌یه كاك ره‌زا خۆی وتی، كاتێك جه‌نابی مام جه‌لالی بینیووه، ئه‌ویش هه‌مان ره‌خنه‌ی لێگرتووه.
شیعری سیاسی
من چاوم به‌كۆمه‌ڵێك شیعری سیاسی كاك ره‌زا كه‌وتووه به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه دژی جه‌نگی براكوژیی و گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تی ده‌سه‌ڵاتی كوردی نووسیویه‌تی، له‌و بڕوایه‌دام زیاتر دروشمی سیاسین تاوه‌كو ده‌قی شیعری. به‌داخه‌وه لای ئێمه خه‌ڵكی وافێربووه ده‌بێت شاعیر یان نووسه‌ر بۆ هه‌موو رووداوێكی سیاسی هه‌ڵوێستی هه‌بێت، كه ئه‌مه به‌بڕوای من كارێكی باش نییه و زۆرجاریش ئه‌م هه‌ڵوێستانه نووسه‌ران ده‌خاته هه‌ڵه‌وه، چونكه ناتوانێت كارێكی جوانی ئه‌ده‌بی پێشكه‌ش بكات.
مه‌رج نییه هه‌موو شاعیرێك له‌شیعری سیاسی‌دا سه‌ركه‌وتووبێت، چونكه دونیای سیاسه‌ت به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌ده‌به‌وه، دونیای جوانی نییه. زۆربه‌ی ئه‌و شاعیرانه‌شی كه شیعری سیاسیان وتوه، دواتر له‌هه‌ندێكیان په‌شیمان بوونه‌ته‌وه. مایكۆفسكی كه یه‌كێكه له‌شاعیره مه‌زن و داهێنه‌ره‌كانی روسیا، كۆمه‌ڵێك شیعری جوانی هه‌یه، به‌ڵام كه‌م كه‌س هه‌یه حه‌زی به‌خوێندنه‌وه‌ی شیعره سیاسییه‌كانی بێت كه بۆ شۆرشی روسیا و بۆلشهفییهكان نووسیویه‌تی.
دوا قسه
جگه له‌م شیعرانه‌ی كه باسمكردن، رهزاحهمه كۆمه‌ڵێكی ده‌قی شیعری ئێجگار جوانی تری هه‌یه، كه هه‌موویان گوزارشت له‌جوانی و داهێنانی گه‌وره ده‌كه‌ن. هیوادارام له‌داهاتوودا هه‌موویان كۆبكاته‌وه‌و لهدیوانێكی شیعری جوان‌دا، پێشكه‌شی خوێنه‌رانی بكات، چونكه دڵنیام خه‌ڵكێكی زۆر، جێژ وخۆشی له‌ده‌قه شیعرییه‌كانی ده‌بینن.