Skip to Content

ژنان نۆتەی مۆسیقان، ناڕێکی قبوڵ ناکەن.. عبدالرحمن محمد (مەلا رەحمان ئاوارەکان)

ژنان نۆتەی مۆسیقان، ناڕێکی قبوڵ ناکەن.. عبدالرحمن محمد (مەلا رەحمان ئاوارەکان)

Closed
by شوبات 2, 2021 General

ژن،ئاوازێکە، بۆ میوزیک ژەنێک،پەڕەیەکە بۆ نووسەرێکی سێکۆلار و خاوەن وویژدان،ڕابەرێکە بۆ مرۆڤێک کە دەتوانیت جوانی و نەرم و نیانی لە سروشتدا بناسێت و جیایی بکاتەووە لە جیهانی ڕق و توووند و تیژی،ئامرازێکە بۆ کەسێک کە خەریکی داهێنانە بەرەو باشتر، خشتێکە بۆ مرۆڤێک، کە دەیەوێت تەنها بنیات بنێت و ئاوەدان بکاتەووە،فڵچەیەکە بۆ تابلۆکێشێک، کە دەزانێت مانایی ڕەنگ و تێهەڵکێشان چیە و چۆنە، ئاسۆیەکە بۆ سیاسەتمەدارێک، کە بە دیار بەرنامەیەکەووە دانیشتووە بۆ بنیادنانی دنیایەکی باشتر، خۆرێکە،بۆ کەسێک کە چاوەڕوانی بەرومەکەیەتی، ڕوبارێکە، لە وەرزی بێ بارانیدا، پێشمەرگەیەکە، لە کاتی هێرش بردندا، ئاشتیخوازیە لە کاتی شەڕ و ناکۆکیدا، دەرمانە، لە کاتی چارەسەریدا، گوڵە لە کاتی دڵتەنگیدا، ڕێبوارێکە، لە کاتی تەنهایدا، سنورێکە لە کاتی ترسدا، هاوڕێیەکە لە کاتی بێ هاوڕێتیدا.

زاناکان، بۆ ماووەی ١٥٠ سەدو پەنجا ساڵ، وایانزانیبوو، کە تەنها باڵدارە نێرەکان گۆرانی بۆ مێیەکان دەڵێن، ئەمەش دەگەڕێتەووە بۆ سەردەمی چارلس داروین، لەنووسینەکانی هەڵبژاردەی سێکسیدا ! تا ئەو دوو دەیەیەی پێش ئێستا، کاتێک ژنان خۆیان زانایان لێ دروست بوو و چونە ئەو بوارەوە و ئەم بیردۆزەیان بە درۆ خستەووە ! زۆر جار مرۆڤە سادەکان، بڕوایەکەی کوێرانە بە زانایان دەکەن و تا ئەوەی ڕەشیان لێ بکەن بە سپی و سپیان لێ ڕەش بکەن، بۆیە ئەم ماووە درێژە، واماندەزانی تەنها نێرینە دەبێت گۆرانی بۆ مێینە بڵێن! نێرینە هۆنراوە و پەخشان و پیاهەڵدان و گۆرانی بۆ مێینە بنووسێتەووە و سەرنجی ڕاکێشێت! کە بۆچوونی باو بوو لە کۆمەڵگایی مرۆڤایەتیدا.
لە کۆمەڵێک لێکۆڵینەوەدا، لە سەر کۆمەڵیک باڵندەی مێینە، لە ناوچە ئیستوایەکان، وەک فینزویلا، دەرکەووتووە، کە باڵندە میینەکانیش لە وەرزی زاوزێدا دەخوێنن، بۆ گرتنی پەیوەندی لە گەڵ نێرینەکاندا، هەروەها لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن، کە زۆر پێشتریش مێینە هەر خوێندوێەتی بۆ ڕاکێشانی سەرنجی نێرەکان.

وا دەردەکەویت، کە ئەگەر ژنان زوووتر و پێشتر لەم بوارەدا کاریان بکردایە، ئەم چەواشەکاریە ڕووی نەدەدا، بۆیە زۆرێک لە خەڵک، ئەم چەواشەکاریە دەگەڕێننەوە بۆ کارێکی هۆشیارانەی پیاوان و بە ئەنقەست دژی ڕەگەزی میینە ئەنجام دراووە، بەڵام هەندێکیان دەڵێن، لە بوارەکانی تریشدا ئەم هەڵە و نادروستیانە هەبووە، مەرج نیە بە هۆشیاری ئەم کارە کرابێت، دەبێت ناهۆشیارانە، زانا پیاوەکان هەستیان بەم ڕۆڵەی باڵدارە مێینەکان نەکردبێت لە خوێندندا لە وەرزی زاوزێدا. بەڵام هەندێک دەڵین، ئەگەر ژنان خۆیان نەچونایە ئەم بوارەووە، ماوەیەکی زۆر درێژتر ئەم چەواشەکاریە بەردەوام دەبوو.

لە کۆمەڵگا مۆدێرن وسێکۆلارەکاندا، ژنان ئەم کارە بە هەڵاواردنی سێکسی دەژمێرن و کەمکردنەووەیە لە پایە و ڕۆڵ و توانایی مێینە لە کۆمەڵگاکاندا، ئەم پیاوسالاریە کە لە زۆربەی کۆمەڵگاکاندا تا دەگاتە کۆمەڵگا پیشەسازی و پێشکەوتووەکان تا ئێستاش درێژەی هەیە، بۆیە ژنان لە مووچە و پلە و پایەی کۆمەڵایەتیدا، کەمتر دەتوانن بە فلتەری نێتینەدا یا پیاواندا تێپەڕن بۆ پلەکانی سەرەووە.ب ۆ ئەمەش چەندین نموونەی بەرجەستەی زیندوومان لە بەردەستدایە، کە ژنان، چۆن توانیوویانە کۆمەڵیک ماف بە سەر ئەم نێرانەدا بسەپێنن.
ڕێنا کانۆگی، لە ساڵی ١٩٥٩ دا، توانی خۆی لە شێوەی پیاودا بگۆڕێت و بەشداری پێشبڕکێیەکی یاری جۆدۆدا بکات لە نیۆرک. ڕێنا توانی یەکەمی پێشبڕکێکە بێت، بەڵام دوایی ئەوەی پێیزانرا کە ژنە، مەدالیەکەی لێ سەندرایەووە! بەڵام هەر کۆڵی نەدا و چووە یابان و لە گەڵ پیاواندا بەشداری ڕاهێنانەکانی کرد و گەڕایەووە و یەکەم تیپی جۆدۆی ژنانی دامەزراند.

نۆرا ڤینسینت، بۆ ماوەی ١٨ هەژدە مانگ خۆی گۆڕی لە شێوەی پیاودا، تا بزانێت، مامەلەی کۆمەڵگا لە گەڵیدا چۆن دەبێت، ئایا جیاوازە!؟ دەڵێت لە گەڵ پیاواندا لە پێشبڕکێیەکی بۆڵیندا بەشدار بووم، کاتێک ژنی لێ نەبوایە، شتی وایان لە سەر ژنان باس دەکرد، هەر ناگوترێت!؟ هەروەها دەڵێت؛ بە منیان دەگووت تۆ زۆر کەسێکی دادپەروەریت.
کاترین سویتزەر، بەشداری کرد لە ماراثۆنی بۆستندا، لە ساڵی ١٩٦٧ دا، کە تەنها بۆ پیاوان بوو، ژنان ڕێگە پێدراو نەبوون، دیارە دوایی ئەوەی ئاشکرا بوو، ڕێگا درا بە ژنان کە بە ئاشکرا و بە فەرمی بەشداری ڕاکردنەکانی ماراثۆن بکەن، بۆیە کاترین لە ساڵی ١٩٧٤ دا توانی ژمارەیەکی بەرچاو بە دەست بهێنێت لە ماراثۆنی نیۆرکدا.
کەواتە، ڕۆڵی مێینە لە خەباتی وەدەستهێنانی یەکسانی و مافەکانیاندا، زۆر گرنگە، کە پێشڕەوی بکەن و بیسەلمێنن، کە لە ئاواز و گۆرانیەکانەووە تا پێشبڕكێ وەرزشیەکان ،ئەمانیش بەشدارن ، مێژووی ئێمەش ژنانی دەست پڕ و کارامە و بنیاتنەری کەم نەبووە، لە ئایشە شانەوە تا زڵێخا و کچە هونەرمەندەکانی ئەمڕۆمان، لە کچە کۆمۆنیستەکانی ؛کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق و کوردستانەووە، کە خاوەنی دەیان داستانی ڕزگاری ژنانی دەستبەسەر و کۆیلە بوون لە ساڵانی نەوەدەکاندا، خاوەنی یەکەم و گەورەترین بنکەی پارێزگاری لە ژنانی چەوساوەی ژێردەستی پیاوان بوون، تا دەگاتە ژنانی گرێلای بەزێنەری داعش. بۆیە ژنان ئاوازیکن، ناڕێکی قبوڵ ناکەن.


azzady22@gmail.com 02/02/2021

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish