Skip to Content

ئەفریقا و داگیرکاریی ئەوروپایی.. ڤێرنەر روف.. وەرگێرانی لەئەڵمانییەوە: ئەردەڵان عەبدوڵڵا

ئەفریقا و داگیرکاریی ئەوروپایی.. ڤێرنەر روف.. وەرگێرانی لەئەڵمانییەوە: ئەردەڵان عەبدوڵڵا

Closed
by ته‌مموز 6, 2021 General, Opinion, Slider

بەگشتی ئێمەی کورد زانیاریی کەممان لە بارەی کیشوەری ئەفریقاوە هەیە، ئەمە لەکاتێکدا لە زۆر رووەوە لەیەکتری دەچین بەتایبەتی لە رووی مێژووی داگیرکاریی و قۆناغی سەربەخۆیی و ئیدارەی دەوڵەتەوە. هەربۆیە پێمباشبوو بەشێک لەم لێکۆڵینەوەیەی توێژەر و مامۆستای زانکۆی ئەڵمانی ڤێرنەر روف بکەم بە کوردی، تێیدا بەکورتی باس لە مێژووی وڵاتانی ئەفریقا دەکات بەتایبەتی قۆناغی داگیرکاریی ئەوروپیی و قۆناغی سەربەخۆیی بوون. هەروەها تیشکیش دەخاتە سەر رەوشی سیاسیی و ئابووریی و ئیداریی بەشێکی زۆری دەوڵەتانی ئەفریقا، بەو هیوایەی خوێنەری کورد کەمێک زانیاری لەبارەی ئەم کیشوەرە مەزنەی جیهانەوە هەبێت.

1960 ساڵی ئەفریقا

لە ساڵی 1960 تەنها کۆڵۆنیاکانی فەرەنسا رزگاریان نەبوو، کە بریتی بوون لەم وڵاتانە: چاد، تۆگۆ، کامیرۆن، مالی، کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست، بۆرکینا فاسۆ، مەدەغەشقەر، گابۆن، ساحیل ئەلعاج، کۆنگۆ، مۆریتانیا، بەڵکو کۆڵۆنیاکانی بەریتانیاش لەپێش هەموویانە نێجیریا و ئۆگەنداش، هەر لە هەمان ساڵدا سەربەخۆیی خۆیان وەرگرت.

دیارە وڵاتی گاناGhana یەکەمین وڵاتی ئەفریقی بوو، کە ساڵی 1957 لە دەستی داگیرکەرانی بیانی رزگاری بوو. هەروەها لە ساڵی 1960 دا کۆڵۆنیای پێشووی بەلجیکا کۆنگۆ (ئەمڕۆ بە کۆنگۆی دیموکرات دەناسرێت). سەربەخۆیی خۆی وەرگرت. هەر لەهەمان ساڵیشدا وڵاتی سۆمالیا رزگاریبوو. کۆی گشتی 18 دەوڵەتی ئەفریقی سەربەخۆییان بەدەستهێنا، هەر لەهەمان ساڵیشدا بە ئەندامی رێكخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان UN وەرگیران.

بەگشتی کۆڵۆنیالیزم رووی لە نەمان و فەتاون دەکرد، دیارە مەسەلەی سەربەخۆیی جەزائیر، لەهەموو شەڕێکی سەربەخۆیی لە ئەفریقادا خوێناویترین بوو. بەڵام پاش دوو ساڵی تر، ئەم وڵاتەش سەربەخۆیی خۆی بەدەستهێنا. وەرگرتنی ئەو 18 وڵاتە تازە سەربەخۆییە لە رێکخراوی UN پاش ئەوە دێت، کە لە کۆبوونەوەی گشتیدا دەنگدانی لەسەرکرا. هەموویان بەشێوەیەکی تەواو بوون بە ئەندام و مافی دەنگدانیان پێدرا. لە راستیدا سەربەخۆبوونی ئەم وڵاتانە دەگەڕێتەوە بۆ بڕیاری 1514 ی کۆبوونەوەی گشتی UN، کە پێشتر دەرکرابوو. جێگەی ئاماژەیە بڕیاری 1515 لە (14.12.1960)دەرکرا و ئەم بڕیارە یەکێکە لە بڕیارە گرنگەکانی UN، هەربۆیە بەشێوەیەکی ئاهەنگ ئامێز و خۆشی و شادیی ئەم بڕیارە پەسەندکرا.

لەم بڕیارەدا دوو بڕگەی ئێجگار گرنگی تێدایە.

یەکەمیان:دەربارەی مافی چارەی خۆنووسین

لە بڕیارەکەدا هاتووە : «هەموو گەلێک ئازادە لە بڕیاری مافی چارەی خۆنووسین، گەلان ئازادن لە بڕیاردانی شێوەی حوکمرانی سیاسی، شێوەی ئابووریی، کۆمەڵایەتی، کەلتوری خۆیان دابنێنن.

دووەمین بڕگەی گرنگ :دەربارەی بەستنەوە و تێکەڵکردنی سنووری کۆلۆنیاکانی پێشوو بوو.

بۆ هەموو ئەو گەلانەی کە هێشتا لە ژێر حوکمی ( وصایه‌) دان، کە هێشتا سنوورێکی سەربەخۆیان نییه، هێشتا سەربەخۆ نەبوون، پێویستە یەکسەر رێوشوێنی گونجا بدۆزرێتەوە بۆیان، بەهیچ شێوەیەک نابێت توندوتیژی (هێز) لە دژی ئەم گەلانە یان خاکەکەیان بەکاربهێنرێت. نابێت بەهیچ شێوەیەک پەلاماری ئیرادەی ئازادیان بدرێت، نابێت بەهیچ شێوەیەک پەلاماری سنوور و یەکێتی نیشتمانیان بدرێت، هەردەوڵەتێکیش ئەم کارە بکات، دژی پڕەنسیب و بەیاننامەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان دەوەستێتەوە.
بەم شێوەیەش نەک تەنها مافی سەربەخۆبوونی کۆلۆنیاکانی پێشوو مسۆگەرکرا، بەڵکو سنووری دەوڵەتیشیان بەشێوەیەکی بنەڕەتی دیاریکرا و پارێزرا. بەڵام ئەمەش هەمان سیناریۆی کۆنفرانسی بەرلین، کۆنگۆ-ی ساڵی 1884/1885 دووبارە دەکردەوە، ئەو کات هێزە کۆڵۆنیاکان، بەقەڵەم و راستەی خۆیان سنووری ئەفریقایان دیاریکرد. بەبێ ئەوەی هیچ گوێ بە ویست وخواستی گەلانی ئەو ناوچانە بددەن.
لە 25 ئایاری 1963 کاتێک رێکخراوی یەکێتی ئەفریقا ( OAU) دامەزرا، ئەو سنوورەی کە دەوڵەتانی کۆڵۆنیالیزمی ئەوروپی داینابوو، کرا بە سنووری فەرمی وڵاتانی ئەفریقا و کرا بە بەردی بناغەی بەرنامەی ئەو رێکخراوە. بە پێی بەرنامەی ئەم رێکخراوە: دەستێوەردان و گۆڕینی ئەم سنوورانە، دەبێتە پێشینەیەکی خراپ، کە دەبێتە هۆی ئاژاوە و سووتاندنی هەموو کیشوەری ئەفریقا.(.OAU رێكخراوی یەکبوونی ئەفریقا. لە 25 ئایاری 1963 دامەزرا. لە 53 ئەندام (دەوڵەت) پێکهاتبوو. بەڵام ساڵی 2002 ناوی ئەم رێکخراوە گۆڕا بۆ یەکێتی ئەفریقا» AU» و.ک)
بڕیاڕی ژمارە 1514 ی ساڵی 1960، گرنگترین سیگناڵ و باشترین خاڵی بنەڕەتی بوو، بۆ ئەو ناوچانەی کە هێشتا لە ژێر دەستی کۆڵۆنیاکاندا بوون، وەکو ( ئەنگۆلا، مۆزەمبیق، زامبیا، زیمبابۆی، ناوچەکانی سەحرای خۆرئاوا بەتایبەت، نامیبیا، باشووری ئەفریقا). هەرچەندە بەگشتی ئەم وڵاتانە لەلایەن کۆڵۆنیاوە بەڕێوە نەدەبران، بەڵکو لەلایەن کەمینەیەکی ئەوروپایی، حوکمێکی راسیزمانەی دژی زۆرینەی گەلانی ئەفریقی لەو دەوڵەتانەدا دەچەسپاند. لەکاتی دەنگدان بۆ ئەم بڕیارە، ئەمریکا گەورەترین پشتگیریی ئەم بڕیارەی کرد.
دیارە ئەمەش زیاتر لەگەڵ خەونی ئەمریکییەکان بۆ ئازادی یەکیدەگرتەوە، بەڵام لە هەمانکاتیشدا ئەمریکییەکان ئامانجێکی تریان هەبوو، ئەویش ئەوەبوو، ئەو دەوڵەتانەی کە ژێردەستەبوون، بەشێوەیەکی سەرەکی بە دەوڵەتانی کۆلۆنیالیاکە(داگیرکەرە) وە بەسترا بوون. هەموو ئابوورییان بە دەوڵەتە داگیرکەرەکانەوە بەسترابۆوە، بەڵام کاتێک سەربەخۆبوون، بازاڕەکانیان ئازادکراو، ئەمریکاش توانی شمەکەکانی بگەینێتە ئەم بازاڕە تازانەی جیهانەوە.

کۆڵۆنیاکانی پێشووی فەرەنسا

بۆ فەرەنسای کۆڵۆنیالیزمی پێشوو، ناوچەکانی «پشتێنی ساحل» گرنگی و بایەخێکی ئێجگار گرنگی هەبوو.(پشتێنەی ساحل دەکەوێتە ناوەڕاستی کیشوەری ئەفریقاوە. لە خۆرهەڵاتی کیشوەری ئەفریقاوە لە سنووری وڵاتی سۆمالەوە دەستپێدەکات هەتا دەگاتە خۆرئاوای کیشوەری ئەفریقا لە سنووری وڵاتی سینیگال کۆتایی دێت. بە درێژایی 7500 کم بە پانی 150 کیلۆمەتر دەگرێتەوە. لەم سنوورەدا کۆمەڵێک وڵاتی ئەفریقایی تێدایە «سینیگاڵ، مۆریتانیا، چاد، مالی، کامیرۆن، سەنتراڵی ئەفریقا، ئەسیوپیا، سۆمال، بۆرکینافاسۆ، نەیجەر، سودان، ئەریتیریا.» و.)
فەرەنسا پێی وابوو کە هەموو ناوچەکانی سەحرا، هەتا دەگاتە سنووری (Afrique Occidentale Française (AOF، خۆرئاوای ئەفریقای فەرەنسی، (زیاتر مەبەستیان وڵاتی جەزائیری ئێستا بوو، ،و.ک) هەرێمێکی ستراتیژی و گرنگن و خاوەنی یەدەگێکی زۆری وزەن. فەرەنسا لە رێگەی ئەو پەیوەندییە دۆستانەیەی کە لەگەڵ سەرکردە نوێکانی ئەم دەوڵەتانە هەیبوو، پێشنیازی ئەوەیکرد، کە رێکخراوێکی ناوچەیی بۆ سوود وەرگرتن لە سامانە سروشتییەکان بەناوی ((Organisation Commune des Ressources Sahariennes, OCRS) دروستبکەن. ئەو دەوڵەتانەی کە سنووریان بەم ناوچەیەوە هەیە، دەتوانن ببن بە ئەندامی ئەم رێکخراوە. دیارە مەبەستی سەرەکی فەرەنسا لەم رێکخراوە ئەوە بوو، کە تەنها فەرەنسا خۆی دەست بەسەر سامانە سروشتییەکانی ئەم وڵاتانەدا بگرێت لەپێش هەمووشیانەوە (گاز و نەوت). خاڵێکی گرنگی تریش، بۆئەوەی شوێن بۆ تاقیکردنەوەی بۆمبی ئەتۆمی لەم هەرێمەدا بکات، چونکە ئەو کاتە فەرەنسا لە هەرێمی Reggane کە دەکاتە باشووری جەزائیر، تاقیکردنەوەی ئەتۆمی دەکرد.
یەکێک لە رووداوە سەیرەکانی مێژووی جیهانی ئەوەیە، کە بەرەی رزگاریخوازی جەزائیری FLN بە نهێنی لەگەڵ حکومەتی فەرەنسا رێککەوتبوون، کە ئەگەر فەرەنسا لە جەزائیر بکشێتەوە، ئەوا بۆ ماوەی پێنچ ساڵی تریش مافی ئەوەی هەیە، کە ناوچەکانی باشووری جەزائیر، بۆ تاقیکردنەوەی ئەتۆمی بەکاربهێنێت. بەبێ گوێدانە زەرەری ژینگەیی و تەندروستی هاوڵاتیانی جەزائیری،چونکە ئەم جۆرە تاقیکردنەوانە، کاریگەری کوشندەیان بۆ سەر جەستەی مرۆڤ هەیە. هەربۆیە فەرەنسا هەتا ساڵی 1967 لەجەزائیر تاقیکردنەوەی ئەتۆمی خۆیدەکرد، بەڵام پاشان تاقیگەکانی گواستەوە بۆناوچەی Polynesien هەرێمێکە دەکەوێتە باشووری خۆرهەڵاتی زەریای هێمنەوە. لەم ناوچەیەدا فەرەنسا کۆمەڵێک دوورگەی داگیرکردووە. زیاتر بۆ تاقیکردنەوەی ئەتۆمی ئەم ناوچانە بەکاردەهێنێت … و.ک)، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە بەرەی رزگاریخوازی جەزائیری FLN، ئامادە نەبوو کە بەشداری رێکخراوی ((Organisation Commune des Ressources Sahariennes, OCRS) بکات.

چیرۆکی کۆماری ناوەڕاستی ئەفریقا و بۆکاسا

وڵاتی Zentralafrikanische Republik ( کۆماری ناوەڕاستی ئەفریقا) بۆ ماوەیەکی زۆر جێگەی قسەوباسی میدیاکان بوو. لەپاش رزگاربوونی لە ساڵی 1960، فەرەنسا دەیڤید داکۆ David Dacko ی کرد بە سەرۆکی ئەم وڵاتە. بەڵام پاش ماوەیەکی تر پورزاکەی جان بێدل بۆکاسا Jean-Bedel Bokassa هەر بە یارمەتی فەرەنسا ساڵی 1966 کودەتای سەربازیی بەسەردا کرد و خۆی بوو بە سەرۆک. بۆکاسا پێشتر لە سوپای فەرەنسی خزمەتیکردووە و پلەی سەرتیپی هەبوو، هەروەها نیشانەی ئازایەتی کۆماری فەرەنسای لە جەنگدا پێدەبەخشرێت، پاشانیش دەکرێتە ئەندامی فەخری جەنگاوەرە دێرینەکانی فەرەنسا. ساڵی 1976 بۆکاسا بەشێوەیەکی فەرمی ناوی خۆی بۆ (ئیمپراتۆر بۆکاسا) دەگۆڕێت و ناوی وڵاتەکەش دەکاتە (ئیمپراتۆریەتی ناوەڕاستی ئەفریقا).
بۆکاسا پەیوەندییەکی ئێجگار تایبەتی لەگەڵ سەرۆکی پێشووی فەرەنسی ڤێلەری جیسکار دیستان هەبوو، بڕێکی زۆر گەوهەری پێشکەش کردبوو. لەلایەکی ترەوە ئەم وڵاتە زۆر گرنگ بوو، چونکە مادەی یۆرانیۆمی بۆ بەرنامەی ئەتۆمی فەرەنسی دەنارد. بوونی مادەی یۆرانیۆم لەم وڵاتەدا، گرنگییەکی زۆری بەم پیاوە دا، تەنانەت ئەمریکاش پشتگیریی لێدەکرد.

رژێمی بۆکاسای دیکتاتۆر

رژێمی بۆکاسا، سیمایەکی دڕندانە و دیکتاتۆریی و نامرۆڤانەی هەبوو. ئەشکەنجەدانی خەڵکی کە زۆرجار بۆکاسا خۆشی ئامادە دەبوو، کوشتن و لەسێدارەدان، کاری رۆژانەی ئەم رژێمە بوو. بۆکاسا یەکێک بوو لە دڕندەترین دیکتاتۆری ئەفریقا. هەتا خۆشبەختانە لەلایەن یەکێک لە خزمەکانی دەیڤید داکۆوە، توانی ساڵی 1980 (دیارە بە یارمەتی فەرەنسا) کودەتایەکی سەربازیی بەسەریدا بکات و کۆتایی بە رژێمە دڕندانەکەی بهێنێت.

لە بانگی پایتەختدا، لە دادگایەکی جەماوەریدا حوکمی لەسێدارەدانی بۆکاسا راگەیەندرا. بەڵام بۆکاسا هەڵات بۆ فەرەنسا، لە یەکێک لە کۆشکە مەزنەکانی فەرەنسا لە ناوچەی Loire کۆتایی ژیانی بەسەربرد.

بۆرکینا فاسۆ و سەرۆک تۆماس سانکارا

تاکە دەوڵەت کە توانی لەژێر رۆڵی فەرەنسی دەربچێت و سیستمێکی ئۆتۆکراتی تایبەت بەخۆی دروست بکات، وڵاتی بۆرکینا فاسۆ بوو. بەرێبەرایەتی تۆماس سانکارا Thomas Sankara، کە پێشتر پلەی (عەقید)ی لە سوپادا هەبوو، ساڵی 1983 توانیی کودەتایەکی سەربازی بکات و خۆی ببێتە سەرۆکی ئەو وڵاتە.
لە سەردەمی ئەم رابەرە ئەفریقییەدا، کۆمەڵێک پڕۆژەی گەورە کرا. ئەویش زیاتر بە یارمەتی سەرۆکی گانا جێری راولینگ Jerry Rawlings، کە هەردووکیان دوو سەرکردەی شۆڕشگێڕی ئەفریقی بوون، باوەڕیان بە سۆشیالیزم و بیری چەپ هەبوو. لە رێگەی پلانێکی حکومییەوە، کە زیاتر لەژێر کاریگەریی مۆدێلی کوباییدا بوو، دەیانوویست هەمان ئەزموون دووبارە بکەنەوە. سانکارا توانی پلانێکی بەهێزی پێشکەوتن و گەشەپێدان، لە رووی ئابووری، پیشەشازی، تەندروستی، خوێندن و پەروەردەوە دابڕێژێت.
لەهەمووشی گرنگتر خەباتێکی مەزنی کرد بۆ ئەوەی ژیانی لادێکان باش بکات، ئەوەش بە داڕشتنی سیاسەتی (چاکسازیی زەوی) کە جووتیاران بوون بە خاوەنی زەوی خۆیان. هەروەها لە رووی پشتگیریکردن و پارێزگارییکردنی مافەکانی ژن، هەنگاوێکی ئێجگار گەورەی نا. بۆرکینا فاسۆ، یەکەمین دەوڵەتی ئەفریقا بوو کە خەتەنەکردنی کچانی قەدەغە کرد. هەروەها لە رووی خوێندن و هەلی کار و تەندروستیشەوە، کۆمەڵێک پڕۆژەی باشی بۆ خزمەتی ژنان داڕشت.
جگە لەمەش سیاسەتێکی ئێجگار شۆڕشگێڕانەی دژی گەندەڵی داڕشت (بۆ نموونە ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکەی سەرۆکی پێشووی فرۆشت، هێندە کۆشك و تەلارەکانی سەرۆکایەتی نەڕازاندەوە، جگە لەوەش داوای لە وەزیرەکان کرد، بە هەرزانترین ئۆتۆمبیل هاتووچۆ بکەن. خۆشی ژیانێکی ئێجگار خاکیانە دەژیا، و.) جگە لەمەش سیاسەتێکی باشی بۆ دژایەتییکردنی برسێتی دارشت، ئەویش لە رێگەی باشكردنی سیستمی کشتوکاڵیی و ئاودێریی لەو وڵاتەدا، هەربۆیە توانی بەسەر گرفتی برسێتیدا زاڵ ببێت. هەروەها ناوی وڵاتەکەی بۆ بۆرکینا فاسۆ گۆڕی( کە مانای وڵاتی خۆڕاگران) دەگەیەنێت.(پێشتر ناوی وڵاتەکە ڤۆلاتای بەرز Upper Volta )بوو. سانکارا یەکەمین سەرۆک بوو لە وڵاتانی AOF ( ئەو وڵاتانەی کە پێشتر داگیرکراوی فەرەنسا بوون .و)، کە دژی کۆڵۆنیالیزم سیاسەتێکی رادیکاڵانەی گرتەبەر.
بەڵام لە 15 ئۆکۆتۆبەری 1987 دا، لەلایەن Blaise Campaore کودەتایەکی سەربازیی لە دژی کرا و پاشان لە سێدارە درا. دیارە ئەم کودەتایەش لە رێگەی یارمەتیی دەزگای هەواڵگریی فەرەنساوە بوو، بەڵام تا ئەمڕۆش سانکارا، بە سیمبوڵی شۆڕشگێڕیی و خەباتی ئەفریقایی دەژمێرێت و لەناو دڵ و دەروونی خەڵکیدا هێشتا ماوە.
(جێگەی ئاماژەیە هەتا ئەمڕۆش سانکارا نازناوی چێ گیڤارای ئەفریقای لێنراوە.هەروەک چۆن گیڤاراییزم هەیە، لە ئەفریقا سانکارییزم هەیە. ئەو بە سیمبوڵێکی مەزنی خەباتی دژی کەپیتاڵیزم و کۆڵۆنیالیزمی جیهانی دەژمێرێت ..و)

غینیا
وڵاتێکی تر کە جێگەی سەرنج و تێڕامانە، کە پێشتر کۆڵۆنیای فەرەنسی بووە، ئەویش وڵاتی Guinea (غینیا)یە، کە ساڵی 1958 سەربەخۆیی وەرگرت. بە سەرۆکایەتی ئەحمەد سیکۆ تورێ Ahmed Sekou Toure، کە خاوەنی ئەزموونێکی سۆشیالیستی و سەندیکالیستی باش بوو.
پێشتر ئەندام بوو لە سەندیکای کرێکارانی غینیا، کە بەشێک بوو لە سەندیکای گەورەی فەرەنسی CGT. یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی (یەکێتی دیموکراتی ئەفریقی Rassemblement Democratique Africains) ساڵی 1956 بوو بە نوێنەری گەلی غینی لە پەرلەمانی فەرەنسادا. سەرۆک شارڵ دیگۆل پاش ئەوەی گەڕایەوە بۆ سەرۆکایەتی (لە 13 مای 1958 سوپای فەرەنسا لە جەزائیر، کودەتایەکیان کرد، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون) ساڵی 1958 نەخشەو پلانێکی سیاسی بۆ کۆڵۆنیاکانی فەرەنسا بەناوی (پێکەوەژیانی فەرەنسی) داڕشت. گەلی غینیا تاکە گەل بوون، کە دەنگیان بەم پلانەی دیگۆل نەدا. هەربۆیە پاش ئەم پلانە ساڵی 1958 سەربەخۆیی خۆیان بەدەستهێنا.
Ahmed Sekou Toure ئەحمەد سیکۆ تۆری بوو بە یەکەمین سەرۆکی ئەو وڵاتە. فەرەنسا بەهەموو شێوەیەک بوونی لە غینیادا نەما. سیکۆ زیاتر خۆی لە یەکێتی سۆڤێت نزیک دەکردەوە، دەستیکرد بە دانانی مۆدێلی سۆڤێتی بۆ وڵاتەکەی. بەڵام بەداخەوە سیاسەتەکانی زیاتر وڵاتی بەرەو دیکتاتۆریی و خراپی باری ئابووریی و کشتوکاڵی برد. تا ساڵی 1984 کودەتایەکی سەربازیی لە دژی کرا و پاشانیش کۆمەڵێک کێشەی سیاسی و نائارامی بەدوایدا هات. بەداخەوە ئەمە حاڵی هەموو ئەفریقایە.
بۆ قسەکردن لەسەر ئەم باسە، رووداوی زۆرتر هەیە، بەڵام من لێرەدا پێم باشە وازی لێبهێنم، بەڵام ئەوەی گرنگە و بۆتە راستییەکی حاشاهەڵنەگر، فەرەنسا لەگەڵ ئەو هەموو دەوڵەتانەی کە ساڵی 1960 سەربەخۆییان وەرگرتووە، کۆمەڵێک بڕیارنامەی سەربازیی بەسەردا سەپاندوون، کە تائێستاش کۆمەڵێک سەربازگەی خۆی لەو وڵاتانەدا هێشتۆتە، کە رۆڵی سەرەکی لە سەقامگیربوون و ناسەقامگیربوونی ئەم وڵاتانەدا دەگێڕن.
تا ئەمڕۆش ئەفسەرە ئەفریقییەکان، لە ئەکادیمیاکانی فەرەنسا فێری مەشق و زانستی سەربازیی دەکرێن. کە ئەمەش وەکو گەرەنتیەکی باشە بۆئەوەی پارێزگاریی لە بەرژەوەندیی و دەسەڵاتی فەرەنسی لەم ناوچانەدا بکەن. بەم شێوەیەش مەسەلەی(سەربەخۆیی) بوونی ئەم وڵاتانە، بۆ سیستمی نیوکۆڵۆنیالیزم دەگوڕێت. ئەم سیستمەش بۆ وڵاتانی کۆڵۆنیاڵیی باشترە تا خۆیان بەشێوەیەکی راستەوخۆ حوکمی ئەم ناوچانە بکەن. لە هەمان کاتیشدا لەلایەن بودجەی ئەو دەوڵەتانەش خۆیانەوە مەسرەف دەکرێن، جگەلەوەش خزمەتێکی باشی پیشەشازیی سەربازیی فەرەنسا دەکەن.

La Françafrique ئەفریقای فەرەنسی

ئەم دەستەواژەیە لە دوو وشەی جیاواز پێکهاتووە»France« »Afrique..ئەم وشەیە زیاتر ئاماژەیە بۆ وشەی ( ئەفریقای فرانکۆفۆنی). لەهەمان کاتیشدا ئاماژەیە بۆ سیاسەتی تایبەتی پۆستکۆڵۆنیالیزمی فەرەنسا، هەروەها ئاماژەیە بۆ تۆڕێکی( گروپێک) لە کۆمپانیای گەورە و نوخبەیەکی سیاسی، لەپێش هەمووشیانەوە کۆمپانیای نەوتی Elf ی فەرەنسی، کە سکانداڵێکی زۆری هەیە لەم کیشوەرەدا. پاش سەربەخۆبوونی گەلانی ئەفریقی بەتایبەت پاش رزگاربوونی جەزائیر لە دەستی فەرەنسا، سیاسەتی سەربەخۆبوون لە بواری وزەوە( گاز و نەوت) بوو بە یەکێک لە سیاسەتە گرنگەکانی حکومەتی فەرەنسا.
بەتایبەت پاش ئەوەی کە سیاسەتی هێزی سەربازی بۆ کۆنترۆڵکردنی سامانە سروشتییەکان، لە جەزائیر و ناوچەی سەحرا و ساحیل رۆڵی نەما.
لەپاش کشانەوەی فەرەنسا لەم وڵاتانە و سەربەخۆبوونیان، سەرۆکی فەرەنسا شارڵ دیگۆل پێشنیازی دروستکردنی گرووپی Elf-Erap ی کرد. ئامانجی سەرەکیش لەم پلانە ئەوەبوو، کە هەموو کۆمپانیاکانی وزە لە فەرەنسادا، لەژێر کۆمپانیایەکی وزەی حکومیدا کۆبکاتەوە، کاری سەرکیشیان پاراستن و کۆنترۆڵکردنی سامانە سروشتیەکانی ( گاز و نەوت)، لە هەرێمەکانی کەنداوی غینیا و کۆڵۆنیاکانی پێشووی فەرەنسا. ئەم سیاسەتە تا ئەمڕۆش بەردەوامە، کە چەند هاوپەیمانێکی دەسەڵاتداری ئەفریقی یارمەتیدەری ئەم سیاسەتەن. فەرەنسا دەیویست لە رووی وزەوە، سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت و نەچێتە ژێرباڵی بێگانەوە، بەتایبەت خۆی لەژێر کۆنترۆڵی ئەمریکایی رزگار بکات. ئامانجێکی تری ئەم سیاسەتەش ئەوەیە، کە فەرەنسا نەوتی خۆی دەستدەکەوێت و ئەم نەوتەش بە دۆلاری ئەمریکی ناکڕێت. ئەمڕۆ نەوتێکی زۆر لە ناوچەکانی چاد و کەنارەکانی گابۆن و ساحیل ئەلعاج و کامیرۆن و کۆنگۆ، دۆزراوەتەوە.

سیستمی Françafrique زۆر باش دەڕوات. حاکمە ستەمکارەکانی ئەفریقا و دارودەستەکانیان، بەهیچ شێوەیەک گوێ نادەنە ئەوەی، کە چەندە نەوت لە وڵاتەکەیان دەردەهێنرێت یان چی لێ بەسەردێت. کۆمپانیایElf هیچ پارەیەک وەکو گەرەنتی یان بەشێک لە قازانج بەم وڵاتانە نادات، بگرە پارەیەکی کەم وەکو بەرتیل رەوانەی کۆنتۆی شەخسیی بانکی ئەم حاکمە ستەمکارانە و دارودەستەکەیان لە سویسرا دەکات. بەهەمان شێوەش کۆمپانیای وزەی ئەتۆمی فەرەنسی Areva لەبەرامبەر ئەو یۆرانیۆمەی کە لە وڵاتی نەیجەر و کۆماری ناوەڕاستی ئەفریقا دەستیدەکەوێت، پارەیەکی کەم دەداتە حاکمانی ئەو وڵاتە.

Elf و هاوپەیمانە بازرگانەکانی
Elf و هاوپەیمانە بازرگانەکانی، پەیوەندیەکی توندوتۆڵیان لەگەڵ( Pierre Guillaumat پیێخ گیولمات. (1901–1991 هەبوو. ئەمیش کوڕی یەکێک لە جەنەڕاڵەکانە، دیگۆل ساڵی 1944 کردی بە بەڕێوبەری وزەو سامانی سروشتی. پاشان ساڵانی ( 1954/1959) کرا بە بەڕێوبەری Electricite de France «کۆمپانیای کارەبای فەرەنسا»ی حکومی. ئەم پیاوە رۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە بەرنامەی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی فەرەنسی. لەپاش دروستکردنی کۆماری 5 ی فەرەنسی، ساڵی 1958 دیگۆل کردی بە وەزیری وزەی ئەتۆمی. لەهەمانکاتیشدا بوو بە بەرێوبەری گشتی گروپی Elf-Erap، کە پاشان لەگەڵ تێکەڵبوونی کۆمەڵێک کۆمپانیای تر ساڵی 1976 Elf Aquitaine دروستکرد، پاشتر تەنها بە گرووپی Elf ناسران. گیولمات پێشتر لە بازنەی دەزگای هەواڵگریدا کاریدەکرد، کە دیگۆل لە پاش جەنگی دووەمی جیهانی دروستیکرد. بەشی زۆری کارمەند و بەرپرسە گەورەکانی ئەم کۆمپانیایە، هەموویان دۆستی ئەوکاتی خۆی بوون.
یەکێک لە دۆستە نزیکەکانی گیولمات، پیاوێک بوو بەناوی جاک فۆکارت Jacques Foccart.بەهەمانشێوە، ئەمیش یەکێک بوو لە بازنەی دەزگای هەواڵگری فەرەنسی، کە دیگۆل پاش جەنگی دووەمی جیهانی دروستیکرد. لە ساڵانی شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی رابردوودا نازناوی Monsieur l’Afrique (پیاوەکەی ئەفریقا) پێدرا. هەروەکو ناونرا بوو، هەموو سیاسەتی فەرەنسا لە ئەفریقادا، لەژێر دەستی ئەم پیاوەدا بوو. ئەو بە یەکێک لە دۆستە نزیکەکانی دیکتاتۆری کۆنگۆلی Mobutu Sese Seko، مۆبۆتۆ سی سی سیکۆ. کە یەکێک بوو لە رژێمە دیکتاتۆر و نائینسانیەکانی ئەفریقا. فۆکارت دەستی هەبوو لە جەنگی ساڵی 1967 Biafra لە نەیجیریا، کە فەرەنسا پشتگیری ئەم هەرێمەی دەکرد لە دژی حکومەتی ناوەندی نەیجیریا، چونکە سامانێکی زۆری سروشتی ( نەوت و گاز) تێدایە. هەروەها دەستی هەبوو، لە فرۆشتنی چەک بە گروپە چەکدارەکانی کۆنگۆ کە Bob Denard بۆب دێنارد، سەرکردایەتی دەکردن.هەندێک پێیان وایە، کە فۆکارت ساڵی 1965 دەستی هەبووە لە رفاندنی پاشان کوشتنی، کەسایەتی چەپی مەغریبی ( مەهدی بن بەکر).
هەتا دێت رۆڵی ئەم کۆمپانیایە زیاتر دەبێت، تا وایلێهاتووە ببێتە مەلیکی AOF ( ئەو وڵاتانەی کە پێشتر داگیرکراوی فەرەنسا بوون ). بە یارمەتی فەرەنسا، ساڵی 1967 Omar Bongo عومەر بۆنگۆ بوو بەسەرۆکی وڵاتی گابۆن.Elf پشتگیری Denis Sassou Nguesso دانیس ساسۆ نگوسۆی کرد ،بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی وڵاتی Kongo-Brazzaville کۆنگۆ براساڤیلا، هەروەها پشتگیریشی لە سەرۆکی کامێرۆن Paul Biya» پاول بیا» کرد کە زۆرجار ئەم پیاوە وەکو سێبەری Elf سەیردەکرێت.Elf زیاتر وەکو ئەفسەرێکی سیاسی فەرەنسا وایە لەم کیشوەرەدا. جگەلەوەش Elf رۆڵی سەرەکی گێڕا، لە ئاژاوەنانەوەو پاشان جەنگی نێوان وڵاتی چاد و لیبیا کە لە سالانی 80 دا روویدا. بەشێکی زۆری نەوتی چاد لە رێگەی بۆریەوە بەناو سنووری کامێرۆندا تێدەپەڕێت بۆ کەنداوی غینیا. لەسەر نەوتی چاد، هەر سێ وڵاتی ئەمریکا، چین، فەرەنسا جەنگێکی گەورەیان لەنێواندا هەیە. لەحاڵەتێکدا چاد ئەندامی ئەو رێکخراوە سەربازییەیە، کە ئەمەریکا بەناویAFRICOM, دروستیکردووە. فەرەنساش پشتگیری سەربازی دیکتاتۆری چادی Duby، دەکات. لە ساڵی 2007 تا 2009 یەکێتی ئەوروپا هێزێکی سەربازی بۆ وڵاتی چاد بەناوی EUFOR نارد، ئەم هێزە بەپێی بڕیاری UN و بەشداربوونی 18 دەوڵەتی ئەوروپی پێکهێنرا.
سیستمی Françafrique کە تەژییه لە سکانداڵێکی زۆر، تاوان و کوشتن و کودەتای سەربازی، بازرگانی قاچاخی چەک وتەقەمەنی، هتد. تا ئەمڕۆش یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی سیاسەتی فەرەنسا لە ئەفریقادا، بگرە یەکێکە لە بەردە بنەڕەتییەکانی ستراتیژی سەربازی فەرەنسا لەم کیشوەردا.
کەسێکی تر کە رۆڵێکی سەرەکی لەم سیستمەدا دەگێڕێت، Jean-Christophe Mitterrand جان کریستۆف میتران، کوڕی سەرۆکی پێشووی فەرەنسا فرانسوا میتران، کە لە بەشێکی زۆری بازرگانی چەکوتەقەمەنی بەشدارە. لەم بازرگانییەشدا وەزیری ناوخۆی پێشوو، Charles Pasqua چارلس پاسکوا شەریکی سەرەکیەتی، هەرچەندە پاسکوا، کەسێکی دیگۆلی و راسترەویشە. هەردووکیان لە تاوانەکانی وەکو ( کووشتن، بازرگانی قاچاخی چەک ) لە وڵاتی ئەنگۆلادا تۆمەتبار کراون.

کۆڵۆنیالیزمی بەریتانی
چۆن کیشوەرێک بە دواکەوتوویی دەهێڵرێتەوە؟

سیاسەتی کۆڵۆنیالیزمی بەریتانی، لەگەڵ سیاسەتی فەرەنسی تەواو جیاواز بوو. لەکاتێکدا فەرەنسا، کۆڵۆنیاکانی بە پایتەخەتی فەرەنساوە بەستبۆوەو لەوێوە حوکمی کۆڵۆنیاکانیان دەکرد، بەڵام بەریتانیا پشتی بە پڕەنسیپی حوکمی ناڕاستەوخۆ ((indirect rule دەبەست.گروپێکی تایبەتی خەڵکی کۆڵۆنیاکان هەڵبژارد و مافی تایبەتی پێدان، بۆئەوەی وەکو دیوارێک لە نێوان بەریتانیا و خەڵکی ئەو وڵاتانە وابن. ئەم گروپە تایبەتە لە رووی ئیداریی و سیاسی و ئابووریی ئیمتیازاتی زۆریان وەرگرت. ئەم سیاسەتەی بەریتانیا، لەپاشان کۆمەڵێک کێشەی ( ئێتنی ethnische، ئایینی و مەزهەبی) لە کۆلۆنیاکانی پێشووی بەریتانیا دروستکرد. هەر لە هیندستان و پاکستان، هەتا دەگاتە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و قوبرس و هەتا کیشوەری ئەفریقا، ئەم کێشەیەی بۆ دروستکردن.

نەیجیریا
باشترین نموونەش بۆ خراپی ئەم سیاسەتی ئینگلیز، وڵاتی نەیجیریایە. دیارە چ جەنگی 1967 -Biafra- (1970) چ ئەو کێشە ناوخۆیانەی تر، هەموویان پاشماوەی ئەو سیاسەتە خراپەی بەریتانیا بوون. لەپاش رزگاربوونی، نەیجیریا پشتی بە سیستمی فیدراڵی و دیموکراتی دەبەست. ئەم سیستمە تا 6 ساڵی خایاند.بەڵام پاشان گروپێکی سەربازی کە زۆربەیان کریستی بوون سەر بە زمانی Igbo ئیگبۆ بوون کودەتایەکی سەربازیان کرد. جەنەڕال Aguiyi-Ironsi ئاگویی ئیرۆنسی بوو بە حاکمی وڵات. هەریەکسەر دەستیکرد بە هەڵوەشاندنەوەی سیستمی فیدراڵی و دیموکراتی. ئەو دەیویست هەموو نەیجیریا یەکبخات و یەک سەنتراڵی هەبێت.
تایەفەو نەتەوەکانی تر، ترسیان لە خۆسەپاندنی تایەفەی ئیگبۆ هەبوو،هەربۆیە پاش 6، مانگی تر، کودەتایەکی سەربازی تر روویدا کە زیاتر سەر بە تایەفەی Haussa و Fulani بوون.هەربۆیە بەشێکی زۆری تایەفەی Igbo کە لە باشوور و خۆرهەڵاتدا دەژیان، بەشێکی زۆری سامانی سروشتی نەیجیریاش ( نەوت و گاز) لەم ناوچەیەدایە. ئەوان ئیعلانی جیابوونەوەی خۆیان لە نەیجیریا راگەیاندا و ناوی دەوڵەتەکەیان نا(بایفرا.Biafra.) ئەمەش بوو بەهۆی ئەوەی کە جەنگێکی خوێناوی رووبدات، کە بە جەنگی Biafra بایفرا ناسراوە. جێگەی ئاماژەیە لەم جەنگەشدا چەند هێزێکی دەرەکی رۆڵیان هەبوو، بۆ نموونە فەرەنسا پشتگیری Igbo ئیگبۆ یان دەکرد.بەڵام پاش 3 ساڵ سوپای نەیجیری توانی هێزەکانی ئیگبۆ لەناوبەرێت و کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت.
هەتا ئەمڕۆش جەنگی نێوان نەتەوە و ئایینەکان، یەکێکە لە نەخۆشییەکانی ئەم وڵاتە. لەکاتێکدا لە باکووری وڵات کە زۆربەیان موسڵمانن، رێکخراوی توندڕەوی ئیسلامی لەگەشەدان، گەرچی لە باشوور وخۆرهەڵاتی وڵات، کە زۆربەیان کریستین، رێکخراوە مسیۆنارە کریستییەکان لە گەشەدان. ئەم جەنگ و رکابەرییەی نێوان نەتەوەوئایینەکان، وایکردووە کە ببێتە هۆی ناسەقامگیریی و کودەتای سەربازی بەردەوام لەم وڵاتەدا. بۆ نەیجیریاش، کۆنترۆڵکردنی سامانە سروشتیەکانی (گازو نەوت) بە یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی دەوڵەت دەژمێرێت.

Uganda ئۆگەندا
پاش ئەوەی بەریتانییەکان پادشای Buganda بۆگەندای لەناوبرد(زیاتر لە باشووری وڵات بوو)، ساڵی 1894 بەریتانیا ئۆگەندای داگیرکرد و کردی بە بەشێک لە خاکی خۆی. لێ پاشان ساڵی 1900 رێکەوتنێکیان لەگەڵ بەست و جارێکی تر کردیانەوە بە پادشا، بەڵام لەخزمەتی ئەواندا کار بکات. هەربەپێی ئەو رێكکەوتنە، بەشێکی خاکی تر خرایە سەر ئەم وڵاتە و مافی تایبەتییان بەخۆیان بەخشی. لەکاتێکدا لە باشووری وڵات، مەلیک خۆی حوکمی دەکرد، بەڵام لە باکووری وڵات، بەریتانیا پشتی بە موسڵمانەکان دەبەست و کردنی بە فەرمانبەر و لە سوپا و هێزی پۆلیسدا دایمەزراندن. کێشەو ململانێ و جەنگی نێوان کاتۆلیک و پرۆتستانەکان، هەتا ئەمڕۆش بەردەوامە.بەشێکی زۆری خەڵکی هەژار و جووتیارەکان ئەو وڵاتە کاتۆلیک بوون. لە حاڵەتێکدا یحاکمەکان و گروپێکی باش (کە زیاتر خوێندەوارو بازرگانەکان) بوون، پرۆتستانی بوون.بەشی زۆری پارت و رێکخراوە سیاسییەکانی ئەم وڵاتەش، لەسەر ئەم دوو گروپە ریڤاڵە دابەش بوون. لەبەرئەوە لە ئۆگەندا، هیچ خەبات لە دژی داگیرکەری بێگانە نەبوو، بگرە ئەم دوو گروپە زیاتر خەریکی جەنگی خۆیان بوون. هەتاوەکو ئەمڕۆش، ئەم جەنگی تایەفەگەرییە بەردەوامە و بۆتە هۆی ئەوەی کە ئەم وڵاتە هەر بە هەژاریی و داماویی و گیرۆدەی دەستی جەنگی ناوخۆیی بمێنێتەوە.

Somalia سۆماڵیا
هیچ کاتێک ئەم وڵاتە یەک نەبووە، بگرە لە کۆمەڵێک عەشیرەتی زۆر پێکهاتووە. لەکاتێکدا کە کۆڵۆنیا زلهێزەکانی ئیتالیا، فەرەنسا، بەریتانیا شەڕیان بوو لەسەر ئەم وڵاتە و مەسەلەی چۆنێتی دابەشکردنی لەنیوانیاندا، جێگەی مشتومڕی گەورە بوو. لەکۆتاییدا بەشێکی کە بە هەرێمی Ogaden ناسراوە، خرایە سەر وڵاتی ئەسیوپیا. ساڵی 1960 بەشەکەی ئیتالیا و بەریتانیا کە بە سۆمالیا ناسراوە، سەربەخۆیی خۆی دەستکەوت. لەژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆر Siad Barre Mohamed ، محەمەد سیاد بری، ئەم وڵاتە ستراتیژیە، دەمێک خۆی دەخستە ژێرسایەی سۆڤێت، دەمێک لای ئەمریکا بوو. لە ساڵی 1991 وە ئەم وڵاتە بەتەواوی هەڵوەشاوەیە و هەتاوەکو ئەمڕۆش هەر یەکی نەگرتەوەو نائارامە.

Kongo کۆنگۆ
کۆنگۆ کە پێشتر کۆڵۆنیای بەلجیکی بوو ( پێشتر ناوی کۆماری زائیر بوو.بەڵام ئێستا ناوی بۆ کۆماری کۆنگۆی دیموکرات گۆڕاوە).هەتاوەکو 29/6/1960 کۆڵۆنیایەکی تایبەتی پادشای بەلجیکا بوو. لە هیچ دەوڵەتێکی داگیرکراو، هێندەی ئێرە چەتەگەریی و بەربەریەت لە دژی گەلە داگیرکراوەکە نەکراوە. نەگبەتی ئەم وڵاتە لەوەدا بوو، کە سنوورێکی فراوان و سامانێکی زۆری سروشتی هەبوو، لەپێش هەمووشیانەوە لە خۆرهەڵاتی وڵات سامانێکی زۆری ( گەوهەر، زێر، مس،کۆلتان) هەیە.
کۆڵۆنیالیزمی بەلجیکی هەموو جۆرە خوێندنێکی لە خەڵکی کۆنگۆلی قەدەغە کرد بوو. تەنها قەشەکان بۆیان هەبوو بخوێنن. یەکەمین سەرۆکی شۆڕشگێڕی کۆنگۆلی، Patrice Lumumba پاتریک لومومبا، کە پێشتر پۆستەچی بوو، لەلایەن میدیای بەلجیکییەوە، بە کۆمۆنیست دادەنرا ، لە رۆژی سەربەخۆیی بوونی کۆنگۆدا، لە 30/6/1960، بەبێ ئەوەی هیچ وەرەقەیەکی بەدەستەوە بێت، بە دەنگێکی بەرز و ویقارانەوە، لەبەردەم پادشای بەلجیکی Baudouin I، رەخنەی توندی ئاڕاستەی سیاسەتی کۆڵۆنیالیزمی بەلجیکی کرد.
لومومبا وتی :
(پیسترین شێوەی کۆیلایەتی بەهێزی خۆتان بەسەرئێمەدا سەپاند، لەژێر سایەی خراپترین باردا کارتان پێدەکردین، لەبەرامبەردا پارەیەکتان دەداینێ، کە بە هیچ شێوەیەک نەماندەتوانی برسێتی خۆمانی پێ نەهێڵین، یان خۆمانی پێ پۆشتە بکەین، یان منداڵەکان کە خۆشەویستریین کەسمان بوون، بتوانین گەورەیان بکەین. ئێمە هەموو جۆرێکی سوکایەتی، جنێودان، ئەشکەنجەدانمان، لەبەیانی و نیوەڕۆ و شەودا بەدەستی ئێوە بینی، تەنها لەبەرئەوەی کە ئێمە رەش پێست بووین، ، ئێمە فێری ئەوەبووین، کەچۆن وڵاتەکەمان لەژێر حوکمی یاسای زۆردارانەی ئێوە پارچە پارچە کرا، کە لە راستیدا ئەو یاسایەی کە بەسەر ئێمەتان سەپاند، تەنها یاسای بەهێزەکان بوو، ئێمە هیچ کاتێک کۆمەڵکوژیە زۆرەکانی ئێوەمان لەبیرناچێتەوە، کە خەڵکانێکی زۆری بێتاوان بوونە قوربانی، ئەو کەسانەی کە رژێمی چەوساندنەوەو کۆیلایەتی ئێوەیان قبووڵ نەدەکرد.)
پێش ئەوەی کۆنگۆ سەربەخۆیی وەربگرێت Moise Tshombe مۆیسە شۆمبە (سیاسەتمەدارێکی کۆنگۆلی بوو، دۆستی نزیکی بەلجیکا و ئەمریکا و فەرەنسا، بوو لە دژی لومومبا پێکەوە لەگەڵ جەنراڵ موبۆتو، کودەتایەکی سەربازیانکردو، لومومبایان کوشت،،و)لەگەڵ حکومەتی بەلجیکی و دەزگای هەواڵگری ئەمریکا، دەیویست خۆرهەڵاتی کۆنگۆ، کە خاوەنی سامانێکی سروشتی زۆرە، لە کۆنگۆی جیابکاتەوە. دیارە ئەم دەیویست لە رێگەی بوونی کەمینەیەکی ئەوروپی و دەزگای هەواڵگری فەرەنسیەوە، ئەم نەخشەیە جێبەجێبکات.
بۆئەم مەبەستەش پشتی بە ئەفسەرێکی فەرەنسی Bob Denard بۆب دێنارد بەست، کە پەیوەندی بە دەزگای هەواڵگی فەرەنسیەوە هەبوو.هەروەها ئەفسەری پێشووی سووپای ئەڵمانیا، Siegfried Mullerسیگفرید مویلەر، کەبە Kongo-Muller مولەری کۆنگۆ ، ناسراوە، یارمەتییان دا. جەنەڕاڵی پێشووی کۆنگۆلی، موبوتۆ سیسیکۆ، بەیارمەتی وڵاتانی خۆرئاوا، توانی کودەتایەک بکات و کۆتایی بەژیانی لوموبا بهێنێت.
پاشتر لەسەر داوای UN لیژنەیەک پێکهێنرا بۆ ئەوەی بەدواچوون لەسەر کوشتنی لومومبا بکەن، هەرچەندە هەتاوەکو ئەمڕۆش شێواز و چۆنێتی کوشتنەکەی دیار نییه. بەڵام بەڕەسمی وترا، گوایە لە فرۆکە کەوتۆتە خوارێ!، بەڵام راستی رووداوەکە بەو شێوەیە نییە.

—————————

چەند دێرێک لەبارەی نووسەر:
Werner Ruf، مامۆستای زانستە سیاسییە جیهانییه‌کانە لە زانکۆی کاسل لە ئەڵمانیا. هەروەها ئەندامی ئەنیستیتوی ئاشتییە لە بەرلین.

سەرچاوە:
www.jungewelt.de

ڤێرنەر روف
وەرگێرانی لەئەڵمانییەوە: ئەردەڵان عەبدوڵڵا

Previous
Next
Kurdish