Skip to Content

گورگ و خوێن.. کورتە چیرۆک.. گۆران سەباح

گورگ و خوێن.. کورتە چیرۆک.. گۆران سەباح

Closed
by تشرینی دووه‌م 7, 2021 General, Literature


سەرما پۆلەکەی کردبووە موجەمیدە. مامۆستا عەلادینە کزەکەی بۆ خۆی پاوان کردبوو. قوتابییەکان هەستابوونە سەر پێ، پەنجەیان درێژ کردبوو، “مامۆستا، مامۆستا”یان بوو تا وەڵامی پرسیارێک بدەنەوە. بەڵام ئەو بە خەمی خۆی داکەوتبوو، نەیدەزانی ئەو شلە گەرمە چییە بە ڕانیدا دێتە خوارێ.
ڕووی مامۆستا لایەکی تەقەڵ بوو، مرۆڤ لێی دەترسا. چاوی دەگێڕا ئەوانە ببینێتەوە دەستیان هەڵنەبڕیبوو. تەنیا ئەوی بینی. “تۆ، هەستە بزانم لە ١٩٧٤ ئەم شارە جوانەی ئێمە چی بەسەر هات؟”
ئەو هۆشی لە پۆل نەبوو، لە مامۆستا و قوتابییەکانیش. باش دەیزانی میزی بە خۆیدا نەکردووە. برینداریش نەبوو. ئێ باشە ئەو شلە گەرمە چی بوو وا پانتۆڵەکەشی تەڕ کردبوو.
مامۆستا بۆی سێبارە کردەوە. هەدای نەما و هات لەبەر دەمی وەستا. کە برۆیەکانی تێک دەنا و ڕووی کرژ دەکرد، قوتابییەکان زراویان لێی دەڕژا. مامۆستا خەریک بوو بپسێت؛ ئەویش دۆش دامابوو.
ئەوەی تەنیشتی هەنیشکێکی لە تەنگەی سرەواند و هێنایەوە هۆش خۆی. تێگەیشت مامۆستا لەگەڵ ئەویدایە. ڕاڕا و تۆقیو، بەهێواشی هەستا سەر پێ، هەستی کرد گەرمییەکەی ناو لەشی زێتر بووە. بەو سەرمایە سوور هەڵگەڕا. منگەیەکی لێوە هات، “پرسیارەکە چی بوو؟”
مامۆستا پسا.
“لە کوێ بووی، جەناب؟ جا بۆ چایەکیشت بۆ نێنم؟ مادام ئاگات لە دەرس نییە، بۆ دێیت؟”
قوتابییەکان پێکەنین. چەندیان پێ خۆش بوو مامۆستا بە یەکێکدا بتەقێتەوە.
مامۆستا بەوەی تەنیشتی گوت پرسیارەکەی بۆ چاربارە بکاتەوە. قوتابییەکە بە هەستێک بۆی دووبارە کردەوە وەک بڵێی خەڵاتی یەکەمی پێ دەدەن.
ئەو تفی قوت دا، خۆی گورج کردەوە، لەسەرخۆ گوتی، “شارەکەمان بۆردومان کرا، خەڵکێکی زۆر کوژرا…”
ئەوەی دواوە پانتۆڵەکەی بینی. بە ئاماژە بەوانی چواردەوری گوت میزی بە خۆیدا کردووە. خۆیان بە پێکەنین خەنی کرد. چەندە دڵشاد بوون بەو حاڵەتەی هاوپۆلەکەیان.
“گەورەترین و گرینگترین شتت لە بیر چوو.” مامۆستا پێی گوت.
وەڵامەکەی لەسەرڕا دووبارە کردەوە. مامۆستا هەر قایل نەبوو، ڕووی لەوانی تر کرد و پرسی چی لە بیر چووە. پۆلەکە پێکڕا وەڵامیان دایەوە، “مامۆستای مێژوومان تاکە کەس بوو لە بۆردومانەکە ڕزگاری بوو.”
مامۆستاکە مورتاح بوو.
زەنگ لێی نەدابا، ئەو لەوێ دەبوورایەوە. هەرکە مامۆستا چووە دەرەوە، ئەو بە غار چووە توالێت. کە خوێنی بینی، سەری سوڕا، مێشکی سڕ بوو، بەرچاوی تاریک بوو. خەریک بوو بکەوێت، بەس بە هاوکاریی دیوار هاوسەنگی خۆی ڕاگرت. هیچی پێ نەبوو خۆی پاک بکاتەوە. توالێتەکەش بێ لە سوپایەک مێش هیچی تری لێ نەبوو. هێڵنجی هاتێ. خێرا هاتە دەرەوە و تۆزێ ئاوی کرد بە دەموچاوی، پشییەکی خواردەوە. تەماشایەکی گۆڕەپانەکەی کرد، کەس هی ئەوە نەبوو داوای یارمەتی لێ بکات. گارەگاری قوتابیانیش دڵی تەنگتر کرد.
بە نێو قوتابییاندا ڕۆیشت، تا ژووری بەڕێوەبەر نەوەستا. بەڕێوەبەر لەفەیەکی گەسی بەدەستەوە بوو، دەتگوت گورگی کوشتییە. ئەو داوای مۆڵەتی کرد. لەو دەمەش زەنگی وانەی پێنجەم لێی دا. بەڕێوەبەری ورگ زل شیڕاندی بەسەریدا، “بڕۆ ژوورێ، گوێت لە زەنگ نییە.” گەسەکەی تەواو کرد، ڕۆن بە دەست و پلیدا دەهاتە خوارێ. لێستییەوە.
هەموویان چوونە پۆلی خۆیان، ئەو هێشتا هەر لە ژووری بەڕێوەبەر بوو. بەڕێوەبەر نەڕاندییەوە، سمێڵی لەگەڵ لەرییەوە.
“سەرم دەسوڕێت، ناتوانم لە پۆل دانیشم.”
“بەو خوایەی لەسەر سەرمانە، عەیب لە مندا هەبێ، لە تۆدا نییە، جا بڕۆ ژوورێ.”
تەماشایەکی بچمی بەڕێوەبەری کرد، ئاهێکی هەڵکێشا، پاشان بە دڵشکاوی ڕووی وەرگێڕا و ڕۆیشت. بەڕێوەبەر تەماشای پشتەوەی کرد، پەڵەکەی بینی. بانگی کردەوە. “مەچووە پۆل، بڕۆ ماڵەوە.”
خێرا چووە پۆلەکەی، کتێبەکانی هێنا. هاوپۆلەکانی لێیان پرسی بۆ کوێ، هێشتا وانەی زانستیان ماوە. وەڵامی نەدانەوە.
تا هاتە دەرەوە بە بەردەمی چەند پۆلێکدا تێپەڕی. گوێی لە مامۆستای بیرکاری بوو چۆن دەینەڕاند بەسەر قوتابییەک، وێدەچوو ئەرکی نەکردبێت. بینی چۆن مامۆستای ئایین بە دار وەرگەڕاوەتە قوتابییەک بۆ لەبەرنەکردنی سوڕەتێک. بینی دوو قوتابی لەسەر یەک پێ وەستاون لە وانەی عەرەبی، تەواوی پۆلەکەش پێیان پێدەکەنن.
پاسەوانی بەر دەرگە، شەل و لاواز و ڵاڵ، بە زمانی جەستە پێی گوت بۆ کوێ. ئەویش بە ئاماژە تێیگەیاند. دەرگە بچووکەکەی بۆ کردەوە و ئاماژەی بۆ ئاسمان کرد. هەوری هار و ڕەش ئامادە بوو بۆ هێرش.
پێی هەڵێنا بۆ ئەوەی بەر هێرشی هەورەکان نەکەوێت. کەمێک ئەولاتر، وەستا. ئاوڕێکی لە قوتابخانە دایەوە. سەری سووک بوو، هەستی بەباشی کرد. شوورەکەی، پەنجەرەکانی، دەرگە ئاسنە گەورەکەی، دەتگوت سجنە. بیری هاتەوە سەر خوێنەکە. هەرچەندی ‌هێنا و بردی نەیتوانی بڕیار بدات لە ماڵ بە دایکی بڵێ. باوکی هەر هیچ.

سەیری پێڵاوە پلاستیکییەکانی کرد، دوعای کرد نەیکاتە باران، لە قوڕێ قوتار نەدەبوو. مرۆڤی لێ دەرچێ، (با) هەموو شتێکی وەپێش خۆی دەدا. چوار کۆڵانی تر ماڵیان بوو. کۆڵانەکان قوڕ بوون، بێ دار، پڕ مریشک و مراوی، خەنی بووبوون بە جۆگەی بۆگەنیوی بەر دەرگەی ماڵان.
گەنجێکی ڕەشپۆشی ڕیشنی تەسبیح درێژ بەرانبەری دەهات، هەر لە دوورڕا بە چاو هەراسانی کرد. ئەویش سەری لەبەر خۆی ناو و تووند کتێبەکانی گرت. مێشکی تەراتێنی دەکرد لە نێوان سێ شتدا: خوێن، سەرما، گورگێکی ڕەشپۆش. سەری لە سەرما دەردەچوو، بەس خوێن و گورگەکە نا.
لێی نێزیک بووەوە، گورگەکە دەستی کرد بە پلاران. “ئەی عاسمان، چییە ئەو هەموو جوانییە!”
هەر لە منداڵییەوە فێر کرابوو کە گورگی بینی ڕا بکات. ڕاکردن بە هانای هات. گورگەکە تا ڕۆیشت لە لوراندن نەکەوت.
گورگ نەما، ئەوجە هەور دایکرد. لێزمە خاتری کۆڵانەکانی نەگرت. ‌‌هێندەی نەبرد، گۆمی گەورە گەورە دروست بوون. مراوی جەژنیان بوو. باران (با)کەی دامرکاندەوە، بەس دنیای کردە قوڕ. شۆفڵیش دەچەقی، چ جای پێڵاوی پلاستیکی ئەو.
تا ئەژنۆی لە قوڕێدا بوو، دوو کۆڵانیشی مابوو بگاتەوە ماڵ. ناچار لەبەر هەیوانی دوکانی مام عەوڵا وەستا. دڵی وەک تەپە تەپی باران بەسەر هەیوانەکەدا لێی دەدا. مام عەوڵا ژوورێی گەرم داهێنا بوو. بانگی وی کرد. ویستی بچێتە ژوورێ، بەس لە قوڵایی نەستی ئەوەی بیر هاتەوە کە لە منداڵییەوە فێر کرابوو: “نابێ لەگەڵ هیچ کوڕ و پیاوێک بە تەنیا لە شوێنێکدا بن. گورگە و دەتخوا.” نەچوو، هەرچەندە مام عەوڵا ناسیاویش بوو.
دوای چارەگێک، هەور ڕۆژی ئازاد کرد. مام عەوڵا دوو عەلاگەی پێ دا تا لەسەر پێڵاوەکانی لەبەریان بکات. عەلاگەکان کۆڵانێکیش خۆیان نەگرت.
دایکی خەریکی شووشتنی حەوشە بوو. پرسیاربارانی کرد: “ئەو هەموو قوڕە چییە؟ نێیە ژوورێ، لەوێ ڕاوەستە. بۆ وا زوو هاتییەوە؟ بۆ وات لێ هاتووە؟ دەڵێی مراوی.”
بە دایکی گوت نەخۆشە و ناتوانێت چی تر بەپێوە بوەستێت. پێڵاوەکانی داکەند و بەپێخواسی چووە ژوورێ. پێیەکانی سپی سپی، تەزی بوون. لە کەنتۆڕێکی کۆنی دار بێجامەیەک، بلوزێک و مەکسییەکی دەرهێنا. خۆی گۆڕی و جلی ژێرەوەشی خستە نێو عەلاگەیەک و بە دزی دایکییەوە فڕێی دا. ئاوێکیشی کرد بە پانتۆڵەکەی و لە حەوشەی پشتەوە هەڵیخست.
لەبەر دەمی سۆبە پاڵکەوت و پێیەکانیشی بۆ چەند چرکەیە بە شیشی سۆبەکە هەڵپەسێرا. دایکی هاتەوە ژوورێ و جارێکی تر شووشتییەوە بە پرسیاران.
“سەرمامە، نەخۆشم.” لەوە زێتر هیچی نەگوت. دەیویست پێی بڵێ بەس نەیدەزانی چۆن. دایکی هەندێ خواردنی بۆ هێنا. چەند جارێک ویستی قسە بکات، بەس نەیوێرا.
نەیدەزانی بۆ خوێنی لێ دێ و بۆ نایشوەستێ. پشت و سینگ و سەریشی زۆر دێشا. ژانێکی بەسوێ. بیری بۆ ئەوە دەچوو منداڵی لەبەر چووە. لە دڵی خۆیدا دەیگوت، “بزانن منداڵم لەبەر چووە، دەمکوژن.”
هەر لەبەر سۆبەکە، دایکی سەرچەفێکی پێ دادا. هێندەی نەبرد، خەوی لێکەوت. خەونی دیت بەوەی وا دەخنکێت لە نێو دەریایەک خوێن، هەموو خەڵکیش گاڵتەیان پێ دەکرد. لە خەو ڕاپەڕی، لە نێو خوێن و ئارەقەدا دەگەوزا.

Previous
Next
Kurdish