Skip to Content

‌”أنتم أدری بشٶون دنیاکم” هەوڵێکی شکستخواردووی دروستکردنی پەڕجوو.. نووسینی: مام برایم

‌”أنتم أدری بشٶون دنیاکم” هەوڵێکی شکستخواردووی دروستکردنی پەڕجوو.. نووسینی: مام برایم

Closed
by تشرینی دووه‌م 7, 2021 General, Opinion

(‌أنتم أدری بشٶون دنیاکم ـ خۆتان لە کاروباری دونیاییتاندا شارەزاترن).. گوتەیەکی ناو سەرگروشتەیەکی پەیامبەری ئیسلامە و تاڕادەیەکی باش، نەک هەر لە ناو شارەزایانی ئایندا، بەڵکو لەناو خەڵکی ئاساییشدا ناسراوە.
ئەم گوتەیە لای موسڵمانان، لە بابەتی فەرموودەناسیدا بە فەرموودەیەکی لاواز و باوەڕپێنەکراو دانراوە، بەڵام هەمیشەش بە زیندوویی و کارایی ماوەتەوە، چونکە هەرکاتێک بۆ مەرامێکی دیاریکراو بە کەڵک هاتبێت، ئەوا سەرلەنوێ زیندوویان کردووەتەوە.. دیاردەی بەلاوازدانان و بەزیندوویی مانەوەی زۆرێک لە فەرموودەکان، دیاردەیەکی زەقی زادەی دووفاقی ناو ئەدەبیاتی ئیسلامییە، چونکە لەکاتێکدا بەلاواز و ناڕاست دادەنرێت، ئیدی پێویستە فەرامۆشبکرێت و لە خانەی بەکارهێنان و کەڵکوەرگرتن بکرێتە دەرەوە، بەڵام ئەمە لەو ئەدەبیاتەدا ڕووینەداوە و ڕووشنادات، چونکە ئەدەبیاتی ئیسلام لەلایەکەوە ئەدەبیاتێکی بێخاوەنە و مەرجەعییەتێک یان قسەکەرێکی بڕواپێکراو و بڕیاردەریان نییە و لەلایەکی ترەوە ئەدەبیاتێکی فرەخاوەنە و هەر کەس ‌هەڵدەستێت خۆی دەکاتە دەمڕاستی تەواوی ئاینەکە… واتە ئەدەبیاتێکی پڕ پشێوی و ناڕێکوپێکی و ناسەقامگیرییە. ئەدەبیاتێکە دەق دەکاتە مەرجەع و قسەکەر، گوایە خواهانەییە و ئاشکرا و ڕوونە، کەچی فرە لێکدانەوەیی دژبەیەک بۆ یەک ڕستەی دیاریکراو سیمای هەرە ئاشکرای ئەو ئەدەبیاتەیە.
هەمان گوتە، ساڵانێکیشە لەلایەن توێژێکی ڕەوتی مەدەنی و عەلمانییەتەوە وەک بەڵگەی بوونی بنەمای تیۆریی عەلمانییەت لە ئیسلامدا ئاماژەی بۆ دەکرێت. ئەم بەبەڵگەکردنە یان ئاماژەی نەخوێندنەوەیەکی وردی خودی سەرگروشتەکە و هەڵهێنجانی مانا پەنهانەکانی و دەرخستنی پەیامی سەگروشتەکەیە یان تەقەللایەکە بۆ ئارایشتکردنی عەلمانیەت لای ڕەوتە ئیسلامییەکان و هەوڵێکە بۆ بەرگرتن لە تەقینەوە و هەڵچونی موسڵمانان. گەرچی دەکرێت ئەم مەبەستەی دووەمیان بە چەشنێک لە نیازپاکی لێکبدرێتەوە بە مەبەستی دوورکەوتنەوە لە پەشێوی، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین نیازپاکی شتێک نییە بتوانرێت کۆمەڵگایەکی نوێی لەسەر بونیادبنرێت.
لێرە بەدوا لە خوێندنەوە و شیکردنەوەی خودی سەرگروشتەکەوە، دەبینین ئەو گوتەیە چ مانایەکی تری لە هەناوی خۆیدا حەشارداوە.

((لە یەکێک لە سەرگروشتەکاندا دەگێڕنەوە جارێک محەمەد بەلای کۆمەڵێک خەڵکدا دەڕوات بەسەر دارخورماوەن، لە هاوەڵەکانی دەپرسێت ئەوە خەریکی چین؟ پێی دەڵێن دارخورماکان دەپیتێنن تاوەکو بەربگرن… محەمەدیش دەڵێت: ئەگەر ئەوەش نەکەن دارخورماکان هەر بەردەگرن. ئەوانیش وازیان لە کارەکە هێنا، بەڵام دارخورماکان بەریان نەگرت، محەمەد لێیپرسین ئەوە دارەکانتان بۆ وایان لێهاتووە؟ ئەوانیش وتیان تۆ وات وت و ئێمەش وامان کرد و ئاوای لێهات، محەمەدیش وتی: ئێوە خۆتان لەکاروباری دونیاییتاندا شارەزاترن (واتە لە محەمەد شارەزاترن)… لە سەرگروشتەیەکی تردا بەم شێوەیە: محەمەد دەڵێت پێموانییە ئەوە هیچ کەڵکێکی هەبێت، ئەوانیش ئەوە بە خەڵکەکە دەڵێن و خەڵکەکەش واز لە پیتاندن دەهێنن. پاشتر ئەنجامەکەی بە پەیامبەر دەوترێت و ئەویش دەڵێت: ئەگەر ئەوە بەکەڵکیان دێت با بیکەن، چونکە من گومانم لەوە هەبوو. لەسەر بۆچوونیش لۆمەم مەکەن، بەڵام ئەگەر شتێکم لە خواوە پێڕاگەیاندن ئەوە پەیڕەوی بکەن چونکە من درۆ بە دەمی خواوە ناکەم.. یان بەگوێرەی گێڕانەوەیەکی تر وتوویەتی: ئێوە خۆتان شارەزاترن لەوەی لە کاروباری دونیاییدا چ شتێک بەکەڵکتان دێت، من شتێکم پێوتن کە (گومان= بۆچوون)ی خۆم بوو، من پێم نەوتوون خوای گەورە وای وتووە، چونکە من درۆ بە دەمی خوای پیرۆز و گەورەوە ناکەم…))
بەرلەوەی بچینە سەر لێکدانەوە ئیسلامی و نائیسلامییەکان، با قسەیەک لەسەر محەمەد و خودی ڕووداوەکە بکەین… محەمەد لە مەککە لەدایک بووە، هەر لەوێش گەورە بووە و ژیانی بەسەربردووە، سەردەمێکی منداڵیشی لای خێزانی حەلیمە سەعدیە بووە و لەدەشت و مێرگەکاندا شوانکاری کردووە. لانی کەمیش جارێک لەگەڵ مامیدا و جارێک یان زیاتریش وەک نێردەی خەدیجە چووەتە کاروانی بازرگانی و ڕێگای پڕ لە باغ و باغاتی بینیووە و تا کاتی ڕاگەیاندنی ئیسلام مرۆڤێکی ئاسایی بووە و ڕۆژانە گوێی لە دەنگوباس و کاروباری ناوچەکە بووە، کە دەنگوباس و کاروباری کشتوکاڵی و شوانکارەیی و ڕێگاکانی بازرگانی بەشێکی سەرەکی ئەو دەنگوباسانە بووە. مەککەش وەک زێدی لەدایکبوون و گەورەبوون، ناوچەیەکی خاوەن چەندەها مێرگ و باغاتی پڕ لە دارخورما بووە، ئیدی ئەوە قسەیەکی پووچ و بێمانایە بووترێت محەمەد تا نزیکی پەنجا ساڵەی تەمەنی ئاگای لە کرداری پیتاندنی دارخورما نەبووە و نەیزانیووە دارخورما بەبێ پیتاندن بەرناگرێت یان ڕاستتر بەردەگرێت بەڵام پێناگات و بە عەرەبی پێیدەڵێن (شیص) و تفت و تاڵە و ناخورێت…. کەواتە پرسیاری یەخەگر ئەوەیە کاتێک محەمەد لەڕێی دەنگوباسی چەندە ساڵەوە دەیزانی دارخورما بەبێ پیتاندن بەرناگرێت یان دەیزانی عەرەب هەموو ساڵێک بە مەبەستی بەرگرتن دارخورماکان دەپیتێنن، ئیتر بۆچی ئەو سەرکێشییە دەکات و ئەو ئەزموونە دەکاتە جێێ گومان و ئیدیعایەکی نەسەلمێنراو دەخاتە بەردەمی جووتیارە عەرەبەکان؟
لە لۆژیکی هزری کۆندا، کە ئەرستۆ ناویدەنێت لۆژیکی وێنەیی، ڕێسایەک هەیە پێیدەوترێت: پێوانەکردن، کە مرۆڤ دەتوانێت لەڕێی پێوانەکردنەوە یان بەراوردکردنەوە هەندێک ڕاستی بدۆزێتەوە، کە پێشتر نەیزانیوە. ئەرستۆ نموونەیەکی لەسەر خۆی هێناوەتەوە و دەڵێت:
هەموو مرۆڤێک دەمرێت،
ئەرستۆ مرۆڤە،
کەواتە ئەرستۆ دەمرێت….
ئەو لۆژیکە بۆ مرۆڤی پێش سەردەمی مێژوو، بۆ مرۆڤی سەردەمی پێش زانست و بۆ سەردەمی شارەزاییە ئەزموونگەرییەکان لە زۆر شتدا ڕاستی پێکاوە و یارمەتیی مرۆڤی داوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بەشێک لە گرفتەکان. ئەو پێشنیازەی محەمەدیش، لە هەر خوێندنەوەیەکی ئەقڵانیدا، لەو چوارچێوەیە دەرناچێت و هەمان ڕێسای بەگریمانە وەرگرتووە. محەمەد لە ژیانی خۆیدا گەلێک درەختی جۆراوجۆری دیوە لە بەرگرتندا پێویستیان بە دەستێوەردانی مرۆڤ نییە: ئەوە داری هەنجیر و زەیتون و هەنار و دارمێو (کە لە قورئانیشدا ناوی هەندێکیان هاتووە و ناسراون یان هەر درەختێکی بەرداری تر کە ئەو بینوویەتی) پێویستیان بە پیتاندن نییە و بەریش دەگرن.. لێرەدا ئەمە نەک نائەقڵانی نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی زۆر ئەقڵانیشە، بووترێت ڕەنگە دارخورماش بە هەمان شێوە و بەبێ پیتاندن بەربگرێت. محەمەدیش هەمان تاقیکردنەوەی کرد (بەڵام لەسەر حسابی خاوەن دارخورماکان)، ئەنجامەکەش سەرلەنوێ ڕاستیی ئەزموونە درێژەکەی خاوەن دارخورماکانی سەلماندەوە و کەمێک یان زۆرێک زیانیش بە جوتیارەکان گەیشت و ئەو وەڵامەی لێکەوتەوە کە بە جوتیارەکانی دایەوە. لەڕاستیدا تا ئێرەی ڕووداوەکە شتێکی زۆر ئاساییە و دونیای لەسەر کاول نەبووە، بەڵام ئەوەی مەسەلەکەی بێتام و بێمانا کردووە ئەوەیە، لەلایەک ڕاڤەکارانی ئیسلامی تەواوی سەرگروشتەکە دەخەنە گومانەوە لەبەرئەوەی وشەی (شارەزاترن) ئەوە دەگەیەنێت کەوا جوتیارەکان لە پەیامبەر شارەزاترن.. لەلایەکی تریشەوە کەسانێک هەن، دەیانەوێت ئەنجامی تاقیکردنەوەیەکی شکستخواردوو وەک بەیدا‌غێکی عەلمانی نێو دونیایەکی تاسەر ئێسقان میتافیزیکی و ئاینی پێناسەبکەن.

بە گوێرەی لێکدانەوە ئیسلامییەکان (سەرباری ئەوەی بەشێکی زۆریان ئەو سەگروشتەیە بە هەڵبەستراو یان لاواز دەزانن) ناکرێت و ناتوانرێت ئەو وتەیە بۆ مەبەستی لەکەدارکردنی ئیسلام و شێواندنی بنەماکانی شەریعەت و بەلاڕێدابردندا بەکاربهێنرێت، چونکە محەمەد لەو وتەیەدا (خۆتان لە کاری دونیاییتان شارەزاترن) مەبەستی بنەماکانی ئاین نییە، بەڵکو مەبەستی کارێکی دونیایی پەتییە. ئەوەی وتوویەتی هەواڵ (الخبر= هەواڵی ئاسمانی) نییە لە ئاسمانەوە پێیگەیشت بێت، بەڵکو گومانکردن یان بۆچوونێکی مرۆییە دەربارەی دیاردەیەکی دونیایی. بەگوێرەی هزری ئاینی ‌ئیسلام، (هەواڵ) بەوپێیەی ئاسمانییە، ڕاستە و فەرمانە و پێویستە ئیماندار پابەندی بێت، بەڵام (بۆچوون) مرۆییە و دەشێت ڕاست یان هەڵە بێت و پەیڕەوکردنیشی فەرمانێکی ئاینی نییە. لەمەوە موسڵمان، لەو شتانەدا کە دەقی ئاینی خۆی لە قەرەی نەداوە، دەتوانن لە ڕێی تێگەیشتن و بۆچوونی گونجاوەوە بڕیاری شایستە و سەربەخۆ بدەن، لێ ئەمە ناکاتە ئەوەی بتوانن بە بەهانەی حەز یان چێژ یان بەرژەوەندیی تایبەتی بتوانن مۆرکی دونیایی بدەن لە هەر دیاردەیەک کە خۆیان بیانەوێت و لێرەوە بڕیاری دوور یان دژ بە ئاینی لە بارەوە بچەسپێنن.

لە بیری ئیسلامیدا دیاردە ئاینی و دونیاییەکان ئاشکرا و ڕوونە. دیاردە دونیاییەکان، ئەو دیاردانەن کە کردن و نەکردنیان یان شێوازی کردنیان چ کاریگەرییەکی لەسەر ئیمانی ئیماندار نەبێت و دژایەتی هیچ بنەما و ڕاسپاردەیەکی ئاینی نەکات، لێ هەموو ئەو دیاردانەی لە ڕووکەشدا دونیایین و هیچ دەقێکی ڕاشکاویشیان لەبارەوە نەهاتووە، بەڵام پەیوەستی بە بنەما ئاینییەکانەوە هەیە یان کاریگەریی بۆ سەر ڕەوتاری ئیماندار و کۆمەڵگا هەیە، ئەوە چیدی دونیایی نین و بە مانا و تێگەیشتنی ئاینی بارگاوین، هەر دیاردەیەکیش بارگاوی بوو بە ئاین ئیدی دەکەوێتە ژێر جەبر و ڕکێفی ئاین، هەرچەندە دەقی ڕاشکاویشی لەسەر نەهاتبێت. بۆ نموونە: جوتیار ئازادە لەوەی بڕیاری چاندنی چ دانەوێڵەیەک لە زەوییەکەیدا دەدات بە مەرجێک زیانی بۆ خۆی و دەوروبەری نەبێت. ئەگەر بەوردی سەیری ئەو ئازادییە بکەین دەبینین ئازادییەکی تەواو نییە و لەژێر چاودێری ئایندایە. بۆ نموونە جوتیار دەتوانێت بە ئارەزووی خۆی هەموو ساڵێک جۆ نەک گەنم بچێنێت، بەڵام ئەگەر هۆکەی ئەوە بێت کە کارگەیەکی بیرە دروستکردن بە پارەی باش دەیکڕێتەوە، ئەوا لەڕووی ئاینییەوە کارێکی ڕێپێنەدراوە و جوتیار ئەو ئازادییەی نییە، چونکە خواردنەوە کهولییەکان لە ئیسلامدا حەرامن و بەو کارە سنووری حەرام وحەڵاڵی ئیسلامی دەبەزێنێت و ئیمانداری خۆی دەخاتە ژێر پرسیارەوە و دەکەوێتە بەردەم لێپرسینەوە دونیایی و ئەودونیاییەکانی هزری ئاینی ئیسلامەوە.

لێرەدا تێبینیدەکەین ئیسلامییەکان چەندە وردن لە ڕاڤەکردنی ئەو سەرگروشتەیەدا (لەکاتێکدا هەر لە بنەڕەتیشەوە بە سەرگروشتەیەکی ناڕاست یان زۆر لاوازی دادەنێن) کەچی دەبینین عەلمانی و دیموکراتخواز و مرۆڤدۆستەکان کورتیان هێناوە لە بۆچوون و شیکردنەوەی ئەو سەرگروشتەیەدا، چونکە بە هەڕەمەکی ئەو سەرگروشتەیە دەکەن بە بنچینە و دەستپێکی تیۆریی بۆ مەیسەرکردنی مەسەلەکانی ئازادی و دیموکراتی و مافی مرۆڤ و یەکسانی ژن و پیاو و مۆدێرنەکردن لە کۆمەڵگا ئیسلامییەکاندا و گوایە ئەوانە کارێکی دونیایی دوور لە قەڵەمڕەوی ئاینن و ئەو فەرموودەیە دەکەن بە ئامڕازی دەستەبەرکردنیان لە جوگرافیای ژێردەسەڵاتی ئاینی ئیسلامدا. ئاخۆ خاوەنانی ئەم چەشنە بۆچوونانە دەزانن هەر دیموکراتییەک و عەلمانییەک و هەر شتێکی تر کە لە سایەی ئەو سەرگروشتەیەوە بێتەئارا ئەوا لەبەردەم شمشێری بنەما ئاینییەکاندا، تەمەنی تەنیا هەناسەیەک درێژەناکێشێت… ئەگەر عەلمانییەت لەسەر بنەمای هزری ئاینی دابمەزرایە، ئەوا هەرگیز کۆمەڵگایەکی عەلمانیمان نەدەدی و مەلۆتکەی چەمکی عەلمانی هەر زوو لە قەسابخانەکانی ئایندا لەتوپەت و سەرنگوون دەکرا و نەدەبووە بابەتی باسکردن. سەیر لەوەدایە هەر لەپاڵ ئەمانیشدا، کەسانێکی ئیسلامی هەن، کە لەژێر هەژموونی بیروبۆچوونی مۆدێرن و ڕەوتی تازەی زانست و تەکنەلۆژیای سەردەمدا و بۆ ئارایشتکردنی ڕوخساری ئیسلام، هەمان گوتە بە نموونە دەهێننەوە و هەموو ئایەتە ڕاشکاوە دژبەرەکانی فەرامۆشدەکەن و کۆی ئیسلام لەو وتەیەدا بچوکدەکەنەوە.

بەڵام هێشتا وەڵامی ئەو پرسیارەمان نەداوەتەوە: بۆچی محەمەد ئەو سەرکێشییەی کرد و مەبەستی چی بوو؟ ئەگەر جارێکی تر وەڵامەکەی محەمەد بخوێنینەوە و سەرنجی بدەین، دەبینین وەڵامێکی ڕاستەوخۆی بەرگرتن و بەرنەگرتنی دارخورماکان نییە، بەڵکو پاساوێکە بۆ خۆدزینەوە و بچوککردنەوەی مەسەلەکە و ناتوانین وەڵامی ئەنجامی کرداری نەپیتاندنەکەی تێدا بدۆزینەوە، چونکە وەڵامێکە دەکرێت ناوی بنێین (ناوەڵام). مەبەست لە ناوەڵام ئەو جۆرە وەڵامەیە کە پەیوەندیی بە ناوەڕۆکی مەسەلە هەنووکەییەکەوە نییە، کەچی لە هەمان کاتدا دەبێتە مایەی دەمبەستنی بەرامبەر و کۆتاییهاتنی مشتومڕەکە بێئەوەی وەڵامی ڕاستەقینە و ئاشکرا درابێتەوە. ئەم چەشنە وەڵامە ناوەڵامەش تەنیا لە کەسانی قسەزان و لێزان و شارەزا دەوەشێتەوە، بەوەی شکستی خاڵێک دەکەن بە پاڵپشت و بەهێزکەری خاڵێکی تر. محەمەد لە وەڵامەکەیدا دەڵێت ئەوە بۆچوونی من بوو، هەڵەبوو، لەسەر بۆچوونێکی هەڵەش لۆمەم مەکەن، ئینجا بۆ ئەوەی مەسەلەکە دێزەبەدەرخۆنە بکات دەڵێت (ئەگەر شتێکم لە خواوە پێڕاگەیاندن ئەوە پەیڕەوی بکەن چونکە من درۆ بە دەمی خواوە ناکەم)، باشە خۆ هیچ کام لە عەرەبەکان باسی (لە خواوە پێڕاگەیاندن) و (درۆ بە دەمی خواوە)ی نەکردووە، ئیدی ئەم بۆچی لەخۆڕا ئەم مەسەلەیە قووتدەکاتەوە؟ محەمەد لێرەدا بە عەرەبەکان دەڵێت ئەوەی من پێم وتن بۆچوونی خۆم بوو، مەیخەنە سەر خوا، بەمەش خوا و ئایینەکەی لە هەر تانەیەک ڕزگاردەکات و لەوەش زیاتر دەڕوات دەڵێت من (درۆ بە دەمی خواوە ناکەم)، بەوەش خوا لە ئاگایی و خۆیشی لە هەر تانەیەکی درۆکردن پاکدەکاتەوە، ئیدی بەوجۆرە مەسەلەکە دەکاتە بۆچوونێکی سەرپێی و پێیاندەڵێت لەسەر (بۆچوونیش لۆمەم مەکەن).. بەوەش مەسەلەکە کۆتایی دێت و پێویستیشە کۆتایی پێبهێنرێت، چونکە لێرەدا کارابوونی کردەیی و جەستەیی ناوەڵامەکە بەزەقی خۆی نمایشدەکات بەوەی هەر وەڵامدانەیەک و ناڕەزاییەک دەچێتە خانەی تۆمەتبارکردنی محەمەد بە درۆزنی و درۆکردن بە دەمی خواوە یان گومانکردن لە ئاگایی خۆی و خوا لە کارێکی ئاسانی وەک پیتاندنی دارخورماکاندا، ئەوەش مەسەلەیەکە عەرەبەکان خۆیان باش دەیانزانی چ گێرمەوکێشە و دەردیسەرییەکیان بۆ دەخولقێنێت لەبەردەم سەرکردەیەکی مەیدانی جەزرەبەوەشێنی وەک محەمەددا.

لێرەدا پێویستە ئاماژە بە دوو خاڵی گرنگ و سەرنجڕاکێش بکەم:
یەکەم: واپێدەچێت محەمەد هەر لەو ماوەیەدا، واتە لە ماوەی نێوان قسەکردن لەگەڵ جوتیارەکان و ماوەی پێش بەرگرتنی دارخورماکاندا، لە قورئانیشدا هەمان بۆچوونی داڕشتبێت و هۆکارێکیشی بۆ بەردەوامبوونی پیتاندن بەبێ دەستێوەردانی مرۆیی دیاریکردووە، ئەویش گوایە (با) کردەی پیتاندن مەیسەردەکات (الحجر ٢2). بەڵام کاتێک ئەنجامەکە بە پێچەوانەوە دەردەکەوێت، بەو شێوەیە وەڵامدەداتەوە کە پێشتر بینیمان و بەبێ هۆ باس لە (درۆکردن بە دەمی خواوە) دەکات بۆ ئەوەی جوتیارەکان دەمکوت بکات. ڕەنگە ئەمەش تاکە هۆ یان هۆی سەرەکی بێت لەوەی زۆرێک لە ئیسلامییەکان ئەو سەرگروشتەیە بە هەڵبەستە و ناڕاست دادەنێن، چونکە ئەگەر ئەوە بەڕاست بزانن، ئەوسا دەبێت ئەو ئایەتەی (با) بە پیتینەر دادەنێت ئەویش بە بۆچوونی محەمەد دابنێن، نەک خۆیان وتەنی ئایەتی ئاسمانی بێت.
دووەم: گشت شێوازەکانی گێڕانەوەی ئەو سەرگروشتەیە جەغت لەوەدەکەنەوە: ئەوە خودی محەمەدە پاش ماوەیەک دەپرسێت ئەوە دارخورماکان بۆ وایان بەسەرهاتووە و بەریان نەگرتووە، نەک خاوەن دارخورماکان هاتبن و گلەیی و گازەندە لە محەمەد یان خواکەی بکەن لەسەر ئەو زیانەی پێیانگەیشتووە، کە لە لایەکەوە نیشانەیەکی زەقی ترسی جوتیارەکانە لە جەزرەبەی محەمەد و لەلایەکی تریشەوە پێماندەڵێت محەمەد بە هۆشیارییەکی تەواوەوە ئەو قسەیەی کردووە و بە هەمان هۆشیاریشەوە (هۆشیاریی چواردە سەدە لەمەوبەر) لە سەرەنجامی کارەکەی دەپرسێتەوە و دەیەوێت یان دوا هەلهەلەی سەرکەوتن لێبدات یان وەڵامە ناوەڵامە حازربەدەستەکەی بداتەوە.
بۆ ئەوەی لەتەواوی مەبەستەکەی محەمەد تێبگەین، پێویستە نموونەکەی ئەرستۆ و مردن بگۆڕین بۆ دارخورما و بەرگرتن، کە بەم شێوەیەی لێدێت:
درەختی بەردار بێ پیتاندن بەردەگرێت
دارخورما درەختە
کەواتە دارخورما بێ پیتاندن بەردەگرێت….
وەک بینیمان لە باری سەرنەکەوتنی گریمانەکەدا محەمەد بەلێهاتوویی بە وەڵامێک عەرەبەکانی دەمبەستکرد و سەرنجی عەرەبەکانی لە دارخورماوە گواستەوە سەر خوا… بەڵام ئەی ئەگەر گریمانەکەی محەمەد ڕاستدەربچووایە و دارخورما بەبێ پیتاندنیش بەری بگرتایە، ئەوسا چی ڕووی دەدا؟ محەمەد چی دەوت؟ چی دەکرد؟ ئیسلامییەکان لە مێژووی دوورودرێژی خۆیاندا چ بەیت و بالۆرەیەکیان لەو بارەوە دادەڕشت…؟
لەڕاستیدا گرەوە دۆڕاوەکەی محەمەد لەسەر ئەم لایەنەی گریمانەکەیە، لەسەر بەرگرتنی بێ پیتاندن، لەسەر دروستکردنی پەڕجوو (= موعجیزە)… ئەگەر گریمانەکە ڕاست دەربچووایە، واتە ئەوە محەمەد بوو توانی، لە ڕێگەی خواکەیەوە (یان ئەوە خوا بوو لەبەر خاتری پەیامبەرەکەی)، وا لە دارخورماکان بکات بێ پیتاندن بەربگرن… ئەمەش ئەو پەڕجووە بوو کە محەمەد لە سروشتدا بۆی دەگەڕا تا جوولەکە و عەرەبەکانی پێ دەمبەست و دەمکوت بکات، کە ڕۆژانە هەراسانیان کردبوو بەوەی پەیامبەرێکی بێ پەڕجووە، پەیامبەرێکە بێجگە لە گێڕانەوەی ئەفسانەکانی پێشینان هیچی پێناکرێت، پەیامبەرێکە ناتوانێت هەردوو قاچی لە زەوی بەرزبکاتەوە….. محەمەد، بێجگە لە زمانی، هیچ توانایەکی سەرسوڕهێنی نەبوو. نەیدەتوانی لەبەردەم عەرەبەکاندا کانییەک بتەقێنێتەوە، نەدەیتوانی لەبەردەم جوولەکەکاندا دارعەسایەک بکات بە مار و نەدەیتوانی لەبەردەم مەسیحییەکاندا نابینایەک چاکبکاتەوە، لەبەرئەوە بێئارامانە لە سروشتدا بە دوای دۆزینەوەی دیاردەیەکدا دەگەڕا تا بیکاتە پەڕجووی بەڵگەی پەیامبەربوون. خۆ ئەگەر ئەو دارخورما نەفرەتییانە بێ پیتاندن بەریان بگرتایە، ئەوا ڕەنگە محەمەد شمشێرەکانی بخستایەتەوە کالان و خوێنڕشتنیش کەمی بکردایە و وەک سەردەمی مەککە بێوەی بووایە.. لێ مەخابن یاسا کیمیایی و فیزیاییەکان و یاسا سروشتییەکان بە هەوانتە و هەیهو هەیهو ناگۆڕێن.
ڕاستە ئەم هیواخواستنە و ئەم جوڵەیەی محەمەد دژ بە یاسا سروشتییەکانی جیهانی ڕووەکی بوو، بەڵام سەرنجێکی وردبینانەش بوو لەسەر ئەوەی ئاخۆ هەر بەڕاستی دارخورما پێویستی بە پیتاندنە یان نەریتێکی هەڵەی عەرەبەکان بوو، وەک زۆر نەریتی هەڵەی تر کە هەیانبووە. سروشتیش بەدەنگی بەرز وەڵامی محەمەدی دایەوە و محەمەدیش، دوابار، بێدەستەڵاتانە ملکەچی وەڵامەکە بوو.
…………….
بە مەبەستی زێتر روونکردنەوە، دەمەوێت لێرەدا هەقیقەتی سەرگروشتەیەکی مەسیحیش نیشانبدەم، کە وەک هێما و ئاماژەی جیاکردنەوەی ئایین و دونیا لای مەسیح باسدەکرێت.
دەقەکە لە ئینجیلی مەتی 22: 15- 22 بەمجۆرەیە:
((ئەوکاتە فەریسییەکان لەناو خۆیاندا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی بە وشەیەک ڕاوی بکەن [واتە مەسیح بخەنە داوەوە و توشی گێرمەوکێشەی بکەن لەگەڵ قەیسەر و دەستوپێوەندەکەدا]
لەبەرئەوە لەگەڵ هیرۆدسییەکاندا شاگردەکانی خۆیانیان نارد بۆ لای مەسیح و لێیان پرسی: مامۆستا، دەزانین تۆ ڕاستگۆیت و ڕێگای یەزدان بە باشی دەزانیت و گوێ بەکەس نادەیت، چونکە تۆ تەماشای سەروڕوخساری خەڵک ناکەیت.
پێمان بڵێ: بۆچوونت چییە؟ ئایا دەشێت باج بە قەیسەر بدرێت یان نا؟
مەسیح لە دەروونپیسییەکەیان تێگەیشت و وتی: بۆچی تاقیمدەکەنەوە ئەی ڕیاکاران؟
ئادەی نیشانم بدەن بەچی مامەڵەی باج دەکەن. ئەوانیش دینارێکیان پیشان دا.
مەسیح لێیپرسین: ئەم وێنە و نووسینە هی کێیە؟ [مەبەستی وێنە و نووسینی سەر دینارەکە بوو]
ئەوانیش وتیان هی قەیسەرە. مەسیحیش وتی: کەواتە ئەوەی هی قەیسەرە بیدەنەوە بە قەیسەر و ئەوەی هی یەزدانە بیدەنەوە بە یەزدان.
کاتێک ئەوەیان بیست، سەریان سوڕما، ئیتر بەجێیانهێشت و ڕۆیشتن. ))
((وشەکانی ناو ئەم دوو کەوانەیە […..] بۆ ڕوونکردنەوەن و بەشێکی دەقەکە نین))
فەریسییەکان ڕێبازێکی ناو ئایینی یەهودی ئەوکاتە بووە و بەهۆی درۆ و دووڕووییانەوە مەسیح هێرشی زۆری کردووەتە سەریان… هیرۆدسییەکانیش بە هەمان شێوە ڕێبازێکی تر بوون. فەریسییەکان زێتر پابەندی ئایین بوون و وەک تاقمێکی ئسوڵی دەرکەوتوون و هیرۆدسییەکان کەمتر پابەندی یەهودییەت بوون و لە هەندێک شتیشدا لە یەهودییەکان جیاوازبوون، بەڵام شوێنکەوتووی هیرۆدس بوون بەو هیوایەی ببێت بە پاشایان. ئەو دوو گرووپە لەناو خۆیاندا دژ بەیەکتربوون، بەڵام لەبەرئەوەی بڕوایان بە مەسیح نەبوو، ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی بیخەنە داوەوە و لە ڕێی قەیسەرەوە مەسیح لەناو ببەن و لە کۆڵ خۆیانی بکەنەوە.
هەروەک لە سەرەتای سەرگروشتەکەوە دەبینین و تێدەگەین، فەریسییەکان کە تاقمێکی ئسوڵی بوون و خۆیان بەشارەزای ئایین داناوە، ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی پەنێک بە مەسیح بدەن و بە هۆی بۆچوونێکەوە داوێکی بۆ بنێنەوە، کە ببێتە مایەی لەناوبردنی.. ئەوان خۆیان ئەو کارە ناکەن، چونکە نایانەوێت لەگەڵ دەستوپێوەندەکەی مەسیحدا بکەونە گێرمەوکێشەوە، لەبەرئەوە قوتابییەکانی خۆیان لەگەڵ هیرۆدسییەکاندا دەنێرن بۆ تاقیکردنەوە و لەقافداگرتنی مەسیح، بەڵام هەر لەگەڵ دەمکردنەوە و پرسیارکردندا، مەسیح دەیانناسێت و دەزانێت ئەوانە کێن و بۆچی هاتوون، هەر بۆیە بە ڕیاکار بانگیان دەکات { ڕیاکار بەگوێرەی فەرهەنگ بە کەسێک دەوترێت کە لەبەردەم خەڵکیدا کاری باش و قسەی باش بکات، واتە تەنیا بۆ خۆدەرخستن وەک کەسێکی باش، نەک ئەوەی کەسێکی باش بێت و لە باشی خۆیەوە ئەو کارانە بکات}. ئەو ڕیاکارانە دەیانەوێت بە پرسیارێک مەسیح لە قافدا بگرن، پرسیارەکەش، کە بە زیرەکییەکی ئاینی داڕێژراوە دەبێت بە زیرەکییەکی تری ئاینی وەڵامی بدرێتەوە ئەگینا سەری وەڵامدەرەوە دەخوات، دەڵێت ئایا مەسیح تەنیا ملکەچی یەزدانە و دژی قەیسەرە یان ملکەچی قەیسەرە و لەئاست قەیسەردا یەزدان فەرامۆشدەکات؟ لێرەدا هەر وەڵامێک کە ملکەچی بۆ یەک لایەن نیشانبدات، هەر وەڵامێک کە لە ڕووکەشی پرسیارەکەوە دەستپێبکات، هەر وەڵامێک کە هێڵی جیاکەرەوەی نێوان هەردوو لایەنەکە نەکێشێت و هەر وەڵامێک لە هەمانەی ئایینی پوختەوە یان لە سەکۆی کاروباری دونیایی پوختەوە بدرێتەوە، دەکاتە کۆتاییهاتنی مەسیح: ئیدی یان کۆتاییهاتنی لەسەر دەستی قەیسەر و دەستوپێوەندەکانی یان کۆتاییهاتنی لەسەر دەستی دەستوپێوەندە ئایینییەکەی خودی مەسیح، چونکە وەڵامی ئایینی پوخت دژی قەیسەرە و وەڵامی دونیایی پوختیش دژی ئایینە.

جا لەبەرئەوەی مەسیح دەزانێت لەڕووی کێدا قسەدەکات، بۆیە ئەمیش هەر وەک محەمەد بە ناوەڵامێکی چاوەڕواننەکراو وەڵامدەداتەوە: وەڵامێک نە قەیسەری تێدایە نە یەزدان، بەڵام هەم پڕاوپڕە لە قەیسەر و هەم پڕاوپڕە لە یەزدان… ئەگەرچی کەرەستەی وەڵامەکەی مەسیح بریتییە لە دینار، لێ دینارێک نییە بەو شێوەیەی لە کاروباری ڕۆژانەدا هێزێکی دیاریکراوی کڕین و فرۆشتنی هەیە و دراوێکە دەشێت لەبری باجدا بدرێتە باجگر و بەهایەک بێت کە مرۆڤ بە ڕەنج و ماندووبوونی پەیدای کردبێت و لەبەرئەوەش موڵکی تایبەتی خۆیەتی، بەڵکو دینارێکە بەوپێیەی ڕووبەرێکە وێنەیەکی کەسی و ناوی کەسەکەی لەسەر کێشراوە و هیچی تر. ئەو دینارەی مەسیح دەڵێت بیدەنەوە بە قەیسەر، خودی دینارەکە نییە، بەڵکو ئەو وێنەیە کە لەسەر دینارەکە کێشراوە، وێنەی سەر دینارەکە موڵکی قەیسەرە، چونکە وێنەی قەیسەر خۆیەتی، لێ هێزی کڕین و فرۆشتنەکەی هی ئەو کەسەیە کە خاوەنی دینارەکەیە، کە بە ڕەنج و ماندووبوون پەیدای کردووە. خراپ تێگەیشتنەکە یان ناوەڵامیی وەڵامەکە لێرەدایە کە باس لە خاوەندارێتی و گەڕاندنەوەی وێنە و ناوی کەسێک دەکات، بێئەوەی خۆی لە قەرەی هەق و ناهەقی باجدان بە قەیسەر بدات، هەر لەبەرئەوەشە لێرەدا نە قەیسەر ئامادەیی هەیە نە یەزدان… بە بارێکی تریشدا، هەم قەیسەر ئامادەیە و هەم یەزدان… چونکە دەڵێت ئەوەی هی قەیسەرە بیدەنەوە بە قەیسەر و هەروەها لەبەرئەوەی دەڵێت ئەوەی هی یەزدانە بیدەنەوە بە یەزدان، بەوەش یەزدان بە هەموو ئامادەبوونێکی خۆیەوە ئامادەیە و تەنانەت لە وێناکردنێکی زەینی پوختیشەوە دەگۆڕێت بۆ کاراکتەرێکی چالاکی نێو ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤیش. ڕەنگە کەسێک بڵێت ئاخر چۆن دەکرێت وێنەکە بگەڕێنرێتەوە بۆ قەیسەر بێئەوەی دینارەکەش نەدەنەوە بەقەیسەر؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ئەوەیە: ئەگەر مەسیح مەبەستی ئەوەبووبێت هەموو دینارەکانی ئەوکاتە بگێڕنەوە بۆ قەیسەر، ئەوا مەسیح لە قەیسەر، قەیسەرتر دەبوو، چونکە قەیسەر تەنیا داوای بەشێک لە سامانەکان دەکات وەک باجی داهاتی ساڵانە، بەڵام مەسیح دێت و گیرفانی خەڵک بۆ قەیسەر دادەتەکێنێت.. ئەگەر مەبەستی مەسیح باج و بەهای هەموو دینارەکان بووایە بەگشتی، خۆ ئەو بڕە پارەیەی پاش لێدەرکردنی باجەکەش دەمێنێتەوە، هەر هەمان وێنە و ناویان لەسەرە و ئەگەر مەبەستی ئەوەبووبێت هەموو پارەکان بدەنەوە بە قەیسەر، کەواتە مەسیح دۆڕاوە و لەترسدا هەم خۆی و هەم پەیامەکەیشی بە قەیسەر دۆڕاند..!! بۆیە ئەوەی مەسیح مەبەستییەتی تەنیا وێنەی سەر دینارەکەیە، نەک خودی دینارەکە.
* *** *****
ئەگەر سەرنجێکی گشتی لەو دوو سەرگرووشتەیەی سەرەوە بدەین و وەڵامەکان لە خانەی هەڵوێست وەرگرتندا لێکبدەینەوە، دەبینین هەردوو وەڵامەکە بریتین لە شکستخواردن و شاردنەوەی شکست.. شکستخواردن لە وەڵامدانەوەی ئاشکرا و ڕوون و…. شاردنەوەی شکست لەبەردەم دۆست و دوژمندا، چونکە دوابار وەڵامەکان هەڵهاتنە لە هەڵوێستی ئاییندەی بەرامبەرەکانیان و گواستنەوەی مەسەلەکانە بۆ ناو قاوغی پیرۆزی و ئاین. لە هەمان کاتیشدا دەتوانین دوو ئاڕاستەی جیاوازیان تێدا بدۆزینەوە: ئەوەی مەسیح پیلانێکە لەلایەن نەیارانییەوە بە مەبەستی لەناوبردنی، لەبەرئەوە وەڵامەکەی ڕاکردنە لە مەرگ و لەناوچوون، بەڵام ئەوەی محەمەد هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی دیاردەیەکی تازە و لەمیشەوە هەڵکردنی بەیداغی پەڕجوویی، بەڵام وەک بینیمان بەیداغەکە لەبەردەم وەڵامی سروشتدا دەرفەتی هەڵکردنی نەبوو.
دوابار دەمەوێت ئەم چەند وشەیەی خوارەوە، وەک پاشکۆیەکی پێویست بڵێم. عەلمانیەت و مۆدێرنە ڕێکەوتنێک نییە لەگەڵ ئاییندا بۆ ئەوەی ئایین ببێتە کارێکی کەسی و لە دەستوەردانە کاروباری سیاسی و کۆمەڵایەتی و پەیوەندییە مرۆیی و دەوڵەتییەکان دووربکەوێتەوە و کاروباری کۆمەڵگا بۆ خەڵک و دامەزراوە حیزبی و سیاسی و مەدەنییەکانی جێبهێڵێت، واتە قایلکردنی ئایین نییە بەوەی تەنیا ئایین بێت و بەس، بەڵکو ڕاوەستاندن و ناچارکردنی ئایینە، لە ڕێگەی ڕەخنەکردن و خوێندنەوەی بنەماکانییەوە، بەوەی سنوورەکانی خۆی نەبەزێنێت، چونکە ئایین لە توانایدا نییە بەو جیهانبینییە کۆنەوە کۆمەڵگای هاوچەرخ بەڕێوەببات. ئەوەش کە ئێستا دەبینین ئاین لە ئەوروپادا دەسەڵاتی یاسایی و حوکمڕانی و سزادانی نیە، ئەوە ئەنجامی خۆ دوورخستنەوەی ئاین نییە لەو بوارانە، بەڵکو ئەنجامی دۆڕانی ئاینە لەو بوارانەدا لەبەردەم هەڵکشان و بەرەو پێشەوەچوونی زانست و دەستکەوتەکانی و کۆمەڵایەتیبوونەوەی زانست و دەستکەوتەکانی لە هەر جومگەیەک لە جومگەکانی ژیاندا.
بۆیە دەستکردن بە پڕۆسەیەکی دروست لە بواری پەروەردە و فێرکردندا و بڵاوکردنەوە و بەکۆمەڵایەتیکردنی هۆشیاریی زانستی و پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا و بەرهەمێنان و گۆڕینی کۆمەڵگا لە کۆمەڵگایەکی بێئیشی حەکەیاتخوێنەوە بۆ کۆمەڵگایەکی بەرهەمهێنەری سەرقاڵ بە بەها ژیاری و مرۆڤدۆستییەکانەوە، تاکە زامنکەری کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو و مەدەنیی دوور لە هاشوهووشی هەقیقەتە ڕەها ئاینیەکانە و هەر لەوێدا ئاین دەبێتە کارێکی تاکەکەسی و چیدی ناتوانێت دەستوەرداتە ناو کایەکانی ترەوە، بەوەش هەم تاکەکەس و هەم کۆمەڵگا، هەم ئایینداری و هەم بێئایینی لەژێر یەک چەتری ئارامی کۆمەڵایەتیدا ژیان بەسەردەبەن و هەر لەوێدا نە تاڵیبان، نە داعش و هاوشێوەکانیان شوێنێکیان دەستناکەوێت گەرای تێدابخەن.

نووسینی: مام برایم

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish