پاشایه‌كی بێ ته‌خت!.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
نه‌ریتێكی ناقۆڵای كۆمه‌ڵایه‌تییانه له نێو كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا هه‌یه، كه گه‌لێك په‌ند و ئیدیۆمی میللی له باره‌وه گوتراون، ئه‌ویش به سه‌ركردنه‌وه‌ی ناو و شوناسی ئه‌و داهێنه‌ر و ڕه‌مزه كولتووریی و نه‌ته‌وه‌یانه و فه‌رهه‌نگییانه‌یه، كه ڕۆڵێكییان له ژیانی نه‌ته‌وه‌یی ئێمه، له ڕووێكه‌وه دوای مردنیان بینیوه. به‌ومانایه‌ی تا مرۆڤه‌كه له ژیاندایه لای لێ ناكرێته‌وه، ڕه‌نگه كه‌س به بیری نه‌بێت و پێگه و شوناسی نه‌نرخێنرێت و ڕۆڵ و ئاماده‌یی له خزمه‌ت نه‌ته‌وه و كولتووردا نادیده بگیرێت، یاخود وه‌ك كاری كه‌سانی دیكه سه‌یر بكرێت، به‌ڵام كاتێ ده‌مرێت، ئیدی له زه‌وی ئاسمانه‌وه شین و واوه‌یلای بۆ ده‌كه‌ن و ده‌یگه‌یێنه كه‌شكه‌ڵانی ئاسمان. بێگومان ئه‌گه‌ر مه‌رگی ئه‌و مرۆڤه خۆی نه‌بووایه و هه‌ر له ژیان بووایه، به دڵنیاییه‌وه ئه‌وه‌ی بۆ ناكرا، وه‌ك ئه‌وه‌ی له دوای مردنی بۆی ده‌كرێت. ئه‌گه‌ر سه‌رنج له ئه‌ده‌بی سه‌رزاره‌كی، په‌ند و ئیدیۆمه میللییه‌كانی ئێمه و ته‌نانه‌ت شیعر و سه‌رگوزشته‌ی فۆلكلۆریش بده‌ین، ده‌بینین به‌رده‌وام كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی زیندوو كوژی مردوو په‌رست وێنا كراوه و ده‌گوترێت:( كورد زیندوو كوژی مردوو په‌رسته/ له پاش مه‌رگم چ فایده‌یه بێیه سه‌ر قه‌برم له بۆ شیوه‌ن/ كه به زینوویی بۆمن نه‌بووی كه مردم چیت لێ بكه‌م) ئه‌مانه و گه‌لێك گوزارشتی میللییانه‌ی دیكه. به بڕوای من ناوه‌ڕۆكی ئه‌و ده‌ربڕینانه شتێك نییه ڕووكه‌شانه و بێ بوونی هیچ ئه‌زموونێكی ژیان له خۆوه گوترابێت، به‌ڵكو به كرده‌یی ڕوویداوه و تا كوردیش ماوه هه‌ر ڕووده‌دات. لێره‌وه‌شه كه ده‌گوترێت مردوو په‌رست و زیندووكوژین، واتا بۆ هه‌موو سه‌رده‌م و قۆناغێك ده‌شێ وابین و گومانیشی تێدا نییه كه واین. ئه‌مه دروست به‌رانبه‌ر وه‌رگێڕ و نووسه‌ری دیار (عه‌زیز گه‌ردی) كرا. كه چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر كۆچی دوایی كرد. ئه‌م نووسه‌ره، به‌و شێوه ژیانه تایبه‌تییه‌ی هه‌ڵیبژارد و له سه‌ری ڕۆیشت، هاوكات به به‌رهه‌م و وه‌رگێڕانه جوانه‌كانی، بووه ناوێكی دیار و ئاشنای نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی كوردیی و هه‌ر كه‌سێك كتێب بناسێت، ده‌بێ گه‌ردیش بناسێت و ناوی بیستبێت. به تایبه‌تیش له ڕێگه‌ی شاكاری داغستانی منه‌وه. گه‌ردی تا مرد، ته‌نیا و گۆشه‌گیر، لاته‌ریك و دوور له هه‌را و زه‌نای ڕووكه‌شانه‌ی نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی كوردی ژیا و هه‌موو ته‌مه‌نی خۆی بۆ كتێب و په‌یڤ و نووسین ته‌رخانكردوو كتێبی كرده شوێنگره‌وه‌ی هه‌موو شتێكی ژیانی خۆیی و ته‌نها بۆ كتێب و خوێنه‌وه ژیا. ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌نده‌ی تریش ئه‌و نووسه‌ری گه‌وره و خۆشه‌ویست و ڕێزلێگیراوتركرد ئه‌وه‌بوو، كه هه‌تا مرد كتێبی و شوناسی ڕۆشنبیریی و ئه‌ده‌بییانه‌ی خۆی، به هیچ شتێك نه‌گۆڕییه‌وه و مه‌زنایه‌تی خۆی نه‌كرده قوریانی پاره و پۆست، وه‌ك ئه‌وه‌ی خولیای به‌شێكی هه‌ره زۆری نووسه‌رانی ئێمه‌یه و هه‌ر ڕۆژه و قه‌ڵه‌مه‌كه‌یان له شوێنێكه و بیر‌و بڕواشیان هی حزبێكه و ڕووی ئه‌وه‌شیان هه‌یه، خۆیان وه‌ك فیگه‌ری دیاری دنیای ڕووناكبیری ئێمه نیشان بده‌ن. گه‌ردی، به هۆی ناوبانگی و خزمه‌ته‌كانی له بواری نووسین و زمانی كوردییه‌وه، هه‌ر شتێك مه‌به‌ستی با، ده‌یتوانی داوای بكات و بۆشی جێبه‌جێ ده‌كرا. به‌ڵام تا مرد، گۆشه‌گیریی و ژیانی ته‌نهاییانه‌ی خۆی له ناوچه‌یه‌كی لاته‌ریك و له‌گه‌ڵ كتێبدا نه‌گۆڕییه‌وه به هیچ شتێك. ئه‌و نووسه‌ره تا له ژیان دابوو، گومان ده‌كه‌م خزمه‌تێكی ئه‌وتۆی كرابێت، یاخود ڕێزی لێبنێن و به سه‌ری بكه‌نه‌وه. به پێچه‌وانه‌وه، بگره دژایه‌تیشی كراوه، وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆی باسی ده‌كات و له په‌راوێزی نووسینی چه‌ند نووسه‌رێكیشه‌وه ئه‌و ڕاستییه باسكراوه. به‌ڵام هه‌ر كه مرد، ئیدی مه‌رگی بووه هه‌واڵ و ڕووداوێكی گه‌وره و هه‌موو تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ده‌زگا چاپه‌مه‌نییه‌كان و به‌رپرسه باڵاكانی ئه‌م هه‌رێمه و نووسه‌ران و وه‌رگێڕه‌كانیشی به ئاگا هێناوه، كه پێشتر ده‌یانتوانی گه‌ردی و كاره‌كانی بڵاوێنه‌وه و و تا له ژیان دابوو به‌سه‌ری بكه‌نه‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه ئه‌و بڕوایه‌ی لادروست بێت كه كورد زیندووكوژی مردوو په‌رست نییه. گریمان گه‌ردی به هۆی ژیانی تایبه‌تی خۆیه‌وه، كه ئازاده له‌وه‌ی چۆن هه‌ڵیده‌بژێرێت، دوور له نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیری بووه، به‌ڵام خۆ ده‌كرا بێ ئاماده‌یی ئه‌و ڕێزی لێنرابا و بۆ نموونه خه‌ڵاتێكی ساڵانه به نێوی وه‌رگێڕان به ناویه‌وه بكرێت، ئه‌و كات خۆشی هه‌ستی به ئاسووده‌یه‌كی گه‌وره ده‌كردوو ده‌بووه نه‌ریتیش كه داهێنه‌ر و مرۆڤه مه‌زنه‌كانمان تا له ژیاندا ماون، وه‌ك گه‌وهه‌ری به نرح ببینین و به سه‌ریان بكه‌ینه‌وه. بۆیه به بڕوای من، هیچ بوێری و جوانییه‌ك له‌وه دانییه دوای مردنی مرۆڤێك، ئیدی شوناسی گه‌وره و كاریزمایی بده‌یته پاڵ و شینی بۆ بكه‌یت، چونكه ئه‌و خۆی له ژیان نه‌ماوه، تاكو ئه‌و به‌سه‌ركردنه‌وه و نرخاندنه ببینێت، به‌ڵام به داخه‌وه پێ ده‌چێت ئه‌مه نه‌ریتێك بێت له نێو ئێمه. كتێبی ( عه‌زیز گه‌ردی پاشای زمان و وه‌رگێڕان) كه حه‌مید ئه‌بوبه‌كر به‌درخان ئاماده‌ی كردووه، كتێبێكه له باره‌ی گه‌ردی و له چله‌ی ماته‌مینییه‌وه بڵاوكرایه‌وه. ئه‌م كتێبه, كۆكراوه‌ی ئه‌و وتارانه‌یه، كه له سه‌رو به‌ندی مه‌رگی گه‌ردی، له‌لایه‌ن نووسه‌ران و هاوڕێكانییه‌وه نووسراون و تیایدا مردنی گه‌ردی به بۆشایه‌كی گه‌وره له دنیای نووسین و وه‌رگێڕان ده‌بینن. بێگومان وتاره‌كان، زۆرتر خه‌سڵه‌تی لاونه‌وه و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌وانییان هه‌یه، له‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌یه‌كی وردی مه‌عریفییانه و زمانییانه و فه‌رهه‌نگییانه‌ی كاره‌كانی ئه‌و وه‌رگێڕه بێت. چونكه ئاماده‌كاری كتێبه‌كه، كه هه‌ر ته‌نها مه‌به‌ستی بووه كورده‌واری وته‌نی ( شتێك به شتێك بكات) كاتێ ناوی عه‌زیز گه‌ردی به پاشای زمان و وه‌رگێڕان ناو ده‌بات، به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه ده‌بوو توانای ئه‌وه‌شی هه‌بووایه، پاشایی بوونی عه‌زیز گه‌ردی پیشان بدات، نه‌ك ته‌نها شوناسێكی سه‌ر زاره‌كی پێ بدات. خوێنه‌ر كه ناونیشانی ئه‌م كتێبه ده‌بینێت، بیری بۆ ئه‌وه ده‌چێت كه ئه‌مه هه‌ڵسه‌نگاندن و خوێندنه‌وه‌یه‌كی وردی كاره‌كانی گه‌ردییه‌و دواتریش به‌راوردكردنییانه به كاری نووسه‌رانی دیكه، یاخود ده‌رخستنی ڕه‌هه‌نده‌كانی بواری وه‌رگێڕانه لای ئه‌م وه‌رگێڕه و دواتریش به‌راوردكردنه‌وه و جیاكردنه‌وه‌یه‌تی له‌كاری وه‌رگێڕه‌كانی دیكه، چونكه به چه‌ند كورته وتارێكی سه‌رپێی، كه هه‌ندێكییان ساده و هه‌ندێكی دیكه‌یان پتر باسكردنی نووسه‌ره‌كان خۆیانه له‌وه‌ی باسی گه‌ردی بكه‌ن، ناتوانرێت عه‌زیز گه‌ردی به پاشای وه‌رگێڕان ناو به‌رین. بێگومان نكۆڵی له‌و وه‌رگێڕه و كاره‌كانی، خزمه‌ته‌كانی له بواری زمان و فه‌رهه‌نگی كوردی ناكرێت، كه‌سمان لاریمان له‌وه نییه و به بڕوای منیش گه‌ردی سه‌د جار شایه‌نی پاشایه‌تی وه‌رگێڕانه، به‌ڵام ئه‌مه نابێ هه‌ر ته‌نها قسه و گوتن بێت، به‌ڵكو ده‌بێ به ساغكردنه‌وه، به هه‌ڵسه‌نگاندن و به‌راوردكردن، دواتریش ده‌رخستنی هه‌موو ئه‌و تایبتمه‌ندییه فه‌رهه‌نگی و زمانه‌وانییانه بێت، كه‌كاره‌كانی گه‌ردی له كاره‌كانی هه‌ر وه‌رگێڕێكی دیكه جیا ده‌كه‌نه‌وه. ئه‌گه‌ر ئێمه گریمانه‌ی ئه‌وه دابنێین، كه ئه‌و كتێبه به هه‌مان ناونیشان و ناوه‌ڕۆكه‌وه وه‌رگێڕدرایه سه‌ر زمانی ئینلگیزی، یاخود ئه‌ڵمانی و هۆڵه‌ندی، ئایا خوێنه‌رانی ئه‌وێ، چ پرسیار و تێگه‌یشتنێكییان له باره‌ی دژوازی ناونیشان و ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه بۆ دروست ده‌بێت؟! ئایا كتێبێكی ساده‌ی له‌و شێوه‌یه، شایه‌ن به ناو و پێگه‌ی گه‌ردییه؟ ناونیشانی كتێبه‌كه له بنه‌ڕه‌تدا له وتارێكی ئاماده‌كاری كتێبه‌كه خۆی وه‌رگیراوه، كه تیایدا گه‌ردی به پاشای زمان و وه‌رگێڕان ناو ده‌بات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنج و مایه‌ی پرسیاره ئه‌وه‌یه، حه‌مید به‌درخان له كۆی ئه‌و وتاره‌یدا، نه‌یتوانیوه به تاكه دێڕێكیش له باره‌ی وه‌رگێڕان و زمانی گه‌ردییه‌وه بدوێت، نه‌یتوانیوه خاسیه‌ته‌كانی وه‌رگێراِن لای ئه‌و وه‌رگێره، كه به هۆیه‌وه بووه دیارترین وه‌رگێڕ باس بكات، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌وه‌نده‌ی باسی خۆی، ئه‌كادیمیای به‌درخان و فیستیڤاڵ و گه‌شته‌كانی ئه‌و ئه‌كادیمیایه بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌كات، ئه‌وه‌نده باسی گه‌ردی و به‌رهه‌مه‌كانی ناكات، له كاتێكدا ئه‌و ناونیشانه زه‌ق و گه‌وره‌ی بۆ وتاره‌كه‌ی خۆی و كتێبه‌كه‌ش داناوه. ده‌بوو به‌درخان، به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه له باره‌ی هونه‌ری وه‌رگێڕان و تایبتمه‌ندییه‌كان و ڕۆڵی گه‌ردی له‌و بواره‌دا، لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ورد و زانستیی و بابه‌تییانه بنووسێت و بیكاته ده‌روازه‌ی كتێبه‌كه ئه‌و كات ئه‌و مافه به خۆی بدات، ناونیشانێكی وه‌ها بۆ وتاره ساده و ساكاره‌كه‌ی دابنێت. چونكه خوێنه‌ر كه ناونیشانه‌كه ده‌بینێت، وا هه‌ست ده‌كات كۆی وتاره‌كه‌ی له باره‌ی وه‌رگێڕان و زمانه، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه باسێك نییه بۆ ئه‌و بابه‌تانه. له درێژه‌ی كتێبه‌كه‌دا، كۆی ئه‌و وتارانه‌ی دیكه‌ی ده‌بینین، كه له باره‌ی مه‌رگی گه‌ردییه‌وه نووسراون. وتاره‌كان هه‌موویان وتاری ساده و سه‌ر زاره‌كین، بێ قووڵایی و بێ هزرن، به هیچ شێوه‌یه‌ك له باره‌ی كاره‌كانی گه‌ردییه‌وه نادوێن، به‌ڵكو له ده‌وری چه‌ند باس و بابه‌تێكی دیكه ده‌خولێنه‌وه، كه خوێنه‌ر ده‌یانخوێنێته‌وه سه‌یری پێ دێت، ئه‌م جۆره وتارانه، له باره‌ی گه‌وره نووسه‌رو وه‌رگێڕێكی وه‌ك گه‌ردی بنووسرێن. بۆ نموونه: یه‌كێك باس له‌وه ده‌كات كه‌ژنی هێناوه، گه‌ردی پاره‌ی پێداوه، ئه‌ویتریان باس له شاره‌وانی و زه‌وی ده‌كات ، كه چۆن زه‌وی بۆ گه‌ردی كڕیوه، یه‌كێكی دیكه‌یان باس له جلوبه‌رگی و خاكیبوونه‌كه‌ی ده‌كات، ئه‌ویتریان باس له تووڕه‌یی نیگه‌رانی و زۆر شتی تر، یه‌كێكی دیكه‌یان باسی گه‌شته‌كه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی بۆ هه‌ڵه‌بحه و شاره‌زوور ده‌كات. به ڕاستی مایه‌ی پرسیار و نه‌نگییه‌كی گه‌وره‌یه، ئه‌و جۆره بابه‌تانه له باره‌ی گه‌ردییه‌وه بنووسرێن. ئه‌م جۆره باسانه، له كوێوه‌ی ناونیشانی كتێبه‌كه‌ی به‌درخان جێیان ده‌بێته‌وه؟ ئه‌م جۆره وتاره ڕۆژنامه‌وانیی و ڕوكه‌ش و بێ هزر و قووڵاییانه، له كوێوه‌ی زمان و وه‌رگێڕان جێگه‌یه‌كییان ده‌بێته‌وه؟ ئایا ناونیشانی كتێبه‌كه و ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه، له‌گه‌ڵ یه‌كتری یه‌كده‌گرنه‌وه؟ له كۆی ئه‌و وتارانه‌ی نێو كتێبه‌كه، باسێك له باره‌ی خاسیه‌ته‌كانی وه‌رگێڕان، زمان، شێوازی كاری هونه‌رییانه‌ی گه‌ردی و جیاوازییه‌كانی له‌گه‌ڵ وه‌رگێڕه‌كانی دیكه نییه، ته‌نها لاونه‌وه و ستایشكردنێكی ڕووكه‌شانه‌یه، كه دڵنیام ئه‌گه‌ر گه‌ردی له ژیان بمابایه و كتێبه‌كه‌ی بدیبایه، ئه‌وا به جۆرێك تووڕی ده‌دا، ئه‌و سه‌ری دیار نه‌بێت. چۆن ده‌بێت له باره‌ی نووسه‌ر و وه‌رگێڕێكی ده‌گمه‌نی وه‌ك گه‌ردی بدوێین و كتێب بنووسین، به‌ڵام تۆزقاڵێك له باره‌ی كار و به‌رهه‌مه‌كانی نه‌دوێین. دیاره مه‌به‌ستی ئێمه بیبلۆگرافیا و باسكردن له ناو و ژماره‌ی كتێبه‌كانی نییه، به‌ڵكو باسكردنه له شێوازی كاركردن و هه‌ڵبژاردن و وه‌رگێڕانی كتێبه‌كانی. به‌و مانایه‌ی گه‌ردی بۆچی و چۆن توانی ببێته یه‌كێك له دیارترین وه‌رگێڕه كورده‌كان و چۆن به‌و زمانه شیرین و بێ سفت و سۆڵه كاری وه‌رگێڕانی ده‌كرد. یاخود جیاوازییه‌كانی هونه‌ری وه‌رگێڕان، لای ئه‌و وه‌رگێڕه و وه‌رگێڕه‌كانی دیكه چییه، بۆچی به بایه‌خه‌وه كتێبه‌كانی ئۆریانا ڤالانچی وه‌رده‌گێڕا؟ بۆچی داغستانی من، له هه‌فتاكاندا وه‌رده‌گێڕێت.؟ ئه‌مانه و چه‌ندین پرسیاری دیكه، ده‌كرا بكرێنه ته‌وه‌ری ئه‌و كتێبه و ئیدی نووسه‌ران و توێژه‌ران، له باره‌ی زمان و وه‌رگێڕانه‌كانییه‌وه، به قووڵی و وردی بدوابان. بێگومان ئێمه ده‌زانین ئه‌و كتێبه، وه‌ك بیرهێنانه‌وه‌یه‌ك بۆ چله‌كه‌ی نووسراوه، زۆرباش ئه‌وه‌ش ده‌زانین وتارێك كه بۆ بۆنه‌یه‌ك و بیرخستنه‌وه‌یه‌ك ده‌نووسرێت، ڕه‌نگه زۆرتر مۆركی وتارێكی ڕۆژنامه‌وانی وئااسایی وه‌ربگرێت، قسه‌ی ئێمه له‌و باره‌وه نییه، كه ڕه‌نگه ئاماده‌كاری كتێبه‌كه، بیانكاته پاساوی سه‌رنجه‌كه‌ی ئێمه له باره‌ی ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌وه، به‌ڵكو قسه‌ی ئێمه له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆك و ناونیشانی كتێبه‌كه‌یه. به‌و مانایه‌ی چۆن ده‌بێت گه‌ردی به پاشای وه‌رگێڕان ناوبه‌ریت، به‌ڵام ئه‌و پاشابوونه‌ی ده‌رنه‌خه‌ی؟ له باره‌ی زمان و وه‌رگێڕانه‌كانییه‌وه، بچووكترین زانیاریی و ناسینه‌وه‌ش نه‌خه‌یه ڕوو؟ ئایا باسكردن له‌وه‌ی كه گه‌ردی مرۆڤێكی هه‌ستیارو گۆشه‌گیر بووه‌وه له هه‌موو شتێك به گومان بووه، هیچ په‌یوه‌ندی به وه‌رگێڕان و زمانزانیه‌كه‌یه‌وه هه‌یه؟ ده‌كرا له بری ئه‌وه‌ی هه‌رچییه‌ك و هه‌ر چۆنێك بێت له چله‌كه‌ی كتێبێك ئاماده بكات، ئاماده‌كاری كتێبه‌كه، به پڕۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌تر و فراوانتر و با چه‌ند ساڵێكی دیكه‌شی خایاندبا، كتێبێكی له باره‌ی زمان و وه‌رگێڕان و ڕه‌هه‌نده فه‌رهه‌نگی و مانایه‌كانی لای گه‌ردی ئاماده بكات. چونكه به داخه‌وه زۆرجار كارێك ده‌كرێت، نه‌ك له ئاست گه‌وره‌ی نووسه‌رێك نییه، به‌ڵكو به جۆرێك له جۆره‌كان، به هۆی ساده‌یی كاره‌كه‌وه له گه‌وره‌یی و پێگه و ناویشی كه‌مده‌كرێته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌و كتێبه‌دا ده‌یبینین. له‌لایه‌كی دیكه‌وه، سه‌ره‌تاییترین كارێك كه له‌باره‌ی هه‌ر نووسه‌رێكه‌وه بكرێت، ساغكردنه‌وه‌ی ساڵی له دایكبوونیه‌تی له ڕووی مێژووییه‌وه. خۆ گه‌ردی، دوو سه‌د ساڵ له‌مه‌و به‌ر له دایك نه‌بووه، تا ساڵی هاتنه دنیای وه‌ك شاعیرانی كلاسیك ته‌مومژاوی بێت؟ كه‌چی له‌و كتێبه‌دا، به دوو به‌رواری جیا، ساڵی له دایكبوونی نووسراوه. له لاپه‌ڕه (44) ساڵی 1947 نووسراوه‌وه له‌لاپه‌ڕه (47) ساڵی 1948 نووسراوه. ئه‌مه وێرای ئه‌وه‌ی كتێبه‌كه ته‌ژییه له هه‌ڵه‌ی چاپ و نووسین، به جۆرێك هه‌ندێكییان هێنده زه‌قن، كه ده‌ریده‌خه‌ن ئه‌و كتێبه پێداچوونه‌وه‌یه‌كی سه‌رپێی بۆ كراوه. بۆ نموونه له‌لاپه‌ڕه (108) دا نووسراوه:( جارێكییان له‌گه‌ڵ كه‌ریم ده‌شتی له ساڵی 1916 سه‌ردانی عه‌زیز گه‌ردیمان كرد) ئه‌گه‌ر به‌و پێوه‌ره بێت، ئه‌وا ئێستا ده‌شتی شاعیر ته‌مه‌نی سه‌دو شه‌ش ساڵه و سه‌ردانه‌كه‌ش سی و دوو ساڵ به‌رله له‌دایكبوونی گه‌ردی بۆ لای ئه‌نجامدراوه. بێگومان من زۆر باش ده‌زانم، هه‌ڵه‌ی چاپ چ ڤایرۆسێكه و به‌رزه‌فتكردنی ئه‌سته‌مه، به‌ڵام نابێ كتێب له باره‌ی گه‌وره نووسه‌ر و وه‌رگێڕێكی كورده‌وه چاپ و بڵاوبكه‌ینه‌وه، به بێ هه‌ڵسه‌نگاندن و پێداچوونه‌وه. ئه‌مه وێرای ئه‌وه‌ی ده‌یان هه‌ڵه‌ی دیكه‌ی چاپیشی تێدایه. به‌رله‌وه‌ی كۆتایی به‌و وتاره بێنم، ده‌مه‌وێ ئاماژه به‌وه بده‌م، له كۆی وتاره‌كانی ئه‌و كتێبه، ته‌نها وتاره‌كه‌ی برای نووسه‌ر ( ئه‌دیب نادر) باس له وه‌رگێران و شێوازی وه‌رگێران لای گه‌ردی به كورتی و پوختی ده‌كات. وتاره‌كه‌ی ئه‌دیب، كه له‌كۆتایی كتێبه‌كه‌یه، ئه‌و نائومێدیه‌مان ده‌ڕه‌وێنێته‌وه، كه له باره‌ی كتێبه‌كه له سه‌ره‌تای خوێندنه‌وه‌ی لامان دروست ده‌بێت. وتاره‌كه، كورت، پوخت و به زمانێكی ئه‌ده‌بیانه‌ی جوان نووسراوه. بایه‌خی وتاره‌كه‌ی ئه‌دیب نادر هه‌ر ته‌نها له‌وه دانییه، به‌ڵكو گرنگتر له‌وه ئه‌وه‌یه، كه هه‌شت ساڵ به‌رله مه‌رگی گه‌ردی نووسراوه، واتا هێشتا خۆی هه‌ر له ژیان بووه. به‌مه‌ش ئه‌دیب، ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و له‌شكره نووسه‌ره‌ی زیندوو كوژی مردوو په‌رستن، وه‌ك ئه‌وه‌ی له سه‌ره‌تای وتاره‌كه‌مانه‌وه باسمان كردووه. دواجار ده‌ڵێم به‌و كتێبه‌ی، به‌درخان ته‌ختێكی بۆ گه‌ردی بونیاد نه‌نا، گه‌ردی خۆی پاشای وه‌رگێڕانه و پێویست به‌وه ناكات كه‌س ناو و شوناسی بۆ بتاشێت. خۆی و كاره‌كانی، گه‌واهی مانه‌وه‌ی ناو و پێگه و مێژوو و ڕۆڵی ئه‌ون له خزمه‌تكردن به زمان و فه‌رهه‌نگ و كولتوور. ئیدی پێویست به‌وه ناكات كه‌س مێژووێكی بۆ دروست بكات، كه به داخه‌وه ڕه‌نگه له ئاست ناو و شوناسی ئه‌ویش نه‌بێت. بۆیه به‌و كتێبه ساده‌یه‌ی حه‌مید به‌درخانیش، گه‌ردی نابێته پاشای وه‌رگێڕان، چونكه كه‌سێك كه خۆی پاشا بێت، پێویستی به‌وه نییه بكرێته پاشا.
سه‌رنج/ مه‌به‌ستی ئێمه له پاشایه‌كی بێ ته‌خت، به هیچ شێوه‌یه‌ك كه‌مكردنه‌وه نییه له پله و پایه‌ی ئه‌ده‌بی گه‌ردی، به‌ڵكو مه‌به‌ستمان له بێ ته‌خته‌كه كتێبه‌كه‌یه، به‌و مانایه‌ی به داخه‌وه له ئاست گه‌ردی و كاره‌كانی نییه.
په‌راوێز: ناوی كتێب: عه‌زیز گه‌ردی پاشای زمان و وه‌رگێڕان، ئاماده‌كردنی حه‌مید ئه‌بوبه‌كر به‌درخان، بڵاوكراوه‌ی ئه‌كادیمیای به‌درخان _ 2022