Skip to Content

شیعر\ چ دونیایەکی جوانە.. نەوزاد مدحەت (گۆران عەبدوڵڵا)

شیعر\ چ دونیایەکی جوانە.. نەوزاد مدحەت (گۆران عەبدوڵڵا)

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 10, 2022 General, Literature

نووسینی: نەوزاد مدحەت (گۆران عەبدوڵڵا)

خوێندنەوەی: رزگار عومەر..

چ دونیایەکی جووانە+

ئەگەر بتوانم بۆ ساتە خەونێکیتر
چاوم لە خەونبینین نەبێتەوە
سەرم و سەرینی جێ خەوم جیانەکرێتەوە
ئەو دەمی؛
هەرچی شەکەتی زنجیری ڕۆژی کارە
لە جێ خەوەکەمەدا جێدەهێڵم
ئەگەر ئەو زنجیرە لە دەستم ببێتەوە!

چەندە خولیامە ؛
هەموو سەحەرێك تێر بنواڕمە هەڵهاتنی خۆر
ئەو سیحرەی لە هیچ سیحرێك ناچێت
ئەو سەحەرەی
زنجیری کار
لەوەتەی هەم
نەك تەنیا دەستم
هەموو ڕوانینی کەلەپچە کردووم!

چ دونیایەکی جوانە
کاتێک دەرگا ئاسنینەکەی کار دەترازێنم
لە دڵەوە بەیانی باشێك
لە دارو دیوارو ئامێرە ڕەقەکانی کارگە بکەم
لە ناخی خۆمەوە؛
سەحەرێکی نوێ سەر دەربکاو
هەستبکەم بە ڕاستی ئەوە خۆ ڕۆژێکیترە!
ئەوەتا دەرفەتێکیتر
بۆ پچڕانی زنجیرەکانی ڕوانینمان
بۆ بنیاتنانەوە
بۆ جوانترکردنێکی ڕاستەقینە
بۆ ڕۆحی مرۆڤەکان
بۆ ژیان!

چ دونیاکی جوانە،
گەر من و هاوڕێی پەنا دەستم
چەشنی سەحەری بەیان
بە دەم و چاوێکی گەشەوە
لەیەک بڕوانین و
هەستبکەین
بە بێ هیچ قسەیەك
لە بێدەنگترین گفتوگۆی بوون
ژیان دەکەینەوە بەر ژیانا!

هەمووتان
تەنیا یەك جار
بهێننە بەرچاوی خۆتان
قفڵێك نەبێ لە دەمتان
تەمێک نەبێ لەسەر چاوتان
ئەو دەمی
ئەو دونیایە چەندە شیرینتر دەبێت
ئەگەر دڵی یەکگرتووی هەمووان
پێمان بڵێ؛
دەبێ بۆهەمووان بێت
بزەو ڕەنگی شینی ئاسمان!

هەمووتان
تەنیا یەك جار
بهێننە بەرچاو…
وەکو ڕۆحی نەیتڤەکانی ئەم کیشوەرە
هەموو ڕووبارەکان ببن بە دەستە خوشکمان
وەکو ڕۆحی مرۆڤی
نێو دارستانە چڕەکانی ئەوسەری دونیا
باڵندەکان ببنە هاوماڵی ڕاستەقینەمان
دەریاکان لە جیاتی گۆڕی ئازیزان
ببن بە پێخەفی
نەرم و نیانی مناڵان!

من نازانم و تێناگەم
ئەوانەی دەیڵێم چەندە دێ لە دەستمان؟!
نازانم هێشتا تامی کاتژمێرە زیادەکەی خەوبینینە
خەیاڵی گرتووم
یان شۆڕشێك سەر لە نوێ
لە نێو گێژاوەی ئەم دونیایەدا
وا دێتەوە زمان،
بەڵام دەزانم بە تەنیا من نیم
لە نێو خەون و زنجیردا دێم و دەچم
ڕەنگە لە هیچ ساڵ و مانگ و ڕۆژی ڕۆژمێرێك تێنەگەم
بەڵام ئەو سەحەرەی لە دڵمایە
لەو دیوی شەکەتی خەمی ژیانا
بەدەنگێ نەرم
پێم دەڵێ
بە ڕووبارەکان و بە شارە ماندووەکان بڵێن
چار نیەو
لە نێو سەرین و زنجیرەکاندا
لە نێوان خەون و فڕینی ڕاستەقینەدا
دەبێ هاوارێك بکەین لە جیاتی ژیان
چار نەماوە
پانتایی زەوی
لەم قرچەی سوتانی بوون و نەبوونەدا
دەبێ ببێتەوە بە دایکی هەمووان!


+ ناونیشانی ئەم شیعرە لە گۆرانییەکی لویس ئارم سترۆنگەوە وەرگیراوە.

نەوزاد مدحەت
٢٠٢٢

mm

نووسەر و رۆژنامەنووس نەوزاد مدحت ناسراو بە (گۆران عەبدوڵڵا) لە شاری کەرکوک لە دایک بووە خوێندنی لە( ئامادەیی ثورە) تەواو کردووە، دوواتر لە پەیمانگای هونەری موسڵ بەشی موحاسەبە وەرگیراوە. بەهۆکاری نەچوونە جەیشی شەعبی لە دووا قۆناغ فەسڵکرا. وەک کەسێکی سیاسی و ناڕازی درێژەی بە کاری سیاسی خۆی دا، لە پاش ڕاپەڕین لە شاری هەولێر یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی بێکاران و ئەندامی دەستەی نووسەرانی رۆژنامەی( دەنگی بێکاران) بووە تا ناوەڕاستی ساڵی ١٩٩٥. لە ١٩٩٦ ەوە نیشتە جێی وڵاتی کەنەدایە. لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ وە ماڵپەڕی دەنگەکانی(www.dengekan.com) وەک رۆژنامەیەکی ئەلیکترۆنی رۆژانە دامەزراندووە وە تا ئێستاش بەردەوامە. لە ٢٠٠٥ بەشی وێب پەیج دیزاینی لە (Durham computer & Business college) تەواوکردووە. لە درێژەی کارە رۆژنامەوانێکەیدا سەرباری بڵاوکردنەوەی بابەتە سیاسی و ئەدەبی و کەلتورێکان چەندین مەلەفی جۆراو جۆری کردۆتەوە سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی عێراق و کوردستان لە بوارەکانی دیموکراتی، ژنان، گەندەڵی و ئازادیدا وە چەندین چاوپێکەوتن و گفتوگۆو کۆڕی وەک ماڵپەڕی دەنگەکان ئەنجام داوە. وە بەشێک لە لەو چاوپێکەوتنانە لە شێوەی کتێب چاپکراون وەکو: مارکس لەمڕۆدا، بەزمانی کوردی، بزووتنەوەی سۆشیالیستی لە کەنەدا بە زمانی ئینگلیزی سەرباری کاری رۆژنامەوانی بەشداربووە لە دامەزراندنی رێکخراوەی (پەیوەندی کوردی دژی جینۆساید) کە هەستان بە رێکخستنی چەندین بۆنە لە شاری تۆرۆنتۆ و دەوروبەری لە پێناو ناساندنی جینۆسایدی گەلی کورد بە دەوڵەتی کەنەدا.

Previous
Next
Kurdish