Skip to Content

شۆڕش و بزووتنەوەی ڕووخاندن.. حەمید تەقوایی

شۆڕش و بزووتنەوەی ڕووخاندن.. حەمید تەقوایی

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 28, 2023 General, Opinion


ئەم دەقە بە پشتبەستن بە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵی ئاسمانی کەناڵ جەدید نوسراوەتەوە
دیمانەی حەسەن ساڵحی لەگەڵ حەمید تەقواییدا
وەرگیڕانی: کاوە عومەر


حەسەن ساڵحی: لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەدا پێمان خۆشە جارێکی تر چاوخشانەوەیەک بە شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا بکەین. ئەو ناڕەزایەتیانەی لە مانگی شەهریوەری ساڵی ڕابردوو دەستی پێکرد و خەڵک خۆیان بە شۆڕش ناویان برد. ئێستا کە ئەم ناڕەزایەتیانە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لە شەقامەکاندا کەمی کردووە، ئایا دەتوانین باس لە بەردەوامیی شۆڕش بکەین؟ ئایا کۆماری ئیسلامی سەرکەوتوو بووە لە سەرکوتکردن یان پاشەکشەپێکردنی ناڕەزایەتیانە؟ بارودۆخی ئەمڕۆ چۆنە و چۆن دەتوانین بەرەو پێشەوە بچین؟ ئەمانە ئەو بابەتانەن کە لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەدا وەڵامیان دەدەینەوە.

حەمید تەقوایی: ئاشکرایە کە خۆپیشاندان و کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو دامرکاوەتەوە. ئایا دەکرێ بگوترێ دەسەڵات توانی شۆڕش شکست پێبهێنێت یان لانیکەم ڕابگرێت؟
حەمید تەقوایی: هەرگیز. بە بڕوای من ڕژیم نەیتوانی شۆڕشەکە شکست پێبهێنێت و تەنانەت پاشەکشەشی پێبکات. ئەوە ڕاستییەکە کە خۆپیشاندان و کۆبوونەوەی سەر شەقامەکان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کەمی کردووە، بەڵام ناڕەزایەتییەکان بە قەبارەیەکی بەرفراوان بەردەوامن. لە شەقامەکاندا کرێکاران و خانەنشینان کۆبوونەوەی ڕێکخراوئەنجام دەدەن. شەمەی ناڕەزایەتیەکان و یەکشەممەکانی ناڕەزایەتی و دووشەممەکانی ناڕەزایەتییان ڕاگەیاندووە و نەک هەر لەم ڕۆژانەدا، بەڵکو لە هەموو ڕۆژانی هەفتەدا شاهیدی ناڕەزایەتی کرێکارانی ناوەندە جیاوازەکان و بەشی خانەنشینان لە شارە جیاجیاکانداین. بۆ یەکەمجار کرێکارانی کار و خانەنشین شان بە شانی یەک دێنە سەر شەقامەکان. هەرچەندە زۆربەی داواکارییەکانی پەیوەستە بە بارودۆخی ژیان و ئابوری کرێکاران خۆیانەوە، بەڵام پێش هەموو شتێک خەباتیان لەم ئاستەدا لە خواستەکانی سەندیکا تێدەپەڕێت و پرسی بژێوی ژیان و کەرامەت و گەندەڵی حکومەت دەوروژێنێت، کە کێشەی هەموو کۆمەڵگەیە. دروشمێکی گرنگی خانەنشینان بریتییە لە “یەکگرتوویی، یەکگرتووی دژی هەژاری و گەندەڵی”، کە بانگەوازی هەموو کۆمەڵگە دەکات بۆ خەبات بۆ بژێوی ژیان و کەرامەت.
دووەم: کرێکاران دروشمگەلێک بەرز دەکەنەوە کە لە خواستی ئابووری تێدەپەڕن. دژی سەرۆک و حکومەت و پەرلەمان دروشم دەڵێنەوە، داوای بڕینی دەستی بەڵێندەران دەکەن، کە پایەیەکی سیاسەتی خۆپارێزی ئابووریی ڕێژیمە و هەموو کەرتەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری لەخۆدەگرێت، دژی گەندەڵی و موچەی فەلەکی دروشم دەڵێنەوە , هتد. ئەمانە دروشمی گشتی شۆڕشی ئێستان.
بۆیە ئەگەر تەنیا ئەم فاکتەرەی خەباتە کرێکارییەکان لەبەرچاو بگرین، مەحاڵە باسی شکست و پاشەکشەی خەڵک بکرێت.
سەیرکەن کۆمەڵگایەکی ڕاپەڕیووی شکست دەخوات و هەڵدەخلیسکێت و دەترسێنرێت و خەمۆکی و بێ ئومێد دەبێت، جۆرێک لە خنکاندنی گۆڕستان بەسەریدا زاڵ دەبێت و لە لایەکی دیکەشەوە ئەو دەسەڵاتەی کە شۆڕشی شکستی پێهێناوە، لە پێگەی هێزەوە هێرشێکی نوێی بۆ سەر هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە دەست پێدەکات. بارودۆخی ئەمڕۆی ئێران بەتەواوەتی پێچەوانەیە. دەسەڵات لە لاوازترین و لەرزۆکترین و شێواو ترین بارودۆخدایە و کۆمەڵگا نەک هەر نەترسێنراوە، بەڵکو بە شێوەیەکی هێرش بەرانەتر و ئومێدەوارتر لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا تەحەدای حکومەت دەکات. بزووتنەوەی قەدەغەکردنی حیجاب ڕۆژانە بەربڵاوتر و هێرش بەرانەتر دەبێت، سەرەڕای هەڕەشە و قەدەغەکردنی حکومەت، ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی گیانبەختکردووەکان بەردەوامە و خەڵک لە سۆشیال میدیا حکومەت و پیرۆزییەکانی کردوەتە پووش.
هەر لەم هەفتەیەدا شاهیدی مەراسیمی پێدانی خەڵاتی نێودەوڵەتی بووین بە کەسایەتییە سیاسییەکان و هەڵسوڕاوانی ناو زیندان و دەرەوەی زیندان. بنەماڵەی مەهسا و نەرگس محەممەدی خەڵاتی ئاشتی و ئازادیی قسەکردن وەردەگرن و بە پەیامی پڕ سۆزەوە پێشوازی لەو ڕێوڕەسمانانە دەکەن و ئەم پەیامانەش بە شێوەیەکی بەرفراوان لە میدیاکاندا ڕەنگ دەدەنەوە. لەم ڕێوڕەسمانەدا بۆ ڕێزگرتن لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و ڕێزگرتن لە ژنانی ئێران و زیندانیانی سیاسی، هەڵدەستن و کڵاوەکانیان دادەگرن. بەم شێوەیە دەبینم فەزا و گوتاری جیهانیش بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ئێران زیندووە.
بۆیە دەبێ بڵێین ئەگەرچی شۆڕش بە مانای خۆپیشاندان و گردبوونەوەی سەر شەقامەکان بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو کەم بووەتەوە، بەڵام بزووتنەوەیەکی مەزن دژ بە کۆماری ئیسلامی لە پێشڕەویدایە. ئەم ڕاستییە لە بوارە جیاجیاکانی ئێراندا دەبینرێت و ڕەنگدانەوەی جیهانیشی دەبینین.
لە لایەکی ترەوە دەبینن حکومەت بە تەواوی لاواز بووە و پێگەیەکی ناجێگیر و بەرگریی دۆزیوەتەوە. بڕیارەکانی ئەمڕۆی حکومەت ترس و نیگەرانی ڕوخانی سبەینێیە. ڕژێم بە بۆچوونی خۆی ڕێگری لە سەرهەڵدان و تەقینەوەی کۆمەڵگا دەکات. لە ڕاستیدا نەحکومەت لە دۆخێکی ئاسایی و ئارامدا ییە – تەنانەت بە پێوەرەکانی کۆماری ئیسلامیش- و نە کۆمەڵگا لە هێرش و خەباتی ڕووخاندنی پاشەکشەی کردووە. تەنانەت هەلومەرجەکان هاوشێوەی ساڵانی ١٤٠٠ و ١٣٩٩ نین. دەسەڵاتێکی ڕیسوا و پڕ لە کێشە لە بەرامبەر کۆمەڵگایەکی هێرش بەردا کە تەنانەت لە ڕاپەڕینی ٩٦ و ٩٨ تێپەڕیوە، خەبات دەکات بۆ مانەوە. هەموو ئەمانە ئەوە دەردەخەن کە حکومەت نەک هەر لە سەرکوتکردندا سەرکەوتوو نەبووە، بەڵکو لە دۆخێکی زۆر لەرزۆک و ناسەقامگیریشدایە.
حەسەن ساڵحی: ئاماژەت بەوەکرد کە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان بەردەوامن.ئەو بزووتنەوە ناڕەزایەتییانەی کە بەردەوام بوون، بە تایبەت لەم یەک دوو دەیەی دواییدا. ئایا دەکرێ ئەمانە وەک بەردەوامی شۆڕش باس بکرێن؟
حەمید تەقوایی: بەردەوامی شۆڕش لێکدانەوەیەکی ورد نییە. دەبێ بگوترێ ئەم بزوتنەوانە کە ماوەیەکی زۆرە لە ئارادایە، لە ئەنجامی شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا زۆر هێرش بەرانرتر و گشتگیرتر و ڕادیکاڵتر و سیاسیتر بوونەتەوە. بۆ نموونە بزووتنەوەی مامۆستایان هەمیشە چالاک بووە، ناڕەزایەتی خانەنشینان ماوەیەکی زۆرە بەردەوامە، بزووتنەوەی کرێکاری کە بەقەد تەمەنی کۆماری ئیسلامی کۆنە، لوتکەی بەرچاوی وەک خەباتەکانی هەفت تەپەی هەبووە ، پۆڵای ئەهواز لە ساڵانی نەوەدەکانی شەمسیدا، جۆڵایی(نساجی) سنە لە ساڵانی ١٣٨١-٨٢ و تەنانەت پێش ئەویش مانگرتنی کرێکارانی نەوت لە ٣ دەیەی پێشوودا. هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ مێژوو و پێگەی بزووتنەوەی کرێکاری. بەڵام ئەمڕۆ دەبینین بزووتنەوەی کرێکاری و بەتایبەت خەباتی کرێکارانی نەوت کە هێرشبەرانەترین و پێشکەوتنخوازترین بەشی بزووتنەوەی کرێکارییە، مۆری شۆڕشی ژن ژیان ئازادی هەڵگرتووە. لەژێر کاریگەری شۆڕشدایە کە ئەم بزووتنەوەیە لە نێو بزووتنەوەی کرێکاری و کرێکاران لەسەر کارو خانەنشین شان بە شانی یەکتر دەبینین و ئەم بزووتنەوەیەش بە نۆرەی خۆی کاریگەریی زۆر چارەنووسساز و ئەرێنی لەسەر بزووتنەوەی گشتیی خەڵک دژ بە کۆماری ئیسلامی هەیە. هەروەها بزووتنەوەکانی دیکەی وەک بزووتنەوەی خوێندکاری و بزووتنەوەی دادخوازی لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕش چالاکتر بوون و لە بەرامبەردا ڕۆڵێکی گرنگیان لە پێشخستنی بزووتنەوەی ڕووخاندنخوازیی خەڵکدا هەبووە.
واتای شۆڕش ڕوونە، بزووتنەوەیەکی دیاریکراوە کە ئامانجی ڕووخانی حکومەت و ڕووخاندنی سیستمەکەیە، بەڵام بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان داواکاری و خواستی تایبەتیان هەیە. لەمەشدا بزووتنەوەی کرێکاری پێگەیەکی تایبەتی هەیە. بزووتنەوەی کرێکاری داواکارییەکانی وەک زیادکردنی حەقدەست و پرسی بیمەی کۆمەڵایەتی، نائەمنی کار، گرێبەستی موفت و واژۆی سپی و بە گشتی پرسەکان بۆ خۆشگوزەرانی گشتی خۆیان و هەموو کۆمەڵگە دەوروژێنن. داواکاری و ئامانجەکانی بزووتنەوەی کرێکاری جیاوازن لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە، بەڵام تایبەتمەندی بزووتنەوەی کرێکاری ئەوەیە کە بە هاتنە مەیدان بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی قووڵتر و بەهێزتر دەکات.
لە هەلومەرجی ئێستادا، کرێکارانی لەسەرکار و خانەنشین، بە بەرزکردنەوەی ئاڵای بژێوی پڕ شکۆ و بە دروشمی یەکێتی یەکێتی لە بەرامبەر هەژاری و گەندەڵی، لە ڕاستیدا ڕەخنە و ناڕەزایەتیی هەموو کۆمەڵگا بەرامبەر حکوومەت و سیستەمی هەبوو، قووڵتر و ریشەیی تر دەکەنەوە ، و نەک هەر حکوومەتی کۆماری ئیسلامی، بەڵکوو تەحەدای ئەو نیزامیەش وەک پارێزەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن. کاتێک کرێکارانی نەوت ڕایانگەیاند کە دەستی بەڵێندەران دەبڕدرێت، کاتێک قامیشی شەکری هەفت تەپە ئیدارەی شورایی ڕاگەیاند، هەروەها کرێکارانی لەسەرکار و خانەنشین بانگەوازی کۆمەڵگا دەکەن بۆ یەکگرتن لە دژی هەژاری و گەندەڵی، دروشم دژی بەڕێوەبەران و دژی حکومەت و پەرلەمان دەڵێنەوە ، لەدژی تاڵانکردنی سندوقەکانی.کۆمپانیاکانی بیمە و خانەنشینی ناڕەزایەتی دەردەبڕن، ئەوان داوای چاودێری تەندروستی بێبەرامبەر دەکەن، داوای خوێندنی بێبەرامبەر دەکەن، هەموو ئەمانە لە ڕاستیدا ناوەرۆکێکی قووڵ و ڕادیکاڵی تایبەتی دەدەن بە تەواوی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی بۆ ڕووخاندنی حکومەت ،ئەمەش لە ڕاستیدا ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی چینی کرێکار و هێزی کرێکارانمان پیشان دەدات. بەم مانایە دەمەوێت بڵێم بزووتنەوەی کرێکاری هەرچەندە بەشێوەیەکی میکانیکی و هێڵی درێژەی شۆڕش نییە، بەڵام ڕۆڵێکی کاریگەر دەگێڕێت لە قووڵکردنەوەی شۆڕش و بڵاوکردنەوەی شۆڕش و ریشەیی بوونەوەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بەرامبەر بە تەواوی سیستمی هەبوو، و ئەم ڕۆڵەش لە ئێستادا ناڕەزایەتی کرێکارانی نەوت دەگێڕێت.
حەسەن ساڵحی: مەسەلەی سەرەکی هەموو شۆڕشێک، دەسەڵاتی سیاسی و دیاریکردنی چارەنوسی دەسەڵاتی فەرمانڕەوایە لە کۆمەڵگادا. وە ئێستا خەڵکی ئێران دەیانەوێت لەم حکومەتە ڕزگاریان بێت. لە ئەدەبیاتی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێراندا، جگە لە شۆڕش، باسی بزووتنەوەی ڕووخانیش کراوە. من ویستم بزانم، بە بۆچوونی ئێوە پەیوەندیی شۆڕش و بزووتنەوەی ڕووخاندن چییە؟
حەمید تەقوایی: بزووتنەوەی ڕووخاندن بزووتنەوەیەکی تایبەتە کە لەهەمان کاتدا هەموو حکومەت دەخاتە ژێر پرسیارەوە و وەک هەر بزووتنەوەیەکی دیکە، هەڵسوڕاوانی تایبەت بە خۆی و دروشم و شێوازی خەباتی تایبەتی خۆی هەیە، مەرج نییە ئۆتۆماتیکی هەمیشە لە حاڵەتێکی شۆڕشگێڕانەدا بێت. شۆڕش کاتێکە کە بزووتنەوەی ڕووخاندن هەڵدەستێت و دێتە سەر شەقام. دەکرێ بڵێین شۆڕش چوونەسەری بزووتنەوەی ڕووخاندنە.
مەقولەی بزووتنەوەی ڕووخاندن بە تایبەتی یارمەتیدەرێکی زۆرە بۆ ڕوونکردنەوە و تێگەیشتن لە بارودۆخی تایبەتی ئێران. لە چەند ساڵی ڕابردوودا، لە ساڵی ١٣٨٨ تا ئەمڕۆ، بە ڕوونی چوار ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەمان هەبووە، ئەوانیش لە ساڵی ١٣٨٨، ١٣٩٦، ١٣٩٨ و ١٤٠١. ڕوونە کە ناتوانرێت بگوترێ کە شۆڕش لە ساڵی ١٩٨٨ یان تەنانەت لە ساڵی ١٩٩٨ەوە بەردەوام بووە. وا نییە. بەڵام لە هەمان کاتدا کۆمەڵگا لە دۆخێکی ئاسایی و ئارامدا نەبووە. ڕوونکردنەوەیەکی ڕاست و دروست ئەوەیە کە بڵێین لەم ماوەیەدا بزووتنەوەی ڕووخاندن زۆر چالاک بووە و پێشکەوتنی گەورەی بەخۆیەوە بینیووە. تەنانەت کاتێک لە شەقامیشدا نەبوو، هەوڵی ڕووخاندنی حکومەت دەداوە و دەستی لە کاری بڵاوکردنەوەی گوتاری ڕووخاندن و کۆکردنەوەی هێزدا بوو. بۆ نموونه له هه ڵبژاردنه کاندا ڕایگه یاند که ده نگی ئێمە ڕووخاندنە ، یان دروشم و لافیته کانی به ڕزکرده وه و ده ڵێت نا بۆ کۆماری ئیسلامی، داوای ده ستله کارکێشانه وه ی خامنه یی ده کات، له سۆشیال میدیا دژی ته واوی حکوومه ت چالاک بووه و ئه و جۆره بزوتنه وه یه . ئەم جۆرە ناڕەزایەتییە هێشتا شۆڕش نییە، بەڵام جیاوازە لە بزووتنەوە مەیدانییەکان. دەکرێ بڵێین بزووتنەوەیەکی تایبەتە بە خواستی ڕووخاندنی حکومەت.
بێگومان پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لە هەلومەرجی دیاریکراوی ئێراندا زۆرێک لە بزووتنەوە مەیدانییەکانی وەک بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی لاوان، بزووتنەوەی دادگاییکردن و هتد وەدیهاتنی خواستەکانیان لە کۆتاییدا بەندە بە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی. بۆ نموونە بزووتنەوەی دادخوازی دەزانێت کە سەرەڕای بوونی کۆماری ئیسلامی، ناکرێ بکوژانی ئازیزانیان بخرێنە بەردەم دادگا. دایکانی ئابان و دایکانی خاوەران و جموجۆڵی بنەماڵەی قوربانیانی فڕۆکەتەقەلێراوەکە هەموویان دەیانەوێت دادگاییکردنی سەرانی حکومەت بکرێت و هەربۆیە پێیان خۆش بێت یان نا، ئەم داواکارییە بە مانای ڕووخانی حکومەت دێت. بزووتنەوەی کرێکاری دەیەوێت لانیکەم پێنج هێندە حەقدەست زیاد بکات. هەمووان دەزانن تا کۆماری ئیسلامی هەبێت ئەمە ڕوونادات. هەروەها داواکاری یەکسانی نێوان ژن و پیاو و نەهێشتنی هەڵاواردنی نەتەوەیی و داخوازی ئازادیی دەربڕین و حیزبایەتی و هتد، لەگەڵ هە بوونی کۆماری ئیسلامیش ناتوانرێت جێبەجێ بکرێت. به ڵام هه ڵسوڕاوانی ئه و بزوتنه وه یه پێداگری له سه ڕ داخوازییه کانیان ده که ن چونکه ئه مه جۆرێکه له گوشار ، به ره یه کی دژ به حکومه ته و به م شێوه یه ناڕاسته وخۆ خەبات ده که ن بۆ ڕووخانی حکوومه ت و به هێزکردنی بزووتنه وه ی ڕووخاندن.
بزووتنەوەی ڕووخاندن بزووتنەوەیەکی چالاک و بەردەوامە، دەکرێ بگوترێ کە لە ساڵانی یەکەمی کۆماری ئیسلامییەوە سەری هەڵداوە و تایبەتمەندییەکەی ئەوەیە کە لە دژی هەموو کۆماری ئیسلامی شەڕ دەکات و شێوازی تایبەتی خەباتی هەیە وەک دیوار نووسین، چاپ و بڵاوکردنەوە ئاگاداری و داواکاری، و لێدوان و هاشتاگی دژە حکومەت، مانگرتن و گردبوونەوە و ناڕەزایەتی سەر شەقامەکان کە بە تایبەتی لە دە ساڵی ڕابردوودا، لە ساڵی ١٣٨٨ تا ئەمڕۆ شاهیدی بووین.
شۆڕش کاتێک ڕوودەدات کە ئەم بزووتنەوەیە بەرز دەبێتەوە و فراوان دەبێت و بە دروشمی ڕووخاندنەوە دێتە سەر شەقامەکان. وەک لە شۆڕشی ئێستادا شاهیدین. بزووتنەوەی ڕووخاندن شێوازی جۆراوجۆری ناڕەزایەتی لەخۆدەگرێت، کە هەندێکیان باسم کردووە، بەڵام بۆ ئەوەی بەرەو شۆڕش بەرز بکرێتەوە، پێویستە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و گردبوونەوە و مانگرتن لەگەڵ ئاڵای نەخێر بۆ تەواوی حکومەتدا بێت. شۆڕش تەنیا لە شەقام و مانگرتن و گردبوونەوە و ناڕەزایەتی شەقامەکاندا سنووردار نییە، بەڵکو ئەمانە مەرجێکی پێویستن. بۆ نموونە ئەمڕۆ بزووتنەوەکانی شەقام بە ڕەهەندەکانی ساڵی ڕابردوو بەردەوام نین، چ لە ناوخۆی وڵات یان لە دەرەوە، بەڵام بزووتنەوەی ڕووخاندن بەهێزتر لە جاران بەردەوامە. ئەگەرچی لە ڕووی مەیدانەوە شۆڕش هێور بووەتەوە، بەڵام بزووتنەوەی ڕووخاندن زۆر قایم و بەهێزتر و هێرش بەرانەترە لە ٤ ساڵ لەمەوبەر، لە پێش ساڵی ١٤٠١ و ئەمەش لە گوتارەکانی ناو بارودۆخی سیاسی ئێران، لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا دەبینن ، لە کلتورێکی بەهێزی ناڕەزایەتیدا.دەتوانرێت بگوترێ کە بووەتە جیهانی و تەنانەت لە میدیا و سۆشیال میدیای وڵاتانی ڕۆژئاواشدا بیبینیت.
لە هەموو ئەو ڕەهەندانەدا ناڕەزایەتیی بەرفراوان بۆ ڕزگاربوون لەبەڵای کۆماری ئیسلامی بەردەوامە. کۆماری ئیسلامی لەژێر گوشارێکی زۆردایە، چونکە نەک هەر لە ئێران، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهانیش پشتیوانی لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بەرفراوانە. ئەمڕۆ هاوکات لەگەڵ فراوانبوونی بزووتنەوەی بژێوی و کەرامەت لە ئێران و ڕێوڕەسمەکانی یادکردنەوەی گیانبەختکردوان و گاڵتەکردن بە ئیدیعا و پڕوپاگەندەی حکومەت سەبارەت بە شەڕی غەززە، لە پەرلەمانی ئەوروپا و لە ڕێوڕەسمی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیدا، ئاڵای ژن ژیان ئازادی بەرز دەکرێتەوە، و لە ئۆسلۆ خەڵک بە مەشخەڵی ڕوناکەوە و بە ئاڵای ژن ژیان ئازادیەوە دێنە سەر شەقامەکان. لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی غەززە، ڕێژیم زۆر هەوڵی دا کە لە ئێران ولە ئاستی جیهانیدا سێبەر بخاتە سەر بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن ژیان ئازادی ونبخاتە ژێر کاریگەریی ئەم شەڕەوە و پاشەکشەی پێبکات، بیگۆرێت بە دژە ئیسرائیلیزم و پشتیوانی لە “پاڵەوانانی حەماس” و هتد .، بەڵام کۆمەڵگەی بەقایم لەبەردەمیدا وەستا و هێرش بەرانە و بەهێز وەڵامی دایەوە.
هەموو ئەمانە بەو مانایەیە کە بزووتنەوەی ڕووخاندن زیندوو و بەهێزە و لە پێگەیەکی پێشکەوتووتردایە لە چاو ساڵانی ڕابردوو. ئەمەش هیوایەک بۆ ئەوانەی وەک ئێمە بەشدارن لە شۆڕشدا دروست دەکات و زەمینە ئامادە دەکات بۆ خۆئامادەکردن بۆ سەرهەڵدانەوەی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بەجۆرێک کە ئەمجارەیان بە شێوەیەکی فراوانتر و ڕادیکاڵتر بێتە سەر شەقامەکان و تێکەڵ بێت لەگەڵ مانگرتنەکان. ئەمە دەخرێتە ڕوانگە و بەم مانایە جیاکردەوەی نێوان شۆڕشی ڕاستەقینە و بزووتنەوەی ڕووخاندن یارمەتیدەرمانە بۆ ئەوەی بە وردی ئەم مەرجانە ڕوون بکەینەوە و ئەرکەکانمان دیاری بکەین و ڕێکبخەین.
حەسەن ساڵحی: حەمید تەقوایی ئێوە دەڵێ، بزووتنەوەی ڕووخاندن کاتێک دێتە سەر شەقام پێی دەوترێت شۆڕش، لە وتارەکەتدا ئاماژەت بە چوار قۆناغ کردووە، ئەوانیش ساڵانی ١٣٨٨، ١٣٩٦، ١٣٩٨، ١٤٠١. مەبەستت ئەوەیە بڵێیت لە ماوەی دە تا پانزە ساڵی ڕابردوودا چوار شۆڕش لە ئێران ڕوویداوە؟
حەمید تەقوایی: سەیرکە پێویستە لێکدانەوە و ناونانی ئاڵوگۆڕەکان ئەبێت لە دوو قۆناغ و لە دوو گۆشەنیگاوە لەبەرچاو بگرن. یەکێکیان لە ڕوانگەی بەشداربوانی ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە کاتێک هێشتا نەگەیشتوونەتە کۆتایی و یەکێکیشیان کاتێک کە ئاڵوگۆڕێک دەگاتە سەرئەنجام لە ڕوانگەی مێژوونووس و لە ڕوانگەی شرۆڤەکارانی ڕووداوی دوای ڕوودانەکە. چالاکوانان و مێژوونووسان بە دوو شێوە ئاماژە بە شۆڕش دەکەن و دەبێ هەرئاواش بێت.
حیزبێک کە وەک حیزبی ئێمە خەریکی شۆڕش بێت، کاتێک هەلومەرجی شۆڕشگێڕانە دروست دەبێت، کاتێک جەماوەری خەڵک لە دژی حکومەت ڕژانە سەر شەقامەکان، ئەو شۆڕشە بە شۆڕش ناو دەبات و بە ناوی شۆڕشەوە ئاڵای خۆی هەڵدەکات و هەوڵی ئەوە دەدات قووڵتری بکاتەوە و بەهێزتری بکات، لە پێناو لەناوبردنی کۆماری ئیسلامی، بۆ ئەوەی سەرکەوێ، دەیکاتە بزووتنەوەیەکی ڕێکخراوتر و ڕادیکاڵتر.
بزووتنەوەی ٨٨ بە بیانووی هەڵبژاردن دەستی پێکرد، بەڵام بزووتنەوەکە هەر زوو ڕادیکاڵ بوویەوە، خەڵک دروشمی “موسەوی بەهانەیە، هەمووڕژێم نیشانەیە” – کە حزبی ئێمە ڕۆڵی هەبووە لە جەماوەریکردنی ئەم دروشمە – و لەسەر عاشورا ڕۆژی هەمان ساڵ ڕاپەڕینێکی جەماوەری و هێرش بۆ سەر بنکەکانی پۆلیس و بنکە حکومییەکان بە دروشمی مەرگ بۆ خامنەیی پێکهات. ئەو بزووتنەوەیە لییدرا و ئەمڕۆ کەس بە شۆڕش ناوی ئەو بزووتنەوەیە نابات. ئێمە دەڵێین بزووتنەوەیەکی ڕوخاندنخواز دەستی پێکرد و کەم بووەوە. بەڵام ئێمە و هەر هێزێکی تری کارا لە دڵی ئەو بزووتنەوەیەدا، نەمانتوانی و نابێ وەک شیکارێکی ڕەوتی مێژوو تەماشای بکەین و بە هۆی ئەگەری نەبوونی، خەسڵەت و پۆتانسێلی شۆڕشگێڕانە و سەرو ژێرکەرانەی ئەوانی نەبینی و جەختی لەسەر نەکردەوە. هیچ هەڵسوڕاوێک بەم شێوەیە ڕەفتار ناکات. هەڵسوڕاوێک لە بزووتنەوەیەکدا، چ خەباتی مەیدانی بێت یان شەڕ یان شۆڕش، بۆ سەرکەوتن دەجەنگێت. تێکۆشەری شۆڕش ناتوانێ چاوەڕێی ئەنجامەکە بکات – ئەمە دەبێ دوای ڕووداوەکە بۆ شرۆڤەکارانی ڕووداوەکە جێبهێڵرێت – بەڵکو دەبێت ئاسۆی سەرکەوتن بخاتە بەردەم کۆمەڵگا لە دڵی خەبات و ڕوخاندنی بە شۆڕشێک بزانێت دۆخی ئێستا و ناساندنی بە هەمووان. وەک لە شۆڕشی ئێستادا خەڵک دروشمی “بە ناڕەزایی ناوی مەبەن، پێی دەوترێت شۆڕش” دەیانگوت و بەم شێوەیەش ئیرادەی خۆیان بۆ ڕووخاندنی حکومەت ڕاگەیاند. بزووتنەوەیەکی سەرکەوتوو لەدژی حکومەتێک لەلایەن هەموو کەسێکەوە بە شۆڕش ناودەبرێت، بەڵام ئەو هەڵسوڕاوەی بەشدار بوو لە بزووتنەوەی دژ بە حکومەتدا هەر لەسەرەتاوە بە شۆڕش ناوی دەبات بۆ ئەوەی بتوانێت بیباتەوە.
هەندێک ڕەخنەمان لێدەگرن کە لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان زۆر دەوروژێن یان زیادەڕەوی دەکەین. بەڵام ئێمە بە وریاییەوە مامەڵەمان کردووە. ئێمە ئەو بزووتنەوە جەماوەریانەی کە لە دژی کۆماری ئیسلامی هاتنە سەر شەقامەکان بە شۆڕش ناومان برد و ئەمڕۆش خەڵک خۆیان دەڵێن بە شۆڕش ناوی دەبەن. هەروەها ناو و ناسنامەیەکمان بەخشیوە بە بزووتنەوەی ڕووخاندن کە هەوێنی ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕییەکان لەدژی دەسەڵات پێکدەهێنێت.
وەبیرتان دەهێنمەوە کە زاراوەی بزووتنەوەی ڕووخاندن بۆ یەکەمجار لە لایەن مەنسوور حیکمەتەوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ڕاپەڕینی ١٨ی تیری ١٣٧٨ لە وتارێکدا بە ناوی “بزووتنەوەیەکی جەماوەری بۆ ڕووخاندنی حکومەت دەست پێدەکات”. ئێمە ئەو بزووتنەوەیەمان بە شۆڕش ناوبرد، چونکە سنووردار بوو و تا ڕادەیەکی زۆر ڕیفۆرمخوازان دەستیان تێیدا هەبوو. بەڵام بزووتنەوەیەکی ڕوخاندن خواز بوو و هەمان دەستەواژەمان بەکارهێنا. بزووتنەوەی ڕووخاندن دەستەواژە و چەمکێکی ورد وبەجێ بوو و ئێمە هە بوونیمان لە چەند دەیەی ڕابردوودا لێرەو لەوێ بینیومانە گۆڕانی بەسەردا هاتووە. سنووردار نییە بەم ٤ بەروارەی کە باست کرد. لە سەردەمی ڕەفسەنجانیدا، دوای کۆتایی هاتنی شەڕی ئێران و عێراق، ڕاپەڕینی زۆرمان لە شارەکاندا هەبوو، کە هەموو ئەمانەش دەرئەنجامی بزووتنەوەی ڕووخاندن بوون.
ئەوەندەی پەیوەندی بە شۆڕشی ژن ژیان ئازادیەوە هەیە، ئەم بزووتنەوەیە لە لایەن خودی خەڵکەوە بە شۆڕش ناوزەد کراوە و ئەمەش بە بڕوای من نیشانەی دانپێدانانی دروستی جەماوەری خەڵک و عەزم جەزم کردنیانە بۆ ڕووخاندنی حکومەت. ئه م شۆڕشه له سه ڕ پلاتفۆرمی بزووتنه وه ی ڕووخاندن هه ڵکشاوه و ئه مڕۆش له شێوه ی ئه م بزوتنه وه به رفراوانه ی ڕووخاندندا، هێرشی به رفراوانی خه ڵک دژ به حکومه ت به رده وامه . هیوادارین و هەوڵ دەدەین جارێکی تر شۆڕش بگەڕێتەوە سەر شەقام. زۆر کەسیش هەمان هەوڵ دەدەن، کەس نائومێد نابێت و هەمووان دەڵێن دەگەڕێینەوە، ئابان بەردەوامە و تا کۆتایی دەوەستین. هەمان ناوەرۆک لەو پەیامانەی کە بۆ مەراسیمی خەڵاتی نۆبڵ و پەرلەمانی ئەوروپایان ناردبوو دووبارە بووەوە. خەڵکی دونیا بۆ ڕێزگرتن لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی ڕاوەستان و کڵاوەکانیان داکەند، دەمەوێت بڵێم ئێمە و خەڵک هێشتا ئاڵای شۆڕش بە شەکاوەی دەهێڵینەوە. ئەم پێشهاتانە بەرەو کوێ دەڕۆن، بە تەواوی پەیوەستە بە خەباتەکانی ئەمڕۆی خەڵک و هێزە چالاکەکانی شۆڕش. هه ڵسه نگاندن و ناونانی ئه م پێشهاته بۆ مێژوونووسان جێبهێڵرێت. وەک ئەوانەی بەشدارن، پێویستە هەموو هەوڵێک بدەین بۆ ئەوەی ئەم بزووتنەوەیە سەربکەوێت.
حەسەن ساڵحی: زۆر باشە.ئێمە باسمان لەوە کرد کە دەبێ ئەو پێشهاتانە ناو بنێین چی، بەڵام پرسیارە گرنگەکە هەر ماوە، بۆچی ئەو شۆڕشەی کە لە لوتکەدا بوو، نەبووە هۆی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی؟
حەمید تەقوایی: بە بۆچوونی من، و پێموایە زۆرێک لە چاودێران، گرێی سەرەکی ڕابەرایەتی شۆڕشە. ئەو ڕابەرەی کە بەڕاستی بتوانێت ڕیزەکانی خەڵک یەکبخات، ئومێدیان پێببەخشێت و خەڵک بتوانێت پشتی پێ ببەستێت و بزانێت هێزێک لەسەر گۆڕەپانەکە هەیە کە نوێنەرایەتی خواست و هیوای شۆڕشگێڕانەی ئەوان دەکات و دەتوانێت لە شوێنی کۆماری ئیسلامی دابنیشێت ، هێشتا هێزێکی لەو شێوەیە بەرز نەبووەتەوە.
حیزبی ئێمە یەکێکە لەو هێزانەی کە ئەم ئیدیعایەی هەیە. بەڵام هێشتا دەبێت زۆر شت بکەین بۆ ئەوەی بتوانین ئەم ڕۆڵە بگێڕین.
هەمیشە گوتوومانە کە شۆڕش دیاردەیەکی بابەتییە کە بە هۆی دژایەتی و پرسە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییەکانی ناو کۆمەڵگا، بە هۆی ئازار و مەینەتی جەماوەری خەڵکەوە پێک دێت. بەڵام پێشکەوتن و سەرکەوتنی شۆڕش بابەتێکی ترە. سەرکەوتنی شۆڕش بە تەواوی پەیوەستە بە بوونی هێزێکی پێشەنگەوە کە چالاک و لە مەیداندایە و بتوانێت متمانەی خەڵک بەدەست بهێنێت.
حەسەن ساڵحی: مەگەر لە تونس حزب و هێزێکی ڕابەری کردن هەبوو؟
حەمید تەقوایی: لە تونسیش ئەگەرچی شۆڕش سەرکەوتوو بوو لە ڕووخاندنی حکومەتی بوعەلی، بەڵام خواستی شۆڕشگێڕانەی خەڵک بەدی نەهات. لە میسریش هەمان شت ڕوویدا. بوونی سەرکردایەتی پێشمەرجی سەرکەوتنە، ئەمەش هەم بە مانای ڕووخانی حکومەتی هەبوو و هەم بەدیهێنانی ئامانج و خواستی شۆڕشگێڕانەی خەڵک. دووەم شت لە میسر و تونس ڕووی نەدا و لە پێوەندی لەگەڵ فاکتەری یەکەمدا ئەزموونی تونس و میسر ئیستسنائی بوو. ڕەنگە لە مێژوودا ئیستسنائی تر بدۆزیتەوە، بەڵام وەک یاسایەک دەکرێ بڵێین بوونی هێزێکی پێشەنگ بۆ سەرکەوتنی شۆڕش، چ بە مانای ئەرێنی و نەرێنی وشەکە، بە تەواوەتی پێویستە. ڕۆڵی ڕابەرایەتی لە شۆڕشەکانی چین و ڤێتنام و شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە ببەنە سەر شۆڕشەکانی کوبا و ئەفریقای باشوور.
ئەمە لە ئێرانیشدا ڕاستە. ئەرکی حیزبی ئێمە پڕکردنەوەی ئەم کورسییەیە، پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییەیە، ئێمەش بە هەموو هێز و توانای خۆمانەوە بەم شێوەیە کاردەکەین.
حەسەن ساڵحی: ئێمە زۆرجار ئەم پرسیارەمان لە ئێوە کردووە، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بەرنامەی تایبەتی بۆ پێشخستنی شۆڕش و گەیاندنی بە سەرکەوتن چییە؟
حەمید تەقوایی: ئەبێت حزب کۆمەڵێک چالاکی بەرفراوان و هەمەچەشن ئەنجام بدات. بەڵام لێرەدا تەنها دوو بواری گرنگ و چارەنووسساز باس دەکەم.
یەکێک لە بوارەکانی ئەم خەباتە بەردەوامە کرێکارانی لەسەرکار و خانەنشینانە. وەک وتم ئەم پێشکەوتنەی بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی جەماوەری دژ بە حکومەت قووڵتر و ڕادیکاڵ و بەهێزتر دەکاتەوە. ئێمە هەوڵ دەدەین ئەم بزووتنەوەیە لەلایەن جەماوەرەوە پێشوازی لێبکرێت. دیارە لە هەنگاوی یەکەمدا، کەسایەتیەکانی بزووتنەوەی کرێکاری خۆی لە کەرتە جیاجیاکاندا بەدەنگی بەرز بە بەیاننامە و ڕاگەیاندنەکانیان، و بە کرداری پراکتیکی، پشتیوانی لە خەباتی بەردەوامی نەوت وخەباتی خانەنشینان بکەن. ئەم بزووتنەوەیە لە ئێستاوە دەستی پێکردووە و پێویستە هەوڵی فراوانکردنی بدەین.
لایەنی دووهەم بریتییە لە ڕاکێشانی پشتیوانیی هەڵسوڕاوان و دامەزراوەکانی بزووتنەوەکانی دیکە، بزووتنەوەی خوێندکاری، بزووتنەوەی لاوان، بزووتنەوەی دادخوازی، بزووتنەوەی بێ حیجاب و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی دیکە کە لە کۆمەڵگادا دەگوزەرێت لە خەباتی ئێستای کرێکاران. پێویستە سەرنجی هەموو لایەک بۆ ئەو خەباتانە ڕابکێشرێت، هاودەنگی خۆیان ڕابگەیەنن و چالاکانە پاڵپشتی ئەم بزووتنەوەیە بکەن.
ئەم بزووتنەوەیە لە ئاراستەیەکدایە کە بتوانێت ڕیزەکانی شۆڕش بە داخوازییە سەرەتایی و بنەڕەتیەکانی وەک بژێوی و کەرامەت، وەک ڕووبەڕووبوونەوەی هەژاری و گەندەڵی و گرانی و دابینکردنی خۆشگوزەرانی گشتی و ئەم جۆرە ئامانج و داواکاریانە بەهێز بکات و بیان باتە پێشەوە . ئەمانە ڕەهەندێکی گرنگی شۆڕشی ژن ژیان ئازادین کە دەتوانین بڵێین بە وشەی “ژیان” نوێنەرایەتی دەکرێت. ئه مڕۆ چینی کرێکار و به تایبه ت کرێکارانی نه وت ئاڵای شکۆمه ندی بژێوییان له قسه ی هه موو کۆمه ڵگە به ڕز کردووه ته وه و دروشمی ” یه کێتی یه کێتی به رامبەر هه ژاری و گه نده ڵی” ده ڵێنه وه . نەک هەر هەژاری و گەندەڵی و نەهامەتی بەڵکو دۆڵی قووڵی نێوان هەژاری و سەروەت و سامان، نێوان نەهامەتی گشتی و مافە فەلەکییەکان دەکاتە ئامانج. ئەمڕۆ ڕژیم وەک هەموو ساڵێک بانگەشەی ئەوە دەکات کە بەرزکردنەوەی حەقدەست دەبێتە هۆی هەڵاوسان و وەڵامی خەڵک ڕاگرتنی مووچەی فەلەکییە؛ ئەو گەندەڵییە چەند ملیار دۆلارییەی وەک فەزیحەی چای دێباش کۆبکەرەوە. ئەمانە بەرهەمهێنەر و چڕکەرەوەی هەڵاوسانن نەک مووچەی ژێر هێڵی هەژاری کرێکاران و خانەنشینان و فەرمانبەرانی نیوەکاتی.
ئه مانه ئه و مه سه له و بابه ته گرنگانه ن که حزبی ئێمه هه وڵ ده دات بەرجەستە بکاتەوە و به م شێوه یه بزووتنه وه ی کرێکارانی نه وت له دڵی شۆڕشی ژن ژنان ئازادیدا به ئاڵای به ڕه نگاربوونه وه ی هه ژاری و گه نده ڵی و.بۆ بژێوی ژیان و کەرامەت.
بوارى دووه م ئه وه یه که ئێمه هه وڵ ده ده ین دەرکردن و خستنەلاوەی کۆماری ئیسلامی له ئاستی جیهانیدا زیاتر له ڕابردوو و چالاکتر له هه موو کات بەرز بکەینه وه . پێشتر باسمان لەوە کرد کە بە تایبەتی شەڕی غەززە و ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی لەم شەڕەدا ڕێگەمان پێدەدات گەمارۆ و ڕەتکردنەوەی کۆماری ئیسلامی بخەینە سەر مێزی حکومەتەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و داوایان لێبکەین کە هەروەک چۆن حەماسیان وەک هێزێکی تیرۆریستی ناساندووە .هەروەها باوەپیارەکەی حەماسیش وەک حکومەتێکی تیرۆریستی دەربکەن.
و لە کۆتاییدا هەوڵی ئێمە ئەوەیە کە سەرنج و بۆچوونی هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە بۆ سیاسەت و چارەسەرەکانی حیزب ڕابکێشین و بانگەوازیان بکەین بۆ ئەوەی بێنە ناو حیزبەکەمانەوە. دیسان جەخت لەوە دەکەمەوە کە شۆڕش لە لێواری دابینکردنی ڕابەرایەتیدایە و دەبێت بە چالاککردن و تیشک خستنەوە و نیشاندانی ڕۆڵی حیزب لە پێشهاتەکانی ئێستادا وەڵامی ئەم پێویستییە بدەینەوە. بانگەوازی من بۆ هەموو تێکۆشەرانی شۆڕشگێڕ، بۆ هەموو ئەوانەی کە بەڕاستی دەیانەوێت شۆڕشی ژن ژیان ئازادی سەربکەوێت و خۆشگوزەرانی ئازادی و یەکسانی لە کۆمەڵگادا بەدی بهێنرێت، پەیوەستبوونە بە حزبی کۆمۆنیستی کرێکارییەوە.
٢٣ی ئازەری ١٤٠٢، ١٤ی دیسەمبەری ٢٠٢٣

Previous
Next
Kurdish