Skip to Content

کورتە چیرۆک\ زەیتوون.. نووسینی:‌ ئامانج شێروانی

کورتە چیرۆک\ زەیتوون.. نووسینی:‌ ئامانج شێروانی

Closed
by نیسان 4, 2024 General, Literature



ڕووکەن بەڕاکردن هاتە ژوورەوە، و کاغەزێکی بۆر و چڵکنی دایە دەستی دلبخوینی باوکی. دلبخوین هەر لە عەفرین لەدایک ببوو، و لە باوکی بیستبوو کە گوایە هەر لە کۆنی کۆنەوە لەو شارەدا ژیاون. هەر لە باوکییەوە ڕەزێکی گەورەی دارزەیتوونی بۆ بەجێ مابوو، و لە باوکیشی بیستبوو، کە ئەویش لە باوکی، و ئەمیش لە باوکی خۆی بۆی مابووەوە. دەنگۆی ئەوە هەبوو کە زۆرێک لە بنەدارەکان تەمەنیان لە دوو سەد ساڵ ڕەتیان دابوو. باوکی هەموو جارێک پێی دەگوت کە دارزەیتوونەکانیش وەکوو مرۆڤەکان هەستیان هەیە، ئەوان هەست بە خاوەنەکانیان دەکەن، هەست بە خۆشەویستی و ڕێزی ئەوان دەکەن. ئەو دارزەیتوونەی کە خودانەکەی میهرەبانە لەگەڵی، سەرکەشتر، و تەندروستر، و بەبەرترە لەوەی کە خودانەکەی تەنها دەیەوێت زەیتوونەکان بگوشێت و ڕۆنی زۆرتر بەرهەم بهێنێت.
ڕەزەکەی دلبخوین ناوبانگی دەرکردبوو، هەر قلە زەیتوونەکی بە قەد ئاڵووباڵووەک بوو، سەوز سەوز، خڕ خڕ، گۆشتن گۆشتن. هەر بە دوو پەنجان دەتتوانی ڕۆنی لێ بگوشیت. لە شاردا قسەی زۆر بڵاو ببووەوە کە لە ماڵی دلبخوین لە جێی میوە، زەیتوون لەبەردەم مێوانان دادەنێن. هەموو پاییزێک، دلبخوین لەگەڵ خێزانەکەی و منداڵەکانی، بۆ هەرەوەزیی لەگەڵ هاوسێکانیان دەچوونە ڕەزەکەیان و هەرچی زەیتوونە دەیان ڕنی. دواتریش، دەکەوتنە گوشینی بۆ ئەوەی جوان جوان ڕۆنەکەی لێ دەرێنن.
بەڵام، ئەمساڵ لە ساڵانی پێشتر جیاواز بوو، هاوسێ کۆنەکانی چیتر نەماون، و ڕووە خۆش و ناسراوەکان، ئێستا مۆن و نامۆ بووینە. تەنانەت وەڵامی بەیانی باشی دلبخوینیش نادەنەوە، ئێوارانیش کە دەگەڕێتەوە ماڵەوە، وەکوو کەمتیارگەلێکی برسی ددانی خۆیان لێی جیڕ دەکەنەوە، وەکوو ئەوەی بیانەوێت شتێکی لێ زەوت بکەن، و ئەویش بە دەردی خۆشناڤی هاوسێی ببەن. لە سەروبەندی هێرشی چەتە تورکەکان بۆ سەر شارەکەی، زۆرێک لە هاوڕێ و ناسیاوەکانی بێ سەروشوێن کەوتن. هەر چەندە ئەو هەموو جارێک لە سۆراخیان دەپرسێت، بەڵام وا دیارە ئەوانیش‌ وەک تڕی بن گۆم، گووم بووینە!
ئێستاش ئەو ڕۆژەی لە یادە کاتێک کە باوکی لە سەرەمەرگدا بوو، و داینیشاند و باسی ئەو خەڵکانەی دەوروبەری عەفرینی دەکرد، کە چاویان بڕیبووە ڕەزەکەی ئەو. (Lawê min, Ereb û Tirk dixwazin serweta me ji me bibin. Eger di destê wan de be, yek kurd nabe xwediyê parîiyek axê. Qet ev mal û rez nefiroşin wan, ew hurmeta wan zeytûnan nagirin! Ew nazê xiweza xiweşê Kurdistanê nagirin – ڕۆڵە، عەرەب و تورکەکان دەیانەوێت ئەو ماڵ و سامانەمان لەبن دەست دەرێنن. خۆ ئەگەر بە دەستی وان بێت، هیچ کوردێک خاوەنی بستێک خاک نابێت. هەرگیز نەکەی ئەو ماڵ و ڕەزەیان پێ بفرۆشیت، ئەوان ڕێزی ئەو زەیتوونانە ناگرن! ئەوان نازی ئەو سروشتە جوانەی کوردستان هەڵناگرن).
بە لەرزەلەرزێکەوە، نامەکەی دەستی هەڵپچڕی، و سەیری کرد بە تورکییەکی ئیستانبووڵی، بە دەستخەتێکی قێزەونی ناشرین، بە ڕەنگێکی زەق زەق، نووسرابوو: (سبەی، لەگەڵ گەردی بەیانی ئەو ماڵەت چۆڵ بکە، ماڵە عەرەبێک بووینەتە خاوەنی نوێی. خۆ ئەگەر سەرپێچیش بکەیت، ئەوە کچ و کوڕەکەت لەبەر چاوی خۆت کەوڵ دەکەین، و دواتر خۆت و خێزانەکەت).
دەستی کرد بە کۆکردنەوەی شتومەکەکانی، وێنەکانیان، شەدەکەی باوکی، یەکەم نیگاری دەستکردی ڕووکەنی کچی، یەکەم دیاریی خێزانەکەی، شاڵەکەی دایکی، قۆچانی خانوو و ڕەزەکەی، کە لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە لەژێر ناوی باپیرەگەورەی دەرچووبوو، و جووتە گۆرەوییە کونکونەکەی خۆی. بوخچەکەی پێچاوە، و دەستی کردە پێنووس، و لەسەر پشتی کاغەکەوە نووسی:‌ (Mal û rezê min pêşkêşî we be, lê ji kerema xiwe agehdarî wan zeytûnan be, nazê ew hel bigirin – ماڵەکەم و ڕەزەکەمتان پێشکەش بێت، بەڵام تکایە ئاگاتان لەو زەیتوونانەم بێت و نازیان ڕابگرن). پێنووسەکەی دانا، هەڵستاوە سەر پێیەکانی، کەوتە بۆن کردن و ماچ کردنی یەکبەیەکی ئەو شوێنانەی کە یادگارییەکی لەگەڵ هەبوو. ئەو سەکۆیەی کە ڕووکەن پێی لێ گرت، ئەو قوژبنەی کە کوڕەکەی هەموو جارێ دڕناغەی لێ دەگرت، ئەو هەیوانەی کە دلبەری هاوژینی خۆی لێ گواستەوە.
سەر لە بەیانی، هەر لەگەڵ بانگی کەڵەشێرێ، بوخچە لەسەر شان، و هەردوو منداڵی بە دەستەوە، و دلبەریش لەلای ڕاستییەوە، ئەو ماڵەیان بەجێ هێشت، و بەرەو دەرەوەی شار بەڕێ کەوتن، کاتێک گەیشتنە لای ڕەزەکەیان، چەند شۆفڵێکی تورکییان لە دوورەوە بینی، خەریک بوون یەکبەیەکی دارەکانیان لە ڕەگەوە هەڵدەکەنی!

نووسینی:‌ ئامانج شێروانی

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish