Skip to Content

خوێندنەوەیەكی ڕەخنەییانە بۆ ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان.. شەماڵ بارەوانی

خوێندنەوەیەكی ڕەخنەییانە بۆ ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان.. شەماڵ بارەوانی

Closed
by ئایار 15, 2024 General, Literature

مرۆڤی هەرزان، دووەم ڕۆمانی كاكە (گۆران سەباح)ی ڕۆماننووس و ڕەخنەگرە، كە بیخوێنمەوە.
بیرمە لە كۆلێژی شەریعە و قۆناغی چوار بووم، بە ڕێكەوت ڕۆمانی(دووی سوور)ی نووسەر كەوتە بەر دیدەم و كڕیم و بردمەوە حوجرە و خوێندمەوە.
سەرەتا دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم، كە پێشووتر بڕیارم دابوو قەت لەسەر ڕۆمانی ڕۆماننووسە كوردەكان نەنووسم. تەنها لەسەر كۆمەڵێك لە ڕۆمانەكانی(جان دۆست) و (سەلیم بەرەكات)م نووسیوە و لە چەند ڕۆژنامە و ماڵپەڕێكیش ڕانانەكانم بڵاوبوونەتەوە. هەڵبەت ئەو دوو نووسەرە كوردە، ڕۆمانەكانیانم بە زمانی عەرەبان خوێندەوە. ئینجا با بێینەوە سەر (مرۆڤی هەرزان)ی كاكە گۆران سەباح. كاكە گۆران لە ڕەخنەكانی، لە چاوپێكەوتن و نووسینە ڕەخنەیی و لە كتێبەكانیدا زۆرجار ئاماژە بەوە دەكات، كە ڕۆمان دەبێت دەستپێكەكەی بە ڕووداو و چیرۆكێكی سەرنجڕاكێش دەست پێبكات و خوێنەرهەژێن بێت، ڕۆمانە كوردییەكان ئەوە ڕەچاو ناكەن. هەڵبەتە ڕۆمانی (مرۆڤی هەرزان)ی كاكە گۆرانیش، دەستپێكەكەی و مرۆڤبارینەكەی بۆ من، نە سەرنجڕاكێش و نە هەژێنەر بوو. بە بڕوای من تەنها ڕۆماننووسە ئۆروپی و ئەمریكییەكان دەتوانن بە تەواوی لەسەر ڕۆمانی(خەیاڵی زانستیی)بنووسن و حەقی خۆی وێ بدەن. نووسەر و ڕۆماننووسی كورد ئەو زیرەكی و توانا و مەعریفە و خەیاڵە دەوڵەمەندە و شارەزاییەی نییە سەبارەت بەو بوارە، تا بتوانێت ئەسپی خۆی تێدا تاو بدات و حەقی خۆی وێ بدات. ئەوان لەناو داهێنانە زانستیی و تەكنەلۆژییەكاندان و خەیاڵیان زۆر فراوان و دەوڵەمەندە. نووسەری كورد هێشتا بە ئەقڵی ناوچەگەرێتی بیر دەكاتەوە و ئاستی مەعریفی و ماڵی خەیاڵی بەشی ئەوە ناكات و هی ئەوە نییە ڕۆمانی خەیاڵی زانستیی بنووسێت. ئەو نووسەرانەی ئاستی هۆشیاری زۆرێكیان هێشتا سنووری شارچییەتی و دەڤەرچییەتی تێنەپەڕاندووە.
ئەو گۆڕانكارییانەی كە كاكە گۆڕان لە ڕۆمانەكەی(مرۆڤی هەرزان) پێشبینی دەكات، كە لە سایەی زانست و تەكنەلۆژیا و زیرەكیی دەستكرد لە داهاتوویەكی نزیكدا ڕوودەدەن، هەرگیز لەو تەوقیت و كاتە زووەدا ڕوونادەن، كە نووسەر لە ڕۆمانی(مرۆڤی هەرزان)دا ئاماژەی پێ كردووە. بۆ نموونە لە ڕێكەوتی(٢٠٤٧/١٢/١) هەموو چەكە ئەتۆمییەكان دەفەوتێن و لە ساڵی(٢٠٤٦) ئەمریكا كۆریای باكوور لەسەر نەخشە دەسڕێتەوە و كۆریای باكوور نیوەی كۆریای باشوور لەناو دەبات و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەبێت بە(كۆمپانیا یەكگرتووەكانی ئەمریكا). لە هەمان تەوقیت(ڕووسیا و ئۆكرانیا و جۆرجیا یەكتریان نەهێشت و هیندستان و پاكستان یەكتریان بە چەكی ئەتۆمی خەنی كرد). یانی ئەو ساڵانەی كە ئەو پێشبینی تێدا كردووە لە ڕۆمانەكەیدا، كە تێیدا جیهان و مرۆڤایەتی تووشی گۆڕانكاری سەیرسەیر دەبن، مەگەر لە فیلم كارتۆن و خەیاڵی نووسەر، سەرەڕای گۆڕانكارییەكان و پێشكەوتنە تەكنەلۆژی و زانستییە خێراكان جێگایان ببێتەوە، دەنا هەرگیز وا زوو ئەو كارەسات و گۆڕانكارییانە لە واقیع ڕوونادەن.
كۆمەڵێك ڕۆمانی خەیاڵی زانستیی وەك(هەسارەی مەیموونەكان، ئامێری زەمەن و دوورگەی دكتۆر مۆرۆ) كە هەرسێكیانم بە زمانی عەرەبان و بە(PDF)خوێندووەتەوە. بەڕاستی ئەوانە ڕۆمانی خەیاڵی زانستین. خەیاڵی زانستیی، مانای ئەوە نییە ڕۆمانێك بنووسیت و لە فیلم كارتۆن بچێت. شتانێكی كۆمێدی و ناواقیعی و دوور لە ڕاستیی، لە دووتوێی ڕۆمانێكدا ڕیز بكەیت و لە بەرگی ڕۆمانی (خەیاڵی زانستیی)دا بە خەڵكی بفرۆشیتەوە. خەیاڵی زانستیی ئەوە نییە شتی خەیاڵیی پووچ و بێمانا ڕیز بكەیت و ڕۆمانەكەتی پێ پڕ كەیتەوە.
ئامێری زەمەن(The Time Machine)، ڕۆمانێكی خەیاڵی زانستیی قەبارە بچووكی(٩٣)لاپەڕەیی(هێربردت جۆن ویڵز-١٨٦٦ – ١٩٤٦)ی نووسەر و ڕۆماننووسی بە ڕەگەز ئەمریكییە و یەكەم چاپی لە ساڵی ١٨٩٥لێ بڵاوبووەوە. ئەو ڕۆمانەش بە هەمان شێوەی دوو ڕۆمانەكەی تری نووسەر(جەنگی جیهانەكان) و (دوورگەی دكتۆر مۆرۆ)، دەنگدانەوەیەكی مەزنی دروست كرد و سەركەوتنێكی كەموێنەی بەدەست هێنا و توانی ببێت بە ئایكۆنی ئەدەبی ڕۆمانە زانستی و خەیاڵییەكان لە سەدەی بیستەمدا و خۆی بخزێنێتەجیهانی نواندن و فیلم و سینەماوە و چەندین فیلمی سینەمایی لێ بەرهەم بهێنرێت و دەیان نووسەر و ڕۆماننووس، بە ئیلهاموەرگرتن لەو شاكارە مەزنە و لەژێر كاریگەری ئەو بەرهەمە ناوازەیەدا ڕۆمان بنووسن. لە گرینگترینیان هەردووك ڕۆمانەكانی(ئامێری ئاسمان)ی كریستۆڤەر بڕیست لە ساڵی١٩٧٦ و(كەشتییەكانی زەمەن)ی ستیڤن باكسار لە ساڵی ١٩٩٥.
ئامێری زەمەن، گەشتكردنە بەناو كات و زەمەندا، بڕینی قۆناغی ئێستایە و ڕۆیشتنە بۆ ئاییندە و سەردەمی داهاتوو،
گەشتێكی نامۆ و ئەفسووناوی، گەشتێكی هەشتڕۆژەی بلیمەت و داهێنەر و زانایەكی لێهاتووی ڕێبواری زەمانە و پاڵەوانی ڕۆمانەكە، بۆ ساڵی(٧٠١، ٨٠٢زایینی)
بۆ زەمەنێكی زۆر دووری دوای سەدەی نۆزدە و ئەو كاتەی كە نووسەر ئەو شاكارەی تێدا نووسی.
چیرۆكی ڕۆمانەكە لە سەدەی ١٩ی زایینییەوە لە لەندەن دەست پێدەكات.
(ڕێبواری زەمانە)ی پاڵەوانی ڕۆمانەكە ئامێرێك دروست دەكات بە مەبەستی گەشتكردن بۆ داهاتوویەكی دوور و نادیاری مرۆڤایەتی و لە ڕێگەی ئەو ئامێرە پێشكەوتووەدا سنوورەكانی كات و زەمەن دەبڕێت و گەشتی زەمەنێكی دوور بۆ نێو دوو جۆر لە ڕەگەزی مرۆڤ دەكات.
نووسەر لەو گەشتە خەیاڵیی و زانستییەدا، فیكر و ڕوئیەی مرۆڤمان لە بارەی پەرەسەندنی مرۆڤایەتی و كۆمەڵایەتی بۆ دەخاتە ڕوو و تیشك دەخاتە سەر ئاییندەی ژیان و داهاتووی تاریك و نادیاری مرۆڤایەتی. داهاتوویەك، دوو جۆر ڕەگەزی تر لە دەرەنجامی پەرەسەندندا لەنێو مرۆڤایەتی لەدایك دەبن و بەدەردەكەون. (ئیلویەكان)و (مۆرلۆكەكان).
ئەو دوو جۆرەی زۆر جیاوازن. ئەو دوو جورە ڕەگەزەی لە دەرەنجامی جیاوازی چینایەتی و هەژاری و دەوڵەمەندی دروست دەبن.
سەیر كەن و بەراورد بكەن لە نێوان كاتەكانی ڕۆمانی(ئامێری زەمەن) و (مرۆڤی هەرزان). یەكەمیان تەخمیناتی زۆر دوور دەكات و وا پێشبینی دەكات كە لە ساڵی(٧٠١، ٨٠٢ز) گۆڕانكاری گەورە ڕوو دەدەن. با زووتریش ڕووبدات، كەچی ئەو، زۆر درەنگتر دەڵێت.
كاكە گۆرانیش لە ڕۆمانی مرۆڤی هەرزاندا(٢٠٤٦ و ٢٠٤٧) و ڕێكەوت و كات و ساڵی تری نزیكمەودا دادەنێت بۆ ئەو گۆڕانكاری و كارەساتە گەورانەی كە لە جیهان ڕوودەدەن. بۆ نموونە لە پازدە بۆ بیست سی ساڵی داهاتوو بە گوێرەی خەیاڵی نووسەری مرۆڤی هەرزان، خەڵكی(لەنێو دەفری فڕیوی تایبەتی خۆیان، لە ئاسمان خۆیان بە چیای سەفین دادەدەن).
ڕۆمانی (هەسارەی مەیموونەكان)، كە ڕۆمانێكی ١٨٣ لاپەڕەیی پۆست مۆدێرنەیە و دەچێتە خانەی ئەدەبی خەیاڵی زانستیی، ساڵانی ئەو گۆڕانكارییە گەورانەی كە لە مێژووی مرۆڤایەتی و ژیان و ژیار ڕوودەدەن، هێندەی نەهێناوەتە پێش و مەودای گۆڕانكارییەكانی داهاتوو، وەك ئەوەی(مرۆڤی هەرزان) بیست سی ساڵێك نین.
بەڕاستی ڕۆمانی( خەیاڵی زانستیی) دەبێ خەیاڵ لەسەر بنەمای زانست بێت، نەك ئەفسانە یان خەیاڵێكی پووچ و بێبنەما و تەنها نووسینەوەی خەیاڵ لەپێناو خەیاڵ بێت.
هەسارەی مەیموونەكان، چیرۆكەكەی باس لە گەشتێكی زانستیی سێ كەشتیوان و پڕۆفیسۆر و پسپۆڕ و زانایەك(ئەنتل) لەگەڵ ڕۆژنامەنووسێك(ئۆلیس) و پزیشكێك(ئارتۆرلۆڤان) دەكات لە ساڵی(٢٥٠٠)بۆ هەسارەیەكی نوێ. هەسارەی(سۆرۆ).
هەرسێكیان گەشت دەكەن و لە كاتی گەشتەكەیاندا كەشتییەكی ئاسمانی لە دوورایی مەودای ٣٠٠ساڵ لە هەسارەیەكی تر دەكەوێتە خوارەوە.
هەسارەیەك لەشێوەی هەسارەكەی ئێمە. هەسارەیەك دانیشتووانەكەی هەمووی برا و تەبا و یەكگرتوو و زۆر بێكێشەن، نە سوپا و نە هێزی سەربازیی و لەشكریی، هیچی تێدا نییە. لەو هەسارەیەدا تەنها پۆلیس هێزی هەیه.
هەسارەیەك شار و شەقام و كارەبا و فڕۆكە و ئۆتۆمۆمبیل و باڵەخانە و تەلار، گیاندار، كێڵگە و دارستان و ڕووبار و چیا و سەوزایی لێیە.
خاوەنی پەیمانگەی لێكۆڵینەوە و لێتوێژینەوەی بیۆلۆژین. لەسەر ئاستی زانستیی و داهێنان و پێشكەوتندا، تا ئاستی دروستكردنی مانگی دەستكرد هەنگاویان ناوە.
ئەو هەسارەیەی كە دانیشتووانەكەی مەیموونەكانن، مەیموونی لە جۆری شەمپانزی و گۆرێلا. شەمپانزییەكان، ئەو مەیموونانەی پێشكەوتوون و لە قۆناغێكی شارستانیدا دەژین، توانای نووسین و داهێنان و بیركردنەوە و قسەكردنیان هەیە و خاوەنی تەكنەلۆژیای پێشكەوتوون و هەر خۆشیان ئەو هەسارەیە بەڕێوەدەبەن و دەسەڵات و فەرمانڕەوان بەسەر هەموو ئەو مرۆڤە سەرەتاییانەی كە لەوێ دەژین. ئەو مرۆڤانەی هیچ داهێنان و زانست و تەكنەلۆژیا و پێشكەوتنێك لەناویاندا بەدی ناكرێت.
غەرقی جەهل و نەزانی و دواكەوتوویین و تەنانەت زمان نازانن و وەكو ئەو قوناغەی مێژووی مرۆڤایەتین، كە مرۆڤ هێشتا ئاگری نەدۆزیبووەوە و هیچ ئامێرێكی درووست نەكردبوو و زمانی دانەهێنابوو نەیدەزانێ بدوێ و هێشتا لە قۆناغێكی زۆر سەرەتاییدابوو.
مەبەستم لێرە گێڕانەوەی ڕووداو و چیرۆكەكانی ڕۆمانەكە نییە، هێندەی كاتەكە و پێشبینییەكەیە. كاتێكی دوورمەودا و ماقووڵ. نەك تۆ كاتێكی ناماقووڵ و گاڵتەجاڕ و نزیك مەودای پازدە بۆ بیست سی ساڵێك دابنێیت و بڵێیت هێندە خێرا لە ماوەی بیست بۆ سی ساڵی تر یان تۆزەك دواتر، جیهانێكی تر لە جێی ئەو جیهانەی ئێمە، دێتە دی. هیچیان لە هی ئێمە ناكات. پۆهمان: نەوەی نوێی ڕۆبۆت و دەفری فڕیو مرۆڤ و ژیان كۆنترۆڵ دەكەن و “كەنەدی- كوردێكە و پێشكەشكاری بەرنامەی(ژیان لەسەر مەریخ)ە و كۆمەڵێك ڕووداو و چیرۆك و شتی تری زۆر خەیاڵیی دوور لە زانستیشی بۆ بكەیت بە بەڵگە، وەك ئەوەی مرۆڤی هەرزان.
ئینجا بە ڕاستی ئەو دەستپێكەی ڕۆمانی(مرۆڤی هەرزان) و كەوتنەخوارەوەی مرۆڤەكان، ڕێك دەڵێی فیلم كارتۆنی مۆندیالە. واتا شتێكی تەواو خەیاڵیی. تەواوی ڕۆمانەكەش بۆ من، هیچ هەژان و شتێكی هێندە سەرنجڕاكێشی تێدانەبوو.
وەك ئاماژەم پێ دا، كە هۆنینەوەی چیرۆكی خەیاڵیی و نازانستیی، ڕۆمان ناكات بە ڕۆمانی خەیاڵی زانستیی. ڕۆمانی خەیاڵی زانستیی، مرۆڤ ئاگادار دەكاتەوە لە مەترسییەكانی پێشكەوتنە زانستیی و تەكنەلۆژیاكان لە داهاتوودا، گەر بێت و ئەو پێشكەوتن و داهێنانە زانستیی و تەكنەلۆژییە لە خزمەتی مرۆڤایەتی و ژیاندا نەبێت. نەك تۆ بێیت و شتی وا خەیاڵیی بكەیتە ناو دووتوێی ڕۆمانەكەت، خوێنەر بە پێكەنین بێنێت و سەد دەر سەد بزانێت كە وا درۆی لەگەڵ دەكرێت و لە خۆی و لە كاكی ڕۆماننووس بپرسێت: چۆن(لە سی و چوار سەعاتی ڕابردوودا هەشت ملیۆنی تر خۆیان كوشتووە) و (ڕۆژانە حەفت ملیۆن كەس خۆی دەكوژێت) و (ڕێژەی خۆكوژان بەرز بووەتەوە بۆ دە ملیۆن لە ڕۆژێكدا) و( ژمارەی خۆكوژان گەیشتووەتە یازدە ملیۆن لە ڕۆژێكدا)؟
بەڕاستی خوێنەر لە كاتی خوێندنەوەی ئەو دێڕانەدا، هەست دەكات درۆی لەگەڵ دەكرێت و چیرۆكێكی سرف خەیاڵیی و ناڕاستی بۆ باس دەكرێت. وای لێ دێت تاقەتی خوێندنەوەی ڕۆمانەكەی نەمێنێت و لە كۆی ڕووداو و چیرۆكەكانی ڕۆمانەكە بكەوێتەوە گومانەوە و ئەو هەستەی لا دروست بێت كە ئەو ڕۆمانێك سەبارەت بە فیلم كارتۆنێكی خەیاڵیی دەخوێنێتەوە، نەك ڕۆمانێكی خەیاڵی زانستیی.
ڕۆمانی خەیاڵی زانستیی، دەبێ خوێنەر لە كاتی خوێندنەوەیدا هەست بكات ڕووداو و چیرۆكەكانی، ئەگەری ڕوودانیان هەیە و ترسێك دایبگرێت و هەست بكات، كە ئەوەی ئەو دەیخوێنێتەوە، ڕاستە جارێ ڕووی نەداوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی كە نووسەر هێندە هونەرمەندانە و شارەزایانە چیرۆكەكانی هۆنیوەتەوە، لای ببن بە حەقیقەت و ئەو قەناعەتەی لا دروست بكەن، كە زوو یان درەنگ، ئەوەی ڕۆماننووسەكە باسی لێوەكردوون، ڕوودەدەن. قسەكانی ڕۆماننووسەكە هێندە قەناعەت پێكەربن، خوێنەر بهەژێنن، نەك شتی هێندە بێبنەما و سرف خەیاڵیی بئاخنیتە ناو دووتوێی ڕۆمانەكەت، خوێنەر وا لێبكەیت كە هەست بكات درۆی لەگەڵ دەكرێت و ئەو شتانەی ئەم باسی دەكات، خەیاڵ و مەحاڵن و هەرگیز شتی وا ڕوونادەن، مەگەر لە خەیاڵی ڕۆماننووس نەبێت.
هێربرد، بە نووسەری ڕۆمانە خەیاڵی زانستییەكان ناسراوە و ناسناوی ئەدیبی پێشبینیكەر(متنبئ)ی پێ بەخشراوە. ئەدەبی فەنتازی و خەیاڵی زانستیی لە ڕوانگەی هێربرد جۆرج ویڵزەوە، تەنها گێڕانەوەی چیرۆكگەلێكی ئەفسانەی بێناوەڕۆك و بێئامانج و بێهوودە و كاتكوژ و بێمانا و سەركەشییانە نییە. بەڵكو لە ڕوانگەی ئەو، ئەدەبێكی پابەندە و باسكردنە لە شتگەلێك، كە لەوانەیە لە داهاتوودا ڕووبدەن!
نموونە، ئەو یەكەم كەسێك بووە وێنای چوونەسەرمانگ و گەشتی ئاسمانی كردووە و قسەی لەسەر كردووە و لە ساڵی١٩٠١ ڕۆمانێكی خەیاڵی و زانستیی نووسی بەناوی(یەكەمین پیاوانێك لەسەر مانگ) واتا بە ٧٤ ساڵ پێش ئەوكاتەی مرۆڤ پێ بخاتە سەرمانگ. ئەوكات لەوانەیە چیرۆكەكانی ناو ڕۆمانەكە و باسكردنی گەشتی ئاسمانی و چوونەسەرمانگ، لای خەڵكێكی زۆر تەنها چیرۆكگەلێكی بێمانا و باسكردن بێت لە شتی خەیاڵیی و پڕوپووچ و بێماناو نا ئەقڵانی.
پاشان كاكە گۆران زۆرجار لە ڕەخنەكانیدا ئاماژە بەوە دەكات كە ڕۆماننووسە كوردەكان ڕەچاوی تەمەن و ئاستی مەعریفی و هۆشیاری و قسەكردنی كارەكتەرەكان ناكەن. واتا ناكرێت كرێكارێك و كەسێكی ئاسایی بە زمانی فەیلەسووفێك قسە بكەن و دكتۆرێك بە زمانی پیاوێكی ئایینی و منداڵێك بە زمانی بە تەمەنێك و فرۆشیارێك بە زمانی پرۆفیسۆرێك. واتا كارەكتەرەكە دەبێت زمانحاڵی خۆی بێت و لە چ ئاستێكدایە، لەو ئاستە قسە بكات، یان كارەكتەر كاتێك قسە لەسەر شتێك دەكات، نابێت بێئاگا بێت و دەبێت شارەزایی لەو بوار و بابەت و شتە هەبێت. كەچی خۆی پێچەوانەی ئەوە جووڵاوەتەوە، بۆنموونە: “كانت و نیچە و فۆكۆ و ماركس و ئەوانی تریش، پێش ئەوانیش ئەفلاتوون(پلاتۆ ڕاسترە) و سوقرات و ئەرستۆ، هیچیان نەیانتوانی مرۆڤ ڕزگار بكەن، ئەوانە مرۆڤیان بەرەو پەڕپووتیی ئەخلاق و پووچگەرایی برد.”
هەر بەڕاستی دەبێ نووسەر هێندە لە بواری فەلسەفە و ناسینی فەیلەسووفان بێئاگا و كۆڵەوار و نەشارەزا بێت، تا بێت و ئاوا كورد گوتەنی دۆ و دۆشاو تێكەڵ بكات! باشە كانت و نیچە و ماركس، دەبێ چی پێكەوەیان كۆ بكاتەوە؟ یەكەمیان ئەقڵانیی و دووەمیان دژە ئەقڵ و پۆست مۆدێرن و سێیەمیان ئابووریناس و كۆمەڵناس! ئینجا من تێنەگەیشتم چی ڕایەڵەیەك لەنێوان پووچگەرایی و ماركس و كانت و پلاتۆ و سوقرات و ئەرستۆدا هەیە؟ ئەوە زانیمان نیچە پووچگەرا و عەدەمی بوو، بەڵام سوقرات و كانت و ماركس و پلاتۆ و ئەرستۆ بۆ؟ (ئەوانی تریش) كە نووسەر دەڵێت، نەمانزانی كێن. دیارە نووسەریش وەك سەلەفی و ئیسلامییەكان لە دوورەوە گوێی لە ناوی كانت و نیچە و فۆكۆ و ماركس و سوقرات و پلاتۆ و ئەرستۆ بووە. گەر نا چۆن ئەو فەیلەسووفە مەزنانە بە پەڕپووتی ئەخلاق و پووچگەرایی ناوزەد بكات.
ئەی هاوار! ئەو كارل ماركسەی هەموو تەمەنی خۆی لەپێناو بەرگریكردن لە چینی چەوساوە و مافی كرێكار و جووتیار و عەدالەتی كۆمەڵایەتی و یەكسانی و ژیاندۆستی بەڕێ كرد، تۆ بێیت و بە پەڕپووتی ئەخلاق و پووچگەرای دابنێیت! من تا ئێستا گوێم لە هیچ سەلەفی و ئیسلامییەك نەبووە ئەو جوێنە مەعریفییە بە ماركس بدات، كەچی نووسەری ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان دای.
ناڵێین با كارەكتەر هەمووشتزان بێت. وەك ئەوەی بەڕێزیان لە ڕەخنەكانیان گلەیی ئەو هەمووشتزانییەی كارەكتەرەكان لە ڕۆماننووسە كوردەكان دەكات. بەڵام ناكرێت كارەكتەرەكەت هێندە نەزانیش بێت، نەزانێ ماركس و نیچە، فۆكۆ و سوقرات، كانت و پلاتۆ كێن و چی جیاوازییەك لە فەلسەفەكانیاندا هەیە، كەچی هێرشیشیان بكاتە سەر!
گوتراوە كە: ڕۆمان هونەری نووسینەوەی بیرەوەرییەكانە.
لای من، بەچێژترین ڕۆمان، ئەو ڕۆمانانەن، كە بیرەوەری و بیۆگرافیان، نەك خەیاڵیی و بەرهەمی خەیاڵی نووسەر. لە ڕۆمانی بیرەوەریی و بیۆگرافیادا، خوێنەر هەست دەكات درۆی لەگەڵ ناكرێت و ئەو بەر كارەكتەرگەلێك دەكەوێت، هەست دەكات ئەوان كارەكتەری ڕاستەقینەن و ڕووداو و چیرۆكەكانی ڕاستەقینەن و جاری وایە هەم چیرۆك و ڕووداوەكان و هەم پاڵەوان و كەسایەتی و كارەكتەرەكانیش لە خۆیەوە نزیكن و لەو دەچن. ئینجا ڕۆمانی بیرەوەریی، ڕووداوەكانیشیان، با خەیاڵ و فانتازیای تێكەڵ بێت، بەڵام هەڵهێنجراوی واقیع و لە دایكبووی حەقیقەتێكن. بۆ نموونە ڕۆمانی:
-بیرەوەرییەكانم لە زیندانی ژنان- نەوال سەعداوی
-قەپێلك- مستەفا خەلیفە.
-بیروەری ماڵی مردووان- دۆستۆیڤسكی.
-نانی ڕووت- محمەمەد شوكری.
-ڕۆمانەكانی فەزیلە فارووق و…هتد.
لە ڕووی زمانەوانیشەوە ئەم ڕۆمانە پڕە لە هەڵەی ڕێنووسی و ڕێزمانی و خاڵبەندی.
هەندێك هەڵە و هەندێك ڕستەیش ئەگەر نووسەر وای نووسیبان، گەلێك ڕاستتر و جوانتربوو.
بۆ نموونە:(ئەوانەی مەیتیان قەت نایەتە دۆزینەوە.)
ئەوانەی تەرمەكانیان نادۆزرێنەوە، جوانترە.
(هەر بابایە یەك هەزار هۆ ڕیز دەكات.)
(هەربابایە هەزار هۆ ڕیز دەكات)
سێ هەزار زانای پیاوی بالابەرزی كەچەل.
سێ هەزار زانای باڵابەرز و كەچەل، جوانترە. پیاوەكە ناشیرین و زیادە.
(قەڵسی لەژێر پێستی دا وەك مێروولە هامشۆ دەكات.)
قەڵس دەبوو، جوانترە.
(چەندان ساڵ بوو مێتال بێ بەش ببوو لە بابی.)
چەندین ساڵ بوو مێتال لە دیدار یان بینینی بابی بێبەش ببوو، جوانترە.
یان دەڵێت: (كەبابیان خوارد، سەیری فیلمیان كرد، سەمایان كرد، پیاسەیان كرد، لە هەموو گرنگتر، قسەیان كرد.)
یانی لە كاتی ئەو هەموو كەبابخواردن و سەیركردنەی فیلم و سەماكردن و پیاسەیە، هیچ قسەیەكیان نەكردییە؟
(سامی سەردانی كچەكەی كرد، لە ئەپارتمێنتە یەك ژوورییەكەی نوستبوو.)
ئەپارتمان لە چەند قات و چەندین ژوور پێك دێت، نەك یەك ژوور.
نووسەر لە لاپەڕە ٧٦ دەڵێت”سامی سەردانی كچەكەی كرد، لە ئەپارتمێنتە یەك ژوورییەكەیدا، نوستبوو.
كەچی هەر لە هەمان لاپەڕە هەمان ئەپارتمێنتە یەك ژوورییەكە، دەكات بە پەنجا نهۆمی و دەڵێت: “سامی ویستی سەرخەوێك بشكێنێت، بەڵام خەوی زڕابوو. چووە باڵكۆن، لە نهۆمی پەنجاوە تەماشای شارەكەی كرد.”.
باڵەخانەی پەنجا نهۆمی و یەك ژوور چۆن دەبێت؟
باشە ئەو هەموو نهۆمە چی بووە؟ مەگەر تەوالێت یان پاركینگی ئۆتۆمبیل بوون؟
یان دەڵێت: (زانایان دەرزیێكیان دروست كردووە بۆ وشككردنی(قشپل)
ئێ قشپل لە بەیانی تا ئێواره تیشكی خۆری لێ بدات، هەر بە خۆی وشك دەبێت، چ پێویستی بە دەرزی و زانایانە؟ یان وشككردنەوەی قشپل پرۆسەیەكی هێندە زانستی و گرنگ و زەخمە؟
یان(هەردوو بوونەوەر دەوەستن و دەروازەیەكی گەورە بە ڕوویاندا دەكرێتەوە، دەڵێی ئاسمان شەق دەبێ.)
تۆ باسی زانست و بوونەوەری ئەلیكتڕۆنی و بوونەوەری تەكنەلۆجی شووشەیی و كانگۆ و هەسارەی كانگۆلۆكا دەكەیت و لە ڕۆمانەكەت پێشكەوتنی زانست و تەكنەلۆژیا گەیشتبێتە ئەو ئاستە كە (ماگنۆسكین)، ئامێری گواستنەوەی هەست و وێنە و دەنگ(دیگ)، كە ئامێرێك بۆ پشكنینی ڕاستی و درۆ و ناخی مرۆڤ دەخوێنێتەوە دابهێنن، بەڵام نەتوانن ئاسمان كەشف بكەن، ئاخو دینگەی هەیە و هەفت قاتە، وەك ئەوەی ئایین دەیڵێت، یاخود بۆشاییە وەك ئەوەی زانست دەیڵێت.)
ئینجا هەر دوای ئەوە دەڵێیت(ئاسمانیش بۆشاییە.) و
باسی(مایكڕۆمێتیۆرتیس)، گەردیلەی بۆشایی ئاسمان دەكەیت.
یان دەڵێیت”عاموودێك دە مەتر بە نێو بۆشایی ئاسماندا درێژ دەبێتەوە.”
كەواتا بۆشایی چۆن شەق دەبێ؟!
بۆشایی-شەقبوون!
(لە دانیشتن قەدی گرتووە.)
دەقی بە دانیشتنەوە گرتووە، یان خووی بە دانیشتنەوە گرتووە. جوانتر و ڕاستترە.
(با كات نەچوێنین)
با كات بە فیڕۆ نەدەین، ڕاستتر و جوانترە.

(تەزووێك بە (سامی)دا دێت.)
تەزوویەك به لەشی(سامی)دا دێت، ڕاستترە.

(بە دەنگێكی نیوچەنووساو.)
بە دەنگێكی نیمچەنووساو، ڕاستترە.

(تۆپە گەورەكە بە زەویدا ورد دەبێت.)
تۆپە گەورەكە بەر زەوی كەوت و ورد بوو، ڕاستترە.

(بێ ویستی خۆی دەستی بە ڕیشە ماش و برنجیەكەی دا دێنێت.)
ڕیشی(ماش و برنج) ڕێنووسەكەی هەڵەیە. ماشوبرنج دروستە، وشەی لێكدراوە.

(لەرزی پەنجەكانی دەشارێتەوە.)
پەنجەكانی بە هۆی لەرزینەوە دەشارێتەوە، ڕاستترە.

(سامی ئاخیر نەفەرە…)
سامی دوا كەس، یان كۆتا كەسە، جوانترە.

(دەیان پرسیار لە سیمایان دەنووسرێ.)
دەیان پرسیار لە سیمایان دەخوێنرێتەوە، یان خۆیان دەردەخەن، یان دەردەكەون، یان لە دایك دەبن، ڕاستر و جوانترە.

(سامی تام لە سپیێتیی و كەڵەكەبوونی هەور دەكات، بەس هەواڵی ناخۆشی خۆكوژەكان و دوا وتەی مێتاڵی كچی تامەكەی لێ تاڵ دەكەن.)

سامی چێژ لە دیمەنی سپیێتیی و كەڵەكەبوونی هەورەكان دەبات، بەڵام هەواڵی ناخۆشی خۆكوژەكان و دوا وتەی مێتاڵی كچی، ئەو چێژبردنەی لێ تاڵ دەكەن، جوانترە.

(چاوانی سەوز و گەورەی، لافاوی نێو چاوی بەر دەدەن.)
ڕێژنەی فرمێسك لە چاوە سەوز و گەورەكانی دەباری، جوانترە و ئەو وەسفەی نووسەر، زۆر ناقۆڵا و ناشیرین و بێتامە.

یان(ڕوومەتی پڕ لە هەوا دەكات و بە هێواشی دەیداتەوە.)
ڕوومەت دیوی دەرەوەیە، چۆن پڕ هەوا دەكرێت؟ دەكرێ بڵێین دەمی پڕ هەوا دەكات. بە پڕهواكردنی ناو دەم، ڕوومەتەكان بف دەدرێن و پێیان دەگوترێ گوپ. ئەها گوپكە بە شتێكی دەرپۆقیو و خڕ دەگوترێت.

(بە دەنگێكی شاناز ڕای دەگەیەنێت).
ئێستاشی لەگەڵدا بێت هەر نەمزانی وشەی(شاناز)لێرە مەبەستی نووسەر چییە؟
ناشێت ئەویش وەك ئەو بەختیار عەلییەی كە گلەیی لێ دەكات، لە داهێنانی بێمانا لە وشە، ئەویش داهێنانی كردبێت.
هیوادارم مەبەستی(ناشاز)بێت و هەڵەی تایپ بێت.
یان(نامورتاحی لە هەواكە ئەوەندە ئەستوورە بە تەوریش ناپسێت.)
نازانم هونەر و جوانیی ئەو دەربڕینە ناشیرین و نا ئەدەبییە لەچیدایە؟
(هەموو داهاتم تەرخان كرد بۆ كردنەوەی خولی دایك و باوكایەتی.)
دوو سێ جار ئەو ڕستەیەم خوێندەوە، هەر نەمزانی مەبەستی چییە لە خولی دایك و باوكایەتی!
(هێندە گەڕانەكەی خۆش دەوێ، بە چل پلە لەژێر سفر تەقەی سەری دێ.)
تەقەی سەری دێ، بەس بوو و زۆر ڕاستتر و جوانتریش بوو.
نازانم حیكمەت و هونەر و جوانیی(بە چل پلە لەژێر سفر)دا لێرە چییە؟
یان(گەرهێندە برسی ئازار بێ، ئەوا ئەو ئازارەی سامی زەلاتەیە.)
ڕستەیەكی تا بڵێیت بازاڕی و ناشیرین و نابەجێیە.
نموونەكان هێندە زۆرن. بەڵام من لێرەوە كۆتایی پێ دێنم و هیوادارام نووسەر لە چاپی داهاتوودا چاكیان بكاتەوە.
ماوەتەوە بڵێم: زمانی نووسەر لاوازە و لە ئاست پێویستدا نییە. وەك نووسەرێكی هاوڕێم گوتەنی، كە ئەویش(مرۆڤی هەرزان)ی خوێندبووەوە، زۆر شڕ و پەڕپووتە.
هەر بەڕاستی لە نووسینی ئەو ڕۆمانە نووسەر هیچ ڕەچاوی زمانێكی ئەدەبی باڵا و بەرز و جوانی نەكردووە و بە زمانێكی زۆر سادە و ڕۆژانەیی ڕۆمانەكەی نووسیوە. ناكرێت ڕۆمانی خەیاڵی زانستیی بەو زمانە شەپڕێو و داماو و نائەدەبیی و كۆڵەوارە بنووسرێت.
زمانێكی لاواز، تێكشكاو، پڕ لە هەڵە و پەڵە و ناڕێكی و ناڕوونی. زمانێكە، بۆ هەر شتێك ببێت، بە كەڵكی نووسینی ڕۆمان و دەقی ئەدەبی نایەت.
بەڕاستی نووسەر لە زماندا هەژارە و پێویستی بە خۆدەوڵەمەندكردن و گەشەپێدانی زیاتر هەیە.

تێبینی: من، چاپی سێیەمی ڕۆمانەكەم خوێندەوە.

Previous
Next
Kurdish