
بە بێ سێکس ھیچ مانایەک بۆ خۆشەویستی نامێنێتەوە.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی
مۆنۆلۆگی سێیەم لە کنێبی (خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجە)دا
خۆم: رۆمانسیزمی کۆتایی سەدەی حەڤدە دوالیزمی خۆشەویستی و مردنیان پێکەوە گرێدەدا، بەڵام پێناسەی تازە ئەوەیە خۆشەویستی و ژیان پێکەوە بەستراون.
من: ھەتا فێر نەبین خۆشەویستی بکەین، فێر نابین چۆن بژین. ئەوەی گەردوون ھەڵدەسوڕێنێت خۆشەویستییە. لاھوتییەکان دەڵێن خودایە، بەڵام خوداش ھەر پارچەیەکە لە خۆشەویستی.
خۆم: مرۆڤ کە فێری خۆشەویستی بوو، تامی ژیان دەکات، ئیتر ترسی لە مەرگ نامێنێت، چوونکە ھەست دەکات ئەوەی پێویستە بیکات ئەنجامی داوە.
من: ژیان خۆی سپەیسێکە لەنێوان ھەردوو خاڵی لە دایکبوون و مردندا، ئەوەی ئەم بۆشاییە بە خۆشەویستی پڕ نەکاتەوە، نە لە دایکبووە و نە ژیاوە و نە دەمرێت، بەو پێیەی بوون بە خۆشەویستیدا دەناسرێتەوە.
خۆم: وتەکانت پڕن لە حیکمەت، لە بارەی خۆشەویستییەوە بدوێ، بێدەنگبوونی تۆ خیانەتە لە خۆشەویستی!.
من: مەرج نییە، ھەمیشە وتن شتەکان روون بکاتەوە، ھەردەم شێواندنەکان لە وتەکانەوە دەستپێدەکەن، ھەروەک شیعرەکەی “نیکۆلاس کاتانۆ” دەڵێت “من زۆر جار، لە وشەکان پەشیمان دەبمەوە، بەڵام ھەرگیز لە بێدەنگییەکانم نا”.
خۆم: ژیان خۆشەویستییە، ئەمە ئەو فاکتەیە تاراددەیەک ھەمووان لەسەری کۆکین، بەڵام ئەی مردن چییە؟.
من: مردن تاکە ھەقیقەتێکە ناتوانین تەفسیری بکەین، لەگەڵ ئەوەشدا نابێت لێی بترسین، چوونکە لەو باوەڕەدا نیم ھێندەی ژیان تاڵ بێت.
خۆم: ئەگەر ژیان خۆشەویستییە بۆچی بە تاڵ پێناسەی بکەین؟، خۆشەویستی و شادیی دوانەیەکن پێکەوە!!.
من: ئەگەر ژیان تاڵ نەبوایە، مرۆڤ پێویستی بە داھێنانی خۆشەویستی نەبوو، مرۆڤ خۆشەویستی داھێناوە نەک دیاردەیەکی خۆڕسکی دەروونی خۆی بێت، سروشتە خۆڕسکەکەی مرۆڤ دڕندەییە، کاتێک زانیمان ئەو دڕندەییە سروشتییە وێرانترمان دەکات، ژیانمان تفتتر دەکات پەنامان بۆ خۆشەویستی برد، یان بابڵێم خۆشەویستیمان داھێنا.
خۆم: باوەڕت بە ژیانێکی تر لە دوای مردن ھەیە؟, واتە زیندوبوونەوەی پاش مەرگە فیزیکییەکەمان.
من: ئەم پرسیارە ھێندە کۆنە بە قەد تەمەنی ھەبوونی مرۆڤ، لەوەتی مرۆڤ ھۆشی کردۆتەوە ئەم پرسیارە ئامادەیەی ھەبووە، ئەو وەڵامانەی تاوەکو ئێستا لە ئارادان، لە روانگەی لاھوت یان فەلسەفەوەن، ئەوانەش ھەموو شێمانە و گریمانەیین نەک کۆنکرێت، لێ لاھوت و فەلسەفە دوور نین لە زانست، بەڵکو لەسەر زانست رۆنراون، بگرە تاکو سەردەمی “رۆشنگەری”ش فەیلەسووفەکان ھەم دانا بوون، ھەم زانا، بۆیە گریمانە فەلسەفییەکان بە تێپەڕینی کات بوونەتە فاکتی زانستیی، بەڵام کەی زانست توانی وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە، دەتوانین وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە جا بە ھەر بارێکدا بێت ئەوەیان زۆر گرنگ نییە، وەک خۆم چاوەڕێی زانست دەکەم و دڵنیاشم لەوەی رۆژێک دەتوانێت وەڵامی ئەم پرسیارە ھەرە دێرینەی مرۆڤ بداتەوە.
خۆم: کەواتە ناتوانین پێناسەی مردن بکەین!، دەبێت جێی بھێڵین بۆ زەمەن.
من: جارێ با ئێمە پێناسەی خودی ژیان بکەین کە ئەزموونی دەکەین، دواتر رەنگە ئاسان بگەینە پێناسەی مردن، ھەروەک شاعیری یابانی “مۆریتاکە” لە یەکێک لە ھایکۆکانیدا دەڵێت “وەک گوڵە نیلۆفەڕ، ژیانی من، سەراپا وەک رۆژێک دێتە بەرچاو”. ھەر بە راستی ژیانمان ھەر یەک تاکە رۆژە.
خۆم: مەرگ کۆدێکی سەیرە، رەنگە بتوانین لە کۆتاییەکانی ژیاندا لێی تێبگەین، ھەروەک چۆن “ڤیکتۆر ھۆگۆ” لە سەرەمەرگدا وتی “رووناکییەی رەش دەبینم”. ئەو چرکەساتە رەنگە تێبگەین، بەڵام چیتر توانامان نییە لە بارەیەوە بدوێین.
من: مردن تەنھا مردنی جەستەیە، ونبوونە لە بەرچاوی خەڵک، بڕوام بەوە نییە ماددە بمرێت، تەنیا دۆخی دەگۆڕێت!. تکایە کە من ون بووم لەبەرچاوانت وا مەکە نەتناسیوم، ھەوڵمەدە بۆ لە بیرکردنم، باشترین کار بیکەیت داگیرساندنی مۆمێکە لەگەڵ خوێندنەوەی تێکستەکانمدا، بەڵام نەکەیت بە دڵێکی تەنگەوە ئەم کارە بکەیت.
خۆم: کێ ناڵێت بەو ھەموو برینەوە پێش تۆ ون نابم، ئاخر گۆمێکم چەندان جار لیخن کرام، بەردی زۆرم تێگیراوە، دڵیان شکاندووم لە ژیان، چاوەڕێی تەڕایی روونی تۆ بووم تاکو بمژێنیتەوە، سەیرە بەو ھەموو ھەستەوە، چۆن دەبێت وەک مردوو بژیم؟!.
من: تۆم خۆش دەوێت!. ئەوەندە ئاسان بە کەسێک ناڵێم خۆشم دەوێیت!, دڵنیام ئەفسوونێک لە تۆدا ھەیە، راستە من جادووگەری وشەم، بەڵام تۆ ساحیری دڵ بردنی، ئەوە نییە بە ئاسانترین شێوە دڵت بردم.
خۆم: زۆرجار وا ھەست دەکەم زۆر تەڵخیت، بۆم جیا ناکرێتەوە چۆن بیر دەکەیتەوە و چی لە مێشکتدا ھەیە!.
من: مرۆڤی جوان، ھێندەی روونییەکەی لێڵە، تۆ ناتوانیت کەشفی بیر و خەیاڵاتی بکەیت، کەچی تۆ ھێشتا نابینیت ڤیزام پێداویت ئەو جوگرافیا تاریکانە بەسەر بکەیتەوە لە ئەندێشەی مندا ھەن، وریابە چرای خۆشەویستییەکەت توند بگرە، نەک خوانەکردە لە بەرزاییەکانی بیرمەوە ھەڵدێرێیت.
خۆم: خۆشەویستیتم قبوڵ کردووە، بەڵام لە بەیەک گەیشتنی جەستەکان زۆر دەسڵەمێمەوە، بە جۆرێک بە بیرکردنەوە لێی تووشی جۆرە شڵەژانێک دەبم تێیدا ون دەبم، تۆ دەرکی ئەوەت کردووە خەریکە خۆم ناناسمەوە؟.
من: ئەو خۆشەویستییەی رێگریی لە بەیەک گەیشتنی جەستە بکات، نەک نابێت پێی دڵخۆش بین، بەڵکو دەبێت نەفرەتی لێ بکەین. کێشەی تۆ لەوەدایە تەنھا خورمات دەوێت، کەچی من خورما و مێوژیشم دەوێت.
خۆم: لە دیدی مندا خۆشەویستی مەحکوم ناکرێت بە پەیوەندیی سەرجێیی، رۆح زیاتر رۆڵ دەگێڕێت وەک لە جەستە.
من: خۆشەویستی ھێزی کێشکردنی ھەیە، ھەمیشە دوو جەستە بەرەو یەک رادەکێشێت، کاتێک جەستەکان ئاوێزانی یەکتر دەبن، رژێنی خۆشەویستی ھۆرمۆنی توانەوە دەردەدات، خۆشەویستییەک نەتوانێت دوو لەش ئاوێتەی یەکتر بکات، جێی گومانە و دەبێت باوەڕ بەوە بکەیت ئەم پەیوەندییە ھێشتا نەبووەتە خۆشەویستی.
خۆم: ھێشتا سەر لەوە دەرناکەم، بۆچی لە پێناسەی نوێدا خۆشەویستی و سێکس پێکەوە دەبەسترێنەوە؟. بۆ دەبێت ئەو دووانە تەواوکەری یەکتر بن؟. کێ ئەم رێسایەی سەپاندووە؟.
من: ئەوە رێسایەکی سروشتیی و خۆڕسکە بێ سێکس ھیچ مانایەک بۆ خۆشەویستی نامێنێتەوە، بە پێچەوانەشەوە بێ خۆشەویستی ھیچ ھۆکارێک نییە بۆ ئەنجامدانی سێکس، چوونکە لەو دەمەدا سێکس دەبێتە پووچترین پرۆسە.
خۆم: ھێشتا بۆم ھەرس ناکرێت، سێکس و خۆشەویستی دوالیزمێک بن یەکتر تەواو بکەن، تا ئێستا وەھا تێبینیم کردووە ئەو دووانە پێچەوانەی یەکترن!.
من: لە روانگەیەکی فەلسەفیانەوە بۆچوونی خۆمم بۆ شی کردیتەوە، چوونکە تۆ سۆفیستانە سەیری خۆشەویستی دەکەیت و پێتوایە نابێت جەستە رۆڵی ھەبێت، منیش دەڵێم مرۆڤ بە ھۆی جەستەیەوە ھەست بە بوونی خۆی دەکات.
٤-١١-٢٠١٨
کاتژمێر: چواردە و سی خولەک
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس