دوالیزمی ریفۆرم و شۆڕش خاڵی وەرچەرخانی کۆمۆنیزم بەرەو ریفۆرمیزم.. ئاسۆ کەمال
زۆر سوپاس بۆ بەشداری گرنگی هاوڕێم ئیبراهیم محمد، کە چەند مەسەلەیەکی پڕبایەخی وروژاندوە سەبارەت بە وتارێکم ( شۆڕشی سۆشیالیستی و ئەزمونی شۆڕشەکانی سەدەی ٢٠)، کە جێگای گفتوگۆی جدین کە لێرەدا باسیان دەکەم.
لێرەدا لە چەند تەوەرێکدا ئەم گفتوگۆیە لەگەڵ هاوڕێ ئیبراهیم دا دەبەینە پێشەوە. بۆ بەبیرهێنانەوەی خوێنەران تەوەرەی یەکەم بریتی بوو لە : بۆچی شۆڕشەکانی تا ئێستا سەرکەوتونەبون؟
تەوەری دووەم : ئایا دوالیزمی ریفۆرم و شۆڕش بەشێکی کارکردی حزبێکی کرێکاریی یە ؟ ئایا هۆکاری وەرگەڕانی سۆشیال دیموکراتی بەرەو ڕیفۆرمیزم و لادان لە شۆڕش چی بوو؟
سەرنجی هاوڕێ ئیبراهیمە لەسەر وەڵامەکانی من سەبارەت بەو پرسیارانەی سەرەوە بەم شێوەیە یە:
هاوڕێ برایم دەڵێ “دوالیزمی ریفۆرم و شۆڕش بەشێکی کارکردی حزبێکی کرێکاریی یە کە بیەوێ پەیوەندی بە خەباتی کرێکاریی وە بەردەوام بێت و دانەبڕێت لە خەباتی ڕۆژانەی کرێکاران و ناڕەزایەتیەکان و ئامادەیی هەبێت پێویستە ریفۆرم کرێکاریی بەهەند وەربگیرێت، چونکە کرێکاران هەمووکات لە هەلومەرجی شۆڕشی کردندا نین .
هەروەها دەڵێت:
ئەگەر قسە لە سەر ئەو خۆتەکاندنەوە ی سۆشیال دیموکراتیە لە ئامانج و دەستگرتن بە ڕیفۆرمی وە وەک ستراتیج ، ئەوا ڕیشەی ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گۆڕانکاریانەی لە پرۆسەی بەرهەمهێنانەوەی سەرمایەدا ڕوویان دا زەمینەی ئەوەی خۆشکرد کە ڕیفۆرمیزم وەک ستراتیژی سۆشیال دیموکراتی دا ببێتە ئامانج و ستراتیژ.”
ئەوە ڕاستە کە هاوڕێ برایم دەڵێ ” حزبێکی کرێکاریی یە کە بیەوێ پەیوەندی بە خەباتی کرێکاریی وە بەردەوام بێت و دانەبڕێت لە خەباتی ڕۆژانەی کرێکاران و ناڕەزایەتیەکان و ئامادەیی هەبێت پێویستە ریفۆرم کرێکاریی بەهەند وەربگیرێت، چونکە کرێکاران هەمووکات لە هەلومەرجی شۆڕشی کردندا نین .” بەڵام ئەوەی لە ڕاستیدا ڕووی دا لە نێو سۆشیال دیموکراتی وەک حزبێکی کرێکاریدا، ئەوە بوو کە دروستبونی دوالیزمی ریفۆرم و شۆڕش لەو حزبەدا بوە خاڵی وەرچەرخانی کۆمۆنیزم بەرەو ریفۆرمیزم. لەم پرۆسەیەدا سۆشیال دیموکراتی لە قاڵبی حزبێکی ڕیفۆرمیستدا مایەوە و وازی لە هەموو شۆڕش کردنێک بەسەر سیستمی سەرمایەداری و دەزگای دەوڵەتی بورژوازیدا هێنا.
سەرەتا جیاوازی کۆنسێپت و زاراوەی دوالیزم لە زاراوەی دوولایەنی سادە و گشتی دەخەمەڕوو . دوالیزم دەربڕینێکی دیکارتە، کە بەمانای دوو لایەنی جیاواز یان ناکۆک دێت، نەک دوو لایەنی هاوبەش. لەناو حزبی کرێکاریدا ڕیفۆرم و شۆڕش ناکۆک و دوالیست نین بەڵکو هەردوکیان دوو بەشی یەک پرۆسەی خەباتی کرێکارین. دوالیزم جیاوازە لە یەکێتی ئۆرگانیکی دوو لایەنی خەباتی کرێکاران بۆ ڕیفۆرم و شۆڕش کردن لە بواری ئابوری و سیاسیدا لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا. دوالیزم واتە ناکۆکی ئەم دوو لایەنەی خەبات بەیەکتر. واتە ناکۆکی نیوان ڕیفۆرم و شۆڕشکردن. ئەمە یەکێک لە ئاڵوگۆڕە ڕیشەییەکانە کە بەسەر سۆشیال دیموکراتی کرێکاریدا هات لە دوای کۆمۆنەی پاریسەوە. ئەم دوالیزمە خۆی لە تێگەیشتنی جیاواز و دژ بەیەک نیشاندا لە نێو بزوتنەوەی کرێکاریدا سەبارەت بە جێگای ریفۆرم و هەڵوێست بەرامبەر بە دەوڵەت و پەرلەمان و ئایندەی خەباتی دژی سەرمایەداری. کەواتە “دوالیزمی ریفۆرم و شۆڕش بەشێکی کارکردی حزبێکی کرێکاریی” نیە و بەپێچەوانەوە لەلای حزبی کرێکاری یەکێتیەکی ئۆرگانیک کە لەنێوان ریفۆرم و شۆڕش یان لە نێوان خەباتی ئابوری و خەباتی سیاسی کرێکاراندا هەیە، نەک ئەم دوو لایەنە دژ بەیەک و جیاواز بن.
ئەم دوالیزمە وەرچەرخانە بەرەو ڕیفۆرمیزم، کە وەک هاوڕێ برایم دەڵێ: ” دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گۆڕانکاریانەی لە پرۆسەی بەرهەمهێنانەوەی سەرمایەدا ڕوویان دا”. بەڵام بەتەنیا ئەم دێڕە ناتوانێ ئەو وەرچەرخانە گەورەیە ڕۆشن بکاتەوە و هەربۆیە لەم پۆستە دوورودرێژەدا ئەم مەسەلەیە ڕون دەکەمەوە، کە هیوادارم خوێنەری فەیسبوک تاقەتی خوێندنەوەی بابتەتێکی وا دورودرێژی هەبێت.
ئەم دوالیزم و ریفۆرمیزمە گۆڕانکاریەکی فکری و سیاسی بوە، کە دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانکاری ئابوری و سیاسی بون لە دۆخی سەرمایەداریدا و لە ململانێی چینایەتی کرێکاران دژی دەوڵەت و چینی بورژوازی دەسەڵاتدار. هەربۆیە پێویستە ئەم خاڵی وەرچەرخانە وەک قۆناغێکی جێگای بایەخی گەورەی مێژوویی شرۆڤەیەکی هەمەلایەنە بکرێ. گرنگە بڵێین چۆن ئەو گۆڕانکاریە سیاسیە بەهۆی گۆڕانی ئابوری سەرمایەداری ڕویدا و لەوەش گرنگتر بەلای منەوە ڕۆشنکردنەوەی ئەو گۆڕانکاریە سیاسیەیە لە خەباتی چینایەتی کرێکاراندا و بۆچی بەشێک لە چینی کرێکار و حزب و ڕیکخراوە جەماوەریەکانی بونە ڕیفۆرمیست؟
گۆڕان لە حزبێکەوە، کە لە پێناو ئامادەکردنی کرێکاران بۆ گۆڕینی سیستمی سەرمایەداریدا دروست بووە، بەرەو حزبێک کە خۆی ببێتە بەشێک لە دامودەزگای بورژوازی و هێشتنەوە و پاراستنی سیستمی سەرمایەداری، گۆڕانێکی ڕیشەیی و گەورەیە. ئەمە خاڵی سەرەکی ئەم گفتوگۆیەمانە، کە لێکدانەوەیە لە هۆکارەکان و پرۆسەی گۆڕانی حزبی کرێکاریی لەسەدەی بیستدا. ئەمە هەرچەند لە ڕابردویەکی دووردا ڕویداوە، بەڵام زەمینەکانی لە دنیای ئەمڕۆدا وەکو خۆی ماوە. وە سەرەتای ئەو گۆڕانکاریانەیە کە دواتر ڕێڕەوی بزوتنەوەی کرێکاریی گۆڕیوە . ئەم وەرچەرخانە سەرجەم مۆدێلی سیاسی و ئابوری سۆشیالیزم لە سەدەی بیستدا دەگۆڕێ بۆ مۆدێلی ریفۆرمی سیاسی و ئابوری لە سەرمایەداری، دەیگۆڕێ بۆ مۆدێلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی، کە لە لای هەردوو باڵێ ڕیفۆرمیستی سۆشیال دیموکراتی و شۆڕشگێڕی بەلشەفی وەک مۆدێلی دەسەڵاتدارێتیان جێگیر دەبێت. مۆدێلێک کە هەرچەند ئێستا شکستی هێناوە و لە بنبەستدایە، بەڵام تا ئیستاش لە بزوتنەوەی کرێکاریدا بەدیلێکی سۆشیالیستی تر جێگای نەگرتۆتەوە، هەربۆیە جێگای گرنگی پیدانی ئەمڕۆمانە وبیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانە لەم تەجروبەیە ڕێگا بۆگەیشتن بە کۆمۆنیزمێکی نوێ دەکاتەوە.
دوالیزمی ریفۆرم و شۆڕش خۆی ناونیشانێک و نیشانەیەکی لادان و گۆڕانکاری ڕیشەیی ترە، کە لە ستراتیژ و ئامانجی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاریدا دروست بوو. ئەم مەسەلەیە هەر بەتەنیا بە باسی ناکۆکی نێوان خەباتی ئابوری و ریفۆرم لەگەڵ خەباتی سیاسی و شۆڕشدا لێک نادرێتەوە. بەڵکو پێویستی بە لێکدانەوە لەو گۆڕانکاریە بنچینەییانە کە ڕویانداوە، وە ناسینی ئەو کەم و کورتیە فکری و پراکتیکانە، و ئەو هەڵسەنگاندنی تەجروبانەیە کە ئەم دوالیزمەیان خوڵقاندووە.
لە دەورانی شۆڕشەکانی ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا و لە خەباتی دیموکراتی بورژوازی دژی دەرەبەگایەتی و خاوەن موڵکە ئەرستۆکراتەکان، کرێکاران لە پێناو ئازادی و مافە ئابوریەکانی خۆیاندا بەشداری ئەم شۆڕش و خەباتە سیاسیە بوون. بەڵام بە سەقامگیری دەسەڵاتی پەرلەمانی بورژوازی، وەک ئاکامی جێگیر بوونی ئیمتیازات و یاسا و باج و شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و نەهێشتنی ئیمتیازاتی دەرەبەگایەتی، ئیتر بورژوازی بووە هێزی دەسەڵاتدار، وە کە سەرکوتی هەر خەباتێکی کرێکاری دەکرد کە دژ بە سیستمی سەرمایەداری دەوەستایەوە. سەرەتا بورژوازی تازە دەسەڵاتدار ئەم خەباتەی کرێکارانی ڕاستەوخۆ سەرکوت دەکرد، و هەروەک لە ئەڵمانیا یاسای دژی سۆشیالیستەکانی سەپاند و لە هەموو وڵاتانی تریش هێرشی بەردەوامی دەکردە سەر یەکێتیە کرێکاریەکان و ڕێکخراوە سۆشیالیستی و کۆمۆنیستیەکانی چینی کرێکار.
بەڵام دواتر و بەتایبەت پاش کۆمۆنەی پاریس بورژوازی بە ناچاری و وەک ئەمری واقع دانی نا بە دەوری چینی کرێکار و ڕێکخراوەکانیدا و هەر بۆیە ڕێگای لە قاڵبدانی ئەم بزوتنەوەیەی گرتە بەر لە چوارچێوەی دەسەڵات و دامەزراوەکانی بورژوازی خۆیدا و لە هەندێ لە وڵاتەکانی ئەوروپای ڕۆژئاوادا ڕێگا بە کاری یەکێتیە کرێکاریەکان و ڕۆژنامە سۆشیالیستیەکان درا وڕێگریەکانی بەردەم دەنگدانی گشتی کەمکرانەوە و نوێنەرانی سۆشیال دیموکراتەکان توانیان بەشداری هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکان بکەن و کورسی بەدەست بهێنن.
ئێمە لەسەر بنەمای ئەم گۆڕانکاریە سیاسی و ئابوریانەی لە کۆمەڵگە و دۆخی خەباتی چینایەتی نێوان کریکاران و بورژوازیدا ڕویداوە دەچینە سەر ئەو ئاڵوگۆڕانەی بەسەر سۆشیال دیموکراتی کرێکاراندا هاتووە لەو دەورانەی سەرەوەدا لە دوای کۆمۆنەی پاریسەوە تاکو جەنگی جیهانیی یەکەم.
لەم پرۆسەیەدا ئەو یەکێتیە ئۆرگانیکەی کە لەنێوان خەباتی ئابوری و خەباتی سیاسی کرێکاراندا لە بڕیارنامەکانی ئینتەرناسیونالی یەکەم سەبارەت بە “بنەماکانی ئینتەرناسیونال و سەبارەت بە یەکێتیە کرێکاریەکان” [1]هاتبوو، گۆڕدرا بە دوالیزمی شۆڕش و ریفۆرم.
پەیوەندی دیالەکتیکی نێوان خەبات بۆ باشترکردنی هەلومەرجی ئیستای ئابوری و سیاسی چینی کرێکار و پەیوەستکردنەوەی بە ئامانجی کۆتایی ڕزگاری ئابوری و شۆڕش بەسەر دەسەڵات و سیستەمی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا، هەمیشە لای مارکس جێگای گرنگی پیدان بووە و ئەمەش بووەتە مایەی مشتومڕ و جەدەلێکی زۆر لەگەڵ ئەو بەشە لە کرێکاران و سۆشیالیستە ئەنارکیستەکان کە دەوری ئەم پرۆسەیەی گەشەکردنی ڕێکخراوەیی و تەجروبەی سیاسی کرێکارانیان بەلاوە گرنگ نەبوو. مارکس خەباتی چینی کرێکاری بۆ ڕزگاری لە پرۆسەیەکدا دەبینی کە ئەم چینە ئامادەیی تەواوی هەیە و زەمینەی مادی لە کۆمەڵگەدا ڕەخساوە بۆ گۆڕینی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵگە و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هەرەوەزی بێ چین و چەوسانەوە.
دەورەی دوای کۆمۆنە دەورەیەکی دوالیزمی ئیڤۆلۆشن و گۆڕانکاری بزوتنەوەی کرێکاریە. دیوێکی گەشەی سۆشیال دیموکراتی و یەکێتیە کرێکاریەکان و جیهانی بوونەوەی خەباتی چینایەتیە. بەڵام ئەمە تەنیا دیوێکی ڕوداوەکان و دۆخی دوای کۆمۆنەی پاریسە. دیوەکەی تری بریتیە لە چەند ئاڵوگۆڕێکی دژ بەیەک و ئاڵۆز.
بورژوازی ئەوروپا و جیهان لەبەرامبەر شۆکی کۆمۆنەدا خەتەری ئەم چینەی لەسەر سیستمی کۆمەڵایەتی سەرمایەداری دەرک پێ کرد و بەدیل و “گۆڕهەڵکەنی” خۆی بینی. هەربۆیە لەلایەک کەوتە توندکردنەوەی فشار لەسەر هەموو ئەو ڕێکخراوانەی کە سەر بەو “کۆمەڵەی ئینتەرناسیونالی کرێکاران” بوو، وە لە لایەکی ترەوە سیاسەتێکی ئەهوەن تریان بەرامبەر یەکێتیە کرێکاریەکان گرتە بەر بەو مەبەستەی کاریگەریان لەسەر دابنێن.
لیبرالیزمی بورژوازی وەک بزوتنەوەیەکی سیاسی و ئابوری باڵادەست بوو، وە لەسەر بنەمای گەشەی جیهانی سەرمایە کاریگەری لەسەر بزوتنەوەی کرێکاریی دانا و توانی ئاستی چاوەڕوانی و شێوازی کاری یەکیتیە کرێکاران لە قاڵبی ریفورمیزم و پەرلەمانتاریزم بەرتەسک بکاتەوە و ململانێی بیروڕای شۆڕشگێڕانەی نێو بزوتنەوەی کرێکاریی بکا. لە چەشنی فابیەکانی بەریتانیا و “ئیمکانگەرا”کانی فەرەنسا.
چینی کرێکار لەم دەورەیەدا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشەی نوێ بوەوە، کە جیاواز بوو لە کێشەی دەورانی سەرکوتی دەوڵەت و برسێتی لەڕادەبەدەری جاران. لە کاتێکدا گەشەی سەرمایەداری بۆ دەورەیەک ڕەخسا بوو ، توێژێکی ئەرستوکراتی کرێکاری دروست بوبو کە پلە و پۆستی سەرەوەی سەندیکا و یەکیتیە کرێکاریەکانیان بەدەستەوە گرتبوو.
لەهەمان کاتدا گەشەی سۆشیال دیموکراتی و سۆشیالیستەکان و یەکێتیە کرێکاریەکانیش گەیشتە ڕادەیەکی بەرز، کە توانی زۆربەی فشارەکانی دەوڵەتە بورژوازیەکان لەسەر کاری سیاسی و جەماوەری لابەرێ و ئەمەش زەمینەی کاری یاسایی و پەرلەمانی کردەوە و ئەم چینە پێی نایە مەیدانێکی تازەی خەباتی سیاسیەوە.
ئەو پرسیارەی لەم دەورەیەدا دروست بوو ئەوە بوو، کە دوای ئەو گەشە ئاسۆییەی بزوتنەوەی کرێکاری و سۆشیال دیموکراتی کردی، ئایا ستراتیژی گەیشتنە دەسەڵات چییە؟ وەڵامەکانی نێو بزوتنەوەی کرێکاری و سۆشیال دیموکراتی بەم مەسەلە و دۆخە نوێیە جیاواز بوون و هەربۆیە کێشە و ناکۆکی لە نێوخۆی بزوتنەوەکەدا سەریهەڵدا. ئەمە ئەو ئەزمەیە ودوالیزمی ریفۆرم و شۆڕشی سۆشیال دیموکراتییە کە هاتە ئارا وچارەنووسی بزوتنەوەی کرێکاریی گۆڕی.
ئینگلس ڕوو بە حزبی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانی ئەو پرسیارە دەکا کە “ئاکامی هەموو ئەمانە دەبی چی بێ؟ ئەوەنەبێ کە حزب کتوپڕ، لەکاتی بریاردا، نەزانێ چی بکا؟ لە کاتێکدا کە ناڕۆشنی و نادڵنیایی هەبێ سەبارەت بە خاڵە بڕێنەرەوەکان، ئەو خاڵانەی کە پێشتر هیچ کات گفتوگۆیان لەسەرنەکراوە؟”[2]
کەواتە ” ناڕۆشنی و نادڵنیایی” هەبووە سەبارەت بەم ستراتیژیەی حزبە جەماوەریە سۆشیال دیموکراتەکان بۆ گرتنی دەسەڵات و کاراکتەری خەباتی چینایەتی و پەیوەندی نێوان کرێکاران و بورژوازی لە کۆماری دیموکراتیدا و گەیشتن بە حکومەتی سۆشیالیستی لەڕێگەی هەڵبژاردنی پەرلەمانیەوە .
بەلام دوایی ڕۆشن بوەوە کێشەکە هەر “ناڕۆشنی و نادڵنیایی” نیە لەوەی سۆشیال دیموکراتی دەبێ چی بکا؟ بەڵکو، “دەرکەوت کە گەشەی حزبە سۆشیال دیموکراتە جەماوەریەکان بەرەو شێوازێکی ڕووبەڕووبونەوە نەچوو، بەڵکو فۆرمێکی تێکەڵاوبوونی بزوتنەوەکەی لەگەڵ سیستمی مەوجوددا (سەرمایەداری) لێ دروست بوو.”[3]
هەرچەند لای مارکس و ئەنگلس ئەم لادانانە لە بنەما کۆمۆنیستیەکان لە نێو بزوتنەوەکەدا هەستی پێکراوە و ڕەخنەی لێگیراوە. بەڵام بەتایبەت دوای ١٨٩٠ لە کاتێکدا کە بزوتنەوەی سۆشیال دیموکراسی جەماوەریی دەبێتەوە، ئیتر ئەم مەترسیەی کە بزوتنەوەی کرێکاری ببێتە بەشێک لە سیستمی سەرمایەداری زۆرزیاتر گەشە دەکا. ڕەخنەیەک لە ئینگلس هەبێ ئەوەیە کە حسابی کەمی بۆئەم مەترسیە کردووە.
گۆڕان لە حزبێکەوە کە لە پێناو ئامادەکردنی کرێکاران بۆ گۆڕینی سیستمی سەرمایەداریدا دروست بووە بەرەو حزبێک کە خۆی ببێتە بەشێک لە دامودەزگای بورژوازی و هێشتنەوە و پاراستنی سیستمی سەرمایەداری گۆڕانێکی ڕیشەییە.
دوالیزمی ریفۆرم و شۆڕش خۆی ئاکامی گۆڕانکاری ڕیشەیی ترە، کە لە ستراتیژ و ئامانجی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاریدا دروست بوو.
جیاوازیەکانی نێو بزوتنەوەی کرێکاریی سەبارەت بەم دۆخە خۆی لە بەرگی دوالیزمی ریفۆرم و شۆڕشدا نیشاندا، و ئینتەرناسیونالی دووەم و بزوتنەوەی کرێکاریی لە ژێر ئەم ناونیشانەدا بوو بە دوو بەشەوە. لێرەدا باس لەو گۆڕانکاریە ڕیشەییانە دەکەین کە لە ستراتیژ و ئامانجی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاریدا دروست بوو. هەروەها باسی ڕەخنەی هەرکام لە مارکس و ئینگلس لەو هەڵوێستانەدەکەین کە بەرامبەر بە دەوڵەتی بورژوازی و مانەوە لە بازنەی ریفۆرم لەنێو سۆشیال دیموکراتیدا خراوەتەڕوو. دواتریش ڕەخنەکانی پانەکوک و لینین و ڕۆزالوکسبورگ لە ریڤیژینزم و پەرلەمانتاریزم دەخەینەڕوو، تاکو دیدێکی ڕۆشن لەو کێشمەکێش و ئاڵوگۆڕانەمان هەبێ کە لەم بزوتنەوەدا ڕویداوە، وە بزانین چۆن ئەم بزوتنەوە کرێکاری و کۆمۆنیستیە بەپێی دۆخ و گۆڕانکاریە سیاسی و ئابوریەکان و مەسەلەکانی ناو خەباتی چینایەتی گۆڕانی ڕیشەیی بەسەردا هاتوە؟
لە دوای کۆمۆنەوە مەسەلەی پەیوەندی نێوان کرێکاران و دەوڵەتی بورژوازی دەبێتە یەکێک لە کێشەکان و جیاوازیەکان . لە ساڵی ١٨٧٥مارکس ڕەخنە لە لاسال دەگرێ و دەڵێ “تەنیا لاسال خۆی، بە لەخۆبایی بوون و خەیاڵەکانیەوە، لەتوانایدایە کە باوەڕ بەوەبکا کە مومکینە، بەهۆی یارمەتی وەرگرتن لە حکومەتەوە، کۆمەڵگەیەکی نوێ دروست بکەی هەر بەو ئاسانیەی کە هێڵێکی تازەی ئاسن دروست دەکەی.”[4]
ئەمە لەوەڵامی ئەو بەندەی “بەرنامەی گۆتە” دایە کە لاسال دەڵێ “بۆ ڕێگە کردنەوە بۆ چارەسەری مەسەلەی کۆمەڵایەتی، حزبی کرێکارانی ئەڵمانیا داوادەکەن کە بە یارمەتیدانی دەوڵەت هەرەوەزیە بەرهەمهینەرەکان دروست بکرێ.”[5]
مارکس درێژە بەم ڕەخنەیە دەدا سەبارەت بە تێگەیشتنی لە دەوڵەتی بورژوازی و چۆنیەتی گۆڕینی هەلومەرجی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری، و دەڵێ “کاتێک کریکاران هەوڵدەدەن بۆ بەدیهێنانی مەرجەکانی هەرەوەزیە بەرهەمهێنەرەکان لە ئاستی هەموو کۆمەڵگەدا، ئەمە تەنیا بەمانای ئەوەیە کە کاردەکەن کە هەلومەرجی ئێستای بەرهەمهێنان شۆڕشگێڕانە بکەن، ئەمە هیچ پەیوەندیەکی هاوبەشی نیە لەگەڵ دامەزراندنی هەرەوەزیە بەرهەمهێنەرەکان بەیارمەتی دەوڵەت. ئەوەندەی سەبارەت بە کۆمەڵە هەرەوەزیەکانی ئیستاوە بێت ئەوەندە بایەخیان هەیە کە دەستکردی سەربەخۆی کرێکارانە، وە چ لەلایەن حکومەتەکان و چ لەلایەن بورژوازیەوە ناپارێزرێن.”[6]
ئەم جۆرە لە هاوکاری لەگەڵ حکومەتی بورژوازیدا، دوای مارکس لەلایەن ئینگلسیشەوە دراوەتە بەر ڕەخنە. ئەمە کاتێکە نوێنەرانی کرێکاران چوونەتە ناو پەرلەمانی ئەڵمانیا و بەشداری دەکەن. لەنامەیەکدا بۆ J.P. Becker دەنوسێ “ئەم نوێنەرانە لە پەرلەمان ‘پێشنیاری پۆزەتیڤانە’ بۆ حکومەتی ئێستا دەکەن کە چۆن لە شتە بچوکەکاندا کارەکان باشتر بکەن و هتد، وە کرێکاران کە بە کەسانی دەرەوەی یاسا دانراون و بە دەست و پێی بەستراوەوە دراونەتە دەست ڕەفتاری مەزاجی پۆلیس، چاوەڕوانیان لێدەکرێ ئەمە بە نوێنەرایەتی کردنی خۆیان دابنێن! ئەوەی تایبەتمەندی سەرنج ڕاکێشی بزوتنەوەی کرێکارانی ئەڵمانیایە ئەوەیە کە هەڵەی لیدەرەکان لەلایەن جەماوەرەوە چاک دەکرێتەوە.”[7]
لەفەرەنسا “ئیمکانگەراکان” و لە بەریتانیاش “فابیەکان” لە ناو بزوتنەوەی کرێکاریدا هەمان هەڵوێستیان بەرامبەر بە دەوڵەتی بورژوازی وەرگرت و هەمان بۆچوونی لیبرالی بورژوازیان پەیڕەوکرد کە دەیانوت “پەرلەمان هەموو چینەکان وناکۆکە چینایەتیەکان لەناودەبا، بەبێ جیاوازی، لەڕێگەی مافی دەنگدان و مافی بەشداری لە حکومەتدا”[8]
ئەم تێڕوانینە سەبارەت بە دەوڵەت و دەزگاکانی ، وەک پەرلەمان و دەنگدان و دەستور و حکومەت وهتد..ئەو ئاڵوگۆڕە سەرەکیە بوو کە لە نێو سۆشیال دیموکراتی و بزوتنەوەی کرێکاریدا سەریهەڵدا و بووە باڵێکی نێو بزوتنەوەی کرێکاری کە لە فەلسەفە و ئابوری و سیاسەتدا دواتر بەشێوەی مەکتەبێکی فکری و سیاسی و ئابوری جیاواز لە کۆمۆنیزم خۆی ساغکردەوە. ئیتر مەسەلەی سەرەکی ئەم باڵەی نیو سۆشیال دیموکراتی چۆنیەتی بەشداری و پاراستنی ئەم دەوڵەتە قەومیانەیان بوو. چۆنیەتی پاراستنی پەرلەمانتاریزم بوو، کە ئەنجامەکەی دەنگدان بە پڕۆژەکانی چینی بورژوازی بوو. دەنگدان بە پاراستنی گومرگی، دەنگدان بەشەڕی جیهانیی ئیمپریالیستی، هاوپەیمانی لەگەڵ حزبە بورژوازیەکان و بەشداری لە حکومەتە بورژوازیەکاندا هتد..
ئینگلس لە ساڵی ١٨٩١دا لە ڕەخنە لەبەرنامەی ئیرفورتی سۆشیال دیموکراتی ئەڵماندا ئاماژە بە مەترسی گەشەی ئەم “ئۆپۆرتۆنیزمە” دەکا و دەڵێ “ئەمە لە بیرچوونەوەیەکی گەورەیە، مەبدەئەکان لەبەرامبەر بەرژەوەندیە کاتیەکانی ڕۆژدا هەڵدەسەنگێندرێ، ئەم خەبات و هەوڵدانانە بۆ سەرکەوتنی ساتە کاتیەکان بەبێ گوێدانە ئەنجامەکانی دواتری، ئەمە قوربانیکردنی ئایندەی بزوتنەوەکەیە لە پێناو ئێستایدا، لەوانەیە مەبەست “ڕاستگۆیانە” بێ، بەڵام ئەمە ئۆپۆرتۆنیزمە و هەروا دەمینێتەوە، وە ئۆپۆرتۆنیزمێکی “ڕاستگۆیانە” لەوانەیە ترسناکترینیان بێت.”[9]
دوای دوو دەیە ئەم مەترسیەی ئینگلس دەبێتە ئەزمەیەکی جدی، کە سۆشیال دیموکراتی دەخاتە ژێر ئەو پرسیارەوە، کە ئایا لە ڕێگەی پەرلەمانەوە خەبات بۆ سۆشیالیزم بە کوێ دەگا؟
ڕۆزا لۆکسمبۆرگ لە ١٩٠٤ دا دەنوسێ “پەرلەمان بۆ بورژوازی ئەو قازانجەی جارانی نیە کە دژی دەرەبەگایەتی بەکاری دەهێنا و پەرلەمانی ئێستا بۆ دانانی بودجە و قەواڵەی سوپا، ئیعتباری نوێدان بە ژەنراڵەکانی شەڕ لە ئەفریقا و ناوچەکانی بازرگانیە”. ئەو پرسیارە دەکا کە سۆشیال دیموکراتی “ناتوانێ لەوە زیاتر بکا، لەوە دەچێ، بەرەو خۆ قوربانیکردن بچێ، بەرەو قوربانیکردنی سۆشیالیزم دەچێ لە سەر مێزی پەرلەمانتاریزمی بورژوازی، ئایا ئاکامی ئەمە چی دەبێ؟ هەڵوەشانەوەی بزوتنەوەی کرێکاریی، ناڕۆشنی ئایدیاکان، لادانی ئەخلاقی نوێنەرانی حزب. ئاکامی پڕاوپڕی تاکتیکی وەزارەتی Jaurès’ (سۆشیالیست) لە فەرەنسا بەشێوەیەکی ڕۆشن خزمەت دەکا بە ئاگادارکردنەوەی هەموو بزوتنەوەی جیهانی پرۆلیتاریا، کە ئەمە ئەو ڕێگایە نیە بتوانێ بەر بە داکشانی پەرلەمانتاریزمی بورژوازی بگرێ.” [10]
ئەم داکشانەی پەرلەمانتاریزمی بورژوازی ، نیشانەی سەرەتاکانی بنبەستی لیبرالیزمی بورژوازی و دەورانی ئەزمەی جیهانی و پێویستی ئیمپریالیزم بە شۆڤێنیزم و بە شەڕ بوو.
هاوکات ئەوەی ڕۆزا لۆکسبۆرگ لە ساڵی ١٩٠٤دا باسی دەکا سەرەتای بنبەستی سۆشیال دیموکراتیە کە لەدوای کۆمۆنەی پاریسەوە نەیتوانیوە شێوازێکی تر جگە لە ڕێگەی پەرلەمانی بگرێتە بەر لە خەباتی چینایەتیدا!
هەربۆیە کاتێکیش ئەزمەی لیبرالیزم و پەرلەمانتاریزم دەستپێدەکا ولە دەیەی یەکەمی سەدەی بیستدا دەچینە ناو دەورانی توندبونەوەی ململانێی ئیمپریالیستی و داڕمانی “ئاشتی و دیموکراسی” لیبرالیزم، ئیتر ئەم سۆشیال دیموکراتیەش توشی ئەزمە و جیابونەوەیەکی گەورە دەبێ. ئەو زەمینەیەی پەرلەمانتاریزمی دوێنێ، کە بزوتنەوەی کرێکاریی لەسەری گەشەی سیاسی دەکرد، دەگۆڕدرێ و بورژوازی لەڕێگەی شەڕ و سەرکوتی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کرێکارانەوە دەسەڵاتی سیاسی خۆی ڕادەگرێ. هەربۆیە ئیتر ئەوەی ئەنگلس لەسەر پەرلەمان دەیوت لەگەڵ دەورەی ئەزمەی سیاسی و سەربازی ئیمپریالیزم نەدەهاتەوە. ئەو دەیوت “کەسێک دەتوانێ بیهێنێتە پێش چاو کە لەوانەیە کۆمەڵگەی کۆن گەشە بکا بە شێوەیەکی ئاشتیانە بۆ کۆمەڵگەیەکی نوێ لەوڵاتانەدا کە نوێنەرانی خەڵک هەموو دەسەڵاتێکیان لەدەستدایە، لەو شوێنەی، ئەگەر لایەنێک پشتیوانی زۆربەی خەڵکی لە پشت بێت، ئەوە دەتوانێ ئەوە بکا کە لەگەڵ ڕێگەی دەستوری بگونجێ: وەک لە کۆماری دیموکراتی وەک فەرەنسا و لە ئەمریکا و لە شانشینی بەریتانیا.”[11]
لەم دەورە نوێیەی ئەزمەی لیبرالیزم و پەرلەمانتاریزم و سەرهەڵدانی شەپۆلی شۆڕشگێڕانەی کرێکاراندا گۆڕانکاری بەسەرسۆشیال دیموکراتی کرێکاریدا دێت و سۆشیال دیموکراتی بۆ گەیشتنە دەسەڵات پێویست بوو لە دەرەوەی پەرلەمانتاریزمدا بەدوای ستراتیژێکی تردا بگەڕێ.
بەڵام سەرەڕای ڕەخنەکانی مارکس و هەوڵەکانی ئەنگلس لە خۆشباوەڕی بە دەوڵەتی بورژوازی و دوورکەوتنەوە لە ئۆپۆرتۆنیزم، سۆشیال دیموکراتی لە بزوتنەوەیەکەوە کە دەیویست سیستمی سەرمایەداری بگۆڕێ بە سۆشیالیزم، وە لە ڕێگەی کۆمۆنەوە دەزگای دەوڵەتی بورژوازی هەڵوەشاندەوە ، گۆڕدرا بە بزوتنەوەیەک کە زۆربەی ڕیزەکانی کەوتە ژێرکاریگەری ڕەوتی لیبرالیزم و ریفۆرمیزم و پەرلەمانتاریزم. ئەم ڕەوتە سەرەتا خۆی وەکو ڕیڤیژینیزم ناساند، واتە وەک ڕەوتێک کە بانگەشەی خوێندنەوە و چاوخشاندنەوە بە بنەماکانی کۆمۆنیزمدا دەکرد، بەڵام لەکۆتاییدا ئەم دەورەیەدا، واتە لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی یەکەمدا، سۆشیال دیموکراتی ڕەنگی ئەم ڕیڤیژنیزمەی گرت.
هەربۆیە پێویستە ئەم پرۆسەیە زیاتر شرۆڤە بکەین تا بزانین چ پەیوەندیەک لە نێوان ریڤیژینزم و لیبرالیزم و پەرلەمانتاریزم و سۆشیال دیموکراتیدا هەیە؟
دیالەکتیکی گەشە و پەرەسەندنی بزوتنەوەی کرێکاریی و سۆشیال دیموکراتی هاوکات بوو لەگەڵ بڵاوبونەوەی پەتای ریڤیژینزمدا لەهەموو وڵاتە سەرمایەداریەکان. لینین لە ساڵی ١٩٠٨ دا دەڵێ “چی ڕیڤیژینیزم دەکاتە کارێکی حەتمی کە دەبێ لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا ڕوبدا؟ لەبەرئەوەی، لە هەموو وڵاتێکی سەرمایەداریدا، لەپاڵ پرۆلیتاریادا، توێژێکی زۆری وردە بورژوازی هەیە. بەرهەمهێنانی بچوک پێشتر و ئێستاش بەردەوام سەرمایەداری بەرهەم دەهێنێتەوە. سەرمایەداریش ڕیزێکی تەواو لە “چینە ناوەندەکان” دروست دەکا ( پاشکۆی کارگە ، کارکردن لەناو ماڵدا،کارگە بچوکەکان کە لە وڵاتدا بەفراوانی هەن،..). ئەم بەرهەمهێنەرە بچوکە نوێیانە پاڵ پێوەدەنرێن، بەپێی دەورەکەیان، حەتمەن بۆ ڕیزەکانی پرۆلیتاریا. هەربۆیە ئاساییە کە بیروبۆچونە وردەبورژوازیەکانیشیان بەردەوام بچێتە ناو ڕیزەکانی حزبە کرێکاریە بەرفراوانەکان.”[12]
بێگومان ئەمە تەواوی کێشەی سەرهەڵدانی بۆچوونی ناکۆک و لەوانە ریڤیژینزم لە ناو سۆشیال دیموکراتیدا نیە. واتە ڕیڤیژینیزم بەتەنیا لە کاریگەری هاتنی چینی وردەبورژوازی و بۆچوون و جیهانبینیەکەیدا بەرتەسک نابێتەوە. هەربۆیە دواتر لینین لە ساڵی ١٩١٠ ئاماژە بە بۆچوونەکانی ئەنتۆن پانیکوک دەکا[13] و “ئەنجامگیریە زانستیەکانی” نامیلکەیەکی ئەو ڕوندەکاتەوە لەسەر هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ریڤیژینزم لەناو بزوتنەوەی سۆشیال دیموکراتی کرێکاری جیهانیدا.
پانیکوک ئاماژە بە فاکتەرە جۆراوجۆرەکانی دروستبوونی ناکۆکیەکانی ناو بزوتنەوەی کرێکاری و سۆشیال دیموکراتی دەکا. لێرەدا ئەوەی گرنگە لەم لێکدانەوەی پانیکوک دا ئەوەیە کە باسی چینی کرێکار خۆی دەکا کە بۆچی و چۆن توشی ئەم کێشانە دەبێ؟ باس لە ئاستی گەشەی سەرمایەداری و کاریگەری لەسەر تێگەیشتنی سۆشیالیستی چینی کرێکار دەکا. باس لە ئاستی گەشەی هێزی بەرهەمهێنەری کرێکار و ڕادەی چڕ بوونەوەی ژمارەکەی لە یەک ناوەندا و ئاستی ڕێکخراو بوونی و فێربوونی پابەند بوون بە سیستم و ئاستی هەژاری دەکا.
هاوکات باسی ئەو گۆڕانکاریانە لە شێوەکانی خەباتی چینایەتی کرێکاراندا دەکا، کە بەشێوەی “بازدان” ئەم بزوتنەوەیە دەگۆڕێ و ترس دەخاتە دڵی سیستمی سەرمایەوە. بەشێوەیەکی سەرەکی تەئکید لە بزوتنەوەی کرێکاریی وەک بزوتنەوەیەکی زیندوو دەکا، کە لە چوارچێوەی هەلومەرجێکی مێژوویی و ئابوری و سیاسی دیاریکراودا ڕەوت و دیدگای جیاجیای تێدا دروست دەبێ بۆ وەڵامدانەوە بە کێشەکانی خەباتی چینایەتی.
ئێمە لە سەرەوە باسی لیبرالیزمی بورژوازیمان کرد وەک یەکێک لە فاکتەرەکانی کاریگەری لەسەر دروستبوونی ناکۆکی و لادانەکانی نێو بزوتنەوەی کرێکاریی لە ڕەوتی شۆڕشگێڕانە و دروستبوونی باڵی ریفۆرمیستی لە نێو چینی کرێکاردا.
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە بۆچی ئەم بۆچون و دیدگا و لێکدانەوە لیبرالیستیە کاریگەری لەسەر خەباتی کرێکاران دادەنێ؟
وەڵامەکەی ئەوەیە کە چینی کرێکار لەخەباتێکی زیندووی چینایەتیدایە و بەپێی ئاستی گەشە و تەجروبەی خۆی بەو ڕاستیە دەگا، کە چ ڕێگایەک ئەو لە دەست چەوسانەوە ڕزگاردەکا. ئەم ئەنجامگیریە سادەیە خۆی لەدڵی دۆخێکی ئاڵۆزو دوالیزمی خەباتی ئابوری و سیاسیدا یەکلایی دەبێتەوە. هەرچەند کۆمەڵگەی سەرمایەداری گەشە بکا و هێزی بەرهەمهێنەری کرێکار گەشە بکا و تەجروبەکانی خەباتی ڕۆژانە و “بازدان” وشۆڕشەکانی زیاتر بێت ئەوەندە نزیکتر دەبێتەوە لەو ئاسۆ و بەدیلەی کە دەتوانێ قاڵبی سیستەمی سەرمایەداری تێپەڕێنێ و ئەم وشیاری و تەجروبەیە ببێتە “خواستێکی گشتی و کۆلێکتیڤی” ملێۆنەها و ملیارەها کرێکار.
ئەمە پرۆسەی واقعی خەباتی چینایەتیە، کە بەپێی ئاستی گەشە و توانایی سیاسی و ڕێکخراوەیی چینی کرێکار مەسەلەی شۆڕش و دەسەڵات مەترەح دەبێت نەک بەپێی عەقڵی شۆڕشگێڕانەی گروپێکی کۆمۆنیستی یان حزبێکی کۆمۆنیستی. وەک مارکس لە ڕەخنە لە گروپێکی ناو “کۆمەڵەی کۆمۆنیستەکان” دا دەڵێ؛ ” بۆ ئەوان ئەو هەلومەرجە ڕاستەقینەی کە هەیە، هێزی پاڵنەری شۆڕش نیە، بەڵکو بەتەنیا بوونی خواستە. کاتێک ئێمە بە کرێکاران دەڵیین، پێویستە ٥٠،٢٠،١٥ ساڵ بە شەڕو خەباتی ناوخۆ(چینایەتی) دا تێپەڕن، نەک تەنیا بۆ گۆڕینی دۆخ، بەڵکو بۆ چاکردنی خۆتان وە بۆ ئەوەی نیشانی بدەن کە دەتوانن باڵادەستی سیاسیتان هەبێت. هەروەک دیموکراتەکان کە وشەی خەڵکیان کردوە بە بت، ئێوەش وشەی پرۆلیتاریاتان وا لێکردوە. هەروەک دیموکراتەکان، ئێوەش زاراوەی شۆڕشتان خستۆتە شوێن ئیڤولوشنی شۆڕشگێڕانە “[14]
ئەم جۆرە ناسینەی شۆڕش کە بتێک نیە و تەنیا زاراوەیەکیش نیە، بەڵکو دیاردەیەکی دیالەکتیکی و یەکێتی دژەکانە خۆی کلیلی دەرک کردنی هەموو ئەو مێژووەی خەباتی چینایەتی کرێکارانە کە پڕ لە هەوراز و نشێویە و سەرکەوتن و شکستە. دەرک کردنی ئەوەی بۆچی لەم دەورەیەدا کە چینی کرێکار لە باری سیاسی و ڕێکخراوەییەوە گەشە دەکا، بەڵام پەتای ریڤیژینیزم و لیبرالیزم و پەرلەمانتاریزم دایدەگرێ ؟ وەک بەدروستی لینین دەریدەبڕێ، کە “ئەم جیاوازیانە سەرچاوەکەی خۆی ئەو خەسڵەتە دیالەکتیکیەیە کە گەشەی کۆمەڵایەتی چینی کرێکار هەیەتی کە لەدڵی ناکۆکیەکاندا و لەڕێگەی ئەم ناکۆکیانەوەیە دەچێتەپێش”[15]
سۆشیال دیموکراتی لەم دەورەیەدا بەباشترین شێوە ڕێگاکانی گەشەی سیاسی و ڕێکخراوەیی کرێکاران لە مەیدانی کاری حزبی وسەندیکایی و پەرلەمانی و ڕۆژنامەگەری دەناسێتەوە و کاری جدی دەکا. ئینتەرناسیونالی دووەم و حزبە کرێکاریەکان لەزۆربەی وڵاتاندا دروست دەکا. لەم ماوەیەی ١٩٠٥ تا ١٩١٣دا ژمارەی کرێکارانی سەندیکاکان لە ٣ ملێونەوە بووە ٦ ملێون و سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانی ، فینلاند و سوید لە ٪٣٠بۆ٪٤٠ی دەنگیان هێنا لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکاندا. هەروەها کۆمەڵەی فابینەکانی بەریتانیا کاریگەری گەورەیان لەسەر سۆشیالیستە ریفۆرمیستەکان و لەوانەش برنشتاین هەبوو، ئەم کەلتورە پەیوەندی پەیداکرد لەگەڵ هۆڵندا و ئەسکەندناڤیشدا.[16].
ئەمانە لەگەڵ پرۆسەی دروستبوونی دەوڵەت ومەرکەزی بوونەوەی دەسەڵات و بازاڕی ناوخۆیی و هاوکات پێشبڕکێی سەرمایەی مۆنۆپۆلی و ئیمپریالیستی چووەتە پێش و زەمینەی دروستکردنی توێژی” ئەرستۆکراتی” کرێکاری و گۆڕانی فۆرمی کاری حزبی و سەندیکا کرێکاریەکان بە دەزگایەکی بیرۆکراتی و نوخبەیی، بەرتەسککردنەوەی چالاکی سیاسی و ڕێکخراوەیی بەپێی یاسا و فشار و سەرکوتی مانگرتن و چالاکی شۆڕشگێڕانەی کرێکاران. ئەمانە هەموویان فاکتەربوون لە دروستبوونی ئەو دوالیزمەی لە نێوان گەشەی سیاسی کرێکاران لەلایەک و کەوتنە ژێر هەژمونی فکری و سیاسی ناسیونالیزم و لیبرالیزم و پەرلەمنتاریزمی بورژوازی لەلایەکی ترەوە.
لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەزمەی سیاسی و سەربازی ئیمپریالیزم ئەم دوالیزمە بزوتنەوەی کرێکاریی شەق دەکا. سۆشیال دیموکراتی ڕووبەڕووی دەورەیەکی نوێ دەبێتەوە کە دەبێ هەڵوێست بەرامبەر بە بورژوازی و دەوڵەتەکەی و سیاسەتە ئیمپریالیستیەکانی دەرببڕێ و ڕووبەڕوویان بێتەوە. ئیتر ئەم کارە بە پەرلەمانتاریزم و لە چوارچیوەی کاری ڕیگاپێدراوی یاساییدا ناکرێ. چینی کرێکار چیتر ناتوانێ لە قاڵبی کاری سەندیکاییەکی پیشەییدا بمێنێتەوە کە تەنیا مەسەلەی کرێ و ریفۆرمی ئابوری هەبێ، چونکە سەرجەم کۆمەڵگە و چینی کرێکار گیرۆدەی سیاسەتی شەڕ و تاڵانکاری و سەرکوتی بێ پەردەی بورژوازی و دەوڵەتەکەیەتی. هەربۆیە سۆشیال دیموکراتی پیویستی بە فکر و سیاسەتی کۆمۆنیستی نوێ دەبێ سەبارەت بە شۆڕش و دەوڵەت و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی .ئەم کێشانە خۆیان لە چەند مەیدانی سیاسی و ئابوریدا نیشان دەدەن ، لەوانە چۆنیەتی هەڵوێست بەرامبەر بە دەوڵەتی بورژوازی، چۆنیەتی بەشداری لە پەرلەماندا، شێوازی ڕێکخستنی جەماوەری کرێکاران، مانگرتنی گشتی و شۆڕش وشەڕی جیهانی و هتد..
ریڤیژینزمیش سەرەتا لەلایەن برنشتاینەوە وەک سەیرکردنەوە و چاوخشانەوە بە بنەماکانی بیروباوەڕی مارکسدا هاتە کایەوە سەبارەت بە گەشە و ئەزمەی سەرمایە. دواتر باسی ئەوەی کە؛ گرنگی دەستکەوتی کاتی و ریفۆرم گرنگترە لە ئامانجی گۆڕینی سیستەم و “بزوتنەوە هەموو شتێکەوە ئامانج هیچ” هاتە گۆڕێ. دواتریش ئەمانە بووە چوارچێوەیەکی سیاسی و عەمەلی بۆ ئامانجی ریفۆرم و بوونە بەشێک لە خودی سیستمی زاڵی سەرمایەداری و پەرلەمان و حکومەتەکەی و وەرگرتنی ئیمتیازاتێک بۆ توێژی کاربەدەستانی حزبی و حکومی و سەندیکایی کرێکاران. هەر ئەم بەرژەوەندیە مادی و بەرتەسکیە فکریانە بوون کە ئەم ڕەوتە ریفۆرمیستیەی لە نێو بزوتنەوەی کرێکاریدا زاڵ کرد. ئەم “گروپە کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندیەکی جیاوازیان دەکرد گەشەی سەرمایەداریان بە گەشەی سۆشیالیزم دەزانی”.[17]
لەکاتی ئەزمەی سیاسی و سەربازی نێوان دەوڵەتە سەرمایەداریەکاندا ئەم ڕەوتە ریفۆرمیستی و ئۆپۆرتۆنیستیەی نێو سۆشیال دیموکراتی تەواو ڕەنگی ئەم ریڤیژینزمەی لێ نیشت و ئامانجی کاتی مانەوە لە پەرلەماندا و مانەوە لە قاڵبی دامەزراوە ڕەسمیەکانی دەوڵەتدا کرایە ئامانجی پیرۆزی”دیموکراسی”. ئیتر کاوتسکی وەک برنشتاین قسەکەری ڕەسمی ئەم “دیموکراسی بورژوازی”ە بوو. ئەمە تێکشکانی بزوتنەوەی کرێکاریی بوو لەبەردەم بتی دەوڵەت و سیستمی سەرمایەداریدا. شکست بوو بەهۆی دیموکراسی هەڵخەڵەتێنەرانەی بورژوازیەوە.
بەڵام لەگەڵ قوڵبونەوەی ئەزمەکانی سەرمایەدا شاهیدی سەرهەڵدانەوەی شەپۆلی شۆڕشگێڕانەی بزوتنەوەی کرێکاران بوین. هەربۆیە لە نێو بزوتنەوەی کرێکاری جیهانیدا پێویستی دەرک وستراتیژی تازەی هێنایە ئاراوە بۆ چۆنیەتی تێپەڕین لە سەرمایەداریەوە بۆ سۆشیالیزم و دروستکردنی بەدیلێک بۆ ئینتەرناسیونالی دووەمی سۆشیال دیموکراتی.
ئەم دۆخە نوێیەی خەباتی چینایەتی ئاڵوگۆڕی لە سۆشیال دیموکراتیی جیهانیدا دروست کرد و ژێر پێی تیۆریەکانی ریڤیژنیزمی سەبارەت بە گەشەی سەرمایەداری و پیرۆزی دەوڵەتی بورژوازی ودیموکراسیە پەرلەمانیەکەی بۆش کرد .
وەک پێشتر ڕۆزا هەستی پێکرد، کە سۆشیال دیموکراتی ناتوانێ لە قاڵبی تاکتیک و ستراتیژی جارانیدا بمێنێتەوە و بەتایبەت لەژێر کاریگەری دۆخی شۆڕشگێڕانەی ڕوسیادا شێوازێکی نوێی شورایی و مانگرتنی جەماوەریی، کە جیاوازە لە خەباتی پەرلەمانی، دەردەکەوێ. ئەمە جارێکی تر ئەو حوکمە بنەڕەتیەی لە سەرەتای ئەم کتێبە دا ئاماژەمان پێدا دەسەلمێنێتەوە، کە خەباتی چینایەتی بە کێشە و بنبەستی سۆشیال دیموکراتیەوە قەتیس نابێتەوە و لەگەڵ دەورەیەکی نوێ لە ئەزمەی سەرمایەداری جیهانی و بنبەستی سیستمی سیاسی بورژوازی و پەرلەمانتاریزم و لیبرالیزمەکەی، جارێکی تر چینی کرێکار پێویست بوو وەڵامی شۆڕشگێڕانەی خۆی بە دەوڵەتی بورژوازی بداتەوە و سیستمی سیاسیی ئەلتەرناتیڤی خۆی نیشان بداتەوە.
لێرەدا دەگەینە قۆناغێکی جیاواز و نوێ لە خەباتی چیانیەتیدا، کە دیسانەوە چینی کرێکار لەڕێگەی شۆڕشەوە، بە وەڵامی ڕادیکاڵانەی خۆی بە رامبەر بە سیستمی سەرمایەداری ئاشنامان دەکا. من لە بەشەکانی کتێبی “کۆمۆنیزمی نوێ” دا بە دورودرێژی باسی کاریگەری ئەم مۆدێلە سیاسی و ئابوریەی سۆشیالیزمی دەوڵەتی بەلشەفیەکانیشم کردوە لەسەر شۆڕشی سۆشیالیستی ئۆکتۆبەردا و خوێنەران دەتوانن لەوێدا بیبینن و هەربۆیە لێرەدا باسی دوالیزمی شۆڕش و ڕیفۆرم تەواو دەکەم .
بەشی سێهەمی ئەم گفتوگۆیە لەسەر پرۆسەی شۆڕشی سۆشیالیستی دەبێت.
[1] مارکس، ئینتەرناسیونالی کرێکاران، ١٨٦٤، بەزمانی ئینگلیزی
The International Workingmen’s Association 1864General Rules, October 1864
[2] چۆن جیهان دەگۆڕین، مارکس و ئەنگلس و سیاسەت، ل ٦٩، هوبسباوم، بە زمانی ئینگلیزی.
[3]چۆن جیهان دەگۆڕین، مارکس و ئەنگلس و سیاسەت، ل ٦٨، هوبسباوم، بە زمانی ئینگلیزی.
[4] ڕەخنە لەبەرنامەی گۆتە، مارکس، ل٢٣٣،مختارات مارکس و انجلز،جلد٢،دارالتقدم
[5] هەمان سەرچاوە،ل٢٣٢
[6] ڕەخنە لەبەرنامەی گۆتە، مارکس بە ئینگلیزی
https://marxists.catbull.com/archive/marx/works/1875/gotha/ch03.htm
[7] نامەی ئینگلس بۆ بیکەر https://www.marxists.org/archive/marx/works/1880/letters/80_04_01.htm
[8] لینین، مارکسیزم و ریڤیژینیزم، ل ٤٢١،،المختارات ، جلد٣،دارالتقدم.بەعەرەبی.
[9] ئینگلس ڕەخنە لەبەرنامەی ئیرفورتی سۆشیال دیموکراتی ئەڵماندا، بە زمانی ئینگلیزی https://marxists.catbull.com/archive/marx/works/1891/06/29.htm
[10] ڕۆزا لوکسبورگ، سۆشیال دیموکراتی و پەرلەمانتاریزم https://marxists.catbull.com/archive/luxemburg/1904/06/05.htm
[11] ئینگلس، ڕەخنە لەبەرنامەی ئیرفورتی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانیادا لە ١٨٩١، بە زمانی ئینگلیزی
https://marxists.catbull.com/archive/marx/works/1891/06/29.htm
[12] مارکسیزم و ڕەوتی ڕیڤیژینیزم، ل ٤٢٤، المختارات ، جلد٣، دارالتقدم.
[13] پانیکوک The Tactical Differences in the Labour Movement (Die taktischen Differenzen in der Arbeiterbewegung, Hamburg, Erdmann Dubber, 1909), Anton Pannekoek
[14]مارکس، کۆبونەوەی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەی کۆمۆنیستەکان، بە زمانی ئینگلیزیMinutes of Central Committee Meeting, 15 September 1850, in Karl Marx, The Revolutions of 1848 (Harmondsworth, 1978), p 341.
[15] لینین، ناکۆکیەکانی نێو بزوتنەوەی کرێکارانی ئەوروپا، ل ٥١٧،المختارات ، جلد٣،دارالتقدم.
[16] هۆبسباوم، نفوزی مارکسیزم لە ١٨٨٠ تا ١٩١٤، چۆن جیهان دەگۆڕین ل ٢١٦، بەزمانی ئینگلیزی.
[17] هۆبسباوم، نفوزی مارکسیزم لە ١٨٨٠ تا ١٩١٤، چۆن جیهان دەگۆڕین ل ٢١٥، بەزمانی ئینگلیزی