Skip to Content

ژنیش هه‌ر پیاوه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ش … هیوا سه‌عید

ژنیش هه‌ر پیاوه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ش … هیوا سه‌عید

Closed
by كانونی دووه‌م 4, 2018 General

لە کۆمەڵگای پیاوسالاردا لەبەرئەوەی ژن بە بونەوەرێکی لاواز دەبینرێ منداڵیش به‌ گریان و فرمێسک ڕشتنی دایکی ده‌که‌وێته‌ دۆخی بەزەیی پێهاتنەوه‌‌، بە پێچەوانەوە پیاو بە کەسێکی بەهێز تەماشا دەکرێ و منداڵ بە شکستی باوک تێکدەشکێ.

فرۆید ده‌ڵێ گه‌لی به‌نی ئیسڕائیل له‌ ده‌ست و بازوو و هێزی موسادا وێنای خوایان ده‌کرد و له‌ خوا تێده‌گه‌یشتن. میشێل فوکۆش ده‌ڵێ سه‌ره‌تا وێنه‌ مرۆڤی به‌ هه‌ڵه‌دا بردووه‌ و بیروباوه‌ڕی ناڕاستی بۆ دروست کردووه‌.

له‌ میتۆلۆجیای یۆنانی لایۆس پاشای شارێکه‌ به‌ناوی تیبا، دوای چه‌ند ساڵ له‌ مه‌راقی بێ منداڵی له‌گه‌ڵ جۆکاستای هاوسه‌ری وتوێژی ئه‌وه‌ ده‌که‌ن بچێته‌ شاری دێلفی لای کاهینه‌کانی ئه‌پۆڵۆ پێشبینی داهاتووی بۆ بکه‌ن. که‌ ده‌چێ یه‌کێک له‌ کاهینه‌کان پێی ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر منداڵت ببێ ئه‌و منداڵه‌ تۆ ده‌کوژێ و دایکی خۆشی له‌ خۆی ماره‌ ده‌کاته‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ لایۆسی پاشا نایه‌وێ ڕوبه‌ڕوی ئه‌و چاره‌نوسه‌ ببێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا کوڕێکیان ده‌بێ به‌ناوی ئۆدیب. به‌ ناچاری یه‌کێک ڕاده‌سپێری ئه‌و منداڵه‌ ساوایه‌ ببا له‌ دووری ئاوه‌دانی فڕێیبدا و له‌ برسان بمرێ. چاره‌نوس به‌ دڵی ئه‌و ناکه‌وێته‌وه‌ شوانێک منداڵه‌که‌ هه‌ڵده‌گرێته‌وه‌ و ده‌یبا بۆ شاری کۆرینت، له‌وێ ده‌یبه‌خشێ به‌ پاشای شاره‌که‌. پۆلیباس پاشای ئه‌و شاره‌ و ژنه‌که‌ی منداڵیان نابێ، ئۆدیب ده‌که‌ن به‌ کوڕی خۆیان.

ئۆدیب گه‌وره‌ ده‌بێ و ڕۆژێک سه‌رخۆشێک پێی ڕاده‌گه‌یه‌نێ ئه‌و کوڕی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و دایک و باوکه‌ نییه‌، هه‌رچه‌ند پاشا و ژنه‌که‌ی ئه‌و قسه‌یه‌ ڕه‌تده‌که‌نه‌وه‌ به‌س ئه‌و هێشتا دڵنیا نییه‌، بڕیاری ئه‌وه‌ ده‌دا بچێته‌ شاری دێلفی لای کاهینه‌کانی ئه‌پۆلۆ هه‌تا له‌ ڕاست و دروستی ئه‌و قسه‌یه‌ بکۆڵێته‌وه‌. کاهینه‌که‌ دیسان ده‌ڵێ تۆ له‌ دواڕۆژ باوکی خۆت ده‌کوژی و دایکیشت له‌خۆت ماره‌ ده‌که‌یه‌وه‌. تا ڕێ له‌و پێشهاته‌ بگرێ ناگه‌ڕێته‌وه‌ کۆرێنت به‌ڵکو سه‌ری خۆی هه‌ڵده‌گرێ و ڕوو له‌ شاری تیبا جێی له‌دایکبوون و شاری دایک و باوکه‌ سه‌ره‌کییه‌که‌ی خۆی ده‌کا. که‌‌ ده‌گاته‌ ده‌روازه‌ی شاره‌که‌ گالیسکه‌یه‌ک و چه‌ند سه‌ربازێک له‌ناو تیبا ڕادێن، له‌و‌ به‌یه‌کداچوون و لێکگیربوونه‌دا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی کامه‌یان تێپه‌ڕ ببن ده‌بێته‌ کێشه‌ و شه‌ڕیان، له‌ شه‌ڕه‌که‌دا ئۆدیب هه‌موویان ده‌کوژێ. دواتر به‌ره‌و ناو شار ده‌بێته‌وه‌ و له‌ ڕێگا ڕێکه‌وتی خه‌ڵکانێک ده‌کا له‌ شاره‌که‌ بارده‌که‌ن، لێیان ده‌پرسێ بۆچی ده‌ڕۆن؟ پێی ده‌ڵێن له‌ چیاکانی ئێره‌ ده‌عبایه‌ک دێته‌ خواره‌وه‌ پرسیار له‌ خه‌ڵک ده‌کا ئه‌وه‌ی وه‌ڵامه‌که‌ی نه‌زانێ ده‌یخوا.

ئۆدیبیش یه‌کسه‌ر ده‌چێته‌ ناو چیاکان ده‌عباکه‌ ده‌بینێته‌وه‌ و وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌ی به‌ڕاستی ده‌داته‌و، له‌ ترسی زیره‌کی ئۆدیب ده‌عبایه‌که‌ هه‌ڵدێ و خه‌ڵکه‌که‌ش ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ شاره‌که‌یان. له‌بری ئه‌و چاکه‌یه‌دا‌ ئۆدیب به‌ پاشای تازه‌ی خۆیان هه‌ڵده‌بژێرن و جۆکاستای ژنی پاشا کۆنه‌که‌ش که‌ کوژراوه‌ لێی ماره‌ ده‌که‌نه‌وه. له‌ سه‌رده‌می‌ پاشای تازه‌دا تاعونێک ڕوو له‌ شاری تیبا ده‌کا، که‌سێک ده‌نێرن بۆ دێلفی لای کاهینه‌کانی ئه‌پۆلۆ له‌ هۆکاری ئه‌و تاعونه‌ بکۆڵێته‌وه‌. که‌سه‌که‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ده‌ڵێ کاهینه‌کان وتیان چاره‌سه‌ری ئه‌م تاعونه‌ به‌وه‌ ده‌کرێ بکوژی پاشای پێشوو بدۆزرێته‌وه‌. له‌و ماوه‌ی ئۆدیبی پاشا خه‌ریکی گه‌ڕان و لێپێچینه‌وه‌ ده‌بێ به‌دوای بکوژی پاشا کۆنه‌که‌ هه‌موو ئه‌و نهێنییانه‌ی بۆ ئاشکرا ده‌بێ که‌ ئه‌و خۆی له‌ ده‌روازه‌ی شار لایۆسی پاشا (که‌ ده‌کاته‌ باوکی خۆی) کوشتو‌ییه‌تی و ژنه‌که‌شی (که‌ ده‌کاته‌ دایکی خۆی) له‌خۆی ماره‌ کردۆته‌وه‌. به‌ زانینی ئه‌و ڕاستییانه‌ وه‌ک شه‌رمه‌زارییه‌ک له‌و کرده‌وانه‌ی هه‌ردوو چاوی خۆی کوێر ده‌کات و له‌ شاری تیبا‌ ده‌ڕوا.

له‌ ژێر ڕۆشنایی ئه‌و ئه‌فسانه‌یه‌ فرۆید گرێی ئۆدیب ده‌دۆزێته‌وه‌، به‌ر له‌ فرۆیدیش دۆستۆیفسکی له‌ ڕۆمانه‌کانی‌ به‌رجه‌سته‌ی ئه‌و کاره‌کته‌ره‌ی گرێی ئۆدیبی هه‌یه‌ کردووه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ ڕۆمانی سوک و ڕسواکان به‌وه‌ی کوڕی پیاوێکی ده‌وڵه‌مه‌ند له‌ منداڵییه‌وه‌ به‌بێ دایکی و به‌ چه‌پێندراوی له‌ بن ده‌سه‌ڵاتی باوکێکی پاره‌دار گه‌وره‌ ده‌بێ. ئه‌وکاته‌شی به‌نیازی هاوسه‌رگیرییه‌ ده‌که‌وێته‌ پێش دوو هه‌ڵبژاردن له‌نێوان خۆشه‌ویستی کچێکی هه‌ژار و کچێکی ده‌وڵه‌مه‌نددا‌. باوکه‌که‌ کچه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌که‌ به‌ هاوشانی خۆی ده‌بینێ و زۆر له‌ کوڕه‌که‌ی ده‌کا ئه‌ویان بخوازێ، کوڕه‌که‌ش‌ ویستی به‌لای کچه‌ هه‌ژاره‌که‌یه‌، مامه‌ڵه‌ی ئه‌و کچه‌ هه‌ژاره‌ له‌گه‌ڵێدا مامه‌ڵه‌یه‌که‌ نازی هه‌ڵده‌گرێ و به‌ده‌مییه‌وه‌ ده‌چێ و چاودێری ده‌کا به‌ کورتی مامه‌ڵه‌یه‌کی دایکانه‌یه‌‌. یان له‌ ڕۆمانی برایانی کارامازۆڤ دۆستۆیفسکی له‌ ڕێی سێ برای دایک مردوو (ئه‌لێکسی برا‌ گچکه‌ به‌دینه‌که)، (ئیڤان برا ناوه‌ندییه‌‌ بێدینه‌که‌) له‌گه‌ڵ (دیمیتری برا گه‌وره‌یان که‌ نه‌ به‌دینه‌ نه‌ بێدینه)‌. ده‌یه‌وێ جگه‌ له‌وه‌ی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست و مۆدێرنه‌ و پۆستمۆدێرنه‌ بخاته‌ڕوو، ئه‌وه‌شمان نیشان ده‌دا ئه‌و برا گه‌وره‌یه‌ (دیمیتری) چۆن پیرۆزییه‌کان ده‌شکێنێ و حه‌ز له‌ ده‌زگیرانه‌که‌ی باوکی ده‌کا به‌بێ ئه‌وه‌ی وه‌ک ئۆدیب په‌شیمان ببێته‌وه‌ یان له‌ شه‌رمه‌زاری ئه‌و کرده‌وه‌یه‌ی‌ خۆی کوێر بکا.

فرۆید پێیوایە منداڵ بە ساوایی کاتێ دایکی شیری پێدەدا و ژێری پاک دەکاتەوە و لە باوەشی خۆی دەیلاوێنێ ئەو جۆرە چاودێری و خزمەتکردن و نازکێشانە هەستێک لە ناخی منداڵەکە ده‌چێنێ واتێدەگا ئەو شتانە تەنیا بۆ ئەوە و ئەو ژنە موڵکی خۆیەتی. کاتێکیش بۆ نموونه‌ منداڵی نێرینە دەزانێ دایکی ئه‌و خزمەت و نازهه‌ڵگرتنه‌ بە مێردەکەشی دەدا ئیدی بە پەیدابوونی ئەو هاوبەشە هەستی بریندار ده‌بێ و باوکەکە بە ناحه‌زێک دەبینێ و بە ئاواتی له‌ناوچونییه‌تی. یان لە ته‌مه‌نێکی گه‌وره‌تردا وەک ئەو ماڵە خانەدانانەی ڕێدەکەوێ ئەو ژن و مێردەی منداڵەکەیان لە ژوری نوستنی خۆیان دەنوێنن چاوی بەو دیمەنانەی لە سەرجێی ژن و پیاودا ڕودەدا بکەوێ. لەو تەمەنەیدا هیچ لە پەیوەندی ئەوان تێناگا هەرئەوەندە هەست بە توندوتیژییەک لە جوڵە و تاودانی باوکی بۆ دایکی دەکا. ئه‌گه‌ر لە فرسەتێکیشدا بیەوێ ئەو جوڵە و تاودانه‌ی باوکی بۆ دایکی دووبارە بکاتەوە، له‌وانه‌یه‌ دایکی پێی بڵێ باوکت بتبینێ چوکت دەبڕێ. ڕه‌نگه‌ منداڵه‌که‌ به‌و سەرکوتکردنە بگاته‌ ئه‌وه‌ی کچەکان بۆیه‌ ئەندامی نێرینەیان نییە باوکیان لێی بڕیون.

لێره‌دا ئەو باڵادەستییەی باوکی بەسەر خۆی و دایکی دەبێتە مایەی هەڵگرتنی قینێکی شاراوە لە باوکی و سۆزێک بەلای دایکیدا. دواجار له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی منداڵه‌که‌ خۆی و دایکی وەک دوو قوربانی لاواز و ملکەچ لە بن باوکە دەسەڵاتدار و زەفتکەرەکەی دێته ‌به‌رچاو له‌ هه‌مان کات دروستبوونی ئه‌م قینه‌ له‌ باوک و ئه‌م سۆزه‌ بۆ دایکی به‌رهه‌می بینین و بیستن یان وێنه‌ و وشه‌یه‌.

جاک لاکانیش له‌ درێژه‌ی ئه‌م باسه‌دا یەکەم نامۆبوون بۆ قۆناغی ئاوێنەیی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌، ئه‌و قۆناغه‌ی منداڵ خۆی نەناسیوە و نازانێ ئەو کەسەی ناو ئاوێنەکە خۆیەتی، منە بچوکەکەی به‌راورد به‌ وێنه‌ گەوره‌که‌ی ناو ئاوێنەکە تێکشکاوە و لە هەوڵی ئەوە دایە بەشێوەیەکی خەیاڵی ئەو تێکشکانە چاک بکاتەوە و ببێ بە کەسی ناو ئاوێنەکە.
لە قۆناغێکی گه‌وره‌تریشدا دایک و باوک بە وشە منداڵەکەیان ئاڕاستە دەکه‌ن و چوارچێوه‌ی بوونی بۆ داده‌نێن.

ئه‌و بۆچوونه‌ی فرۆید ئه‌وه‌ی لێده‌که‌وێته‌وه‌ گرێی ئۆدیب ئه‌و گرێیه‌یه‌ له‌ ته‌مه‌نی منداڵیدا له‌لایه‌ن کوڕه‌وه‌ مه‌یلی بۆ دایکی هه‌یه‌ و باوکی وه‌ک به‌ربه‌ستێک ده‌بینێ، له‌ ئه‌نجامدا ڕقی له‌ باوکی وه‌ک پیاوێک ده‌بێته‌وه‌. ئه‌و چه‌پاندنه‌ش‌ له‌ داهاتوو مایه‌ی ئه‌وه‌یه‌ مه‌یلی به‌لای پیاودا بکه‌وێ. یانی جارێکی تر ڕۆڵی ژنبوون (مێیینه‌بوون)ی دایکی له‌ به‌رده‌م باوکیدا بگێڕێته‌وه‌‌.

هه‌روه‌ها جیا له‌ ئۆدیب، ئه‌لێکترا له‌ میتۆلۆجیای یۆناندا کچی ئاگامه‌منون پاشایه‌، له‌وکاته‌ی باوکی ده‌چێته‌ شه‌ڕی ته‌ڕواده‌ کلمنسترای دایکی په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی له‌گه‌ڵ پیاوێکی تر داده‌نێ و له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی مێرده‌که‌یدا به‌ پیلانێک به‌ده‌ستی خۆشه‌ویسته‌که‌ی ده‌یکوژێ و ده‌سه‌ڵات‌ ده‌گرنه‌ده‌ست. له‌ کاردانه‌وه‌ی ئه‌م خیانه‌ته‌ له‌ باوکیان ئه‌لێکترا و برایه‌که‌ی له‌ دایکیان هه‌ڵده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، سزای ئه‌م هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه‌ش به‌ گیرانی ئه‌لێکترا و هه‌ڵاتنی برایه‌که‌ی ته‌واو ده‌بێ. دوایی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌لێکترا له‌ زیندان به‌رده‌بێ هێشتا له‌ یاخیبوونه‌که‌ی به‌رده‌وامه‌ و وه‌ک ناڕه‌زایه‌تییه‌ک له‌ دایکی پرچی خۆی ده‌بڕێ، ئه‌مجاره‌یان سزاکه‌ی ده‌بێته‌ نه‌فیکردن. له‌ ماوه‌ی نه‌فیبوونه‌که‌یدا به‌ یارمه‌تی برایه‌که‌ی پیلانێک داده‌نێن کلمنسترای دایکیان و خۆشه‌ویسته‌که‌ی بکوژن، هه‌رواش ده‌که‌ن و ئه‌لێکترا به‌ده‌ستی خۆی دایکی خۆی ده‌کوژێ.

گرێی ئه‌لێکتراش ئه‌و گرێیه‌یه‌ له‌ ته‌مه‌نی منداڵی له‌لایه‌ن کچه‌وه‌ مه‌یلی بۆ باوکی هه‌یه‌ و دایکی به‌ ڕێگر‌ تێده‌گا، ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ڕقی له‌ دایکی وه‌ک ژنێک ببێته‌وه‌. دواتریش وه‌کو تۆڵه‌کردنه‌وه‌یه‌ک له‌ دایکی که‌ بۆته‌ هۆی لێکردنی ئه‌و و باوکی حه‌ز له‌ ژن ده‌کا. به‌ مانای ئه‌وه‌ی جارێکی تر ڕۆڵی پیاوبوون (نێرینه‌بوون)ی باوکی بۆ دایکی ده‌گێڕی و به‌رجه‌سته‌ی ده‌کاته‌وه‌.

که‌چی به‌ لێکۆڵینه‌وه‌ی لاکان ئه‌و مه‌یله‌ی کچ به‌لای باوک و نیگه‌رانی له‌ دایکی له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ دایکەکە خۆی فالۆسە (ئەوەی نییەتی) و ئەویشی بە فالۆسی هێناوه‌ته‌ بوون، ناچار بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە کچه‌که‌ لە باوکی نزیک دەبێتەوە. واتا بوونه‌ تێکشکاوه‌که‌ی له‌ پانتایی واقیعدا به‌شێوه‌یه‌کی خه‌یاڵی چاک ده‌کاته‌وه،‌ چونکه‌ حه‌ز له‌پێناو تێربوونیدا باز به‌سه‌ر واقیع ده‌دا و خۆی ده‌گه‌یه‌نێته‌ پانتایی خه‌یاڵی و پانتایی سیمبولی و جێگۆڕکێی ئه‌م به‌ویتر و سه‌رتریش ده‌ڕوا تا ئاژۆتن و ملکه‌چی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ و ئه‌و ئه‌نجامه‌ی که‌ سێکس جه‌سته‌ نییه‌، وێناکردن و خه‌یاڵه.‌

له‌ کۆتایی میشێل فوکۆ له‌وه‌ زیاتریش ده‌چێ و ده‌ڵێ ڕه‌گه‌زیش بوونی نییه‌، ئه‌م دابه‌شکارییه‌ وشه‌ دروستی کردووه. که‌واته‌ به‌ گۆڕینی مانای وشه‌کان کلتوریش ده‌گۆڕێ و ئه‌و جیاوازییه‌ ڕه‌گه‌زی و جۆره‌ وێناکردنه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌.

Previous
Next
Kurdish