Skip to Content

مرۆڤ لەکۆمەڵگادا … که‌ریم که‌رکوکی

مرۆڤ لەکۆمەڵگادا … که‌ریم که‌رکوکی

Closed
by ئازار 27, 2018 General, Opinion

سه‌رە‌تایه‌كی مێژوویی:

مرۆڤ كه‌ وەک زۆربەی بوونەوەرانی سەر زەوی ، بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی ئاڵۆزە‌، بەڵام به‌ جیاوازتر لە گیانەوەرەکانی تر، خۆی بە ئەبستراكت بە تاك دەبینێ لەم جیهانه‌ . هه‌ر وەو‌ها بە گشتی وا دەڕوانێتە سروشت و گیانەوەرەکانی دەوروپشت کە گشتی بۆ خزمەتی ئه‌و ئه‌فرێندراون.
وەخواستی گەشەکردنی لە مرۆڤێکی سه‌رە‌تاییه‌وە بۆ جیهانبینییه‌كی جیاوازتر، گەشەکردنێك بوو لە بوونەوەرێکی سروشتییەوە پاشان خۆ جیاکردنەوەی لە سروشت و دواتریش سروشت خستنە ژێر ڕکێف و دەسته‌مۆ کردنی وە بەپێی بەرژەوەندیه‌کانی خۆشی دەستکاری بکات.

بێ گومانه‌ لەوەی کە کار خولقێنەری مرۆڤە، چونکە مرۆڤه‌ سه‌رە‌تاییه‌كان توانیان یەکەم ئامرازی ڕاوکردن و خۆپاراستن دابهێنن، ئیتر به‌م جۆرە‌ خۆیان لە باقی ئاژەڵەکان جیاکردەوە، وە ئەم هۆیە نیشانمان دە‌دات كه‌ وێنەو خەیاڵی ئامرازە‌ دروستکراوەکان ببنه‌ پێش مەرجی كه‌رسته‌كان، كه‌ لێرەدا هۆش و بیر کەوتە پێش واقیع ؛ بە مانایه‌كی تر مرۆڤی سه‌رە‌تایی لێکدانەوەو پێشبینی هەبووە‌ بۆ ژینگه‌ی دەورووبه‌ری وە‌ هه‌ر ئه‌مه‌ بووە سەرەتایه‌ك بۆ گۆڕانکاری له‌‌ دابەشکردنی کارە کۆمەڵایەتییه‌کان و دیاریكردنی ئەرك و مافی تاکەکان له‌ کۆمەڵدا وە لێرە‌وە‌ دیاریدە‌ی جیاكردنه‌وەی بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایه‌تی سه‌ر هه‌ڵدە‌دات و دە‌بێته‌ دە‌ستپێكی میژووی کۆمەڵگاکان كه‌ بەشێوەی عەشیرەت و خێڵ خۆیان ڕێکدەخەن، هەر وەک فردریك ئەنگەلز له‌ کتێبی رەچەڵەکی خێزانی(اصل العائلة) دا باسی له‌م جۆرە کۆمەلگا سەرەتایانەی کردووە.

کەڵەکەبوونی داهات، کۆمەڵگای گۆڕی بۆ چه‌ندین شێوەی شارستانیه‌ت ، و چه‌ندین دەوڵەتی به‌هێز دروست بوون کە هێزە دامەزرێنەکەیان لە سەر بناغەی کۆیلایەتی بنیات نرابوو، بۆ وینه‌ فیرعه‌ونه‌کان لە میسرو سۆمەریه‌کان لە عیراق و ماددەکان لە کوردستان و ڕۆمەکان لە ئەوروپا و پارسەکان لە ئێراندا ، …هتد . هەر چەندە لەم سەردەمه‌دا کاری مەزن دەکرێت بۆ شارستانیەتی مرۆڤایه‌تی وەك : فه‌لسفە لە یۆنان، بیناسازی لە ڕۆماو قوستەنتین، هەڕەمەکان لە میسر، زە‌ردەشتی لە ئێران و کوردستان ، ئایینی ئیبراهیمی یەکتاپەرستی لە میسر وشام و یاسا ودەستورو ئاودیری لە میزۆپۆتامیا .

ئیتر بە هۆی پوکانەوەی ئیمپراتۆریەتی خاوەن کۆیلەکان و هێرشکردنی هۆز وخێڵە عه‌شایرە‌كاندا، وەکو جرمانیکان بۆ سەر ڕۆمەکان لە ئەوروپادا، بەدووی عەرەب بۆ سەر ساسانیەکان و بیزەنتیەکان لە رۆژهەلاتی ناوەراستدا، كه‌ خاکی ئیمپڕاتۆرەکانیان دابەشکردە‌ سەر سەرۆك خێل و میرو سەرکردە سەربازیەکان، لێرەدا شارستانیەت کشایەوە لە شارەکان و دەسەڵات درا بە خاوەن زەوی وزار، واتە: خێل و دەرەبگ و میرنشینه‌كان بە پیشتیوانی پیاوە ئاینیەکان ، تا ڕادەیەک نا مەرکەزیانە خۆیان بەرێوە دەبرد، کە چه‌قی دە‌سه‌ڵات له‌ دەست خه‌لیفەی خودا و پادشای وە‌ڵاتەکان بوو، بەڵام هەمیشە بەشێکی بەرچاوی باج و سەرانەی کۆکراو بەرامبەر پاراستنیان لە هێرشی دوژمنان دە‌سه‌ندرا، هەروەها ناردنی سەرباز و ئەسپ و داهات بۆ بەشداری کردن لە جەنگە پیرۆزەکانی سوڵتان و پادشای دەسه‌ڵاتدار ئامادە‌ دە‌كرا.

لە ئەو سەردەمانیە میرنشینەکان بە هۆی بەرژەوەندیەکانی خۆیان وابەستەیان دەگوازتەوە بۆ وڵاتێکی دراوسێی دوژمنکار ، وە هەر لەئەم سەردەمە زۆر جار لە ئەنجامی هێرشی دەرەکیەوە، مەزهەبە ئایینیکان گۆڕانکاری به‌سه‌ردا دە‌هات، چونكه‌ له‌و كات ناسیۆنالیزم هیچ بایه‌خێکی ئه‌وتۆی نەبو لە ناکۆکیەکاندا بەو پێیەی هەمیشە نه‌خشه‌ و ئاینزا (مەزهبه‌) ئاینیەکان لە گۆڕانكاریدا بوون، نموونەی شیعەو سوننە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست ، ئەرسەدۆکس و کاسولی لە رۆژهەلاتی ئەوروپا ودواتریش پرۆتستانت لە باکووری ئەوروپا .

ڕێنیسانس و په‌رە‌پێدانی جیوگرافی نوێ ( نموونە :دۆزینەوەی کشوەری ئەمریکا ) وە له‌ ئه‌نجامی دۆزینەوەی ڕێگای دەریایی نێوان هندستان و باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا بۆ ئاڵوگۆری بازرگانی ( وەک ئالتەرناتیڤ بۆ رێگای ئاوریشمی نیوان هندستان – ئەنادۆڵ و رێگای بەهاراتی هیندستان – یەمەن ـ شام ) چینێکی سەرمایەداری بازرگانی پەیدا بوو، کە بەرژەوندیەکانیان نه‌ دە‌گونجا لەگەڵ سیسته‌می باوی پادشایەتی ئەو سەردمە ،ئیتر بە پشت بەستن بە دۆزینەوە زانستیه‌کان و بەرهەمە نایابەکانی میتۆدی فه‌لسەفه‌ی یۆنانی کۆن و داهێنانی چاپەمەنی و نوسین بە زمانی دایك هه‌روە‌ها وەبەرهێنانی پیشەسازی کە بووە هۆی بوژانه‌وە‌ی شارەکان پێویست بوو کۆتایی بهێنرێت بە سیسته‌می دەرەبەگایەتی و بنەمای سێگۆشەی دەسەلاتی پادشای و که‌نیسە و بەگزادەکان ، چینی بورژوازی تازە پێکەیشتوو بووە‌ هەڵگری ئاڵای ناسیۆنالیزم و سیکۆلاریزم و ئازادی مرۆڤەکان.
لێرەدا ناسیۆنالیزم هاتە مەیدانەوە وەکو پێداویستیه‌کی بەرژەوەندی چینی بورژوازی بۆ دەست بە سەرداگرتنی وەڵات و یەکخستنی نەتەوە جیاوازەکان لە ژێر ئاڵای نه‌ته‌وە‌ی یەکگرتوو بە سنورێکی دیاریکراو ( نیشتمانی میللی ) کە لەراستیدا بۆ پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی میللی و ڕێگریکردن لە هاوردەی بەرهەمی بێگانه‌ بوو .

جه‌نگی گەورە بۆ پەیداکردنی بازاڕی ئازاد و دووبارە دابەشکردنەوەی نه‌خشه‌ی جیهان و سەرکوتکردنی و‌ڵاتە دواکەوتوکان و وابەستەو گڕێدانی بازاری ئەم وڵاتانە بەبازاری وڵاتە پێشکەوتوو‌كان ، سەرمایەداری پێی نایە قۆناغی تازە‌وە، سەردەمی ئیمپریالیستی ، کە بەکارهێنانی بەهێز توانرا گۆڕانکاری بکرێت لە چارەنووسی میللەتانی جیهان.
لە پێش کۆتایی سەدەی بیست، بە روخانی بڵۆکی سوڤیەت وکەڵەکە بوونی سەرمایە وچڕبوونی بەدەست چەند کۆمپانیای جیهانی کە دە‌ستیان گرتبوو لە سەر بازاڕی جیهان و بە بەستنەوەی بانکه‌ نێودەوڵەتیه‌كان بە خۆیانەوە، ئاکتیڤ کردنی دەزگاکانی ڤۆندی نێودەولەتی دڕاو وسازمانی بازرگانی نێودەولەتی وەکو ئامێرێك بۆ کونترۆلی جیهان به‌یكتر و خێرایی گەشەکردنی ته‌کنەلۆجیا ی داتا و ئەنتەرنێت ، سەردەمی گڵۆبالیزمی هاتە مەیدانەوە، کە دونیای کردە گوندێکی بچوك و حکومەتە زلهێز و لاوازە‌كانی خستە ژێر ڕکێفی خۆیه‌وە، ئیتر حکومەتە نیشتمانییەکان ئەرکی تازەیان بوو به‌ خزمەتی گڵۆبالیزم، كه‌ تەنانەت ئەگەر دژ بە بەرژەوەندیە نیشتمانەکەیانیشیان بووبێت.
لەم کورتە باسە مێژوویه‌ ئەوەمان بۆ دەركه‌وت کە بەرژەوەندیە ئابوورییەکان بنەمای گۆڕانکارین لە سەرەتای مێژووی مرۆڤایەتی تاکو ئێستا، ئەرك ومافەکانی تاکەکان گۆرانکاری بنچینەیی بە سەر دێت.

بەهەر حاڵ دەبێ ڕەچاوی ئەوە بکەین کە هەر سەردەمێکی نوێ بە مانای ئەوە نایەت کە چینەکان و شێوە پێوەندیە کۆمەڵایەتیه‌کانی پێشتر وا بە ئاسانی جێی چۆل دەکەن ودەسەلاتی خۆیان لە دەست ئەدەن بۆ چینە نوێیەکان، لە ڕاستیدا چینە کۆنەکان خۆیان دەگونجێنن بە كرۆكی سیسته‌مه‌ تازە‌كان . روونترین نموونە لە کوردستانە کە عه‌شیرە‌تگه‌رای بە پێوەندیە سەرەتاییەکانی خۆیانه‌وە‌ لە شارستانیەتی کۆیلایەتیه‌وە خۆ دەگونجێنن، وە هەر بە هەمان ئەرکی پێشویان لە خزمەت به‌ میر و هێزەکانی سولتان و خه‌لیفەی موسلمانانن لە سەردەمی دەرەبەگایەتی، وە له‌ مەیدانی خەباتی چینایەتی ناسیۆنالیستیدا بەشدار ئەبن بە رادەیەکی سنوردار، تا ئەو شوینەی شازس ئەکرێ بە بەرژەوەندی خێلەکییان، هیچ کاتێك نەبوونەتە هێزێکی ڕوحی بۆ گۆرانی بنچینەێێ لە کۆمەلدا، لە سەردەمی ئیمپریالیزمدا شان بە شانی ئایینگەراێیەکان ئەبنە گۆپالی دەستی دەسەلاتدارانی نا نیشتمانی بۆ سەرکوتکردنی هەر هێزێکی ناڕازی و یاخی.

گۆرانکارییە کۆمەڵایەتییەکان

لە قۆناغە جیا جیاکانی گەشەکردنی مرۆڤایه‌تی گۆڕانکاری زۆر لە سەر پێوەندی کۆمەڵایەتی بەرچاو دەکەوێت ، ئەمەش ئەوەندە لەسەرخۆیە كه‌ لە ڕووكەشدا هەستی پێناکرێت، چونکە گه‌لێ جار رووكەشەکە بووە‌ته ئامرازێك بە دەست‌ هێزێكی نوێ بۆ سەپاندنی هێزو توانای دەسەلاتی کۆمەڵایەتی، ئەوەی گرنگە كرۆكی ئابوری نوێیە .
لە بازاری كاڵا لە رۆژگاری کۆندا لە سەردەمی پێش سەرمایەداری، بۆ نموونە گەنم وجۆی جوتیاران ئاڵوگۆڕی پێ دەکرا بەرامبەر تەنەکە ڕۆن یان سەرە مەڕ و ئاژەڵ بە پێی پێداویستی کەسەکان ، كه‌چی هەمان ئاڵوگۆری کالا لە سەردەمی سەرمایەداری ئەوە پەێوەستە بە نرخی کاڵایه‌کە لە بازاڕ و بەدەر لە پێداویستی تاکەکانە.
بەڵام لە سەردەمی ئیمرۆی گلۆبالیزم دە‌شێت کاڵایەك نرخێکی زۆری هەبێت لە بازاردا ، بەڵام نرخەکەی بەپێی (خستنەرو و خواست نیە کە بناغەی بازاری ئازادی سەرمایەدارە)، کە به‌ گوێرە‌ی پێداویستیەکانی خەڵك بێت، بەڵکو بازاڕی جیهانی نرخێکی بۆ دەبڕێتەوە لەسەر بناغەی بەرژەوەندی چەند کۆمپانیایەکی زەبەلاح کە هەموو جومگەکانی ژیانی ئابوری دونیایەن خستوتە ژێر ڕکێفەوە .

رەوشتی کۆمەلایەتی تاك

ئەرك و مافەکانی مرۆڤ ڕەنگدانەوە و ئاوێنەی بەرژەوەندی دەسەڵاتدارانی سیسته‌می کۆمەڵاتییە، هەمیشە ڕەوشتی کۆمەڵایەتی تاکەکان لە گۆرانکاریدایە .
مرۆڤی کۆمەڵگای سادەی عه‌شایرگه‌رای بە تاكیكی ڕەوشت بەرز هه‌ژمار دە‌كریت کە پابه‌ندی پێوەندیە كلتوری و خیله‌كیه‌كان بیت، چونكه‌ بەرژەوەندیه‌ عه‌شایریه‌كان و خزمەتی میری وخۆبەخش کردن لە پێناوی خێڵ پێش هەموو بەرژەوندیه‌كی تاك و کۆمەڵگاو نەتەوە دە‌خریت .
لە قۆناغی کۆیلایەتی ، مافی کۆیلە وەک ئاژەڵ وایه‌ كه‌ خاوەن کۆیلەکان ئاسودە‌ دە‌كات، لێرەدا شکۆی مرۆڤە (ئازادەکان) لە خاوەندارێتی چەندەها کۆیلەدایه‌ ، یان شەرەفانێکی ئازا بیت لە پاراستنی کۆمەلگای دەسەلاتداری ئیمپراتوریی.

لە قۆناغی میرداریدا، کە ناوچەیەکی جیۆگرافی گەورەتر دەگرێتەوە ، چەندەها دەرەبەگ لەو ناوچەیە بەیەك دەبەسرێنەوە ، ئایین و ئاینزا دەبێتە بەردی بناغەی گرێدانی مرۆڤەکان بەیەکەوە بۆ خزمەتکردنی باری کۆمەڵایەتی ئابوری دەرەبەگ و میرزادەیی سوڵتان . تاك له‌م نێوە‌ندە‌دا ون دە‌بێت لە نێو مێگەلدا . خودا و نۆینەری خوداکان لە سەر زەوی فەرمان دەدەن، مێگەل گوێرایەڵە، به‌ وته‌ی خودا ئەم دونیایە گەشتێکی کاتییە ، گرنگ لیرەدا دونیایەکی تر هەیە دوای مردن ، کە پاداشت دەکرێن بە نیعمەتی خوداوەندە.
مرۆڤ لەو سەردەمە تەنها کۆیلەی خوداوە‌ندێكه‌ کە دەسەڵاتی هەیە لەسەر باران بارین و سەرما و گەرما و بوومە لەرزە، تا دەگاتە ئەوەی ببێتە هۆی نەخۆشی و کارەساته‌ سروشتیه‌كان .

ئیتر تاکەکان تەنها ( به‌ندەیه‌كی خوێڕین دەبێ چیی بێت بەرامبەر خودای عەزیم ، قسەی یەکێ له‌ مەلاکانی کوردە)، گوێرایەڵی بۆ خودا بكه‌ن، واتا گوێرایەڵیە بۆ نوێنەرەکانی خودا لە سەر زەوی، کە ئەوانیش مەلا و شێخ و سەید و قەشەکانن، کە هەڵبژاردەیەکی (نوخبەیەکی) تێگەیشتووی ئاینن، له‌ راستیدا بۆ خزمەتی سوڵتان و خاوەن فرمان (ولي الأمر) و پادشان. تەنها ئەم هەڵبژاردەیە لە پیاوانی ئاینی بۆیان هەیە نەخشەی ئەخلاق و رەوشت دابڕێژن بۆ تاکەکانی کۆمەڵگا بە پێی بەرژەوەندی دەسەڵاتدارەکان له‌ چوارچێوەی حەڵاڵ و حەرام و چاکە وعەیبە .

سیستەمی دەرەبەگ هەمیشە خۆی وا نیشان داوە کە پارێزگاری رەوشتی کۆمەڵگای کردووە لە ڕێگای ئاین و مەزهەبەوە . تاکەکان بەشێکن لە مێگەلێك ، بێ کەسایەتی و بێ شکۆ و ملکەچ بوونیان ئەرکێکی پیرۆزە .
بەلام بە گەشەکردنی ئامرازەکانی کارو دروستبوونی بازاڕی هاوبەش واتە شار، دەبووایە ئەم دەستەواژەیەی ئەخلاق و ڕەوشتی کۆمەڵگا بگۆردرێت و تاکەکانی کۆمەڵ ئامادە بکرێن بۆ پێوەندییەکی کۆمەڵایەتی نوێ، وە‌ له‌گه‌ڵ پەیدابوونی ئامێری چاپکردن كه‌ بووە هۆی ئەوەی بیرو هۆشی مرۆڤ پێشکەوتنی گەورە بە خۆیەوە ببینێ و سنوری بیرکردنەوەیان فراوانتر بێت لە ناوچەكه‌دا .

لێرەدا مرۆڤ لە پاشکۆی ئاغا ودەرەبەگایه‌تیەوە‌ لە کۆیلەیەکی خوداوە دەبێتە مرۆڤێکی ( ئازاد ) واتا نەبەستراو بە خاك و لادێوە‌ به‌ڵكو دە‌بێته‌ خاوەن هێزی کاری خۆی، کە ئازادانه‌ هه‌وڵ بۆ دابینکردنی ژیانێکی باشتر دە‌دات لە شارەکان و وردە وردە دوور دەکەوێتەوە لەو نه‌ریت و ڕە‌وشته‌ ئاینیانەی کە هەیبووە . لە ئەوروپادا ئەم پرۆسێسە دوورودرێژە کە لە رێنیسانس دەستی پێکرد وە‌ بەردەوام بوو بە کۆتاهێنانی سێگۆشکەی دەسەلات : پادشا ـ کەلیسە ـ میر و بەگزادە ، وە‌ دروستبوونی سەرمایەداری نیشتمانی کە بورژوازیه‌کانی ناسیونالیست ئەرکی قۆناغەکانی سەردەمەکەیان لە ئەستۆ گرت .

لێرەدا تاکەکانی کۆمەڵ ئەركی ناسیۆنالیستیان پێی دەبخشرێت، شکۆی خاك و نیشتمان سەرووی شکۆی تاکە، دەبێ لە خزمەتی کاپیتالیزمی ولاتەکەی خۆی بێت بۆ پەیداکردنی بازاری نوێ بۆ بەرهەمەکانیان و پەیداکردنی کەرەستەی خاوی هەرزان بۆ فابریکەکانیان ، لە هەمان کاتدا لە سنوری نیشتماندا تاك ئازادە کە چۆنێتی هیزی کاری خۆی دەسته‌به‌ردە‌كات، تاکی کۆمەڵگا لەو قۆناغە دەبێتە ناوەند ( سنترال ) ، کە بریارەکان لە خزمەتیدا دە‌بێت ، کەنیسە و ئاین و خودا دەکەوێتە لێوار ( هامشی ) کۆمەڵگا و ناوەندێتی خۆی لە دەست دەدات لە ڕابەریکردنی بۆ پرۆسەی پەروەردەی تاك و دەسەڵاتی نامێنیت لەسەر نه‌ریت و ڕەوشتە کۆمەلایەتیه‌کان، بەڵکو دەستوور و یاسای نیشتمانی دەبێتە سەرچاوەی دیاریکردنی ئەرك و مافی تاکەکان و ڕێکخەری ڕێسا کۆمەلایەتیەکان وە‌ قازانج دەبێتە فاکتەری تازە بۆ ئەخلاق.
پشت بەستن بە زانست بۆ پەرەپێدانی تەکنەلۆجیا له‌ کۆمەڵگا ، تاکەکانیشی سوودمەند دەبن لە یاسای هەڵسوکەوتی( القانون الوضعي ) کەسەکان کە کۆتایی دەهێنێ بە یاسای ئیلاهی و ئاینیش دەچێتە ڕیزی ئەفسانە و چیرۆكی منداڵانه‌ .

هه‌ڵبه‌ته‌ سه‌رە‌كیترین كێشه‌ی ئه‌و ناوچە و وڵاته‌ دواکەوتووانەی جیهان له‌وەدا‌بوو کە هێشتا له‌ سه‌رە‌تای قۆناغی بوژانه‌وە‌ی ئابووریدا بوون، كه‌ کاتێك سەرمایەداری ڕۆژئاوا وەکو داگیرکەر و به‌ربه‌ست لە به‌ردە‌م گەشەکردنی ئابووری لەو ناوچانە هاتە مەیدانەوە، كه‌ چینی بورژوازی ناچارکرد تەنها لە خزمەتی سەرمایەدارانی ڕۆژئاوا دابێت و‌ ئەرکی ناسیونالیستی خۆیان فەرامۆش بكه‌ن، هه‌روە‌ها مافی ئازادی تاك و گەشەپێکردنی پێوەندیە کۆمەڵایەتییەکان به‌لایانه‌وە‌ زۆر گرنگ نەبوو، چونکە سەرمایەداری ئیمپریالیستی بەهێزێکی پێشکەوتووی ته‌کنەلۆجی و سەربازی مه‌رامەکانی خۆی دەپێكا ، بۆیه‌ ئازادی ڕادە‌ربڕین و سه‌روە‌ری خاك لە بەرژەوەندی ئەواندا نەبوو .

کاتێك سەرمایەداری (کاپیتالیزم) دەگاتە قۆناغێکی هەرە پێشکەوتوو و قازانج و بەرژەوەندی لەوە‌دایە کە سنوور ببەزێنێت و بەهەموو توانایەوە ترانترێت بکات بە جیۆگرافی سەر زەوی و ژێر دەریا تا دەگاتە بۆشایی ئاسمان، كه‌ تاکەکانی کۆمەڵ ئەو سەنترالیەتەی خۆیان دیسان لە دەست دەدا، هەموو پێوەندیە کۆمەڵایەتیه‌كان لە یەك دەترازێن و دراو دە‌بێته‌ خودای پەرستراو وە‌ به‌هیچ جۆرێك ڕەچاوی ئەوە ناكرێت کە بە چی‌جۆرە‌ ڕێگه‌یه‌ك ئەدۆزێوە له‌ به‌دە‌ستهێنانی سه‌رمایه‌، بە مەرجێك چوارچێوە‌ی سنووری دامەزراوەکانی گلۆبالیزم تێپه‌ڕ نه‌كات، چونكه‌ دە‌سه‌ڵاتی باڵای ئه‌م سەردەمە کۆمەڵەیەك کارەكته‌ری شارە‌زای ئابوورین كه‌ وە‌ك خوداوەندێكی نادیار لە هەموو جومگەکانی ئه‌م گێتیه‌ چارەنوسی هەموو كۆمه‌ڵگایه‌ك دیاری دەکەن، كه‌ خاوەن دەسەڵات و پارە و چەك و میدیای نوسراو و بینراون لە هەموو جیهان.

لێرەدا خزمەتکارەکانی گلۆبالیزم هەموو ئەو دەسەڵات و سیاسه‌ته‌ی و‌ڵاتە گەورە و بچوكه‌كان دەگرێتەوە، تا دەگاتە دەسەڵاتە خۆجێی و ناوچەکانی سەرچاوەی سرووشتی (نموونە هەرێمی کوردستان)، کە کاری ئەوان پاسەوانیه‌ بۆ سوودو بەرژەوەندی ئابوری و دارایی سوپەرئینتەرناسیونالیزمی گلۆبالیزم.

لە سەردەمی گلۆبالیزم، شکۆی تاکە کەسەکان لە مەترسیەکی بەردەوام دەبێ، بۆ نموونە لە قۆناغی سەرهەڵدانی سەرمایەداری زانست و ته‌کنەلۆجیا لە خزمەتیدا بووە ‌، بەڵام ئیستا بۆتە چەکێك بە دەست دەسەلاتدارەکان بۆ یاریکردن بە چارەنوسیان. دژایەتی گلۆبالیزم بریتییە لە ڕاوەستانە دژ زانست و تەکنەلۆجیا، بەڵام ملکەچبوون بە گلۆبالیزم بریتتیە لە سڕانەوەی کەسایەتی تاک، کە خۆی دووبارە دەبینێتەوە لەناو مێگەلێکی بێ سەروبەر، کە نە شوانەکەی لێی دیارەو نە کۆتایی ڕێرەوەکەی ڕوونە. ئا ئەمەیە پرادۆکسی سەردەم.
خەباتی مرۆڤەکان قەتیس دەکرێت لە کۆششکردنی رۆژانە بۆ ئەوەی کارەکەیان لە دەست نەدەن، بۆ ئەوەی پێگەی کۆمەڵایەتییان لەق نەبێت، لیبرالیزمی نۆی لە رۆژئاوا و دیکتاتۆری شمولی لە ئاسیا و ئەفریقا ، رووی راستەقینەی شێوەی حکومرانی گلۆبالیزمە .

سۆزی نیشتمانی و نەتەوایەتی و حیزبایەتی خۆی ناگرێ بەرامبەر ئەو گۆڕانکارییە نوێیەی سەردەمی گلۆبالیزم، کە له‌ئاست تێگه‌یشتنی مرۆڤدا نیە.
کاردانەوەی تاکەکانی کۆمەڵگا، کە خۆیان لە گۆشه‌گیری و بێکەسی دەدۆزنەوە ، کاردانەوەیەکی نا ژیریانە دەبێت، چونکە ئەم گۆڕانکاریانە تێناگەن، و ناتوانن شیکردنەوەی بۆ بکەن، چونكه‌ هەموو میدیاکانی جیهان لە خزمەت ستراتیجی دەسەڵاتداراندایه‌، خۆیندن و پەروەردە هەمیشە خەریکە بۆ ئامادەکردنی تاکەکان، کە بتوانن لەژێر ناوی زانست و تەکنەلۆجیا باشترین خزمەت بکەن بە گلۆبالیزم .
لێرەدا مرۆڤەکان گومان دروست دەکەن لە سەر ڕاست و دروستی ڕەها، هەموو ڕاستیەکان دەکەونە ژێر پرسیارەوە، پۆستمۆدێرن کلتوری باوی ئەم سەردەمەیە، كه‌ هەموو شتێک دە‌خاته‌ ژێر لێکۆڵینەوە .

مرۆڤی سەردەمی گڵۆبالیزم، وەک ڕۆبۆت کارو خزمەت دەکا بۆ دەزگایەك کە خاوەنداریەکەی نادیارە لە فەزایەکی گریمانە (ئیفترازی) لە دەرەوی سنوری جیۆگرافی نیشتمانە، هیچ پێوەندیەکی ئۆڕگانی بەرچاوی نیە، تاك دووبارە خۆی لە نێو مێگەلێکی ئاراستەکراو دەدۆزێتەوە و خەبات و کۆششی بۆ ئەوەیە نەکەویته‌ ژێر پێی ئەو مێگەلە ، یان دەرەوەی مێگەلەکە.

یەکێك لە جۆرەکانی پەرچه‌كرداری مرۆڤەکان دژ بە دەرکەوتەی نا دادپەروەری گلۆبالیزم ، خۆریکخستنی خۆیانە بە شێوەی گرووپی تیرۆریستی چ لەژێر ناوی نەتەوە پەرستی یاخود لەژێر ناوی ئایین و تائیفەگەریدا، خراپەكاری و تیرۆر له‌م گروپ و تاكانه‌ یەکێکە لە وڵامە ناژیریانەی (ناعه‌قلانیەی) كه‌ مرۆڤ دە‌كاته‌ قوربانی سەردەم .
لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە گلۆبالیزم لەم جۆرە ڕێکخستنە تیرۆریستیانە وەبەرهێنانی خۆی دەکات بۆ دووبارە مەرام و بەرژەوەندیەکانی خۆی بۆ چەسپاندنی هێز وقودرەتی بەسەر گەلانی جیهان.

* کەسایەتی تاکی کورد

هەمیشە تاکی کورد بۆتە قوربانی ململانێی بەرژەوندیەکانی جیهان و ناوچه‌كه‌ ، جیوپۆلیتیکی کوردستان و کەرەستە خاوەکانی ژێر زەویەکی و دوو ڕوباری فورات و دیجلە لە جێگه‌ی ئەوەی ببن به‌ خێر و بەرەکەت بۆ گەلی کوردستان ، کەچی تەنها کارەساتی جەنگ و ماڵ وێرانیان به‌دوای خۆدا هێناوە‌ .
هیزەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بە درێژایی سەدەی ڕابووردوو، چ بە ئاگایی یان بەبێ ئاگایی هەمیشە بونەتە ئامرازێك بۆ خزمەت گیاندن بە هێزە جیهانی و ناوچەیه‌کان كه‌ لەم نێوەندەدا تاکی کورد بۆته‌ قوربانی دەستی نه‌یارانی، بە خوێن و ماڵ وێرانی، هەر ئەم ئازار و بارە قورسانه‌ی كاولكاری بوونه‌تە هۆی ئەوەی دەرفەت نەبێت بۆ تاکی کورد کە لە شارستانیەتی سەردەم سود وەرگرێ و خۆی بینا بکات .

بە داخەوە تاکو ئەم سەردەمەش مرۆڤی کورد ئیرادەی لێسەندراوەتەوەو كه‌وتۆته‌ ‌ژێر كاریگه‌ری هیزە داگیرکەرە‌كان و نا ڕۆشنبیری کۆمەڵگاكه‌ی كه‌ پێناسەی تاك لەسەر بنەمای عەشیرەتگه‌رای وهۆز و ناوچە و شارو شارۆچکە دەكرێت و گوێ له‌ دە‌نگی تاك ناگیردرێت .

مرۆڤی کورد دەبێت شکۆی خۆی بگێرێتەوە لە ڕێگای بوونی بە سێنترال بەتایبەتی لە فێرگە و پەروەردەدا، وە‌ هەروەها لە داڕشتنی هەر یاسایەك لە لایەن هێزی دەسەلاتدارانەوە، دە‌بێت ڕەچاوی ئەم پرەنسیپانه‌ بكرێت كه‌ مایەی رزگاری تاکی کوردستانییە لە شەریعەتی ئایینی و هەروەها لەو بەشە دواکەوتوویی داب و نەریتی کۆنی کوردەوارییەوە‌، پاراستنی بەرژەوەندیکانی تاك و خەبات کردن بۆ باشتر کردنی ژیانی ڕۆژانەی و بەشداربوونی لە بڕیارەکانی شۆینی کارەکەی دە‌بێت ئەرکی سه‌رە‌كی هه‌موو بزوتنەوەیەکی شۆرشگیری کوردستانی بێت، کوردستان کاتێك نیشتمانە کە شکۆی هەر تاکێکی له‌ کۆمەڵگا بەرز ڕاگیرابێت .

گرێدانی خەباتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە باری ئابوریان و هێنانە کایەی قورسایی تاکەکان و بەرژەوەندیان بە ڕەچاوكردنی شوێن و جۆری پیشەکەیان، خەبات کردن بۆ باشتر کردنی موچە و چاککردنی باری یاسایی تاکەکان دەتوانرێ ببێتە هۆی ئەوەی شکۆی مرۆڤەکان بگەڕێتەوە، وە‌ لەلایەکی ترەوە دەبێتە ئەڵقەی گرێدانی خەباتی پیشەیی بە پرۆسەی دیموکراتی گشتی لە کوردستان و ناوچەکە، کە ئەمەش بەشيکی نەپچراوە لە خەباتی جیهانی دژ بە گلۆبالیزم .

کۆبنهاگن، مانگی ۱ / ۲٠۱۸

Previous
Next
Kurdish