
بەکورتی 26: سواڵکردنی سۆز.. بۆشایی سۆزییمان پڕناکاتەوە.. ئازاد حەمە
سواڵی سۆز یان سواڵکردنی سۆزدارییEmotional Begging، کە جۆرێکە لە جۆرەکانی سواڵ بۆ بەدەستهێنانی خۆشگوزەرانی دەروونیی و سۆزدارییە. ئەم سواڵە ئەزموونێکی پەژارەهێنەر و پڕ ئازارە، دیاردەیەکە لێرە یان لەوێ ڕوودەدات و لەخۆڕاش دروستنابێت و هۆکار و پاڵنەر لەپشت ڕوودانەوەکەیەتی.
سواڵی سۆز کردارێکە لەلایەن کەسانێکەوە ئەنجامدەدرێت بۆ بەدستهێنانی خۆشەویستیی، گرنگییپێدان، ڕاکێشانی سەرنج و هاوسۆزیی. ئەم کەسە زۆرێک ڕێگا دەگرێتەبەر تا ببێتە جێگای بایەخ و ئاوڕدانەوەی ئەوانیتر، لەوانە: هەڕەشەکردن، بەومانەیەی، ژیانی خۆی دەخاتە مەترسیەوە تا گرنگیی پێبدەن، گازندەکردن لە دەورووبەر و کروزانەوە لەسەر ئەو بناغەیەی کەس هەست بە بوونی ناکات و سۆزییان بۆی نییە و بەزەیشیان پیایانایەتەوە.
بۆیە بەپێویستی دەزانیین بپرسیین: سواڵی سۆز دیاردەیەکی بۆماوەییە یان نەخۆشییەکی دەروونیی؟ ئەم سواڵە بەسە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی و کەمیی سۆزیی؟لەدەستدانی توانای دەربڕینی هەستەکانAlexithymieجیا نییە لە بێبەشبوونی(محرومیەتی) سۆزداریی؟ لەدەستدانی پاڵنەر و لێنەزانی لە وەرگرتنی چێژ لە ژیان ناچارمان ناکات سۆز سواڵکەین؟داننان بە بۆشایی سۆزداریی سەرەتایەک نییە بۆ دۆزییەنەوەی هۆکارەکانی بۆشاییەکە؟ کێ پێداویستیی سۆزداریی مرۆڤ پڕدەکاتەوە؟ تاکەکان، خەڵک، گروپێک، دەورووبەر، دامەزراوەیەک ….کێ؟
سواڵی سۆز چییە؟ لێرەدا قسە لە خودی کردەی سواڵکردن ناکەین، قسە لە سواڵی سۆز و هاوسۆزیی دەکەین. سواڵی سۆز هیچی کەم نییە لە سواڵی بەزەیی، ڕەحم و ئەمەکداریی. بێگومان نەبوونی قووڵیی سۆزداریی لای کەسەکان هۆکاری ئەم جۆرە سواڵەیە. سواڵەکە وەک چارەسەر بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە ناخییەکان و گەڕان بەدوای گرنگییپێدان و داوای خۆشەویستی و بەزییپاهاتنەوە لە ئەوانی دیکە تەماشادەکرێت. ئەڵبەتە سەرچاوەکانی سواڵی سۆز ئەم لایەنانە لەخۆدەگرێت: بێبەشبوونی سۆزیی، هەستکردن بە کەمیی هاوسۆزییEmpathy، متمانە بەخۆنەبوون و…. .
بەپێی شارەزایان بێت، سواڵکەری سۆز بۆبەدەستهێنانی سۆزی ئەوانی دیکە ئامادەیە ڕەفتار هەڕەشەئامێزانە بجوڵێتەوە، بیانووبگرێت و ئەوانی دیکە بەوە خەتاباربکات، کە هۆکاری بێسۆزییەکەین. ئەم جۆرە سواڵکەرانە لێهاتوون لە وروژاندن و یاریکردن بە هەستی ئەوانی تر، ئەڵبەتە تابشتوانن ژیانی خۆشیان لەبەرچاو نزیکەیانیان دراماتیزەدەکەن؛ هاوکات خۆیان بەردەوام وەک بەدبەخت و قوربانی نیشاندەدەن و سەرزەنشتی کەسانی دەورووبەریان دەکەن. بێگومان زۆرتریش ئەوانە توشی ئەم حاڵەتە دەبن،کە شێوازێکی ژیانی ناتەندروست دەگرنەبەر لەچاو ئەوانەی بەختەوەر و پڕژیانن.
سەبارەت بەوەی لایسەرەوە ئاماژە بەوەش دەکەین، کە نەبوونی هاوسۆزیی یەکێکە لە دیوەکانی بێبەشبوونی سۆزداریی. پسپۆرانیش لە بواری کلینیکی دەروونیی پێیانوایە، کە بێبەشبوونی سۆزداریی بریتییە لە نەبوونی پاڵپشتی سۆزداریی. زۆرجار پشتگوێخستنی سۆزداریی، کە بێبەشبوونی سۆزداریی دروستدەکات، پۆلێک کێشەی دەروونیی یان کۆمەڵایەتیی لەگەڵ خۆی دێنێت. بۆیە پێداویستییە سۆزدارییەکانی ژنێک جیایە لە پێداویستییە سۆزدارییەکانی پیاوێک، هاوکات پێداویستییە سۆزدارییەکانی هاوڕێیەک بۆ هاوڕێێەک جیاوازە لە پێداویستییە سۆزدارییەکانی دایکێک یان باوکێک بۆ مناڵەکەی.
زۆرێک لەوانەی لەبارەی سواڵکردنی سۆزدارییەوە قسەدەکەن تیۆرییە دەروونشیکارییەکان بۆ گەیشتن بە دەرئەنجامی باوەڕپێکراو بەکاردەبەن و پێیانوایە، بۆ سنووردانان بۆ ئەوانەی دووچاری دیاردەی سواڵکردنی سۆزداریی دەبن ئەوەیە،کە کار لەسەر شێوازی ژیانیان، بۆچوونیان بۆ دەورووبەر، گۆڕینی جۆری بیرکردنەوە و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانیان بدرێت و هانیشبدرێن، کە چۆن پشت بەخۆببەستن و پێداویستییەکانی خۆیان بهێننەدی.
بەشێک لە فۆرمەکانی سواڵی سۆز پەیوەندی بە گرنگییپێدانەوە هەیە. واتە کەسەکە سواڵی گرنگییپێدان یان ڕاکێشانی سەرنج دەکات، ئەمە داوایەکی سۆزییە، یان کۆششە بۆ بەدەستهێنانی سۆزی (خۆشەویستی)ئەویتر. جەوهەری سواڵەکە هەوڵێکە بۆئەوەی کەسەکە بایەخ و دیقەتی ئەویتری لەسەربێت. ڕەنگە دۆزی کۆمەڵایەتی و ناجێگیریی دەروونی ئەو کەسە لەپشت دروستبوونی ئەم دۆزەوە بێت، کە پێویستی بەو گرنگییپێدانەی ئەوانیترە. لەوبارەوە زۆرێک هۆکار هەن، لەوانە: پێداویستیی، هەستیی کەمیی، یان خۆبەکەمزانیین و …. .رەنگە سەرەتا ئەم سواڵی گرنگییپێدانە ئەرێنی بێت، بەڵام لەگەڵ کاتدا، کە کەسەکە خۆی لەسەر ئەم رەفتارە ڕادێنێت دەبێتە کردارێکی نەرێنیی.
سەرباری ئەوە، سواڵی گرنگییپێدان لە کەمیی شایستەیی و خۆبەکەم زانینەوە دێت. کێشەکە سواڵەکە نییە، کێشەکە ئەوەیە، ئەگەر سواڵەکە بەرینەبێت. کاتێک سواڵەکە دەستکەوتی نابێت، بێهیوایی و خەمۆکی لەگەڵ خۆی دێنێت. بۆدورکەوتنەوە لەم دیاردەیە باشتروایە مرۆڤ خۆی بەکەمنەزانێت و لە عەوداڵی دروستکردنی پەیوەندی تەندروستیشدا بێت.
کۆتا بینینمان بۆ سواڵی سۆز ئەوەیە، کە سواڵکەرانی سۆز کێشەیەکیان هەیە، کە دەکرێت ناونرێت بۆشایی سۆزیی. ئەو بۆشاییە کاریگەریی لەسەر سواڵەکەیان هەیە. بێگومان بۆشاییەکە ناخییە(ڕۆحییە)، بەڵام چۆن ئەم جۆرە بۆشاییە دروستدەبێت و دەبێتە بناغە بۆ سواڵی سۆز؟ بێگومان دوای ئەوەی مرۆڤ هەست بە دڵەڕاوکێ یان تەنهایی و بێزاریی ناوەکی دەکات، لێرەوە دەکەوێتە ناو حاڵەتی بۆشایی سۆزییەوە، ئەوەش وایلێدەکات درک بە بێمانایی ژیان بکات و لەناو بێئامانجی و خەمۆکییدا بخولێتەوە. زۆرجاریش هۆکاری بۆشاییەکە ڕەنگە بێباکی مرۆڤەکان بێت بەرامبەر بە خودیخۆیان، یاخود بەهۆی لەدەستدانی هێژایەک لە ژیان، جیابوونەوەی خێزانی، هەستی شکستی رەوشتیی و…. .
سەرئەنجام، قبوڵکردنی بۆشایی سۆزیی کارێکی ئاسان نییە، بەڵام هەوڵێکە بۆ دەربازبوون لە سواڵی سۆز. کاتێک بۆشایی ناخیی خۆت قبوڵدەکەیت، کەواتە تۆ توانای خۆبینینی خۆت هەیە و بەئاگاشی لە شکستیی و پەرتییە رۆحییەکانت. بەمە تۆ ئیدی پەنا بۆ ئەویتر نابەیت و داوای گرنگیپێدان لە کەس ناکەیت.
ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی