Skip to Content

442 Views

شیعری شۆڕشگێڕانە و پەرجووی هەمیشە زیندووبوون …   عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

شیعری شۆڕشگێڕانە و پەرجووی هەمیشە زیندووبوون … عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

Be First!
by December 10, 2016 General, Literature
image_print

لەوەتەی مرۆڤ لەسەر ئەم هەسارەیە پەیدا بووە لەگەڵ سروشت لەلایەک و یاسا و ڕێسا کۆمەڵایەتیی و ژیارییەکان لە لایەکی تر لە ململانێ و زۆرانبازیدا بووە، هەوڵیشی داوە بە ڕێگای جیاواز ئەو ململانێی و زۆرانبازییانە وێنا بکات و بۆچوونی خۆی لەسەریان بەیان بکات. یەکێک لە سیفەتە هەرە بەرچاوەکانی مرۆڤ ئارەزوو بووە بۆ گۆڕانکاری و پێشکەوتن، ڕەتکردنەوەی کۆن و هێنانە کایەوەی نوێ بووە لە جێگایاندا. هەرچەندە مەرج نییە هەموو ئاڵوگۆڕەکان لە بەرژەوەندی مرۆڤدا تەواو بووبێتن، بەڵام ئاڵوگۆڕە ڕادیکاڵەکانی نێو کۆمەڵگە جێگایەکی بەرز و شیاویان لە پانتایی ویست و ئارەزووەکانی مرۆڤدا هەبووە و هەیە کە لە پێداویستی ژیانەوە سەریان هەڵداوە یان سەر هەڵدەدەن. مرۆڤ و دەروروبەری خەسڵەتی گۆڕاویان هەیە و بەپێی یاسا گەلێکی تایبەت دەگۆڕین و گەشە دەکەن و دواتریش لەنێو دەچن یان جێگا بۆ شتگەلی تر چۆڵ دەکەن. مرۆڤ هەر زوو لە ڕێگەی گۆرانی و سەما و هونەری نیگارکێشان و ئینجا شیعرەوە گوزارشتی لە خەون و ئارەزووەکانی خۆی کردووە.

واتا پەیوەندی نێوان مرۆڤ و شیعر پەیوەندییەکی لەمێژینەیە. مرۆڤ شیعری کردە ئامرازێک بۆ گوزارشتکردن لە بیروبۆچوون و وێناکردنی ئەو واقیعەی تێیدا ژیاوە. ئەم جۆرە شیعرە، شیعری خەڵک و پەیوەست بە ژیانی خەڵک، شیعرێک بووە لەگەڵ ویست و حەز و خولیا و ئارەزووەکانی مرۆڤ بۆ گۆڕانکاری ژیاوە و هەناسەی داوە. لە هەر شوێنێک ئەم شیعرە گوزارشتی کردبێ لە ئاڵوگۆڕی ڕادیکاڵانەی کۆمەڵگە، ئەوا شیعرێکی شۆڕشگێڕانە بووە و لە ویژدانی مرۆڤایەتیدا ماوەتەوە. شیعری شۆڕشگێڕانە شیعری بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتییە کە خوازیاری ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانەیە لە کۆمەڵدا.
ئەم جۆرە لە شیعر هەمیشە لە یاخیبوون و شۆڕشەکاندا گەشەی کردووە و بەرەو پێشچووە. “بەپێی تێڕوانینی مارکسیستەکان تەنانەت ئەدەب لەخودی خۆیدا دامودەزگایەکی کۆمەڵایەتییە کە ئەرکی تایبەتی ئایدیۆلۆژی بەپێی باکگراوندنی ئایدیۆلۆژی نووسەر لەسەر شانە”.(١) لێرەوە هیچ مرۆڤێک نییە بە جۆرێک لە جۆرەکان سەر بە ئایدۆلۆژی یان لەژێر سێبەری ئایدیۆلۆژییەکی تایبەتیدا نەبێت. تەنانەت ئەو مرۆڤانەی کە دەڵێن ئێمە هەموو ئایدیۆلۆژییەک ڕەت دەکەینەوە، لەڕاستیدا هەڵگری جۆرێک لە ئایدیۆلۆژین. ئۆجین پۆتیە و هانریش هاینە و ئەراگۆن کرۆ و پاپلۆ نیرۆدا و پرتۆڵد برێخت و نازم حیکمەت و خوسرەوی گوڵسورخی و مزەفەر نەواب و ئەحمەد مەتەر و حەبیب جالب و ڤلادیمیر مایاکۆفسکی و نێڵسن پێریی و لەنگستن هیوز وفریدریک گارسیا لۆرکا و جۆ هیڵ و نیکۆڵا ڤاپتزارۆڤ و کێنس فیرینگ و ئدوین ڕٶڵف و هۆراس گریگۆری و مایک گۆڵد و تاد، بەشێکن لەو تەیفە بەرفراوانەی ئەدیبان و شاعیرانی شۆڕشگێڕ کە بە شیعرەکانیان بەشدارییان لە خەباتی چینایەتی دژ بە ستەم و نادادپەروەری کۆمەڵایەتیی سەر سەرجەم کۆمەڵگەی ئینسانیی کردووە. خەمی ئەم شاعیرانە خەمی ئینسان بوو. دیارە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریش تەنها چینی کرێکارە کە خەمی سەرجەم مرۆڤایەتی هەیە.

ئەم شاعیرانە و زۆریتر گرەوە مێژووییەکەیان لەوەدا بردۆتەوە کە ئازادی و ڕزگاری لە ستەم و چەوسانەوە ناوەڕۆکی بەرهەمە ئەدەبییەکانیان بووە. ئەمە ئەو شوناسەیە کە جیایان دەکاتەوە لە ئۆقیانووسێک لە نووسەر و شاعیرانی تر لە کۆمەڵگەی ئینسانی کە بەجۆرێک لە جۆرەکان لەژێر ناوی نەتەوە و ئایین و نەژاد و نیشتمانپەروەری و ڕەگەز، بەرگری لە ستەم و پاڵپشتی لە چەوسانەوەی ئینسان بە دەستی ئینسان دەکەن. شیعری شۆڕشگێرانە بە ئاسۆ و ئامانجێکی خەباتکارانەوە لەگەڵ خوێنەردا لە پرۆسەیەکدا لێکهەڵدەپێکرێن. پرۆسەیەک کە نووسەر و دەق دەیانەوێ ئاڕاستەی بیرکردنەوەی خوێنەر لە مرۆڤێکی سادە و تەمەڵ لە بیرکردنەوەوە بگۆڕن بە خوێنەرێکی چالاک لە بیرکردنەوە. ئەمەش بە سیاسیکردنی خوێنەرە و هێنانە دەرەوەی تەیفێک لە خوێنەری بیر ڕووناکی لە هەلومەرج حاڵیبوو، کە خواستی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە یەکێکە لە خواستە هەرە دەستبەجێکانی. ئەم سیاسیبوونەی خوێنەر لەڕێگەی خوێندنەوەی دەقی ئەدەبییەوە زۆر جیاوازە لە کۆمیدیای سیاسیبوونی تاکی کۆمەڵگە لەڕێگەی حیزبە بورژوا ڕەنگاوڕەنگەکان. شۆڕشگێڕبوون و شوناسی ڕادیکاڵبوونی دەقی ئەدەبیی پەیوەستە بە ئینتمای چینایەتییەوە.. بورژوازی بەپێی گەشەی مێژوو ئەگەر لە دەورانی خەبات دژ بە پایەکانی دەسەڵاتی ئابووری و سیاسی فیوداڵی شۆڕشگێڕ بووبێ، ئەوا ئیتر ئەمڕۆ هیچ شۆڕشگێڕیەتێکی نەک هەر نییە بگرە تا سەر ئێسقانیش کۆنەپەرستە. ئەو چینەی (چینی کرێکار) کە بەرژەوەندی لە ئاڵوگۆڕ و گۆڕانی پایەکانی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆنەپەرستی بورژوازی هەیە شۆڕشگێڕە و ئەدەبی ئەو چینەش ئەدەبێکی شۆڕشگێرانەیە.

بەمجۆرە شیعری شۆڕشگێرانە شیعری ئەو لەشکرە لە بەرهەمهێنەرانە کە چەرخی کارگەکان دەسوڕێنن. شیعری شۆڕشگێڕانە شیعری کرێکارییە، شیعری جیهەتگیریی کرێکارییە. بەڵام مەرج نییە نووسەری شیعری کرێکاریی خۆی کرێکار بێت. چونکە دەشێ کرێکارێک شاعیر بێت و هەڵگری ئایدیۆلۆجی بورژوازی بێت. لەکاتێکدا دوور نییە نووسەری دەقێک کرێکار نەبێت بەڵام پارێزەری بەرژەوەندی چینایەتی کرێکاران بێت. بۆگدانۆڤ دەڵێ ” شاعیر لەوانەیە بەپێی مەوقیعیەتی چینایەتی خۆی سەر بە چینی کرێکار نەبێ، بەڵام ئەگەر بە قووڵی ئاشنایەتی کۆی ژیانی پرۆلیتاریا بێ، ئەگەر لەڕاستیدا و بە دڵسۆزی بەو جۆرە بیر بکاتەوە، بەواتایەکی تر ئەگەر ڕٶحی خۆی ئاوێتەی ژیان و خەباتی پرۆلیتاریا بکات ئەوکات دەتوانێ دەربڕینێکی هونەریی پێشکەش بە پرۆلیتاریا بکات و ڕەنگە ببێتە ڕێکخەری هێز و نەستی شێوەی شیعریی خۆی.” (٢) بۆیە یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئەدەبی کرێکاریی ئەوەیە کە تا چ ئاستێک پەیوەستە بە ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی چینی کرێکار و تا چ ئەندازەیەک پارێزەری بەرژەوەندی چینایەتی کرێکارە لە دژی سەرمایەداران. شیعری شۆڕشگێڕانە گەلێ پێودانگی جیاجیای هەیە و هەر چین و توێژێک بەپێی بەرژەوەندی چینایەتی خۆی ڕاڤە و پێناسەی دەکا.
چونکە چین و توێژەکان هەموویان خۆیان بە شۆڕشگێر و لایەنگری ئاڵوگۆڕ دەزانن. بەڵام لە ڕاستای ئەم نووسینە و لە ڕوانینی ململانێی چینایەتییەوە مەبەست لە ئەدەبی شۆڕشگێڕانە، ئەدەبی چینی بنیادنەری کۆمەڵگەیە،واتە چینی کرێکار. واتە تەنها و تەنها ئەدەبی چینی کرێکار ئەدەبێکی شۆڕشگێڕانەیە. ئەدەبی چینی کرێکاریش وەک شێری لینکۆن ئاماژەی پێدەدا “گێڕانەوەی ئەو چیرۆکانەیە کە گوزارشتن لە ژیانی واقیعی چینی کرێکار دەکەن.”(٣). بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە لە هەناوی ڕووداوەکان و ململانێی چینەکاندا گەلێ توێژی کۆمەڵایەتی تر دێنە مەیدان و بە ئەدەب گوزارشت لە بیروبۆچوون و خەونەکانیان دەکەن. لەم نێوەشدا، بەرهەمی ئەدەبیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لەچەشنی بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ژن و پیاو و بزووتنەوەی ڕەتکردنەوەی ئایین و بزووتنەوەی دژی ئاپارتاید و بزووتنەوەی دژی ڕاسیزم و بزووتنەوەی دژی کاری منداڵان و بزووتنەوەی مافی پەنابەران و تاد، پشکی شێریان بەردەکەوێ و دەکەونە بەر سێبەری ئەو پێناسەیەی کە ئەدەبی شۆڕشگێڕانە لەخۆیدا هەڵیگرتووە.

ڕاپەرین و شۆڕشەکانی جیهان هەر لە ڕاپەڕینی کۆیلەکان بە ڕابەری سپارتاکۆس و شۆڕشی فەرەنسا و کۆمۆنەی پاریس و شۆڕشی مەزنی ئۆکتۆبەر، بوونە زەمینەی سەرهەڵدان و گەشەی شیعری شۆڕشگێڕانە و بەتایبەتی شۆڕشی ئۆکتۆبەر کە کاریگەرییەکەی بە جۆرێک بوو کە ئەدەبی جیهانیی کرد بە دوو لەتەوە. بە گوزارشتێکی تر، وای کرد هەموو جیهان لەسەر بنچینەی ئەدەبی ڕیالیزمی سۆشیالیستیی و ئەدەبی بورژوازی هەڵوێستی گیریی بکەن.(٤)
شیعری شۆڕشگێڕانەی کرێکاریی، شیعری بەرەنگاربوونەوە و ڕەتکردنەوەیە..شیعری نیشاندانی ڕووە دزێو و جوانەکانە، شیعری هێرش و ستایشە. شیعری ڕادیکاڵی کرێکاریی لەگەڵ سەرهەڵدان و پەیدابوونی چینی کرێکار و خەبات و تێکۆشانی ئەو چینە لە دژی چینی سەرمایەداری سەرهەڵدەدا و گەشە دەکا. واتە شیعری کرێکاریی شیعری ژیان و خەباتی چینی کرێکارە، چیرۆکی نەبەردە چینایەتییەکانی کرێکارە لە دژی بورژوازی و دامودەزگاکانی سەرمایەداری. کێرڤی ڕوو لە پێشی شیعری کرێکاریی لەگەڵ ڕەوتی خەباتی چینایەتی کرێکار بەرز و نزم دەبێتەوە. باری ناهەمواری ژیانی کرێکاران، سەعات کاری زۆر، کرێی کەم، نەبوونی خزمەتگوازی کۆمەڵایەتی و تەندروستییەکان، نا ئەمنی شوێنی کار، ناڕیکخرابوونی کرێکاران، نەبوونی ئازادییە سیاسییەکان و هەروەها نەبوونی ئامرازەکانی خەبات لە چەشنی مانگرتن و ناڕەزایی بە تاک تاک و بە کۆمەڵ، خۆپیشاندان، تا دەگاتە خەباتی چەکداریی و شۆڕش، ئەمانە کۆی بەدەنەیەکی گەورەترن لە ئیرادەیەکی تۆکمە بۆ دەرخستنی ئایدێندتی خەبات و ئینجا شیعری چینایەتی کرێکار. بەرهەمی ئەدەبی کرێکاریی لێرەوە پێناسەی خۆی دەکات و سنووربەندی لەگەڵ ڕەوت و ڕێبازە ئەدەبییەکانی بورژوازی دادەنێ. شیعری کرێکاریی پارێزەری بەرژەوەندی کرێکارە هەوڵیش دەدات لەژێر سێبەری خەباتی کرێکاری لەسەر ئەو ئایکۆنانە کار بکات کە ڕۆڵیان هەیە لەبردنەپێشەوەی خەباتی چینایەتی. “ئەدەبی شۆڕشگێڕانە چەکێکە لە ململانێی چینایەتی و لەسەریەتی کار لە هۆشیاری خوێنەرانی بکات بەرەو چالاکی ڕاستەوخۆ و لەوێشەوە بەرەو هەڵوێستێکی نوێ دەربارەی ژیان. بۆ ئەوەی ڕۆڵی خۆی لە خەباتی چینایەتیدا بناسێتەوە.”(٥)
چینی کرێکار لە خەباتی ڕۆژانەی خۆیدا، سەرباری پێداویستییە سیاسییە – چینایەتییەکانی لە چەشنی ماتریاڵ و ئەبزاری خەباتکارانەی وەکو حیزب و ڕێکخراوی جەماوەریی و کادر و ڕاگەیاندن..تاد، پێویستی بە ئەدەب و هونەرێک هەیە کە عەکس کەرەوەی واقیعییەتی خەباتی چینایەتی بێت. پێویستی بەوە هەیە کە بەردەوام لە جۆش و خرۆشدا بێت و هەمیشە ئیحساساتە چینایەتییەکان، داستانە نەبەردەکانی خۆی لە ڕابردوو و ئێستادا بناسێت و لێرەوە وەک پێویستی سەردەم دەست و پەنجەی لەگەڵدا نەرم بکات.
لێرەوە بۆ ئەوەی شیعری کرێکاریی باشتر بناسین، خراپ نابێ لە گۆشەنیگای ڕووبەڕووبوونەوەکانی لەگەڵ فەرهەنگ و ئەدەبیاتی بورژوازی لێی ورد بینەوە و خەسڵەتەکان و ئینجا جێ و شوێنی ئەو ئەدەبە لەئاست ئەدەبیاتی زەبەلاحی بورژوازی جیهانیدا دەست نیشان بکەین.
یەک : شیعری کرێکاریی هەڵقوڵاوی ناو جەرگەی ژیان و خەباتی چینایەتی چینی کرێکارە لە ململانێیی لەگەڵ سەرمایەداران و دام و دەزگا سەرکوتگەرەکانی. شیعری کرێکاریی لە کێشمەکێش و پێکدادانە چینایەتییەکانەوە لە دایک دەبێت و ئاسۆیەک کە چینی کرێکار لەو پێکدادانە چینایەتییە هەیەتی دەبێتە ئاسۆ و ئامانجی شیعری کرێکاریی.
دوو : شیعری کرێکاریی جیهەتگیری سیاسەتی چینی کرێکار و پارێزەری بەرژەوەندی چینایەتی ئەو چینەیە. شیعری کرێکاریی گۆرانی خەباتی ژنانی کرێکار و حەسرەت و سەختییەکانی خەبات و ئاهی پیرەمێردێک و نرکەی منداڵێکی ئیشکەر و سکاڵای دڵی کچێکی ماندووی دەستی کۆنەپەرست و شەکانەوەی ئاڵای ململانێی ناو کارگەکان و هەناسەی زیندانییەک و تاد بە هەوێنی ناوەڕۆکی خۆی دەزانێ. ئەم دیمەنانە و ڕەنگ ڕێژکردنیان بە ئاسۆ و ئامانجی چینایەتی کرێکاریی ئەرکی ئەدەب و شیعری کرێکارییە.
سێ : شیعری کرێکاریی بە ئاسۆیەکی ئینسانییەوە دەڕوانێتە ژیان و تاک و کۆمەڵگە و ئینسانییەتی ئینسان وەک کرۆکی خۆی بەرجەستە دەکاتەوە. شیعری کرێکاریی لە بەرامبەر ئاسۆی کۆنەپەرستی مەیل و ڕەوتە چالاکەکانی لیبراڵیزم و کۆنەخوازی و ئایینی و نەتەوەییدا دەوەستێتەوە و تێدەکۆشی کرێکار لە جەنگە چینایەتییەکەی خۆیدا بە ئاسۆیەکی ئینسانی و ئەنتەرناسیونالی چەکدار بکات.

چوار : شیعری کرێکاریی ئەگەرچی لە ڕووی تەکنیک و هونەرەوە ڕەنگە لێرە و لەوێ لاوازی پێوە دیار بێت. ڕەنگە نەیتوانی بێت بەپێی پێویست تەکنیکێکی نوێ و لە ئاخرین دەسکەوتە هونەرییەکانی بەشەر سوودمەند بوو بێت، بەڵام وەک یەک ڕەوتی ئەدەبیی لە ئاستی جیهاندا بوونی خۆی سەلماندووە. چینی کرێکار بە درێژایی مێژووی پڕ لە خەبات و فیداکاری خۆی، خاوەنی جۆرێک لە فەرهەنگ و ئەدەب و هونەری خۆی بووە. پێ بە پێی گەشە و بەرەوپێچوونی قۆناغەکانی خەباتی، ئەدەب و هونەرەکەشی گەشەی کردووە. لێرەوە جێی خۆیەتی ئاماژە بەوەش بدەم کە کۆهن میڵتن پێی وایە یەکێ لە خەسڵەتەکانی ئەدەبی پرۆلیتاری ئەوەیە کە دەبێ سادە و ڕوون و ڕەوان بنووسرێت بەدەر لە ئاڵۆزی ئیستاتیکی شێوەگەرا(٦). هەرچەندە ئەم ڕایەی میڵتن بۆ دەورانێک کە ڕێژەی نەخوێندەواری لەنێو چینی کرێکار لە ئاستێکی بەرزدا بوو ڕەنگە دروست بێت، بەڵام بۆ ئەمڕۆ کە دونیای دیجیتاڵ سێبەری خستۆتە سەر دونیای بەرهەم و ژیانی سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگە، ئەم رایە پشتیوانییەکی زۆری نابێ. ئەو دەستکەوتە ئیستاتیکیانە لە بوارەکانی ئەدەب و هونەر بەشێکن لە دەستکەوتەکانی ئینسان و دروست نییە بەبیانووی سادەییەوە ئەدەبی چینی کریکار لەو دەستکەوتانە بێبەش بکرێ.
پێنج : سەرجەم دەزگا ڕۆشنبیریی و ئەدەبیی و کارە ئەنسۆلۆژی و سەرچاوەکانی ئینتەرنێتیش بەپێی پێویست ئاوڕیان لەم ڕەوتە ئەدەبییە جیهانییە نەداوەتەوە و بگرە ئاگایانە و هۆشیارانە پشت گوێیان خستووە و لە خەڵک و چینی کرێکاریان شاردۆتەوە یان کەمترین زانیاریان خستۆتە بەردەست.
شەش : تەواوی ڕەوت و ڕێبازە فیکریی و هونەریی و سیاسییەکانی بورژوازی دەهۆڵی مەرگی کۆمۆنیزم و ئەدەبەکەی دەکوتن و ناوی ئەدەبی کرێکاریی وەکو ئەدەبێکی بێ ئەرزش و ماوە بەسەرچوو دەهێنن. قسەکەرانی ئەم ڕەوت و ڕێبازانە وەک پارێزەری بەرژەوەندییە چینایەتییەکانی بورژوازی هەمیشەو بەردەوام لەهەوڵی ئەوەدان ئەدەبی شۆڕشگێرانە بە ناشیرین و بێهێز و نا هونەریی ناودەز بکەن. ئەدەبی کرێکاریی لەسایەی ئەو تەبلیغە دژە کرێکارییە، وەک ڕەوتێکی ئایدیۆلۆجی – مەزهەبی ناو دەبرێ. بورژوازی جیهانیش بۆ تەحقیر و تەخدیرکردنی کرێکاران بە سەدان ملیۆن دۆلار سەرف دەکات و سەدان ئۆرگان و ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێب بڵاو دەکاتەوە، ساڵانە سەدان فیستیڤاڵ و ئاهەنگ و ساز دەکات و بە دەیان هەزار نووسەر و شاعیر و ئەدیب و قەڵەم بەدەستی کڕیوە و دەکڕێت و کاریان پێدەکات، تا ڕووی دزێوی نیزامی چەوسێنەری سەرمایەداری جوان نیشان بدەن و خۆڵ بکەنە چاوی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش.
حەوت : بەڵام لەهەڵ هەموو ئەمانەشدا تا چینەکان و جیاوازی چینایەتی لەسەر ڕووی زەوی بمێنێ، ململانێی نێوان کرێکار و بۆرژوازی هەر دەمێنێ و ئەدەب و شیعری چینایەتی کرێکاریش هەر دەمێنێ.

شیعری شۆڕشگێڕانە لە نێوان پاشەکشە و تەکان

ئەگەر لە پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر، خەباتی چینی کرێکاری جیهان گوڕ و تینێکی تازەی بە جەستەدا گەڕا و ئومێدێکی نوێ لە ئاسۆی خەباتی چینایەتییەوە دەرکەوت، ئەدەبەکەشی کەوتە بەردەم واقیعێکی نوێوە و دەبوایە ئەزموونێکی تازە ئەنجام بدات. بۆ ئەم مەبەستەش ئەدیبانی کرێکاریی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکدا بوون، سەرکەوتنی شۆڕشیان لە ڕووسیا بینی، ئەمەش بووە هۆی بەرجەستەکردنەوەی زیاتری ڕۆحی شۆڕشگێرانە لە ئەدەب. گەشەی ئەدەبی کرێکاریی بە ئاقارێکدا تێپەڕی کە هەم بتوانێ بەردەوام خۆی لەگەڵ هەلومەرجە تازەکان یەکلا بکاتەوە و هەمیش تازەگەری بەرهەم بهێنێ. واتە ئەدەبی بەرگری و شۆڕشگێڕانە هەلومەرجێکی بابەتی بۆ هاتە ئاراوە تا گەشە بکات و بەرەو پێش بچێت. ئەم بەرەوپێشچوونە تا ساڵی ١٩٣٢ درێژەی هەبوو و پاشان لە کۆنگرەی نووسەرانی یەکێتیی سۆڤییەتی جاران لە ساڵی ١٩٣٤ لەبری وەڵامدانەوە بە ئاستەنگەکانی بەردەم گەشەی ئەدەبی کرێکاریی، دەسەڵاتی ئەو کاتی یەکێتیی سۆڤییەت ئەو ئەدەبەی کردە قوربانی کێشمەکێش و ململانێی سیاسیی و ئابوورییەکانی خۆی لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاوا. ئیتر لەو مێژووەوە ڕێڕەوی گەشەی ئەدەبی کڕێکاریی تووشی جۆرێک لە کەنارگیری هات. لەبری ئەدەبی شۆڕشگێرانەی کرێکاریی ئەدەبێکی تر نزیک لەو ماهییەتە بەڵام جیاواز هاتە ئاراوە کە پێی دەوترا ئەدەبی واقیعی سۆشیالیستی. ئەدەبی واقیعی سۆشیالیستی هەرچەندە لایەنگیریی بۆ کرێکار و سۆشیالیزم هەبوو، بەڵام لە ڕاستیدا نەیتوانی بە تەواوەتی جێگای ئەدەبی کرێکاریی بگرێتەوە و هەروەها نەیتوانی ماهییەتی شۆڕشگێڕانەی ئەدەبی کرێکاریی بە یەکجاری بکوژێت. بۆیە لە ساڵانی جەنگی جیهانیی دووەم ململانێی نێوان زلهێزەکان توانی ڕەنگڕێژی ئەدەب بکات. سەرکەوتنی سیاسیی و ئابووری و سەربازی یەکێتیی سۆڤییەت بەسەر نازییەکاندا، بازێکی گەورەی بە ئەدەبی واقیعی سۆشیالیستی دا. جەنگی ساردیش شەقڵی خستە نێۆ ئەدەب و هونەر و جیهانی فانتازیا و ئیستاتیکای دابەشکردە سەر ڕیالیزمی واقیعی سۆشیالیستی لەلایەک و دیموکراسی و ئیندیڤجوالیزمی خۆرئاوا لەلایەکی تر.

لە ناوەڕاستی دەیەی چلەکانی سەدەی ڕابردوو زەمینەسازییەکی لەبار هاتە ئاراوە بۆ گەشەی ئەدەبی شۆڕشگێڕانە و بەرگری لەسەر ئاستی جیهان. بەڵام وڵاتانی سەرمایەداری خۆرئاوا بەگشتی و ئەمریکا بەتایبەتی بودجەیەکی خەیاڵی(سەدان ملیۆن دۆلار)ییان تەرخان کرد، بۆ بەرپەرچدانەوەی سیستەم و کلتووری مارکسیستی و شۆڕشگێڕانە لە ئاستی دونیادا. کاتێ لەسەر ئاستی جیهان ململانێی نێوان ئەدەبی ڕیالیزمی سۆشیالیستی و ئیندیڤجواڵیزمی خۆرئاوا لە ئاستێکی بەرز و تووند دەبینرا،ئەدەبی شۆڕشگێڕانە وەک کارەکتەرێکی چالاک و بزێو لە سەرجەم کایە و بوارەکاندا ئاکتیڤ بوو، بەڵام لەژێر سێبەری ئەدەبی واقیعی سۆشیالیستی پۆلینبەند دەکرا. لە دەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە بەهۆی قەیرانی سیاسی و ئابووری بلۆکی شەرقی (بەناو سۆشیالیست)، ئەدەبی واقیعی سۆشیالیستی و ئەدەبی کرێکاری و شۆڕشگێڕانەش بەرەو کاڵبوونەوە هەنگاویان نا و تەنانەت تا ئەندازەیەکی زۆر جێگەی خۆیان بۆ ئەدەبیاتی بورژوازی چۆڵکرد. فاکتەرەکانی تەریککەوتنەوە و کەنارگیری و پاشان کاڵبوونەوەی ئەدەبیاتی واقیعی سۆسیالیستی و ئەدەبی کرێکاری و شۆڕشگێرانە بەبڕوای من ئەمانەن.
یەک : کاریگەری تەبلیغاتی ڕۆژئاوا بەڕابەرایەتی ئەمریکا لەو هەڵمەتە فراوانەی خۆی دژ بە مارکسیزم و کلتووری شۆڕشگێرانەی مارکس و ڕەنگدانەوەی ئەو کاریگەرییە لەسەر سەرجەن جیهان دژ بە ترادیسیۆنی شۆڕشگێرانەی چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش. دیارە هەڵمەتی ڕۆژئاوا و گوێڕایەلانیان لە ناوچەکە لەم ئەرکە قێزەوەنەیان کە تا ئێستاش بەردەوامن تا ڕادەیەکی باش سەرکەوتنیان بەدەست ‌هێنا. ئەم فاکتە خولقێنەری ئەو دۆخە نەخواستراوەیە کە ئەمرۆ بۆ تەرویجدانی ئەدەبی شۆڕشگێڕانە بووەتە کۆسپ و ڕووبەڕووبوونەوەی کارێکی قورسە و وزە و توانایەکی زۆری لێمان دەوێ.
دوو : هەڵوەشانەوەی بلۆکی ڕۆژهەڵات و لەمەیداندا نەمانی یەکێتیی سۆڤییەت و پاشەکشەی لە سەرجەم بوارەکانی سیاسیی و سەربازی و ئابووری و فەرهەنگیی. ئەمەش بەدەوری خۆی بووە هۆی لە مەیدان نەمانی بزووتنەوە و پڕۆژە ئەدەبی و هونەری کرێکارییەکان لە نیوەی یەکەمی دەیەی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو و جێگە چۆڵکردن بۆ ڕەوت و ڕێبازە ئەدەبییەکانی بزووتنەوە کۆنەخوازەکان.
سێ : پاشەکشەی مارکسیزم و خاوبوونەوەی خەباتی چینی کرێکار وەک چینێکی بنیادنەر و مەزن ڕۆڵی خۆی هەیە لە کەمڕەنگبوونەوەی چەمکی ئەدەبی شۆڕشگێرانە.
ئەم واقیعیەتە بەجۆرێک کاری خۆی کرد کە بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی چینی کرێکاری چەند دەیە گەڕاندە دواوە و ئەدەبەکەشی دووچاری دۆخێکی تاڵی چەقبەستبوون کرد. دۆخێک کە ئەرکگەلێکی زۆری خستۆتە سەر شانی ئێمەی ئەدیبان و نووسەران و هونەرمەندانی کرێکاریی بۆ ئەوەی بتوانین لەو دۆخە چەقبەستووە دەربازی بکەین و تەکانی بۆ پێشەوەی پێبدەین.

کورد و شیعری شۆڕشگێڕانە

میللەتی کوردیش بەپێی کارەسات و ڕووداوە تراژیدیا – سیاسیییەکانی دوو سەدەی ڕابردوو هەوڵیداوە بۆ پاراستنی زمان و کلتوور و ناسنانەی نەتەوەیی خۆی لە بەرامبەر سیستەم و ڕژێمە فاشست و تۆتالیتارییەکانی عێراق و ئێران و سوریا و تورکیا. کورد هەوڵی داوە لە ڕێگەی ئەدەبەوە مەسەلەی شوناسی نەتەوەیی و زمان بەزیندوویی ڕابگرێ. شیعری کوردیی لە مێژووی کۆن و نوێی کورددا مەسەی ئازادی و سەرفرازی کوردی کردۆتە مەسەلەی بنەڕەتی و گەوهەری. شاعیرانی کلاسیک (جگە لەو شاعیرانەی کە لە مزگەوت و خانەقاکان خوێندویانە و سەرچاوە مەعریفییەکانیان کتێبە ئاینییەکان بووە) کەم تا زۆر لایەکیان لە کێشەکانی ئینسان و بەهای ئازادی و ژیانی شارستانیایە کردۆتەوە.

ئەگەر حاجی قادری کۆیی شاعیر وەک شاعیرێکی ناسیونالیستی بە دەستپێک و پەرەپێدەری شیعری نەتەوەیی – سیاسی کورد دابنرێت (٧)، ئەوا دوای حاجی قادر سوپایەک لە شاعیر هەن کە خەمی نەتەوە و مەسەلەی ئازادی نەتەوەی کوردیان بۆ مەسەلە بووە. واتە لە دوای چارەکی یەکەمی سەدەی بیستەم، شانبەشانی فراوانتربوونەوەی بیری نەتەوایەتی، ئەدەبی ناسیونالیستیش گەشە دەکا و دواجار لە دوای بەیاننامەی ڕوانگەوە لە ساڵی ١٩٧٠ ئیتر دەگا بە چڵەپۆپە. لەملاشەوە کرۆکی بیری چینایەتیش شانبەشانی کێشە چینایەتییەکانی کۆمەڵگە گەشەی کردووە و بەرەو پێش چووە. لەم نێوەشدا گەلێ شاعیر پەیدا دەبن و بەرهەمەکانیان دەبنە ئاوێنەی باڵانومای سەردەمی خۆیان و شیعرەکانیشیان(بەتایبەتی ئەوانەی کرۆکی ئینسانیان هەیە و باس لە ئازادی دەکەن) بە شیعری خەباتکارانە و شۆڕشگێڕانە دێنە ئەژمار. دواتریش لە نیوەی یەکەمی دەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو تەیفێک لە نووسەرانی چەپی نوێ دێنە مەیدان کە نەک هەر لە پەیوەندییەکی نزیکدا دەبن لەگەڵ چینی کرێکاری کوردستان و بەرهەمەکانیان ڕەنگدانەوەی ژیان و خەباتی ئەو چینە دەبێ، بەڵکو لە ڕووی ئایدیۆلۆژیشەوە هەڵگری بیروباوەڕی مارکسیزم و کۆمۆنیزم دەبن (٨). پلە و ئاستی گەشەی ئەم تەیفە لە نووسەران و بەرهەمی ئەدەبی و هونەرییان پەیوەست بوو بە ئاستی گەشەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان.
چەند بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ملانێی خۆیاندا بۆ ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە لە ئاستێکی بەرزدا بووبێتن، ئەوەندەش شیعر و هونەری شۆڕشگێڕانە لە ئاستێکی بەرز و ڕەونەقی خۆیدا بووە. بەڵام دۆخەکە هەر بەو جۆرە نەما. لەلایەکەوە چوونە دەرەوەی زۆربەی کادیرە هونەری و ئەدەبییەکانی ئەو بزووتنەوە شۆڕشگێرە بۆ دەرەوەی وڵات کاریگەری نێگەتیڤی دانا لەسەر چەقبەستوویی ئاستی هۆشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی چینی کرێکاری کوردستان و لەلایەکی ترەوە شانبەشانی تەبلیغاتی جیهانیی لەدژی کۆی بیروبڕوای مارکسیزم هێرشێکی هەمەلایەنە دژ بە باوەڕی مارکسیزم و ئەدەب و کلتووری شۆڕشگێڕانە لەسەر دەستی گروپی ڕەهەند و شوێنکەوتوانیان بە خەستی دەتی پێکرد.
ئەم گروپە لەمێژووی ئەدەبی کوردیدا و لەڕێگەی نووسینەکانیان و گۆڤاری (ڕەهەند)ەوە ناشرینترین ڕۆڵیان گێرا لە بە سووک تەماشاکردنی ئەدەبی شۆڕشگێرانە و هەروەها دەرکێشانی ڕوحی شۆڕشگێرانە و چاندنی تۆوی بێئومێدی لە ناخی تاکی کورددا. ئەم گروپە لە ڕێگەی ڕستە و فرێز و دەستەواژەی بێمانای لە چەشنی” ئەدەب نابێ ئینتمای ئایدییۆلۆژی هەبێ، و سەردەمی قسەکردن بە ناوی کۆ و ئەوانی تر کۆتایی هاتووە و نووسەر دەبێ بە ناوی خۆی و تاکەوە قسە بکا و نوێنەری خۆیەتی و بەس و ئەدەبی حیزبیی و سیاسیی کوشتنی ئەدەب و خەیاڵە و… تاد” ڕۆڵی بەرچاوی گێرا لە کاڵکردنەوەی چەمکی ئەدەبی شۆڕشگێرانە و گواستنەوەی خاڵی تێڕوانینی و فۆکسی خوێنەر و کۆمەڵگە لە ململانێی چینایەتییەوە بەرەو زات و ناخی تاک و تەرویجدان بە کۆنەپارێزییەکی بێوێنە. پروپاگەندەی ئەوەی کە نە مارکسیزم بۆ کۆمەڵکەی کوردستان گونجاوە و نە لە کوردستان چینی کرێکاری پیشەسازیمان هەیە و نە ئەدەبی کرێکاریی و شۆڕشگێرانە بە کەڵکی کۆمەڵگەی کوردی دێ کە لە لایەن کۆمەڵێ نووسەری موهەریجی کوردەوە ئاگرەکەی خۆش کراوە و خۆش دەکرێ، جگە لە خۆڵ کردنە چاوی خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان هیچیتر نییە.

لەگەڵ هەموو ئەو هەوڵە نەزۆکانەش هێشتا مەشخەڵی ئەدەبی شۆڕشگێرانە نەک هەر نەکوژاوەتەوە، بەڵکو ژیلەمۆکەی هەر بەگەشی لەژێر خۆڵەمێشی تەبلیغاتی بورژوازی و شوێنکەوتوانیان ماوەتەوە. سەرباری هەستکردن بەوەی کە لایەنگری چینی زەحمەتکێشی کوردستان لایەنگیرییە لە ئازادی و ڕزگاری ئینسان، خۆی ژیلەمۆی ئەو باوەڕەیە کە پێیوایە شۆڕشی یەکجارەکی بۆ ڕزگار بوون لە ستەم و نا یەکسانی تەنها و تەنها لەسەر دەستی چینی کرێکار و زەحمەتکێش بە ئاکام دەگات. خوڵقاندنی هەر دەق و کارێکی هونەرییانەی کرێکاری ڕەوینەوەی تەمی ئەو هەوڵانەیە کە دەیانویست و دەیانەوێ کۆمەڵگەی کوردستان ببێت بە کۆمەڵگەی مێگەل و خۆشیان ببن بە لایتی دەستی شوانە کوێرەکان.

دوادێڕ بەڵام زۆر بە کورتی

شیعری شۆڕشگێڕانەی کرێکاری پێ بەپێی چوونەسەر و هاتنەخواری کێرڤی خەباتی چینایەتی بەرز و نزم دەبێتەوە، بەڵام هەرگیز گڕی ئەو بزووتنەوە شیعرییە خامۆش نابێت و ژیلەمۆکەی ناکوژێتەوە.تا کۆمەڵگەی چینایەتی هەبێت، ئەو ئەدەبەش هەر دەبێت و بەپێچەوانەی سەرجەم ئیدیعا و پروپاگەندەکانی زوڕناژەن و قەڵەمبەدەستانی چین و توێژەکانی تر، هەرگیز دووچاری توانەوە و فەنا نابێتەوە. بەکورتی شیعری شۆڕشگێڕانە لەگەڵ خەبات و ململانێی مرۆڤ لەگەڵ سیستەم و یاسا و نۆرمەکانی ژیان و کۆمەڵگە لە دایک بووە و تا مرۆڤ و ململانێ و خەبات مابێ، ئەو شیعرەش هەر دەمێنێ.

ژێدەر و سەرچاوەکان :
١- بۆ زانیاری زیاتر تکایە بڕوانە ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی سایتی ویکیپیدیا
http://en.wikipedia.org/wiki/Marxist_literary_criticism

٢- ئەلکسەندەر بۆگدانۆڤ شیعری پرۆلیتاریی
Aleksander Bogdanov
Ploletarian Poetry The Labour Monthly
June 1923 PP.357-362

٣- شێری لێنکۆن ” بۆچی ئەدەبی چینی کرێکار جێی وردبوونەوەیە؟” بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە سایتی
Why Working-Class Literature Matters

٤- ڕیالیزمی سۆسیالیستی بەو تەوژم و ڕێبازە ئەدەبی و هونەرییە دەوترێ کە لە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە وڵاتی یەکێتیی سۆڤییەتی جاران هاتە ئاراوە و گەشەی کرد و بوو بە بزووتنەوەیەکی ئەدەبی ئەنتەرناسیوناڵی مەزن. گەشەی ڕیالیزمی سۆشیالیستی هەر تەنها یەکێتیی سۆڤیەتی نەگرتەوە، بەلکو ئەو دەوڵەتانەشی گرتەوە کە بە دەوڵەتانی سۆشیالیست یان بلۆکی ڕۆژهەڵات دەناسران. ئەم ستایڵە لە بنچینەدا لەسەر کلتووری پرۆلیتاریاوە سەری هەڵداوە. کلتووری پرۆلیتاریاش لە هونەر و ئەدەب پێداگیری ئەدەبە لەسەر خەباتی چینایەتی و بەرژەوەندی کرێکاران دژ بە بورژوازی و سەرمایەداران. ئامانجی ئەم ئەدەبە هەوڵدانە بۆ وێناکردنی ژیان و خەباتی ئەو چینە لە پێناو ڕزگاری یەکجارەکی لە کۆت و بەندی کۆیلەتی بورژوازی. ڕێبازی سۆشیالیستی لە ئەدەب لە دەیەی بیستەکانی سەدەی رابردوو لە وڵاتانی ئەڵمانیا و فەرەنسا و جیکسلۆڤاکیا و پۆڵەندە دامەزرا. ئەو نووسەرانەش کە ڕۆڵیان هەبوو لە بەرەوپێشبردنی ئەم ڕێبازە ئەدەبییە لە وڵاتانی وۆرئاوا بریتبوون لە لویس ئاراگۆن و جۆهانس بێچەرو پابلۆ نیرۆدا. حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤییەت ساڵی ١٩٣٢ بڕیاری لەسەر ڕیالیزمی واقیعی لە ئەدەب و هونەر دا و ساڵی ١٩٣٤ ئەم شێوازە ئەدەبییە لە یەکەمین گۆنگرەی نووسەرانی سۆڤییەت کاتێ نوێنەری جۆزێف ستالین ئەندریە زدانۆڤ وتاریکی پێشکەش کرد و بە تووندی جەختی لەوە کردەوە کە ڕیالیزمی سۆشیالیستی بە فەرمی بوو بە ڕێنمایی نیشتمانی کلتووری یەکێتیی سۆڤییەت. بەدەستەوەگرتنی ئەم ڕێبازە ئەدەبییە بە کردەوە بووە هۆی پشکردن لە ڕێبازە باوەکانی جیهان لە چەشنی ئیرۆتیک، ئایین، تەجریدگەرایی، سوریالیزم و گوزارشتخوازی. وەک وەڵامیک بەرامبەر بە یەکەمین گۆنگرەی نووسەرانی یەکێتیی سۆڤییەت، لە ٢٦ و ٢٧ ی نیسانی ١٩٣٥ لە شاری شیکاگۆ و بە پاڵپشتی جۆزیف ستالین گرنگترین گۆنگرەی نووسەرانی چەپی ئەمریکا بەسترا، کە شاعیران و ڕۆماننووسان و ڕەخنەگران و ڕۆژنامەنووسان تێیدا بەشدار بوون. واڵدۆ دەیڤد فرانک بە پشتیوانی حیزبی کۆمۆنیستی ئەمریکا بوو بە یەکەمین سەرۆکی یەکێتیی نووسەرانی ئەمریکا. ڕەگی مێژوویی ڕیالیزمی سۆشیالیستیی دەگەرێتەوە بۆ ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم.

٥- میڵتن کۆن شاعیرانی گەمارۆدراو و ڕەخنەگرانی چەپ گۆڤاری زانکۆی ئالاباما تۆسکالۆسا ٢٠١٠ لاپەڕە ٢٤
https://en.wikipedia.org/wiki/Proletarian_poetry

٦- میڵتن کۆن شاعیرانی گەمارۆدراو و ڕەخنەگرانی چەپ گۆڤاری زانکۆی ئالاباما تۆسکالۆسا ٢٠١٠ لاپەڕە ٢٤
https://en.wikipedia.org/wiki/Proletarian_poetry
٧- ناسیونالیزم و شاعیرەکانی – حاجی قادری کۆیی – نووسینی سلێمانی قاسمیانی (کاکە) گۆڤاری هانا ژمارە ١٦ و ١٧ ساڵی ٢٠٠١ لاپەڕە ٤.
٨- دەیەی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو ئەدەبی کۆمۆنیستیی و کرێکاریی تەنها بریتیبوون لەو بەرهەمانەی یان بەرهەمی ئەو نووسەرانەی کە باسی چینی کرێکار و خەباتی ئەو چینەیان کردووە. نووسەرانی سەر بە حیزبی شیوعی عێراقی پشکی شێریان بەردەکەوێ. لەم نێوەشدا نووسەران و شاعیرانی سەر بە ڕێکخراوی مارکسیی – لینینیی کوردستان کەم تا زۆر چەند هەوڵێکیان لەو بارەیەوە هەیە. بەڵام لەناوەڕاستی دەیەی هەشتاکان تەیفێک لە نووسەران و هونەرمەندانی کورد لە کوردستان لە ژێر کاریگەری بیروڕای مارکسیزمی شۆڕشگێڕ توانیان تەکان بە ئەدەبی کرێکاریی و کۆمۆنیستیی بدەن و بەرەو پێشی بەرن. لەوانە موسلیح شێخولئیسلامی (ڕێبوار) و سلێمانی قاسماینی (کاکە) و ئەحمەد بازگر و بەکر ئەحمەد (ئاسۆ) و بژار و عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) و جەمال کۆشش و پەخشانەشیعرییەکانی ب.سۆلین و هونەرمەند سەردار عەبدوڵا و زۆری تر کە ئێستا لەم ساتەدا لەیادم نەماون.

کەنەدا ٢٠١٥

Previous
Next

Leave a Reply