Skip to Content

گریان بە چاوانی تۆوە …  ئازاد مارف

گریان بە چاوانی تۆوە … ئازاد مارف

Closed
by شوبات 10, 2020 General, Poems

بە ئاوازی ترپەی دڵی حەقیقەتا تێپەڕیم
تا لە ڕوانینی تۆدا نەخنکێم
دەروونم بە هەتاهەتایی ڕاستگۆیی گەرم بوو
تا لە دڵنیایی تۆدا نەڕوخێم

وەدووی تۆ کەوتم
تا ببیستی کە فرمێسکی غەریبیم بە چ زمانێک دەڵێ ئای
دوو نمەی چاوەڕوانی لە چاوانما سەوز بوو
تا ببینی چۆن ئەدرەوشێتەوە ڕامانم ۰۰ چۆن پڕ بەر بووە گومانم

دەستم بە سووربوونەوەی پەشیمانی خۆمدا چزا
کە ئێوارەیەک نەمتوانی
‌بە دووریت بڵێم مەرحەبا

تەنیایم لە پرسیارێکی حەراما بزر بوو
تا دڵم دوا پێکەنینت
لە پەڕەی گوڵاڵەسوورەدا چاپ بکا
بێدەنگیم هەڵوەران بە سەر هەناسەی پڕ هەنسکما
تا گۆرانیەکی عومری تۆم خەبەر کردەوە
کە ئێستا تەوقی ئاڵتونە لە ملی شیعرێکما

ڕۆیشتم
ڕۆیشتم و دەستم گرت بە تەزووی ڕاڕایی تۆوە
تاسڵاوی هەزاران سکێچی خۆمم
لە خەیاڵی تۆدا سەندەوە
تا لە سێبەری تەماشات ملیۆنان پیتی تازەم ڕنی و
بە خەونی خۆم ئەفسانەم پێ نووسیەوە

ڕۆیشتم
تا ئازاری دڵ پێی ووتم ئیتر سووتام
ڕۆیشتم
تا ڕۆح بە شێوەزاری خۆی وەڵامێکی نەرمی بۆ هێنام
ڕۆیشتم
لە پشت شکۆی عاجزی تۆوە
بە هەموو خەمێکا هەڵزنام
ڕۆیشتم تا بە چاوانی تۆوە
تێر گریام

ئازاد مارف

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish