Skip to Content

گووتاری پۆپۆلیستی و رۆشنبیرانی کورد… نووسینی: ستیڤان شەمزینی

گووتاری پۆپۆلیستی و رۆشنبیرانی کورد… نووسینی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئایار 10, 2020 General, Opinion

پێشەکی

قسەکردن لەسەر رووناکبیر و رۆڵی رۆشنبیران لە کۆمەڵگەدا و دەور و کاریگەرییان لەسەر شێوەی تێفکرینی کۆمەڵگە و دروستکردنی رای گشتیی، تێمایەکی پڕ گرێ و گۆڵ و ئاڵۆزە، بەو پێیەی رۆشنبیر لە یەک کاتدا خۆی بەرهەمهێنەری بیری رەخنەییە و خودی خۆیشی جێگەی رەخنەیە. ئەم هاوکێشەیە وایکردووە کاری ئێمە لە خوێندنەوە و رەخنەگرتن لە رۆشنبیری کورد کەمێک دژوار و زەحمەت بێت. هەوڵمداوە پێش ئەوەی وەزیفەی رۆشنبیران دەستنیشان بکەم، باز بدەم بۆ قسەکردن لەسەر ئەو بوونەوەرەی لە دنیای ئێمەدا ناوی رووناکبیرە، لێ دەزانم رۆشنبیر وەک چەمک و ناولێنان سەر بە کولتووری بۆرژوازییە، بەڵام ئەمە بەرچاوی لێڵ نەکردووین لە هەستکردن بە گەورەیی پێگە و ئەو ئەرکەی دەکەوێتە سەر رۆشنبیران. رۆشنبیر تاکێکی بەرهەمهێنە و بەهەموو شێوەیەک دژی ئەوەیە ببێتە ئەکتەرێکی ئیستهلاکیی پاسیڤی بێ رۆڵ و نەخش، بەڵام بەرهەمی دەستی رۆشنبیر جیاوازە لە بەرهەمی کۆی چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکانی تر، بەوەی رۆشنبیر بیر و زانین بەرهەم دەهێنێت، هەر ئەمەشە رۆڵێکی فراوانتری بە رووناکبیر بەخشیوە، چوونکە بەرهەمی کاری رۆشنبیر سترۆکتۆرە بۆ بەرهەمهێنان لە هەموو بوار و رەهەندە جۆراوجۆرەکانی تری ژیاندا.
ئەو بوونەوەرە کۆمەڵایەتییەی لە دنیای کوردیدا بە رۆشنبیر دەناسرێ، کێیە؟ چی بەرهەمهێناوە لەرووی تیۆریی و فیکرییەوە؟ ئایا لە ریشەوە تاکێکی وەبەرهێن بووە یان کاری لەسەر ئەو پاشەڕۆکە سیاسیی و کولتوورییانە کردووە هەژموونیان بەسەر کۆمەڵگەدا هەیە؟ ئایا رۆشنبیری کورد توانیوویەتی کۆمەڵی کوردەواریی لەهەموو رەهەندە جوداکانەوە بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی رۆشنبیریی خۆرئاوایی و گەلانی تر بخوێنێتەوە؟ ئەگەر خوێندوویەتییەوە چی لێ بەرهەم هێناوە؟ ئەگەریش نەیخوێندۆتەوە هۆکار چییە و سەرقاڵی چ کارێکی تر بووە؟ وەڵامدانەوە بەم پرسیارانە کاری سەرەکیی ئێمە بووە بە درێژایی ئەم کتێبە. هەرچەند و پێدەچێت رووبەڕووی رەخنە و تۆمەتبارکردنیش ببمەوە، چوون شکاندنی بێدەنگی و ژەنینی ئاوازێکی جودا لەدەرەوەی ئەو میلۆدییە باوەی نێو کایەی رۆشنبیریی کوردیی ئیشێکی ئاسان تێپەڕ نییە. خۆمان ئامادە کردووە بۆ هەر چەشنە بەرامبەرکێ و بەگژاچوونەوەیەک لەلایەن خودی دەستەبژێرەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پێموایە ئەگەر تا ئێستا رۆشنبیر ئەو کائینە بووبێت رەخنەی لە دەرەوەی خۆی گرتووە، پێویستە لە هەنووکەدا رەخنەکانی ئاڕاستەی ناوەوە بکات و ئاوێنەیەکی رەخنەگرانە بەرامبەر بەخۆی دابنێت و وێنای راستەقینەی خۆی ببینێت.
هەرچەند کەسانی وەک “ماریۆ یوسا” پێشبینی ئاوابوونی ئەستێرەی بەختی رۆشنبیران دەکەن و پێیانوایە چیدی رووناکبیر ئەو بوونەوەرە بە دەسەڵاتەی پێشوو نییە کە هەژموونی خۆی لەسەر هەموو ئاستەکان دابنێت، بەڵکو یوسا لە نوێترین کتێبیدا بەناوی “Gap Civilizatiom” باس لە ئاوابوونی رۆشنبیریی دەکات و پێیوایە لەم چەرخە تازەیەی ژیاری مرۆڤایەتیدا بیرمەندان و رۆشنبیران چیدی ناتوانن بەو ئامادەگییەی پێشوو لە نێو ناوەندەکانی گفتوگۆدا بن و دەنووسێت “لەسەروەختی ئەو رۆشنبیرییە گاڵتەجاڕییەی ئەم چاخەی گرتۆتەوە، رۆڵی ئەستێرەکانی تەلەفزیۆن و یاریزانەکان هەمان ئەو کاریگەرییەی دەبێت پێشتر لاهوتییە گەورەکان و رووناکبیران هەیانبووە”. لێ ئەم بۆچوونانەی یوسا بەشێکن لە فاکتێکی حاشاهەڵنەگر، بەڵام هێشتا رۆشنبیران نەخشێکی کاریگەر دەبینن، چوون بایەخی ناوەندە ئەکادیمییەکان و رۆشنبیران لە داهێنانی وزەی فیکریی نوێ هەمان بایەخی پێشووتری هەیە و پێموانییە وا بە زووی لە دەستیش بچێت. دەمەوێ ئەمە ببەستمەوە بە بارودۆخی رۆشنبیریی کوردییەوە و بڵێم بە راستی لە دنیای کوردییدا ئەستێرەکانی تیڤی و دراما، لەگەڵ توێژێکی دەم قەرەباڵغی رۆژنامەوانان و جنێوفرۆشی نێو سۆسیال میدیا، جێ پێیان بە خودی رۆشنبیر لێژکردووە. جیاواز لەمە هەر کارەکتەرە رۆشنبیرییەکانی دنیای ئێمە خۆیان هەمان ئەو ئەکتەرانەن بەم رۆڵەش هەڵدەستن.
ئەم فەزا شێواوە بۆ من جێگەی رەزامەندیی نییە و رەخنەی ریشەیی و قووڵم لەمەڕ ئەو جۆرە کارەی رۆشنبیرانی کورد هەیە، تەنانەت قسەم لەسەر چۆنێتی مامەڵەکردنی زمان و موفرەداتیان هەیە، کێشەم لەگەڵ زۆرینەی کۆنسێپتەکانیان هەیە، ناکۆکیم لەگەڵ فۆرمی جیهانبینی بچووکیان هەیە کە ناویدەنێم دنیابینی خێلگەرایی و مێگەلیی. رۆشنبیرانی کورد توێژێکی تەوەزلن لە رووی بیرکردنەوە و دەستەپاچەن لە پێشکەشکردنی بیرۆکەی تازە، هەموو رەوایی خۆیان لەو نەریتە پۆپۆلیستییەوە وەرگرتووە کە بکوژی عەقڵی نوخبەوییە. تەنانەت رۆشنبیری ئێمە بەو نەریتە پۆپۆلیستیشەوە نەیتوانیوە ببێتە بەشێک لەژانی چینەکانی خوارەوە. هەروەک “د.ئەمیری حەسەن پور” باسی دەکات و دەڵێت: ماوتسی تۆنگ لە شۆڕشە کولتوورییەکەی خۆیدا، رۆشنبیر و مامۆستا و دکتۆر و توێژەکانی تریشی ناچارکرد، بڕۆنە لادێکان و مەودای نێوان ئیشی زەینی و ئیشی دەست و بازوو کەم بکەنەوە. واتە نە خەڵکی لادێ خاڵی بێت لە ئاڵوگۆڕی رۆشنبیریی و نە رۆشنبیریش خاڵی بێت لەبەرکەوتنی کۆنکرێتی و مەلمووس. بەفۆرمێکی کاڵتر ئەمە لە دەستکەوتەکانی شۆڕشی ئۆکتۆبەری رووسیاشدا هەبوو: کتێبخانەی بچووک لە مەزراکاندا دادەنرا تاکوو ژنان لەکاتی پشوودا بەر خوێندنەوە و خوێندەواریی و فەزای رۆشنبیریی بکەون.
رۆشنبیری کورد، نە توانیوویەتی تیۆر بەرهەم بهێنێت، نە توانیوویەتی مەودای ئیشی ئەندێشەیی و ئیشی میکانیکی کەم بکاتەوە. بۆیەکا رووناکبیرانی کورد پێش سیاسەتمەداران شایانی رەخنەلێگرتن و هەڵوەستە لەسەر کردنن، من لێرەدا بە نۆرەی خۆم ئەم ئەرکەم بەئەستۆ گرت. بۆ ئەوەشی خوێنەر لە کاتی خوێندنەوەی کتێبەکەدا بەرچاووی روونتر بێت، دەخوازم چەند خاڵێک لەم پێشەکییەدا بخەمەڕوو. یەکەم: من وەک رۆژنامەوان قسە لەسەر خودی رۆشنبیر دەکەم و رەنگە زیاتر زمانی رۆژنامەوانی بەسەر توێژینەوەکەدا زاڵبێت، لەم سۆنگەوە خۆم بە بەشێک لە کێشەکە نەزانیوە، لەبەرئەوەی ئێمە لێرەدا بەمانا گرامیشییەکەی قسە لەسەر رۆشنبیر ناکەین. دووەم: وەک کەسێک کە باکگراوەندی رۆشنبیریی و جیهانبینم چەپە، بە دیدێکی کلاسیکی چەپ و ئەو نەریتە بەڵشەفیکییەی دنیابینی مەبەستی خۆمم تەوزیف نەکردووە، بەڵکو هەوڵمداوە دوور لە ژەنگاوی ئایدۆلۆگی و بە زمانێکی بێلایەنانە تەرحەکانم بگەیەنم. سێهەم: مێژووی نووسینی هەر پێنج بەشەکانی ئەم توێژینەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ ماوەی نێوان ساڵانی 2007-2017 ئەوەی هەیە لێرەدا جارێکی تر پاکنووس کراونەتەوە و بڕێکی زۆریش ئیزافەکاریی کراوەتە سەر چاپتەرەکان بە تایبەت کۆتا چاپتەر. چوارەم: ئەم توێژینەوەیە وەک بابەتێک بۆ خوڵقاندنی جەدەلی رۆشنبیریی بە چاپ گەیاندووە، ئامانجی ئێمە تانە و تەشەر نییە، بەڵکو کردنەوەی دەرگای گفتوگۆیە لەسەر کێشەیەکی گەورە کە بۆ زۆر کەس تەنانەت لەنێو دەستەبژێرەکەشدا کێشە نییە یان تێمایەکی گەورە نییە.

گووتاری پۆپۆلیستی

دیمەنی زاڵ بەسەر تابلۆی رۆشنبیرانی کوردەوە، زیاتر لە هەر شتێکی تر نەریتی پۆپۆلیستییە. رۆشنبیرانی ئێمە کۆکتێلێکی سەیرن و تێگەیشتن لێیان و شرۆڤەی دنیابینیان کارێکی ئاڵۆز و فرە زەحمەتە، بەو هۆیەی شوناسێکی دیاریکراویان نییە، بە دیوێکی تردا ئەو ئیلێتییەی بە رۆشنبیرانی کورد دەناسرێنەوە خاوەنی گووتارێکی رۆشنبیریی و مەعریفیی نین، بەقەدەر ئەوەی کاراکتەری سیاسیین لە سیاسەتیشدا لە بازنەی تەسکی حزبایەتیدا بیر دەکەنەوە و تێزەکانیان دەخەنەڕوو. ئەم دیمەنە تەژی ئیشکالییەتەی رۆشنبیرانی کورد پێویستی بە شرۆڤەکردن و شیتاڵکردنی زۆر وردە، بەو پێیەی ئێمەی کورد خاوەنی نوخبەیەکین تەمبەڵن لە بەرهەمهێنانی تێڕوانینی نوێ و تێزی تازە، بەپێچەوانەوە زۆر چالاکن لە جووینەوە و بەشداریی سیاسیی و حزبیدا.
دەتوانین ئەو نەریتە لەشێوەی کارکردنی ئەو رۆشنبیرەدا بناسینەوە کە پێی دەوترێت دیسکۆرسی پۆپۆلیستی، بۆیەکا لێرە بەدواوە وردتر خاڵ دەخەینە سەر پیتەکان و پێناسە و شێوازی دنیابینی پۆپۆلیستی دەخەینە پێش چاو، لە هەمان کاتدا ئەو خاڵە ناوکۆییانە دەدۆزینەوە لەنێوان گووتاری رۆشنبیرانی کورد و جیهانبینی پۆپۆلیستیدا هەیە. هەرچەند رۆشنبیری کورد تەنیا بە پەتای پۆپۆلیزم گرفتار نەبووە، بەڵام ئەوەی لەم ماوە زەمەنییەدا لە هەموو شتێکی تر بە زەقیی بە گووتاری دەستەبژێری کوردەوە دیارە بریتییە لە عەوامگەریی، پاشتریش دەبینین تووشی چەندان نەخۆشیی فیکریی تر بووە، کە دەستکورتیان کردووە لە دەوڵەمەندکردن و بەرەو پێشبردنی فەرهەنگی رۆشنبیریی کوردیی. نەوەی رۆشنبیرانی ئێستای کورد، نەوەیەکن نەک هیچ ئیزافەیەکیان پێ نەبووە بیخەینە سەر رۆشنبیریی کلاسیکیی کورد، بەڵکو ئەوەشی هەبووە دایانڕوخاندووە و تەلارەکانی رۆشنبیریی دوێنێیان بە تێزە سواو و ئێکسپایەرەکانی ئەمڕۆ کردۆتە کەلاوە.

پۆپۆلیزم چییە؟

پێش هەر پێناساندنێک پۆپۆلیزم ئایدۆلۆگیایەکی دیاریکراو نییە، بەڵکو پارادیمێکی سیاسییە کە دەشێ بەپێی ژینگەی سیاسیی و کۆمەڵایەتی جیاواز سوود لە ئایدۆلۆگییە جیاوازەکان تەنانەت ئاینیش وەربگرێت، یان بە مانایەکی تر پۆپۆلیزم ستایلێکە رەوایی خۆی لە ئایدۆلۆگیاوە وەرناگرێت هێندەی ئەوەی لەو تەرزە روانینەوە وەریدەگرێت کە خۆی بەنوێنەری تەواوی گەل یان خەڵک دەزانێت. پۆپۆلیستەکان دەتوانن مەلا یان پیاوی ئاین بن، دەکرێ سیاسیی یان رۆشنبیر بن، خاڵی هاوبەش لەنێوان هەموو پۆپۆلیستەکاندا ئەوەیە عەوامگەرن و ماف بە خۆیان دەدەن بەناوی تێکڕای جەماوەری خەڵکەوە بدوێن و وەک نوێنەریشیان نمایشی سیاسیی بکەن، لە دیتنی پۆپۆلیستەکاندا گەل یان خەڵک یەکەیەکی کۆنکرێتی یەکگرتووە، نە قابیلی دابەشکردنە نە درز خستنە ناوی.
سترۆکتۆری زاراوەی پۆپۆلیزمPOPULISM لەوشەی POPULUSی لاتینەوە هاتووە، کە بەمانای “خەڵک” دێت، هەمیشە چەمکی “خەڵک”یش لە بنەچە لاتینەکەشدا مانای چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگەی گرتۆتەوە یان زۆرینەی بێدەسەڵاتی کۆمەڵ پێیوتراوە خەڵک، کە ئەم زۆرینەیە بەدرێژایی مێژوو کاریگەرییان بەسەر کۆی رووداوە گرنگەکانەوە نەبووە، بەڵام شۆڕشی فەڕەنسی ساڵی 1789 ئەو هاوکێشەیەی بە تەواوەتی گۆڕی، “خەڵک” یان “گەل”ی لە هێزێکی پاسیڤەوە گۆڕی بۆ توخمێکی ئەکتیڤی ئاڵوگۆڕی سیاسیی و کۆمەڵایەتی، یەکێک لە کاریگەرییە هەرە گرنگەکانی ئەو شۆڕشە رۆڵدان بە “گەل” وەک بەشێکی لە ئیرادە لەناو رووداوەکاندا نەک لە پەڕاوێزی رووداودا تەنها سەیرکەرێک بێت و بەس.
یەکەمین دەرکەوتنی پۆپۆلیزم وەک جوڵانەوەیەکی رێکخراو یان با بڵێین وەک بزووتنەوەیەکی سیاسیی، بۆ کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەگەڕێتەوە، ئەویش پاش جەور و ستەمکێشیی سەر جووتیارانی ئەمەریکا بوو کە خرابوونە ژێر باجێکی بێویژدانانە و دڵڕەقی خاوەن موڵکەکانەوە. هەر لەو سەروبەندەدا پارتی پۆپۆلیستی ئەمەریکا لە ساڵی 1892دا لەسەر پاشخانی فیکریی ئەو بزووتنەوەیە دامەزرا.
لە بواری فەلسەفیدا پۆپۆلیزم، پشت بە تێزەکانی “هێربرت شایلەر” دەبەستێت کە لە دیتنی ئەودا زۆرینەی گەل تاکی بێ کاریگەریی و پاسیڤن و هیچ رۆڵێکیان نییە لە دروستکردنی رووداوە گەورەکاندا. لەلایەکی تریش لەگەڵ سەرهەڵدانی تەوژمی “نارۆدنیکەکان” لە رووسیای قەیسەرییدا پۆپۆلیزم پێی نایە قۆناغی هەنگاوی پراکتیکییەوە، بەو پێیەی لە دەیەی هەفتاکانی سەدەی نۆزدەدا خوێندکارە نارۆدنیکەکان هەوڵیاندا لە رێگەی خەڵکی گوندەکانەوە بیروبۆچوونی سیاسیی خۆیان روون بکەنەوە و خەڵکی لادێکان بکەنە هێزی بازووی بزووتنەوە پۆپۆلیستییەکەیان کە لەو بڕوایەدا بوون رووسیا بەبێ تێپەڕین بە قۆناغی کاپیتالیزمدا دەتوانێت سیستمی سۆسیالیستی خۆی دابمەزرێنێت، دەتوانم بڵێم خودی “لینین”یش هەمان کاری کرد، لەبەرئەوە دەبینین ئەمە یەکێکە لە سیما هاوبەشەکانی بەڵشەفیک و پۆپۆلیزم، جیا لەوەش زۆرێک لەو بڕوایەدان ئەوەی پێی دەوترێ “چەپی نوێ” تەنیا رووخسارێکی تازەیە بۆ ناوەڕۆکە کۆنەکەی پۆپۆلیزم.
گووتاری پۆپۆلیزم بەشێوەیەکی گشتیی خاوەنی دیسکۆرسێکی ناشەفاف و بێ ئارگۆمێنتە، زیاتر یاریکردنە لەگەڵ سۆزی گشتیی خەڵک، یان وروژاندنیان لە رێگەی گووتاری حەماسیی، نەک پڕۆژەیەکی بێت بۆ مەودایەکی درێژ، پۆپۆلیستەکان بەرچاویان روون نییە، تەنیا دەیانەوێ کار لەسەر عاتیفەی گشتیی بکەن بێ هیچ ئەڵتەرناتیڤێکی رۆشن، یان زۆر جار بە ئەڵتەرناتیڤێکی تەمومژاویی و ناروونەوە. هەر لەبەر ئەم فاکتۆرە فەرهەنگی “DUDEN”ی ئەڵمانی بە “بیرێکی سیاسیی هەلپەرست” ناوزەدی دەکات. لە باری واقیعیشەوە گووتاری پۆپۆلیزم تێکەڵەیەکە لە دیماگۆگییەت و ئۆپۆرتۆنیزمی سیاسیی. کۆی ستراتیژەکەشی لەدوو سیمای سەرەکیدا خۆی دەنوێنێت، یەکێکیان گووتاری حەماسیی و گاڵتەجاڕانەیە، ئەویتریشیان فۆرمۆڵەبەندیی توندڕەویی و شێوازی کاری رادیکاڵیی کوێرانە وەک ئەجیندایەکی سیاسیی.
دەکرێ ئامانجی سەرەکیی بزاوتە پۆپۆلیستییەکان لە چەند خاڵێکدا کورت بکرێتەوە. وەکوو: یەکەم: پۆپۆلیستەکان کۆی دامودەزگا سیاسییە دەسەڵاتدارەکان بەهەموو فۆرمەکانییەوە رەت دەکەنەوە. دووەم: لە دیدی پۆپۆلیستیدا خەڵک سەرچاوەی هەموو بڕیار و دەسەڵاتێکە و جەماوەر شەرعیترین ژێدەری دەسەڵاتە. سێیەم: ئەکتەرێکی کاریزمایی پێویستە بۆ سەرکردایەتیکردنی ئەو بزاوتەی دەیەوێ گەل بکاتە سەرچاوەی هەموو شتێک. چوارەم: گەورەکردنی بەهای خەڵک بە راکێشانی سەرنجی گەل لە رێی بەڵێنی وەهمی و ناروون.
لەگەڵ ئەوەشدا پۆپۆلیزم جوڵانەوەیەکە زێدەتر دڵداریی لەگەڵ خەڵک دەکات تاکو بەرگرییان لێ بکات. بەهای خەڵک گەورەتر لە خۆی نیشاندەدات نەک ئاوێنەیەکی روونی واقعی حاڵ بێت. هەروەک بیرمەندی ئێرانی “رامین جەهانبەگلو” باسی دەکات “دەتوانین بڵێین پۆپۆلیزم هەمیشە ستایشکاری جەماوەرە، بەڵام داکۆکیان لێناکات، چوونکە بەپێچەوانەی دیموکراسی لە هەلومەرجی پۆپۆلیستیدا ژینگەی ئایدۆلۆگیکی خەڵک لەگەڵ ژینگەی سیاسیی هاووڵاتیاندا یەکسان نابن، لەبەرئەوە بڕیاری پۆپۆلیزم بۆ جەماوەر بە ناڕۆشنی و ناڕاستەوخۆ لەسەر ئەو بڕوایە دەبێت کە مامەڵە لەگەڵ گشتێکی چوونیەک دەکات و بەشوێن هێنانەدی و پیادەکردنی کاری توندوتیژەوە بنەمای ئەخلاقی لەئاستی کۆمەڵدا ئەتک دەکات”.

پۆپۆلیزم و دیموکراسی

وەک لەسەرەتاوە ئاماژەم بۆ کرد، بزاوتە پۆپۆلیستەکان لەرووی ئایدۆلۆگییەوە یەک ئاڕاستە و تەوژم نین، چوون لە سترۆکتۆرە پۆپۆلیزم پارادیمێکە کەڵک لە هەر چەشنە بیر و ئایدیایەک وەردەگرێت، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا هیچ ئاڕاستەیەکی پۆپۆلیستی ناتوانێت مەوداکانی دیموکراسیی بەرینتر بکاتەوە، بەڵکو کێشەی ریشەییان لەگەڵ گەوهەری دیموکراسیی لیبرالی هەیە، بەو پێیەی لە زەمینەیەکدا ئەو بزاوتە دەڕسکێ کە فەزای بێسەوبەری و پاشاگەردانییە کە تێیدا هەموو بەها و پرنسیپە دیموکراسییەکان پاشەکشەیان کردبێ یان لەسەرەو لێژییدا بن. د.عەبدولحەمید ئەلئەنساری پێیوایە: پۆپۆلیزم لە سییەکانی سەدەی رابردوودا سەریهەڵدا و فاشیزم و نازیزمی لە ئەوروپا بەرهەمهێناـ لە ئەمەریکای باشووریش فەرمانڕەوای دیکتاتۆری بەرهەمهێنا، دواتر پەلی کێشا و تەشەنەی کرد بۆ وڵاتانی عەرەبی و لەوێش سەرکردەی پۆپۆلیست و دەسەڵاتخوازی بەرهەمهێنا.
پۆپۆلیستەکان زۆرجار بەدکەڵکی لە دیاردەکانی دیموکراسیی وەردەگرن و بە میکانیزمی هەڵبژاردن هەوڵی دەسەڵاتگرتنە دەست دەدەن، بەمانایەکی تر چەکی دیموکراسی دەکەنە ئامڕازێکی کاریگەر بۆ هێنانەدی خەونەکانیان، بەڵام ناتوانن یان نایەنەوێ پارێزگاریی لە پەیکەری دیموکراسیی نوێنەرایەتی بکەن، ئەم جۆرە نموونانە لە کیشوەری ئەمەریکای لاتین لە چەندین وڵاتدا بەرجەستە بوون، بۆ وێنا دیموکراسییە شافێزییەکەی فەنزوێلا، یان پارادیمی نیستۆر کیرچنەر لەوڵاتی ئەرژەنتین و ئیڤۆ مۆراڵس لەوڵاتی پۆلیڤیا. هەر سێ نموونەکە پێماندەڵێت پۆپۆلیزم دەرکەوتەی ئەو کۆمەڵگایەیە دامەزراوە و بنیادەکانی دیموکراسی تێیدا بەهێز و چەسپیو نین، بە واتایەکی تر پۆپۆلیزمی نوێ “نیو پۆپۆلیزم” رەنگدانەوەی لاوازیی دیموکراسییە لەهەر جێگەیەکدا.
ڤیلادیمێر تۆرێس، پێیوایە لەرووی مێژووییەوە پۆپۆلیزم کوڕێ منداڵدانی قەیرانە سیاسییەکانە، بەتایبەت لەو چرکەساتانەی دامەزراوە رەوایی پێدراوەکان دەکەونە ژێر پرسیاری جیددی و گومانگەلی زۆرەوە. بۆیە ئەو دەڵێت “پۆپۆلیزم خۆی لە خۆیدا کێشەیەکی سیاسییە، لەسەروەختی قەیرانەکانی پەیوەست بە نوێنەرایەتی سیاسیی گەشە دەکات و تا سەر ئێسقان دژ بە دیموکراسییە.”. ئەو پێیوایە سەرکردە پۆپۆلیستەکان ئەوانە لە دەرەوەی دامەزراوە شەرعیی و دیموکراسییەکان دروست دەبن، یان ئەگەر لە رێگەی ئەو دامەزراوانەشەوە بگەنە قووچەکی دەسەڵات، لەماوەیەکی کەمدا سەرلەبەری ئەو دامەزراوانە هەڵدەوەشێننەوە یان تووشی قەیرانی کوشندەی دەکەن، چوونکە ئەوانە رەوایی خۆیان بەناوی خەڵکەوە وەرگرتووە و پێیانوایە ئەو جۆرە دامەزراوانە دەسەڵات و خەونەکانیان سنووردار دەکات، لەم حاڵەتەشدا دەکەونە ناکۆکیی و پارادۆکسەوە لەگەڵ ئەو دامەزراوانە، هەنگاوی خێرا و پراکتیکی دەنێن بۆ رەنگڕێژکردنەوەی دەسەڵات لەدەرەوەی هەژموونی دامەزراوە دیموکراسییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، لە زۆر حاڵەتیشدا لە دەرەوەی پارتە سیاسییەکان و لەژێر هەژموونی سەرکردەیەکی کاریزمیدا.
بەشێوەیەکی بەرجەستە و گشتیی پارادۆکسێک هەیە لەنێوان نەریتی پۆپۆلیستی و سیستمی دیموکراسیدا، ئەمە وەک لەپێشەوە وتمان مانای ئەوە نییە پۆپۆلیستەکان رێگەکانی دیموکراسی بۆ وەرگرتنی دەسەڵات رەت دەکەنەوە، بەپێچەوانەوە کێشەی ئەوان لە دوای هاتنە سەر دەسەڵاتە لەگەڵ دامەزراوە دیموکراسییەکاندا. چوونکە لەجیهانبینی سیاسیی ئەواندا، هەمیشە جەماوەر لەسەروو دامەزراوە شەرعییەکانەوەیە، ئەمەش هەمان ئەو ناوەڕۆکەیە لە شۆڕشی فەڕەنسییەوە درێژ بۆتەوە تاکوو هەنووکە، بەوەی گەل یان خەڵک پیرۆزن بۆیە بە دەربڕینی تۆرێس “هەر کاتێک خەڵک ویستی، ئەوا نابێت دەستوور و دامەزراوەکان لە ڕێیاندا بوەستن”.
لە دیدی پرۆفیسۆر دیسپاسۆتۆدا، پۆپۆلیزم هەڕەشەیەکە لەسەر سیستمی دیموکراسیی و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە ئەم تەوژمە تەحەدایەکیشە بۆ دیموکراسیی لیبرالی کە لە خۆرئاوا پیادە دەکرێت. ئەو بەروونی دان بەوەدا دەنێت “دەکرێت پۆپۆلیزم ببێتە هەڕەشە بۆ سەر زۆرێک لە گرنگترین رواڵەتەکانی دیموکراسییەتێکی سەقامگیر. بۆ نموونە دەبێت هەموو کەس پابەند بێت بە دیموکراسی و بە هەڵبژاردنەوە و رێز لە هەڵبژاردنەکان بگرێت کە گوزارشت لە ئیرادەی خەڵک دەکات. هەندێ جار پۆپۆلیستەکان ئەوەندە متمانەیان بەراست و دروستی خۆیان هەیە رێز لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ناگرن”. لەهەمان کاتدا رێکخراوی “فریدۆم هاوس” کە بارەگای سەرەکی لە واشنتۆنە لە راپۆرتی ساڵی 2016 دوو تەوژم و جۆرە دەوڵەت بە هەڕەشەی پلە یەک بۆ سەر دیموکراسی ناودێر دەکەن ئەوانیش ئۆتۆکراسی و پۆپۆلیزمن.

پۆپۆلیزمی سیاسیی لە کوردستان

جیهان ئێستاکە بەدەست پەتای پۆپۆلیزمەوە دەناڵێنێت، چوونکە هەروەک گەندەڵی کە دیاردەیەکی گەردوونی سەرمایەدارییە، پۆپۆلیزمیش بۆتە دیاردەیەکی یونیڤرساڵ. کارەساتەکە لەوێیە دەوڵەت و حزبە سیاسییەکان بە دەسەڵاتدار و بەرهەڵستکاوە دەردەداربوون بەو نەخۆشییە سیاسییە. ئەگەر سەدەی بیستەم بەدەربڕینی “هۆبسباوم” سەدەی توندڕەویی سیاسیی و دەسەڵاتی مەیلە تۆتالیتارەکان بووبێت، ئەوا ئەم سەدەیە سەدەی پۆپۆلیزمە. ئەوەش دەربڕینی پرۆفیسۆری هۆڵەندیی “کاش مودە”. نێوبراو لە لێکۆڵینەوەیەکدا بەناوی “پۆپۆلیزم بووەتە بیرکردنەوەی سەردەم” ئاماژە بەوە دەدات “لەگەڵ ئەوەی زۆربەی بیریاران رەخنە لەم دیاردەیە دەگرن، بەڵام وا دەردەکەوێت پۆپۆلیزم هەر بەهێزتر دەبێت”.
کوردستان وەک بەشێک لەو گوندە جیهانییەی بەهۆی شۆڕشی پەیوەندییەکانەوە دروستبووە، بەخێرایی بەهۆی نەبوونی سیستمێکی بەهێزی دیموکراسی و غیابی دامەزراوەکان، نەریتی پۆپۆلیزم ئەندێشەی سیاسەتی باوی گرتۆتەوە، بڵاوبوونەوەی تێفکرینی پۆپۆلیستی لەم بەشەی باشووری کوردستان وەک خێرایی هەڵمەتی ئاگرە لە پوش و پەڵاشی وشکبوو. وەنەبێ ئەمە دیاردەیەکی تایبەت بێت بەخودی دەسەڵات، بەڵکو کارەساتەکە لەوێدا گەورەتر خۆی دەنوێنێت ئەم نەریتە بۆتە بەشێکی سەرەکی لە دنیابینی ئەو هێزە بەرهەڵستکارانەی خۆیان وەک ئەڵتەرناتیڤی دەسەڵاتی سیاسیی دەبینن، ئەوان ناتوانن میکانیزمێکی تر بۆ رەوایی سیاسیی خۆیان بدۆزنەوە جگە لەو گووتارە پۆپۆلیستییەی هەڕمێنی پێدەدەن، لەو سۆنگەیەی هەمیشە بەناوی جەماوەر و گەلەوە فۆرمۆڵەبەندیی دیسکۆرسی رەخنەیی خۆیان دەکەن.
لە راستیدا ئەو مەیلە پۆپۆلیستییە وێرانخوازەی لای ئۆپۆزیسیۆنی کوردیی هەیە، چەند قات لەو گەندەڵی و بەهەدەردان و خۆسەپێنییەی دەسەڵاتی سیاسیی کوشندەترە، چوونکە روانگەی ئەو ئۆپۆزیسیۆنە وێرانکردنی هەموو شتێکە لە پێشدا، پاشان بیناکردنەوەیەتی بەو فۆرمەی خۆیان ئارەزووی دەکەن، ئارەزووەکانیشیان نەیتوانیوە ئەو خواستانەی دەسەڵاتی هەنووکە تێپەڕێنێت کە ئێستا پیادەی دەکەن. لە دیتنی “ڤیلادیمێر تۆرێس”دا، پۆپۆلیزم نەک هەر هەڕەشەیە بۆ سەر دامەزراوەکان و خودی دیموکراسی “کە ئەو دووانە هێشتا دروشمن لە کوردستان نەک واقیع”، لە هەمان کاتدا هەڕەشەیەکە لەسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی، وەک ئەو دەریدەبڕێت “پۆپۆلیزم هەڕەشەیەکی جیددییە لەسەر دیموکراسی، چوونکە دەبێتە مایەی دابەشبوون و جەمسەرگیریی و نالێبوردەیی و دژایەتیکردنی فرەیی، هەروەها لەسەر کەڵکوەرگرتن لە درز و کەلێنە چینایەتی و رەگەزیی و ئیتنی و دابەشبوونی شار و گوندەکان گەشە و نەشونما دەکات”.
لە کوردستان ئێمە بەروونی ئەوە لە گووتاری دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆندا دەخوێنینەوە، چۆن هەریەکێکیان بە نۆرەی خۆی کار لەسەر تۆخکردنەوەی ئەو نەزعە پۆپۆلیستییە دەکات و دەیەوێ بیکاتە گووتار و جیهانبینی سیاسیی باڵادەست، لەوانەیە رێگە بەخۆم بدەم و بڵێم لە کوردستان هاووڵاتی بوونی نییە، “چەمکی هاووڵاتیبوون بابەتێکی ئیشکالییە و لێرەدا ناگەڕێمەوە سەری”، ئەوەی هەیە جەماوەرە یان گەلێکە کە کەوتۆتە ژێر هەژموونی ئایدیای تەوژمە راست و چەپ و ئیسلامییەکانی پۆپۆلیزمەوە، بەڵام روونتر لە کارنامەی ئەو هێزانەی خۆیان لە ژێر ناونیشانی ئۆپۆزیسیۆندا مانیفێست کردووە، بەر ئەم پۆپۆلیزمە دەکەوین و هەستی پێ دەکەین.
ئەگەر وردبینەوە لەو گووتارە میدیاییەی ئەو لایەنانە لە نزیکەوە بەو فاکتە ئاشنا دەبین، چۆن ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی لە کوردستان کەوتۆتە نێو گێژاوی کورتبینی رامیاریی و ناروونی ستراتیژ و بێ بەهاکردنی دامەزراوەکان “ئەگەرچی وەک پێویستیش نین” کە هەموو ئەمانە خەسڵەتی سەرەکیی رەوتە پۆپۆلیستییەکانن. پرۆفیسۆر دیسپاسۆتۆ پێیوایە: پۆپۆلیستەکان جیهانبییەکی سادەیان هەیە، واقیعەکە بەو جۆرە دەبینن سەرکردەیەکی بەهێز دەتوانێت سەرکردایەتی نەتەوە بکات و بە باشترین شێوە بەرژەوەندییەکانیان بهێنێتەدی کە سیاسەت مەسەلەیەکی سادەیە و تەنیا کردەوەی پێویستە. پۆپۆلیستەکان رکابەرەکانیان بە گەندەڵ و بە بەشێک لە کێشە گەورەکە دەزانن، لەبەرئەوە لە زۆرێک لە حاڵەتەکاندا پێیانوایە هەڵبژاردن کۆسپە لەبەردەم چارەسەرییدا.
ئەگەر بەوردی سەیری پراکتیکی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆن بکەین “رۆشنبیری کورد بەشێکە لە ئۆپۆزیسیۆن”، دەیانەوێ بە چەند ئەکشنێکی کودەتا ئامێز و بەناوی گەلەوە هەوڵی گۆڕینی قوچەکی دەسەڵاتی سیاسیی بدەن، ئەم نموونەیە لە رووداوەکانی 17ی شوبات و رۆژانی دواییدا بە زەقی دەبینرا، کە چۆن چەند سەد کەسێک بەناوی تێکڕای گەلەوە وتاریان دەدا و شەرعیەتی یاسایی حکوومەت و پەرلەمانیان دەخستە ژێر پرسیار. لێ دوای پێنج ساڵ سەرۆکایەتی هەرێم و پاشتریش لە ئەمساڵدا پەرلەمان شەرعیەتی یاساییان نەما، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا گووتاری پۆپۆلیستی ئۆپۆزیسیۆن یارمەتیدەرێکی باش بوو بۆ ئەو بارودۆخەی هاتۆتە پێشەوە، چوونکە ململانێکە بەهەمان کەرەستە و میکانیزمی دەسەڵاتە پۆپۆلیستییەکەیە. رێگای تر لەدەرەوەی رێگاکانی پۆپۆلیزم و زیهنیەتی دەسەڵاتی ئێستا، شک نابەن. بەکورت و کرمانجیی هەردوولا، واتا لایەنی ئۆپۆزیسیۆن “بێگوومان بە رۆشنبیرانیشەوە” لەگەڵ لایەنی دەسەڵات، دوو مۆدیلی سیاسیی جیاواز نین، بەڵکو هەردووکیان لەسەر ئەو کەلەپوورە کلاسیکییەکەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی دەژین کە لە بناغەوە یەکێک لە هۆکارەکانی دروستبوونی ئەم دۆخە.

رۆشنبیرانی پۆپۆلیست لە کوردستان

رۆشنبیرانی کورد ئەو مۆدیلەیان سەپاندووە بەسەر خودی خۆیان و کایەی رۆشنبیریی کوردییدا، یەکێک لە مەرجەکان یان یەکێک لە کارە هەرە سەرەکییەکانی رۆشنبیر بەرهەڵستکاریی دەسەڵاتە، ئەمە خۆ حەپسکردنە لە بازنەیەکی داخراو و بچووکدا، چوونکە کاری رۆشنبیریی تەجرید دەکات لە هەر وەزیفەیەکی تر یان لە ئەرکی سەرەکیی خۆی کە بریتییە لە بەرهەمهێنانی مەعریفە لەهەموو بوارە جیاوازەکانی ژیاندا. نامەوێ ئەوە بڵێم کاری رۆشنبیریی بریتی نییە لە رەخنە، بەپێچەوانەوە کاری رۆشنبیر لە هزرینی مندا بریتییە لە هەڵسەنگاندنی دنیا و پێدراوەکان بە دیدێکی رەخنەگرانە، بەڵام رەخنەیەکی فراوان و هەمەلایەنە و دوور لە تەرەفداریی. کاری رۆشنبیر بریتیی نییە لە بوون بە بەشێک لە ئەجیندای هێزە بەرهەڵستکارەکان. ئەگەر بەروونتر قسە بکەین لە رۆشنبیر لە حاڵەتی کوردیدا ئەو کەسانەن دەسەڵات سووک دەکەن و دڵداریی لەگەڵ جەماوەر دەکەن، بەمانایەکی تر هەر کارێکی تر بکەیت چەندێک ئەکتیڤ بیت لە کایەی رۆشنبیریشدا بەجۆرێک لە جۆرەکان “کۆیلە”یت!!.
تراژیدیاکە لەوەدایە رۆشنبیرانی کورد زیاد لە پیاوانی سیاسەت بەشدارن لە بەرهەمهێنان و رەواجدان بە گووتاری پۆپۆلیستی، لەو سۆنگەیەی رۆشنبیری کورد خۆی بە نوێنەری ویژدانی خەڵک و گەرووی گەل شوناس دەکات، لە کاتێکدا دووانەی گەل و دەسەڵات جمکێکی پێکەوە بەستراون، کولتووری دیموکراسی بریتییە لە پڕکردنەوەی ئەو کەلێنانەی لەنێوان دەسەڵات و توێژە کۆمەڵایەتییەکاندا دروست دەبێت، هەرچی پۆپۆلیزمە دەیەوێ قڵشت بخاتە نێوان ئەو دووانەیە. بۆ ئەوەی بەدکەڵکی لە دنیابینی ئێمە وەرنەگیرێت ناڵێم رۆشنبیر بۆی نییە داکۆکی لە چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان بکات، یان هەڵوێستی نەبێت لەمەڕ رووداوە گرنگەکان، بەڵام لێرەدا دەبێت بە دیقەت بین و بە ئاگاییەوە خاڵ بخەینە سەر پیتەکان کاری رۆشنبیر قسەکردن نییە بەناوی گشتەوە بەڵکو قسەکردنە لەسەر کۆی شتەکان.
رۆشنبیرانی کورد لە کەشوهەوایەکدا نەشونمایان کردووە، کەوتوونەتە دوای جەماوەر، بەشێوەیەکی گشتیش جەماوەر سروشتێکی مێگەلی هەیە و هەندێک پێیانوایە خەسڵەتێکی سۆزانیانەی هەیە. ئەرکی رۆشنبیر رۆڵگێڕانە لە رۆشنکردنەوەی جەماوەر لە رێی بیرۆکە و تەرحی نوێباوەوە، نەک دوای عاتیفەی هەڵچووی جەماوەر بکەوێت یان بەشێوەیەک لە شێوەکان هەوڵی خۆگونجاندن بدات لەگەڵ خەسڵەتە مێگەلییەکەی خەڵک، بەڵکو ئیشی ئەسڵی رۆشنبیر گۆڕینی سروشتی دەستەمۆیی و مێگەلی جەماوەرە، ئەم کردەیەش بە دروشم و گووتارە پۆپۆلیستییەکان ناکرێت، بەڵکو بە شیتاڵکردن و شرۆڤەکردنی دنیا و رووداوەکان و سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی چەمکەکان و گۆڕینی خەیاڵدانی خێڵەکیی و ئاینیی بۆ خەیاڵدانێکی مەدەنی و شارستانی دەبێت. لەم نێوەندەدا دەتوانین حاڵەتی کوردیی بە مەرگەساتێک بچووێنین، چوونکە لە دیتنی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن و رۆشنبیرانیشدا جەماوەر بە توێژێکی داماو و پاسیڤ پێناسە دەکرێت کە دەبێت یەکێکی تر بەناوی ئەوەوە بدوێت، یان زۆرجار وەک گای ئیسپانی بە پەڕۆیەکی سوورباو شێتی دەکەن و هەر کات ویستیان پەڕۆکە لا دەبەن و هێوری دەکەنەوە.
د.عەبدولحەمید ئەلئەنساری، پێیوایە ئەوانەی بە گووتاری پۆپۆلیستی پەمپ و جۆشی جەماوەر دەدەن، نەک دڵسۆزی جەماوەر نین، بەڵکو لە بناغەوە یاریی بە عاتیفەی گشتیی دەکەن و خاوەنی روئیایەکی دیماگۆگین. لە وتارێکیشدا دەنووسێ “وتاری پۆپۆلیستی وتارێکە دوورە لە ئاوەز و پڕە لە دنەدان و هاندان و ورووژاندن و دروستکردنی رک و کینە، ئامانجی ورووژاندنی هەستی خەڵک و پڕکردنێتی لە دوژمنایەتی بۆ ئەویتر.. سەرکردەی پۆپۆلیست رێبەریی خەڵک ناکات، بەڵکو جەماوەر رێبەریی ئەو دەکات، سواری کۆڵی شەپۆلی جەماوەر دەبێت، جەماوەر راست بێت یان هەڵە ئەو هەر کلکەسوتێی بۆ دەکات”. رۆشنبیرانی کوردیش بەهەمان شێوە، بگرە لەوە نێگەتیڤتر ئەوەیە کە رۆشنبیرانی ئێمە نەک سەرقاڵن بە بەرهەمهێنانەوەی گووتاری پۆپۆلیستی لە فۆرم و ژێر ناوی جیا جیادا، بەڵکو لە زۆرترین حاڵەتدا هەر خودی خۆیان ئەو کارەکتەرەشن رۆڵی رابەرە پۆپۆلیستەکان دەگێڕن و سەرکردایەتی جوڵەی شەقام دەکەن، بێ ئەوەی بپرسن ئایا ئەو جووڵە رەوایی هەیە یان نا؟ بێ ئەوەی بیر لە ئاقیبەتی ئەو ئەکشنە بکەنەوە کە ئەمان بە وتاری گڕدار جەماوەری سادە بەشێوەیەکی دیماگۆگی پڕ دەکەن لە کینەی وەهمی و تابلۆی یۆتۆپی “شەیتانی گەورە”.
ئەگەر ئێمە لە نێوەندی رووناکبیریی کوردییدا ئاڕاستەیەک لەو رۆشنبیرە پۆپۆلیستانە دیاری بکەین، باشترین نموونە گروپی “رەهەند”ە، بەڵام بۆچی ئێمە گروپی رەهەندمان کردە سەمپڵ؟ لەبەرئەوەی خاوەنی سەرەکیی ئەو گووتارە پۆپۆلیستییە ئەو گرووپەن و هەژموونیشیان هەیە بەسەر کۆی سیمای رۆشنبیریی کوردییدا لانیکەم لە باشووری کوردستان، لە هەمانکاتدا زۆرترین کاریگەرییان لەسەر نەوەیەک دروستکردووە کە هەموو جوڵەیەکی شەقام لەدەستیاندایە. دەکرێ بڵێن هەر ئەو گووتارە رەهەندییە پۆپۆلیستییە سەرکردایەتی هەموو ئەو جوڵانەوانە دەکات بەناوی جەماوەرەوە دەپەیڤن. ئیشکالیەتی گروپی رەهەند بەتایبەت “مەریوان وریا قانع، ئاراس فەتاح” بەپلەی یەکەم “رێبین هەردی و فاروق رەفیق” بە پلەیەکی تر ئەوەیە پێیانوایە هەرچی چەمک و دیاردەی کۆمەڵگەی کوردیی هەیە، بەشێوەیەکی هەڵە پێناسەکراون، ئەمان جارێکی تر پێناسەیەک بەپێی ویست و دڵخوازی خۆیان بە باڵایدا دەبڕن، پاشتریش هەموو شتێک لە دامەزراوەکان دەسەننەوە و دەیدەنە دەستی شەقام و جەماوەر “وەک ئەوەی لە 17ی شوباتدا بەروونی بینرا”.
سیمای زاڵ بەسەر ئەدگاری رۆشنبیریی کوردییدا ئەو فۆرمە پۆپۆلیستییەیە گروپی “رەهەند” بەهاوکاریی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن بەسەریاندا سەپاندووە، دەکرێت بڵێین ئەو گەنجانەی بوونەتە نەواتی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی لە باشووری کوردستاندا، بە تیۆر و روانگەکانی ئەوان پەروەردە و ئامادەکراون، یان لەژێر هەژموونی تێزە پۆپۆلیستییەکانی رەهەنددان. جیاواز لەمەش دەنگی تر هەیە لە کایەی رووناکبیریی کوردییدا بەڵام لەناو غەڵبەغەڵبی ئەو فەزا پۆپۆلیستییەدا سەدایان خنکێنراوە و ناگاتە هیچ کوێ، بەشێوەیەکی سروشتیش جەماوەر مغازەلەکردنی پێ خۆشە و زیاتر دەکەوێتە ژێر رکێفی ئەو تێزە ستایشگەرانەی بە مەغدووریەتیدا تەرح دەکرێ، یان ئەو لاواندنەوە رۆشنبیرییەی تەنیا لە دنیای کورییدا بوونی هەیە بۆ راکێشانی عاتیفەی جەماوەر. لەم روانگەوە رۆشنبیرانی ئێمە پاژنەی ئەخیلی خەڵک یان جەماوەریان دۆزیوەتەوە و کار لەسەر رۆشنکردنەوەی ناوچەکانی بیرکردنەوەی تاک ناکەن، بەڵکو هەموو هەوڵێکیان بۆ ورووژاندنی جوگرافیاکانی هەست و سۆزە.
لە کورتترین دەربڕیندا دەمەوێ ئەوە بڵێم، رۆشنبیریی سائیدی ئەمڕۆی باشووری کوردستان ئەو رۆشنبیرییە پۆپۆلیستییە کە ناتوانێت لەگەڵ دنیای مودێرن و رۆحی دیموکراسییدا هەڵبکات، لێ بۆ من دیموکراسیی نموونەیترین سیستم نییە، بەڵام لەحاڵی حازردا تاکە سیستمی باڵادەستە کە زۆرترین دەستکەوتی بۆ مرۆڤ و ژیانێکی شایستە دەستەبەر کردووە. نهۆ مەیدانەکە بەدەست ئەو رۆشنبیرانەوەیە تاکی کوردیی و زیهینیەتی کوردیی بە رق و کینە دەئاخنن، هەر بۆیە سێکتەرەکانی تری ژیان بەرەو وێرانبوون دەچن، چوونکە رۆشنبیر مەیدانی خۆی گواستۆتەوە بۆ چالاکی سیاسیی و بەرهەمهێنانی دیسکۆرسی پۆپۆلیستی، نەک هەر بووەتە پاشکۆی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی، ئەو روانگە پۆپۆلیستییە کردوویەتی بە پاشکۆی جەماوەریش. کارەساتەکە لێرەدا چەند قات گەورەتر دەبێتەوە.

ئەنجامگیریی

شتێک کە دەبوو پێشتر روونی بکەمەوە، ئەوەیە: من جیاوازیی دەبینم لەنێوان رۆشنبیر لەگەڵ رۆژنامەوان و ئەکتیڤیستە مەدەنییەکان، چوونکە ئەو تێکەڵکارییە هەیە لە تێڕوانینی گشتییدا، پێشتر لەسەر درمەکانی نێو رۆژنامەوانان قسەم هەبووە، کە لەبری ورووژاندنی پرسیار، کاریان بووە بە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی دەشێ خۆیان لە جێگەیەکی تر و لە کەسانی تر وەریبگرن، هەروەها رۆڵی رۆشنبیریش لە بری تیۆریزەکردنی پرسیارە جیددییەکانی ناو کۆمەڵگە لە بۆتەی تێز و تەرحی نوێدا، کاریان بووە بە جوینەوە و بەرهەمهێنانی دیدگایەکی پۆپۆلیستی ترسناک، کە لە هەگبەکەیدا تەنها شکاندنی شکۆ و بەهای هەموو شتێکی هەڵگرتووە، تەنانەت خاڵییە لە ئەڵتەرناتیڤ و جێگرەوە.
رۆشنبیری کورد زیاتر کەسێتییەکی باکۆنینی هەیە و ئەنتی دەسەڵاتە بەمانای “بۆردیۆ”یەکەی، بەڵام ئەم ئەنتی دەسەڵات بوونە، لە خۆیدا پڕۆژەیەکی فیکریی نییە، بەڵکو هەموو وەزیفەی رۆشنبیریی لە دژایەتیکردن و دێواندنی دەسەڵات و دڵداریکردن لەگەڵ جەماوەردا کورت کردۆتەوە. هەرچەند لە روانگەی “پییەر ئەندرێ” گووتاری پۆپۆلیستی گووتارێکە سەد دەر سەد دژی نوخبە، لەگەڵیدا ئەو گووتارە سیاسەت بەکارێکی ئاسان و لە توانای هەر کەسێکدا دەبینێت، بەڵام هێشتاکە نوخبەی رۆشنبیریی کورد هەروەک دۆنکیشۆت بەسواری گوێدرێژەکەیەوە خەون دەبینێت و سەرقاڵە بە موغازەلەکردنی شەقام و جەماوەر. کارەساتەکە لەوێدا تاڵتر خۆی دەنوێنێت ئەو تەرزە رۆشنبیرە خۆیان بە نوێنەری دیموکراسی لەقەڵەم دەدەن، بەڵام بێئاگان لەوەی کەوتوونەتە گۆماوی لیخنی پۆپۆلیزمەوە.

—————————————–

تێبینی: ئەم توێژینەوەیە بەشی دووەمی کتێبی “گووتاری پۆپۆلیستی و خەونی بچووکی رۆشنبیرانی کورد”ە کە لە سەرەتای ساڵی 2018 بەشێوەی کتێبی کاغەز لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بڵاوکراوەتەوە.

Previous
Next
Kurdish