Skip to Content

کۆرۆنا و سینەما و دیواری سەر باڵەخانەی کەلاوەکەی گاوران … نووسینی: بەکر ئەحمەد

کۆرۆنا و سینەما و دیواری سەر باڵەخانەی کەلاوەکەی گاوران … نووسینی: بەکر ئەحمەد

Closed
by May 15, 2020 General, Literature

ئەم وێنەیەی ژێرەوە، ئەگەرچی بەشی سەرەوەی ئەم وتارەی داگیرکردووە، دەکرێ لە کۆتایی وتارەکەدا، جارێکی دیکە بگەڕێیتەوە سەری. لە راستیشدا هیچ شتێکیش روونادات ئەگەر بەر لەخوێندنەوەی وتارەکەیش سەرنجێکی وردی بدەیتێ. دیمەنی پیرۆزەیی و خۆڵەمێشی تێکەڵ بە زەردەپەڕو بێجوولەیی ناو وێنەکە، شتێکی تیایە کە نیگا بەخۆیەوە ڕادەکێشێ.

بۆ کرۆکی بابەتەکە.

ڕۆژگارێک لە سویددا کەتەلۆگێک هەبووکە پییاندەووت: لاپەرەزەردەکان. دەکرێ لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانی دیکەی ئەوروپادا ناوێکی دیکەی هەبووبێت.

کوردواتەنی، شاخی مار و شیری چۆلەکە لە دوو توویی ئەو کەتالۆگەدا جێیدەبوەوە. لە ئاستی سەراسەری و شار و شارۆچکەکانی دیکەی ولاتدا، تۆ دەتتوانی بۆ فلان کارخانە بگەرێیت وناوی هەر “قادر قادر”ێکی کورد کە لە سویددا دەژی و تۆ نازانی لە چ شارێکدا نیشتەجێیە، بە چاوخشاندنێکی خێرا بە لاپەرەکانیدا ، ئاسان بدۆزیتەوە. ئەگەر زانیارییەکان دەربارەی کاک “قادر”، بە خواستی خۆ نەخرابێتە خانەی شاردنەوەوە بە مەبەستی پاراستنی کەسایەتیەوە.
گەشەی نێت و دیجیتالیزەکردنی زانیاری و پیشکەوتنی ئەپلیکەیشنەکانی ناو مۆبایلە زیرەکەکان، کارێکی کرد کە لەمڕۆدا ، لە هیچ کونج و کەلەبەرێکی ئەم ولاتەدا، دانەیەک لەو کەتەلۆگانە نەدۆزیتەوە.
رۆژێک لەگەڵ برا بچکۆلەکەمدا، تەمەنی 50 ساڵە لە ئیستادا و ئەم دوو ژمارەییەی تەمەنەکەی هێشتاش ئەو رزگارناکات لەوەی هەر برا بچووکی من بێت، پرسیاری کاریگەری گەشەسەندنی دیجیتالیزەکردنی دنیامان دەکرد و کەوتین بەسەر باسی ئەو خزمەتگووزارییانەی کە لاپەرەزەردەکانی جاران و ئەپلیکەیشنە نوێکانی دنیای ناو مۆبایلەکان هێناویانەتە ئاراوە. بە کورتی: سەفەری بەدەستهێنانی زانیاری لە پەڕەی کاغەزەوە بۆ ناو شاشەی مۆبایلەکان.
لە شوێنێکدا برا بچکۆلەکەم دەڵی: دەزانی کە کورد و خەلکی سلێمانی لە پێش سویدییەکانەوە بوون بۆ داهێنانی لە چەشنی بە دەستهێنانی زانیاری کە لاپەرە زەردەکانی جاران دەیدایە خەلک، بەڵام نەگبەتی کوردەکان لەوەدایە کە ئەو داهێنانەیان بەو شیوازە ناونووسنەکردووە وەک ئەوەی لە سوید و ولاتەکانی دیکەی خۆرئاوادا کردوویانە. بۆ نموونە تۆمارکردنی ئەو زانیارییانە لە کوردستان لە شکڵی کەتەلۆگێکدا نەبووە و ئینسان ناشکرێ بەوەی ئەم داهێنانە لە کەتەلۆگ نەنراوە، ئینکاری ئەم دەستپیشخەرییەی خەلکی شارە حەیاتەکە بکات.
من سەیرێکی دەکەم و سوپاسگوزارم کە دەمێکە لە سوید دەژیم و لە بەرانبەر ئەم شەکرشکاندنەی براکەمدا، هیچ شتێکی تێناگرم و ئەویش دەمبەخەندە و بە حەماسەتێکی تووندەوە، خەریکی بەلگەهێنانەوەیەکی زیاترە. ناچار لە شوێنێکدا، دەیوەستێنم و پێیدەڵێم: دەکرێ نموونەیەک لەو لاپەرە زەردانەی سلێمانیم بۆ بێنیتەوە کە من پێمنەزانیوە، یاخود نەمبینیوە و دەکرێ لای جەنابتان دەستکەوێ.

برا بچکۆلە پەنجا ساڵانەکەم ئاوا وەڵامدەداتەوە: رۆژگارێک لە حەفتاکانی سلێمانیدا، خەلکی تەلەفۆنییان بۆ ریستۆرانێک دەکرد و ئەو خواردنانەیان داوا دەکرد کە دەیانویست بۆیان بێتە ماڵ، یان دەیانپرسی فلانە خواردنیان ماوە و دەیانەوێ کەسێک بنێرن تا دوو قابلەمەی بچووکییان بۆ پرکات.
ئەو کات مەتعەمی عەلی سوور، لە گەڵ مەتعەم سلێمانییدا کە خاوەنەکەی حاجی فەتاح بوو، بە دوو لەریستۆرانە گەورەکانی سلێمانی دەژمێردران. مەتعەمەکەی عەلی سوور بەرانبەر سینەمای ڕەشید بوو، ئەوەی حاجی فەتاحیش لە ئەسحابەسپی بوو. یادی بەخێر (عەلی سوور) لەسەر کورسییەکەی خۆیەوە کە لە سووچێکی نزیک هاتنەژوورەوەی ریستۆرانەکەدا دانرابوو و پارەی وەردەگرت، هەموو ئەو پانتاییە گەورەیەی دەبینی کە بە سەر دەرگا گەورەکەی سینەماوە بوو و پۆستکارت و ریکلامە گەورەکانی فیلمەکانی پیا هەڵدەواسرا. گەر هاموشۆ و قەلەباڵغی سەرشۆستەکەی بەردەم ریستۆرانەکەش نەبوایە، گۆشەیەکی باشی ریکلامی فیلمەکانی سینەما “سیروانیش”ی دەبینی کە کەوتبووە کۆلانی خوارەوەی لۆقەنتەخانەکەی خۆیەوە.
جار ناجارێک مشەتەری قۆشمە و ساختەچی تەلەفۆنێکییان دەکرد و دەیانپرسی ئاخؤ فلانە خواردنییان ماوە یاخود نا، بەلام بەر لە کۆتایپێهێنانی ئاخاوتنەکە بە عەلی سوورییان دەوت: زەحمەت نەبێت سەیرێکی ئەو بەریش ناکەیت تا پێمان بلییت چ فلیمیك ئیشدەکا. ئەگەر ریکلامی سەر سووچەکەی لای سەعاتەکەیشت لی دیارە بەشکم پێمان بلێی، ریکلامی فیلمە یۆنانییەکەی پێوەیە بۆ هەفتەی ئایندە؟
برا بچکۆلەکەم درێژەی دەداتێ و دەڵێ: من دڵنیام کە کۆمەڵێک جنیو لە کۆتایی ئەم جۆرە ئاخاوتنانەدا دەکرێ ببیسترێ کە من نامەوێت تۆماری بکەم. وەک دەزانن ئەو جنیوانە ئەوەندە تەڕن کە ئەگەر وشکیش ببنەوە، نووسینەوەیان ئاسان نییە. من لە بەرزی ئاداب و ئەخلاقی زمانەوانی برا بچکۆلەکەم سەرم سووڕدەمێنێ، ئەو درێژەی دەداتێ و دەڵێ: بێگوومان ئەگەر داخوازیکردنەکانی کریاران بۆ خواردن جدیی بۆایە و کەلەک و کووڵەکی هەرزەکارانەی لە پشتەوە نەبوایە، ئەوا عەلی سوور ناوی فیلم و پالەوانی فیلمەکانیشی بۆ مشتەرییەکانی دەگێراوە.
بەڵام خاڵی سەرەکی گێرانەوەی ئەم چیرۆکەی کاکم ئەوەیە کە ئەو زانیارییانەی لاپەرە زەردەکانی جاران و ئەپلیکەیشنە تازەکانی ئەمڕۆ بە هاولاتیانی دەدا، 40 تا 50 سالیک لەمەوبەر لایەن “عەلی سوور”ەوە پیشکەشکراوە. وەلامدانەوە بەوەی کە چ خواردنێک دەستدەکەوێت و دەکرێ بگەێنرێتە ماڵ یاخود نا، پێدانی زانیاری بەو کڕیارانەی کە دەیانەوێ بزانن چ فیلمێک لە سینەماکاندا نمایشدەکرێت و تەنانەت ئاگاداربوون لەوەی کە پرۆگرامی هەفتەی ئایندەی سینەمایش چییە. بەدەستهێنانی کۆمەڵێک زانیاری گرنگ لە ئاخاوتنێکی تەلەفۆنی کورتدا.
هەستدەکەم بە ناهەق لە سەرەتای دامەزراندنی باسەکەدا، خەریکبوو رەفتارێکی براگەورانەی کوردی لەبەرانبەر برا بچکۆلەکەمدا ئەنجامبدەم و گوێ لە ئەرگومێنتەکانی نەگرم . بەڵام قسەکانی جۆریکیش راستی تێدایە و من ناچارم سوپاسی بکەم کە لە تۆمارکردنی مێژووی بەدەستهێنانی زانیاریدا، لە ڕیی ئەو نموونانەوە کە هینایەوە، شارەکەم رۆلێکی گرنگی ونبووی هەبووە و ئەم گیرانەوەیەی منیش لەم وتارەدا، دەبێتە تۆمارکرنی مێژووی ئەم جۆرە لە خزمەتگووزاری کە بەشێک لە بناغە سەرەتاییەکانی کۆمەلگایەکی بەکاربەرە.
بەلام بەوەی هێشتا لە نزیک مەتعەمەکەی “عەلی سوور”ەوەین و چاومان هێشتا لەسەر ریکلامی حەوت بەتەڵەکە و ترنتی و فیلمە یۆنانییەکەی دوێنییە، با کەمێک بچینە کۆلانەکانی دوور لە سەرای سلیمانییەوە و لەوێوە سەیری پرۆسەی کڕیاردیتنەوەیەک بکەین لەبەرانبەر نیشاندانی فیلمی نوێدا. ئەوەی کە بەشێکی کەم لە مشتەرییەکانی لۆقەنتەخانەکەی عەلی سوور دەیانویست لە رێگای خزمەتگووزارییەکی زیاتری رێستورانەکەوە بەدەستی بێنن.
یەکەم : شاگردێکی سینەما تەختەیەکی 1 بە 30لە رێگەی دەسکێکی گەورەوە بە سەر شانەوەیە و ریکلامی ئەو فیلمەی لەسەرە کە ئەمڕۆ نیشاندەدرێت. ئەو کۆڵان و گەرەکی جۆراوجۆری شار دەگەڕا و ئەم پەیامەی بە خەڵکی دەگەیاند. سەیر ئەوەیە لە زمانی ئەو زەمەنەی مندا، نیشاندانی فیلمییان وەک ئیشکردنی فیلم باسدەکرد. نەیاندەووت چ فیلمێک نمایشدەکرێت، دەیانووت چ فیلمێک ئیشدەکات. لە هەمووی جوانتر، ئەو کات بە فیلمیان دەوت، فلیم. کورداندنی وشەیەک بەهەلە بەڵام لە رووی کۆمەلایەتییەوە، جوان و جێکەوتوو. خۆش ئەوە بوو، ئەو برادەرەی کە تەختەکەی بەسەر شانەوە بوو و پۆستکارتی گەورەی فیلمەکەی پیادا هەڵواسرا بوو، کۆمەڵێک ریکلامی دیکەی فیلمەکەی بە رەنگاورەنگی پێبوو کە لەسەر کاغەزێکی A3 چاپکرابوو.
ئاواتی گەورەی مندالانی گەرەک ، بەدەستهێنانی دانەیەک یان ژمارەیەکی زۆرتر لەو ریکلامانە بوو کە بە هەموو کەسێک نەدەدرا. بۆ ئەم مەبەستەش، باشترین شتێک بتکردایە، یارمەتیدانی کابرای دارهەڵگربوو کاتێک دەگەیشتە هەورازەکەی لای مزگەوتی “تەکیە رووتەوە” و لە بەر گەرانی زۆریی بە زۆربەی گەرەکەکانی شاردا و ماندووبوونی، زمانی لە عەرزدەخشا. ئەوکات بۆ ساتێک دارەکەیت لێوەردەگرت و لە هەورازەکەوە سەرت دەخست و دوو سێ دانە ریکلامت حاسڵدەکرد.
هەندێ جار، لای دووکانەکەی “مەلا عوسمان” یان نزیک ئاشەکەی گاورانەوە راماندەگرت و پیماندەوت: دەکرێ کەمێکی “فلیمە”کەمان بۆ بگێڕیتەوە، ئەو کوڕی باشە دەیزانی کە ئەم کارە چ کاریگەرییەکەی بۆ ریکلامکردنەکەی ئەو تیا دەبێت، یەکسەر دەیووت: یان دوو لەفە قاورمەم بۆ دەکڕن، گەندەڵی جاران، یان ئەوەتا خۆتان دەچن بۆ بینینی.

دووەم. سینەماکانی جاران لە پرۆسەی کڕیاردیتنەوەی خۆیاندا و لە وەرزی هاویندا، لە جیاتی ئەوەی تۆ بچیت بۆ سینەما، ئەوان سینەمایان بۆ دەهێنایتە گەرەک. سەیارەیەکی گەورە لە چەشنی لۆریدا دەهاتە کەلاوەکەی گاوران کە ئێستا گەراجی “عوسەی تەمین”ی پێدەڵێن. لە بەشی خوارەوەی کەلاوەکەدا کە دیواری دەرەوەی باڵەخانەیەکی گەورە بوو، بە دیووی لای باشووری کەلاوەکەدا ئەگەر پشتت لە ئاشەکەی گاورانی ئەوسا بێت، پەردەیەکیان هەڵدەواسی و بە ئارەزوی خۆیان، ئەو فیلمەیان نیشاندەدا کە لە بەرنامەی خۆیاندا بوو. خەلکی گەرەک لە سەرکارێز و سەرقەبران و قاوەخانەی سەرچیمەنەوە ، بە خۆیان و ماڵ و منداڵ و شووتی و قاپ و قاجاغی دیکەوە، لەسەر گڵەکە و لەبەرانبەر دیوارەکەدا، بە دێژی و پانی هەموو کەلاوەکە کە بە راستی گەورە بوو، دادەنیشتن و نقەیان لە خۆیان دەبڕی.
سینەما لە شاری سلێمانی جاراندا لە رێگای کابرای دارەریکلام بەشانەکەوە و لۆرییە گەڕۆکە گەورەکەی گەرەکەکانی سلێمانیدا، بوو بووە بەشێک لە ژیانی کولتووری 50 ساڵی پێش ئەمرۆمان. عەلی سوریش ، لەپاڵ نەبوونی ئەپلیکەیشنی مۆبایلەکانی ئەمڕۆ و کەتەلۆگە زەردەکانی دوێنی سویددا، جۆرێک لە کاری گەیاندنی زانیاری سینەمایی کەوتبووە سەرشان.
بەلام دەمەوێ لە کەلاوەکەی گاورانەوە بتانهێنمەوە بۆ سەرەتای ئەم وتارە و وێنەکەی سەرەوە. لە ڕاستیدا، ئەم وێنەیەی سەرەوە نزیکایەتییەکی گەورەی لەگەڵ هەمان ئەو وێنەیەدا هەیە کە سەر دیواری باڵەخانە گەورەکەی کەلاوەی گاورانی 50 ساڵ پێش ئیستادا هەبوو. ئەگەر کەسێک دیمەنی ئێوارەیەکی فیلمنیشاندانی کەلاوەکەی گاورانی بچرکاندایە و لەپاڵ وێنەکەی سەرەوە لە تەنیشت یەکەوە دایبنایە، ئەوسا ئاسانتر تێدەگەیشتن ئەم هەموو شێر و ڕیویەم بۆچی بوو.

وێنەکەی سەرەوە، بەشێکە لەو کاردانەوە و پرۆسەی کڕیاردیتنەوە تازەیەی کە سینەما لە سویددا لە ژێر فشارەکانی کۆرۆناو قەید و بەندی تێکەلنەبوون و مەسافەگرتنی نێوان ئینسانەکاندا کردویەتی بە راستییەکی تازە، بەڵام کۆن بە قسەی کاکم: ئاخر بە قسەی ئەو، سلیمانییەکان لێرەیشدا، لە پێش سویدییەکانەوە بوون. لەم پرسیارەیشدا کە کۆرۆنا لە زەمەنی دیجیتالدا لە بەرانبەر نەهاتنی تەماشاچیانی فیلمەکاندا ، کاتێک کەس ناتوانی بچێت بۆ سینەما، ئەوا سینەما دەکرێ بچێت بۆ لای بینەرانی .
وێنەکەی سەرەوە، دیمەنی ئێوارە نمایشێکی سینەمای یۆتۆبۆریە لە گۆرەپانی “بەنان پیرین” و لە رێگای شەپۆلی رادیۆیی FMو سیستەمی رادیۆیی ناو سەیارەکەوە، تەقە و زرمەی سەر شاشە دیجیتالەکە رێک دیتە ناو ماشین یاخود هێدفۆنەکەی گوێچکەتەوە. جۆرێک لە کاری بازارفرۆشی تازە بۆ دۆزینەوەی کڕیار و بینەری تازە کاتێک ڕێگرییەکانی کە کۆرۆنا دروستیکردوون، سینەما لە هۆلەکان دەردەهێنێت و دەیباتە پارکێکی گەورەی سەیارەراگرتن.

بەڵام کۆرۆنا و دنیایەکی دیجیتاڵی تازە کە کۆرۆنا بە گووروژمی گەورە بەرەوپیشتری دەبات، ئەو دەرفەتەیشمان بۆ دەرەخسێنێ کە لە زەمەنی مەرگ و ترس و دڵەراوکێی ئینسانەکاندا، لە رووخسارە هەناسەسواربووەکەی تووشبوانیدا، رابردوو و یادەوەرییەکانی دوێنێشمان بخاتەوە بەرچاو. یان رووت و قووت، بەشێکی گەورەی رابردوو، لە زەمەنێکی دیکەدا، لە مرۆدا، دووبارە زیندووبکاتەوە.

ناوهێنانی بەرێز “عەلی سوور” لەم وتارەدا، لە گێرانەوەی بەشێک لەو سەرگوزشتانەوەیە کە بەریزیان تیایدا بەشداربوون و لە رێزلێگرتن و بەرزنەخشاندنی ڕۆلی ئەم پیاوە زیاتر، هیچ مەبەستێکی دیکە نییە.

نووسینی: بەکر ئەحمەد
2020-05-13

Previous
Next