Skip to Content

چەمکەکانی ( گومان و پرسیار و پارادۆکس ) لە شیعرەکانی ( ئیمان یادەوەر ) دا.. بەشی سێیەم و کۆتایی.. ناڵە حەسەن

چەمکەکانی ( گومان و پرسیار و پارادۆکس ) لە شیعرەکانی ( ئیمان یادەوەر ) دا.. بەشی سێیەم و کۆتایی.. ناڵە حەسەن

Closed
by ئه‌یلول 4, 2023 General, Literature

_ شیعری ( خۆم لەتۆ دادەکەنم )
ئەم شیعرە ( خۆم لە تۆ دادەکەنم ) یەکێکە لە شیعرە نایابەکانی ئیمان یادەوەر ، ناونیشانێکی شیعری بارگاوی بە ئیستاتیکایەکی پڕ چێژ ، لە پشتی ئەم دەربڕینەوە هەست بە بێزاری و یاخیبوونێکی گەورە دەکەین ، بە بڕیارێکی یەکلاکەرەوە و لە هەمانکاتیش بە نائومێدییەکی گەورە ، ئەو ( تۆ ) یە کەسێکە چیتر جێگای ئومێد و سوارچاکی خەونەکانی شاعیر نییە ، کەسێکە بۆ ئەو هیچ جووڵەیەکی تیا نەماوە ، ئەوەتا هەر لە سەرەتای شیعرەکە بەم نائومێدییە دەست پێدەکات :
هەرێمێکیت هەناوت پڕە لە هەناسەی وشک
تێنووتە و ناتوانیت کانییەک بدۆزیتەوە
بەدیار تەنیاییتەوە خەیاڵەکانت ڕەنگ دەکەیت
نازانیت لە کوێ دەژیت !
من دەمەوێت ڕۆژێک بێم ئاڵۆزیت شانە بکەم
تۆش بە قووڵی بیربکەیتەوە
دەست بخەمە بینا قاقای هەموو خەیاڵەکانت و
وشەکانم وەک سووژن لە مۆخی مێشکتدا بچەقێنم !
نائومێدییەکەی شاعیر لێرەوەیە ، باس لە کەسێک دەکات ، کە هەناسەکانی وشک و کەسێکی تێنوو هێزی ئەوەی تیا نییە قومێ ئاو بدۆزێتەوە و تێنوێتی خۆی پێ بشکێنێت ، کەسێکی گۆشەگیر و ون ، ونە لەنێو تەنیایی و خەیاڵەکانی ، کەسێکی خەیاڵ پەرت و بڵاوە نازانێ لەکوێیە و بەرە و کێ دەڕوات ، شاعیر دەیەوێت بچێت ئاڵۆزییەکانی شانە بکات ، قسەی بۆ بکات لەم خەیاڵ پڵاوییە بەهۆش خۆی بێنێتەوە ، لە ڕێگای بیرکردنەوە بەئاگا بێتەوە و هەناسەی بێتەوە بەر ، هەرچەندە ئەگەر قسەکانیش وەک سووژن بەگیانیا بچن بەڵام هەر دەیەوێت ئەوە بکات ، چونکە بەهۆی ئاڵۆزی خەیاڵەکانی و ئەو بێدەربەستی و بێدەنگییەی ئەویش خۆی وەک مردوویەک دەبینێ و یان بێدەنگی ئەو بەدوای خۆیدا بەسەر ڕێگاکان ڕادەکێشێت ! ئەوەتا دەڵێت ،
منیش وەک تەرمی سەرشانی مردوو هەڵگرەکان خۆمم دێتە بەرچاو
بێدەنگیت بە دوای خۆمدا
بەسەر ڕێگاکەدا دەخشێنم
بە هەموو ئەو هەورانەی بە ژێریاندا تێدەپەڕم دەڵێم
خۆی نەهات ، بەڵام دڵی هات بە جێمبهێڵێ
شاعیر وەک عاشقێکی نائومێد و دڵشکاو بەنێو قووڵایی ئازارەکانی دەچێتە خوارەوە و دەڵێت ، دەگریم و (با) کان لەنێو فرمێسکەکانم سەما دەکەن ، هێندە نائومێدە لەو کەسە تا ئەو ئاستەی دەیەوێت پێی بڵێت :
بە پەرەسێلکەکانیش دەڵێم
هەرگیز لەژێر سەقفی خانووەکەتان هێلانە چێ نەکەن
بەو هەموو برینەوە هەنگاو دەنێم
ڕۆژەکانیش جگە لە هەسانێک هیچی تر نەبوون
بۆ تیژکردنی ئازارەکانم
شەممە ئازار ، دووشەممە ئازار ، سێشەممە ئازار
چوارشەممە هەروەتر
ئیتر هیچ بوارێک و ئومێدێک نامینێتەوە ، تروسکاییەک گەر لەدوورەوەش بێت بەدی ناکات ، بۆیە ناخوازێت نەک کەسێکی تر بەڵکو باڵندەیەکیش لەم یان لە خانووەکەی ئەو نزیک بێتەوە و هێلانە لەژێر بنمیچی ماڵەکەیان چێ بکەن ، با ئەوانیش تووشی ئەم دڵشکان و نائومێدییە گەورەیە نەبن ، ئیدی کە هیچ ئومیدێک و تروسکاییەک نامێنێ ئینجا ئەویش بڕیاری خۆی دەدات و لێی یاخی دەبێت دەڵێت :
نامەوێ بمێنمەوە
لە کاتی ڕاگرتنی پاسێکیش بیرت لێنەکەمەوە
تەنانەت هێندەی تەواوبوونی جگەرەیەکیش
دەمەوێت وەکو ئەو نەخۆشانەی شێرپەنجەیان تێپەڕاند
ئاهەنگی دەرچوون لە تۆ بگێڕم
ئیتر دەست بە جێهێشتنی خۆم دەکەم لە تۆدا
ئەوە دەبینین ، تازە تەواو بە دوابڕیاری خۆی گەیشت ، بڕیاریدا چیتر بە دوای جەستەیەکی مردوو دانەنیشێت ، بڕیاری دا جێبهێڵێت و بڕوات و چیتر بیری لێنەکاتەوە ، تەنانەت بۆ چەند خولەک و چرکەیەکیش ، دڵخۆش و شادومانە بەو بڕیارەی ، وەک ئەو کەسانە دڵخۆشە کە شێرپەنجەیان تێپەڕاندووە ، دەیەوێت ئاهەنگ بگێڕێت ، ئاهەنگی ڕزگاربوون لە خەمەکان و لە بێدەنگی ئەو ، بە دێرێکی شیعری نایاب و پڕ لە جوانی دەڵێت ، ئیتر دەست بە جێهێشتنی خۆم دەکەم لە تۆدا ! ئیتر ئەو کەسێکی ترە ئێستا ، ئەو کەسەی گیرۆدە ببوو بەدەستی ئەو ئیتر جێی دەهێڵی لەناو ئەودا ، لەنێو خۆیشی کەسێکیتر لە دایک بووە خاوەن بڕیار و توانا ، ئیتر تەواو کەسە دڵشکاوەکە مرد و جێی دەهێڵێت ، یان زۆر بە بڕوا بە خۆبوونەوە دەڵێت :
وەک تووڕەیی تاڤگەیەک
بەسەر شانی تەنیاییدا دیمە خوارەوە و هەرگیز
نا
گە
ڕێ
مە
وە
بە شانەکانم دەڵێم
بە دیوارەکاندا خۆت هەڵبواسە
ڕەقی دڵ ، نەرمی بەرد
فێر دەبم
کراسی ڕەشی سێبەرەکشم دەسووتێنم
ڕەنگە بچمەوە سەر ڕەگەزی ئاو
ئیتر وەک تووڕەیی تاڤگە بە هەست و بیرکردنەوەیەکی یاخی بڕیاری خۆی دەدات و بەسەر شانی تەنیاییدا دێتەوە خوارەوە و جارێکیتر ناگەڕێتەوە بە لای ئەو کەسە و ئەو عەشقەی کە جگە لە برین و ئازار هیچی تری پێنەبەخشی ، بڕیار دەدا لەمەودوا دڵ نەرم نەبێت و ڕەق بێت وەکو بەرد ، بەڵام شاعیر وەک گەمەیەکی زمانەوانی و وەک پارادۆکسێک بۆ جوانکاری دەڵێت : ڕەقی دڵ و نەرمی بەرد فێر دەبم ، بە دیوێک مەبەستییەتی بڵێت ، لەمەودوا دڵنەرم نابم و وەک بەرد ڕەق و خۆڕاگر دەبم ، بە دیوێکیش دەیەوێت بڵێت هەموو شتێک دەکەم و دەست بۆ مەحاڵیش دەبەم کە نەگەڕێمەوە بۆلای تۆ مەحاڵ وەک نەرمی بەرد ! یان کراسی ڕەشی سێبەرەکەشی دەسووتێنێت . هەر بەم ورەو ئیرادەوە بەردەوام دەبێ و دەڵێت :
دەستەکانم فێردەکەم ئیتر بە چەپ تەوقە بکەن
ئەفسووس دەستمان بۆ هەر ڕاستییەک برد ، هەڵە دەرچوون
بەم هەستە یاخییەوە گومان لەهەموو شتێک دەکات ، چونکە هەموو ڕاستیەکانی تاقیکردەوە ، هەموو هەڵە دەرچوون ، بۆیە باوەڕی بە ڕاستی نەماوە ، دەخوازێ بە دەستی چەپی تەوقە بکات ڕاست بوونێکی گوماناوییە ! دەربڕینێکی قووڵ و پڕ لە ڕەهەندی جیاواز و پڕ لە کێشمەکێش ئیتر هەر بەم هەستە یاخی و نائومێدییەوە دەڵێت :
دەڕۆم بە شووشەی تۆزاوی
پەنجەرە شکاوەکانی خانووە ڕووخاوەکانی لادێکەشمان دەڵێم
واز لە چاوەڕوانی بێنن
ئەو خۆرە هەڵنایەت کە چاوەڕێی دەکەن !
ئیتر تەواو پڕاوپڕە لە نائومێدی و گومان ، دەڕواو ئاوڕ لە هیچ ناداتەوە تەنانەت دەخوازێت پەنجەرەکانیش چیتر لە چاوەڕوانی خۆر نەبن . بۆیە هەر دەڕوا و هەر دەڕوا …
بە قەرەباڵغی بازاڕەکاندا
بەناو ڕەنگی هەرچی دەموچاوی جیاوازدا تێدەپەڕم و
بیر لە شێوەی تۆ ناکەمەوە
ئەمە ترسناکترین گەیشتنی من دەبێت
بۆ یەکەمجارە کە خۆم بەجێدەهێڵم !
ناوەستم من حەوسەڵەم زۆرە بۆ ڕۆیشتن ..!
ئیدی بڕیاری خۆی داوەو پشت دەکاتە ئەو و جێی دەهێڵێ ، بەنێو شوێنە قەرەبالغەکاندا دڕوات و بەناو ڕەنگی هەموو دەموچاوەکاندا ڕەتدەبێ بەڵام ، بیر لە ڕەنگ و لە شێوەی ئەو ناکاتەوە ، چیتر بیر لە بوون و لە بێدەنگی ئەو ناکاتەوە ، چیتر بیر لە خەون و خەیاڵە پەرتبووەکانی ئەو ناکاتەوە ، ئەو ئێستا کەسێکی ترە وێنەی کەسە دڵنەرمییەکەی خۆی لەنێو ئەوا جێهێشتووە ، ئەوە یەکەمجارە خۆی جێدەهێڵێ ، دەڕواو وەک کەسێکی نائومێد و یاخی حەوسەڵەی ڕۆیشتنی زۆرە !
بە ترافیکەکان دەڵێم
ئیتر نە تۆ و
نە هیچ وەستانێکی چاوەڕوانی بێزارم ناکەن
ئای لەوێدا چەند هەست بە تەنیایی دەکەم
شەقامێکی پان پڕ لە ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆر
خەڵکانێک هەرگیز نەمناسیبوون
دەست لە پاسەکە ڕادەگرم
سەرنشینەکان سەیرم دەکەن
حەزدەکەم بقیژێنم
سەیرم بکەن جگە لە جەستەیەکی خاڵی و ڕۆحێکی شکاو
چیتر دەبینن ؟
دەڕواو بە ترافیکەکانیش دەڵێ نە ئێوە و نە هیچ وەستانێکی چاوەڕوانی بێزارم ناکەن ، یان ناتوانن بم وەستێنن بۆ یەکجاری ، هەرچەندە شاعیر بۆ ترافیکەکان ( تۆ )ی بەکارهێناوە دەڵێ ( نە تۆ و نە هیچ وەستانێک ! ) بەڵام ، دەبێ لە جیاتی تۆ ( ئێوە ) بێت چونکە ترافیکەکان لە باری ( کۆ ) دان ، دەڕوا و هەست بە تەنیاییەکی گەورەش دەکان ، ئەم دڵشکان و گەیشتن بە خاڵی مردن و خۆجێهێشتنە سانا نییە ، ( داکەناندنی ئەو لە خۆی ) دیوێکی تری مردنە ، بە شەقامێکی پانوپۆڕ و قەرەبالغدا دەڕوات پڕ لە دەموچاوی نوێ ، خەڵکی نەناسراو ، سواری پاس دەبێت و سەرنشینەکان سەیری دەکەن ، ئەویش هێندە نائومێد و دڵشکاوە هەست دەکات بقیژێنێت ، بەڵام ئەو هەردەڕوات ، کاتێکی کەمی ماوە لەخۆی جیابێتەوە ، دوێنێ خۆی لەنێو ئەودا جێهێشت ، دەیەوێت لە ئێستای خۆیشی جیابێتەوە ! بۆیە دەڵێت :
لەلای من سەعات سفری دەوێت بۆ
م
ر
د
ن
بێزەحمەت پاسی ژیان دابەزین هەیە
لە وێستگەی گۆڕستانەکەی پێشم
سەرنشینەکەی تەنیشتم دێتە گۆ
بمبوورە
ژمارەی تەمەنم سووتا
ئیتر زەنگی هیچ وشەیەک هەڵناگرم
دەڕۆم و بە خودایش دەڵێم هیچ
لەمەیان بگەڕێ / بۆ قیامەت هەڵیدەگرم !
ئیتر لێرەوە لەناو ئاکامێکی نادیار کۆتایی دێت ، ( خۆم لە تۆ دادەکەنم ) شیعرێکە لەناوەڕۆکدا چیڕۆکی عەشقێکی تراژیدیمان بۆ دەگێڕێتەوە ، دابڕانێکی بە ناچاری ، دابڕانێک تەنها خواستی یەکێکیانە ، یەکێکیان ، بێدەنگ و گۆشەگیر ، خەیاڵ پەرت و ئاڵۆز ! ئەویتریش لە داخی ئەم لە کۆتایی لە پاسی ژیان دادەبەزێت ، ئەوە هێمایە بۆ دوا وێستگەی ژیان ، لە بەردەم گۆڕستانێک دادەبەزێت ، هێمایە بۆ مردن ، خۆیشی لە دەربڕینێکی زۆر جوانی شیعری دەڵێت : لای من سەعات سفری دەوێت بۆ مردن ! یانی مەودای ئەو و مردن سفرە .. یان گەیشتوون بەیەک !
بە شێوەیەکی گشتی ئیمان یادەوەر لەو شیعرە و لە شیعرەکانی تریشی جوانییەکی نایابی بەرجەستە کردووە ، زمانێکی شیعری و پێکهاتە و دەستەواژەی شیعری ، مانا و ناوەڕۆکێکی قووڵ ، شیعرەکانی پڕن لە گومان و نیگەرانی و پرسیار و پارادۆکس و هەستی یاخیبوون و هەستی مرۆیی و گەمەی زمانەوانی .. . ئەمانەش هەمووی بڕستی جوانی و چێژ و ئارامی بە دەروون و ناخی خوێنەر دەبەخشن ، هاوکات ئەم پێکهاتانە پێکهاتەی شیعری نوێگەر و مۆدێرنن !
لێرەدا بە پێویستی دەزانم باسی چەمکێکی تر بکەم ئەویش چەمکی داهێنانە ، داهێنان وەک چەمکێکی گەردوونی ، وەک چۆن ( فیساگۆرس )ی فەیلەسوف و بیرمەند پێیوایە جیهان پێکهاتووە لە چەند تابلۆیەک ، ناتوانین لە یەک تابلۆدا تەواوی ڕووبەری جیهان ببینین ..! ئەمەش بۆ چەمکە گەردوونیەکان ڕاستە ، ئێمە لە وتاری ( بۆچی شیعر پێناسە ناکرێت ) ئەوەمان گوتییە ،، گتومانە یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە کە شیعر بوونێکی گەردوونی هەیە ناتوانین لە یەک گۆشەوە خوێندنەوەی بۆ بکەین یان بیبینین ، بۆ گەیشتن و نزیکبوونەوە لە وێنە فراوانەکەی شیعر دەبێ لە چەندین گۆشەی جیاوازەوە خوێندنەوەی بۆ بکەین ، ئەمە بۆ چەمکی داهێنانیش هەروایە ، واتە ناتوانین دواخاڵ و یان خاڵی کۆتایی ڕووبەری داهێنان دیاری بکەین ، بۆیە ناکرێت بە فلان و فیسار شاعیر بڵێین گەیشتوونەتە ( لوتکە ) یان لە لوتکەی داهێنان دان ، داهێنان لوتکەی نییە ، گەیشتنە لوتکە لە داهێنان بوونی نییە چونکە مردن هەیە ، مردنیش وەستاندنی پڕۆژەکانی بوون و داهێنانە ! بەڵگەش بۆ ئەو قسەیەم گەر ( ناڵی و گۆران و شێرکۆ بێکەس ) لە ژیان مابان دڵنیام داهێنانی گەورەتریان پێشکەش دەکردین ، گەر ( شەیکسپیر و دەستۆفسکی و فروغ ) لە ژیان بەردەوام بان دڵنیام داهێنانی گەورەتریان دەکرد ، بۆیە نە ئەمانە و نەهیچ نووسەر و شاعیرێک ناتوانن بگەنە لوتکە ، دەتوانن داهێنانی گەورە بکەن ، لە بڵنداییەکەوە بەرەو بڵنداییەکیتر سەرکەون بەڵام ، ناگەن بە لوتکە ، چونکە لوتکە لە داهێنان بوونی نییە یان جگە لە وەهم شتێکی تر نییە ، دەبێ ئەوەشمان لەلا ڕۆشن بێت هیچ شاعیرێک بە نووسینی چەند دەقێکی جوان ، یان چەند کتێبێکی شیعری جوان ، یان بەسەرکردنەوەی لەلایەن لێکۆڵەر و ڕەخنەگرەکان ، یان وەرگرتنی خەڵات لە فلانە ڤیستیڤال و لە فلانە پێشبڕکێوە ، ئەمانە کەس ناگەیەنێتە لوتکە ، چونکە دوای گەیشتن بە لوتکە نۆرەی هاتنە خوارەوەیە ! بۆیە ئەو کەسانەی ئەم گەیشتنە لوتکەیە دەخەنە پاڵ نووسەر و شاعیرەکان من پێموایە ، ئەوە جگە لە هەژاری فیکری یان تێنەگەیشتن لە چەمکی داهێنان هیچ شتێکی تر نییە ! بە ئومێدم ئیمان یادەوەری شاعیر بەم بیرکردنەوە کراوەییە لە شیعر و داهێنانەکانی بڕوانێت ، هەوڵبدات ئاست و توانا مەعریفی و توانا شیعرییەکانی خۆی پەرە پێبدات و خەونی داهێنانی هەبێت ، کە من خۆم ئومێدی گەورەم پێی هەیە کە ئایندەیەکی ڕووناک و گەشی لەبەردەمی دایە ، گەر بەم هەناسەیە لە هەوڵەکانی بەردەوام بێت ، دڵنیام ڕۆژێک دێت دەبێت بە ناوێکی گەورە لەنێو ئەتلەسی شیعری نوێی کوردیدا ، ئیتر سڵاو لە شیعر ، سڵاو لە جوانی ، سڵاو لە داهێنان …!

        کۆتایی                                            ٢٠ی ئابی ٢٠٢٣ 

mm

کورتەیەک لەبارەی ژیان و بەرهەمەکانی ( ناڵە حەسەن ) - ناڵە حەسەن لە ساڵی ١٩٦٥ لە شاری هەولێر لە گەڕەکی تەیراوە لە دایک بووە . - خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لە هەولێر تەواو کردووە . - دەرچووی پەیمانگای پزیشکییە لە شاری موسل ١٩٨٦ - ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ( نینا ) بووە . - یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ( کۆمەڵەی هونەری شەبەنگ ) - ئەندامی لیژنەی باڵای ( دەستەی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد ) بووە . - لە منداڵییەوە حەز بەخوێندنەوەی شیعر دەکات و لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی داڕشتنێک لەبارەی ( نەورۆز ) بە شیعر بۆ مامۆستاکەی دەنووسێت .. لە قۆناغی ( ناوەندی ) و ( ئامادەیی ) شیعر دەنووسێت و لەبەر هەستی نەتەوایەتی ناتوانێ لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەوکات بڵاویان بکاتەوە . - یەکەمین شیعری خۆی بەناوی ( من کاروانی بەشمەینەتان جێناهێڵم ) لە گۆڤاری ( ڕابەر ) لە ساڵی ١٩٩١ بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ یەکەمین نامیلکەی شیعری بە ناوی ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٨ کوردستان جێدەهێڵیت . - لە ساڵی ١٩٩٩ لە کەنەدا دەگیرسێتەوە ، لەوساوە تا ئێستا لە کەنەدا دەژیت . - بە بەردەوامی لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکانی دەرەوە شیعر و لێکۆڵینەوە و بابەتەکانی خۆی بڵاوکردۆتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ ( خولیا حسێن ) ی شاعیر ژیانی هاوسەرگیرییان پێکهێناوە ، دوو منداڵیان هەیە بە ناوەکانی ( ڕەها و ڕەهەند ) . - لە سایتی ئەلیکترۆنی ( ئەمڕۆ و دەنگەکان و کوردیپێدیا ) لینکی تایبەت بەخۆی هەیە ، زۆرێک لە کتێب و بەرهەمە ئەدەبی و شیعری و وەرگێڕانەکانی لەوێدا دەست دەکەون . ( ناڵە حەسەن ) تا ئێستا ئەم بەرهەمانەی بە چاپ گەیاندوون ١/ ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) ١٩٩٣ شیعر ٢/ ( ڕەشبەڵەکی ڕۆح ) ١٩٩٦ شیعر ٣/ ( عەشق و بەرائەتی ئاو ) ١٩٩٩ ٤/ ( ڕەنگە ئیرۆسییەکانی ئاگر ) ٢٠٠٣ شیعر ٥/ ( نیگایەک بەسە بۆ مردن ) ٢٠٠٧ شیعر ٦/ ( نەرسیسیزم ) ٢٠٠٦ وەرگێڕان ٧/ ( هونەر و فیگەرە جوانەکانی خەون ) ٢٠١١ لێکۆڵینەوە ٨/ ( چەمکە دەروونییەکان و دەقی ئەدەبی ) ٢٠١٢ لێکۆڵینەوە ٩/ ( لەسەر جەستەی ڕووتت لە خاچمدە ) ٢٠١٤ شیعر ١٠/ ( شیعر و چەمکەکانی ، ئیرۆس و ساناتۆس و ئەبەدییەت ) ... ٢٠١٧ لێکۆڵینەوە چاپی ئەنتەرنێت . ١١/ ( ڕووبەڕوو لەگەڵ شیعر ) ٢٠١٨ لێکۆڵینەوە و دیمانە . ١٢/ ( سارا تیسدەیل ، ژنە شاعیری ئەمریکی ) ... ٢٠١٨ نووسین و وەرگێڕان . ١٣/ ( عەشق جوانترە لە مردن ) ٢٠١٩ شیعر ( سەباح ڕەنجدەر - ناڵە حەسەن ) چاپی ئەنتەرنێت . ١٤/ کتێبی یەکەمی ( دەقی تەمەن ) شیعر ٢٠١٩ ١٥/ ( لە دەرەوەی ژیان دەژیم ) ٢٠٢٠ شیعر ( چاپی ئەنتەرنێت ) . ١٦/ ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٧/ ( ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٨/ ( کۆڵانە زەردەکە ) ٢٠٢١ شیعر . ١٩/ ( سوور ڕەشێکی نوێیە ) ٢٠٢١ شیعر . ٢٠/ ( من ژیانم بۆ شیعر دەوێت ) ٢٠٢١ وردە شیعر . ٢١/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی یەکەم ٢٠٢١ شیعر . ٢٢/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی دووەم ٢٠٢١ شیعر ، ئەم کتابانەی ئامادەن بۆ چاپ . ١/ ( داهێنان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین ) .. لێکۆڵینەوە . ٢/ ( خەونی من ) .. شیعر ٣/ کتێبی دووەمی ( دەقی تەمەن ) .. شیعر .

Previous
Next
Kurdish