Skip to Content

210 Views

پاڵەوانسازی لە ڕۆمانی کوردیدا ( باڵندەکانی دەم با ) ی عه‌تای نه‌هایی وەک نموونە….. پێشره‌و عه‌بدوڵڵا

پاڵەوانسازی لە ڕۆمانی کوردیدا ( باڵندەکانی دەم با ) ی عه‌تای نه‌هایی وەک نموونە….. پێشره‌و عه‌بدوڵڵا

Closed

دروستکردن و خوڵقاندنی پاڵەوان، کارەکتەر، بەتایبەت (پاڵەوانی سەرەکی -شاکەس) گرنگترین و سەرەکیترین خاڵە لە نووسینی ڕۆماندا، چونکە شاکەس هەر بەپرس نییە لە ئاڕاستەکردنی ڕوداو و گۆڕینی ڕەوتی گێڕانەوە و یەکلایکردنەوەی ڕوداوە سەرەکیەکان، بەڵکو بەدیوێکی ناڕاستەوخۆ و ژێرەوانکێشدا، دەربڕی ڕوانین و جیهانبینی نووسەرە، واتە شاکەس، ئەو وێنە ئیدیاڵەیە، کە نووسەر بەشێکی زۆری بیر و دیدەکانی، لەوێوە پەخش دەکات. جا نووسەر پێ بزانێ، یاخود نەزانێ، شاکەس دەربڕی ماکی بیرکردنەوەیەتی، چونکە قسەکردنی نووسەر لە ڕێگەی کارەکەتەرەکانیەوە، خەون بینینی نووسەرە و خەونیش هەمیشه ڕایەڵی بە نەست و جیهانی شاراوەوە گرێداوە، کەمتر لەگەڵ واقیع و شتە ئاشکراکان مامەڵەدەکات. لەڕاستیدا باسکردنی کەس و شاکەس و هەموو تێمەکانی پەیوەست بەم باسەوە، قسەی زۆر هەن و کتێبی باشیش هەن، کە هەموومان دەتوانین وەدەستیانبخەین، ئەوەی من دەمەوێت لێی بدوێم، ئەوەیە، ئایا پاڵەوانەکانی نێو ڕۆمانی کوردی، چ جۆرە پاڵەوانێکن؟ ئایا پاڵەوان هەڵگری دید و فەلسەفەیەکی دیارکراوە؟ ئایا ڕۆمانی کوردی سەرکەوتوو بوە، لە وێناکردنی پاڵەوانێک، کە جیاوازبێ لەو ڕەوتە گشتییەی پێناسەی بۆ شتەکان هەیە؟ ئەگەر پاڵەوان نمایندەی ئاستی تێگەیشتنی نووسەر بێت، تێگەیشتنی نووسەری ئێمە چ جۆرە تێگەیشتنێکە؟ تێگەیشتنێکی تایبەت و جیاوازە لەو تێگەیشتنە گشتیەی بۆتە ڕۆشنبیری گشتی؟ یان تێگەیشتنێکی قوڵ و خودان فەلسەفەیەکی دیارکراوە بۆ ژیان و ماناکانی؟ ڕۆمانی باڵندەکانی دەم بای عەتای نەهایی، یەکێکە لەو ڕۆمانانەی لەم دەساڵەی دوایدا دەنگدانەوەیەکی باشی بەدوای خۆیدا هێنا.
ئەگەر ئێمە لەڕوانگەی پاڵەوانسازیەوە، لەم ڕۆمانە بڕوانین و دیقەت لەوەبدەین کە کەسی پاڵەوان چۆن وێناکراوە، کە دواتر دەشبێتە ئەوەی لە خەیاڵدانی عەتادا، ڕۆشنبیر و مانای ڕۆشنبیر هەمان ئەو وێناکردنەیە کە پاڵەوانەکانی لێ خوڵقاندوە، کەسێتی…میهرەبان… کە یەکێکە لە شاکەسەکانی ئەم ڕۆمانە، دوای ئەوەی حەزی دەچێتە کچێک، بەناوی ئەفسانە و دواتر تێکەڵی سیاسەت دەبێت و بەو هۆیەشەوە ناچارە وڵات جێبهێڵێ، پاش زیاتر لە بیست ساڵ دەگەڕێتەوە، هەمان شاری خۆی و دەیەوێت، چیرۆکی یەکێک لە عاشقەکانی شارەکەی خۆی بنوسێتەوە، بە نێوی فەرهاد، کە ئەویش عاشقی کچێکە بەناوی کاڵێ و ئەویش خوێندکارە و بەهۆی کاری سیاسییەوە بە قاچاغ دەژیت، ئەگەر سەیری سیماکانی ڕۆشنبیر بکەین، لە دیدگای عەتاوە، دەبنین وێنەی ڕۆشنبیر لەم خاڵانەی خوارەوە کورت دەبێتەوە:
۱.ڕۆشنبیر کەسێکە کتێب دەخوێنێتەوە.
۲.ڕۆشنبیر جارجار مۆسیقاش دەژەنێ وەک کەسایەتی ناسری.
۳.ڕۆشنبیر، خەریکی نیگار کێشانە،
٤.ڕۆشنبیر هەمیشە کاری سیاسی دەکات.
بەکورتی ڕۆشنبیر، یاخود باشترین و کامڵترین کەس، لە جیهانبینی عەتادا، ئەوەیە مرۆڤ عاشق بێت و بخوێنێتەوە و بنوسێت و خەریکی هونەرەکان بێت،،،، واتە تێگەیشتنی عەتا بۆ کەسی جیاواز و ڕۆشنبیر و کامڵ، ئەو وێنانەیە کە باسمانکرد. ئەم جۆرە تێگەیشتنە، تێگەیشتنێکی قوڵ و ورد نین و سەر بەوە نین، کە عەتا توانیبێتی خاوەن دیدێکی تایبەت بێت بۆ ژیان، یان سەر بە فەلسەفەیەکی جیاوازبێت، بۆ ژیان، بۆیە پاڵەوانەکانی، پڕن لە بێ هودەیی و نیگەرانی و شکست…بەجۆرێک میهرەبان، وەک کەسایەتی سەرەکی ڕۆمانەکە، بەهۆی ئەو سیفەتانەی هەیەتی و ڕۆشنبیربووە و لە هەندەرانیش گەڕاوەتەوە، ئەمە وایکردووە کە کەسێکی کۆمەڵایەتی نەبێت و هەمیشە دورە پەرێزبێت، لەهەموو ئەو حیکایەتانەی لەماڵی باوکی و ماڵی مونیرەی خوشیکدا دەگوزەرێن، بەڵام نەشیتوانیوە بگاتە ئاستێک، ئەو سیستەمە کۆمەڵایەتیە، تێپەڕێنێت و سیستەمێکی تر بۆژیان بێنێتە ئاراوە، بۆیە هەمیشە کەسایەتییەکی خەمۆک و دڵتوندی هەیە، چونکە بەڕاستی بێ لانەیە، بێ لانەیەکەشی ئەوەیە، لە سیستەمە کۆمەڵایەتیەکە هاتۆتە دەر، بەڵام ماڵی تری نییە، بۆ ژیان.
کەسایەتی فەرهادیش، هەروەک میهرەبان، ئەویش لە گەڵ کۆمەڵگەکەدا ناژیت، واتە هەموو خەون و خەیاڵی، مژۆڵی کتێب و سیاسەت و وێنەکێشانە، بۆیە دواجاریش کاڵێ بەجێیدەهێڵێت و سەری خۆی هەڵدەگرێت، تا کاڵێ خۆی دەسوتێنێ. لەولاوە ناسری تار ژەن، دوای لەدەستدانی ئەفسانەی ژنی، شێت دەبێت، واتە هەموو شاکەسەکان، وێنەی کەسی ڕۆشنبیر و کامڵن لە خەیاڵی عەتادا، بەڵام چون عەتا هێشتا نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی، وێنای سیستەمێکی تر بکات، کە هەمان ئەو سیستەمە نەبێت، دواجاریش ناتوانێ و ناشزانێت چی لە ئایندەی پاڵەوانەکانی بکات. ئەم پێودانگەی لێرە باسی دەکەم، دەتوانین بەشێکی زۆری ڕۆمانی کوردی پێ بخوێنینەوە. ڕۆمانی کوردی تەنها توانیویەتی یاخی ببێت و نا بکات، لەو سیستەمەی پێی ڕەوانەبووە، بەڵام ڕۆمانی کوردی خاڵییە لە فکر، خاڵیە لە وێناکردنی شاکەسێک کە خودان پەیامێکی کامڵ و تەواو بێت. شاکەس لە ڕۆمانی کوردیدا، تەنها بەدیوە یاخییەکەیدا جوان و پڕ مانایە، بەڵام کاتێک داوای ژیان و ئاشتی لێبکەیت، دەستەو وەستانەو تەنانەت ناتوانێ ڕکابەری هێزە کۆمەڵایەتییەکش بکات، چونکە یاخیبونەکەی، پڕۆسەی پڕبون و تێگەیشتن نییە، بەڵکو حاڵەتێکی سایکۆلۆژی وەڕسییە و هاوارێکە و بەس. بانگێکی جدی نییە بۆ ژیان.
تەنانەت پێگەی ژنی ڕۆشنبیر لای عەتا، ژنێکە کە شیعر دەنوسێت و گوێ ناداتە ئەوەی عاشقە پیاوەکەی، بەتەمەنە و عاشق دەبێت. ئەویش لەبەر ئەوە نا، ئەو پیاوێکە جیاواز و پاڵەوانێکە، ئەتوانێ لەگەڵی بژی، بەڵکو بەتەنها لەبەر ئەوەی دەنووسێت و بەرهەمی هونەری هەیە. خۆ ئەگەر سەیری واقیعەکەش دەکەیت، هەمان یاری و وێنەمان دێتەوە پێش. بەڕاستی ڕۆمانی کوردی جگە لەوەی خاڵیە لە پەیام و دیدگا، بەدیوێکیشدا بۆ گەنجان و تازە لاوان، دڵخۆشکەر نییە و زەرەری زیاترە لەسود، چونکە لای کچان و ژنان، وێنەی پیاوی ڕاستەقینە، ئەوەیە هونەرمەندبێت و لای پیاوانیش ئەگەر ویستیان جیاوز بن، دەبێت لانی کەم نووسەر و مۆسیقار و هونەرمەندبن. ئەمەش هەمووی وابەستەی ئەو دیدە کۆنسەرڤاتیڤەی عەتایە، بۆ چەمکی ڕۆشنبیر و کامڵ بوون. ئەگەر ئێمە پێمان وابێت تەنها نووسەران و دکتۆر و پسپۆڕ و هونەرمەندەکان ڕۆشنبیربن، ئەی چۆن داوای ڕۆشنبیربوون لەخەڵکی سادە و کاسب بکەین؟ بۆچی لۆمەیان بکەین، کەسی ڕۆشنبیر کەسێکە، هەمیشە ئامادەیی ئەوەی تیایە بگۆڕێت و باشتر ببێت. ئامادەی ئەوەی تیایە بیرکردنەوە کۆنەکانی فڕێبدات و هەمیشە لەخەمی باش بووندا بێت. ڕۆشنبیربوون، هیچ پەیوەندیەکی بە نووسین و بڕوانامەو مۆسیقا و هونەرەوە نییە بە تەنها، ڕۆشنبیربوون، بازنەیەکی فراوانە و هەموو کۆمەڵگەی تێدایە، نەک چێنێکی تایبەت. ئه‌ده‌ب وه‌ك راوچییه‌كی شاره‌زا پێش فه‌لسه‌فه‌ هه‌وڵی كه‌شفكردنی رۆحی سه‌رده‌مه‌كه‌ ده‌دات و ئاشكرای ده‌كات و وێنای راسته‌قینه‌ ده‌خاته‌وه‌، هه‌روه‌ك چۆن سێرڤانس پێش هۆسرڵ و هایدگه‌ر گوزراشتی له‌ رۆحی ئه‌وروپی كردووه‌. #

پێشره‌و عه‌بدوڵڵا

بڕوانه‌:

ميلان كونديرا، فن الرواية، مركز الثقافى العربي، الطبعة اولى، مغريب، 2017، ص 12

Previous
Next