Skip to Content

تیۆرییە ئەدەبییەکان … ئەردەڵان عەبدوڵڵا

تیۆرییە ئەدەبییەکان … ئەردەڵان عەبدوڵڵا

Closed
by ئه‌یلول 9, 2020 Literature

هەمیشە ئەدەب خاوەنی قوتابخانە و رێچکەی تایبەتی خۆی بووە، سەرەتا فەیلەسووفەکان و پاشان نووسەران، هەوڵیانداوە شرۆڤە و تێڕوانینی تایبەت بە ئەدەب دابنێن. بەدڵنیاییەوە هەروەک چۆن لە سیاسەت و فکردا، کۆمەڵێک رێچکە و قوتابخانەی جیاواز هەیە، لە ئەدەبیشدا کۆمەڵێک قوتابخانەی جیاواز هەیە، کە هەریەکەیان خاوەنی دونیابینی خۆیانن. لەمەشدا فەیلەسووف و بیرمەندانی جیهان، رۆڵی سەرەکیان هەبووە لە داڕشتن و دانانی بنەماکانی ئەم قوتابخانە و تیۆرییە ئەدەبییانە.

لە ماوەی پێشوودا کتێبی « بنەماکانی تیۆری ئەدەبی «م خوێندنەوە،کە لە نووسینی هانز بێرتێنز و وەرگێڕانی عەبدولخالق یەعقووبییە. دیارە نووسەری کتێبەکە یەکێکە لە ئەدیب و ئەکادیمییە ناسراوەکانی هۆڵەندا و مامۆستای زانکۆیە. واتە نووسەر کەسێکی پسپۆرە لە بوارەکەی خۆیدا، هەرچەندە نووسەر لە لای ئێمەی کورد نەناسراوە، لێ کتێبەکەی ئێجگار بەنرخە و زۆر بەجوانی و سادەییی باسی قوتابخانە و تیۆرییەکانی ئەدەبی کرووە. لەلایەکی تریشە کاک عەبدولخالق یەعقووبییش، رەخنەگر و ئەدیبێکی بەتوانایە و ماوەیەکی زۆرە خەریکی کاری رەخنەی ئەدەبییە، ئەمەش هاوکاری زۆری کردووە، تاوەکو بتوانێت بەسەر وەرگێرانەکەدا زاڵبێت و بە زمانێکی کوردی سادەو ساکار، بابەتێکی تیۆری باس بکات.
لێرەدا پێمخۆشە ناساندنێکی کورتی ئەم کتێبە بکەم، کە بە بڕوای من پێویستە هەر نووسەر یان خوێنەرێک کە دەستوپەنجەی لەگەڵ ئەدەبدا گەرم کردۆتەوە، ئەم کتێبە بخوێنیتەوە، دڵنیام سوودی زۆری لێوەردەگرێت، بەتایبەتی لە رووی شێوازی نووسین و تێگەیشتن لە ئەدەب بە گشتی.

ناوەڕۆک
کتێبەکە نزیکەی 400 لاپەڕەی قەبارە مام ناوەندە و لە نۆ بەش پێکدێت. نووسەر هەوڵیداوە هەموو تیۆرییە ئەدەبییە باوەکانی سەردەمی کۆن و نوێ ، لەم کتێبەدا باس بکات، بەتایبەتی تێڕوانینی فەیلەسووفە کۆن و نوێکان. هەروەها قسەکردن لە بارەی « مانا، دەق، شیعر، رۆمان، چیرۆک، زمان» لە تێڕوانینی فەیلەسووفەکانەوە. نووسەر باسی قوتابخانەی « فۆرمخوازی، پێكهاتەخوازی، پاشپێکهاتە خوازی ، کولتووری و رەشپێستەکان، سێکسوالێتی، فێمینیستی» کردووە. ئەوەی روون و ئاشکرایە، زیاتر نووسەر جەختی لەسەر تێڕوانینی فەیلەسووف وبیرمەندانی ئینگلزی و ئەمریکی و فەرەسنی کردۆتەوە. بەتایبەتی « ماتۆ ئارنۆلد، تی، ئیس، ئیلیۆت، فۆکۆ، لاکان، شتراوس». کەمتریش باسی فەیلەسووف و بیرمەندانی روسیی و جیهانی کردووە.

شیعر دەبێت جێگای ئایین و مەزهەب بگرێتەوە

قسەکردن لەبارەی شیعرەوە، پانتایی گەورەی لەم کتێبە داگیرکردووە. لە سەرەتای کتێبەکەدا نووسەر باسی تێڕوانینی شاعیر و نووسەری ئینگلیزی « ماتیۆ ئاڕنۆڵد» کردووە. ( ئاڕنۆڵد لە ساڵی 1828 لەدایک بووەو 1888 کۆچی دوایی کردووە) ئارنۆڵد گرنگی زۆر بە شیعر دەدات و بەسەرچاوەی کولتووری دادەنێت و پانتایی گەورەشی لە ژیانی ئەم بیرمەندە داگیرکردووە. ئارنۆڵد
لە وەسفی شیعردا دەڵێت:

شیعر دڵمان دەداتەوەو دەبێتە هۆی ئەوەی لە بەرامبەر ژیاندا تاقەت بێنین و بەرگەی بگرین، بەبێ شیعر زانست لەدیدی ئێمەوە ناعاقڵ و نیوەچڵە و شیعر جێگەی ئەو شتە دەگرێتەوە کە لە دوو توێی مەزهەب و فەلسەفەدا بە ئێمە دەدرێت،،ل 12

شیعر بە ووردی لە دونیا دەکۆڵیتەوەو لە دەرکەوتە جۆراوجۆرەکانی بە شێوەیەکی هاودڵانە دەڕوانێت، کەواتە دەبێت روو لە شیعر بکەین، بۆئەوەی ژیانمان بۆ شی بکاتەوە،،،ل14

دواتر ئارنۆلد توندڕەوانە تر دەڕوات و دەڵێت:

پێویستە شیعر جێگای ئایین و مەزهەب بگرێتەوە، چونکە هی هەموو سەردەمێک و شوێنێکە،،، ل15

هەست و شیعر

دواتر نووسەر باسی تێڕوانینی تی سی ئیلیوت شاعیرو رەخنەگەری ئەمریکی دەکات، کە یەکێکە لەو شاعیرانەی کە رۆڵی گرنگیان هەبووە لە دامەزراندنی شیعری نوێ لە جیهاندا. بەپێی تێڕوانینی ئیلیوت بێت، شیعر زۆر نا شەخسییەوە، واتە دۆخی کۆمەڵایەتی و کەسایەتی شاعیر و شتی تر، هیچ رۆڵێکیان نییە ، بگرە دەقی ئەدەبی گرنگە.

ئیلیوت ئاوێتەکردنی ئاوەز و هەست، تاڕادەیەک قووڵبینی و لاساری، بە مەرجی سەرەکی شیعری باش دەزانێت.
ئیلیوت دەڵێت:

هەست دەشێت بە شێوەیەکی ناراستەوخۆ رابگوێزرێت، هەستی شاعیر دەبێت بە هاوتایەکی عەینی و ئەوتۆ بدرێ کە لە کاتی خۆیدا پەرچەکرداری گونجاو لە خوێنەردا دەورووژێنیت. ل 31

جێگەی ئاماژەیە ساڵی 1948 ئیلیۆت خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئاداب وەرگرتووە.

فۆرم و ناوەڕۆک

مەسەلەی گرنگی فرۆم یان ناوەڕۆک، نیقاشێکی گەورەی ئەدەبی بووە لە نێوان ئەدیبان و فەیلەسووفانی جیهاندا. نووسەر لەم کتێبەدا پانتایی باشی بۆ پرسە گرنگە داناوەو بۆچوونی زۆرێک لە بیرمەند و رەخنەگرانی جیهانی باسکردووە، بەتایبەتی بەریتانی و ئەمریکی و فەرەنسی و کەمێکیش روسی، هەروەها باسی جیاوازی نێوانیان کردووە. ئەمەش بەرچاوڕوونی باش دەداتە خوێنەر لەمبارەیەوە.

رۆمان
بابەتێکی گرنگی تر کە لەم کتێبەدا پانتایی باشی داگیرکردووە، نیقاشە لەبارەی رۆمانەوە، کە یەکێکە لە ژانرە گرنگەکانی ئەدەب لە جیهاندا. لێرەشدا بۆچوونی کۆمەڵێک بیرمەند و رەخنەگری جیهانی هێناوە. هەندێک لەو بۆچوونانەش مایەی سەرنجم بوون بەتایبەتی، هەردوو رەخنەگری ئینگلیزی ئیف .ئار.لیویس.» 1895.1979» « دی، ئێچ، لارنس، 1885.1930» .

ئەوان پێیان وایە :رۆمان لە سۆنگەی بەربڵاوییەکەیی و سەرنجدانی بە وردەکارییەکان، بۆی هەیە وێنەیەکی پڕ بە پێستی ژیان بخاتە بەردەست. هەربۆیە رۆمان لە هەموو هونەر و زانستە مرۆییەکانی تر وەکو « دەروونناسی، کۆمەڵنناسی « لە پێشتر و باڵاترە. ل43

ئەدەبیاتی باش و خراپ

بابەتێکی گرنگی تر قسەوباسکردنە لە بارەی ئەدەبیات بەگشتی، لەمبارەیەوە بۆچوونی رەخنەگران و بیرمەندانی جیهان لە بارەی ئەدەب بە گشتییەوە دەخاتە روو. من خۆم زیاتر بۆچوونی رەخنەگرانی نوێ و هومانیستم بە دڵە، لەوانەی « ئیلیۆت، ڕیچاردز، لیوس..»
ئەوان پێیان وایە کە ئەدەبیاتی باش خۆی بە کات و شوێنەوە نابەستێتەوە ، ئەدەبیات سنووری شوێنی سەرەکی خۆی دەبەزێنێت. چونکە لەسەرانسەری دونیادا سروشت و باردۆخی مرۆڤ بە درێژایی زەمان گۆڕانی بەسەردا نەهاتووەو هەر لە بنجو بناوانەوە یەکسان و هاوشێوەیە. سروشتی مرۆڤ نە ڕەشە، نە سپییە، نە خۆڵەمێشییە. پێش مێژوو، سەدەکانی ناڤین، پاشمۆدێرنە نییە.ل52

مارکسیزم و ئەدەب

مارکسیزیم تەنها قوتابخانەیەکی فکری و سیاسی و ئابووری نییە، بەڵکە قوتابخانەیەکی گرنگی ئەدەبیشە. بەشێکی زۆری نیقاشی ناو ئەدەبیاتی جیهانیش پەیوەندی بە هەوادارنی مارکسیزمەوە هەبووە. نووسەریش هەوڵیداوە بە شێوەیەکی کورت و پوخت باسی ئەو بۆچوونانەمان بۆ بکات. ئەمەش دەتوانین لە بۆچوونێکی مارکسدا کۆی بکەیەنەوە کە لە کتێبی «بەرەو رەخنەی ئابووری سیاسی» کە لە سالی 1859 دا نووسیویەتی.

مارکس لە پێشەکی کتێبەکیدا دەڵێت:

شێوەی بەرهەمهێنانی ماددی ، دیاریکەری پرۆسەی گشتی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و هزرییە.ل142»
دواتریش دەڵێت:

ئەوە هوشیاری مرۆڤ نییە کە بارودۆخی بوونی ئەو دیاری دەکات، بەڵكو ئەوە بوونی کۆمەڵایەتی ئەوە کە دیاریکەریی هوشاریی ئەوە. ل142

ئەمەش دواتر دەبێتە بەردی بناغەی فکری تەواوی مارکسیەکان لە جیهاندا.

رەخنە لە دیدی مارکسیزم

نووسەر بە شێوەیەکی بێلایەن باسی فکری مارکسیزم دەکات، دواتریش پانتایی باش دادەنێت بۆ هەڵسەنگاندن و رەخنەگرتن لەم دیدە. لەمبارەیەوە نووسەر دەڵێت:

ئەم جەشنە جەبرخوازییە بە تەواوەتی لەگەڵ ئەم بیرۆکەیەدا دژایەتی هەیە ، کە ئێمە بەشێوەیەکی زاتی ئازاد و سەربەخۆین. ل142

لەمەدا نووسەر مەبەستی فکری مارکسیزمە، کە مرۆڤ دەبەستێتەوە بە هەلومەرجی ماددییەوە.

رەخنەی پاشپێکهاتەخوازیی و درێدا

قوتابخانەیەکی تری ئەدەبی « پاشپێکهاتەخوازیی» زۆرجاریش بە « هەڵوەشانەوەی دەقیش» دەناسرێت. ئەم قوتابخانەیە لەلایەن فەیلەسووفی فەرەنسی « ژاک درێدار « رابەرێتی دەکرێت. بە یەکێکیش لە قوتابخانە ناسراوەکانی ساڵانی شەست و حەفتاکانی سەدەی پێشوو دەناسرێت. درێدا لە بواری زمان، ئەدەبدا، بۆچوونی تایبەت بە خۆی هەیە.

لە بارەی قوتابخانەی پێكهاتە هەڵوەشینەوە نووسەر وەسفێکی کورت و پوختی کردووەو دەڵێت:
پێکهاتە هەڵوەشینی ناوێکە دراوەتە پاڵ میتۆدی درێدا. بنەمای پێکهاتە هەڵوەشێنی لەسەر هەوڵدان بۆ سڕینەوەی ئەو ڕوو پۆش و دەمامکانەیە کە دەق بەکاریهێناوە تا بە جۆرێک لە جۆرەکان وا بنوێنێت کە مانای تێدا مسۆگەر و سەقامگیرە .ل229

دواتر بە درێژی باسی بۆچوونەکانی درێدای کردووە لە بارەی زمان، دەق، شیعر و ئەدەب بەگشتی.

لەبارەی زمانەوە درێدا دەڵێت:

زمان هیچ کاتێک ئێمە ناخاتە نێو بەستێنی پەیوەندیی و بەریەککەوتنێکی راستەوخۆ لەگەڵ جیهانی راستەقینە، زمان میدیایەکی شەفاف و ڕوون و پەنچەرەیەکی ڕووەو جیهان نییە. بە پێچەوانەوە، زمان هەمووکات لە نێوان ئێمە و جیهاندا رادەوەستێت، رێک وەکو شووشەیەکی مات یان ئاوێنەیەکی تەڵخ وایە. ل 219

لەبارەی دەقیشەوە درێدا دەڵێت:

هیچ شتێک لە دەرەوەی دەق بوونی نییە ،چونکە بۆ مرۆڤ ، زمان هەمووکات نێونجی هەموو شتێکە. ل 221

قوتابخانە ئەدەبییە مۆدێرنەکان

دیارە کتێبەکە باسی تەواوی قوتابخانە و رەخنە ئەدەبییەکان دەکات کە لە چەند سەدەی رابردوودا لەدایک بووە لەوانە: رەخنەگرانی رەشپێست، رەخنەگرانی پاشکۆڵۆنیالیزم،سێکسوالێتی،رەخنەگرانی فێمینیست، رەخنەگرانی کولتووری.

نووسەر هەوڵیداوە کورتەیەکی پوخت لە بارەی ئەم رەخنەنانە باسبکات، لەهەمانکاتیشدا رەخنەکان کە لەم قوتابخانە دەگیرێت، باس دەکات، بەمشێوەیە خوێنەر بەرچاوروونی زۆر باشی دەبێت، لەبارەی رەخنەی ئەدەبی.

بۆچوونی کۆمەڵێک فەیلەسووف لەبارەی ئەدەب و هونەرەوە

خاڵێکی گرنگی تری ئەم کتێبە ئەوەیە، بۆچوونی زۆرێک لە فەیلەسووفانی جیهانی تێدایە، ئەمەش ئاسانکاری باشی کردووە بۆ خوێنەران، تاوەکو لە ئاگاداری تێڕوانینی ئەو فەیلەسووفە مەزنانە بێت لەوانە: مارکس ، ئالتۆسێر، گرامشی ، درێدا،لۆکاش ،فۆکۆ، شتراوس. هتد.

دوا قسە

بە دڵنییایەوە ئەم کتێبە باسی زۆر شتی کردووە، لێرەدا تەنها من ویستم لە رێگەی چەند دێڕێکەوە، باسی گرنگی ئەم کتێبە بکەم. بەراستی من خۆم زۆر سوودم لەم کتێبە وەرگرت و زۆر شتی نوێی تێدابوو کە پێشتر نەمخوێندبوویەوە، بەتایبەتی بۆچوونی کۆمەڵێک فەیلەسووف کە بۆ من زۆر نوێ بوون.
هیوادارم هەموو نووسەر و ئەدیب و خوێنەرێکی ئاسایش، بتوانێت ئەم کتێبە بخوێنێتەوە، چونکە لە بارەی رەخنەی ئەدەبییەوە، بەرچاوڕوونی زۆر باشی تێدایە.

لێرەدا جێگەی خۆیەتی کە دەستخۆشی لە برای هێژامان کاک عەبدولخالق یەعقووبی بکەین، بۆ وەرگێرانی ئەم کتێبە جوان و گرنگە. هیوای کاری باشتری بۆ دەخوازم.

……………………………………………

سەرچاوە:
هانز بێرتێنز. بنەماکانی تیۆری ئەدەبی. وەرگێڕانی: عەبدولخالق یەعقووبی. چاپی یەکەم. دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم. سلێمانی. 2015.

Previous
Next
Kurdish