Skip to Content

هارمۆنیکای فەنابوون … شیعر/ كاوە عوسمان عومەر

هارمۆنیکای فەنابوون … شیعر/ كاوە عوسمان عومەر

Closed
by تشرینی دووه‌م 8, 2020 General, Poems

وونبوونت، هارمۆنیکای..
فەنابوونمە، لە کاتێکا خۆر ..
پەلەیەتی لە ئامێزگرتنی..
هەورێکی قورمزی سەرخۆش
لە خوێنی کازیوەدا، بیرچوونی..
خەندەی بەیانیانی ئاورینگێ
لەسەر لێوی شەماڵێ،
پێخەفی خەوت بە هێواشی..لا ئەبا،
دەرزی چاوی سپێدەش، درەوشانەوەی…
گیاکان ئەباتە لای فریشتە ..
دەربازبوەکانی ووشە پەرتبوەکانی شیعرێ،
دەنگی هاتنی پایزە بارانە، زەردبوونی…
شەقام، ئاڵتونبوونی…
ئاسمان، پرتەقاڵێ بوونی ڕوخساری ئەو،،
ئەرخەوانیبونی بەرگی دارستان


چاوی ڕێگا
زەڕەبینی ڵێڵی ژاکانی
خونچەی ئاوی بینینتە
کێ شەپۆلەکانی کۆکردەوە
دوای ڕۆشتنت
من نەبێ؟
کەنارم من،
کە تۆ زەریای پڕ لە هاژەی،،
کێ فرمێسکەکانی
مانگی سەر ڕومەتی نەسڕیەوە
من نەبم؟


بە دوای هێنانەوەی تنۆکە ئەڤینێ
گەڕا، تا سنووری ئەوشنەبایەی
قژی ئەو لەسەر ڕۆخی شەوێ
بوە تۆڕێک ،
ماسیە ڕەنگاوڕەنگەکانی
حەزێکی بیرچووی دیل کرد
هارمۆنیکای فەنابوونمی تۆ، بەڵام..
ئارەزوومە نۆتای سیمفۆنیای بوونت بم
وەک هارمۆنیکای فەنابوونیش، هەردوکمان..
بە خوێنپژانی شیعری یەکترەوە قەشەنگین،


هەرکە کۆڕەوی..
مەلە ئەرخەوانیەکانی تەمەن،
لە بێئاگایماندا تێئەپەڕن،
پێت ووتم..
میوەکانی بەهەشتێکی وێرانە،
تاڵ و تفت و بێ ڕەنگن
قامووسی ووشەكانی خۆشەویستیش..
لەوانەیە پیرەمێردێکی دانای خەمگین
لە کتێبخانەی خەوو ئازار و شەونخونی
بۆ مرۆڤە سەرابیەکانی هەڵگرتبێ،


ئەفسونگەر تۆی،،
هەر ڕۆژێک ئەکەیتە پێکێ شیعری ڕژاو،،
تەرزەی هاتنتە، هانم ئەدا..
پێکێ لە بیرەوەری تۆ هەڵدەم، چیای..
سەرگوزشتەی وونبوونی خەڵکی شارێ..
ئەکەمە شاکارنامەی..
ڕێیەکی دوور بەرەو مەنفا
گەرچی کەسێ نیە ،
لە سەرپردی نێوان..
مەرگ و ژیان،
سنورێ نیە..
نێوان عیشق وناعیشق
جەنگ و ئاشتی
باران ..و
بیابان
تۆ و..ئەوان
من و
ڕۆژ،،
شەو..و
ساڵە بیرچوەکان


لە ڕۆژانی تر ناچێ
ئەمڕۆ، مەستر و بێئاگاتر
لە شکانی گەڵای دارە کۆنەکانی هەیوانی
ماڵێ لە نوور
و
هاڕینی
ئەو کەموڵە شوشانەی
جگە لە ڕەگی بوونی ئێمە
خۆڵی عیشقی نیشتمانیشی تیا بوو

وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری هۆڵەندی
(George Becker)
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish